The last page in Ruth’s Edexcel A Level Art Unit 3 Sketchbook shows composition plans for her final work. The figure has been carefully positioned within the frame and lighting and colour manipulated to help convey a sombre mood.

میران جه‌نگاوه‌ر؛ بەرلە خوێن هەڵهێنانەوە


Loading

چیرۆكنوس؛ میران جه‌نگاوه‌ر

بە ئاوێکی گەرمتر لە خۆرەتاوی ئەو ڕۆژە دەموچاوی شت. تێر نەخەوتبوو. دەبوو تاقمی فیشەکەکان ببەستێت، تفەنگەکەشی هەڵبگرێت، دەبوو بەو خواردنەی و کە زۆر جار تفی دەکردەوە بەرچایی بکات. دەستەکانی بە نابەدڵی  قەیتانی پۆستاڵەکانیان لەمسەر دەهێنا و لەوسەرەوە دەردەکرد، هەرچۆنێک بوو جەمسەرەکانی قەیتانەکەی ئاوێزانی یەکدی کرد. کڵاوە ئاسنەکەی هەراسانی کردبوو، دەبوو بەو هەتاوە بەتینە، لەسەر ئەو ڕەبایە داخبووە، پێنج کاتژمێر پاسەوانی سەربازگەکە بکات. دەبوو پاسەوانی بکات چونکە برا(دوژمن)کانی خۆی نیوکیلۆمەترێک لەمانەوە دوور بوون. بەسەر تفەنگەکەیەوە نوشتا بووەوە، دەتگوت بزمارێکە، دەستێکی هەڵەشە دایکوتاوە. بۆ ساتێک سەری بەرز کردەوە، لە فڕۆکە و دەبابەکانی سەربازگەکە تێڕاما. کاتژمێرەکەی دەستی زۆر بەهێواشی چرکە چرکی دەکرد، بۆ ئەوەی کاتژمێرەکە ببزوێت، دەستی کرد بە پیاسە کردن، هەر دەهات و دەچوو لە ناو ئەو ڕەبایە نابووتەدا، کە دەتگووت زیپکەیەکی قەبەیە بە ڕوخساری ئەو دەشتەوە. تەماشاکردنی سەنگەری بەرامبەر پاشان درککردن بە متبوونی ئەوانەی لە ناویدان، ئەرخەیان بوون، ڕامان لە کاتژمێرەکەی دەستی، سەرسام بوون بەوەی داخۆ چۆن ئەم پرۆژە مەزنە (ژماردنی یەکەکانی کات)  لەم قاوغە زێدە بچووک و دڵگیرەدا جێگەی بووەتەوە.

تەماشای فڕۆکەکانی کردووە، سەرسام بوو بەوەی، چۆن ئەم مرۆڤە ئاوا دانایە، کە بتوانێت ئەم لەتە تاوێرە لە ئاسماندا وەکو قاژوویەک لێ بکات. چەند ڕۆژێکە بەم ئەندێشانە سەری خۆی گەرم دەکات، لە بێتەل و دەبابەکان ڕادەما، لە ستایشی دانایی مرۆڤدا دەکەوتە سەر چۆک. ئەوەی دەهێنایە پێش چاوی خۆی، کە لە زەمەنی کۆندا مرۆڤ هەتا کەوچکێکی بۆ دەمی دەبرد، دەبوو بیست چیا و دۆڵ بکۆڵێت، سەردەمێک بوو ئاگر زۆر سرک بوو، ڕام نەدەکرا. ئێستا هەر چەتونێک بگریت، بیست چەرخی لە باخەڵدایە. لەگەڵ پاروویەکدا جارێک سوپاسی چێکەری مرۆڤی دەکرد،لەگەڵ هەر تەلەفۆن و نامەیەکدا، دوو جار دەستی دەکرد بە گیرفانیدا، دەستی بەر مۆبایلەکەی دەکەوت، وا هەستی دەکرد گیرفانی کلۆرەدارە و مۆبایلەکەی سمۆرەیەکی خنجیلەیە. لە سەرسامیدا هەردوو لێوی وەکو دۆلکە دەکرانەوە:خودایا ئەمانە هەموو بەرهەمی ئەم چێکراوە زانایەیە، کە پێی دەڵێن ڕۆڵەکەی ئادەم! خودایە ئێمە چەندە بۆ حاڵی خۆمان داناین ،چۆن مەنتیقمان کردووە بە سنجاق و دامانە لە بەرۆکی خۆمان! مرۆڤایەتی زۆر گەشەی کردووە، ڕووەوپێش ڕۆیشتووە.مرۆڤی ئەم سەدەیە توانیویەتی زیاتر لەوانەی پێشوو، دەستی بە دانایی ڕابگات. ئا لێرەدا وەستان، کەمێک گومان،ژانی چاو لەبەر ئارەقەی زۆر و ئارەقەی زۆریش لەبەر گڕە. کڵاوە ئاسنەکەی داکەند، چونکە بۆ ساتێک هەستی کرد، ئەم قاپە نابوتە شتێکی زیادە، بەشێک نییە لە جەستەی ئەم.

 

 

Ruth’s Edexcel A Level

بە دوو ئاوێنەی خڕەوە (چاو )  کە بە زەخرەفەی سوور (دەزولەی خوێن)   داپۆشرا بوو،لەو دەشتە چۆڵ لە حیلکە و بازبازێنی منداڵ،  سەرڕێژ لە تەلەزی و دارتێل و تانکه‌ كه‌ ڕاما، بۆ یەکەمینجار لە بارەی دانایی مرۆڤەوە، گومانێک وەکو مشکێکی بچووک کەوتە قرنجاندنی دەمارەکانی ئاوەزی. کەس نازانێت جگە لە خودا، کە بەم گەرمایە ئەم شنەیە چی بوو بەر ڕوخساری کەوت؟ بۆ ساتێکی مینا ترپەی دڵ کورت، تەزوویەکی خۆشی بە پێستیدا هێنا، وەلێ هیچی لە دڕدۆنگی ئەم نەگۆڕی( گومان وەکو برین وایە، وەکو چۆن برین ساڕێژ نابێت گومانیش لە ناو ناچێ). دەستێکی بە قژیدا هێناو و ئاهێکی هەڵکێشا، بیری شەهید (م) ی هاوڕێی کەوتەوە، هەمیشە دەیگووت: مێشک بریتیە لە قوفڵێکی قەبە. یەکجار ئەو قوفڵەت شکاند،لە ناوەوە سەدان قوفڵی تر لێت قوت دەبنەوە و داوای کلیلەکانی خۆیان دەکەن. خۆی لەناو ئەم قسەیەدا بینیەوە، دەستی کرد بە ناو کلۆرەدارەکەی قەد پانتۆڵەکەیدا، سمۆرەکەی دەرکرد. حەزکردن بە زانینی بارۆدۆخی زانستی جیهان، کردنەوەی هەواڵەکان، ڕۆیشتنی بەکۆمەڵی ڕیزێك مانشێت و سەردێڕ لە بارەی جەنگ و کوشتارەوە. هەر بەردەوام بوو لە دەستهێنان بە ورگی سمۆرەکەدا، دواجار هەواڵە زانستیەکان.

 زۆر سەری لەو جۆرە بابەتانە دەرنەدەکرد، وەلێ ئەویش وەکو باقی بزمارە چەماوەکانی تری ئەم خاکە حەزێکی هەبوو, وەلێ وەها بە خراپی لە کاتی داکوتاندا چەمێنرا بووەوە، کە بۆی ئاستەم بوو سەرێکی بۆ هەڵبڕێ.

(ڕیزی کولێرە گەرمەکان) پێشتر ئەم دەربڕینەی وەکو هاوواتای کورتەی هەواڵەکان بەکار دەهێنا، وەلێ ئەم جارە جیاواز لە جاران، شەرمی لەوە دەکرد ,رۆژانێک هێندە گەمژە بووە، ئاوا لەم توڕەهاتانەی ڕوانیووە.

١-لە داهاتوودا,هەموو کەرەستەیەکی جەنگی تەنانەت تاپڕی ڕاوە بەرازیش،دەبێت بە لێزەر و تیشک.

٢-داناکان پێیان وایە,پاش ئەوەی ساڵنامە چەند بازێک بەرەوپێشەوە دەدات،ڕۆبۆتەکان هێندە نزیک دەبنەوە لە مرۆڤ، تێکەڵی خەڵکی دەبن و ژن و ژنخوازیشمان لێ دەکەن.

لەبەر خۆیەوە بۆڵاندی :هەر ئەوە مابوو ڕۆبۆت بە ناوەی بانگێشتی قاوە خواردنەوەوە، بمانباتە سەر پۆپەشمینێک و ئاخ ئیبلیس.

٣- زانایەکی بواری تەکنۆلۆژیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: هەموو کۆکین لەسەر ئەوەی مرۆڤ بووە بەنمونەیەکی باڵا. بێگومان مەبەستمان کۆی مرۆڤایەتییە، لەبەر ئەوەی کاتی ئەوە هاتووە هاودەمەکانیشی(سەگ، پشیلە ، ئەوانەی تریش) به‌رەو باڵابوون هەنگاو بنێن. بۆ گەیشتن بەم ترۆپکە پیرۆزە، من وەکو یەکەمین کەس توانیم مۆبایلی زیرەک بۆ ئاژەڵان چێ بکەم, بە جۆرێک بتوانن نمونەی مرۆڤ کاری پێ بکەن.

شاشەی مۆبایلەکە قرنجا…..

زرم…

زرمێکی تر و زرمێکی تریش…..

پریشکی چەند هاوەنێک هوروژمی بۆ سنگی هێنا،کەوتن. بە زەحمەت هەڵسایەوە. تەقاندنی ڕیزێک گوللە.خۆی دایە پاڵ فەردە خاکیەکان. سینەمایەک لە ناو سەریدا داگیرسا، فیلمی هەموو شەڕەکانی مرۆڤ لەسەر لەوحە تاریکەکانی ناو میشکی نیشان دەدران، مرۆڤێک  پێستەی بزنێکی بەسەر شانەوە بوو، لەبری کڵاوی ئاسن چەند گەڵایەکی گەنیوی لەسەردا بوو، بەسەر مرۆڤێکی ترەوە ڕاوەستا بوو،بەردێکی خوێنیاوی لەناو دەستەکانیدا توند گرتبوو، بەردەکە دەبووە تیر، تیر بەڕم، پاشان مەنجەنیق. ئەمیش دەبووە تۆپ،تۆپ دەتوایەوە و دەبووە ناپاڵم، لە ئاکامدا چەکی لێزەر و هایدرۆجین.

لەبەر نەعرەتەی تفەنگەکان،سینەماکەی ناو سەری کەوتە پرتەپرت. لە پەنای ئەو فەردانەی پڕ بوون لە دەسپێکی لەشی ئەم(مرۆڤ لە گڵ چێ کراوە) خۆی مەڵاس دابوو. سینەماکە دەستی کردە نمایشکردنی فیلمی ئاگر، ئاوەزی سوتا. هەڵسایەوە ڕیزێک گوللەی تەقاند، نەیدەویست وەلێ هەر دەبوو گوللەکان قاوغەکانیان جێبهێڵن، هەر وەکو چۆن هەموو ڕۆژ ئێمە یەکدی بە جێدەهێڵین، هەر وەکو چۆن سەربازەکان هەموو دەمێک یەکدیان جێدەهێشت. هەر ئەو شەهید (م)ە خوا ئێسکەکانی بە نور بشواتەوە جارێک گووتی: برادەران جێهێشتن چارەنووسێکی هاوبەشە. جێهێشتن ئەو گردەیە لە کۆتاییدا هەموو دەبێت بەسەریدا سەربکەوین، دڵی خۆشتان بەوە خۆش مەکەن  لەوێ یەک بگرنەوە نا هەر  گەیشتنە سەر گردەکە چارەنوس وایە دەبێت بەرببنەوە… گوللەیەک بەر شانی کەوت، خستی. کەوتە ئامێزی فەردەکانەوە،ڕومەتی لەسەر ئەو خۆڵە ڕەقهەڵهاتووە ڕاکشا.

ڕەبایەکە وەکو دایکێک  منداڵەکەی لە شەڕی کۆڵان هاتبێتەوە،ئەمی لە باوەش گردبوو. هەستی دەکرد ئەم خۆڵە ڕەقە نەرمترە لە پەنجەکانی مرۆڤ. ئەم خۆڵە قەت بە ناوی پێشکەوتنەوە، سروشتی خۆی توڕ هەڵنادات. بەڵام ئێمەی مرۆڤ هەمیشە لاقەی سروشتی خۆمان دەکەین. ئومێدێکی سەوز وەکو لاولاو لە دڵی ئاڵا،بۆیە هەڵسایەوە و پەنجەکانی وەکو شقارتەیەک باروتی ناو گولەکانی دەسوتاند. سنگی کون بوو، کەوت بە پشتدا. خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا، سەیریانی دەکرد، وەلێ تەمێکی ئەنگۆرەیی بەسەر چاویدا هات، پێش تاریکایی لە رەبایەکەی ئەو دیوەوە،دوو هاوڕێی فریای کەوتن. خۆی لەسەر نەقالەیەک بینیوە.

خوێن هەڵهێنانەوە و  کۆکین و بە ئاستەم پەیڤین.

-گەرمیان؟ گەرمیان؟

-توخوا هیچ مەڵێ، تەنها بژی. خۆت ئەزیەت مەدە.

-گەرمیان بێڵە ئەم رازەت پێبڵێم

هەستی بە سوکی لەشی دەکرد،وای دەزانی بەسەر جۆلانەوەیە. بەڵام جۆلانەیەک، لە قەنارە و داری تابووت خەڵقکراوە.

 

بەردەوام بوو: بۆ ئەو هەموو دانایە، خالقەکانی مەکینەکان، ئەوانەی مانگی دەستکرد وەکو کۆلارەیەکی پیر فڕێ دەدەنە ئەو دیوو ئەتمۆسفیرەوە، لەسەرو هەموویانەوە بۆ وشەی مرۆڤ رێگەی بەم بێ ئەقڵیەدا، کە لەڕێگەی وشەی جەنگەوە خۆی مانیفێست دەکات؟!

(ک)پاش چەند ساڵێک ئەوەی بۆ گێڕاینەوە، ئەو ڕۆژە، لەسەر ئەو چیایە بووە، وەکو ڕادارێک بە دووربینێکەوە دەیڕوانیە ئەو خوارە،دەیگوت:ئەو ڕۆژەم لە چاوی دووربینەکەمەوە وەکو مەنجەڵی گەنمەشامی دەهاتە بەرچاو. مەنجەڵەکە ئەو دەشتە مەزنە بە درێژیی سەدان کیلۆمەترە بوو،گەنمەشامیەکانیش سەدان هەزار مرۆڤ بوون ، دەفڕین بە ئاسماندا…نا ،سەدان هەزار گەمژە بوون، دەفڕین بە ئاسماندا.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین