ڕسـتەیەک بووم
ئازار نیوەی لێ داتاشیم
بووم بە گرێ.
ژیانم لە هەڵسان و دانیشتندا بە فیڕۆ چوو
بەنێو ئەم ڕۆژگارانەدا بازبازێنمە
ئەم سنوورانە ئارەزووم دەخەسێنن
ڕووناکیم ژەنگی گرتووە
زمانم تەقەڵدراوە،
قسە لە دەمم دەتکێ
چاوەکانم وەک جووتێ موورووی ترساو
بێئۆقرە دەخولێنەوە
چاویلکەکەم لە کوێیە؟
بیناییم لێ مەسێننەوە.
من ئاوم ڕێم لێ بگرن دەبمە هەڵم
تەنێکی بچکۆلانەم
لە نێو بێزارییەکی گەورەدا
ئەمەش هەمیشە وا دەکات بیر لە ئازادیم بکەمەوە.
چاوەڕوانی ڕۆیشتنی کاتم
چاوەڕوانی ڕۆژەکان درێژتر دەکەن.
ماڵ بێدەنگە
دەرەوە گەرم
منیش وەک کیسەڵێک خرابێتە سەر گازەرەی پشت،
بێجوڵە ڕاکشاوم
دڵم برینێکی پێوەیە گەورەترە لە جەستەم.
مردنێک لە چاوەکانمدایە
کەس نایبینێت
هاوارێک لە زمانمدایە
کەس نایبیستێت.
بەنێو ڕۆژگارێکدا تێدەپەڕم، بۆیاخم دەکەن بە ئازار.
بە ئارامیی وەک مۆمێکی گڕتێبەربوو دەتوێمەوە.
من تەرمم
دەمم کانیاوی خوێنە
دەستم تەزیو
پێڵاو یاخی لە پێیەکانم
زەوی لە سەرمدا دەسووڕێت.
دڵم لە سینگی مۆبایلەکەمدا لێ دەدا.
کاتێک ئازار پێستم گەمارۆ دەدەدات
بیر لە دەستەکانت دەکەمەوە
کە چۆن فریوم دەدەن.
کاتێک بێدەنگی وەک شەو دامدەپۆشێت
بیر لە دەنگت دەکەمەوە
کە دەمێکە نەمبیستووە.
ئەم ماڵە چۆڵە
دەنگت لە کوێ بەتاڵ دەکەیتەوە؟
بۆتدەگەڕێم و لێم ونی
دیارنەبوونت لەگەڵمایە.
پەنگم خواردوەتەوە لە نێو خۆمدا و
دووگیانم بە تەنیایی.
ئەم قۆزاخە بچووکترە لە خەونەکانم
ئارەزووەکانم کێشم دەکەنە دەرەوەی جەستەم و
کەس گوێ بۆ پرسیارە زۆرەکانم ڕاناگرێ
ئیدی بەدیار ڕووباری یادەوەرییمەوە
ڕادەکشێم.
برین لە پێستم هەڵدەقوڵێت
“بۆ ئەوەی لە ئاو تێبگەیت
دەبێ زامدار و تینوو بیت” (ئێمیلی دیکنسۆن)
جار جارە کەروێشکەیەک بە ڕاست و چەپمدا دەکەم
چوار دیوارن دوورترین سنووری چاوم.
ڕۆژەکانم بە شەودا دەتلیقێتەوە
یادەوەرییم دەبێتە هەڵم.