عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان كاتێك مامۆستای قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بووه‌ له‌گونده‌كان.

عەلی ئەشرەف دەرویشییان؛  نەدارەد


Loading

یەکەم جار کە بینیم، لە تەنیشت بۆریی باراناوی خوێندگەدا هەڵکووڕمابوو. کۆکەکۆکی گرت. کۆکەکان بە قاییمیی ڕایاندەتەکاند. خوێنی کاڵی هەڵهێنایەوە. دەمی بە قۆڵی چاکەتە پینەکراوەکەی سڕی. بە هەڵەداوان چووە پۆلەوە و لەسەر ڕەحلەی یەکەم دانیشت. لە پۆلی دوو بوو. بچووک و وردیلە، هەروەها سپیکەلە، دەمارکانی ملی دیار بوو لە ژێر پێستییەوە، یەکەبەیەکەیان وەک مرۆڤی تالێهاتوو لێیان دەدا. پێنووسەکەی بە دەزوویەکەوە لە کونی قۆپچەی چاکەتەکەی هەڵپێچرابوو. کاتێک شتی دەنووسی چونکە دەزووەکە کورت بوو، سکی دەبردە پێشێ. وەک بڵێی لەباتیی پێنووسەکە، جەستەی خۆی بەسەر لاپەڕەکەدا دەهێنا. کاتێک ئەرکی‌ماڵەوەیم لێ وەردەگرت، دەستی دەلەرزی. لاپەڕەکانی لە نێوان زبڵ و خاشاکی خوێندنگەدا هەڵدەگرتەوە. کە ئەرکەکانیم سەح دەکرد، هەستم دەکرد خەت بەسەر ژیانیدا دەهێنم.

نیوەڕوان نەدەچوویە ماڵەوە. لە ڕاستییدا زۆربەی خوێندکارەکان نەدەچوونەوە ماڵێ. پاشماوەی دوێنێ ئێوارەیان هەر لە تەنیشت دیوارەقوڕیینەکەی خوێندگەدا دەخوارد. ئەویش نانی نیوەڕۆی لە باخەڵدا بوو. پاتەی لاستیکی، لەسەر پاژنەی پێی، هێڵێکی سووری ژاکاوی جێهێشتبوو و قەتماغەی هەڵهێنابوو. وانەکانی بە باشیی دەخوێند. لە هەمووان زووتر کەوتبووە سەر سکە. دەیتوانی ڕستە گەورەکانی ڕۆژنامە بخوێنێتەوە.

ڕۆژێکیان لەو کاتەی کە هەموومان بێدەنگ بووین، خشەخشی ئەو ڕۆژنامەی لەجیاتیی شووشە دابوومان لە پەنجەرەکە، سەرنجی خوێندکارەکانی ڕاکێشا. بە نیازعەلیم گوت: “نیازعەلی، دەتوانی ڕۆژنامە بخوێنیتەوە؟ ها، دەی بزانم دەزانی چی نووسراوە؟” پاش کەمێک سوورهەڵگەڕان و تەتەڵە، ملی نا لە خوێندنەوەی: «مامۆستا، نووسراوە چاکەتێکی…»
– ئافەرم، تەواوە، بیخوێنەرەوە، دەی!
– مامۆستا، دووسەت و پەنجا هە.. هە.. هە.. هەزارتمەنی
– ئافەرم، ئافەرم. زۆر باشە بەردەوام بە.
– مامۆستا، لە تاران هە.. هە.. هە.. هەڕاج کرا..
هەناسەیەکی هەڵمژی. ڕووی تێکردم و گوتی: «مامۆستا! چەندێک گەورە و باش نووسراوە!»

گوتم: «ئەیچۆن، نیازعەلی، لە ڕۆژنامەکانی ئەم سەردەمەدا شتی قەبە و باش دەنووسرێن.»

         * * *
– نیازعەلی نەدارەد.
– بەڵێ.
پاشناوەکەی «نەدارەد» بوو. لە پۆلەکەی مندا زۆربەی تەلەبەکان نازناویان «نەدارەد» بوو. کاتێک کە ناویم دەخوێندەوە، تەواو ڕادەچڵەکی. بە شەرمەوە، لە کاتێکدا پێنووس و دەزووەکەی دەشاردەوە تا نەیبینم، بە سووکە هاوارێک دەیگوت: «بەڵێ.»

و لەم کاتەدا دەنگی وەکوو بێچووە قەلەڕەشێک وابوو کە لە ناو لەپی دەستدا بیگووشیت. تاکە شمەکی یاریی ئەو تۆپێک بوو، بە لاپەڕە ڕەشبووەوە تۆپەڵەکان چێی کردبوو و بڕێک دەزووی تێ ئاڵاندبوو. کاتێک منداڵەکان گەمەیان دەکرد، دادەنیشت و پاڵی دەدا بە دیوارەکەوە ئەمجا تۆپەکەی لە دەستییدا دەگووشی. لە ئاسمانی دەڕوانی. کۆکەکۆکی دەگرت و خوێنی هەڵدەهێنایەوە.

مەراقم بوو زیاتر بیدووێنم. ڕۆژێکیان کە لەسەر پلیکانەی خوێندنگە دانیشتبووم، بە خشکەیی هات و لەسەر قاڵدرمەکان ڕۆنیشت. تۆپە کاغەزییەکەی بەدەستەوە بوو. سەرئەژنۆ چڵکنەکانی لە نێوان پینەوپەڕۆی پانتۆڵەکەیەوە دیار بوو. پرسیم: «نیازعەلی، ماڵتان لە کوێیە؟»
– لە پشت قەڵایە، مامۆستا.
– باوکت ناوی چییە؟!
– ڕیش سپی، مامۆستا.
– ئیشی چییە؟
– هیچ، مامۆستا. زۆر بەتەمەنە، لە ماڵەوە کەوتووە و کتێبی نزا و پاڕانەوە دەخوێنێتەوە، مامۆستا.

– ئەی دایکت بە چییەوە خەریکە؟
– بێکاربووە، مامۆستا. دوێنێ ددانەکانی پێشەوەی کەوت و بێکار بوو.

کە بەدواداچوونم بۆ کرد، بۆم دەرکەوت کە دایکی بۆ مەش باقر، بازرگانی وشکەی دێ کاری دەکرد. کارەکەی کرۆشتنی فستەق بووە، فستەقە دەم داخراوەکانی بە ددان دەکردنەوە و ڕۆژانە بیست‌وپێنج ڕیاڵی وەرگرتووە. پاش ساڵانێک کار، ددانەکانی کەوتووە و بێکار بووە. براگەورەکەی زەویی‌هەڵکەن بووە و دووساڵ لەمەوپێش، پاش گەڕانەوەی لە سەربازی، لە کاتی کاردا بووە بە ژێر خۆڵەوە و ئەوانی بە تەنیا جێهێشتبوو.

 

* * *

زستان داهات. منداڵەکان لە گوندە دوورەکانەوە دەهاتن. کە دەگەیشتن، قەڵافەتیان وەک شێرەبەفرینەی لێ هاتبوو. چواردەوری برژانگ و برۆ و کونی لووتیان بەستبووی. کە برژانگیان دەترووکاند، دەنگی کرتەکرتی لێ هەڵدەستا، وەک بڵێی دوو شووشە بکێشی بە یەکدا. دادەنیشتن لای سۆپادارەکە و وردە سەهۆڵیان لە لووتیان ڕا دەردەهێنا. سمێلیان گووگرە ببوو، لە سەروو لێویانەوە بە شێوەی بەستووی ئەستوور خۆی دەنواند. کڵاشەکانیان بە سۆپاکەوە کەپس دەکرد، بۆکڕووزی لاستیکی سووتاو و بۆئارەقی پێ لە هەوادا بڵاودەبووەوە. لەملاولای کڵاش و پاتە لاستییەکان، ئاو دادەچۆڕایە چواردەوری سۆپاکە و تەڕی دەکرد.

ژوورەکەم نێزیکی پۆل بوو. گشت بەیانییەک لە پەنجەرەکەوە، منداڵەکانم دەدیت کە دەهاتن بۆ خوێندنگە. نیازعەلی وەک باڵندەیەک پەتێک بە لاقیەوە بەسترابێت، خۆی بەرەو خوێندگە کێش دەکرد. کە وانەکانمان تەواو دەبوو، داوام لە منداڵەکان دەکرد هەستنە سەرپێ و چیرۆک بگێڕنەوە. جاروبار دەمگوت گەر کەسێک خەونێکی سەیری دیتووە، با بێتە ئێرانە بیگێڕێتەوە. ڕۆژێکیان سەرەی نیازعەلی هات، سەرەتا دوورەپەرێزی گرت، لێ پاشان هات. لە کاتێکدا سووربوونەوەی نەخۆشی سەروگوێلاکی تەنیبوو و دەنگی دەلەرزی، گێڕایەوە: «لە خەومدا بووبووم بە مەلووچ. دەفڕیم دەفڕیم. بازبازێنم بوو، لە سەربانەوە بەرەو حەوشە، لە حەوشەوە بەرەو تاقەکە دەفڕیم. باوکم گوتی: ”هەی باوکەڕۆ، کوڕەکەمان بووە بە چۆلەکە.” خۆم بینیم باوکیشم بووە بە پاساری و لەسەر کتێبی نزاکانی نیشتەوە. سەرەتا دایکم دایە پڕمەی پێکەنین. دواتر گریا. لەپڕ ئەژدیهایەکی گەورە خۆی کرد بە ماڵماندا. هەر کە دایکم ئەژدیهاکەی دیت گوتی: ”ئای خوایە گیان، مەش باقر هات!” پەیتا پەیتا لە دامێنییەوە فستەقی دەردەهێنا و دەیکرۆشت. بینیم وا دایکم ددانی نییە و خوێن لە دەمی دێت. ویستم بچم چاوی ئەژدیهاکە دەربهێنم، یەکێک لە فستەقەکان گوتی: ”دەرهێنانی چاوی ئەژدیهاکە بێ کەڵکە. ئێستاکە ئێمە کارێک دەکەین کە لە خەفەتدا شەق ببات.” هەموو فستەقەکان پێکەنین و تێکڕا دەمیان داخست. ئەژدیهاکە چووە کۆگای فستەق و بینی کە هەموو فستەقەکان دەمیان داخراوە.

ئەژدیهاکە بە تووڕەییەوە گوتی: ”هۆ فستەقەکان، ئا ئێستا بۆ حەوت پشتتان ئاقڵتان دەکەم.” ڕۆیشت و شووڵێکی گەورەی هەڵگرت تا بیکێشت بە سەری فستەقەکان. ژێرپێی لێوانلێو بوو لە ددان. پێی لەسەر ددانەکان هەڵخلیسکا و کەوت بە ئەرزدا. بە هۆی ئەم کارەی ئەژدیهاکە، گشت فستەقەکان پێکەنین و دەمیان کرایەوە.

مەش باقر خۆشحاڵ بوو، لێ فستەقەکان بە یەکدیان گوت: ”هەڤاڵان با ئیتر پێنەکەنین. ئەژدیها بۆیە کاری پێکەنیناویی دەکات تا بمانخاتە پێکەنین.” ملی درێژ دەکرد تا دەگەیشتە ئاسمان و ئەستێرەکانی حەپەلووش دەکرد. تەقلەی لێ دەدا. چاوانی خێل دەکرد و ئەستێرەکانی لە گوێچکەیەوە دەردەهێنا. پێکەنین گرتمی. لە دەنگی پێکەنینی من ئەژدیها گەڕایەوە. بینیمی و گوتی: ”کەوابێ هەموو ئەم کارانە فیتی تۆیە.” دەمودەست شاڵاوی بۆ هێنام. ویستم لە پەنجەرەکە هەڵبێم. پەنجەرەکە دەچووەوەیەک و دەچووەوەیەک. یەکێکە لە فستەقەکان لێمەوە نزیک بوو، گوتی: ”وەرە لەسەر من دابنیشە تا هەڵبێین.” فستەقەکە وەک باڵۆنی لێهات و لەسەری دانیشتم. باڵۆنەکە منی لە کونی سۆپاکەوە برد و تا گەیشتینە ئاسمان. حەزم دەکرد منیش ئەستێرەیەکی جوانکیلە بۆ دایکم لێ بکەمەوە تا لە گەردنی بئاڵێنێ. کەچی لەناکاو قاچم هەڵخزا و بەسەردا کەوتمە خوارێ. هاتمە خوارێ و هاتمە خوارێ. لە دوورەوە دیتم وا باوکم خەریکی قووڕەشێلە. بە سەردا کەوتمە ناو قووڕەشێلەکەوە و یەکسەر لە خەو ڕاچڵەکیم. بینیم وا لە ساپیتەی ژوورەکەوە دڵۆپە بەسەرمدا دێتەخوارێ.»

هەموو منداڵەکان پێکەنین و چەپڵەیان بۆ لێدا. کە چوو دابنیشێت، وەک بێچووە مراوییەک بوو کە بەرەو هێلانەکەی ڕابکات.

  • * * *

زستانی ئەو ساڵە، لە ساڵەکانی دی ساردتر بوو. پەنجەرەکانمان بە ڕۆژنامە و مەقەبا چاک داپۆشیبوو. ڕۆژێکیان ناوی هاتوو و نەهاتووم دەخوێندەوە:
“نیازعەلی نەدارەد.”
چەند خوێندکارێک بە ئەسپایی گوتیان:
” نەهاتووە.”

داچڵەکیم. شوێنی دیار بوو. ناسۆرێکی نائاشنا ڕووخساری خوێندکارەکانی تەنییەوە. هەموویان سەریان داچەقاندبوو. لە ئەکبەر، چاودێری پۆل، هۆکەیم پرسی. گوتی:
“مامۆستا، دوێنێ ئێوارە مرد.. لە سەرمادا، مامۆستا. خوێن لە گەروویەوە هاتەدەر و مرد. هەر دەیگوت: ئەستێرەم دەوێ، ئەستێرەم دەوێ. ئەستێرەیەکی جوانکیلەم بۆ نەنە دەوێ.”

منداڵەکان کپ بوون. با ڕۆژنامەیەکی پەنجەرەکەی دەلەراندەوە و نووزە-نووزە دەهاتە گوێ. وەک بڵێی نیازعەلی لە دوورەوە چیرۆکی دەگێڕایەوە، یاخود خەونەکانی دەگێڕایەوە. دەنگی، ئەو کاتەی ڕۆژنامەی دەخوێندەوە، لە گوێمدا دەزرنگایەوە.

پەڵەهەورێکی ڕەش لە چەقی ئاسماندا گیرسابووەوە. هەموومان مات و مەلوول بووین. چاوم کەوتەسەر ڕۆژنامەیەکی نوێی بە پەنجەرەکەوە. بە خەتێکی گەورە نووسرابوو:
“لەشساغیی بۆ هەمووان.”

په‌رواێزه‌كان 

سەرچاوە: از ندارد تا دارا: برگزیده داستان‌های کوتاه / علی اشرف درویشیان / چاپ: پنجم – ٢٠١٣ / ناشر: اشاره

– ئەم وەرگێڕانە، لە ژمارە 62ـی هەفتەنامەی ئاژانس، لە بەشی فەرهەنگییدا بڵاوبووەتەوە.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌وه‌رگێڕ خۆی