ئه‌م دیمانه‌یه‌ی گۆڤاری وشه، ڕۆژنامه‌نوس ستار جه‌باری له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس سمكۆ محه‌مه‌د ئه‌نجام دراوه، تایبه‌ته به قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌حلام مه‌نسوور كه ناوێكی دیاری رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی كوردییه. ئه‌حلام له 1/7/1951 له خانه‌قین له دایك بووه و له 10ی كانوونی دووه‌می 2013 له سلێمانی كۆچی دوایی كردووه. وه‌ك ده‌زگه‌ی راگه‌یاندنی “وشه” پێمان باش بوو كه ئه‌مڕۆ یه‌كی ته‌مووزه، له ساڵوه‌گه‌ڕی 69 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی ئه‌حلام، دیمانه‌كه بڵاو بكه‌ینه‌وه. ئه‌م دیمانه‌یه گۆڤاری وشه سازیداوه و ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته گۆڤاری وشه خۆی و له‌به‌ر گرنگی بابه‌ته‌كه جارێكی‌تر له كو‌لتور مه‌گه‌زین بڵاوده‌بێته‌وه .
یاخیبوون باجی قورسی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له دنیای كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردیدا باجی قورستری هه‌یه كه هه‌م ئاینی و كولتوور و هه‌م ره‌وشت، نه‌خاسمه كاره‌كته‌ره یاخییه‌كه له ره‌گه‌زی مێ بێت، ئه‌حلام مه‌نسوور یان “ژنه یاخییه‌كه‌ی ئه‌ڵوه‌ن” نووسه‌رێكی گه‌وره بوو له فه‌زای ئه‌ده‌بی كوردی و له رۆژنامه‌گه‌ریدا ناسراو بوو ، هاوكات یاخی و بوێر و سه‌ربه‌ست و جیاواز بوو، چه‌ندان دیوی شاراوه‌ی له دنیای نووسین و هه‌وراز و نشێو هه‌یه له ژیاندا. پاش مه‌رگی ئه‌حلام، زۆر قسه‌وباسی جۆراوجۆر و هه‌ڵبه‌ستراویان بۆی داتاشی و كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی راستی و خه‌یاڵیان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كردووه، بۆ نموونه بابه‌تی “ئه‌حلام و شیعری ماچی خودایی مامۆستا هێمن موكریانی”، شه‌فافیی له هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی و كاره‌كته‌ره‌كانی ناو به‌رهه‌مه‌كانی و هۆكاری ده‌ركه‌وتنی ئه‌حلام له‌ناو خوێنه‌رانی نێرینه زیاتر وه‌ك له مێینه و عاشقبوون و هاوسه‌رگیری ئه‌حلام و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، رووی پرسیاره‌كانمان ئاراسته‌ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس “سمكۆ محه‌مه‌د” كرد. چونكه ئه‌و هاوڕێی نزیكی ئه‌حلام بووه و راز و نیازی لای سمكۆ به‌ئه‌مانه‌ت سپاردووه، بۆیه ئه‌و ده‌توانێ په‌رده له‌سه‌ر راستییه‌كان لابدات.
ئایا ئه‌حلام مه‌نسوور بۆچی ده‌ینووسی و بۆچی وه‌ك پیاوان نه‌یده‌نووسی؟
له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كه‌م كه بۆچی نووسه‌ر ده‌نووسێت و به‌تایبه‌تی بۆچی ژن وه‌ك پیاو نانووسێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه نووسین هه‌ده‌فه، بۆیه هه‌موو نووسه‌رێك بۆ سه‌لماندنی بوونی ده‌نووسێت، ئه‌گه‌ر ژن بێت و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراودا بێت و بیه‌وێ یاخی بێت، پێویستی به‌وه‌یه باجی كۆمه‌ڵایه‌تی بدات تا زیاتر بیسهلمینێ كه هه‌یه، چونكه له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا پله دووی مرۆڤه، ئه‌حلام یه‌كێك بوو له‌و ژنانه‌ی له سه‌ره‌تای گه‌نجێتییه‌وه باجی خۆی دا و خۆشی سه‌لماند.
ئه‌وه‌ی كه مێژووی نوێ بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و ئه‌ده‌به نییه كه له‌رێی خه‌یاڵ و فه‌نتازیاوه گریمانه‌ی پێشهاته نادیاره‌كانی ژیان ده‌كات، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه واقیعه نووسه‌ر ناچار ده‌كات خه‌یاڵ بكات به‌واقیع، بۆ نموونه ئه‌ده‌بی مۆدێرن وێنه و چیرۆك و پاڵه‌وانه‌كانی نه‌ناسراون وه‌ك ئه‌وه‌ی له میتۆلۆجیای یۆنان و هیند و میسر هه‌ن، ئه‌حلام وه‌ك كاره‌كته‌رێك چونكه خۆی شه‌فاف بوو و به‌وه‌ش ناسرابوو كه هیچ ناشارێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و نهترسانهش بوو تخوبی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌جێهێشتبوو، ئاوهاش پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كانی ناسراو بوون و زۆر فشاری بۆ نه‌بردوون و زیندانی نه‌كردوون و به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌ستواڵای كردوون، ئاخر هه‌ندێك رۆماننووس هه‌ن به ئه‌نقه‌ست گوایه گرێی ده‌روونی له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن، پاڵه‌وانه‌كانیان له‌ناو رۆمان دیل و كۆیله ده‌كه‌ن كه ئه‌مه لایه‌نێكی نه‌رێنی هه‌یه بۆ خوێنه‌رێك كه له‌سه‌ر رۆمان یان ده‌ق بنووسێ.
ئه‌حلام گه‌ره‌كی بوو نووسینه‌وه‌ی مێژوو به چیرۆكی واقیعی و پاڵه‌وانی واقیعی بسه‌لمێنێت، ئه‌و ژنێك نه‌بوو له‌و ڕیزبه‌ندییه‌ی ژنان وه‌ستابێت تا زمان پاوان بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی تێی گه‌یشتبوون گوایه فكری فێمێنیستی له مێشكدا بووه، بڕوا ناكه‌م ژنانی ناسراو و ناوداری ڕۆژئاواییش له‌ناو ئه‌ده‌بدا به‌و فكره كاریان كردبێت، له ناو فارس‌دا فه‌رووخی فروخزاد و له‌ناو عه‌ره‌بیشدا نه‌وال سه‌عداوی و فاتیمه مه‌رنیسی و له‌یلا عوسمان و هتد، خاوه‌نی ئه‌و گوتاره نه‌بوون. كه‌وابوو ئه‌وان له‌گه‌ڵ تێكشكاندنی به‌های شته‌كان نه‌بوون، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ده‌ق شكاندنی كولتوری و تێكشكاندنی نه‌ریتخوازی بوون. ناسینی من بۆ ئه‌حلام دنیایه‌كی زۆر تایبه‌ت بوو كه كاری رۆژنامه‌گه‌ری یهكترناسینهكهی قووڵ كرده‌وه، له‌وێوه كه ئاشنایه‌تیم به نووسینه‌كانی كرد كه ئه‌وكات من هه‌رزه‌كار بووم، تاگه‌یشته ئه‌وه‌ی من پێگه‌یشتم و ئه‌و پیر بوو، به‌ڵام هه‌مان ریتم و ستایلی ئه‌ده‌بی هه‌بوو، به‌ڵام خه‌سڵه‌تی هه‌مان خه‌سڵه‌تی جارانی یاخیبوون بوو، بۆیه من نه‌متوانی دوور بكه‌ومه‌وه لێی وه‌ك هاوڕێ و كه‌سێكی نزیكی و وه‌ك داده‌یه‌ك، كه‌وابوو ناسینی من تا ئه‌و جێیه قووڵ بووه‌وه كه نهێنی ژیانی به‌شێكی له‌لای من ده‌دركاند، وه‌ك خۆی به‌تاڵ كردنه‌وه له‌و شتانه‌ی به نووسین ناگوترێ، به‌ڵام لێره‌دا به‌كه‌ڵكی خوێنه‌ر نایه‌ت تا له‌و پنته‌وه ئاشنایی هه‌بێت ئه‌وانه بگێڕمه‌وه، ئه‌مه بۆ زه‌مه‌ن و نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری خۆم به‌كار ده‌هێنم، چونكه ناكرێ ئه‌حلام وه‌ك كه‌ره‌سته یان كارتێك بۆ خۆده‌رخستن و بازرگانی له ئه‌ده‌بدا به‌كار بهێنین، ئه‌و چ له رێی كتێب و نووسین و چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌رێی یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆیه‌وه شوێنێك هه‌یه وه‌ك وێستگه بۆ ناسین و ئاشنایه‌تی به خوێنه‌ر، نموونه‌ی ئه‌و نووسینانه‌ی كه وه‌ك ستوون له هه‌فته‌نامه‌ی ئاڵای ئازادی و رێگای كوردستان بۆم بڵاو كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌قانه‌ی كه هاوشانی عه‌تا محه‌مه‌دی چیرۆكنووس پێیدا ده‌چووینه‌وه.
پرسیارێكی به‌رده‌وام هه‌یه، ئه‌ویش بۆچی ئه‌حلام له‌ناو خوێنه‌رانی نێرینه‌دا زیاتر ده‌ركه‌وتووه؟
من به پێچه‌وانه‌وه ده‌یبینم، چونكه ئه‌وه نووسه‌ری مێیینه نییه كه له ناو ئه‌ده‌بی نێرینه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ و به پێچه‌وانه‌وه له‌ناو مێیینه ده‌رناكه‌وێ، به‌وپێیه‌ی ئه‌ده‌ب و كایه‌كانی تر كه سه‌رجه‌میان چالاكی ده‌ره‌وه‌ی چالاكییه ئاساییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیانی مرۆڤن، گوتاره‌كه‌ی به‌ده‌ست نێرینه‌وه بووه و هه‌ر ئه‌وان ئاراسته‌یان كردووه، له‌حاڵێكدا ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش كه ناوی نراوه خودنووسینه‌وه، له زۆربه‌ی تێكسته‌كاندا دیار نییه، ئه‌مه به‌نیسبه‌ت ئه‌ده‌بێك كه ناوی ژنانی لێ نراوه، وێرانتره، چونكه خودنووسینه‌وه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له‌لای ژنان دروست كردووه كه له‌جیاتی خودێتی خۆی، جه‌سته‌ی خۆی نووسیوه‌ته‌وه و وه‌ك كاڵایه‌ك و ریسككردن له‌و سانسۆره‌ی كه رێ له به‌كاڵابوونی ده‌گرێت له ئاستی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه پیاو به‌و شێوه‌یه ته‌ماشای ئه‌و جۆره خودنووسینهوهیه ده‌كات، به‌وپێیه‌ی كه كۆدی ئه‌و نووسینانه له‌وێوه ئاشكرا ده‌بێت، كاتێك واتای ئه‌و نووسینانه ده‌بێته مایه‌ی راكێشانی خوێنه‌ر له‌رێی جه‌سته‌وه، روونتر بڵێم ئه‌و نووسینانه‌ی كه به‌زمانێك ئاراسته‌ی پیاو كراوه و له وێنه‌ی سێكسی به‌ولاوه هیچی تر نین، بۆیه جگه له پیاوان، له دنیای ئه‌ده‌بدا ژن نییه به‌ده‌قی ژنێكی تر سه‌رسام بێت و خوێندنه‌وه بۆ ده‌قه‌كه بكات، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه ته‌نیا پیاو له ئه‌ده‌بی كوردیدا خوێنه‌ری ده‌قه به‌مانا تیۆرییه‌كه‌ی، ئه‌م فه‌زایه‌ش كارێكی وه‌های كردووه كه ده‌قی كوردی چ شیعر و چ رۆمان و چ چیرۆك و هتد مانایه‌كی نوێمان پێ نه‌به‌خشێ، یان لانیكه‌م نه‌توانێ ریسك بكات و دوور بكه‌وێته‌وه له ده‌قی بیانی، ئێمه سه‌روكارمان لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی دووه‌می ژنێتی هه‌یه و بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ناسینی هۆیه‌كانی هه‌قیقه‌ت، پیاو ده‌بێ ژن بێ، دیۆنیزمی نیچه هه‌م ژنه و هه‌م پیاوه، بوونه‌وه‌رێكی دوو ڕه‌گه‌زه‌یه كه به‌ر له په‌یدابوونی به‌رامبه‌رێتی دووانی ژن و پیاو هه‌بووه، هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی كه كورد و فارس و عه‌ره‌ب و پێشتریش رۆژئاواییه‌كان هه‌یان بووه، كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی مێیینه بووه، چونكه گوتاری ته‌واوی كایه‌كانی ژیان به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌ب به‌ده‌ست پیاوانه‌وه بووه، بۆیه پیاهه‌ڵدان و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ژن بووه، ئه‌وه‌تا شكسپیر له رۆمیۆ جۆلێت و عشتار، له هه‌زار و یه‌ك شه‌وه و كورد و فارس له خورشید و خاوه‌ر و شیرین و فه‌رهاد و هتد. ئه‌حلام به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی كه گوایه ژنانه ده‌ڕواننه كێشه‌ی ژن و یه‌كسانی، بڕوای وابوو یه‌كسانی ژن و پیاو بریتییه له‌وه‌ی كه ژنان ئاگاداری دۆخی ده‌روونی پیاوانه‌ی خۆیان بن كه به‌شێكه له جه‌وهه‌ری دیوی ناوه‌وه‌ی ژن، بۆیه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌لای ئه‌حلام كاره‌كته‌رێك بوو ناوی “سافیه” بوو، هه‌روه‌ها پیاوانیش به‌و شێوه‌یه ئاگاداری دۆخی ژنانه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیان بن كه لایه‌نێكی ده‌روونییه، ئه‌مه له فێرجینیا وۆڵف فێر بووبوو، ژنان به‌و پێیه‌ی كه جێی سه‌رنجی پیاوانن، هه‌میشه ئهدهبهكهشیان ڕۆڵی نووسه‌رێكی پیاوانه‌ی پێ دراوه و ئه‌و مه‌رجانه‌شی به‌سه‌ردا فه‌رز كراوه، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ژنان وه‌ك پیاوان بیاننووسیایه و خه‌سڵه‌تیان وه‌ك پیاوان بووایه، مه‌زنێتی ژن و جیاوازییه‌كانیان له كوێ ده‌رده‌كه‌وت له‌گه‌ڵ پیاودا، بۆیه ئه‌و هه‌ڵاتنه له شوناسی ژنێتی له‌لای ئه‌و، وه‌ك هه‌ڵاتن له مرۆڤبوون وابوو، بۆیه ئه‌م تێڕوانینه جیاوازی هه‌بوو، چونكه ئه‌و زووتر گه‌یشتبوو به‌و پێشكه‌وتنه‌ی رۆژئاوا.
ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی بهقینێكی زۆره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات تا پرسی یه‌كسانیخوازی پیاو و ژن له‌دوای سه‌ده‌ی 20 ده‌بێ به ستایلی ژیان، له‌ناو ئه‌ده‌بی رۆژهه‌ڵاتی و عه‌ره‌بی و فارسیش به‌و شێوه‌یه بووه، ئه‌حلامیش كه سه‌ره‌تا چیرۆكی (پرد)ی نووسی و ده‌نگی دایه‌وه و گرێیه‌كی ده‌روونی بۆ خوێنه‌ر له‌ناو نێرینه و مێینه‌شدا دروست كرد، چونكه كاره‌كته‌ری پاڵه‌وانه‌كه‌ی ژنێكی یاخی بوو له ئه‌خلاقی سه‌پێنراوی كۆمه‌ڵگه، پاڵه‌وانێكی یاخی بوو بارگاوی به سێكس، چیرۆكه‌كه‌ش بابه‌تێكی سێكسییه بۆیه پیاو ده‌یخوێننه‌وه و سه‌رسام ده‌بن پێی، به‌و پێیه‌ی كێشه‌ی ژن كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، بابه‌تێكی هه‌میشه زیندوو بووه و تا ئێسته‌ش زیندووه، نووسینه‌وه‌ی چه‌پاندنی سێكسی له گوتاری پیاوانه‌دا جێی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌حلام ئه‌مه‌ی نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بناسرێت، یان له‌رێی ئه‌م جۆره بابه‌ته‌وه ببێته كاره‌كته‌رێكی چالاك، به‌ڵكو زیاتر له‌وانی تری مێیینه ریسكی كردووه، بۆیه به‌مشێوه‌یه ده‌ستی بۆ ئه‌ده‌ب بردووه، تا گوتاری پیاوانه هه‌ڵبسه‌نگێنێ و دواتر له‌رێی سێكسه‌وه ده‌ق بشكێنی كه یه‌كێكه له پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، تا ئه‌وكات ژنێكی وه‌ها ده‌رنه‌كه‌وتبوو به‌و ستایله كار بكات، ڕهخنهگرتنهكهشی هه‌ر له گوتاری پیاوانه‌یه كه مامه‌ڵه‌ی خراپ و ناشایسته و نامه‌ده‌نییانه له‌گه‌ڵ ژن ده‌كه‌ن كه ئه‌مه به‌رهه‌می گوتاری ئاینی و كولتوری داخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی بوو بۆ كورد مابووه‌وه.
پرسی سه‌رشۆڕی پیاوان كه دوو مانا و دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه پیاو به‌و مێژووه ستاندالهی رابردوو ژیانی هێناوه و یه‌ك ستایلی ده‌قگرتووی ژیانی بینیوه، بۆیه سه‌رشۆڕی بۆ پیاوه باڵاكان و ئاغا و سه‌رۆك و پیاوی ئاینی وه‌ك شێخ و مه‌لا و هتد، بۆ ماوه‌یه‌كی كۆنی كولتوری عه‌ره‌بییه، ئه‌مه پله‌به‌ندی ژیان بووه كه شتێك نه‌بووه به ناوی یه‌كسانی، ره‌هه‌نده‌كه‌ی تر پرسی چه‌پاندنی سێكسی بووه كه پیاو هه‌میشه وه‌ك ئه‌حلام ده‌ڵێ سه‌رشۆڕی ویستێكی غه‌ریزیی بووه كه ژن تاكه هۆكاری دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌ریزه‌یه بووه و له هه‌مان كاتیش‌دا مه‌ترسی و قه‌ده‌غه ئه‌خلاقییه‌كه بووه، جیاكاری نێر و مێ تا ئێسته‌ش به‌و فه‌زا به‌ناو كراوه‌یه‌ی هه‌یه و به‌و هه‌موو یاسایه‌وه كه له خزمه‌ت ژنانه، به‌و هه‌موو خۆ بچووككردنهوهیهی پیاو له به‌رانبه‌ر سێكس و دواتر كردنی ژن و سێكس به پێویستی بازاڕی وه‌ك له‌لای چاوبرسی و مێبازهكان هه‌ستی پێ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت له به‌یه‌كگه‌یشتنی كوڕ و كچیش به‌حه‌ڵاڵی هه‌مان مانای وه‌رگرتووه، ماره‌یی و زێڕ قبووڵكردن وه‌ك پاداشتی سێكسی له‌لای ژنان و به ئیفتیخاره‌وه، یه‌كێك له ماناكانی به كاڵاكردنی ژنه، كه‌وابوو چاره‌سه‌ری ئه‌و جیاكارییه بۆ منیش هیچ یه‌كسانیخوازی چاره‌سه‌ری ئیشكالی باری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو ناكات، ئه‌حلامیش خاوه‌نی هه‌مان تێڕوانین بوو بۆ ژیان و سێكسێك كه خه‌ڵك به‌و چاوه ته‌ماشای ده‌كرد. ئه‌گه‌ر مافی هاووڵاتی به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌ز نه‌بێته ستایلی ژیان، ئه‌م تێڕوانینه تا ئه‌به‌د به‌رده‌وام ده‌بێت و گرێی دهروونییهكهش ناكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وای دابنێین ئه‌حلام بۆهیمی و خه‌یاڵی بووه، نه‌خێر كه‌سێكی زۆر واقیعی بوو تا ئاستی بڕوابوون به نووسینه‌وه‌ی چیرۆكی ژیان وه‌ك خۆی و هه‌ندێك جاریش نائاگاییانه ده‌بوو به كه‌سێكی ئیدیالیستی، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ عه‌تا محه‌مه‌دی چیرۆكنووس هه‌میشه ئه‌و كێشه‌یه‌یان هه‌بوو كه ئه‌حلام به ستایلی كلاسیكی ده‌ینووسی و بڕوای به واقیعیبوون هه‌بوو، نه‌ك دروستكردنی خه‌یاڵ و پاڵه‌وانی وه‌همی و پشتبه‌ستن به نه‌ریتی نوێخوازی.
ئایه ئه‌حلام داهێنه‌ر بوو یان له ژنه پێشه‌نگه‌كان؟
له‌باره‌ی چه‌مكی داهێنان و نووسه‌ری داهێنه‌ر، ئه‌گه‌رچی خۆم بڕوای ته‌واوم نییه به تێرم یان زاراوه‌ی داهێنه‌ر، به‌ڵام بۆچوونی تایبه‌تی خۆم هه‌یه و له شوێنی تر قسه‌ی رژد و میتۆدیم له‌سه‌ر كردووه و بڵاو ده‌بێته‌وه، به‌ڵام نه‌مزانیوه ئه‌حلام وه‌ك ته‌كنیكی كاری نووسین و ئه‌ده‌بی نوێ داهێنه‌ر بووبێت، چونكه زاراوه‌ی داهێنه‌ر قورسه و پره‌نسیپ و مه‌رجی خۆی هه‌یه، داهێنان به‌رهه‌مهێنانی چه‌مكه و خوڵقاندنی شتی نه‌بووه له توانای كه‌سیدا، ئه‌مه ده‌ڵێم پشت به‌و تێكستانه ده‌به‌ستم كه خۆی نووسیونی، وه‌ك پێشتر باسم كرد ئه‌حلام كلاسیكییانه و سوننه‌تییانه ده‌ینووسی، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه هه‌ندێك جار موباله‌غه‌ی به گێڕانه‌وه‌ی قسه‌ی پاڵه‌وانه‌كان و زه‌مه‌نی رووداوه‌كانه‌وه ده‌كرد، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و نه وه‌ك ژن و له‌سه‌ریدا بیرۆكه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ ئازادی تا به‌گشتی هه‌وڵی بۆ بدرێت، چونكه بڕوای به ویستی تاك هه‌بوو خۆی رزگار بكات و ئازاد بێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی زۆر سه‌رسام بوو به‌و شیعره‌ی نه‌زار قه‌بانی كه به‌ژن ده‌ڵێ، ئه‌مه وه‌رگێڕانه كوردییهكهیهتی و بهعهرهبییهكهی كێش و سه‌روای تێدایه و داڕشتنه‌كه‌ی جیاوازه، “مه‌وه‌سته وه‌ك بزمار، خۆشه‌ویستی یان ناخۆشه‌ویستی هه‌ڵبژێره، شوێنێك نییه له نێوان به‌هه‌شت و ئاگر”. ته‌نانه‌ت ئه‌م شیعره‌ی به زۆربه‌ی خێزانی براده‌ره‌كانی ده‌گوت، مه‌ترسه به‌رانبه‌ر پیاوه‌كه‌ت راوه‌سته، كه‌وابوو ئه‌و به‌دوای حه‌زی خۆیه‌وه نه‌بوو له‌ناو ئه‌ده‌بدا، بگره ئه‌وه‌نده‌ی بڕوای به شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو، بۆیه بڕوای به واقیعبینی بوو و هیچی تر، من هه‌رگیز نه‌مبینیوه یان هه‌ستم نه‌كردووه ئه‌حلام بۆ داهێنان بنووسێ، به‌ڵكو بۆ ئازادی و پچڕانی زنجیری كۆیلایه‌تی ده‌ینووسی.
جیاوازی ئه‌حلام چی بوو له نێوان ژیانی واقیع و نووسینه‌كانیدا؟
له‌باره‌ی جیاوازیی نووسه‌ر و ژیانی واقیعی، (هیلیس میله‌ر) كه نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی فڕه‌نسییه، كتێبێكی به‌ناونیشانی (اخلاقیات القراوه) هه‌یه، له‌وێ ئه‌و له نێوان نووسین وه‌ك ده‌ق و كه‌سایه‌تی نووسه‌ر جودا ده‌كاته‌وه، ئه‌مه له‌لای “رۆلان بارت” یش به‌هه‌مانشێوه له‌به‌رچاو گیراوه كه ده‌ق هیچ پێوه‌ندیی به ئه‌خلاق و فه‌رهه‌نگی كه‌سێتییه‌وه نییه. به‌ڵام خاڵه بزربووه‌كه‌ی ئێره چییه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌حلام هیچ خۆی له‌په‌نای ده‌قدا حه‌شار نه‌ده‌دا، رووداو و چیرۆكه‌كانی كه له خه‌یاڵدانیدا تۆماری كردبوون، چۆن بوو وای ده‌نووسی و له‌ژیانی رۆژانه‌شیدا به‌هه‌مانشێوه ره‌فتاری ده‌كرد، بڕوای به كولتوور و ئاین و كه‌سی پله‌باڵا و نزم و ژن و پیاو نه‌بوو، ئه‌و هه‌رزوو كه ماڵی باوكی جێده‌هێڵێت و له خانه‌قینه‌وه ده‌چێته به‌غدا بۆ خوێندن، به‌ته‌نیا ده‌ژی و ناترسێ له‌و هێزه نه‌ریتخوازییه ئاینییه‌ی كۆمه‌ڵگه، دوای ئه‌وه‌ش كه ده‌چێته فڕه‌نسا بۆ خوێندن و گه‌شت، كراوه‌تر ده‌گه‌ڕێته‌وه و درێژه به ژیانی فه‌ردی و نووسین و باری كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌دات، تا قه‌ناعه‌ت به‌وه دێنێ له‌گه‌ڵ (شه‌وقی كه‌ریم) چیرۆكنووس و كه‌سێتی ناسراوی عه‌ره‌بی كه له به‌غدا ده‌ژی، هاوسه‌رگیری ده‌كات، شه‌وقی كه‌ریم جگه له‌وه‌ی نووسه‌ر بوو، ئۆپۆزسیۆنێكی عێراقی بوو، ئه‌و له‌و روانگه‌یه‌وه شه‌وقی ده‌ناسێت و له هۆتێل شیراتۆن نزیك ده‌بنه‌وه و هه‌ر له‌وێ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی باش به هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه پێكه‌وه ده‌ژین كه پڕ بووه له ناكۆكی و شه‌ڕوشۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ره‌نجام كه شه‌وقی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه ده‌گیرێت، ئه‌حلامیش ده‌چێت له گرتووخانه به‌یاسایی جودا ده‌بێته‌وه و داوای هیچ مافێكی لێ ناكات، پاشان به هۆی خراپی بارودۆخی زاتی و بابه‌تی له عێراق، به‌ناچار هه‌ڵدێت بۆ سلێمانی و له‌وێ ده‌ست به‌ژیانێكی نوێ و نووسینی كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات، سه‌ره‌تاش هات بۆ هه‌فته‌نامه‌ی هاووڵاتی و له‌وێ به‌كۆی ده‌نگ وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران هه‌ڵمانبژارد و تا ماوه‌ی نزیك به هه‌شت ساڵ مایه‌وه و دواتر دوور كه‌وته‌وه.
بۆ نووسینی رۆمان له‌لای ئه‌حلام نه‌بووه ململانێی له نێوان مۆدێرن و سوننه‌تیدا؟
مۆدیرنیزم و دابڕان له‌و رابردووه كه له ئه‌وروپاوه هات و ستایلی نووسینی ئه‌ده‌بی گۆڕی، پێویستی به دابڕانێكی فكری هه‌بوو، واته ده‌بوو هه‌ر له‌ڕێی زمانه‌وه تا ده‌گاته پێكهاته‌خوازی و شێوازخوازی و هتد، ئه‌مه بۆ ئه‌حلام قورس بوو چونكه زه‌وینه‌ی فكری نه‌بوو له ڕابردوودا خۆی بۆ ئاماده كردبێت، به‌ڵام چونكه ئه‌و به‌واقیعی مۆدێرن بوو و نه‌ده‌ترسا له‌وه‌ی گومان له نوێخوازیبوونی خۆی بكات و گوێی به قسه‌ی خه‌ڵكیش نه‌ده‌دا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه له‌ڕێی نووسینی ئه‌ده‌بییه‌وه یاده‌وه‌رییه‌كانی منداڵی و هه‌رزه‌كاری و تا دابڕانی خۆی له كۆمه‌ڵگه و خێزانی كوردهواری ده‌نووسییه‌وه، به‌ڵێ له كتێبی (گره‌وی چاوه‌كانی ئه‌م)دا كه‌سێتی (سافه) واته سافیناز كه كه‌سێتییه‌كی ژنی یاخی خانه‌قینی بووه و له‌گه‌ڵ پیاودا هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه و قاچاخچێتی و ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی ئێرانی كردووه و به‌ته‌نیا ژیاوه، به‌كاری هێناوه كه خوێنه‌ر نه‌توانێ سافه بدۆزێته‌وه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی واقیعی، ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵكی خانه‌قینیش شاراوه‌یه، چونكه جوان ته‌وزیفی كردووه، بۆیه بووه به پاڵه‌وانی هه‌ره دیاری نووسینه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی كه نه‌یده‌توانی بیانشارێته‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، هه‌میشه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و ئیدیۆمه‌كانی خانه‌قین، كه‌سێتی سافه كه ناوه ئه‌سڵییه‌كه‌ی سافیناز بووه، خۆ دوورخستنه‌وه‌شی له سنووری ژنێتی باو، كاریگه‌رێتی ئه‌و ژنه یاخییانه بووه كه له خانه‌قین هه‌بوون و بۆ ئه‌حلام به‌شێك بوون له چێژ به‌خشین كه چیرۆكه‌كانی ده‌گێڕایه‌وه وه‌ك ئیدیۆمێكی ناسراو به قاقاوه ده‌یگێڕایه‌وه، بۆیه ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی هه‌ڵده‌بژارد، چونكه ئه‌وان یاخی بووبوون له نه‌ریت و ئاینی كۆمه‌ڵگه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو كه لایه‌نگری ئه‌وانی ده‌كرد، ئه‌مه لایه‌نه واقیعبینییهكهی بوو، پیاوێكی تری هه‌لاج هه‌بوو كه هه‌میشه نوكته و چیرۆكه‌كانی ده‌گێڕایه‌وه و تهوزیفیشی كردووه له ئه‌ده‌به‌كه‌یدا، ئه‌ویتر كه ئه‌ده‌ب و نووسین و هونه‌ر بوو، پرسی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌حلام بوو له كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه بۆ كه‌سی كه‌سی دووه‌م و هه‌ندێك جار كه‌سی سێیه‌می تاك، هونه‌ر له‌لای ئه‌حلام بۆ نووسین دووه‌مین بیركردنه‌وه بوو، چونكه ئه‌و خه‌می دیكۆمێنتاركردنی واقیعه‌كان بوو زیاتر له‌وه‌ی خه‌می هونه‌ری هه‌بێت، به‌ڕاستی ئه‌مه لایه‌نه نه‌رێنییه‌كه‌ی نووسینی ئه‌حلام بوو له رۆمان‌دا.
نه‌وه‌ی پاش ئه‌حلام چۆن ده‌توانن شوێن پێی ئه‌و هه‌ڵبگرن؟
راستییه‌كه‌ی هیچ ژنێكی یاخی وه‌ك ئه‌حلام له‌ناو كورددا دووبار نابێته‌وه، چونكه نواندن و واقیع دوو شتی جیاوازن، من نه‌وه‌یه‌ك نابینم به‌ناوی نه‌وه‌ی پاش ئه‌حلام، نه له‌ناو واقیعگه‌رایی و نه له‌ناو خه‌یاڵ، چونكه ژیانی ئێسته زیاتر بارگاوی كراوه به گوتاری ئاینی و به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خوێندكارێكی كچ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ یاخی بێت، ناتوانێ سه‌ره‌تا له‌ناو كۆمه‌ڵگه ته‌ریك بێت و خۆی رزگار بكات له سانسۆڕهكان، ناتوانێ خۆی له به‌رژه‌وه‌ندخوازی خوێندن و پله و پایه‌ی سیاسی و راگه‌یاندن و خۆنواندن و پاراستنی جوانییه‌كانی خۆی وه‌ك كاڵایه‌ك، ناتوانێ خۆی بپارێزێ له سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حزبگه‌رایی كه نه حزبیان هه‌یه و نه ده‌زانن حزب چییه، ناتوانن ببن به خۆیان، ئه‌حلام ئه‌و سنوورانه‌ی بڕیبوو، ئه‌وه باجی قورسی ده‌وێ و كه‌سی هاروهاجی گه‌ره‌كه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه نه‌وه‌ی ئێسته نه‌وه‌ی ئایفۆن و كه‌وانته‌ر و ماڵ و ماشێنی به‌رز و زێڕن، نه‌ك نه‌وه‌ی ده‌قێكی باڵا و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی، ئه‌وان ناتوانن به‌ته‌نیا سه‌ر بكه‌ون بۆ شوێنی به‌رز، مه‌گه‌ر به هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابووری و پشتێك سه‌ری بكه‌ون.
جیاوازی نێوان نه‌وه‌ی كۆن و ئێسته ئه‌وه‌یه كه پێوه‌ندیی به زه‌مه‌ن و بیركردنه‌وه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچووی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو هه‌یه، چونكه نه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه بڕوای به به‌ها و یاده‌وه‌ری نووسینه‌وه و ئهرشیڤكردن نییه، هه‌ر كه دابڕا له ته‌كنۆلۆجیا، ئیتر له زه‌مه‌نی به‌ر له چه‌ند خوله‌كێكی پێش خۆی داده‌بڕێت، بۆیه ئه‌م نه‌وه‌یه ناتوانێ ئه‌زموون به داهێنانه‌وه دووباره بكاته‌وه، هه‌روه‌ها به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خودێتی خۆیانیشه، بۆیه هیچ ململانێیه‌ك له نێوان ئه‌و دوو نه‌وه‌یه نابینم، جا چ جای كه‌سێتییه‌كی وه‌ك ئه‌حلام كه له نه‌وه‌ی خۆشی كه‌س نه‌یده‌توانی پشبڕكێی بكات، راسته كه‌سانی وه‌ك به‌دیعه دارتاش و گه‌زیزه عومه‌ر و كوردستان موكریانی و نه‌جیبه ئه‌حمه‌د و دكتۆره عه‌قیله ره‌واندزی و شوكریه ره‌سووڵ و شیرین كاف و ئه‌رخه‌وان و خه‌ڵكی تر هه‌بوون، به‌ڵام ترس له داهاتوو، قورس‌تر بوو كه ئێسته‌ش قورسه به‌قه‌د ئه‌و پێوه‌ره ئاینی و كولتوورییه.
ئه‌ده‌بیاتی ژنان تا چه‌ند ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌حلامدا؟
به بڕوای من شتێك نییه به‌ناوی ئه‌ده‌بیاتی ژنان وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌پی كلاسیكی و كۆمۆنیسته ئیدیالیستهكان، پێیان ده‌گوت ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری، پرسی داهێنه‌ریش باسێكی گرینگی ناو فكر و فه‌لسه‌فه‌یه، شتێك نه‌ماوه له دنیا و له سه‌رجه‌م كایه‌كاندا به‌ناوی داهێنان، چونكه داهێنان به‌واتای به‌رهه‌مهێنانی چه‌مك، وه‌ك چه‌مكه‌كانی شیتهڵگهرایی یان ئه‌خلاق یان ئازادی، مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه چهمێكێك بێت فره‌مانا بێت، بۆیه له ئه‌ده‌بیاتیشدا ئه‌و كێشه‌یه هه‌ر ماوه، چونكه بابه‌ته‌كه له‌سه‌ر ستایل و شێوازی نووسینه، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی له دنیادا به‌هه‌موو زمان و كولتووره‌كان ده‌نووسرێنه‌وه، یه‌ك ئامانجی مرۆڤی و یه‌ك كێشه‌یان هه‌یه كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه یه‌خه‌ی مرۆڤی گرتووه، بۆیه نه ئه‌حلام و نه كه‌سانی تریش داهێنه‌ر نه‌بوون تا كه‌سی داهێنه‌ری وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌حلام بێته كایه‌كه‌وه، ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێویستی به كه‌سانی به بوێر و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی خۆیانه، تا له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا بۆچوون و تێگه‌یشتنیان له‌باره‌ی ژنه‌وه هه‌بێ، له‌كاتێكدا ئه‌ده‌بیات به‌بڕوای من كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر ناكات، ته‌نیا ده‌توانێ دیالۆگی تێدا به‌رهه‌م بهێنێ له‌ناو زمان و كولتوور و خوێنده‌واردا. ئه‌مه ده‌بێ له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌نگ بداته‌وه له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر مانایه‌كی جیاواز وه‌ربگرێت، وه‌ك چۆن ئازادی و ئازادییه‌كانی تاك له نه‌وه‌ی رابڕدوودا بریتی بوو له سیاسه‌ت و رزگاری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، ئێسته بریتییه له ئازادی تاك و خۆشگوزه‌رانی، رۆشنبیری كوردی كێشه‌ی زۆری سایكۆلۆجی تێدایه پێویستی به ئه‌دیب نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویستی به زانای سایكۆلۆجی هه‌یه، چونكه ده‌بێ ئه‌و گرێ ده‌روونییانه خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت و دواجار بكرێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی بخرێنه به‌رباس، چونكه نووسین ته‌نیا ئامانجی ئه‌وه نییه باسی كێشه بكه‌یت، به‌ڵكو ئامانجه‌كه‌ی تری خوێندنه‌وه‌ی سایكۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییه، وه‌ك چۆن هۆمیرۆس و ئه‌دیبه كلاسیكییه‌كانی یۆنان و شكسپیری ئینگلیز، هاملێت و گرێی ئۆدیب له شانۆ و له سیاسه‌تدا كه فرۆید و ماركس هه‌ریه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك موناقه‌شه‌یان كردووه و له تێزهكانیاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ده‌بینین لێره‌دایه نووسین و داهێنان له نووسیندا چ فه‌زایه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌دا خوڵقاندووه و له كوێدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆیه داهێنان كاتێك ده‌بێ كه ده‌سه‌ڵات و سیستم بهه‌ژێنێ، نه‌ك ته‌نیا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی موجامه‌له‌یی كه ته‌نیا بۆ زانكۆكان به‌كه‌ڵك دێت بۆ ته‌رقییه و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌كادیمی.
من داهێنان له ئاستی جیهانیدا واده‌بینم و له ئاستی لۆكاڵی كوردستانیشدا به گه‌وره‌تر له خۆی نه‌ك له‌ناو ژناندا به‌ڵكو له‌ناو پیاوانیشدا، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆیله‌ی چه‌ندان هێزی دیار و نادیاری كولتووری و ئاینی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و هتد، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌حلام ئه‌مانه‌ی وه‌ك داتا ده‌زانی، به‌ڵام نه‌یده‌توانی وردی بكاته‌وه و ته‌وزیفی بكات و له‌ناو نووسیندا ره‌نگ بداته‌وه، ئه‌مه غه‌در نییه، به‌ڵكو راستییه، ئه‌م حاڵه‌ته بۆ ته‌واوی ژنه‌كانی تری ئه‌دیبیش وایه كه ده‌نووسن، چونكه ناتوانن قووڵتر ببنه‌وه له‌وه‌ی كه سیاسه‌ت و سیستمی ده‌سه‌ڵات و پیاو ته‌ماشایان بكه‌ن وه‌ك كاڵا، به‌داخه‌وه ئه‌وان خۆشیان له شوێنێكدا به‌هۆی كۆیله‌بوونیان به‌ده‌ستی غه‌ریزه‌ی چه‌پێنراوی ژنێتییه‌وه و یان به‌ده‌ستی پله دووییانهوه، بوون به‌كۆیله‌ی كه‌مالیات و پاره و ماڵ و موڵكێك كه له كۆیله‌بوونی پیاو و ماڵ و زێڕ و منداڵه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه.
داهێنان كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی به‌شه‌رییه‌ته له‌سه‌ر كۆی زه‌وی نه‌ك ژنان و رۆشنبیری كوردی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وی كه‌سێكی تری وه‌ك ئه‌حلام به‌رهه‌م بهێنینه‌وه، ئه‌وا پێویستمان به شۆكی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ده‌ی رابردوو كه هه‌م ململانێی سیاسی و ئابووری له‌و ئاسته‌ی ئێسته نه‌بوو له سه‌رانسه‌ری دنیا، هه‌م مرۆڤ خۆی نه‌بوو به كۆیله و ملی نه‌دابوو به هه‌موو ویست و غه‌ریزه بچووكه‌كانی خۆی، هه‌م ئیراده‌ی مرۆڤ له شوێنێكدا به‌های مابوو، ئه‌حلام كه‌سێك بوو كه‌متر نه‌بوو له نه‌وال سه‌عداوی و فاتیمه مه‌رنیسی و فه‌روخزاد و ئۆریانا ڤاڵاجی و ده‌یان ژنی ناسراوی تری دنیا، به‌ڵام ئه‌وان خاوه‌نی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و خاوه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بوون به‌رگری له كه‌رامه‌ت و به‌های كولتووری خۆیان ده‌كه‌ن، له‌وێشه‌وه به‌رگری له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی خۆیان ده‌كه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كانیان ده‌خه‌نه به‌رده‌م گڵۆپی گه‌شی راگه‌یاندنی راستگۆ نه‌ك رێكلام.
ئه‌حلام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاواز بوو له زۆربه‌ی حزبه كوردییه‌كان كه خاوه‌نی راگه‌یاندن بوون، پشتگوێ خرا، به‌مه‌ش هیچ هیوایه‌ك نه‌ماوه كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و دروست ببێته‌وه، له‌ناو رۆشنبیریی كوردیشدا به‌تایبه‌تی كه گوتاره‌كه‌ی به‌ده‌ست پیاوانه‌وه‌یه، ژن هه‌میشه له به‌رده‌م ته‌شهیر و قسه‌ی ناشیرین و هێرشه بۆ ناوزڕاندنی، چونكه پیاوانی كورد به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ناو راگه‌یاندنن، ته‌نیا له‌ناو چوارچێوه‌ی سێكس ته‌ماشای ژنان ده‌كه‌ن، بۆیه بواره‌كه بۆ ئه‌وان به‌رته‌سكتره.
كۆتا پرسیارم ئه‌وه‌یه به‌ناوی ئهحلامهوه بابه‌تێك بڵاو كراوه‌ته‌وه گوایه هێمن موكریانی شیعری ” ماچی خودایی” بۆ ئه‌حلام نووسیوه؟
ئه‌و چیرۆكه‌م خوێنده‌وه. هه‌ستم كرد ئه‌حلام مه‌نسوور ناناسم و له دووره‌وه ناسیومه. چیرۆكه‌كه ته‌واوی هه‌ڵبه‌ستراوه. ئه‌حلام بۆی گێڕاومه‌ته‌وه كه هێمن له هۆڵی رۆشنبیری له شاری به‌غدا شیعری خوێندووه‌ته‌وه. ئه‌ویش دوای ته‌واوبوونی كۆڕه‌كه. چووه‌ته سه‌ر شانۆكه و ناو ده‌می مام هێمنی ماچ كردووه. له‌وێوه براده‌رایه‌تییان توندوتۆڵ ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌حلام نه ئه‌و شیعره‌ی به‌وه ده‌زانی بۆی نووسراوه و نه هێمن بۆ ئه‌وی نووسیوه. ئه‌حلام پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تری ئه‌دیب هه‌بوو، بۆیه ئه‌وه هه‌ڵبه‌ستراوه و له خۆڕا نووسراوه و هیچ دیكۆمێنتێك نییه. مه‌گه‌ر ئه‌حلام خهڵهفابێت ئه‌وه‌یان پێ كردبێت. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌م نه‌بیستووه له‌و ژنه. چیرۆكی تری هه‌یه له‌گه‌ڵ شه‌وقی كه‌ریم كه چیرۆكنووسی عێراقییه و ئه‌وه كاریگه‌رتره كه پێشتر ئاماژه‌م پێ داوه، خه‌ڵك له‌خۆیه‌وه قسه ده‌كات. نان و پیازی پێوه ده‌خۆن.
ته‌واو
سه‌رچاوه؛ وشه نێت
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌دی شاعیر سه‌رنجێكی له‌سه‌ر ڕاكانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له په‌یچی كو‌لتور مه‌گه‌زیندا ده‌ربڕیوه، به‌گرنگی ده‌زانین وه‌ك خۆی بڵاوی بكه‌ینه‌وه:
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د؛ ئەو پرسیارەم پێ سەیرە کە دەڵێت بۆچی ئەحلام مەنسور لەنێو خوێنەرانی نێرینەدا زیاتر دەرکەوتووە؟ لەکاتێکدا ڕێژەیەکی زۆری مێینەکانی وڵاتەکەت لەمافی خوێندن بێبەشکراون و لەبەر داب و نەریتخوازی و ترس لە تانە و تەشەری کۆمەڵگەش کەم مێینە ڕێگەی دۆزەخی نووسین و ڕۆشنبیریی هەڵبژاردووە، ئەوەشی کە ئەو ڕێگەی مان و نەمانەی هەڵبژاردووە هەندێکی لەبەردەم دەسەڵاتی پاوانخوازیی پیاوانەی ناو دنیای ئەدەب و فیکردا هەرەسی هێناوە یان هەرەسی پێهێنراوە و پاشەکشەی کردووە.
لەدۆخێکی تەواو پیاوانەی ئەدەبیدا کە تەنانەت ئێوە وەک دوو پیاو ئەزموونی ئەو ژنە یاخییە شیدەکەنەوە، ئێمە دەبێت هەرلەپەراوێزێکی کۆمێنت ئاسادا دەنگ هەڵبڕین و بڵێین: ئەحلام مەنسور لەپێناوی جۆرێکی جیاواز لە ڕیتمی چەقبەستووی بیرکردنەوە و ژیان لە نیشتمانەکەیدا، بە نەهامەتی ژیا‌و سەرینایەوە. بەڕای من قوربانییەکی هەرە گەورەی سیستمی پیاوسالاریبوو، کەچی بەداخەوە ئەوەتا، دۆخی مێینە لەهەمان خاڵی ڕەتکردنەوە و خوێندنەوەی پیاوانەدایە. بەجۆرێک کە تەنانەت شەهیدەکانی مەسەلەی جێندەریش بۆ سوودی ڕەوتی باڵای، پیاوانە خوێندنەوەی مێژوو ،بەکاردەێنرێت…
دیاره مەبەستم لە پیاوسالاری و پاوانخوازیی پیاوانە بەتەنیا ڕەگەزی پیاو نییە، مەبەستم لە ژنە پیاوەکانیشە ئەوانەی خەونی بەپیاوبوونیان هەیە لەپێناوی بەدەستهێنانی ناوبانگ و دەسەڵاتێکی وەک پیاوان و هەرگیزیش بەدەستی ناهێن.