فۆتۆ: ئانیكا هاوسڤۆلف به‌نیازم له‌گه‌ڵ كات و فه‌زا دا ده‌ستو په‌نجه‌ نه‌رم بكه‌م -١٩٩٧ Annika Von Hausswolff؛Attempting to Deal with Time and Space, 1997

یاداشتێک لەبارەی باکستەر ئاڵدن و ئەوانیترەوە


Loading

لەپڕ لەخەو هەڵسە. یەکەم جگەرەی ڕۆژەکە هەر لەناو جێگاوە بکێشە. لە ناوجێ دەرکەوە و کۆمپیوتەرەکە دابگیرسێنە، تاکو حازر بێت کاتێک گەڕایتەوە لای. یەکەم چای ڕۆژەکە بخۆرەوە، تا دووەم جگەرەی ڕۆژەکەی بەدوادا بکێشیت. لێنزەکانی چاویلکەکەت بسڕە، تا ڕوون دەرکەوتنەکانی ڕۆژەکە وەربگرن. بچۆرەوە بەردەم کۆمپیوتەرەکەت کە ئیدی دەبێت ئامادە بێت، فایلەکەی دوێنێ بکەرەوە، دەستبکە بە نووسینی پەرەگرافی دووەم؛ دەبێت “برایمۆی میرزاخەلیل” خۆی بکوژێت، چونکە هیچی نەماوە بۆ نووسین. دەزانیت چۆن ئەمە دەکەیت، دەزانیت زمان دەبێت چی لێ بکەیت، دەزانیت چۆن دەیگێڕیتەوە، وەک چۆن دەمێکە دەزانیت گێڕانەوە دەبێت چیبێت، وەک چۆن دەمێکە دەزانیت دەبێت پەیوەندییگەرایی و تەبئیر(یان دامەزراندنی فیکر وەک چاڵێکی قووڵ لەژێر دەقدا)، کە ئەو دوو-سێ نووسەرەی پێشینانت ناڕاستەوخۆ هەوڵیان بۆ دەدا، هەڵبکۆڵیت و بەڕێدابەریت؛ دەزانیت کە بەبێ درووستکردنی مێژوویەکی جێگرەوە، لە بەرامبەر مێژووی گێڕانەوەی ئەوروپی، لاتینی، ژاپۆنی و وڵاتانی عەرەبیدا، نووسین هیچ بەها ئەوتۆی نابێت.مەهێڵە سپێتیی پەڕە پەرتت بکات، مەهێڵە بۆشایی پەڕە بتباتەوە ناو خۆت، یان ناو خۆی…شوێن فریوەکانی زمان مەکەوە ئەو دەمەی هێشتا ڕامنەکراوە؛ تۆ زمان بگرە، نەک زمان تۆ بگرێت؛ تۆ وشە، یان مانا بگرە، نەک وشە، یان مانا، تۆ بگرێت؛ یادت بێت تۆ نەوەی ئەو مرۆڤە هەوەڵینەیت کە بە مەدەدەکانینابویکوڕی مەردۆخ، بە هاندەرییەکانینابوی کوڕیمەردۆخ، بۆ یەکەمجار زمانی گرت و لەسەر تاتەقوڕێک، لەناو سیاقەکاندا چالاکی کرد، بەناو کاتدا ڕەهای کرد، ئەو مرۆڤە هەوەڵینەی کە هەموومان بەرهەمی پچڕانەکانی پەیوەندیی ئەوین لەگەڵ سەپێنراوەکانی بنەڕەتدا، کە هەموومان بەرهەمی خودئاگایی ئەوین کاتێک لەبیرنەکردنی بیردەچێت، کاتێک لەبیری دەچێت لەبیر نەکات. سا بیرتنەچێت لەبیربکەیت، لەگەڵ هەموو لەبیرکردنێکی بنەڕەتدا مرۆ هەنگاوێک لە سەرەتا دووردەکەوێتەوە، لەگەڵ هەموو لەبیرکردنێکی دیاردا ئاگایی هەنگاویک دەنێت بەرەو نادیار. لە نەنووسیندایت هەرگا تۆ بەدەست پەیوەندییەکانەوە بوویت و ئەوان بەدەست تۆوە نەبوون. یادگاریی ژنێک لە یادگەی “برایمۆی میرزاخەلیل”دا بچێنە، لەگەڵ ژنێکدا مێژوو دەستپێدەکات؛ بەڵام دەزانم ناتوانیت بەر بە هەڵڕژانی یادەوەریی خۆت بگریت بۆ ناو یادگەی “برایمۆی میرزاخەلیل”، دەزانم ناتوانیت یادەوەری “برایمۆی میرزاخەلیل” بێبەریی بکەیت لە ژنەکەی ناو یادگەی خۆت، دەزانم ناتوانیت بیر لە خۆت نەکەیتەوە کاتێک بیر لە ژنەکەی ناو یادگەت دەکەیتەوە، یان بیر لە “برایمۆی میرزاخەلیل” نەکەیتەوە کاتێک بیر لە ژنەکەی ناو یادگەی هەردووکتان دەکاتەوە، یان بیر لە ژنەکەی ناو یادگەت نەکەیتەوە کە لە یادگەی “برایمۆی میرزاخەلیل”دا بیری لێ دەکرێتەوە، یان بیر لە ژنەکەی ناو یادگەت نەکەیتەوە کە لە یادگەی تۆ و “برایمۆی میرزاخەلیل”یشدا بیری لێ دەکرێتەوە؛ دەبێت ئیشق وەک تەرزێک لە مەحاڵ، یان وەک بابەتێک تەنها بۆ ئەقڵی پەتیی وەربگریت، بەڵام هەموو دەبێتێکیش جۆرێکە لە نەکردە.

 

ۆتۆ: ئانیكا هاوسڤۆلف به‌نیازم له‌گه‌ڵ كات و فه‌زا دا ده‌ستو په‌نجه‌ نه‌رم بكه‌م -١٩٩٧
Annika Von Hausswolff؛Attempting to Deal with Time and Space, 1997

بیر لە تارماییەکەی دەکەیتەوە کە هەمیشە لەپێشتەوە دەڕوات. تارمایی ژنێک، یادگاریی ژنێک بە بەژنێکی مامناوەند و دوو چاوی خڕەوە، بە پێستێکی سپی و قژێکی قەترانییەوە، کە وەک شۆڕبوونەوەی شەوێک بە بێدەنگییەکانی خۆیدا، تا سەر گەردنە موو-کاڵەکەی شۆڕ بووەتەوە؛ ژنێک، کە سادەییە دەستکردەکەی، سوکنەتە ترسناکەکەی، ناسکییان تا ئەوپەڕی خۆی بردووە. دەیکەیتە لینۆرە پاکیزەکەی ئێدگەر ئالان پۆ، دەیکەیتە کۆنە یاری “برایمۆی میرزاخەلیل” و ڕێدەدەیت ئەو ڕۆماننوسە پیرە تا ئەودیو هەموو مەعقولەکانی زمان وەسفی بکات؛ بە هەموو بارێکدا کە هەیە، دەینووسیتەوە و تۆماری دەکەیت، وەسفی دەکەیت و یاداشتی دەکەیت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت لە قەفەسی ڕابوردووی دەربهێنیت و بیهێنیتە ئێستاوە، هەرگیز ناتوانیت بەدیبهێنیت، چونکە نووسین کێشەیەکی لەمێژینەیە لەگەڵ ڕوودان و بەدیهاتندا، زمان دیلێکی هەمیشەیی ڕابوردووی خۆیەتی و ئەوەی لەدەستدەچێت هەمیشە ئێستایە. دەتەوێت بۆی بنووسیت ‘خودات لە جوانییدا بریندارکرد و ئێستا لە سەرەمەرگدایە’، بەڵام بیرتدەکەوێتەوە کە ئەم دێڕە زۆر نزیکە لە هی نووسەرێکی ترەوە، نزیکە لە هی شاعیرێکی گومناوی ئەمەریکیەوە، نزیکە لە دێڕێکی ئاڵدنەوە. باش دەزانیت کە هەر نووسەرێکی ڕاستەقینە دەبێت دێڕی تایبەت بە خۆی هەبێت، دێڕی تایبەت بەخۆی هەبێت لەسەر ئیشقی خۆی و مەرگی خۆی، بۆیە هەر زوو لەو دێڕە ژیوان دەبیتەوە.

 

باکستەر ئاڵدن-ت بیردەکەوێتەوە، ئەو شاعیرە ئەمەریکیەی لە دەیەی دووەمی سەدەی ڕابوردوودا چەند دەقێکی ترسناک جوانی لە گۆڤاری “ئەوانی تر”Others-دا دەرکەوتن، بەڵام هەر زوو بوو بەژێر ڕۆژگارەوە و ئێستا، تاقە فۆتۆیەکیشی لە تۆڕە کۆدئاراکانی ئەم جاڵجاڵۆکە مۆدێرنەدا نییە … ئێستا، کەس نییە باس لەو ڕۆژە بکات کە ئەو “لە حیبری هیند و زێڕ”ی تێدا نووسی، وەک ڕۆژێک کە تێیدا کەسێک شتێکی کەمێک نائاسایی کردبێت.

 

مەیلی نووسین، مەیلی داڕشتن و ڕێکخستنت نامێنێت، پڕۆگرامی وۆردەکە دادەخەیت و دەچیت ئەرشیڤی گۆڤاریOthers دەکەیتەوە، ئەو گۆڤارە فەقیرانە و خنجیلانەیەی شاری نیویۆرک کە بە درێژایی ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٩ لە ٣٠٠ خوێنەر زیاتری نەبوو، هەر نوسخەیەکی تەنها بە ١٥سەنت دەفرۆشرا و سەرباری ئەوەش، بەهۆی نوێگەربوونە ڕادیکاڵانەکەیەوە لەو سەردەمەدا و دەستپێشخەرییە کردەییەکانی لە پرسی ژن و ژنێتی و ئەدەبی ژناندا لە لایەکەوە و بەهۆی داکۆکییکردنیەوە لە جیاوازیی و لە مافی جولەکەکان و پەنابەرەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، هەمیشە دژایەتی دەکرا. بیر لەو تروسکاییە کز و وردە دەکەیتەوە کە کۆبوونەوەی ئەو نووسەر و هونەرمەندە گەنجە (لەوسادا)نەناسراوانە لە دەوری ئەو گۆڤارە، لەو سەردەمەدا دروستی کردبوو؛ کەسانێک کە لەو ڕۆژگارەدا هێشتا نەناسراوبوون، کەسانێکی وەک واڵاس ستیڤنس، ئێزرا پاوند، ئیلیۆت، مارسێل دوشامپ و ویلیام کارلۆس ویلیامس، کە دواتر تێڕوانینێکی تەواو جیاواز بۆ شیعر و شێوەکاری بە هەموو جیهان دەبەخشن.

دەزانیت کە بەرەوپێشچوونی ئەدەبیات لە ئەمریکا هەر وا بووە، دەزانیت کە دوای ئەمانیش سی ساڵێکی پێ دەچێت تا لە پاش جەنگی دووەمی جیهانیەوە نەوەی بیت بە کۆمەڵێک کەڵکەڵە و وڕێنەی نوێوە دێن و بازێکی جیاوازتر بە نووسین دەدەن؛ وەڵامە زۆر جوانەکەی گینسبێرگت ئەبەد لەیادە لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە ماهیەتی نەوەی بیت: “شتێک بوونی نییە بەناوی نەوەی بیتەوە، ئێمە تەنها چەند نووسەرێکی گەنجبووین کە دەمانویست نووسینەکانمان بڵاوببێتەوە”.

ڕەنگە مێژووی نوێی جیهان بە شەڕ و پێکدادان، بە تێهەڵکێشی دژە هیگڵییەکان بڕوات بەڕێوە، بەڵام مێژووی ئەدەبیات هەمیشە بە وردە مەلەل و وردە بێتاقەتی و میلانکۆلیا و کەئابە و سەرەڕۆیی و سەرگەردانی و شکستی ڕوحە فەرامۆشکراوەکان هەنگاوی ناوە، ئەوانەی ژاوەژاو و باقوبریقی زیندووەکان وەک چاکەتێکی پیس و بۆگەن دادەکەنن و فڕێدەدەن … بەڵام تەنانەت مێژووی ئەدەبیاتیش هەندێک لەم شکست و بێتاقەتیانە فەرامۆش دەکات؛ لەسەر زار نین ئەوانەی باکستەر ئاڵدن، ئەو زاتەی لە دیسەمبەری ١٩١٧دا هێند خۆشبەختبوو، ڕێکەوت شیعرێک بڵاو بکاتەوە کە ئەمە کۆتایی کۆپلەیەکی بێت:

“ئاسمان زێڕە؛

ئاسمان ڕەق و ڕەوان و ڕوونە.

پەڕەی کاڵی گوڵەکان وەک بەفر بەدەم باوە دێن و دێن؛

خودایەک بریندار بە جوانیی، خوێنی لەبەر دەڕوا و دەمرێت.”

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.