Zerka T Moreno
Zerka T Moreno

Loading

زێرکا مۆرێنۆ و سایکۆدراما

چاوپێکەوتن

وەرگێڕانی: زاهیر عەبەڕەش

شانۆكار؛ زاهیر عه‌به‌ ڕه‌ش سه‌فه‌ر

زێرکا مۆرینۆ باس لە جەوهەری تیۆری و تەکنیکی سایکۆدراما،  ژیان و کارەکانی لەگەڵ هاوسەرە کۆچکردووەکەی جاکۆب مۆرێنۆ دەکات.

         ڤیکتۆر یالۆم لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئەم چاوپێکەوتنەی  لەگەڵ زێرکا مۆرینۆ ئەنجامی داوە، لە ماڵپەری تایبەتی سایکۆ تراپی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە و پاشان زانکۆی ستۆکهۆڵم بە هەندێک گۆرانکاری لە تەکنیکی چاوپێکەوتنەکدا وەریانگێراوەتە سەر زمانی سویدی، چونکێ کاتێک باسی جاکۆب مۆرینۆ دەکرێت ناتوانین باسی پاڵ پشت و خوێندکارە هەرە بلیمەتەکەی ئەو نەکرێت کە زێرکایە.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ (Zerka Toeman Moreno) لە ١٣ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٧ لە  هۆڵەندا لەدایکبووە ولە ئەیلولی ٢٠١٦ لە ئەمریکا مردووە.  هاوکار و هاوسەری جاکۆب مۆرینۆی دامەزێنەری میتۆدی سایکۆدراما بوو. دوای هاوژینەکەی بەردەوامی بە پەیمانگەکەی ئەودا.

ڤیکتۆر یالۆم ، دەروونناس و هونەرمەند هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، کاریکاتێریست و دەروونزان، تراپیست چارەسەرکەری دەرونی بەهۆی هونەرەوە، نیشتەجێی سانفرانسیسکۆ، ئێستا خۆی و خێزانەکەی سەرقاڵی بەرێوەبردنی سایتی سایکۆتراپیین

ئەم چاو پێکەوتنەم لە زمانی سویدیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی،  بە بەراوردکردن لەگەڵ چاوپێکەوتنە کە بە ئینگلیزی سازکراوە، هەندێک گۆرانکاری تەکنیکی تێدایە، بۆنموونە کە دووپرسیار لەیەک دەچێن، یاخود یەک وەڵامدانەوە کراوە بە وەڵامی دوو پرسیار.

لە ساڵی ١٩٣١ کە زێرکا تەمەنی چواردە ساڵ بوو، لەگەڵ دایک و باوکی ڕوویان لە لەندەن کرد، لەوێ  خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد و دواتر لە هونەر و دیزاینی جلوبەرگی درێژەی بەخوێندندا. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ یەکەمجار زەریای ئەتڵەسی بەزاند و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خێزانەکەی گەیشتە ئەمریکا. زێرکا خوشکێکی هەبوو کە دوچاری نەخۆشی دەرونی ببوو. لە ساڵی ١٩٤١ توانی خوشکە گەورەکەی لە بەلجیکاوە بباتە نیویۆرک، بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکانی خوشکەکەیدا بگەڕێت.

ساڵێک دوای یەکەم  چاوپێکەوتنی زێرکا لەگەڵ پزیشک، دەروونناس و کۆمەڵناسی نەمسایی-ئەمریکییە. جاکۆپ لیڤی مۆرینۆ  پەیمانگای سۆسیۆمێترییان لە پارک ئەڤینۆ لە شاری نیویۆرک و لە ساڵی ١٩٤٢دا پەیمانگای سایکۆدراماتیکیان لە نیویۆرک دامەزراند.

لە ساڵی ١٩٤٧ دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری سایکۆتێراپی (لە سەرەتادا ناوی سۆسیاتری) کرد، کە تایبەت بوو بە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵناسی، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. زێرکا بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ تا ساڵی ١٩٧٤هاوبەشی ژیان هاو داهێنەری جاکۆپ مۆرێنۆ بووە

زێرکا لە دوای مردنی دکتۆر مۆرێنۆی هاوژینی، بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو لە ڕاهێنان و فێرکردنی تیۆری و میتۆدی سایکۆدرا، ڕاهێنانی دەرهێنەرانی سایکۆدراما کرد و وارکشۆپی لە سەرانسەری جیهاندا دەکردەوە.

بیرکردنەوە لە پشت بەرهەمهێنانی بەشەکانی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس ڤیکتۆر یالۆم، تاڕادەیەک هیچ لەبارەی سایکۆدراما نازانێت، ئەوەش وا دەکات زێرکا مۆرێنۆ بە شێوەیەکی زۆر دڵکراوە و ئاسان بۆ تێگەیشتن وەڵام بداتەوە. ئەم فۆرمەی پرسیار و وەڵامەش سەرنج ڕاکێشە و لە گفتوگۆیەکی ئاسایی و تێروانین بۆ ژیان دەچێت، زیاتر لە کەسایەتیان نزیک دەبیتەوە.

منیش حەزم کرد ئەم چاوپێکەوتنە وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی و هاوبەشی بکەم لەگەڵ خوێنەرانی کورد زمان. لەچەند گۆڤار و رۆژنامەو لاپڕە ئەلەکترۆنیەکان بە دوور ودرێژی لەسەرسایکۆدراما نووسیوومە وچۆنێتی کارکردنی ئەم میتۆدەم شی کردۆتەوە.  بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە پەراوێزێکم بۆ لە خوارووە نووسیوە.

(بۆم باس مەکە پیشانم بدە) 

ڤیکتۆر یالۆم: تۆ قەشەنگ دەردەکەوێت، بەڕاستی تەمەنت ٨٣ ساڵە؟

زێرکا مۆرینۆ: مانگی داهاتوو. ١٣ی حوزەیران. دەبم بە ٨٣ ساڵ،  بیرمە کاتێک تەمەنم ٨ ساڵ بوو، بیرم لەوە دەکردەوە “لە ١٣ی حوزەیران کاتێک تەمەنم دەبێتە ١٣ ساڵ، ئایا پیر نابم؟”

ڤیکتۆر یالۆم: سەختە باوەڕ بکەیت کە تەمەنت ٨٣ ساڵە؛ تۆ زۆر پڕی لە ژیان. زۆر شتت لە خۆتدا هێشتۆتەوە. زۆر دڵخۆشم کە تۆ لێرەیت و ڕازی بوویت بۆ ئێمەو خوێنەرانمان باسی  ژیان و کارکردنت لە سایکۆدرامادا بکەیت، کە سەرەتادا لەلایەن هاوسەرە کۆچکردووەکەتەوە، جاکوب مۆرێنۆ دامەزراوە. 

زێرکا مۆرینۆ: سوپاس. منیش دڵخۆشم کە لێرەم. هەمیشە حەز دەکەم قسە لەسەر کارەکانم بکەم.

ڤیکتۆر یالۆم: لەگەڵ ژیانی خۆشت.

زێرکا مۆرینۆ: ژیانی خۆشم، ئەو دوانە تێکەڵاون.

ڤیکتۆر یالۆم: باشترین جێگا لێوەی دەست پێ بکەین ئەوەیە بڵێین، پێم بڵێی سایکۆ دراما چییە؟

زێرکا مۆرینۆ: ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا و لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانیان بکەن،  پێیان دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی نیگەرانیەکانت،  بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. بە نواندن باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی سایکۆدراما.

ڤیکتۆر یالۆم: ئامانجی سایکۆ دراما چییە؟

زێرکا مۆرینۆ: ژیان سنوردارکردنی خۆی بەرهەم دەهێنێت، زۆرێک لە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی مامەڵە لەگەڵ ئەمانە بکەین. پێت دەڵێم بۆچی. ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین گرنگترین شتی مرۆڤ سپۆنتانێتی (Spontaneity) / العفویة و داهێنانە. (١) هیچ ڕۆشنبیریەک نیە کە جەخت لە سپۆنتانێت و داهێنانی تاکەکان بکاتەوە.  ئێمەی سایکۆدراماتیک جەخت لەسەر سپۆنتانیتی (خۆبەخۆی) و داهێنان دەکەینەوە، منداڵانیش پشکی شێریان هەیە ، بەڵام لە ڕێچکەی ژیانیاندا ئەم داهێنان وسپۆنتانێتیەی منداڵان دەشێوێنرێت و سەرکوت دەکرێن کاتێک گەورە دەبن. ئێمەی مرۆڤ ئەمرۆ باوەڕمان بەوە هەیە کە منداڵان فێر بکەین کە کۆنترۆڵی جوڵەی خۆیان بکەن و زیرەک بن منداڵان ڕێز بۆ عەقڵ و زیرەکی دادەنێت، بەڵام سپۆنتانێتیمان بیرچۆتەوە. خەڵکانێکی زۆرهۆشمەند هەیە، بەڵام تا بڵێی خراپ و دەستە پاچەن لەبەرامبەر داهێناو سپۆنتانێتی (العفویة)، سپۆنتانێتییان لاوازە. منداڵان کە نوێنەرایەتی سپۆنتانێتی ( العفویە) ئێمە دەکەن.  کە بڵێ ” بەڵێ “!  بۆ ژیان. ویستی ژیان، هاوار بۆ خۆشی ژیان بکات. ئەگەرسەرنج لە منداڵێکی بچووک بدەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە پڕە لە ژیان. بەڵام ئێمە ڕێگرییان لێدەکەین  لە هه‌راوهوریاكردن، چەپڵە لێدان، پێکەنین هەرچەندە ئەمە شێوازی ژیانی خۆیانە. بەڵام ئێمە زۆر باش لەم شتە تێناگەین. دەمانەوێت بەو شێوەیەڕەفتار بکەن خۆیان بگونجێن وەک مرۆڤە باشەکانی دنیا، وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت،  بۆیە ئەو کارە نەشیاوە دەکەین، هەوڵێکی زۆر دەدەین لەگەڵ تەمەنماندا  بۆ لێسەندنەوەی ئەو مافە  سەرەتایەی “خۆمان”

ڤیکتۆر یالۆم: سایکۆ دراما دەتوانێت یارمەتی دەربێت لەوەدا؟

زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ سایکۆ دراما یارمەتیدەرمانە کە بە شێوازێکی نوێ گوزارشت لە خۆمان بکەین. بە شێوازێک کە ژیان بەزۆری ڕێگەی پێ نادات، دەتوانیت بڵێیت ئێمە لە دوو جیهاندا دەژین، دەزانی ئێمە لە جیهانی واقیعدا دەژین، لە جیهانی واقیعی بابەتییدا. من و تۆ دەتوانین کۆک بین کە لێرەین، ڕاستە؟ بەڵام تۆ جیهانێکی ترت هەیە، منیش جیهانێکی ترم هەیە کە نابینرێت. سایکۆدراما ئەو جیهانەی تر دەکاتە دیار.

ڤیکتۆر یالۆم: بۆ چ ئامانجێک؟

زێرکا مۆرینۆ: بۆ ئەوەی ببین بە کەسێکی کامڵتر، بۆ ئەوەی بەرهەمدارتر بین، بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی یەکگرتوو و پتەومان هەبێت، ئێمە باوەڕمان بەکەسایەتی یەکگرتوو هەیە.

ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟ چۆن سایکۆ دراما بەکار دەهێنن؟ سایکۆدراما چ سترکتورێکی هەیە؟ 

زێرکا مۆرینۆ: باشە، سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە تەنها وەک جۆرێک لە چارەسەری دەروونی بەکارناهێنرێت. ئەوە تەنها یەک جۆری بەکارهێنانە. ڕەنگە  تۆ بزانی ڕێگەیەکی زۆر بەسوود بۆ بەکارهێنانی سایکۆدراما لە ڕۆڵگێڕاندایە. ئەوەش ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەدا، لە کارگێڕیدا، لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا لە سایکۆدراماوە هاتووە. بەڵام سەرچاوەکەی عەقڵی خۆتە، هەر ڕۆڵێک لە ژیانتدا بگێڕیت؛ ئێمە لەوێوە دەست پێدەکەین.

ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟

سایکۆدراما ڕوونکرایەوە

زێرکا مۆرینۆ: باشە با بڵێین کەسێک دێت و دەڵێت “کێشەیەکی ترسناکم هەیە، هاوسەرەکەم دەخواتەوە، لێم دەدات، قومار دەکات و نابەرپرسیارە و خۆی چاک ناکات”. دۆخێکی خراپ لە دەوروبەرمە. “چی بکەم؟ ناتوانم جیاببمەوە، من کاسۆلیکم. لە کڵێسا فڕێ دەدرێمەوە دەرەوە، و بە تەواوی گۆشەگیر دەبم. چی بکەم؟” باشە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، زۆر جدییە. – منیش پێی دەڵیم: نیشانم بدە مێردەکەت چۆنە، بەو پێیەی ئەو  لێرە نییە، ئایا ئەو ئەهات بۆ ئێرە؟ “نا، ڕەنگە نەیەت بۆ ئێرە. ئەو باوەڕی بە هیچ کام لەم شتانە نییە.” بۆیە دەبێت هەڵسەنگاندن بکەم: چی دەتوانم بکەم بەشدارم بۆ خۆشگوزەرانی ئەم ژنە؟ ئایا شتێک هەیە لەم پەیوەندییەدا کە هێشتا بەردەوام بێت، یان نا؟ بەداخەوە پەیوەندیەکیی تەندروست و پتەویان نییە، بەڵام ڕەنگە ناچار بم یارمەتی بدەم، بۆ ئەوەی ئەقڵی لەدەست نەدات، ژیری بهێڵیتەوە. یان بیەوێت لەو ژیانە بمێنێتەوە

ڤیکتۆر یالۆم: بە عاقڵی بمێنێتەوە، یان لەو ژیانەدا بمێنەرەوە؟

زێرکا مۆرینۆ: بەدڵنیایی. بۆیە، من بەم شێوەیە دەست پێدەکەم: “من لێرە هاوسەرەکەتم لا نییە؛ تەنها شتێک کە هەمبێت  تێڕوانینی تۆیە بۆ هاوسەرەکەت.” بێ لەوەش لەوانەیە ئەو تێڕوانینە شێواو بێت و تەواو نەبێت، بەڵام تاکە تێگەیشتنێک کە لای من هەبێت ئەوەیە. ئەوە ئەو کەسەیە کە لەگەڵیدا دەژی. بۆیە دواتر داوای لێدەکەم ڕۆڵەکان پێچەوانە بکاتەوە و ببێتە هاوسەری (ڕۆڵی پیاوەکە ببینێت). بەزۆری وایان لێدەکەم لەسەر کورسییەکی جیاواز دابنیشن، بۆ ئەوەی جەستەشی بە هەمان شێوە بجوڵێنێت، ئەوە گرنگە. چونکە ئێمە تەنها لە سەر و مێشکیاندا کار ناکەین. بەڵکو ئێمە دەمانەوێت هەموو جەستە بەکاربهێنین؛ ئێمە ئەکتەرین. ئێمە دەڵێین مرۆڤ ئیمرۆڤیسەتۆری (المرتجل) شانۆی ژیانە. بە پێچەوانەی شانۆ، تێکستێکی نوسراو نییە؛ من سیناریۆم نییە. دەبێت لەکاتی کاردن و ئیمپرۆرڤیسەشوندا (إرتجالی)دا مامەڵە بکەین ڕاستە وخۆ کارلیکردنمان هەبێت، لێرە و لە ئێستادا. هەرچییەک لە نێوانماندا هەبێت.

ڤیکتۆر یالۆم: وە هاوسەرە کۆچکردووەکەت مۆرینۆ، کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە، ئەو چەمکی ” لێرە و لە ئێستادا” ی داهێنا؟

زێرکا مۆرینۆ:  بەڵێ ڕاستە. ئەو، ئەو زاراوەیەی داهێنا و دواتر زۆر کەسی دیکە بەکاریان هێنا، لەوانە فرێدریک سالۆمۆن پێرڵز و تیۆری گێستاڵتەکەی، ئیرڤین یالۆم و بوونگەراییەکان.

ڤیکتۆر یالۆم: بەڵێ، دەستەواژەکە بەردەوامە لەگوزارشت کردن لەدەمی  کات و ساتی ئەزموونە کارلێکیەکانی مرۆڤ.

زێرکا مۆرینۆ: دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنە دەکەم وەک ئەوەی مێردەکەی بێت، (خۆی دەخاتە بەرگی هاوسەرەکەیەوە). لەو پرۆسەی کارکردنەدا ئەم ژنە شتی زیاتر فێر دەبێت دەربارەی هاوسەرەکەی، وەک لەوەی پێشتر دەیزانی، زۆر لە واقیعی پیاوەکەی نزیک دەبێتەوە.

ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە چۆنە؟

زێرکا مۆرینۆ: ڤیتگنشتاین لە شوێنێکدا دەڵێ ” بۆ ئەوەی دەربارەی خۆت بزانیت، دەبێت لە دەرەوە هەنگاو بۆ خۆت بنێیت”. کەواتە ئەوەی کە دەیکات ئەوەیە، لە ڕۆڵی هاوسەرەکەیدا، هەست بە خۆی دەکات. لێی دەپرسم چ کەمایەسیەک و چەوتیەک لە نێوانیاندا هەیە ؟ من بیستوومە ژنەکەت چی دەڵێت. ئێستا حەز دەکەم بزانم ڕای تۆ چییە.” ئێستا  زانیاریت دەست دەکەوێت و کە چۆن کارلێکردنیان هەبێت لەگەڵ یەکتر.

ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە ژنەکە ڕۆڵی هاوسەرەکەی خۆی دەبینێت و قسە لەگەڵ خۆی دەکاتەوە (لەبەرگی پیاوەکەوە قسە لەگەڵ خۆی دەکات)؟

زێرکا مۆرینۆ: لە کۆتاییدا، لەوانەیە. ئەگەر کەسێکی تر بەردەست بێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەر، ئەوا ئێمە ئەو کەسە دەهێنین ئەگەر نا، ئەوا خۆی ڕۆڵی خۆی بەرامبەرەکەشی دەبینێت. هەردوو ڕۆڵەکە دەگێڕێت،  هەندێک جار، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەمەدا، ڕەنگە من ڕۆڵی ئەو ببینم و  و ئەویش ڕۆڵی مێردەکە بگرێتە ئەستۆ.

ڤیکتۆر یالۆم: ئایا ئەمە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ هاوسەرەکەی؟

زێرکا مۆرینۆ: با زیاتر ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ چی دەکەین. ئێمە مامەڵە لەگەڵ دوو کەس دەکەین بەڵام بە سێ یەکە، ژن و مێرد و پەیوەندی نێوانیان، یەکەی سێیەم پەیوەندیەکەیانە. ئێمە وا دائەنێین کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونێک هەبێت، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بەرچاوەوە نەبێت. ئەوەی ئێمە مەمەڵەی لەگەڵ دەکەین، تەنها لە پەیوەندییەکە ناکۆڵینەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەین چاکی بکەینەوە. پرسیارە چارەنووس سازەکە ئەوەیە،  ئایا ئەم پەیوەندییە دەتوانرێت چاک بکرێتەوە یان نا؟. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کاتێک ڕۆڵێ مێردەکەی دەبینێت، لە ناکاو زۆر شتی بۆ کەشف دەبێت وشت فێر دەبێت، بە شێوازێکی نوێ مێردەکەی دەناسێت و دەبینێت. ئەگەر چی پێشوتریش ئاگاداری ژیانی ڕابوردووی مێردەکەشی بووبێت و چۆن بە منداڵی ئازار دراوە، لەبەر ئەوەی کە لایەنێکی  نوێی مێردەکەی کەشف دەکات و هەستی پێ دەکات، لایەنە مرۆییەکەی مێردەکەی دەبینێت کە دەدرەوشێتەوە. لەبەر ئەوەی بە شیوەیەکی نوێ دەیبینێت و هەستی پێدەکات، کە دەگەڕیتەوە ڕۆڵی خۆی و ناچارە شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین گۆڕینی ڕەفتارەکانە نەک  تێڕوانینی مەعریفی،  پێمان وانییە تێگەیشتنە فیکرییەکان ئەوەندە چارەسەر بن.

ڤیکتۆر یالۆم: نەک تێڕوانینێکی مەعریفی بە خۆی.

زێرکا مۆرینۆ: نەک بە خۆی، پێویستە لەگەڵ بەشێکی هەست و سۆزەکان پەیوەست بکرێ، سایکۆدراما مامەڵە لەگەڵ هەردووکی دەکات. خەڵک زۆرجار بۆ تێگەیشتن بەکاری دەهێنن. پێم وایە ئەوە تەنها نیوەی کارەکەیە. من ئەوەندە خەمی ئەوەم نییە کە لێرە سەرەوە چی ڕوودەدات ( ئاماژە بە کەللـەسەری  خۆی دەکات) چونکە ئەوەی لێرەدا بەرەو سەرەوە دەڕوات ئەوەیە...

ڤیکتۆر یالۆم: ئەگەر بە  جەستەت ، یان بە هەست و سۆز ئەزموون بکەیت ئەوا هێزی زۆر زیاتر دەبێت؟

زێرکا مۆرینۆ: بۆ نموونە کاتێک ئەو ژنە لێرە دادەنیشێت، دەڵێم “چۆن دادەنیشیت؟ بە جەستەت نیشانم بدە کە چۆن دادەنیشیت.” وە لەوانەیە بە لەسەر لا دابنیشێ، بە جۆرێک  کەسی بەرامبەری ڕەت بکاتەوەە. یان لەوانەیە زۆر لە نزیکەوە دانیشتبێت چونکە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکاتەوە. بۆیە هەموو جۆرە زانیارییەک بەدەست دەهێنیت، تەنها بە ئەنجامدانی گۆڕینی ڕۆڵەکان، ڕەنگە ئێستا یان دواتر  ئەگەری ئەوە هەبێت کە من لە ڕاستیدا بتوانم  پیاوەکەی بیبینم. دەزانی بابەتێکی نووسی ناوی لێنا “Psychodrama and the Psychopathology of Interpersonal Relationships “سایکۆدراما و سایکۆپاتۆلۆژی لە پەیوەندی نێوان کەسەکان، کە تێیدا خۆی وەک ناوبژیوانێک لە نێوان ژن و مێرددا بەکارهێناوە.  ئەو بۆ دەستپێکردنی کارەکەی ژن و پیاوەکەی بەجیا دەبینی، سەرەتا هەردووکیانی پێکەوە نەدەبینی، پێکەوە داینەناون و مامەڵەیان لەگەڵ بکات، هەر یەکەیان گلەییان لە ئەوی تر هەبوو. ئەوە شێوازێکی  تەواو نوێ بوو بۆ بەردەوام بوون. فرۆید هەرگیز ئەو کارەکەی نەکردووە، تاکەکانی بەرامبەر بەیەکتر شی نەکردۆتەوە، بەڵکو تەنها لە پەیوەندی بە ژیانی خۆیانەوە.

ڤیکتۆر یالۆم: دکتۆر مۆرێنۆ (٢) پێکەوە نەیانیدەبینی؟

زێرکا مۆرینۆ: هێشتا نا. ژنەکەی بۆ مێردەکە لێکدەدایەوە، مێردیش بۆ ژنەکە.

ڤیکتۆر یالۆم: بێگومان بە مۆڵەتی خۆیان.

زێرکا مۆرینۆ: بێگومان. هەردووکیان لەو  پەیوەندییەدا کاریان دەکرد. هەندێک جار کەناڵێکی نوێی لە نێوان ئەو کەسانەدا دروست دەکرد. هەندێک جار ئەوە بە ڕوونی ئەو کەناڵە دەبینرا، ئەو کەناڵە بوو کە بەڕاستی پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی هەردووکیان هەست بە عەقڵێکی تەندروست بکەن، جیا نەبنەوە. وە دواتر لەوانەیە ئەو شتە بەرهەم هاتبێت کە ئێمە پێمان دەگوت  divorce catharsis “کاتارسیسی جیابوونەوە” و ئەوەش بیرۆکەیەکی نوێ بوو.

ڤیکتۆر یالۆم: ئایا هیچ شتێکی کردووە کە لە چارەسەری دەروونی نەریتی بچێت؟

زێرکا مۆرینۆ: دەستی کرد بە فڕێدانی ئەو ڕیو ڕەسمە نەریتیانە. لە کۆتاییدا پەرەی بە سایکۆدراما دا و خستیە ناوپەیوەندی  کارلێکی  کەساکانەوە

ڤیکتۆر یالۆم: ئایا مۆرینۆ هەروەها سایکۆ ئەنالیزی ( شیکاری دەروونی) خوێندبوو؟

زێرکا مۆرینۆ: نەخێر. دژە شیکاری بوو. باوەڕی بە مۆدێلی کارکردنی فرۆید نەبوو(٣) پێشینەی فرۆید بایۆلۆجی بوو. مۆرینۆ دەیگوت ئیلهامی لە ئاینە گەورەکانی جیهان وەرگرتووە. فرۆید کەسێکی بێدین بوو. بەڵام مۆرێنۆ نا. مۆرینۆ دەیگوت لەڕوانگەی گەشەکردنی تاک و ڕەگەزی مرۆڤەوە، گەشەسەندنی قسەکردن زۆر درەنگ کەوت، مرۆڤ فێری  گاگۆڵکێ کردن دەبێت، فێری دانیشتن دەبێت، فێری ڕۆیشتن دەبێت، هەموو ئەمانە فێر دەبێت ئەوجا فێری قسەکردن دەبێت. تۆ پێش ئەوەی فێری قسەکردن بیت نزیکەی دووتا  سێ ساڵ بەچڕی بە جەستەو کارلێکردن ژیاویت  لەگەڵ دەوروبەرت.

ڤیکتۆر یالۆم: بەجەستە؟

(سەیرکرنی ئایندە و دوو ژیانی ــ زێدە واقیع. Surplus Reality)

زێرکا مۆرینۆ:  لەگەڵ جەستە، بە جەستە و لە تێکەڵاو بوون و کارلێککردن لەگەڵ

کەسانی دیکە. ئێمە لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە پەیوەستین بە خەڵک ولە کارلێککردنداین لەگەڵ کەسانی تر. دیارە ئەوە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە. با ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە. خەڵک درۆ دەکەن وشەکان دەتوانن درۆ بکەن. سەیری تیڤی بکەن، گوێ لە سیاسەتمەداران بگرن، لە زاریانەوە درۆ دەبارێت … ئاستێکی ڕەسەنتر هەیە، لە ژێر “ئاستی زمان”ەوە و ئەوە ئاستی کردار و کارلێککردنە.  بۆیە درامای هەڵبژارد،  بەڵام نەک درامای ئاسایی و نەریتی نا، بەڵکو فۆرمێکی نوێی دراما ــ درامای ئیمپرۆڤیسەیشن. کە ئەمەش شێوازی ژیانمانە. نازانم تۆ ئەو کتێبەمت بینیوە، لە وێدا نووسراوە کە  جارێک یەکێک لە نەخۆشەکانم  پێی وتم

دەزانم سایکۆدراما چییە؟  دووجار ژیانە، ئەم دەستاواژەیە زۆر قوڵ و سەرنجڕاکێشە، تۆ لەژیاندا ژیانێکی خۆت هەیەو لە سایکۆدرامادا ژیانێکی تر.

ڤیکتۆر یالۆم: ساڵی ٢٠٠٤ دیسان کارتان لەسەر ئەو پرسە کردووە و کتێبێکتان بڵاو کردەوە بە ناوی  ”Surplus reality and the art of Hegalin”. ناونیشانێکی زۆر سەرنج ڕاکێش،  وێڕای پیرۆزبایم،  بڵێ چۆن پێناسەی  ”Surplus reality دەکەن؟

) Surplus reality  ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ، ئەوەی لە ئیستادا لەپێشە و لەبەردەمماندا لە رووە، سەیرکردنی ئایندە لە ڕۆڵبینیندا، خەونەکان هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە. هەروەها the art of Hegalin ـ واتە بەکارهێنانی هونەر بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی، جا هەر جۆرێکی هونەری بێت. زاهیر )

زێرکا مۆرینۆ: دەزانم بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕۆیت؟. ئەوەی ئەم ژنە دەیکرد ئەوەبوو کە دەچووە ناو واقعی هاوسەرەکەیەوە، ئەوە ) ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ـ  Surplus reality  ڕۆڵ گۆڕین تەکنیکێکی surplus reality ــ ە ، زێدە واقیع یان ژیانی بەجێماو،  یان سەیرکیدنی ئایندەیە – ئەوە واقیعێکە یان بڵێن ڕاستیەکە لەدەرەوەی ژیانی  ڕۆژانەمانەوەیە، ژیانێکە دیار نییە و واقعێکە  نەبیراوە بەڵام  زۆر ڕاستەقینەیە و پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.  ئەو ژیانەش دەتوانرێت ئەفسانە یان چیرۆکێکی دروست کراو بێت، یاخود ژیانی تۆ بێت وەک ئەوەی تۆ حەزت لێیە. فیلمە کۆنەکەی The Secret Life of Walter Mitty ژیانی نهێنی واڵتەر مێتی، خۆی سایکۆدراما بوو، کەواتە ئێمە هەوڵی چی دەدەین، چی لە کاتارسیسدا جەوهەرییە؟ باشە ئێمە باوەڕمان بەو دیمەنانە هەیە، ئەو کارلێکانە، ئەو واقیعانەی کە ژیانمان ڕێگەی پێ نەداوین ئەزموونی بکەین و بیبینین، بەڵام ئێمە دەبێت هەمیشە هەست بەو ژیانە نەبینراوە بکەین،  . من عادەتەن ئەوە ناو دەنێم  ” تەنها ئەگەرەکان”. بیر لە  ووشەی ئەو هەموو (تەنها جارێک ) لەژیانمدا بکەرەوە،  ” تەنها ئەگەر”ەکان بکەرەوە لە ژیانتدا کە نەتکردووە. بزانە چەند  بڕێکی زۆر وزە و کات بەفیڕۆ دەدەیت؟.

ڤیکتۆر یالۆم:  بەدڵنیاییەوە وزەو کاتێکی زۆر خەرج دەکەیت.

زێرکا مۆرینۆ: بڕێکی زۆر گەورە، تەنها لەسەرئەو ئەگەرانەی کە نەتکردووە،  لەسەر ئەم ” تەنها ئەگەر” انە، مێشکت دەبات بۆ شوێنێکی تر، ئەو پەیوەندیە تەلەفونیانەی کە نەتکردووە، یان  ئەو ئەو پەیوەندییە تەلەفونییانەی کە کردووتەو لەوێدا بیردەکەیتەوە ، ئەگەر ئەو پەیوەندیە تەلەفونییەم نەکردبا، ئەو نامانەی دەبوو وەڵامیانم بدابایەتەوە، ئەو ئیمەیلانەی کە دەبوو بماناردایە، ئەمانە ڕێگریت لێدەکەن لەو کارانەی کە دەتەوێت لە ژیانی رۆژانەدا بیکەیت لێرە و لە ئێستادا.

هەر چەمکی  لێرە و ئێستا”، بوو کە  جاکۆب مۆرێنۆ کە دایهێنا،  لە پاشاندا هەرچەندە لەو کاتەوە لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە وەک پێرڵز و یالۆم و بوونگەراییەکان بەکارهێنراوە.

ڤیکتۆر یالۆم: ئایا سایکۆدراما دەتوانێت دەربارەی هەر شتێک بێت؟

زێرکا مۆرینۆ: ( بەپێکەنینەوە) بەڵێ، دەتوانین تاڕادەیەک هەموو لایەنەکانی ژیان وەربگێڕین بۆ فۆڕمی سایکۆدراما. هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خۆت بە شێوەیەکی نوێ و لە کایەی نوێدا. بۆ ئەوەی سپۆنتانی (خۆبەخۆ ـ عفوي ) و داهێنەر بیت بە شێوەیەک کە پێشتر نەبووبیت. هەروەها ڕێگایەکە بۆ چاککردنەوە و کامڵ بوونی  “خود”. دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن حەزت دەکرد منداڵیت یان هەرزەکاریت یان تەنانەت ژیانی پیشەیی خۆت بگۆڕیت. ڕەنگە هەمیشە کار نەکات. زۆرجار بیر لە سایکۆدراما دەکەمەوە پێم وایە مامەڵە لەگەڵ لێوارەکانی ژیان دەکەین. ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە کە ئێستا تازە بەدەستی دێنم.

ڤیکتۆر یالۆم: بیرۆکەی نوێت هەیە دوای شەست ساڵ کارکردن.

زێرکا مۆرینۆ: بەڵی، شتێکی سەرنج ڕاکێشە، بەردەوام بیرۆکەی نوێ دێتە ئاراوە، داهێنان بەوشێوەیەیە. وەک پرەنسیپێکی دووانەیی /جمک کاردەکات. سپۆنتانێتی spontaneity وەک وەڵامێکی نوێ بۆ دۆخێکی کۆن پێناسە دەکرێت، یان وەڵامێکی گونجاو بۆ دۆخێکی نوێ. داهێنان شتێک دروست دەکات کە پێشتر نەبووە. بۆ نموونە بیل گەیتس وەربگرە. لە ڕێگەی ویندۆزەوە جیهانێکی تەواو نوێی دروست کرد کە پێشتر بوونی نەبووە! تەواوی بیرۆکەی ئەوەی کە “شتەکان ناگۆڕدرێن” لەم دنیایەدا قسەی بێمانایە! کێ دەیتوانی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەون بە ئینتەرنێتەوە ببینێت؟ مەسەلەکە لێرەدا شتێکی داهێنەرانەیە – کەسێک شتێکی تەواو نوێ دروست دەکات، ئەوە چەند گرنگە بۆ جیهان، بەردەوام شتەکان وا دروست دەبن.

ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە، باس لە دروستکردنی ژیان دەکەین.

زێرکا مۆرینۆ: پێویستە ژیانمان دروست بکەینەوە.

(دیدارو خۆشەویستی دکتۆر مۆرینۆ)

ڤیکتۆر یالۆم: حەز دەکەم کەمێک زیاتر دەربارەی ژیانت ببیستم. چۆن چاوت جاکۆب مۆرینۆکەوت ؟

زێرکا مۆرینۆ:  من لە ئەوروپاوە خوشکە گەورە دەروون ناساغەکەم هێنایە لای ئەو بۆ  چارەسەر.

ڤیکتۆر یالۆم: تۆلە ئەوروپاوە ئەو ڕێگا دوورودرێژەت گرتەبەر، خوشکەکەت هێنا بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت؟ ئەوە چۆن بوو؟

زێرکا مۆرینۆ:  لە ئینگلتەرەوە یەکەمجار بە تەنیا هاتم بۆئێرە، ، دوای ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانی دووەم بوو، ئەوکات  تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. هیچم لەبارەی مۆرێنۆ و سایکۆدراما نەدەزانی. هونەر و دەروونناسیم خوێندبوو.

خوشکەکەم لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی بارگرژی دروونی ببوو، بڕیار بوو ببمە هونەرمەند، دیزاینەری  کەوالیس وجلوبەرگ، بەتایبەتی جلکی شانۆ و نواندن.  دەزانی لەندەن شوێنێکی نایاب و ناوازەیە بۆ شانۆ. پاشان خوشکەکەم بە شێوەیەکی نائومێدانە تووشی نەخۆشی دەروونی هات، بیرم کردەوە و بە خۆمم وت  “ئۆه، دەبێت بەشیوەیەکی بابەتیەنە سەیری ئەم شتە بکەم” و دەستم کرد بە خوێندنی دەروونناسی. بەڵام هیچ کام لە دەروونناسی کلاسیک فێری نەکردم کە دۆخی خوشکەکەم چۆنە، هەستم کرد و تێگەیشتم کە شتێکی هەڵە هەیە.  لە ڕاستیدا لە خوشکەکەم زۆر باش تێدەگەیشتم، بێ قسەکردن.  خوشکەکەم هیچ پەیوەندیەک و تێکەڵاویەکی دروست نەدەکرد، ئەم شتە مومکین نییە، لێرەدا شتێک هەیە،  بەڵام کاتێک مۆرینۆم ناسی ئەو تێکەڵاویە دروست بووئەو شیانە دروست بوو.

ڤیکتۆر یالۆم: وە چۆن مۆرێنۆت ناسی؟

زێرکا مۆرینۆ: شەڕەکە هەڵگیرسا. خوشکەکەم لە بەلجیکا دەژیا، ماڵەکەیان لە سنوری ئەڵمانیاوە ٢٥ کیلۆمەتر دوور بوو، شوێنەکەیان زۆر مەترسیداربوو.

ڤیکتۆر یالۆم: شوێنەکەیان باش نەبووە کە تیا بمێنەوە؟

زێرکا مۆرینۆ: مەتریسیداربوو. بەڵام من هاتمە ئەم وڵاتە. بە دایك و باوکمم گوت: با بڕۆم، ڕەنگە بتوانم خوشکەکەم ڕزگار بکەم. ئەو تاقە خوشکەم پێنج ساڵ لە من گەورەتر بوو، شەڕەکەش تا دەهات تەشەنەی دەسەند هەموو ناوچەکەی گرتەوە، دواجار توانیم هەندێک پارەکە کۆبکەمەوە، لە ساڵی ١٩٤١دا هاتمە سەر ئەم خاکە.خوشکەکەیشم بڕستی لێ بڕابوو تا دەهات باری دەرونی خراپتر دەبوو، پێویستی بە چاودێری بوو لە نەخۆشخانە بیخەوێنین. بیرۆکەی خۆکوشتنیش ڕۆژ نەبوو بیری لێ نەکاتەوە. منداڵێکی بچووکیشیان هەبوو کە دەبێت کەسێک ئاگاداری بێت. بۆیە زاواکەم خانەیەکی بەخێوکەرانی بۆ کوڕە بچووکەکە دۆزیەوە، منیش نەخۆشخانەیەکم بۆ خوشکم دۆزیەوە.

ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە لە چ شوێنێک؟

زێرکا مۆرینۆ: لە بیکۆن، نیویۆرک. نزیکەی ٦٠ میل لە باکووری شاری نیویۆرکەوە دوورە لەسەر ڕووباری هادسۆن

ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئێستاش لێی دەژیت؟

زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، ئێستاش لەوێ دەژیم. بە خوێندکارەکانم دەڵێم “ژیانم حیکایەتێکی سەیرە، وەک پەنابەرێکی بچووکی بێدەسەڵات هاتوومەتە ئێرە، بەهۆی نەخۆشی خوشکەکەمەوە ئاسودە نەبوو، هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ بۆ خوشکەکەم بدۆزمەو، کەچی. ژیانێکی نوێم بۆ خۆم دۆزییەوە. دەزانی عیبرەتەکە چی بوو؟ ئەوە بوو

لەم تەمەنەدا بەخۆم دەڵێم زێرکا، بۆ بەدوای هیچدا مەگەڕێ بۆ خۆت مەگەڕێ. بەڵکو بەدوای یارمەتیدانی کەسانی تردا بگەڕێ، لەوێ ڕا خۆشبەختی بەدەست دەهێنیت. وانەیەکی گەورەبوو بۆ من. بەڕاستی بوو بە بنەمای ژیانم؛ خۆشبەختی من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت.

ڤیکتۆر یالۆم: خۆشەبەختی تۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ؟

زێرکا مۆرینۆ: من زۆرلە ژیانم ڕازیم. تا زیاتر بژیم، جەوهەری ژیان بەدەست دێنم،  ئێمە لە جیهانێکی گەمژەییدا دەژین، با ڕاستی بڵێین بە تەواوی شێتانە! لە گەنجیدا بەم و ئەو تووڕە دەبووم. ئێستا، هەرچەندە جیهان شێتانە بێت، هەست بە باشی دەکەم. من ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم، لەوەدا زۆر باشم، چی لەوە دڵخۆشتر هەیە؟ بەهەر حاڵ مۆرێنۆ بەهرەی منی دۆزیەوە.

(لە وڵاتی بەلجیکاوە بۆ شاری نیویۆرک)

ڤیکتۆر یالۆم: بەهرەی تۆ بۆ؟

زێرکا مۆرینۆ: کاتێک تەندروستی خوشکەکەم باشتر بوو، ، مۆرینۆ بۆ کارەکانی خۆی منی تاقیکردەوە و کردمی بە خوێندکاری خۆی، لە شاری  بیکۆن لە نیۆرک ژیام و وەک سکرتێری  تایبەتی ئەو کارم دەکرد، دەرماڵەیەکی بۆ پێشنیاز کردم و منیش قبوڵم کرد، بەڵام  پێمووت دەمەوێت کارت بۆ بکەم لەبری ئەوە، چونکێ تایپچییەکی خێرابووم، من هەمیشە حەزم کردووە لەگەڵ نوسەران و داهێنەران کار بکەم، ئەویش وتی باشە، بۆیە لەبەر دەرماڵەکە و خوێندنەکەم لای ئەو دەستم بەکارکردن کرد. جەنگ تا دەهات پەرەی دەسەند و پیاوان دەچوون بۆ سەربازی. پەیمانگایەکی تایبەت بەخۆی لە نیۆرک کردەوە، منیش بووم بە یاریدەدەری توێژەنەوەی کارەکانیی و لە نیۆرک ژیام،

ڤیکتۆر یالۆم: لە شاری نیویۆرک؟

زێرکا مۆرینۆ: لە پارک ئەڤینۆ یەک گەرەک لە ویستگەی ناوەندی شارەکەوە دوور بوو، هەفتەی پێنج ڕۆژ هاتوو چۆم دەکرد، پاشان داوای لێکردم کە بگوێزمەوە و لە بیکۆن بژیم، چونکێ لەوێ پێویستی بە یارمەتییە.

خوشکەکەم ساڵی دواتر منداڵی دووەمی بوو، جارێکی تر نەخۆش کەوتەوە. دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەمی، گەڕاویەوە بۆ بیکۆن. ئێستا دوو منداڵ هەیە کە دەبوو ئاگاداریان بم. کەواتە، هەموو ژیانم ئاگاداری کەسێک بووم، دەزانی؟ ئیتر پێویست ناکات ئەوە بکەم. بیهێنە بەرچاوت، ئێستا نزیکەی ٨٣ ساڵم و تەنها شتێک کە دەبێت ئاگاداریم بم، خۆمم. ئایا ئەوە شتێکی نایاب نییە؟

(هەموو شتە چەوتەکانم کرد)

 ڤیکتۆر یالۆم: کە نابێت مرۆڤ بیکات ،  All the Shalt Nots

زێرکا مۆرینۆ: بەهەر حاڵ دواجار بووم بە هاوسەری، ئەو کاتە هاوسەرگیری کردبوو و منداڵێکیشی لە ژنی پێشووی هەبوو. بەو پێیەی دانپێدانان بۆ ڕۆح باشە، هەموو کارە هەڵەکانم کرد. هەموو ئەو کارانەم کرد کە کچێکی جوولەکەیەکی جوان و چینی ناوەند نایکات. the Shalt Nots پەیوەندیکردن لەگەڵ پیاوێک کە باوکی منداڵێکە، کە هاوسەرگیری کردووە. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز بوو، ئەو ئامادەنەبوو وازم لێ بهێنێت. تەنانەت کاتێک هەوڵمدا جیاببمەوە، ئەو وتی ناتوانم، بۆهەرشوێنێکیش بچیت شوێنت دەکەوم.

ڤیکتۆر یالۆم: ئەو عاشقی تۆ بوو؟

زێرکا مۆرینۆ: بەتەواوی، پێت دەڵێم کاتێک بۆ یەکەمجار یەکترمان بینی چی ووت.  کاتێک بۆ یەکەمجار چوینە ئۆفیسەکەیەوە بۆ ئەوەی خوشکەکەم وەک نەخۆشێک لای ئەو داخڵ بکەین ، لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو، هەر کە چاوی پێمان کەوت لە پشت مێزەکەوە هەستاو و هەردوو باڵی کردەوەو وتی “Yeeesssss!” بەڵێێێێ.

پێم وابوو ئەمە سەیرترین سڵاوە کە تا ئێستا بیستبێتم.

بەڵام ئەو ساتەم زۆر باش لەبیرە، تەنانەت ڕەنگی کراسەکەیم لەبیرە سەیرم کرد و بیرم کردەوە: ئەو ئاشنا دەردەکەوێت. من ئەم پیاوە دەناسم!” و دەنگی ناوەوەم وتی: “تۆ وەک خوشکەکەت شێتی، پێشتر هەرگیز نەچوویتە بیکۆن!

تۆ دەچیتە ناو مێژووی منەوە، و ناچیتە ناو سایکۆدراما، هەرچەندە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە- ئایا ئەوە ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت؟

دەزانی چی؟ دواتر پێی وتم کە بیری لەوە کردۆتەوە “ئەمە ئەو کچەیە” کە بەدواید دەگەڕا، ئەو بەدوای muse میوز ـ ێکدا دەگەڕا، من بووم بە میوزی ئەو.

ڤیکتۆر یالۆم: مەبەستت چییە؟

زێرکا مۆرینۆ: میوز، خوداوەندێکی ئیلهام بەخشینە. تۆ دەزانی میوزەکان؟ میوزی موسیک و سەما.  ئەو بەدریژایی ژیانی بەدوای میوزدا گەڕاوە. میوز دەبێت بە ئیلهام بەخشی ئەو. ئەوەی کە ئاسایی نەبوو ئەوەبوومن ئەو کات تەمنم ٢٤ ساڵ بوو، باوەڕم نەبوو بەوەی کە خوێندەوارێکی باشم، هەندێک سەرنجی سەرپییانەم لەسەر ڕووداوەکانی جیهان هەبوو، ” ئەو دەیگوت چیت وت؟ دوبارەی دەکەیتەوە؟  ئەوە زۆر گرنگە” منیش دوبارەم دەکردەوە و پێی دەوتم زۆر چاکە وەرە،  دەچووینە لای ئامێری تایپکردن و، چەندەها لاپەڕەمان لە خەیاڵ و فەنتازیاکانی ڕەش دەکردەوە. داوا لە کچە گەنجەکان ناکەم کە هەتا هەتایە پەیوەست بن بە کەسانێک کە تێبینی سەرپێی بێ ئاگاییا هەبێت بەڵکو ببن بە ئیلهام بەخشیكی گەورە.

ڤیکتۆریالۆم: وا دەکات زۆر هەست بە گرنگی خۆت بکەیت.

زێرکا مۆرینۆ: من هەرگیز کەسێکم نەبووە بەو شیوەیە گوێم لێ بگرێت، کە هەست بکەم کەسێکی گرنگم. من چوارهەمین کەسی خێزانەکەمان بووم، دایکم هەمیشە مژوڵی ئەوە بوو بیرلەوە بکەینەوە کە ئێمە کەسێکی گرنگین.

ڤیکتۆر یالۆم: ئایا یەکسەر سەرنجی ڕاکێشایت؟

زێرکا مۆرینۆ: بە ڕەهایی، بەتایبەتی عەقڵی،  بۆ ئەو کەسانەی کە لەدەورو پشتی بوون کەسێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، زۆریش خۆش مەشرەبیش بوو. هەڵبەت لایەنی نەرێنیشی هەبوو، ئایا هەموومان لایەنەی خراپمان نییە؟ بەڵام لایەنە نەرێنیەکان ووردە ووردە پیی ئاشنا دەبین وا نییە؟

(لاپەڕەی تاریکی دکتۆر مۆرینۆ )

ڤیکتۆر یالۆم: هەندێ لەو شتە شێتایەتی و خۆبەزلزانییەی چین کە کردوویەتی، وەك خۆت دەڵیێت لایەنی تاریکی ئەون ؟

زێرکا مۆرینۆ: لایەنی تاریکی. پێم وابوو وزەیەکی زۆری بەفیڕۆ داوە لە بەرەنگاربوونەوە، بۆ نموونە دژی فرۆیدییەکان ، بەلام بەشێکی پاڵنەر بوو، لەوکاتەدا هەمووان فرۆیدی بوون، بەجۆرێک هەرکەسە دژی فرۆید بووبێت، دوژمن بووە یان بێزراو.(٤) بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکانیان لێ دەدزی بەناوی خۆیانەوە بڵاویان دەکردەوە، بە بێ ئەوەی ئەو شەرەفە بەو بدەن کە ئەو خاوەنێتی و سەرچاوەکە دەستنیشان بکەن کە ئەو بووە، وە تا ئەمڕۆش هەروا ڕوودەدات. ئەوەش ئازاری دەداو و تووڕەی کرد. دەکرا ئەو وزەو کاتانە  بۆ شتی باشتر بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەویش بەو شێوەیە بوو. هەندێک لە نیگەرانییەکانی  ڕەوا بوو، بەڵام هەندێک شتی لە مێشکی خۆیدا گەورە دەکرد، چونکە پشتگیرییەکی زۆر کەمی هەبوو. دەیتوانی توڕەیی خۆی لەدەست بدات کاتێک هەستی دەکرد بەڕاستی کەس گوێی لێناگرێت. گوێم لە چەند وانەیەکی گرت و تێبینیم کرد لەسەرو تێگەیشتنی خەڵکەوە قسە دەکات.

من کاتێک بۆ یەکەمجار بینیم کە لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاردەکات، تێگەیشتم لەو کاتەدا کەس چالاکانە وەکو ئەو لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاری نەدەکرد. من باسی سەرەتای ساڵانی چلەکان دەکەم. وە بیرمە لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە “هەرگیز ناتوانم ببمە دەرهێنەر. هەرگیز ئەوەندە نازانم، هەرگیز ئەوەندە زیرەک نابم.

ڤیکتۆر یالۆم: دەرهێنەرێکی سایکۆدراما؟

زیرکا مۆرینۆ: بەڵێ، هەرگیز من پێم وا نەبوو بتوانم ببمە دەرهێنەری سایکۆدراما، بەڵام  دەتوانم ببم بە ئەکتەری چارەسەری و وەرگێڕی جاکۆب.  پەیامەکانی پێویستی بە لێکدانەوە هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک تێبگەن. بیرم لەوە دەکردەوە ئەو  پەیامێکی گرنگی هەیە بەڵام ناگاتە خەڵک. ئەوەی من نووسیومە خەڵک زیاتر بە قەناعەت پێکەری دەزانن. شێوازی نووسینەکانی، چڕ، توندو تۆڵ و سەخت بوو، زۆر بارگاویکراوە، زۆر جێرمانیی (ئەڵمانیانە ) بوو هەموو ڕستەیەکی بارگاوییە بە بیرۆکە.

ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە تۆ بیرۆکەکانی ئەوت وەردەگێڕا بۆ فۆرمێک کە خەڵک باشتر لێی تێبگەن.

زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ وە تا زیاتر فێر دەبووم  و دەچوومە ناو کارەکەوە، خوێندنەوەی کتێبەکانی ئەو ئاسانتردەبوو.

ڤیکتۆر یالۆم: زیاتر خۆشت بە کاری دەرهێنانەوە خەریک دەکرد

زێرکا مۆرینۆ: زیاتر بەشداریم کرد و تا ساڵی ١٩٤٩ هاوسەرگیریمان کرد.

ڤیکتۆر یالۆم: هەموو ئەو کاتە هەر خۆشت دەویست؟

زێرکا مۆرینۆ: دەزانیت زۆر جار بیرم لەوە کردۆتەوە، من  نەک هەر خۆشم دەویست، بەڵکو عاشقی بووم، جایاوازی هەیە، دەمپەرست، هەستی خۆشەوسیستی و عیشق دوو شتی جیاوازن، . ڕۆژێک پێی وتم: “پەیوەندیەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئیمان بنیات نراوە: باوەڕ بە یەکتر.” وە پێموایە ئەوە ڕاست بوو.

بۆیە دەستم کرد بە فێربوونی شێوازەکە. حەوت ساڵ شاگردی بووم. وە ئەوەش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی کۆندا هەبووە کاتێک دەچوویتە لای وەستایەک، وەک هونەرمەندێک. حەوت ساڵ خوێندن بوو.

ڤیکتۆر یالۆم: بەڕاستی؟ ئەو حەوتە لە چییەوە هاتووە؟

زێرکا مۆرینۆ:  نازانم. بەڵام تۆ دەچوویت و لانیکەم حەوت ساڵ شاگردیت دەکرد پێش ئەوەی ببیتە هونەرمەندێکی ڕاستەقینە.

ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە تا ڕادەیەک پەیوەندی بەو شتەوە هەیە کە زۆر کەس بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا پیویستی بەو کاتە دەبێت.

زێرکا مۆرینۆ: ئەوە ڕاستە.

ڤیکتۆر یالۆم: دوای ئەوەی ئەوەت دەستکەوت، لانیکەم ئەوا  دەست دەکەیت  بە فێربوونی کەمێک دەربارەی چارەسەرکردن.

زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، لەگەڵ ڕۆیشتنی کارەکەدا دڵخۆشتر دەبووم،  ئەوەی لە سایکۆدرامادا سەرنجی ڕاکێشام، تێکەڵکردنی زانست و هونەر بوو. ئەوە بوو لەو بارەیەوە  من زۆرم حەز لێ دەکرد.

ڤیکتۆر یالۆم: هونەرەکەی ئاشکرایە ، ئەی زانستەکەی لە کوێدایە؟.

زێرکا مۆرینۆ: ئێ، زۆر شتی تەکنیکی هەیە بۆ فێربوون، بێگومان  میتۆد، تیۆری و بیرۆکەکان.

ڤیکتۆر یالۆم: وە ئێستا لە خوێندکارەوە بووەیتە دەرهێنەر.

زێرکا مۆرینۆ: فێربوون بەو شێوەیە سۆزداریانە وپەیڕەوکردنی ڕێگایەکی ئاوا تایبەت، ژیانی  منی کردووە بە گەشتێکی نایاب.

ڤیکتۆر یالۆم: سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەت دا  بە من و بە هەموو ئەوانەی ئەمە دەخوێننەوە، خولیا و وزەی تۆ بۆ ژیان و کارەکەت بڵاو بێتەوە.

زێرکا مۆرینۆ: سوپاس منیش چێژم لی وەرگرت.

پەراوێزەکان:

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و ئاشنابوون ئەم پەراوێزانەم نووسی.زاهیر

(١) سپۆنتانێتی ، بە زوبانی عەرەبی العفویة ، من لێرەدا بە خۆبەخۆیی یان لە خۆڕا کردوومە بە کوردی، خۆبەخۆی; بریتییە لە جۆنێتی کارکردن لەسەر پاڵنەر یان ئارەزووە سروشتییەکان بەبێ پلانی پێشوەختە، بێ بیرکردنەوەیەکی پێشوەختە و بەبێ پلان دانان. لە زمانی ڕۆژانەدا، خۆبەخۆیی دەتوانێت بە مانای ئەنجامدانی شتێکی بێ پلان بێت، بەڵام لە چوارچێوەی سایکۆدراما  تیۆری بەرنامەکانی مۆرینۆدا وشەکە مانایەکی قووڵتری هەیە. خۆبەخۆیی واتە توانای کاردانەوەی زیندوو و داهێنەرانە و ئامانجدار هەبێت لە دۆخێکدا بەبێ ئەوەی لە هەمان وەڵامی  کۆنت هەبێت کە خووت پێوەگرتبێت، یان وەلامێکی ئامادەکراوت هەبێت. وەڵامێکی گونجاو بۆ دۆخێکی نوێ، یان وەڵامێکی نوێ بۆ دۆخێکی کۆن. خۆبەخۆیی تەنها قسە فرێدان نییە بەڵکو ئەوەیە کە بتوانیت بە نەرمی و داهێنانەوە ڕووبەڕووی واقیع ببینەوە.

جاکۆپ مۆرێنۆ خۆبەخۆیی وەک هێزێکی بنەڕەتی مرۆڤایەتی دەبینی. ئەو پێی وابوو زۆرجار مرۆڤەکان لە ڕۆڵ و نەخشە خووییەکاندا گیر دەخۆن. لە ڕێگەی سایکۆدراما مرۆڤ دەتوانێت شێوازی نوێی بیرکردنەوە و هەستکردن و مامەڵەکردن پراکتیزە بکات، بەم شێوەیەش ئەگەری گۆڕانکاری زیاد دەکات .

(٢) ڕۆژنامەنووس ڤیکتۆر یالۆم کە باسی مۆرینۆ دەکات، مەبەستی هاوسەری زێرکایە. کە ناوی جاکۆپ لیڤی مۆرینۆ بوو، ئەو خوێندکاری فرۆید بوو، دامەزرێنەری میتۆدی سایکۆدرامایە.

(٣) ساڵی 1912  مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆری هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت. ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت؛ جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواوبوونی وانەکە لە ڕووبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم تۆ بەتەمای چیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە  فرۆیدم گوت؛ دکتۆر فرۆید من  لەو شوێنەوە دەست پێدەکەم کە تۆ وازی لێدێنیت، چونکە تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادە و کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکەی خۆیاندا دەیانبینم. تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییاندەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن، ناکۆکیەکانی خۆیان ببینن یارمەتیان دەدەم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەشە لێکپچڕوەکانیان پێکەوە بنێمەوە)

 فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات،  وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت، بۆیە ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیرکردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.

(٤) مۆرینۆ و فرۆید هەردووکیان دوو زانای دەروونشیکاری بوون، بەڵام مۆرینۆ پاشخانێیکی هونەری هەبوو کە هەم شاعیر هەم شانۆکاریش و هەم فەلسەو لاهوتی خوێندبوو تێڕوانینەکانیان بۆ گۆڕانکاری و پەیوەندی و چارەسەرکردن جیاوازییەکی زۆریان هەبوو.

دەتوانم لیرەدا ئاماژە بە هەندێک لە جیاوازییەکانیان بدەم

یەکەم :

ـــــ فرۆید: تەرکیز لەسەر ئەزموونە نائاگایی و ڕابردووەکانی مرۆڤ دەکات.

مۆرینۆ: تەرکیز لەسەر کردار و پەیوەندی و ئێستا مرۆڤ دەکات.

فرۆید: نەخۆش باسی ژیانی خۆی دەکات.

مۆرینۆ: کەسەکە، مرۆینۆ بە پاڵەوان ناوی دەهێنێت، لە سایکۆدرامادا دۆخەکان نمایش دەکات.

فرۆید: چارەسەرکەر لێکدەداتەوە و شی دەکاتەوە.

مۆرینۆ: گروپ و تاک و پاڵەوان  پێکەوە دەگەڕێن بۆچارەسەر.

فرۆید: گۆڕانکاری لە ڕێگەی تێگەیشتنەوەیە.

مۆرینۆ: گۆڕانکاری لە ڕێگەی ئەزموون و کردارەوە

فرۆید: تاکە لە ناوەند

مۆرینۆ: پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ناوەندان

دووم:

ــ فرۆید پێی وابوو زۆرێک لە کێشەکان ڕەگ و ڕیشەی لە ململانێی نائاگادا هەیە، زۆرجار لە منداڵییەوە. چارەسەر بریتییە لە ئاگاداربوون لەم ململانێیانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکدانەوە و شیکاری خەونەکانەوە. واتە تێبگە بۆچی بوویت بەو شێوەیەی کە بوویت.

ــ مۆرینۆ: مۆرێنۆ پێی وابوو کە تێگەیشتن هەمیشە بەس نییە. هەروەها مرۆڤەکان پێویستیان بە ئەزموونکردن و تاقیکردنەوەی شێوازی نوێی بوون هەیە. بۆ نموونە لە سایکۆدرامادا مرۆڤ دەتوانێت ئەگەر ناکۆکیەکت لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەت هەبوو: ئەو ناکۆکییە لە گەڵ بەڕێبەرەکەت هەتە نمایشی بکەن. ڕۆڵەکانتان بگۆڕنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەت ئەو ئەو شتانە دەرببڕن کە هەرگیز نەتان پێشتر گوتوە ، لە نواندنەکانتاندا بەدواداچوون بۆ ڕێگەی بەدیل بگەڕێن بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ یەکتری. زۆر بە سادەیی، هەوڵبدە ئەو کەسە بیت کە دەتەوێت بەرامبەرەکت ببێت. واتە حەز دەکەیت بەرامبەرەکەت چۆن مامەڵەت لەگەڵ بکات، تۆش بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکەت بکە.

سێیەم:

ڕوانگەی مرۆڤایەتی

فرۆید: مرۆڤەکان بە قووڵی کاریگەری ئەزموونەکانی ڕابردوویان و پاڵنەرە ناوەکییەکانیان لەسەرە، کێشە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ململانێ نائاگاکان (لاشعور) چارەسەر نەبن.

مۆرێنۆ: کێشە کاتێک سەرهەڵدەدات کە خۆبەخۆیی و داهێنەریی سەرکوت بکرێن و مرۆڤ لە ڕۆڵە کۆنەکاندا گیربخوات و قەتیس بکرێت.

بۆنموونە: ئەگەر کەسێک هەمیشە لە ناکۆکیەکاندا بێدەنگ بێت.

ڕەنگە فرۆید بپرسێت:کەی زانیت دەربڕینی توڕەیی مەترسیدارە؟

ئەم دۆخە چ پەیوەندییەکی سەردەمی منداڵیت بیردەخاتەوە؟

بەڵام ڕەنگە مۆرینۆ ئەم جۆرە پرسیارە بکات

مۆرینۆ:  با دۆخەکە بە خەیاڵ بهێنیە بەرچاوی خۆمان و بەشێوەی دیمەنێکی شانۆیی نمایشی بکەین. هەوڵبدە ئەو شتانە دەرببڕیت کە بەڕاستی دەتەوێت بیڵێیت. لەگەڵ کەسی بەرامبەردا ڕۆڵ بگۆڕە و لە ڕوانگەی ئەوەوە دۆخەکە ببینە، واتە خۆت بخەرە بەرگی کەسی بەرامبەرەوە.

دەرئەنجام:

فرۆید بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر تێگەیشتن لە ڕێگەی شیکاری ڕابردووەوە بوو. مۆرینۆ بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر گۆڕانکاری لە ڕێگەی کردار و داهێنان و پەیوەندییەکان لە ئێستادا بوو.

مەرج نییە فرۆید و مۆرینۆ دژبەیەک سەیریان بکەین و یەکێکیان قبوڵبکەین و ئەویتریان فڕێبدەین، نا هەرگیز، چونکێ هەردوو دوو زانای دەرونشیکاری گەورەن، زۆرێک لە چارەسەرکەرانی دەروونی هاوچەرخ هەم بیرۆکەی فرۆید بۆ تێگەیشتن لە شێوازەکانی ڕەفتاری مرۆڤ هەم بیرۆکەی مۆرینۆ سایکۆدراما چالاکانە پراکتیزەی دەکەن و بەکاری دەهێنن.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.