ئەوە کێیە حوکمی فەزای هاوبەشی نێوان مرۆڤ و هۆشی دەستکرد* دەکات؟ ئەو پلانانەی کە ڕاستەوخۆ مێشکی مرۆڤ دەبەستێتەوە بە ژیانی تایبهتی دەستکردەوە، ڕەنگە هۆشیاریمان سەبارەت بە مرۆڤ بگۆڕێت.
ژیژهك دەترسێت کە ئەم تەکنەلۆژیای دواڕۆژه، کۆمەڵە خەڵکانێکی پلە باڵای خۆشگوزەرانی ئۆرستۆكرات بەرهەمبهێنێت کە پارێزگاری لە شوناسی تایبەتیان و ئیرادەی ئازادانەی خۆیان دەکەن بهسهر ئهوانیتروه. ئەگەر زانایان بگەن بەم بیرۆکەیە، ئەوکات دەسەڵاتی تەواویان فەزای دیجیتاڵدا بەسەر خەڵکە ئاسایی و هۆشیاریشی خهڵكیشیدا دهبێت .
با ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە داهێنەرو بلیۆنەر (ئیلۆن موسك) ویستێکی ئێجگار گەورەی هەبووە بۆ گەشەپێدانی ئامێری ئهلکترۆنی و لەگەڵ تیمێکی کارگوزەر، بۆ ئەو پرۆژە نوێیەی كه ناوی نۆیرالینك “neuralink” بوو، بهوهی دهشێت ئامێرێك بخرێته ناو مێشكی ئهو مرۆڤهوه و لهڕێگهیهوه توانای ئیدارەکردنی ئامێرو مهكینهكان و ژیانێكی باشتر بۆ خەڵک دهڕهخسێنێت. بیرۆکەکەیش لە بنچینەدا خراپ نهبوو، لەبەر ئەوەی بەم ڕێگایە ئاسانكاری بوو بۆ کۆمەڵە خەڵکانێك کە بەدەست ئازارو نەخۆشی جۆراوجۆره وه دهیانناڵاند. بهجۆرێك كه بتوانن ژیان بکەن، نەوەكو ملکەچی ئەوجۆرە نەخۆشییە بن. نموونەیەکی باشیش لەسەر نەخۆشی لەرزۆکی یان شهپڕه parkinson’s تاقیكرایهوه ، بەڵام بێگومان پلانی بەرزەفڕی لەم جۆرە، نەیاری خۆی هەیە.
پرسیاری یەکەم ئەوەیه; کێ چاودێریی فەزای دیجیتاڵ دەکات؟! ئەمەیش پرسێکی سیاسیی گەورەیە. من بڕوام بەخەون خەیاڵاتی ئەو زانا ئەمریکیانە نییە، کە پێیان وایە؛ لە داهاتوودا هەموومان دەبینە بەشێك لەیەکە یەکەی مێشکانەی دەستە جەمعی collective cerebral unity . بهڵكو پرسیارە سەرەکییە بەلای منەوە- کە وەڵامەکەیم پێ نییە-، ئەوەیە تەکنەلۆژیا چ کاریگەرییەك لەسەر تێگەیشتنمان جێدەهێڵێت سەبارەت بەخودی خۆمان؟ ئێمە هێشتاش وەك کۆمەڵێك بونەوەری ئازاد ماوینەتەوە، یاخود لەلایەن ماشێنێکی دیجیتاڵەوە ڕێکدەخرێین؟ ئێستا دەگەینە خاڵی سەرەکیی ئەم ئایدییایە-ڕەنگە هەر نەیشزانین لە لایەن ماشێنی دیجیتاڵەوە ڕێکدەخرێین.
کۆمپیوتەرەکان لەوە زیاتر دەزانن، کە ئێمە لەبارەی خۆمانەوە دەیزانین
ژیژەك خەمی ئەوەیەتی، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دەرفەتێك بخاتە بەردەم سیاسییەکان، بۆئهوهی (هۆشی دەستکرد) لهپلهی یهكهمدا بێت و ببێته مایەی ملکەچکردنمان. سیاسەتێکی وەها خەڵک کۆنتڕۆڵ دەکات، هەندێك شتیان پێدەکات کە خۆشیان هەر نازانن کردوویانە، ئەمەیش کۆمەڵێك ئاماژەی تۆتالیتاریی لەخۆیدا هەڵگرتووە.
“بیرت بێت، هەوڵەکان بۆ دەسەڵات بەسەر ئێمە، هەر لەدێرزەمانەوە هەبووە. خۆدەزانم ئایندە چیمان بۆ دێنێت؛ بێئهوهی بهخۆمان بزانین لە لایەن (هۆشە دەستکردەکانەوە*) دەپشکنرێن و لهمهڕ تەندروستیمان باڵا دەستدەبن. لەگەڵ ئەوەشدا، کردارەکانمان كۆنترۆڵ دهكهن و ئاگاداری ههموو شتێكی ژیانمان دهبن، بهوهی چی دەکڕین، و بیرو باوەڕە ئیدیۆلۆژییە سیاسییەکانمان، و دەنگ بە کێ دەدەین، و …هتد…بهمجۆره کۆمپیوتەرەکان لەوە زیاتر دەزانن کە ئێمە لەبارەی خۆمانەوە دەیزانین!
ژیژاك لاری لەگەڵ ئەمەدا نییە، چونکە ئێمه لە یۆتۆبیادا ناژین. ئەویش لەو پێناوەدا، تاوەکو بتوانێت بەرهەڵستی ئەم داهاتووە بکات دهڵێت:
ئایا ئێمە لەقۆناغێکی نوێ و ئێرایهكی نوێی مرۆڤایەتی نزیکبووینەوە؟ پارادۆكسه كه بڕوای وههایه کە ژیانکردن لەدەرهوەی فەزای دیجیتاڵی بۆ خۆی شەرەفمەندانە و مایەی خۆشگوزەرانییه ؟ ئایا خۆشگوزهران ئهوانهن كه فەزای دیجیتاڵی ڕێکدەخەن و بەرنامە ڕێژدەکەن، بهڵام خۆیان نابنە بەشێك لێی؟! بەم پێیەش دابەشکارییەکی نوێی چینایهتی دێته ئاراوه، کە زۆر بەهێزترە لەوەی تیۆرە مارکسیەکە داکۆکی لێ دەکرد. دەبێت ئهم دابەشکاریه لەنێوان ئەوانەدا بێت کە چاودێریدەکرێن و ئەوانەشی کە ههم چاودێری خۆیان و ئەوانیتر دەکەن .
سەرچاوە: The Zizek Times
-*هۆشی دهستكرد؛ وهك كۆمپیوتهر و مۆبایل و ئامێری داتاكان.