بیر لەجەنگێک دەکەمەوە، تاکە کوژراوی من بم….
قەسیدە
ئیسماعیل حەمەئەمین
من تەنها دەستەکانیم دەبینی
تەنها دەستەکانی
تەنها دەستەکانیم دەبینی و هیچم بۆ نەگوترا…
من سەیری داکەوتنی باڵندەکانم کرد بەرەو ڕۆژهەڵات
من بیری خۆرم دەکرد لەچرکەساتنی ڕۆچووندا
ئیدی، هیچ نەبوو جگە لەدەستەکانی
هیچ نەبوو جگە لە خۆرەتاوێکی سارد
هیچ نەبوو جگە لە درەختێکی تەنهای کەنارێکی جێماو.
هیچ نەبوو، جگە لە منداڵێک چڵەدارێک بۆ توتکەسەگێک هەڵدەدات
هیچ نەبوو جگە لە کلەلەقێی توتکە جوانەکە بۆ گەڕانەوەی منداڵەکە…
هیچ نەبوو، جگە لەتەمتومانی `کات`ێکی بەجێماو لە خۆرەتاوێکی ساردا
جگە لە کۆچی باڵندەکان بەرەو ڕۆژهەڵات…
بیر لەکوپێک قاوەی بەیانیان دەکەمەوە
سەگێک لە تەنیشتمەوە وەنەوز دەدات
خۆرێک دامپۆشێت بە فەوزای ڕۆژهەڵات
بیر لەجەنگێک دەکەمەوە، تاکە کوژراوی من بم….
بیر لەخۆم دەکەمەوە وەک درەختێک کە تەنها و تەنها
لەسەر تەپۆڵکەیەکی غەمبار ڕاوەستاوم و بیر لە هیچ دەکەمەوە.
بیر لە خۆرێکی داکەوتووی نێوجەستەم دەکەمەوە
کاتێک ڕۆح هیچیتری لێ سەوز نابێت، جگە لە ناڵەیەکی پڕ چێژ نەبێت،
کاتێک بە ڕووتی لەبەر پەنجەرەیەکی کراوە بەسەر شارێکی پڕ هەراوهوریادا
خۆم لە نێو چێوەیەکی تر و کاتێکی تردا، درێژ دەکەمەوە…
ئەی ڕۆحی بریندار لە چی ڕاماوی
کە هیچ گەردوونێک نەماوە تۆ لەخۆ بگرێت
لە چی ڕاماوی ئەی باڵندەی تەنها،
کە هیچ ئاسمانێکی بەرین بۆ فڕینی تۆ، نەماوە،
تۆ ئەی باڵندەی میهرەبان، جگە لەبۆشایی هیچیترت بۆ فڕین پێ نابڕێت…
ئەی ڕوانینی دوور، هیچ ئاسۆگەیەک بۆ تۆ نەماوە لێی بڕوانیت
ئەی دووریی، هیچیتر نەماوە جگە لەدونیای کورتبڕەکان و
کوژانەوەی نێوەندەکان لەنێو بێمانایی ئەندازە نوێییەکان.
ئەی خەون بۆ کوێ کۆچت کرد
بۆ ئەم تەنە خڕۆکەیەت لە ماتەری خۆیدا جێهێشت،
ئەی خەونی من، چۆلەکەکانی بەیانیان بۆ کوێ کۆچتان کرد،
ئەی خەونی من بۆ کوێ کۆچت کرد،
جەستەی پڕ ئیشق و ئاڵۆشی بۆ کوێ چوو،
شەوانی شەراب و ئاهاتی جەستەی کێوەچوون..
ئاخر من دەستەکانیم بینی، تەنها دەستەکانی،
بەڕاست دەستەکانی کێوەچوون
دەستەکانی کێوەچوون…
بۆن – 12.02.2022
تابلۆکان؛ بەهادین