قسه‌یه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی شعر و چییه‌تی شعر كراوه و ده‌كرێت، كه‌متر ده‌رباره‌ی خوێندنه‌وه‌ی شعر. یه‌كێك له هۆكاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ی به شعر سپێردراوه، چونكه له كو‌لتورێكدا شعر وه‌زیفه‌ی پێدراوی هه‌بێت، ئه‌سته‌مه به نه‌فه‌سی نوێوه له شعر بڕواندرێت. گه‌ر شعر له پێشینه‌وه چاوه‌ڕێی لێكرابێت به كارێكی دیاریكراو هه‌ستێت، ناتوانێت به كاری نوێ و ناچاوه‌ڕوانكراو هه‌ستێت. بۆ نموونه گه‌ر له‌و كولتوره‌دا پێشبینی بكرێت شعر هه‌ڵچوون بێت، هه‌ڵڕشتنی غه‌م و په‌ژاره بێت، شه‌پازڵه‌ی سیاسی بێت، ناسكبوونه‌وه بێت، چۆن ده‌كرێ شعر بتوانێ شتگه‌لی دیكه بێت؟
له‌و ساته‌وه‌ی ئه‌ركێك به شعر ده‌سپێردرێت، جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌كیش بۆ شعر سه‌رپێ ده‌خرێت. هه‌ربۆیه شعر به په‌یامی سیاسییه‌وه به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێندرێته‌وه، شعر به هه‌ڵچوونی ئه‌وینه‌وه به تۆنی عاشقێك (ئه‌و تۆنه هه‌رچییه‌ك بێت)، شعری هیجا له-خۆگریش به تۆخكردنه‌وه‌ی وشه تونده‌كانه‌وه، هه‌تا دوایی. ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌م پێڕه خوێندنه‌وانه‌دا ونه خودی ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌یه. كاتێك شعر بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ستی ده‌ره-شعر ده‌خوێندرێته‌وه، خودی ئه‌زموونی شعر خوێندنه‌وه ون ده‌بێت.
زۆر فه‌یله‌سوف باسی گرنگی شعر و چییه‌تی شعریان كردووه، به‌ڵام ڕه‌نگه هیچ كام له‌و باسانه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی لودڤیگ ڤیتگنشتاین ڕاستیپێك نه‌بێت كاتێك ده‌ڵێت: ”له بیری مه‌كه كه شعر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ناو زمانی زانیاری پێداندا بونیاد نراوه، له ناو گه‌مه‌ی زمانیی زانیاری پێداندا به‌كارناهێنرێت.”[1] مێشكێك مژۆڵی وه‌رگرتنی زانیاری بێت له شعر، له ناو جه‌نگه‌ڵێكدا خۆی ده‌بینێته‌وه په‌له‌یه‌تی لێی قوتار بێت. ژماره‌یه‌كی كه‌م شعر هه‌ن به خانه‌دانییه‌وه باوه‌ش بۆ ڕێبواره نامۆكانی سه‌رزه‌مینی شعر ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام گه‌ڕان به ناو زۆرێك له شعره‌كان پێویستی به ڕاهێنان یان ئاماده‌سازی پێشوه‌خت هه‌یه. ئاماده‌سازییه‌كه ده‌كرێت زۆر ساده بێت: ته‌رخانكردنی چه‌ند خوله‌كێك بۆ هیچ نه‌كردن، ته‌نها ئه‌زموونی شعر خوێندنه‌وه نه‌بێت. ڕه‌نگه ئه‌مه سه‌خت بێت، به تایبه‌تی بۆ مێشكێك به زانیاری وه‌رگرتن ڕاهاتبێت، به مێشكێكی كرداره‌كی. هه‌واڵ خوێندنه‌وه ئاسانه، نوكته خوێندنه‌وه خۆشه، چیرۆك خوێندنه‌وه چێژ به‌خشه، به‌ڵام شعر خوێندنه‌وه شتێكی تره. ئه‌و شته هه‌رچییه‌ك بێت (دواتر ڕه‌نگه ڕوون بێته‌وه ده‌كرێت چی بێت) ئاسانه به هۆی بڕیاری پێشوه‌خته‌مانه‌وه له‌سه‌ر شعر ده‌ست له شعر خوێندنه‌وه هه‌ڵبگرین. به‌ڵام له داخستنی په‌نجه‌ره‌كان به ڕووی شعردا شتێك له كیس ده‌درێت، هه‌روه‌ك چۆن شاعیری ئه‌مریكی ویلیا‌م كارلس ویلیامس له شعرێكدا ده‌نووسێت:
”سه‌خته
له شعره‌وه هه‌واڵت پێبگات
كه‌چی خه‌ڵكانێك به‌سته‌زمانانه هه‌موو ڕۆژێك ده‌مرن
بۆ نه‌بوونی ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌دۆزرێته‌وه.” [2]
شعر پانتاییه‌كه تیایدا كۆمه‌ڵێك هێز له كاردان. تێگه‌یشتن، یاخود هه‌ستكردن، به جوڵه‌ی ئه‌و هێزانه، پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی هێواش هه‌یه. ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر یه‌ك به یه‌كی وشه‌كان. له بودیزمی زێندا، چه‌ند ڕاهێنانێكی ته‌ئه‌مول هه‌یه هه‌ناسه هه‌ڵمژین و هه‌ناسه دانه‌وه هێواش ده‌كرێته‌وه. ئامانجێكی ڕوون له پشت ئه‌و ڕاهێنانانه‌وه هه‌یه. ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌زموونی زێن ده‌كات، به گشتی وا داده‌نرێت له‌گه‌ڵ واقیعدا له هارمۆنییه‌تدا بێت. زێن ده‌ریده‌خات مێشكی جه‌نجاڵ واقیع نابینێت، هه‌ستی پێناكات، لێی تێناگات. بینینی واقیع، بینینی ئه‌وه‌ی شته‌كان بۆچی به‌و شێوه‌یه‌ن كه هه‌ن، له توانای مێشكێكدایه جرتوفرتی بیركردنه‌وه‌ی هێواش كردبێته‌وه، یاخود بۆ ماوه‌یه‌ك ڕایگرتبێت.
بۆ شاعیری ئه‌مریكی واڵس ستیڤنس، خه‌یاڵ، خه‌یاڵی شعر، تاقه هیوایه بۆ ده‌ربازبوون له په‌ستانی واقیع[3]. شعر دژه په‌ستانه. ئه‌زموونی شعر هێڵێك ده‌كێشێت كه ڕووبه‌ڕووی په‌ستانی واقیع ده‌بێته‌وه، لێره‌وه‌یه شعر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه. نه په‌یامی به‌جۆشوخرۆش، نه وته‌ی زه‌ق، شعر ناكه‌ن به به‌ره‌نگاربوونه‌وه. شعر سیاسه‌ت له خۆی ده‌گرێت، چونكه شعر ده‌توانێت هه‌موو شتێك له خۆی بگرێت، به‌ڵام كاری شعر هوتافكێشانی سیاسی نییه. شعر له وشه پێكدێت. وشه له ده‌نگ و مانا، له موزیك و بیرۆكه. شعر ده‌كرێت گۆرانی بڵێت، به‌ڵام گۆرانی نییه، ده‌كرێت وێنه و بیرۆكه‌كانی موزیك بژه‌نن، به‌ڵام پارچه موزیكێك نییه، ده‌كرێت هه‌ڵگری ئایدیا بێت، به‌ڵام فه‌لسه‌فه نییه. شعر دروستكردنی جێیه‌كی ئازاده بۆ خه‌یاڵ. خه‌یاڵێكه بۆ دروستكردنی جێیه‌ك بۆ ئازادی. خه‌یاڵێكی ئازاده بۆ دروستكردنی جێیه‌ك. جێیه‌كه له ناو ئازادی خه‌یاڵدا بۆ داهێنان. هه‌موو ئه‌مانه گرنگن، دانه به دانه.
شعر خوێندنه‌وه ئه‌زموونه و ئه‌زموونكردن پرۆسه‌یه. پرۆسه به‌و مانا دۆلۆزییه‌ی[4] وه‌كو ڕێچكه‌ی دیارینه‌كراو، گه‌شتێك كه پێشتر ڕێچكه‌كه‌ی دیارینه‌كراوه. وه‌ك چۆن جۆگه‌له ئاوێكی سروشتی ڕێی خۆی ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له پێشینه‌وه ڕێچكه‌كه‌ی دیاری كرابێت. پرۆسه‌ی شعرخوێندنه‌وه خۆسپاردنه ده‌ست ڕێچكه‌یه‌كی دیارینه‌كراو، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كه، یان گه‌یشتن، یان كۆتایی، یان نه‌گه‌یشتن و ناكۆتایی، بتوانێت سه‌رساممان بكات. شعر تینووی هێواشكردنه‌وه‌ی كاته.
گوێگرتن له شعر پێكدێت له خۆسپاردن به ده‌ست ڕێچكه‌ی نه‌زانراوی وشه و زمان؛ ئه‌م گوێگرتنه له هه‌مان كاتیش‌دا گوێگرتنه له‌وه‌ی له شعردا ناوترێت. هه‌ر شعرێك هه‌ڵگری ژماره‌یه‌ك شتی نه‌وتراوه. ئێمه ئه‌مه ده‌زانین چونكه نه‌وتراو بوونی هه‌یه، نائاماده ئاماده‌یه. بێده‌نگی له شعردا ده‌نگی هه‌یه. هه‌روه‌ك شاعیری ئه‌مریكی ماتی‌و زاپروده‌ر ده‌ڵێت، شعر قسه ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاماژه به نه‌وتراو ده‌دات و ”هیچ”مان بیرده‌خاته‌وه. شاعیری كه‌نه‌دی پاتریك له‌ین له شعرێكیدا ده‌نووسێت:
”له ده‌ستكێشه‌كانمدا
په‌نجه‌كانم
گیرده‌بن له هیچ” [5]
شعر به فۆڕمیش پڕیه‌تی له بۆشایی. لاپه‌ڕه‌كانی كتێبێكی شعری ڕووبه‌رێكی فراوان له بێده‌نگی له خۆ ده‌گرن. زاپروده‌ر ده‌ڵێت: ”له شعرێكدا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه بوونی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ستیش به‌وه ده‌كه‌ین كه بوونی نییه.”[6] ڕه‌نگه به‌م شێوه‌یه بێت خه‌یاڵجوڵان به‌دی بێت. گه‌ر ژیانی ڕۆژانه ترنجاو بێت به چالاكی و شتومه‌ك و خه‌ڵكی، ڕه‌نگه ئه‌وه شعر بێت ئه‌و پانتاییه بێت بتوانین تیایدا، له‌گه‌ڵ شته وتراو و نه‌وتراوه‌كاندا، له بۆشاییدا هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ین. نه‌بوونی، بێده‌نگی، بۆشایی و نه‌فیكردن، ئه‌مانه ئاماده‌ییه‌كی به‌هێزیان له شعردا هه‌یه. نه‌ك به‌و مانایه‌ی بێده‌نگی و بۆشاییه‌كان ڕه‌هان، یان ڕه‌وتی پێچه‌وانه‌ی ئاماده‌بوونێكی به‌هێزن، نه‌خێر، بێده‌نگی و بۆشایی شعر، گه‌رچی به دیوێكدا بێده‌نگی و بۆشاییه‌كی ساده ده‌رده‌كه‌ون، به دیوێكی تردا بیرخه‌ره‌وه‌ی نه‌وتراون. پاتریك له‌ین له شعرێكی تری‌دا ده‌ڵێت:
”خاڵیم وه‌كو قوتوویه‌كی ژه‌نگاوی” [7]
شعر ماڵه. به سه‌ردانی سه‌رپێیی هه‌ر شعرێك، هه‌ر ماڵێك، هیچت له ماڵێتی بۆ ده‌رناكه‌وێت. سه‌ردانی ڕاگوزه‌ر بۆ ماڵ هه‌ستی میوانبوون ناسڕێته‌وه. هه‌روه‌كچۆن هه‌موو ماڵێك خانووه به‌ڵام هه‌موو خانوویه‌ك ماڵ نییه، هه‌موو شعرێكیش ده‌ربڕینه به‌ڵام هه‌موو ده‌ربڕینێك شعر نییه. هه‌ستكردن به ئارامی له ماڵێكدا له هه‌ندێ باری كه‌مدا به تاقه سه‌ردانێك مه‌یسه‌ر ده‌بێت، له هه‌ندێ باریشدا به ژماره‌یه‌ك سه‌ردان، به‌ڵام له هه‌موو باره‌كاندا پێویستی به كات پێسپاردن هه‌یه.
لای ڤیكتۆر شكلۆڤسكی، تیۆریزان و نوسه‌ری ڕوسی، هه‌رچه‌نده تێكستی هونه‌ری هه‌مان زمانی زانیاری پێدان به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام تێكستی هونه‌ری كارێكی تر ده‌كات. لای ئه‌و تێكستی هونه‌ری هه‌ڵده‌ستێت به خۆقوتاركردن له‌و زمانه باوه‌ی، له‌و زمانه خووگه‌رییه‌ی هه‌موو شته‌كان یه‌كڕه‌نگ ده‌كات. شكلۆڤسكی ده‌ڵێت: ”ئیش، جلوبه‌رگ، هاوسه‌ر و ته‌نانه‌ت ترس له جه‌نگیش له لایه‌ن خووگه‌رییه‌وه ده‌ماشرێنه‌وه … هونه‌ریش هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ستكردن به ژیان. هونه‌ر بوونی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌ست به شته‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رد به‌رد بێت.”[8] به مانایه‌كی تر، هونه‌ر ژیان له یه‌كگڕه‌نگی ڕزگار ده‌كات، شته‌كان بێگانه ده‌كات، پێمانیان نائاشنا ده‌كات، به نه‌ناسیاویان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی پێیان سه‌رسام بینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له گۆشه‌ی تره‌وه لێیان بڕوانینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازتر به‌ریان بكه‌وینه‌وه. گه‌ر لێره‌دا نمونه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ی وه‌كو په‌نجه‌ره وه‌ربگرین، له‌م دێڕه‌دا ده‌بینین چۆن شاعیری فه‌ڕه‌نسی چارلز بۆدلێر به شێوه‌یه‌كی دی به‌ری ده‌كه‌وێت و پیشانمان ده‌دات، له شعرێكیدا به ناوی په‌نجه‌ره‌كان كه تیایدا ده‌ڵێت:
”ئه‌وه‌ی له خۆردا ده‌كرێت بیبینین هه‌میشه كه‌متر سه‌رسامكه‌ره له‌وه‌ی له‌ودیو جامی په‌نجه‌ره‌وه ده‌گوزه‌رێت. له ناو ئه‌و چاڵه تاریك یان گه‌شاوه‌یه‌دا ژیان ده‌ژی، ژیان خه‌ون ده‌بینێت، ژیان ئازار ده‌كێشێت.”[9]
به لای شاعیری ئه‌مریكی ماتی‌و زاپروده‌ر، شعر بێگه‌ردترین فۆڕمی هونه‌ره كه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه شان ده‌داته به‌ر به نه‌ناسیاوكردن. زاپروده‌ر وایده‌بینێت له شعردا نه چیرۆك گێڕانه‌وه و نه ده‌ربڕینی بیرۆكه هیچیان پێگه‌ی سه‌ره‌كییان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ئه‌وه‌یه شعر پیشانی بدات چۆن زمان نامۆ ده‌كرێت.[10] نامۆكردن تۆوی نوێبوونه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی نامۆ ده‌یبه‌خشێت زۆر له‌وه كاریگه‌رتره له‌وه‌ی ناسیاو ده‌یبه‌خشێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی به نه‌ناسیاوكردن جیاوازه له پێدانی زانیاری نوێ، هه‌ربۆیه شعر پێویستی به جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز هه‌یه. پۆل ڤالێری به وردی و به قه‌شه‌نگی ئاماژه‌ی به جیاوازی نێوان په‌خشان و شعر كردووه. لای ڤالێری، به گه‌ڕانه‌وه بۆ شاعیرانی فه‌ڕه‌نسی ڕاكان و مالێغب، په‌خشان پیاسه‌یه و شعر سه‌مایه. ڤالێری ده‌ڵێت پیاسه ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌یه، ده‌یه‌وێت بگات به جێیه‌ك. به‌ڵام سه‌ما جیاوازه، سه‌ما نایه‌وێت به هیچ كوێیه‌ك بگات، ئامانجی سه‌ما له خودی جوڵه‌كاندایه، ئه‌گه‌ر دۆخێكیش هه‌بێت بیه‌وێت پێی بگات دۆخێكی ئایدیاڵه، پنتێكی باڵایه له بووندا. ئه‌م جیاوازیانه بنچینه‌یین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ردووك پیاسه و سه‌ما، وه‌ك ڤالێری ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، هه‌مان ئه‌ندامه‌كانی له‌ش و هه‌مان ماسولكه و هه‌مان ئۆرگان به‌كارده‌هێنن.[11] پیاسه و سه‌ما هه‌مان ئامراز به‌كارده‌هێنن، هه‌مان جه‌سته، به‌ڵام جیاكاری بنه‌ڕه‌تییان له‌وه‌دایه پیاسه ئامانجدار و كرداره‌كییه و سه‌ما بێئامانجه و سوودمه‌ندگه‌را نییه. لێره‌وه ڤالێری ده‌ڵێت به هه‌مان شێوه له په‌خشان و شعردا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان هه‌مان ئامراز، وشه، به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌و مانایه‌ی بۆ یه‌كێكیان دروسته له زۆر باردا ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی تریان نه‌گونجێت. به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمان و چیرۆكه‌وه، كه خوێنه‌ر ده‌خه‌نه جیهانێكی داڕێژراوه و لێده‌گه‌ڕێن خوێنه‌ر به گێڕانه‌وه‌دا پیاسه بكات، لای ڤالێری كاری شعر ئه‌وه‌یه داوای به‌شداریكردن له خوێنه‌ر ده‌كات. شعر نایه‌ت جیهانێكی فه‌نتازی و پڕ له خه‌ون دروست بكات، به‌ڵكو له جێیه‌كی قووڵتر له بووندا جێده‌ستی خۆی ده‌كاته‌وه، بۆ گه‌یشتن به‌وه‌ش پێویستی به به‌شداریكردنی خوێنه‌ر هه‌یه.
شعر سه‌مایه. به پێچه‌وانه‌ی پیاسه‌وه، كه ده‌كرێت پێی هه‌ستین و به كاری تریشه‌وه سه‌رقاڵ بین، قسه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا بكه‌ین له پیاسه‌كه‌دا هاوده‌ممانه، گوێ له ڕادیۆ و هه‌واڵه‌كان بگرین، بیر له پلانی سبه‌ینێ بكه‌ینه‌وه، هتد. سه‌ما، جا چ كردن یان ته‌ماشاكردنی بێت، پێویستی به خۆته‌رخانكردنێكی جودا هه‌یه، پێویستی به دابڕان هه‌یه له ژماره‌یه‌ك چالاكی تری ڕۆژانه. شعر خوێندنه‌وه پێویستی به‌وه‌یه ببێت به‌و چالاكییه‌ی تیایدا به‌شداری ده‌كه‌ین، شعر خوێندنه‌وه سه‌مایه‌كی هزری و موزیكی و وێنه‌یی و هه‌سته‌وه‌ره، ڕاوه‌ستانه له‌سه‌ر جوڵه‌ی وشه‌كان و ده‌نگه‌كان، به‌شداریكردنه له بانگهێشتی شاعیرێكدا بۆ بونیادنانی شتێك كه له سه‌ره‌تاوه دیاری نه‌كراوه چییه و به كراوه‌یی له به‌رده‌مماندایه و گه‌ر به‌ڕاستی دڵسۆزی ئازادی بێت ڕه‌نگه هه‌تاهه‌تایه بمێنێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
چارلز بۆدلێر، په‌نجه‌ره‌كان، وه‌رگێڕانی نووسه‌ر، لینكی ماڵپه‌ڕ: http://cultureproject.org.uk/kurdish/windows-ch-b-dilan-qadr/
Cours de Gilles Deleuze à Vincennes « Anti-Œdipe et autres réflexions », du 27/05/1980 – 1 Transcription : Frédéric Astier, online: http://www2.univ-paris8.fr/deleuze/article.php3?id_article=68.
Matthew Zapruder, Why Poetry. p. 10, 42, 83 HarperCollins Publishers, New York. 2017.
William Carlos Williams, Asphodel, That Greeny Flower [excerpt], online:
https://www.poets.org/poetsorg/poem/asphodel-greeny-flower-excerpt.
Lane, Patrick, The Collected Poems of Patrick Lane, Ed. Russell Morton Brown and Donna Bennett, p. 41, 54, Harbour Publishing, 2011.
Paul Valéry, Propos sur la poési, https://fr.wikisource.org/wiki/Propos_sur_la_po%C3%A9sie
[1] Matthew Zapruder, p.10 وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[2] William Carlos Williamsوه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[3] Matthew Zapruder, p.83
[4] Cours de Gilles Deleuze
[5] Patrick Lane, p. 41وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[6] Matthew Zapruder, p.202وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[7] Patrick Lane, p. 54وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[8] Matthew Zapruder, p.41-42وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[9] چارلز بۆدلێر، وه‌رگێڕانی نوسه‌ر
[10] Matthew Zapruder, p.42-43
[11]Paul Valéry