هونەر دەتوانێت شەڕی فاشیزم بکات؟


Loading

لە کاتێکدا بزووتنەوە جەماوەرییەکان (پۆپۆلیستییەکان) لە سەرانسەری جیهان لە برەودان، بۆچی گەرەکە ئێمە هونەر بەهەند وەربگرین؟ داخۆ ئەمە خۆ-هەڵخەڵەتاندن نییە کە یەکێک بە هونەر، موزیک یان ئەدەبەوە خەریک بێت لە کاتێکدا پایەکانی کۆمەڵگە و سیستەمی نێودەوڵەتی لێک ترازاون؟ یان داخۆ هونەر خۆی بەڕاستی دەتوانێ جیهان بگۆڕێت؟

 

هونەر پرۆتێست دەکات

با سەیر بکەین داخۆ هونەر لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێ چی بکات و چی نەکات. نموونەیەک: لە ٢٠١٦دا هونەرمەندان ڕیچارد سێرا، سیندی شێرمان، لویس لاولەر، جۆن جۆناس و ژولی مێهرەتوو ئارگومێتنی ئەوەیان کرد کە لەجێی خۆیدایە بەشێوەیەکی سیمبولی بەڕێی داخستنی مۆزەخانە و گەلەرییەکانەوە لە سەرتاسەری ئەمریکا پرۆتێستی سوێندگۆتنی سەرۆک ترەمپ بکەن. هونەرمەندەکان ڕایان گەیاند پرۆتێستەکە نابێت بە ”مانگرتن دژ بە هونەر، شانۆ یان هەر فۆڕمێکی دیکەی کولتووری. ئەمە بانگهێشتنامەیە بۆ سەرلەنوێ کاراکردنەوەی ئەم چالاکییانە. بۆ دووبارە وێناکردنەوەی ئەو شوێنانە وەک شوێنک کە دەتوانرێ فۆڕمەکانی بەرگریی هزرین، بینین، هەستکردن و نواندن تێیدا بەرهەمبهێنرێت.” پڕۆژەکە بووە هۆی ناکۆکی. لە ڕۆژنامەی گاردیەن (٠٩/٠١/٢٠١٧)دا جۆناسان جۆنس ئارگومێنتی ئەوەی کرد کە پرۆتێستەکە تەنیا ”کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئەندامانی نوخبەی کولتووری دانا.” بە جۆرێکی دیکە بێژین، لەبەرئەوەی هونەرمەندەکان هیچ مەترسییەکی کەسەکییان نەکرد، پرۆتێستە سیاسییەکەیان شکستی هێنا. جۆنس بەردەوام دەبێت: ”با ئەوە ببینین: بۆ ژیانی ئەمریکایی، هونەر و کولتووری جدی بەتەواوی لاوەکییە. داخستنی مۆزەخانەکان پێناچێ هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەوانە دابنێت کە پشتگیری تڕەمپ دەکەن.” جۆنس بەمە کۆتایی پێهێنا: ”هۆکاری ڕاستەقینە کە هونەر دەپێکرێت و وشە ناسکەکان لە خەڵاتی گۆڵدن گلۆبز بێکەڵکن، ئەوەیە ئاخر ئەوان ناتوانن بۆ مەترسییەکانی ئەو جیهانەی کە تێیدان بەدادبن.” کەواتە لە ڕوانگەی جۆنس، هونەر ناتوانێ بەوردی ترسناکییەکانی جیهان دەرببڕێت. ئەو بەناڕاستەوخۆ دەبێژێ هەر ئیشێکی هونەری بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕادیکاڵە تەنیا هەنگاوی لاوەکی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی چەسپیووە بۆ نموونە لەلایەن ئەوانەوە کە لەسەر شەقامەکان پرۆتێست دەکەن دژی جەنگی ئەتۆمی، دەمارگیریی جڤاکی، یان توندوتیژیی پۆلیس، ڕووبەڕووبوونەوەی گرتن، ماوەی زیندان، هەراسانکردن یان مەرگ. لە خراپترین دۆخدا، هونەرمەندان ڕووبەڕووی مەترسی نائەستوویی دەبنەوە- بۆ نموونە، بەڕێی ئافراندنی ئیشە هونەرییەکان کە ئەزموونن لەگەڵ ڕەنگ و هێڵ؛ یان ئیشێک کە دەبێتە هۆی بەرسڤێکی سۆزەکی نەک شتێکی ئەوتۆ؛ یان بەڕێی گەشەپێدانی تەکنیکی هونەری نوێ کە ڕەنگە ئاڵنگاری لێڕوانەران بکات، بەڵام تەنیا کەمینەیەکی بچووک بەڕاستی ئەزموونی دەکەن. لەژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا، بۆچی ئێمە ئەوە قبووڵ نەکەین کە هونەر لەنێو کایەی سیاسی و جڤاکیدا بێدەسەڵاتە؟ بۆچی هونەرمەندان ئەوە قبووڵ ناکەن؛ ئەوان هەمیشە لە کەناری هەر سیاسەتێکی ڕادیکاڵدا دەمێننەوە؟

تیۆریڤانی (ڕەخنەڤانی موزیک) ڕەخنەیی ئەڵمانی تیۆدۆر ئادۆرنۆ ڕەنگە ئارگومێنتەکەی جۆنس ڕەت بکاتەوە. ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) بەرگری لە توانستی هونەر دەکرد کە دەتوانێ ئێمە لە توندوتیژی (وەک ئەوەی لە کەپیتالیزم و فاشیزم دەردەکەوێت) بێدار بکاتەوە، هەروەها هونەر دەسەڵاتی بۆ دەربڕینی ناسۆر و هیوا هەیە کە بەتەواوی ناتوانرێ لەنێو زماندا دەرببڕدرێن. هونەر ڕەنگە بەرەنگاری نادادی ببێتەوە، نەک ڕاستەوخۆ بەڕێی بەدەستهێنانی گۆڕانی کردەکی، بەڵکو بەڕێی زۆرکردن لە لێڕوانەران تاکوو بێداربنەوە لەو توندوتیژییەی مێژوو و ڕیزبەندی جڤاکیی ئەوان بەڕێوەدەبات کە ئەوان و ئێمە کەوتووینەتە داوییەوە. شێوازی دەگمەنی بەرگریی هونەر هزربزوێنە تاکوو کردارنوێنی بێت. بۆ ئادرۆرنۆ هونەرمەندە مۆدێرنەکانی وەک جەیمس جۆیس، ئارنۆڵد شۆنبێرگ، ساموێل بیکێت، پۆل سیلان و پابلۆ پیکاسۆ دەتوانن بەناڕاستەوخۆ بەرەنگاری کردە نائێتیکییەکانی کۆمەڵگە ببنەوە بەڕێی گۆڕینی ئەزموونی تاک و پێشانمان بدەن کە چۆن توانستی ئێمە بۆ هزرینی هۆشەکی لەلایەن کۆمەڵگەوە بۆ نێو ناهۆشەکێتی تێکشکێنراوە. ئادۆرنۆ ئارگومێنتی ئەوە دەکات هونەری بازرگانی (موزیکی پۆپ، فیلمەکانی هۆلیوود، تیڤی شۆوەکان، ڕۆمانە باوەکان، هتد) نوشوستیان هێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەرە مێژوویی و جڤاکییەکان چونکە تەنیا دوای داوای ئاپۆرە دەکەون. ئەمەش بەزۆری ئاسایی و دووبارەیە. هونەری بازرگانی لە هێشتنەوەی هەر دوورییەک لەگەڵ کۆمەڵگە شکستی هێناوە بۆیە ئەم جۆرە هونەرە ناتوانێ ئاگایی تاک بگۆڕێت. بۆ نموونە، موزیکی فۆلکی باو هەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری بەڕێی دووبارەکردنەوەی گێڕانەوەکان کە زۆرینەی لێڕوانەران پێشتر دەیناسن (لە ئەمریکا، بۆ نموونە ئەو گێڕانەوانە ڕەنگە ئەمانە لەخۆبگرن بەهێزی، سەربەخۆیی، ئازادی، خۆ-سەری: بەگشتی بێژین، تاکایەتی-ئیندیڤیجوالیزم)

هونەری ڕادیکاڵ گەرەکە بەرەنگاری تواندنەوە بۆ نێو دۆخی هەبوو ببێتەوە. لە ڕوانگەی ئادۆرنۆ، مەبەستی هونەر هاندانە بۆ ئەزموونکردنی ئەویدیێتی، کە ئەمە دەکەوێتە دەرەوەی نۆرمە کولتووری-جڤاکییەکانی لێڕوانەرانەوە. ئادۆرنۆ، کاتێک لەبەر نازییەکان لە ١٩٤٠کاندا لە تاراوگە دەژیا، نووسی: ”جوانی یان ئاسوودەیی جگە لەنێو ڕوانین لە ترسناکیدا نەبێت هیچی دیکە بوونیان نییە، لەنێو ئاگاییەکی نەرێیی بەردەوامدا باوەڕ بە شیمانەی باشتر بوون بەبەهێزی بمێنێتەوە و بەرەنگار ببێتەوە.”(Minima Moralia, 1951, p.25)

ئادۆرنۆ مەبەستی ئەوەیە کە ئیدێی ترادیسیۆنی جوانی نابێ هیچی دیکە سەروەر بێ بەسەر بەرهەمهێنانی ئیشی هونەری هونەرمەندان. ئەم چەشنە جوانییە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئاشتی و هارمۆنی دەسازێنێ و ڕێگە بەوە دەدات کە ڕۆژانەیەتی تێبپەڕێنرێت. هەرچەندە لە ڕیالێتیدا، ئەم جوانییە ئەو توندوتیژییەی کە لەژێر ڕووکەشی کۆمەڵگەیەکی ڕەفتاردروستدا هەیە فەرامۆشکردووە. لێرەدا ڕەنگە یەکێک بیربکاتەوە لەو ڕیکلامانەی کە لەسەر بۆردە گەورەکانی ڕیکلامکردن هەن و دەیانەوێ هەقیقەتی بەدامەزراوەییکردنی ڕقبوونەوە لە ژن یان توندوتیژیی سێکسی پەردەپۆش بکەن. لەبری ئەوە هونەری ڕاستەقینە گەرەکە هەوڵبدات کە (بەشێوەیەکی ناتوندوتیژانە) لاسایی توندوتیژیی کۆمەڵگە بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ دەریببڕێت. ئەم جۆرە هەوڵە دەشێ لەنێو دیسۆنانس (ناڕێکی، بێهارمۆنی-dissonance)ی موزیکی شۆنبێرگدا ببینرێت. شۆنبێرگ بۆ ئەوەی بەڕێی فۆڕمی ئێستێتیکییەوە توندوتیژیی مێژوویی دەرببڕێت، تەکنیکێکی شێوەکی نوێ بۆ داڕشتنی موزیک بەرهەمدەهێنێ: سیستەمی دوازدە-تۆنی. ئەم سیستەمە بەڕێی ڕەتکردنەوەی هارمۆنییەوە ئیش دەکات. لەجیاتی ئەوە، ئەو ئیشە بێهارمۆنی (dissonant)یەکان جیاوازی–چۆنایەتی دەگمەنێتی- بەشەکانی تۆنەکانیان دەردەبڕێت. دژبەرێتی نێوان تۆنە تایبەتەکان توندوتیژیی جڤاکی دەردەبڕێت. بۆ ئادۆرنۆ، ئیشە هونەرییە ڕاستەقینەکان –ئەوانەی شەرم ناکەن لە دەربڕینی ئازارچەشتن- ناڕێک، بێهارمۆنی، مەتەڵئاسا و بۆ تێگەیشتن قورسن. کاتێک ئێمە بۆ نموونە شانۆنامەیەکی بیکێت دەپەرچێنین ، تێدەگەین کە ئەوەی بەئاسایی بۆ هۆشەکێتی لە کۆمەڵگەی کەپیتاڵیستیدا (بۆ نموونە: حەزی پراکتیکی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج بە کەمترین هەوڵدان) دەڕوات وێنەیەکی شێواوی هۆشەکێتی ڕاستەقینەیە، کە بەڕێی ئەرکی پراکتیکی-ئامرازەکییەوە بەڕێوەنابرێت بەڵام لەبری ئەوە توانست بە پەرچاندنی فەلسەفی و ئەزموونی ئەویدیێتی و جیاوازی دەدات.

 

هونەر بەرەنگار دەبێتەوە

کەواتە هونەر چۆن دەتوانێ شەڕی فاشیزم بکات؟

یەکەم، هەرچەندە هونەری ڕادیکاڵ و بەرەنگار شتێکە لە پەراوێزی ژیانی خۆرئاوادایە، پێویستی بە لێڕوانەری زۆر نییە تاکوو کاریگەری گۆڕانی هەبێت. لە گۆتارەکەیدا، گومانکردن لە سوودمەندێتی سیاسی هونەر، جۆنس پێی وایە تەنیا ئەو ئەزموونانە هەژمار دەکرێن کە لە ڕووی کولتووری یان سیاسییەوە دەتوانن لەسەر ئاستی ئاپۆرە پێوانە بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر تەنیا یەک تاکە کەس هەست بە هەدمێن و ترسناکی بکات کاتێک بۆ نموونە لە گۆرنیکای پیکاسۆ دەڕوانێت، دەتوانرێ بگۆترێ کە تابلۆکە کاریگەری خۆی نواندووە.

Picasso, Guernica, 1937

فەلسەفەی ئادۆرنۆ بەڕوونی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پراگماتیزم فۆرمولەکراوە. ”تەنیا ئەوەی کە گونجاو نییە لەنێو ئەم جیهانەدا، ئەوە ڕاستەقینەیە”(Aesthetic Theory, 1970, p.76).

ئادۆرنۆ دەبێژێ لە ڕاستیدا هەقیقەت کاتیگۆرییەکی مۆڕاڵییە. ئەمە ڕێگە بە ئیشی هونەری ڕاستەقینە دەدات لە هاوشێوەیی و دەربڕینی تاکێتی، جیاوازی یان شیاوێتی دووربکەوێتەوە. کاتێک ئیشی هونەری کاتیگۆرییە جڤاکییەکان بەکوێرانە پەیڕەو دەکات، ئیشەکە ڕەنگە ڕەزامەندی ئاپۆرە زۆر بەدەستبهێنێت، بەڵام شتێکیش لەدەست دەدات. ئادۆرنۆ ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە کرداری ئێتیکی داواکاری بۆ سەربەخۆیی هۆش و هزرینی ڕەخنەیی لەگەڵ ئەزموونی تایبەتێتی (ئەمە چۆنایەتی یان دەگمەنێتی ئەستوویی شتە) بەرز دەکاتەوە. داخۆ چۆن هونەر توانستی گەیشتن یان توانستپێدانی بەم کۆنسێپتەی هەقیقەتی مۆڕاڵی هەیە؟

ئەمە دەم گەیەنێت بە دووەم هۆکار بۆچی هونەر دەتوانێ بەرەنگارببێتەوە: ئیشە هونەرییەکان پەیوەست نین بە ئیدێکانەوە بەڕێی ئەو کۆنسێپتانەی کە پێشتر بوونە بە باوێکی نێو ئاخاوتنی ڕۆژانەیی. بەڵکو ئیشە هونەرییەکان بەڕێی زمانی هونەری یان شعرییەوە هەقیقەت دەردەبڕن کە گەرەکە خۆی بەدوور بگرێت لە ئیدیۆلۆژی یان لە نەریتەکان کە بەسادەیی پەسەندکراون لەبری ئەوەی ڕەخنەیییانە تاقیکرابێتنەوە. بۆیە ئادۆرنۆ وەها بیر دەکاتەوە کە باشترین ئیشە هونەرییە مۆدێرنەکان ناڕێکی و بێهارمۆنی دەردەبڕن: ترسناکی و ئازارچەشتن. وەک ئەو دەیبینێت: ”هۆنراوەکانی سیلان دەیانەوێ بەڕێی بێدەنگییەوە سەبارەت بە توندترین ترسناکی بئاخڤن. خودی ناوەڕۆکی هەقیقەتی هۆنراوەکان دەبێتە نەرێیی”. بەم ڕێیەوە هونەر ڕەنگە بۆ دۆخی جیهانێکی تێکشکێنراو، لە ڕاستیدا ”بەداد بێت” (Aesthetic Theory p.405).

ئادۆرنۆ ڕەنگە پتر ئارگومێنتی ئەوە بکات کە کەپیتاڵیزم بە بەهێزییەوە زۆر لە تاکەکان دەکات تاکوو لە ڕووی پارەوە بەها بە ئۆبژێکتەکان بدەن، بەبێ بەهەندوەرگرتنی کەڵک و بەهای ناوەکییان. ئیشی ڕاستەقینەی هونەری مۆدێرن گەرەکە وەها ئۆبژێکتەکان دابڕێژێت کە بێکەڵکن و لەگەڵ ئەوەشدا بەهای ناوەکی (و نەژمێردراو)یان هەیە. بۆیە ئادۆرنۆ دژی ئەوە ئارگومێنت دەکات ئیشە هونەرییەکان بەڕوونی سیاسی بن، چونکە ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان بوونە بە ئامراز لەبری ئەوەی بونیادێکی سەربەخۆیان هەبێت. بۆ نموونە، هەرچەندە پێرسی شێڵی هۆنەرێکی گەورەیە، لە ئیشە بەناوبانگەکانی(England in 1819Masque of Anarchy) تاڕادەیەک هۆنراوەی بۆ گەیاندنی ڕوانگەی سیاسی بەکارهێناوە. بەپێچەوانەوە، جۆن کیتس (John Keats) لە ئیشەکانیدا ئەو تێمایانەی بەکارهێناوە کە بەشێکن لە ترادیسیۆن بۆ ڕەخنەکردنی ترادیسۆنەکە بەبێ ئەوەی ئیشە هونەرییەکە بۆ ئامرازێکی سیاسی وەربگۆڕێت (بۆ نموونە بڕوانە Ode to a Grecian Urn و To Autumn) لەبەر هەمان هۆ، بۆب دیلان کەمتر لە بتهۆڤن هونەرمەندێکی کاریگەرە. بتهۆڤن بەرەنگاری ئەزموونەکانمان دەبێتەوە پتر لە دیلان چونکە ئەو کەمتر بەئاشکرایی سیاسییە.

ئەم ئارگومێنتە ڕەنگە نوخبەیی دەرکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئادۆرنۆ ئەمە گرنگ نییە. سەربەخۆیی ئیشی هونەری لە کۆمەڵگە توانست بە ئیشەکە دەدات ڕەخنەی کۆمەڵگە بکات- بەتایبەتی بەڕێی ڕێگەدان بە بابەتەکە ڕیالیزەی ئەوە بکات کە ئۆبژێکتەکە بەڕێی هۆشی ئامرازەکییەوە (یان هەژموونی ئاڵوگۆڕی-بەها) وەک دەردەکەوێت ناچارنەکرابێت. بۆیە هەر ئیشێک بەتەواوی سەربەخۆ نییە، بۆ نموونە، بەرنامە تەلەفزیۆنییە بازرگانییەکان، کە تەنیا پشت بە هاوکاری سپۆنسەر و چیرۆکی فۆرمولەکراو دەبەستن یان زۆرینەی موزیکی باو کە ئەوانیش میلۆدییەکان بەکاردێنن کە دەتوانرێ بەئاسانی هەرس بکرێت و بەیادبهێنرێتەوە بەبێ هەوڵی زۆر- ئەمە گەرەکە وەک هونەر نوشت بهێنێت. بە هەمان شێوە، هونەری بەئاشکرایی سیاسی بە بابەتەکە دەڵێ چۆن بیربکاتەوە، بەڕێی دابینکردنی نەخشە و پلان کە ئەزموونی ئەو گەرەکە هاوشێوە بێت. هونەری سەربەخۆ، بەپێچەوانەوە ڕێگە بە بابەتەکە دەدات خۆی ئەویدیێتی ئەزموون بکات. هونەری سەربەخۆ بۆ هزرینی ڕەخنەیی کراوەیە نەک داخراو بێت.

 

هونەر ئاشکرا دەکات

کۆنسێپتێکی گەردوونی ناتوانێ بەتەواوی ئەدگارە بەشەکییەکانی ئۆبژێکتێکی ڕاستەقینە بگرێت. ئادۆرنۆ ئەمە ناو دەنێت نایەکایەتی کۆنسێپت و ئۆبژێکت (Minima Moralia p.127). ئێمە ئەزموونی ئەوە دەکەین کاتێک تێدەگەین ئەزموونەکانمان نوقتەی کوێری تێگەیی دیاریکراوی هەیە- بۆ نموونە، ئێمە ناتوانین هەمیشە لەنێو زماندا بەوردی وەسفی ئەدگارە ئەستووییەکانی ئۆبژێکت بکەین. بە هەمان شێوە، هەندێ ئیشی هونەری دیاریکراو گرنگێتییەکیان هەیە کە ڕەنگە ئەزموون بکرێت بەڵام نەتوانرێ بەشێوەیەکی تێگەیی وەسف بکرێت. کۆنسێپتەکان بەتایبەتی لەمپەڕن لە بەردەم وەسفکردنی ئیشە هونەرییەکان نەک دەربڕینیان.

هونەر دەتوانێ ئێمە ڕووەو ئەزموونی ئەویدیێتی ئاوەڵا بکات. بەڵام ئەو چەشنە ئەزموونانە بەوردی ئەوەن کە فاشیزم دەیەوێ بیان کوژێنێتەوە و ڕەتیان بکاتەوە. چۆن نایەکایەتی ئێستێتیکییانە دەردەکەوێت؟ ڕەنگە لە گەلەرییەکی هونەری پێشان بدرێت کاتێک ئێمە لە بەردەم ئیشێکی هونەری بەئاشکرایی مەحاڵ، سەیر، یان مەتەڵئاسا بە حەپەسانەوە وەستاوین- وەک ئۆبژێکتەکەی [پەیکەرەکەی] مێرێت ئۆپنهایم کە ساڵی ١٩٣٦ بونیادنراوە: کوپێکی چا، ژێر کوپ و کەوچکە چایەک، هەموویان بە فەروە داپۆشراون.

Méret Oppenheim’s Object 1936

هونەری مۆدێرن ئەزموونی ئەویدیێتی دابین دەکات کە ناتوانرێ بەڕێی کاتیگۆرییەکانی ڕێککەوتن و نەریت ناچاربکرێن. بۆ نموونەیەکی دیکە، یەکەم دێری هۆنراوە بەناوبانگەکەی پۆل سیلان بەناوی ” Death Fugue ” (کە ڕەنگە ساڵی ١٩٤٥ نووسرابێت).

لە ئێواراندا شیری ڕەشی وچانی ڕۆژمان دەخواردەوە

لە نیوەڕۆ و بەیانی و لە شەودا دەمان خواردەوە

دەمان خواردەوە و دەمان خواردەوە

قەبرمان لە هەوادا هەڵدەکەند کە ناتوانی بەتەواوی جێت تێیدا ببێتەوە

پیاوێک لە خانووەکەدا دەژی ئەو لەگەڵ مارەکان یاری دەکات، ئەو دەنووسێ

ئەو دەنووسێ کاتێک بۆ ئەڵمانی ،پرچی زێڕینت مارگرێتا، تاریک دادێت

ئەو دەنووسێ و هەنگاو دەنێت بۆ دەرەوە و ئەستێرەکان هەموو دەدرەوشێنەوە

ئەو فیکە بۆ سەگەکەی دەکات تاکوو لە نزیکییەوە بمێنێتەوە

ئەو فیکە بۆ جوولەکەکانی لێدەدات تاکوو ڕیزبن بۆ هەڵکەندنی گۆڕ لە زەوییەکە

ئەو فەرمانمان پێ دەکا ئامادەبین بۆ سەما

داخۆ ئەم هۆنراوەیە بەئاسانی دەتوانرێ بخرێتە ژێر کاتیگۆرییەکی ئێستێتیکی وەک جوان، مەزن، ناشرین، خۆش، ناخۆش، سەیر یان سەرنجڕاکێش؟ یەکەم، با تێبینی ئەوە بکەم کە لەبەرئەوەی هەر یەکێک لەم کاتیگۆرییانە زۆر بەبەزری لەنێو بەکارهێنانی ئاسایی کولتووردا دیاریکراون، گەرەکە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێ چونکە ئەوان تەنیا خەیاڵ یان وێنای کولتووری نین. دووەم، لە ڕوانگەی ئادۆرنۆ، کاتیگۆرییە ئێستێتیکییەکان پێویست نییە وەک بەرسڤی سۆزەکی سەبژێکتیڤ لێیان بڕوانرێت، بەڵکو گەرەکە وەک ئەدگاری خودی ئۆبژێکتەکە لێیان بڕوانرێت. تەنیا لەم گۆشەنیگایەوە ڕەنگە ئێمە ڕووەو تێگەیشتن لە پێکهاتەی ناوەکی، توانستی بۆ دەربڕین و بەرهەمهێنانی-هەقیقەت و چەوتەوێنەی ڕوواڵەتی ئیشە هونەرییەکە نزیک بکەوینەوە.

 

هونەر دەبزووێنێت

ئێستا با بچینە سەر ڕێگەی چوارەم کە هونەر ڕەنگە بەرەنگاری فاشیزم ببێتەوە. ئیشە هونەرییەکان ڕەنگە ئێمە ببزوێنن بۆ ئەزموونکردنی هیوا و شیاوێتی لە سەردەمێکدا کە بێهیوایی و نائومێدی وەک نەشیاوی لێ دەربازبوون دەردەکەون.

ئادۆرنۆ تروسکاییەکی دەگمەنی ئەرێیی دابین دەکات کاتێک دەنووسێ: ”ڕەنگە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە ماندووبووبێت لە فراژووتن، بچێتە دەرەوەی ئازادی، شیمانەکان بە بەکارنەهێنراوی جێبهێڵێت، لەبری ئەوەی لەژێر باهۆزی هەڵچوونێکی شێواو داواکاری بۆ ئەستێرە سەیرەکان بکات” (Minima Moralia p.156). فاشیزم و کەپیتالیزم هەردووکیان هەوڵدەدەن سروشت (‘داواکاری ئەستێرە سەیرەکان’) بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە بۆ جڵەوکردنی ئەویدیێتی بۆیە ڕەنگە بەئاسانی دیاری بکرێت، بتوێندرێتەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڕێی فۆڕمە ڕادیکاڵەکەیەوە، هونەر دژی ئەم ویستی زاڵبوونەدا بەسەر جیهان دەوەستێتەوە. بۆ نموونە ئیشەکانی پۆل سیلان زۆرینەی ڕێساکانی هۆنراوەی ترادیسیۆنی تێکدەشکێنن: ئەو هەندێ جار وشەی نوێ دادەهێنێت، و لەبری ئەوەی پەیامێکی ڕاستەوخۆمان پێبدات، ئەو ئاڵنگارمان دەبێت تاکوو پەیامێک چێ بکەین و لە هۆنراوەکە بچینە دەرەوە. هۆنراوەکانی سیلان پتر هاوشێوەی کۆدن نەک گێڕانەوە. لەمەش زیاتر، ئەوە کۆدەکەیەتی کە ناتوانرێ بشکێنرێت. وەک ئادۆرنۆ لە کتێبی تیۆریی ئێستێتیک (تەواونەکراوە لەکاتی مردنەکەی لە ١٩٦٩دا) دەنووسێت ”کۆدێکی مەتەڵئاسای نوێ وێنەی ڕووخانە، تەنیا لەبەر نەرێییە ڕەهاکەی ڕووخان، هونەر بەڕوونی نەگۆتراو گۆ دەکات: یۆتۆپیا” (p.41). هونەر ڕەنگە پێشبینی یۆتۆپیا بکات- ئەمەیە، شیمانەی جیهانێکی دیکە کە تێیدا هیچی دیکە ڕەخنەی جڤاکی ڕادیکاڵ پێویست نییە- بەڕێی گەشەپێدانی فۆڕم یان تەکنیکی نوێوە کە تاکەکان هەرگیز پێشتر ئەزموونیان نەکردووە. تەنیا بەڕێی هیچاندنی فۆڕمە هەبووەکانەوە –بۆ نموونە بەڕێی هونەرەوە- ڕەنگە یۆتۆپیا بینراو بکرێت.

چرکەیەک چاوەڕێ بکە، ڕەنگە تۆ وەڵام بدەیەوە: بۆچی دەبێ من یۆتۆپیا بەهەند وەربگرم؟ باشە، تێگەیشتنی ئادۆرنۆ بۆ یۆتۆپیا بەتوندی نەرێییە: کۆنسێپتێکی سنووردارە کە بیرمان دەهێنێتەوە هەموو کردارێکی ڕەخنەیی بەشێوەیەکی لۆگیکی نموونەیەک لەخۆ دەگرێت کە تێیدا توخمە هیچێنراوەکان لێرەبوونیان نییە. بە جۆرێکی دیکە بێژین، شیمانەی ڕەخنە لە شیمانەی گەشەنددا بەشداری دەکات.

ئەمە من دەبات بەرەو دوا هۆکار بۆچی هونەر ڕەنگە بەرەنگاری فاشیزم بێتەوە. هونەر دەتوانێ ڕەخنەییانە لەبارەی کۆمەڵگەوە بهزرێت، و پێشبینی کۆمەڵگەیەکی باشتر بکات، چونکە هونەر بەشێوەیەکی بەشەکی لە کۆمەڵگە و مێژوو سەربەخۆیە. ئیشە هونەرییەکان ئامراز یان پەناگەیەک بۆ ڕەخنەیەکی جڤاکی سەربەخۆ دابین دەکەن. ئەم چەشنە ڕەخنەیە ڕەنگە گۆڕانی کردەکی نەهێنێتەئاراوە- بۆ نموونە، ناتوانێ فەرمانە جێبەجێکارەکانی سەرۆککۆمار بگەڕێنێتەوە. هەرچەندە، لە ڕەخنەدا هزرین بەشدارە، کە دژی قبووڵکردنی کوێرانەی بەها چەسپیوەکان دەوەستێتەوە. بۆیە هەرچەندە ئەوان ڕەنگە بەراورد بە بزووتنەوە ناڕەزاییە ئاپۆرەییەکان بێکاریگەر دەربکەون، ئیشە هونەرییە ڕادیکاڵەکان گرنگن بەتەواوی لەبەرئەوەی ئەوان هەمان دەسەڵات یان هێز کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات بەکارناهێنن. ئەو فاکتەی کە ئیشە هونەرییەکان ناتوانن گۆڕان بهێننە ئاراوە لە ڕاستیدا ئەمە باشێتی ئیشی هونەرییە چونکە ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئیشە هونەرییەکان لە دەرەوەی لۆگیکیی کۆمەڵگەدان. لەبری ئەوە ڕەنگە هەندێ ئیشی هونەری یارمەتی ئێمە بدەن پشتی پێکهاتەی سوودخوازییەکانی کە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە بەڕێوەدەبەن ببینین. ئادۆرنۆ دەڵێ ”هەموو ئیشێکی هونەری تاوانێکی نەکراوە” (Minima Moralia p.111) بە جۆرێکی دی بێژین، ئیشی هونەری بەشێوەیەکی شیمانەیی کردارێکی تێکشکێنەرە دژی نالێبوردەیی ڕیزبەندی جڤاکی. هەرچەندە لەبەرئەوەی ئەم چەشنە ئیشە هونەرییە لەو ڕێسا و نۆرمانەی کە ڕیزبەندی جڤاکی بەڕێوە دەبەن سەربەخۆیە، ناتوانی ڕیالێتی بگۆڕێت. هەقیقەتی ئیشە هونەرییەکە ئێستێتیکییانە، نەک کردەکییانە دەردەبڕدرێت.

بۆ ئادۆرنۆ، هزرین بەڕوونی فۆڕمێکی بەرەنگارییە، بۆیە هەموو چالاکییەکی کردەکی داواکاری بۆ هزر و بڕیار بەرز دەکاتەوە ئەگەر لە کوێرێتی دووربکەوێتەوە. بێگومان هەموو ئیشێکی هونەری گەشەند نین یان بەشێک نین لە ئاڤۆنگارد. ئادۆرنۆ ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە زۆر لە تابلۆ ڕیالیستەکانی یەکێتیی سۆڤیەت تەنیا وەک پڕوپاگەندە دەمێننەوە: ئەوان شکستیان هێناوە لە گەشەپێدانی تەکنیکێکی فەرمی کە لە کۆمەڵگە سەربەخۆ بمینێتەوە. هەندێک لە تابلۆ سوریالیستەکان یان هۆنراوەکان بە سێکسیست یان کینەدار بەرانبەر بە ژن ماونەتەوە چونکە جەستەی ژنانیان کردووە بە شمەک، یان کاریگەری نکۆڵی لێنەکراوی ژنە هونەرمەندەکان، نووسەرەکان و هزرمەندەکانیان سەرکوت کردووە. هەروەها ئەوەت لە یاد بێت ڕیچارد ڤاگنەری بلیمەت بەدناوێکی دژە-جوولەکە بوو، ئۆپێراکانی حەزی فاشیستییان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەفسانەی ئاریی ڕابوردوو دەردەبڕی.

 

هونەر بەردەوام دەبێت

مرۆڤەکان وەک ئیشە هونەرییەکان هاوکات لەنێو دوو جیهاندا: ڕاستەقینە و شیمانەدا نیشتەجێن. پێویستە ئێمە چ ڕێگەنومایەک بەکاربهێنین بۆ ئاڕاستەکردنی کۆرسەکەمان لەنێو ئەم چەشنە کاتە ناجێگیرەدا؟ ساموێل بیکێت پێشبینی ئاڕاستەیەکی بێئاڕاستەی دەکرد:

”تۆ گەرەکە وشەکان بێژی، هەتاکو وشەیەک هەبێت، تاکوو ئەوان دەمدۆزنەوە، تاکوو ئەوان من دەبێژن، ئازارێکی سەیر، تاوانێکی سەیر، تۆ گەرەکە بەردەوام بیت، ڕەنگە پێشتر کرا بێت، ڕەنگە پێشوەخت ئەوان منیان گۆکردبێ، ڕەنگە ئەوان منیان بۆ دەروازەی چیرۆکەکەم هەڵگرتبێ، پێش ئەوەی دەرگەکە بەسەر چیرۆکەکەمدا کرابێتەوە، ڕەنگە من ڕاهەژێنێت، ئەگەر بیکاتەوە، ڕەنگە من بم، ڕەنگە بێدەنگی بێت، من لە کوێم، نازانم، هەرگیز نازانم، لەنێو بێدەنگیدا تۆ نازانی، تۆ گەرەکە بەردەوام بیت، ناتوانم بەردەوام بم، بەردەوام دەبم.” (Trilogy: Molloy, Malone Dies, The Unnamable, 1959, p.418).

 

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:https://philosophynow.org/issues/129/Can_Art_Fight_Fascism

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.