گه‌ر سه‌یری ئه‌م فۆتۆیه بكه‌یت، ده‌بینین ئیمام خومه‌ینی دوای پانزه ساڵ دووركه‌وتنه‌وه له‌ئێران، له مه‌نفای پاریسی ده‌گه‌ڕێته‌وه و دهووردراوه بهنێزكترین هاوخه‌باتی خۆی له‌شۆڕشدا. به‌ڵام با بپرسین ئه‌مانه ئێستا له‌كوێن و چاره‌نوسیان چی بووه؟
بێگومان دوای گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه بۆمانده‌ركه‌وت، كه زۆربه‌یان مردوون، یاخود ساڵانی دوای ئه‌و هاتنهوهیهیان له‌گه‌ڵ ئیمام خومه‌ینیدا كوژراون. له‌ڕاستیدا، ئه‌مانه له ساڵی ١٩٧٩ قاره‌مانه‌كانی چركه‌ساتی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئێرانی بوون. به‌ڵام دیاره وه‌ك ده‌ڵێن؛ شۆڕش منداڵه‌كانی خۆی ده‌خوات، هه‌ر بۆیه به‌ره‌پێشچوونه‌كانی شۆڕش وه‌هایكرد كه جگه له‌یه‌كێكیان نه‌بێت، ئه‌وانیتر هه‌موویان له‌سه‌ر شانۆی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیدا گووم بن و ببن به‌هه‌ڵم. لێره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌نوسی ئه‌م گروپه دیاریبكه‌ین كه پێش چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ئیمام خومه‌ینیدا هاتنه‌وه بۆ ئێران و لهفۆتۆكاندا ژماره‌یان له‌سه‌ر دانراوه.
-
مورته‌زا موته‌هه‌ری (مرتضى مطهري): موته‌هه‌ری كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیای كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌و سیفه‌ته‌ی یه‌كێكه بوو له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شوورای ئیسلامی پێش ڕووخانی ڕژێمی شاهه‌نشا. به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ڕۆژی یه‌كی ئایاری ١٩٧٩ له‌تاران تیرۆركرا. جه‌ماعه‌تی (فرقان) لێپسراوێتی خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌م تیرۆركردنه به‌ئاشكرا ڕاگه‌یاند. (فرقان) جه‌ماعه‌تێك بوون له دژی حكومه‌تی ئیسلامی ئێران بوون، چونكه ئه‌وان هه‌ڵگری شرۆڤه و بۆچوونی جیاواز بوون له‌مه‌ڕ ئیسلام و حوكمداری ئیسلامی. هه‌ندێك له‌وبڕوایه‌دا بوون، كه ئه‌م جه‌ماعه‌ته هه‌ڵگری بیروڕایی توندڕه‌وی بوون.
-
حه‌سه‌ن لاهوتی ئاشكوری (حسن لاهوتي أشكوري): ئاشكوری نێزیكترین كه‌س بوو له ئیمام خومه‌ینی به‌ڵام له‌دوای شۆڕش زیاتر له سه‌رۆكی ئێرانی (ئه‌بو حه‌سه‌ن به‌نی سه‌در) نێزیك بوو. دوو ساڵ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش، ئاشكوری زیندانی كرا‌و دوای چه‌ند ڕۆژێك دوای ده‌ستگیركردنی، لهزنیداندا مرد. به وته‌ی خێزانه‌كه‌ی (ئاشكوری) ژههرخوارده كراوه.
-
ئه‌حمه‌د خومه‌ینی؛ كوڕی ئیمام خومه‌ینه و به‌ده‌سته ڕاستی باوكی وه‌سفده‌كرا. له ئازاری ١٩٩٥ دا به‌هۆی نه‌خۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد. ڕایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت؛ خانه‌واده‌ی خومه‌ینی له‌ڕووی سیاسیه‌وه زیاتر هه‌واداری ته‌وژمی ڕیفۆرمخوازی بوون.
-
سادق قوتبزاده (صادق قطب زاده): وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بوو له‌دوای شۆڕش، تاوه‌كو له مانگی ئاوگوستی ١٩٨٠ ڕه‌وانه‌ی زیندان كرا و له سێپتمبه‌ری ١٩٨٢ به‌تۆمه‌تی پیلاندانان بۆ تیرۆركردنی ئیمام خومه‌ینی و ڕووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیعدامكرا.
-
ئه‌بو حه‌سه‌ن به‌نی سه‌در (أبو الحسن بني صدر): یه‌كه‌مین سه‌رۆك بوو له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی شا له ئێران‌دا. ئه‌ویش به‌بێ ئاماده‌بوونی (به‌نی سه‌در) خۆی، په‌ڕله‌مانی ئێرانی له ٢١ حوزه‌یرانی ١٩٨١ به‌تۆمه‌تی نێزیكیبوونهوهی له ئۆپۆزیسێۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران، متمانه‌یان لێ سه‌نده‌وه. به‌نی سه‌در له‌ئێران هه‌ڵات و ئێستا ئه‌ویش له پاریس ده‌ژی.
-
سادق ته‌با ته‌بائی (صادق طباطبائي) : زاوای ئه‌حمه‌د خومه‌ینی بوو، چه‌نده‌ها پۆستی گرنگی له حكومه‌تدا وه‌رگرت، له‌وانه جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بوو له‌حكومه‌تی (مه‌هدی بازرگان)، به‌ڵام دوایی خۆی دوورخسته‌وه له سیاسه‌ت و ساڵانی دوایی ته‌مه‌نی له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێ بوو، هه‌ر له‌وێش به شێرپه‌نجه‌ی سیی له شوباتی ٢٠١٥ دا كۆچی دوایی كرد.
-
داریوشی فروهه‌ر (داريوش فروهر): وه‌ك لهفۆتۆكهدا ده‌بینین به‌شێكی سه‌ری ده‌رده‌كه‌وێت و له‌پشته‌وه ڕاوه‌ستاوه. داریوشی فروهه‌ر له‌دژی حكومه‌تێك بوو كه پیاوانی ئاینی حكومی بكه‌ن. دوایی له ساڵی ١٩٩٨ ده‌سته‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی ئیستخباراتی ئێرانی كه تایبه‌ت بوون به پاكتاوكردنی (ڕه‌گه‌زه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان ) خۆی و ژنه‌كه‌یان تیرۆر كرد.