فەلسەفە و سێکس

Loading

پەیوەندی نێوان چێژ و عەقل لە سۆکراتەوە تا سلۆتەردایک

ئەوەی بیەوێت هەوڵی دەستنیشانکردنی کارەکتەرە جەوهەرییەکانی مرۆڤ بدات، بەبێ ئەم دوو پێوەرە: فەلسەفە و سێکس، کە دوو کاتیگۆرین بۆ پێوانەکردنی ڕادەی مرۆڤبوونی مرۆڤ، ناکرێت بگات بەهەر دەرەنجامێکی دروست و یەکلاکەرەوە. بۆچی؟ دیارە زۆر بەئاسانی و بەبێ ئەوەی هیچ پەنجەیەکی نووسینمان دەست بە ئەکرۆباتیکی فەلسەفی بکات، دەتوانین مرۆڤ بەسەر دوو پۆل دا دابەش بکەین، ئەوانەی بەدوای چێژی ڕەهادا دەگەڕێن و بە چێژخواز و هێدۆنیست ناویان بنێین، ئەمانە لەناو ڕەمەکە سروشتییەکەی چێژ وەرگرتندان و تەنیا مەیلێکیان هەبێت ئەوە هەر بۆ زەوقەکان هەیانە. ئەم جۆرە بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە گوێ بە هیچ لێکدانەوەیەک بگرێت کە پاساو بۆ نەرێکردنی زەوقی ئەو بهێنێتەوە، لێرەوەیەزۆرینەی جار مرۆڤی زەوقلی و چێژخواز خۆی لە هەموو تیشکێکی فەلسەفی دوور دەخاتەوە. پۆلی دووەم، بریتین لەو جۆرە کەسانەی هەمیشە دەیانەوێت مانایەک بدەن بەهەموو هەست و ڕەمەک و پاڵهێزەکانیان، واتە ئەم ڕەمەکانەش لەزۆر جاردا بخەنە ژێر باری هەڵویستە مۆرالییەکان و ڕەفتارە ئیتیکیەکانەوە. بەمەش کەسی فەلسەفی جۆرێک دیسیپلین ساز دەکات کە بەپێی فەرمانی کاتیگۆرییە ڕەوشتییەکان ناجار دەبێت پابەند بێت و ڕەفتار بکات. بەدڵنییاییەوە ئیمانۆیل کانت دیارترین نموونەی ئەم جۆرە مرۆڤانەیەکە لەڕووی فەلسەفییەوە تەنیا خۆی بۆ ناسین و زانین تەرخانکرد و چ بایەخێکی بە مەسەلەی چێژ و زەوق نەدا.

 لەنێوان ئەم دووانەشدا دابەشکردنەکە دابەش دەبێتەوە بەسەر دوو بواری گەورەتردا: بواری یەکەم بریتییە لە پاراستنی ڕەمەکە سروشتییەکە بە خاوێنی و بەبێ هیچ بارکردنێکی سەربارخراو، واتە چێژی سروشتییانەی ڕەها، وە بواری دووەم بریتییە لەوەی ئەم سروشتە ببێتە ژێرخانێک بۆ سەرخانێکی تر، واتە سروشت ببێتە بنەمای یەکەمی فەرهەنگ و کولتور.

"The Judgement of Paris" by Peter Paul Rubens, 1606
“The Judgement of Paris” by Peter Paul Rubens, 1606

پێدەچێت دابەشکردنەکە خۆی بەرفراوانتر بکات بۆ دووانایەتییەکی تر کە بەرجەستەی کێشەیەکی مەعریفی دەکەنەوە، دووانەی جەستە و دەروون، گۆشتی ڕووت و گیان، زایەند و عەقل. دیارە جگە لەڕەهەندە ئەفسانەییەکانی ئەم دووانە لیکدژانە، ئەوەی ئەم نووسینە مەبەستێتی هەوڵ بدات کەمێک نیگارەکانی ڕتووش بکات ڕەهەندە فەلسەفییەکەی دووانەی ناوەوە و دەرەوە، دەروون و جەستە، هۆش و لەشە. گەر مێژوویەکی کورتی ئەو دووانەلێکدژانەش بنووسینەوە، ئەوا جگە لەمێژووی ململانێی نێوانیان، جگە لە دیالەکتیکبوونی پەیوەندییەکانیان، جگە لە زەوتکردن و هەژموونکردنی دەڤەری یەکتری چ کاراکتەرێکی تری تیا ناخوێنینەوە. لەوەتەشی ئەو مێژووە فەلسەفییە خۆیمان بۆ تۆمار دەکات تەنیا پێکدادان و شەڕکردنی دووانەلێکدژەکانە لەگەڵ یەکتریدا. لێرەوەیە مێژوو لەکۆی قۆناغەکانی خۆیدا و بەتێپەڕینی بەناو چاخە جۆراوجۆرەکانی خۆیدا هەر بریتی بووە لە  ململانێ. ململانێ لەنێوان زلهێزەکان و گچکەهێزەکاندا، ململانێ لەنێوان رەگەزەکاندا، ململانێ لەنێوان کولتورەکاندا. سروشتی مرۆڤ لەخۆیدا سروشتێکی ململانێئامێزە. سەرشارە بە کێشە، لێوانلیوە بە تەنگوچەڵەمە و بە ناکۆکی و بە دژیاری.

لێرەدا ئێمە دیمەنێکی ئەو ناکۆکییە وەردەگرین کە دەکەوێتە ناو ململانێی نێوان عەقل و سێکس، واتە ناوەوە و دەرەوە، یان بابڵێین دەروون و لەش، کە لەڕووی ڕەگەزییەوە نێر ومێ بەرجەستەکەری ئەو ململانێیە دەکەن.ئەم ململانێیەش پراوپڕە لە دەسەڵات، لەهێزی خۆسەپێن. ئەوەی نێر لەفەزای گشتیدا دەیەوێت بیسەپێنێت، لە فەزا تایبەتەکەی خۆیدا مێ بەسەریدا دەسەپێنێتەوە. ئیتر لەپەیوەندی نێوان ژن و پیاودا، نهێنییەک مت بووە، تا پیاوەکە داناتر بێت و تا ژنەکە هارتر بێت ئەم پەیوەندییە چڕتر مەتەڵاویتر دەبێت. نهێنی ئەوەی کامیان چۆک بەویتر دادەدات. نهێنی ئەوەی چی لغاوی مرۆڤ دەکات، عەقل یان چێژ، ناوەوە یان دەرەوە، هۆش یان لەش. دیارە خۆچەقبەستن لەسەر تەوەری ئەم پەیوەندییە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی و لە سینیزم لەخۆدەگرێت. ئەو گاڵتەجاڕییەش لەوێدا بەرجەستە دەبێت کاتێک رەگەزیکیان وەکو فیگورێکی ژیر و ڕۆشنگەر لەناو کایەی گشتیدا دەردەکەوێت، کەچی لەکایەتایبەتەکەی خۆیدا ئەو چیتر ئەو ڕۆشنگەرە نییە و تەواو پێچەوانەی ئایدیاکانی رەفتار دەکات. لەم کۆنتێکستەدا لەمێژووی فەلسەفیدا ئێمە چیرۆکی سوکرات و ئێکسەنتیپ شک دەبەین. وەک ئاشکرایە سوکرات ئەو پیاوە حەکیمەی ئەسینا بوو، کە خۆی بۆ ڕۆشنگەری تەرخان کردبوو، هانی لاوانی دەدا قبوڵی هیچ جۆرە ستەمێک نەکەن، کەچی خودی خۆی لە پەیوەندیدا بە ئێکسەنتیپی ژنیەوە تەواو پێچەوانەی ئەو بیرۆکانە چۆکی بۆ دادەدات و هەژموونی ژنەکەی وا زاڵ دەبێت بەسەریدا کە ژیانی ماڵداری لێ دەکاتە دۆزەخ. ئەم چیرۆکە گاڵتەجاڕترین چیرۆکی فەلسەفی و دیمەنی سێکسی دەگێڕێتەوە. چیرۆکێک لەدەرگایەکی تەواو جیاواز لەفەلسەفەوە سوکرات دەکات بەناو مێژوودا، کە سلۆتەردایک پێیوایە ئەم دیمەنەی سوکرات بریتییە لە نەسکێکی تەواو جیاواز لەمێژووی سینیزمی سێکسی دا. لێرەدایە ئێکسەنتیپ وەکو ژنی سوکرات، چیتر ناوی مێ یەک، هاوسەرێک نییە، بەڵکو هێمایە بۆ (( ژنی هار)). ئەم چیرۆکە ئەگەرچی دووهەزار وپێنج سەد ساڵیک تەمەنی هەیە، بەڵام هێشتا لەژیانی ئەم ڕۆژگارەدا نموونەی ئەو مۆدێلە لەگەلێک بواردا دەبینرێتەوە. با لێرەدا هەر زوو ئەو تێبینییە بدەم، کە مەسەلەکە سەبارەت بە پیاوسالاری نییە، تاوەکو فیمینیستەکان بەهەڵە لێمان تێ نەگەن. چونکە مەسەلەکە لێرەدا لە چوارچێوەی مافی ژن دەردەچێت و پەیوەندی بە کەمسەیرکردنی ڕەگەزی ((مێ))وە نییە. بەڵکو شتەکە زیاتر سەروکاری لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو بەسەرهاتە دا هەیە کە لەژیانی حەکیمێکی یاخی و ڕۆشنگەردا روویداوە. ئەمەش گوتارێکی ترمان پێ ڕادەگەیەنێت، گوتاری ئەوەی مرۆ چەندێک لەبیرۆکەکانیدا، لەناو گەشەسەندنی کولتوریدا یاخی و بزێو ڕۆشنگەر بێت، کەچی لەبەردەم ڕەمەکی سروشتییانەی چێژ وەرگرتندا بەند و زەلیل و کوێرەوەر دەمینیتەوە. لیرەوە مافی هەموو پیاوێکە بپرسێت: ئایا سوکرات بەو هەموو ژیری و داناییەوە چۆن بەرگەی ئەو هەموو زەلیلییەی دەگرت؟

یاخود وەک سلۆتەردایک دەپرسێت: تۆ بڵێی شتەکەوەها بێت، کەوا دزێوی و سینیزمی فیلۆسۆف لەوەدا پێویستی بە ژنێکی هار و بزێو و مۆن بێت؟

سوکرات بەڕاشکاوی باسی (( سروشتی ڕاستەقینەی خۆی)) بۆ ئیکسەنتیپ دەکات و پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو تەنیا بەژنی دادەنێت و بەس. ئالێرەدا ئەوە دەردەکەوێت، ئایا نابێت ئێمە گومان لەمامەڵەی سوکرات بەرامبەر بە ئیکسەنتیپ بکەین، بەوەی کە وەکو پیاو بایەخی تەواوی بەژنەکەی نەداوە؟ لەمەدا سلۆتەردایک دەپرسێت: ئایا کەسی پرسیارکەر و بیرمەند چۆن دەتوانێت گرێکوێرەی میزاجی ئیکسەنتیپ بکاتەوە؟ وە چۆن ئەو دەتوانێت زمانێک بدۆزێتەوە تا لەکاتی تووڕەبوونیدا بتوانێت گوزارشت لەخۆی بکات؟ لێرەوە ئیترچیرۆکەکە لای سلۆتەردایک دەبێتە پرسێکی فەلسەفی و دەڵێت: ئەو فیلۆسۆفەمان لەزۆر جاردا شکستی هێناوە، نەک هەر لە وەڵامی دروستدا، بەڵکو لەفەرامۆشکردن و وێڵکردنی پرسیارە دروستەکانیشدا. بگرە ئەو تەنانەت نەیتوانیوە ئەزموونە ڕاستەکانیش بکاتە ((کێشە)).

دیارە لەم چیرۆکەدا ئەزموونەکانی سوکرات لەگەڵ ژنەکەیدا لەو جۆرەن، کە باسی زاڵبوونی ڕەمەکی نێرینایەتی بەسەر حیکمەت و دانایی دا دەکەن. ئەمەش لەخۆیدا دزێوییە، گاڵتەجاڕییە، سینیزمێکی فەلسەفییە. چونکە تێیدا ئیرادەی تاریکایەتی زال دەبێت بەسەر ڕۆشنگەری دا، چێژ هەژموونی بەسەر دانایی دا دەبێت. ناتور زەوتی کولتور دەکات، جەبر زاڵ دەبێت بەسەر ئازادی دا.

تایبەت بەکولتور مەگەزین
تایبەت بەکولتور مەگەزین