ئادوێڵ ماجا پیەرس؛ وەفاداری

وەرگێرانی له‌ئینگلیزییه‌وه‌ : فاروق هۆمەر

ئادوێڵ ماجا پیەرس
609

من ئەو ڕۆژگارە تەمەنم دوانزەساڵان بوو، پاشنیوەڕۆییەک باوکم بەر لە وادەی ئاسایی خۆی بە هەڵەداوان خۆی کردەوە بە ماڵەوەدا  ” ژنەکە ” هاواری بۆ دایکم کرد کە لە پشتەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی خوانی ئێوارەبوو . ” ژنەکە لەوە دەچێ هیچ دەنگوباسێکت نەهاتبێتە گوێ ؟ ”

من بە شوێن باوکمەوە بووم، بەوپەڕی ئاسوودەیەوە بەناو ماڵەکەدا دەهاتودەچوو .

دایکم گووتی : ” ئەرێ تۆ شەرم بەخۆت ناکەیت، پیاوێکی گەورە و گران وەکو منداڵێکی بچکۆلانە بەناو ئەو ماڵەدا هەڵبەز و دابەزێتی ، پێم ناڵێی چی بووە ؟ ”

” ئۆجوکو، دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ بیافرا ڕاگەیاند . ئێمە چیتر خەڵکانی نەیجیریا نین، گوێت لێمە ؟ ” باوکم بەدەم خەندەیەکەوە دەیگووت ” ئێمە خەڵکانی بیافراین ”

دایکم گووتی ” ئێ جا ئەوە چییە ؟ ”

” ژنەکە تۆ بۆ خۆشت نازانی چی دەڵێیت ؟ تۆ هەست ناکەیت ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ شکۆیە، ڕوداوێکی مێژووییە ؟”

دایکم لە شوێنی خۆی وەستابوو و هەردوو دەستی نابووە لا کەلەکەی، ڕوخساری لەبەردەم بڵێسەی ئاگرەکەدا چۆراوگەی ئارەقەی لێ دەچۆڕا… ئەوجا گووتی : ” دەی سا خۆ ئێمە لە نەیجیریا بین یاوەخوود لە بیافرا، ئەوە کۆتەرە دارێکی سووتان چییە لە ماڵەکەماندا نییە ”

باوکم هەردوو دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردبوەوە .

” ڕوداوێکی ئەوتۆ گرنگ لەو دونیایەدا خەریکە شوێن دەگرێ و تۆش هاتووی باسی داری سووتانم بۆ دەکەیت . دەی فەرموو ئەوەش ژن ”

باوکم ئەوەی گووت و چووە دەرەوە .

 

ئەو ئێوارەیە بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرتاش و ئەو پیاوەش کە خاوەنی پۆستەخانە بوو هاتن بۆ ماڵمان .

” کوریژگە، ئادەی وەرە ئێرەوە ” بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بانگیکرد .

” وەرە و گوێ بنێ بە قسەکانی مامۆستاوە بزانە چیت لێدەپرسێ ” باوکم دەستوری دا .

” حەوت جار نۆ دەکاتە چەند ؟ ”

” شەست و سێ ” من وەڵامم دایەوە .

” زۆر چاکە . پرسیارێکی تر . ئەگەر بیست سەربازی نەیجیرییا بەرەو گوندەگەی ئێمە هاتن و پێنج ژنی بیافرایی لێیان هاتنە دەست و بە قاپ تێیان بکەون، کێ شەڕەکە دەباتەوە ؟ ”

سەرتاشەکە لەناو پێکەنینا خۆی خست بە پشتا. دایکم هات پەلی گرتم و لە ژوورەکەی بردمە دەرێ،  بەڵام خۆمم لێدزییەوە و جارێکی دی گەڕامەوە و لە نزیکی دەرگاکەوە وەستام .

باوکم گووتی : ” ئەو ڕۆژە چیم پێگووتی ؟ نەمگووت ئەو ئۆجوکویە پیاوێکی گەورەیە، لەو سەرکردانەیە کە بۆی دەکرێ هەموو کارێک بخاتە سەر پێی خۆی. ئەو نەیجیرییە هیچوپووچانە سەری خۆیان دەکێشن بە بەردا گەر بیر لەوە بکەنەوە پەلاماری ئێمە بدەن، با من  شتێکت بۆ ڕوون بکەمەوە ”

” ئەوە قسەیەتم زۆر پێخۆشە،  با خۆیان تاقی بکەنەوە، بیافرا وەک شاخ ڕواوڕوویان دەوەستێتەوە ” بەرێوەبەری قوتابخانە گووتی .

بەڕێوەبەری پۆستەش گووتی : ” تا ئیستا پێنج  وڵات دانی بەسەربەخۆیی ئێمەدا ناوە ”

دایکم بانگی کردم . ” ئەوە بۆ کوێ چووی ؟ هەر ئەوەندەی چاوم لێ غافڵ کردی کتوپڕ خۆت دەدزیتەوە و گوێ لەو پیاوە بێ مێشکانە دەگری چی دەڵێن ؟ نەیجیریا، بیافرا، نازانم ئەوانە چی لێکیان جیادەکاتەوە . ئەوە لە کوێوە پەیدابوو، دوو کەللەسەر لەسەر گەردنێک قووتببنەوە ؟ دەی بجوڵێ و بڕۆ ئەو بزنانە ببەرەوە گەوڕەکەیان و جوان دەرگاکەیان لەسەر پێوە بدە بۆ ئەمشەو ” دایکم ئەوەی گووت و جارێکی دی هاواری لێبەرزبۆوە و گووتی ” ئەوە ئیستاش ئەوانە بزنی بیافرایین، دەبێ زیاتر نازیان بکێشین ”

بەدرێژایی چەند هەفتەی داهاتوو باسوخواس هەر لەسەر سەربەخۆیی دەخولایەوە، هەر وەکو دایکم بەردەوام دەیگوت، تەنیا جیاوازییەک هاتۆتە گۆڕێ هەر ئەوەیە کە نرخی خواردن چۆتە سەرێ .

واتەواتێک کەوتبووە ناو خەڵکەوە کە سەربازانی فیدڕاڵی بەرەو لای ئێمەوە دێن، ئەو شەوە سەربازەکانی بیافرا پەیدابوون، بە جلوبەرگە سەربازییە تازەکانیانەوە و بە تفەنگە بریقەدارەکانیانەوە زۆر وریایان دەنواند. بەماشێنە دوا بەتاڵەکانیانەوە دەهاتن و دەچوون و  لە هەر شوێنێکەوە تێدەپەڕین لەدوای خۆیانەوە تەنیا تەپوتۆز و خۆڵیان جێدەهێشت . هەموو هاوڕێکانم شانازییان پێوە دەکردن .

بەرەبەیانییەک لە خەو ڕابووم لە دوورەوە گوێم لە دەنگی گوللە بوو، فڕۆکەیه‌کیش بە ئاسمانەوە بەسەرماندا دەفڕی .

باوکم هاواری کرد ” خێرا بکەن، گوڕ بدەنە خۆتان پەلامار دەدرێین ”

” تۆ کوێراییت داهاتووە ژنەکە، چاوت لێنییە ئەو خەڵکە تێکڕا بەرەو دارستانەکە هەڵدێن ؟

” ئەی سەربازەکانی خۆمان لە کوێن ؟ ” من پرسیم .

” سەربازی چی ؟ هەر ئەمشەو هەموویان هەڵاتن ”

دایکم بەخێرایی خۆی کرد بەژوورەکەدا و خەریکی کۆکردنەوەی جلوبەرگ بوو .

باوکم گووتی ” ئیستا کاتی ئەوە نییە ”

کاتێ چوومە دەرەوە هەموو ئەو ڕووداوانەم بە چاوی خۆم بینی ڕاستی بوون؛ خواروژووری گوندەکە خەریک بوو بەرەو دارستاکە هەڵدەهاتن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە پێش هەموویانەوە بوو. دوو شەو و دوو ڕۆژ لەناو دارستانەکە خۆمان حەشار دا .

دایکم گووتی ” ئەوە بیافرای گەورەتانە، ئەرێ پێم ناڵێی ئۆجوکوتان لە کوێیە ؟ لە هیچ شوێنێکەوە دیاری نییە ؟ ”

” دەمت دابخە ژنەکە ” باوکم بەسەریا نەڕاندی .

ڕۆژی سێیەم باوکم داوای لێکردم ” بڕۆ و تەماشایەکم بۆ بکە بزانە سەربازەکان هەر لەوێ ماون ”

” تۆ دەتەوێ مناڵەکە بە کوشتن بدەیت ؟ ” دایکم ئەوەی گووت و توند باوەشی پێما کرد .

” لێی دوور بکەوە . ئەوان لە منداڵ نادەن ” باوکم ئەوەی گووت و وەکو ئەوەی لە شتێکم دڵنیا بکات، لێم ووردبۆوە .

” بەجۆرێک دەڕۆی خۆت نیشان نادەیت، گوێت لێمە ؟ ”

بەرەو کەناری دارستانەکە هاتم و لەوێوە تەماشایێکم کرد . بێجگە لە چەند مریشکێک، گوندەکە سەراپای چۆڵەوانییەک بوو بۆ خۆی .

چاوم کەوتە سەر بزنەکانمان لە نزیکی پۆستەخانەکەوە، خەریک بوو دەلەوەڕان . دەزانم خاوەنەکەی بە بینینی ئەو دیمەنە ئاسودە نابێت . گوێم بە ئامۆژگارییەکەی باوکم نەدا و لەپڕ دەستم کرد بە ڕاکردن بەرەو ناو گوند . لە نزیکی سەرتاشخانەکەوە سێ سەربازی نەیجیری هاتنە دەرێ، هەر سێکیان تفەنگەکانیان بەدەستەوە گرتبوو . لەوێ دا چاوەڕێم بوون .

یەکێک لە سەربازەکان گووتی ” خەڵکەکەتان لە کوێن ؟ ”

منیش دەستی ئاماژەم بەرەو دارستانەکە هەڵبڕی .

” ئەوان لە ئێمە دەترسێن ؟ ”

سەرێکم بۆ لەقاندن .

” بڕۆ و پێیان بڵێ ئێمە ئازاری کەس نادەین ”

هەر ئەوەندەی گەڕامەوە بۆ ناو دارستانەکە، هەرچییەک لەوێ بوو پێکەوە کەوتنە پرسیارکردن، ئەوەی لەگەڵ سەربازەکان بەسەر من هاتبوو پاکیم بۆ گێڕانەوە . ئەوجا وورتە وورت دەستیپێکرد. هەندێک لەوان ئارەزوویان دەکرد هەر لەوێ بمێننەوە و هەندێکیشیان بڕیاریاندابوو بگەڕێنەوە، بەڵام هەر هەموومان برسیمان بوو و خواردنێکیش لەوێ نەمابۆوە، بەهۆی مێشوولەشەوە کەسێک بۆی نەکرابوو بە ئارامی بنوێت . ئیدی ئەوە بوو هەموو گەڕاینەوە . سەربازەکان لەسەر قسەی خۆیان سووربوون و ئازاری کەسێکیان نەدا. بۆ ڕۆژی دواتر هەموو شتێک گەڕایەوە باری ئاسایی خۆی، لە کۆتایی ئەو هەفتەیەش دا سەربازەکان هەموو پاشەکشەیان کرد.

ئێوارەیێک سەرتاشەکە و بەڕێوەبەری قوتابخانە و کابرای پۆستەخانە هاتن بۆ ماڵمان . باوکم ڕەوانەی کردم بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی  چەند شووشەیێک بیرەیان بۆ بکڕم. کاتێک دەگەڕامەوە گوێم لێبوو باوکم دەیگووت ” بۆم باس نەکردی، ئەو بیافرییانە هەتابڵێی هیچ لەبارانەبوون . هەر وەکو هەمیشەی خۆیان خەریکی چەنوچوون بوون . هەر ئەوەندەش کەوتنە چەندوچوون ئیدی ئەوەی جووڵەیێک بوو نەیانکرد ”

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بانگی کردم و گووتی ” کوریژگە، ئەگەر سەربازانی بیافرایی بیست فرسەخ لە ڕۆژێکا ببڕن بە چەند ڕۆژ دەگەنە کامیرۆن ؟ ”

سەرتاشەکە لایەکی ڕوخساری خۆی داپۆشی و ناڵەیێکی لێوە هات .

باوکم گووتی : ” گوێیان پێ مەدە ”

دایکم لە پشتەوە بانگی کردم و گووتی ” بڕۆ ئەو بزنە نەیجیرییانە کۆ بکەرەوە ”

 ته‌واو

 تێبینی: 

ئۆجوکو . فەرماندارێکی سوپای نەیجیری بوو . گیانێکی جوداخوازی تیابوو و کەوتە ئارەوزووی سەربەخۆیی هەرێمی بیافرا .

سەرچاوە :

Loyalties, and other short stories

By Adewale Maja-Pearce.

 

لینكی ئه‌مازۆن:

https://www.amazon.com/Loyalties-Stories-African-Maja-Pearce-1987-01-26/dp/B01HC9RHAW/ref=la_B001HPKIOU_1_3/135-3583769-6439724?s=books&ie=UTF8&qid=1509456745&sr=1-3

 

 

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!