من هه‌ر له منداڵیمه‌وه نابینام، نازانم له ده‌ره‌وه چ باسه، سی و دوو ساڵی ته‌واوه نازانم دونیای ده‌ره‌وه‌ی من چۆن ده‌جوڵێته‌وه و چ ڕه‌نگێکی هه‌یه. هه‌موو شتێکی جیهانی ناوه‌وه‌ی خۆم ده‌بینم، به‌ڵام له خۆم بترازێت دونیا له تاریکییه‌کی قه‌شه‌نگ و بێشه‌رمدا مه‌له ده‌کات. له‌وه ده‌چێ دونیای ده‌ره‌وه زۆر ناشرین بێت، وا خودا بینایی نه‌به‌خشی به من تا بیبینم.
چونکه هه‌ر شتێ ناشرین بێت خۆم ناگرم و هاوار ده‌که‌م. من باڵنده ته‌نها به ده‌نگیدا ده‌ناسمه‌وه. که به شاخدا سه‌رده‌که‌وم ئینجا ده‌زانم چ ڕه‌نگێکی دڵڕه‌ق و سه‌خت و قاسی هه‌یه. که به‌فر به‌ر ده‌م و چاوم ده‌که‌وێت، هه‌ست ده‌که‌م ڕه‌نگێکی زۆر نه‌رم ونیانی هه‌یه، که من ناوم ناوه ڕه‌نگی ئامێزان. خه‌ڵکی ده‌ڵێن سپی، نازانم سپی چۆنه، که پرسیاریش ده‌که‌م ده‌ڵێن پێچه‌وانه‌ی ڕه‌ش، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌بینن، نازانن چۆن چاویان به‌کاربێنن. ئێوه باران چۆن ده‌بینن که‌یفی خۆتانه، به‌ڵام لای من باران ڕه‌نگی شتنه‌وه‌ی هه‌یه، شتنه‌وه‌ی گوناحه‌کان ، شتنه‌وه‌ی ده‌م و چاوه ماندووه‌کان، که منداڵ بووم،هه‌ستم ده‌کرد باران بۆ من ده‌بارێت و دڵۆپه‌کانی ده‌یانه‌وێ شتێ به من بڵێن. که به‌ر ده‌م و چاوم ده‌که‌وتن هه‌وڵێکی زۆرم ده‌دا بزانم چی ده‌ڵێن، چه‌نده‌ها شه‌وم ڕۆژکردۆته‌وه تا له‌و زمانه ته‌ڕه بگه‌م. دوای چه‌ند ساڵێکی زۆر سارد بوومه‌وه لێیان دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان هیچیان نه‌بوو به من بڵێن، هه‌ستم کرد ئه‌وانیش وه‌کو من نابینان، به‌سه‌ر هه‌موو شتێک و که‌سێکدا ده‌بارێن بێ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن. مرۆڤ که هیچی نه‌بینی، زیاتر به خه‌یاڵ ده‌بینێت و به خه‌یاڵ ده‌ژی. بۆیه منیش ناچار بووم دونیا به جۆرێکی تر ڕێک بخه‌مه‌وه، وه‌ک ئه‌ندازیارێک به قۆپییه ده‌رچووبێت دونیا به شێوه‌یه‌کی تر بینا بکه‌مه‌وه، به‌و جۆره‌ی من ده‌مه‌وێت هه‌ستی پێ بکه‌م و بیبینم.بۆیه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌م گه‌ردوونه‌دا هه‌یه، به هه‌تاو و ئه‌ستێره‌و سروشت و مرۆڤه‌کانییه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌م قاوشه‌شه‌وه که من له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌کی له ڕاڕه‌وه‌کانیدا پاڵکه‌وتووم و چاوه‌ڕێ ده‌که‌م نیوسه‌عاتی تر بمبه‌ن بۆ نه‌شته‌رگه‌ریی چاوه‌کانم، ناچاربووم مانای تریان پێ بده‌م و فۆڕم و ڕه‌نگی تر وه‌ربگرن، هه‌تاو لای من له ته‌نوورێک ده‌چێ له زمانی ئاگر زیاتر فێری هیچ زمانێکی تر نه‌بووه، مانگ له عاشقێک ده‌چێ هه‌ر چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات و نایه‌ت.ئه‌ستێره‌کان له کۆمه‌ڵێ منداڵ ده‌چن که به ئاسمانی خه‌یاڵدا بڵاوبووبێتنه‌وه، کۆمه‌ڵێک منداڵ که قه‌ت نه‌چنه‌وه بۆ ماڵه‌وه. نا وا مه‌زانن من هێنده بێ مێشک و نه‌زان بووم هه‌ر له خۆمه‌وه ویستوومه یاری به دونیا بکه‌م، یارییه‌ک که هیچی لێ نازانم و دونیایه‌ک که نه‌مبینیووه، من یاریشم کردبێ له‌گه‌ڵ خۆمدا بووه و به دزییه‌وه بووه‌و قه‌تیش له یاساکانی یارییه‌که نه‌چوومه‌ته ده‌ره‌وه. ڕه‌نگه چه‌ند که‌سێک له ئێوه که له ده‌ورم کۆبوونه‌ته‌وه وا بزانن من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نابینا بووم بۆیه به‌و جۆره ویستوومه حه‌قی خۆم له دونیای بێ وه‌فاو بێ جه‌فا بکه‌مه‌وه. گاڵته به گه‌ردوونێک بکه‌م که نایبینم، نا ئازیزان! نازانم ئه‌م کوڕی مامه‌م چه‌ندێ زمانه‌که‌تان ده‌زانێ تا قسه‌کانی منتان به جوانی بۆ وه‌ربگێڕێت تا هه‌ست نه‌که‌ن که ویستوومه فێڵ بکه‌م، من که بێ چاوم، ئه‌وه گه‌وره‌ترین فێڵه له خۆم کراوه.ئیدی فێڵی چی له دونیا بکه‌م؟ دونیایه‌ک که سی و دوو ساڵه خۆی لێشاردوومه‌ته‌وه و چاوشارکێم له‌گه‌ڵدا ده‌کات و له ژێریشه‌وه ژه‌قنه‌بووتم پێ نۆش ده‌کات. من له‌م یارییه‌دا گزییه‌کم لێ کراوه هیچ شتێک له دونیادا نابینم ئه‌و گزییه نه‌بێ. بیهێننه به‌ر چاوی خۆتان به ناو تاریکیدا ده‌ڕۆی، ده‌ڕۆی و ده‌ڕۆی وله تاریکی خۆی زیاتر هیچ شتێکی تر نایه‌ته سه‌ر ڕێگات.له تاریکی زیاتر که‌س سه‌لامت لێ ناکات، له گوڵی تاریکیی زیاتر هیچ شتێکی تر له باخچه تاریکه‌کانتا ناڕوێ. وه‌ک تۆ فیلمێکی سینه‌مایی بیت و تاریکیی به زۆر گرێبه‌سته‌یه‌کی پێ ئیمزا کردبیت و بۆ ئه‌به‌د کورسییه‌کانی هۆڵه‌که‌ی کڕی بێت، یان تاریکیی بینه‌ری هه‌میشه‌یته یان ده‌بێ سینه‌ماکه به‌سه‌ر خۆتدا وێران بکه‌یت، ڕۆژ ده‌بێته‌وه لای تۆ تاریکه، نان ده‌خۆی تاریکه، نا من نان ناخۆم، من تاریکیی ده‌خۆم، به ئاوێکی تاریک خۆم ده‌شۆم، خۆم به تاریکیی وشک ده‌که‌مه‌وه، تاریکیی له‌به‌رده‌که‌م و سه‌ر ده‌که‌مه سه‌ر تاریکیی تا خه‌وێکی تاریکم لێ بکه‌وێت، که خه‌ونیش ده‌بینم هه‌ر تاریکه. که من له منداڵییه‌وه کاره‌با له چاوه‌کانمدا کوژابنه‌وه، چ باکم هه‌یه ئه‌م یارییه‌ی من له‌گه‌ڵ دونیادا چۆن ته‌واو ده‌بێت. که من هه‌ر له دایکبوونمه‌وه گڵۆپه‌کانی چاوم سکووتیان کردبێت، له ژوورێکی تاریک ونووته‌کدا که‌س نازانێ ئه‌م شه‌ڕه کێ ده‌یباته‌وه و بیرکردنه‌وه له براوه‌و دۆڕاو جگه له سه‌رابێک هیچی تر نییه. ناوی بنێن یاری، ناوی بنێن شه‌ڕ، چۆنتان پێ خۆشه با وا بێت، به‌ڵام نه یاری، نه شه‌ڕ به چاو به‌ستراوه‌یی ناکرێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو زیاتر وای لێ کردم به‌و نه‌شته‌رگه‌رییه ڕازی بم که بۆم ده‌کرێت، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌و سه‌رابه بێمه ده‌ره‌وه. بیهێننه به‌رچاوی خۆتان سی و دوو ساڵی ته‌واوه به‌جۆرێکی تر دونیا‌م داڕشتۆته‌وه، گه‌ر بینایم بۆ بگه‌ڕێته‌وه هه‌موو شتێک داده‌ڕمێ وتێک ده‌چێ، هه‌موو شتێک. نیوه‌ی ته‌مه‌نم ده‌بێ بخه‌مه ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌که‌وه، من چه‌نده‌ها ساڵم ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی دونیا کۆنه‌که له بیر خۆم ببه‌مه‌وه، چه‌نده‌ها ساڵی ترم ده‌وێ دونیا تازه‌که خۆیم پێ بناسێنێ و له‌گه‌ڵیدا ئاشت ببمه‌وه، منیش هه‌ر ته‌نیا ژیانێکم هه‌یه، دوو دونیا‌و ژیانێک ئه‌مه چه‌ندی به چه‌ند هاوڕێیان چه‌ندی به چه‌ند؟ نا وامه‌زانن ئه‌م سی و دوو ساڵه هه‌ر پاڵم داوه‌ته‌وه و به دونیا پێکه‌نیووم، خزمه‌ت کراوم و نازم گیراوه، نا ئازیزان من قه‌ت کوڕی پاڵدانه‌وه‌و ته‌مبه‌ڵی نه‌بووم، من قه‌ت له ماڵه‌وه خۆم نه‌گرتووه، ڕاستان ده‌وێ که‌م که‌س ده‌یانزانی که نابینام، چونکه من زۆر شتم ده‌بینی، به‌ڵام ئه‌و بینینه نا که چاوێکی ئاسایی وه‌ک ئێوه ده‌یبینێ، من زیاتر هه‌ستم به شته‌کان ده‌کرد و بۆنم ده‌کردن و قه‌تیش له‌وه‌دا هه‌ڵه‌م نه‌کردووه که بۆ چرکه‌یه‌کیش چییه فه‌رامۆشیان بکه‌م، ئێوه که‌یفی خۆتانه بڕوام پێ ده‌که‌ن یان نا، به‌ڵام من قووتابخانه‌م وه‌ک هه‌ر منداڵێکی تر له قووتابخانه‌یه‌کی ئاسایی‌دا ته‌واو کردووه‌و یه‌کێکیش بووم له زیره‌که‌کان، ته‌نها گوێ گرتن له وانه‌کان به‌س بوون بۆم ، له جیاتی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌فته‌ر بیاننووسمه‌وه، له‌سه‌ر مێشکه تاریکه‌که‌م ده‌نه‌خشاندن وله تاقی کردنه‌وه‌کانیشدا که بۆ من به ده‌م بوو هێنده باشم وه‌ڵام ده‌دانه‌وه هیچ مامۆستایه‌ک رووی نه‌ده‌هات بمخات، ئه‌م کوڕی مامه‌م که ئێستا قسه‌کانی منتان بۆ ته‌رجوومه ده‌کات ده‌زانێ چ تۆپ تۆپێنێکم ده‌کرد، خۆی هه‌میشه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد من پاسی بده‌مێ، یاری نه‌بووه گۆڵ نه‌که‌م ، به ده‌گمه‌ن نه‌بێ تیپه‌کانی به‌رامبه‌ر نه‌یانده‌زانی نابینام، به‌ڵام دڵم به یه‌کجاری له دووگۆڵی ڕه‌نجا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی که هه‌واڵی کوێرێتی من زۆر بڵاوبووه‌وه‌و له دوا په‌نارتیشمدا نازانم بۆ خوار وه‌ستام و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بیگرمه گۆڵ، خه‌یاڵ بردبوومیه‌وه‌و هه‌موو حیسابه‌کانی درێژیی و پانیی ساحه‌که‌م لێتێکچووبوو که به موو تیایدا هه‌ڵه‌م نه‌ده‌کرد، ئه‌وانه‌ی خۆشمان قسه‌یان نه‌کرد، وایان ده‌زانی فه‌ن ده‌که‌م ، لێمداو به‌ر ده‌م و چاوی منداڵێک که‌وت که له قه‌راغ ساحه‌که کالیاری به ترشوو خوێوه ده‌فرۆشت، هێنده پێم پێکه‌نین و هێنده‌ش جنێویان پێ دام، هێنده‌ش گریانی ئه‌و منداڵه له مێشک و گوێم‌دا ده‌زرینگایه‌وه، بڕیارم دا تا ئه‌و ده‌نگی گریانه ته‌واو نه‌بێت قاچم به‌ر تۆپ نه‌که‌وێته‌وه، چه‌نده‌ها ساڵ ئه‌و ده‌نگه له کۆڵم نه‌بووه‌و هه‌نیسکی ئه‌و منداڵه که ئه‌و ئێواره‌یه کالیاره خوێناوییه‌کانی بردبووه‌و به‌ر ده‌می باوکی و لێدانی له‌سه‌ر خواردبوو قه‌ت منی نه‌کرده‌وه به‌و مرۆڤه‌ی جاران.ئا ئێستاش هه‌ندێ جار له خه‌و‌نه‌کانمدا هه‌ست ده‌که‌م منداڵه‌که به خۆی و سینییه‌که‌وه دێته به‌ر ده‌مم و منیش چی پاره‌م هه‌یه ده‌یده‌مێ و وه‌ک شێت خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه. وه‌ک وتم من قه‌ت له ماڵه‌وه دانه‌نیشتووم و پاڵی لێ بده‌مه‌وه، هه‌میشه ئیشم کردووه‌و ورده شتم فرۆشتووه‌و پاره‌که‌یم هێناوه‌ته‌وه، من کوڕی ماڵێک بووم ده‌ست کورت و موحتاج، نییه له ئاو زیاتر له ماڵی ئێمه‌دا به‌کارده‌هات، ،بۆیه هه‌میشه ده‌بوایه ئیش بکه‌م و حه‌زیشم لێ بوو، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌م ئیشه‌شم که به هۆی ئه‌م کوڕی مامه‌مه‌وه لێره ده‌ستم که‌وتووه‌و ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌ش بۆ چاوه‌کانم چیرۆکه‌که‌ی هه‌ر لێره‌وه‌یه، ئیشێکی ترم له کوردستان ده‌ست که‌وت و ماوه‌ی چه‌ند مانگێکی خایاند، بڕوا ده‌که‌ن یان نا به‌ڵام ئه‌و چه‌ند مانگه کرابووم به لێپرسراوی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی، رۆژێکیان به به‌رده‌می دایره‌یه‌کدا تێده‌په‌ڕم و فه‌راشی دایره‌که به هه‌ناسه بڕکێوه دوام ده‌که‌وێ و منیش به 24 نانی گه‌رمه‌وه، ده‌ڵێ قوربان وه‌ره ژووه‌ره به‌ڕێوه‌به‌ر ئیشی پێته، من نازانم له ژووری به‌ڕێوه‌به‌ردا چی ڕووی داوه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌وره له کێ تووڕه بووه‌و ئه‌ویش سوێندی خواردووه که به‌م سه‌عات هه‌شتی به‌یانییه یه‌که‌م که‌س له په‌نجه‌ره‌که‌یه‌وه بیبینێت، بیکات به لێپرسراوی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی که ژیان و سیستێمی دایره‌که‌یانی به ته‌واوی په‌ک خستبوو، ،بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێم ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵدا کردم و له‌گه‌ڵ فه‌ڕاشه‌که‌دا ناردمی بۆ لای موحاسیب و ناوم چووه قائیمه‌ی مه‌عاشه‌وه، ته‌نها قسه‌یه‌ک که کردی ئه‌وه بوو وتی ئازیزم! بچۆ گه‌نده‌ڵکاره‌کانم بۆ بدۆزه‌ره‌وه‌و ناوه‌کانیانم بۆ بێنه سه‌ر ئه‌م مێزه، بچۆ بۆ لقه‌کان، بۆ شارۆچکه‌کان، تۆ نێردراوی تایبه‌تی منی، ئه‌و کوڕێکی گه‌نج بوو دیار بوو ده‌یویست که‌مێک گۆڕانکاری بکات، وتم قوربان! گه‌نده‌ڵیی له سه‌رچاوه‌وه دێت، وتی باشه تۆ ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌م بۆ بێنه، ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش بۆ من به‌جێبێڵه.هه‌ستم کرد ژووره‌که‌ی پڕه له خه‌ڵک، بۆنی ده که‌سی تووڕه‌م ده‌کرد که هه‌موویان ئاگریان لێ ده‌بووه‌وه.ده‌موویست پێی بڵێم که ئه‌م ئیشه به که‌ڵکی من نایه‌ت، به‌ڵام نه‌یده‌هێشت هیچ بڵێم ، پێشم بووتایه نابینام، له‌و بڕوایه‌دا بووم زۆر به لایه‌وه گرنگ نه‌بێ چونکه تازه دیار بوو سوێندێکی گه‌وره‌ی خوارد بوو، منیش لای خۆمه‌وه هه‌ستم ده‌کرد ڕه‌نگبێ ئیشێکی وا بتوانم بکه‌م، به‌ڵام به داخه‌وه نه‌متوانی، نه‌ک چاوانی نابینای من که ته‌نها هه‌ست کردن بووه به چاویلکه‌ی، به‌ڵکو به سه‌ده‌ها چاوی ساغ فریای ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه زۆره نه‌ده‌که‌وت، بۆیه ئه‌و ناشرینییانه وایان له‌من ده‌کرد هاوار بکه‌م، وه‌ک تایه‌یه‌کی نه‌ورۆز قرچه قرچ ده‌سووتام و ده‌تلامه‌وه و به ده‌وریشمدا زه‌ماوه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕکێ وه‌ک ئاگره‌که گه‌رم بوو، ئه‌و ماوه‌یه خراپ فێری هاوار بوو بووم، هێنده هاوارم کرد ، خه‌ڵکانێکی زۆر له هاواره‌کانم بێزار بوون، جنێوی سه‌یر سه‌یریان بۆ ڕه‌وانه ده‌کردم، ئێمه‌ی کورد بۆ جنێودان زۆر ئازاین، چونکه هیچی ترمان نییه به یه‌کتر بڵێین. به شه‌قامه‌کاندا ده‌ڕۆشتم و هاوارم ده‌کرد، به قه‌یسه‌رێکاندا له‌م ده‌رگایه‌وه بۆ ئه‌و ده‌رگای، هاوار و ناڵه‌م به دووکانه‌کانیه‌وه ده‌مایه‌وه، هاواره‌کانم ده‌چوونه ناو سه‌وزه‌و میوه‌کانه‌وه، ناو چێشتخانه‌کانه‌وه، قیژه‌کانم ده‌چوونه ناو ژووری زانکۆ و قووتابخانه‌کانه‌وه، یه‌ک به یه‌کی دایره‌کانه‌وه، ناو ژووری ڕازاوه‌ی ئوتێله‌کانه‌وه، تا هه‌مووان خراپ لێم بێزار بوون و چه‌ند جارێک پۆلیسیان بۆ بانگ کردم و له‌وێش که ده‌یانزانی نابینام ، به‌ریان ده‌دام و تا دواجار به ئۆتۆمبیله‌که‌ی خۆیان تا به‌ر ده‌می ماڵه‌وه هێنایانمه‌وه‌و وتیان ئیتر به‌سه، تکایه واز بێنه ده‌نا جارێکی تر گلت ده‌ده‌ینه‌وه. باش بوو ئه‌م کوڕی مامه‌م به هۆی لووتمه‌وه ئیشێکی له کارگه‌یه‌کی به‌ناوبانگی (بۆن) دا لێره لای ئێوه بۆ دۆزیمه‌وه، چونکه لووتی من به‌هره‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆنکردنی هه‌یه ، من ته‌نها به بۆن کردن ده‌زانم که 14 که‌س له‌م قاوشه‌دا وه‌ستاون و دووانیش هاتووچۆ ده‌که‌ن، من ده‌توانم به یه‌که یه‌که‌تان بڵێم که ئه‌م به‌یانییه چیتان خواردووه‌و گۆره‌وییه‌که‌تان چه‌ند ڕۆژه نه‌شتووه، کامتان غه‌مبار به قوڕاویی ژیاندا ڕۆچوونه‌و کامتان بۆنی ژیان له هه‌ناسه‌تان دێت. نا وا مه‌زانن من هێنده نابینام ، هێزی بۆنکردنی من هه‌ر بۆخۆی حیکایه‌تێکه، تا ئه‌م ئامۆزا شیرینه‌م که خۆی به‌شی کیمیای ته‌واو کردووه‌و هێزی بۆنکردنی منی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی گێرایه‌وه‌و ئه‌ویش بڕوای پێ کردبوو وتبووی گه‌ر وا به‌هێز بێت ده‌توانێت قازانجێکی خه‌یاڵیی بۆ کارگه‌که‌مان به‌ده‌ست بێنێت و هه‌ر له ئێسته‌وه کاری بۆ ده‌که‌م بۆ ڕاکێشانی بۆ ئێره وه‌ک هێزی کار. جا که لێره منی تاقی کرده‌وه زۆری به دڵ بوو، دوو مانگیشه به هۆی منه‌وه قازانج ڕیکۆردی گه‌وره‌ی شکاندووه، ئیشه‌که‌شم ته‌نها ئه‌وه‌یه ده‌چمه تاقیگاکه‌وه‌و به بۆن کردن ئه‌و شووشه عه‌ترانه لێک جیا ده‌که‌مه‌وه‌و پێیان ده‌ڵێم چ ماده‌یه‌کی که‌مه‌و چی زیاده‌یه، ئه‌وه دوو مانگه هێنده لێم ڕازییه که حه‌ز ده‌کات هه‌موو مه‌سره‌فێکم بکات تا چاوه‌کانم بۆ چاک بکاته‌وه، من ده‌زانم ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه پاره‌یه‌کی زۆری تێ ده‌چێ ئه‌ویش ده‌ڵێ چه‌ندی تێ ده‌چێ با تێیچێ، پێده‌که‌نێ و ده‌ڵێ: من به هۆی لووتته‌وه، له لووتته‌وه ده قات ده‌ردێنمه‌وه. هاوڕێیان ! ئه‌وه ئیتر کاتێکی زۆرم نه‌ماوه، تۆزێکی تر دێن و ده‌مبه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌تان زانی دوکتۆر و سیسته‌ره‌کان هاتن، دوکتۆر ده‌ڵێ: که نه‌شته‌رگه‌رییه‌که شه‌ش سه‌عاتێکی پێ ده‌چێت، دوایی ده‌مبه‌نه ژووری ژماره 13، گه‌ر پێتان خۆش بوو وه‌رن بۆ ئه‌وێ و سه‌رێکم لێ بده‌ن، من نازانم دوای شه‌ش سه‌عاتی تر چی ڕووده‌دات، به‌ڵام دوکتۆر ده‌ڵێ، که مادام من به نابینایی له دایک نه‌بوومه و مانگی یه‌که‌می ته‌مه‌نم شتم بینیووه‌و دوایی بوغچه‌ی پیسی هه‌ڵواسراوی بن‌میچ به ته‌پ و تۆزه‌که‌یه‌وه که‌وتۆته سه‌ر چاوه‌کانم و له‌و ڕۆژه‌وه بیلبیله‌کانم نه‌خۆش که‌وتوون و خۆیان شاردۆته‌وه‌و که‌س نازانێت له کوێدان، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی بێکه‌ڵکم بۆ کراوه که ئیشه‌که‌یان ده ئه‌وه‌نده خراپتر کردووه و شوێنی زۆر ناسکیان ڕووشاندووه. بۆیه ئه‌و ده‌ڵێ ، که چانسی سه‌رکه‌وتن په‌نجا به په‌نجایه ئای هاوڕێیان ! له سه‌دا په‌نجا هه‌ر زۆر زۆره، قه‌ت ئه‌وه‌نده زۆر نه‌بووه، هه‌رچه‌نده نیوه‌یه به‌ڵام له نیوه‌که‌ی تر هه‌ر زۆر زیاتره، به‌تایبه‌تی بۆ من وه‌ک بیتاقه‌یه‌ک وایه که ده‌رچووبێت و جارێ پاره‌که‌یم وه‌رنه‌گرتبێت. بۆ ئه‌وه‌ش زیاتر پێم خۆشه ببینم ، تا بزانم کاممان له من و دونیا گاڵته‌و یاریمان به‌وی تر کردووه، ئامۆزای شیرین! هاوڕێیانی نه‌ناسی ناو ئه‌م قاوشه ناشرینه! ئه‌وه ده‌چم بۆ ژووری نه‌شته‌رگه‌ریی و به‌قه‌د ئه‌م دونیایه دڵم له ڕووناکیی ده‌ترسێت، به‌قه‌د ئه‌م گه‌ردوونه پرسیارم هه‌یه، وه‌رن و سه‌رم لیبده‌ن، با به‌ته‌نیا نه‌بم، من هیچ کاتێک له تاریکیی نه‌ترساوم، به‌ڵام گه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌که سه‌ری گرت و دونیا له چاوه‌کانی مندا ڕووناک بووه‌وه، ره‌نگبێ ترسێکی زۆرم لێ بنیشێت، بۆیه حه‌ز ناکه‌م ته‌نیا بم، حه‌ز ناکه‌م.
یانوه‌ری
2009
سەرچاوە: سایتی چراکان