48 جار خوێنراوهتهوه

دەفتەری گەورەی بە پەنهان گەیشتن
شیعر
سهباح ڕهنجدهر
بای چاوسووربوو زەوی بریندار دەكات
هێلكەش لە هێلانەی خۆشنوود دەترووكێ
باڵندە لە هەوای پاراودا باڵی تەواو دەكاتەوە
بۆنی خۆشی خودا چاوی گەورە دەكات
گوللەش لە ئاسمان ڕووەو ناپاكی دەڕوا
زەوی بریندار چاوەڕوانی قوربانییەكانیەتی
گوللەی ناپاكیش ڕێوڕەسمی چاوەڕوانی نازانێت
چی چلچرا لە ناوچەوانی كۆشك هەڵواسراوە فریودەرە
چاو دادەخەم گوڵ و خەون دەسووتێن
چاوی ڕوونی پێغەمبەر لە خەو هەڵسا
نەرم و سووك پەنجەی بە پێڵوومدا هێنا
چاوی گوڵەبەڕۆژەی لە چاومدا چاند
بە هەموو دەنگێك لەگەڵم دوا

شاعیرێكی شەهید بەسەر زینی ئەسپەكەیەوە دێتەوە
دەڵێت خوێنم بۆ كۆكردنەوەی پەراوێزەكان بەكاربهێنن
حیكمەتی بەكارهێنان هەزار و یەك جەزبەی هەیە
یەكەمینیان نزا و نوێژی پاراوە
بۆ دیدار و بۆنی خۆشی خودا و نهێنی خۆبەختكردن
تا زووە كەشتییەكەم دەخەمە ئاوەوە
وەك نائومێدی بەپەلە دەگەمە قووڵایی
قووڵایی لەگەڵ تێگەیشتن له
سەرچاوەی هاوار و
ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردن و
پەنجەمۆر و
بە پەنهان گەیشتن بەرانبەره
نیسانی 2019 هەولێر
