ژنێک دەڕوات بۆ قیامەت
شیعر
هیراد یاسین
ژنێک بوو لە دونیا،
قیامەت بانگی کرد.
لەبەر دەرگای ئاخیرەت قەرزەکانی دەدایەوە
دەفتەری قەرزەکانی دەکرد
جلە کوردییەکانی بە سەمای بەرییەوە دا بە چنارێک
سەرپۆشەکەی سپارد بە شەوەزەنگی پەنجەرەیەک
تنۆک تنۆک ئاواتەکانی خڕکردەوە و سپاردی بە گڕی فرمێسک
ماچەکانی وەردەگرتەوە و لەنێو جانتاکەیدا تۆپەڵی دەکردن
سەرجێیەکی دەبەخشی بە هەموو ئەو کوڕانەی کە ڕۆژێک حەزیان کردبوو سەرجێی دەگەڵ بکەن.
ژنێک دەڕوات بۆ قیامەت؛
ژنێک قەرزەکانی ڕایی دەکات…
نیگاکانی لە ئەویندارانی وەردەگرتەوە و دەیدایە دەست چپەی ئەشکەوتەکانی ڕۆژهەڵات…
یادەوەرییەکانی لە دونیا وەرگرتەوە و لە ملی کرد.
لەنێو کۆمەڵی قەرزاراندا هەر من مامەوە تەنیا
ژنە، دەفتەرە قەرزی سوتاند و ناوی من لە خۆڵەمێشیشدا نەبوو.
ژنێک دەڕوات بۆ قیامەت…
قەرزەکانی داوەتەوە و هێشتا قەرزارێک ماوە
ژنێک ڕۆیشت بۆ قیامەت و قەرزارێکیشی لەگەڵ خۆی برد
قەرزارێک چوو بۆ نەگەڕانەوە
تا قەرزەکەی وەربگرێتەوە و بێتەوە.