کەریم پەڕەنگ: وەرگێڕان نوسینەوەی دەقێکی نوێیە بە زمانێکی تر

Loading

لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان، بەتایبەت لە دونیاى ئەدەبدا، شەپۆلێکى گەورەى وەرگێڕانى بەرهەمە بیانییەکان بەدى دەکرێت، کە ئەم بەرهەمانە هەیانە لە زمانى یەکەمەوە و هەیانە لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەردەگێردرێن، بەبێ ئەوەى بە هیچ فلتەرێکى ئەکادیمی و ڕەخنەییدا تێپەڕببن، بۆ لێدوانی زیاتر دەربارەى ئەم بابەتە، بە پێویستمان زانى ئەم دیدارە، دەربارەى پرۆسەى وەرگێڕان و گرفتەکانى لە هەرێمى کوردستان، لە گەڵ وەرگێڕى بەتوانا (کەریم پەڕەنگ)دا ساز بدەین …

هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە لە لایەن کەسی وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتانوایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحی زیندووی تێکستەکان بگوازێتەوە؟

14438828_1098143290241503_292532211_o
شاخەوان سدیق ــ کەریم پەڕەنگ

کەریم پەڕەنگ: هەوڵدەدەم وەڵامی پرسیارەکەت بە پێچەبەدەوەرانێک بدەمەوە و دواتر ڕاستەوخۆتر بۆ پرسیارەکەت بگەڕێمەوە. لە ڕاستیدا ئەمە یەک پرسیار نییە، بەڵکوو دوو پرسیاری تا ڕادەیەک لە یەکتر جیاوازن. حەز دەکەم بە پێناسەیەکی سادەی وەرگێڕان دەست پێ بکەم: گواستنەوەی دەقێک لە زمانی سەرچاوەوە، واتە ئەو زمانەی لێیەوە وەریدەگێڕین، بۆ زمانی مەبەست، واتە ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕین، کە من باسی وەرگێڕان دەکەم بە ئاستی یەکەم مەبەستم وەرگێڕانی دەقە، واتە دەقی نووسراو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر بە نووسین، واتە من مەبەستم وەرگێڕانی دەقە، بە پلەی یەکەمیش مەبەست لە وەرگێڕانی دەقی ئەدەبییە، چونکە من وەرگێڕانی ئەدەبی لە وەرگێڕانی پزیشکی و زانستی جودا دەکەمەوە، دواتر ئەم مەبەستەم باشتر ڕوون دەکەمەوە.

وەرگێڕ دەقێک لە کۆدی زمانێکەوە کە دەبێت باش شارەزای بێت، بۆ کۆدی زمانێکی تر کە دەبێت زۆر باش شارەزای بێت، وەردەگێڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕ دەقێکی ئامادەی لە بەردەستدایە دەقێکی نوێ دەخوڵقێنێت و دەقێکی هەتا ئەو کاتە لەئارادانەبوو بە زمانی مەبەست بەرهەم دەهێنێت، دەتوانین بە زمانێکی سادە بڵێین، وەرگێڕ داهێنەری دەقە وەرگێڕدراوەکەیە. وەکو چۆن داهێنان بەهرە و سەلیقە و کارامەیی و دەستڕەنگینیی و ڕۆشنبیرییە، بە هەمان شێوە دەبێت ئەم ئەدگارانە لە کەسایەتی وەرگێڕدا هەبن. وەرگێڕان تەنیا پردی نێوان دوو زمان نییە، بەڵکوو پردی نێوان دوو کەلتووریشە. ئەوەی پەیوەندی بە زانینی زمانەوە هەبێت ئەوە بەس نییە وەرگێڕ دوو زمان باش بزانێت. ئەگەر ئەمە پێوەری وەرگێڕان بێت هەر کەسێک دوو زمان بزانێت دەتوانێت ببێتە وەرگێڕ. وەرگێڕ دەبێت شارەزای تێکڕای دوو زمانەکە بێت، هەر لە وشەسازیی و ڕستەسازیی و ئیدیۆمەوە هەتا گەمەکانی تری زمان. دەبێ ئامانجی هەموو وەرگێڕانێک بە ڕەچاوکردنی هەموو هەل و مەرجە جیاوازەکان گواستنەوەی گوتەی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی مەبەست بە بێ لە دەستدانی مانا بێت. ئامانجی وەرگێڕانی باش هێنانەئارای هاوسەنگییەکە لە نێوان پەیامی دەقی سەرچاوە و مانای دەقی زمانی مەبەست، واتە فەراهەمکردنی ئەوەی، کە وەرگێڕان لە کەلتووری زمانی مەبەستدا هەمان پەیام بە وەرگرەکانی بگەیەنێت، وەکوو ئەو پەیامەی دەقی کولتوری سەرچاوە بە وەرگرەکانی دەگەیەنێت. بۆ ئەوەی وەرگێڕ بەم ئامانجە بگات، دەبێ لە وەرگێڕاندا مەرجەکانی ناوکۆیی، ڕێزمانی زمانی مەبەست، شێوەی گوزارشت، شێواز، ئیدیۆم و گەمەکانی تری نووسین ڕەچاو بکات، کە هەندێ جار کاریگەریی سنووردارکەریان بۆ سەر وەرگێڕ و وەرگێڕانەکە هەیە. ئەگەر ئەنجامگیریی ئەم قسانەی سەرەوە بکەین لە ناوکۆدا دەمەوێت بڵێم وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە بە زمانێکی تر کە کۆدەکانی لە گەڵ زمانی سەرچاوە جیاوازە. واتە ئەمە لەبەر گرتنەوە و نووسینەوەی دەقێک نییە بەڵکوو خوڵقاندنی دەقێکە کە تەنیا سەرچاوەکەی دەقێکی ترە کە بە زمانێکی تر نووسراوە. وەرگێڕ کە دەقێک وەردەگێڕێت بە ڕێزمانی زمانی سەرچاوە وەری ناگێڕێت، بەڵکوو بە ڕێزمانی زمانی مەبەست، وەرگێڕ گەمە لە زمانی سەرچاوەدا ناکات، بەڵکوو لە دەقی مەبەستدا، وەرگێڕ دەقی سەرچاوە داناڕێژێتەوە، بەڵکوو دەقێکی نوێ بە زمانێکی تر دادەهێنێت ڕێک دەتوانین بەشی دووەمی پرسیارەکەت یەکسان بکەین بەوەی جیاوازیی لە نێوان وەرگێڕانی باش و وەرگێڕانی خراپدا چییە؟

من لەو بڕوایەدام هەموو وەرگێڕێک کە بڕیار دەدات دەقێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر وەربگێڕێت، مەبەستی ئەوەیە ڕوحی دەقێک لە زمانی سەرچاوەوە بۆ زمانی مەبەست وەربگێڕێت، بەڵام ئیتر ئایا مەبەستەکەی دەپێکێت و بە ئامانج دەگات پرسیارەکە لێرەدایە. ئەو کەرەستانە چین لە بەردەستی وەرگێڕدان؟ زانینی زمانی سەرچاوە، زانینی زمانی مەبەست، زاڵبوونی بەسەر هەل و مەرجەکانی داڕشتن و کۆدەکاندا. هاوسەنگیی لە نێوان دەقی سەرچاوە و دەقی مەبەستدا گرنگترین خاڵن کە وەرگێڕ دەبێ ڕەچاوی بکات، هاوسەنگیی بە مانای یەکسانیی نایەت، یەکسانیی لە وەرگێڕاندا مەحاڵە، وەرگێڕ لە باشترین حاڵەتدا تەنیا دەتوانێ دەقێک بنووسێت هەتا بکرێت لە دەقی سەرچاوەوە نزیک بێت، دەمەوێ بڵێم وشە و ڕستە و دەستەواژە وەرناگێڕدرێت بەڵکوو دەق وەکوو سەرجەم وەردەگێڕدرێت.

وەرگێڕان کاتێک دەتوانێت ڕۆحی زیندووی دەقێک بگوازێتەوە:
١ دەستپاکیی گواستنەوەی دەقی سەرچاوە بۆ دەقی مەبەست، بە پێی ئەوەی وەرگێڕانەکە تا چ ئاستێک توانیویەتی مانای دەقی سەرچاوە بگوێزێتەوە، هەتا بکرێت بەبێ زیادکردن و کەمکردنەوەی دەقەکە.
٢ ڕوونیی – ئەو ئاستە دیاری دەکات، کە وەرگێڕان بۆ زمانی مەبەست، چەند بۆ سەر وەرگری زمانی مەبەست لە ڕێی دەقە وەرگێڕدراوەکەوە کاریگەر بووە، ئایا دەقە وەرگێڕدراوەکە دەتوانێت هەمان کارگەریی بە سەر وەرگری دەقی مەبەستەوە هەبێت وەکوو بەسەر وەرگری دەقی سەرچاوەوە هەیبووە، یان ئایا ئەگەر دەقەکە بە زمانی مەبەست بنووسرابایە هەمان کاریگەریی بە سەر وەرگرەکەوە دەبوو، ئەم دەستکەوتەش خاڵێکی ترە بۆ سەلماندنی ئەوەی وەرگێڕان خوڵقاندنی دەقێکی نوێیە.
٣ ئایا دەقە وەرگێڕدراوەکە دەتوانێت جێ بە دەقە ئەسڵییەکە لەق بکات. ئایا دەقی وەرگێڕدراو دەتوانێت قەناعەت بەو کەسانە بکات کە بە زمانی تر دەقە ئەسڵییەکە دەخوێننەوە، دەقە ئەسڵییەکەیان پێویست نەمێنێت و دەقە وەرگێڕدراوەکەی لە جێ دابنێن؟ ئەگەر دوای بەراورد خوێنەرەکە توانی متمانە بە دەقە وەرگێڕدراوەکە بکات، ئەوا وەرگێڕ دەتوانێت زۆر ئاسوودە بێت

ئێستا لە کوردستان پرۆسەی وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە دەکرێت، پێتانوایە ئەم جۆرە وەرگێڕانە وەرگێڕانی زیندووبێت، ئایا تا چەند دەقەکە جوانیی خۆی دەپارێزێت لەم جۆرە وەرگێڕانانەدا؟

کەریم پەڕەنگ: من لەو بڕوایەدام کە تۆ باسی زمانی دووەم و سێیەم دەکەی زیاتر مەبەستت زمانی عەرەبی و فارسی بێت. چونکە باوەڕ ناکەم کێشەیەکی گەورە بێت، ئەگەر دەقێک لە زمانی فەرەنسییەوە کرابێتە ئینگلیزی و لە زمانی ئینگلیزییەوە بکرێتە کوردی. ئەگەرچی خۆم تێبینییەکی زۆرم لە بارەی وەرگێڕانەوە لە زمانی دووەم و سێیەمەوە هەیە، ئەگەرچی وەرگێڕ دەق لە کۆدی زمانێکەوە بۆ کۆدی زمانێکی تر وەردەگێڕێت. ئەگەرچی وەرگێڕ دەق لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر وەردەگێڕێت، بەڵام زمان خۆی هەڵگری نەک تەنیا ڕێنماییەکانی زمانە بەڵکوو بەشێکی زمان کولتوریشە. گۆران لە شێعری “دەروێش عەبوڵڵا”دا دەڵێ: “وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لێخندا”، من وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە بەو عەکسی قەمەرە دەبینم لە ناو حەوزێکی لێخندا.لە لایەکی ترەوە، بۆ نەتەوەیەکی وەکوو نەتەوەکەی ئێمە کە کتێبخانەیەکی هەتا بڵێی هەژارمان هەیە و وەرگێڕمان لە زمانە جیاوازەکانەوە کەمە یان بۆ هەندێ زمان وەرگێڕمان نییە چارمان چییە ئەگەر وەرگێڕەکان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەرگێڕان نەکەن؟ چەند وەرگێڕمان هەیە یۆنانی بزانن و “زۆربا” و ڕٶمانەکانی تری کازانزاکیمان بۆ وەربگێڕن؟ چەند وەرگێڕمان هەیە ڕووسی بزانن و تۆڵستۆی و دۆستەیەڤسکی و پوشکین و چێخەف و ئولیتسکایامان بۆ وەربگێڕن، چەند ئیسپانیزانمان هەیە لۆرکا و مارکیز و زافۆن و مێندۆزامان بۆ وەربگێڕن. لە ئێستادا ئەم وەرگێڕانانە لە زمانی دووەم و سێیەوە بۆ زمانی کوردی تاقە دەلاقەیەکن بە سەر بەشێکی ئەدبێ جیهانیدا بڕوانێت. بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تینووێتی خوێنەری کورد بەو وەگێڕانانە دەشکێن؟ ئەگەر ئێمە وەرگێڕمان نەبێت ژاپۆنی بزانێت، دوو بژاردەمان لە بەردەمدایە: یان دەبێ ڕۆمانەکانی هاروکی موراکامی نەخوێنینەوە، یان بە ناچاریی لە زمانێکی ترەوە وەریبگێڕین کە زمانی یەکەم نییە. ئەگەر چاوەڕوان بووینایە کەسێک لە زمانی یەکەمەوە هەندێ بەرهەممان بۆ وەربگێرێت ڕەنگ بوایە ئێمە لە ژیانماندا ئەو بەرهەمانە بە کوردی نەخوێنینەوە.

بەڵام هەندێ شتیش هەن مایەی سەرسووڕمان و نیگەرانین، وەرگێڕیک کە هۆڵەندی دەزانێت، وەکوو ئەدەبی هۆڵەندی زۆر هەژار بێت، دەچێت ڕۆمانێکی سویدی کە بۆ هۆڵەندی وەرگێڕدراوە بۆ کوردی وەردەگێڕێت. هەرگیز هێندەی ئێستا کوردی باشوور لە هەندەران و وڵاتە جیاوازەکان نەژیاون، زمانی جیاواز فێر وون، بەڵام ئەمە لە بواری وەرگێڕاندا ڕەنگی نەداوەتەوە.ڕٶمانی “دۆستایەتییە مەترسیدارەکان”ی هاروکی موراکامی لە زمانی ژاپۆنییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدرابوو. پاشان لە ئینگلزییەوە کرا بە ئەڵمانی. هەر زوو ڕەخنەگر و ژاۆنناس و موراکامیناسەکان کەوتنە هەرا و وتیان کۆمەڵگای ژاپۆنی کۆمەڵگایەکی کۆنزەرڤاتیڤە و خەڵکی ژاپۆن بەو جۆرەی ڕۆمانەکە بازاڕیی نییە، پاشان ڕاسەوخۆ لە زمانی ژاپۆنییەوە بۆ ئەڵمانی وەرگێڕدرا، بە ڕاستی ڕۆمانەکە بەو زمانە نەنووسراوە و دەقە ئینگلزییەکە زۆر لەگەڵ کەلتووری ئەمەریکیدا گونجێنراوە. هەموو وەرگێڕانێک کەمێک لە جەوهەرە ئەسڵییەکە دوور دەکەوێتەوە، ئەگەر ئێمەش لە زمانێکی تر و لە کەلتوورێکی تر وەری بگێڕین دوو هەنگاو لە زمانە ئەسڵییەکە دوور دەکەوینەوە.

ئەو بنەما سەرەکییانە چین کە دەبێت لە کەسی وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینی زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات توانای وەرگێڕانی تێکستەکانی هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە.

کەریم پەڕەنگ: زانینی دوو زمان بنەمەیەکی تۆکمە نییە بۆ وەرگێڕان. ئەگەر کەسێک دوو زمان بە باشی بزانێت ڕەنگ بێت بتوانێت لە دادگایەک، لە فەرمانگەیەک، لە وەزارەتێکدا وەرگێڕانی زارەکی یان نووسراو بکات. تەنیا توانای وشە و ڕێزمانی دوو زمان بەس نییە بۆ وەرگێڕان. بێگومان ئێمە بە هەمان ئاست بە سەر زماندا زاڵ نین. ئەگەر زانینی دوو زمان بەس بوایە بۆ وەرگێڕان دەبوو زانینی زمانێکیش بەس بوایە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکەکە ببنە نووسەر. لێرەدا دەبێت جیاوازیی لە نێوان وەرگێڕانی دەقی ئەدەب لە دەقی زانستیی، دەقی سیاسیی، دەقی سیسیۆلۆژی و فەلسەفی و پزیشکی بکەین، توانای وەرگێڕان تەنیا توانای زاڵبوون بە سەر دوو زماندا نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەشە لەو بوارەدا کە لێیەوە وەرگێڕان دەکات. من لەو بڕوایەدا نیم کەسێک چەند سەد دیوانە شیعری بە دوو زمانەکە نەخوێندبێتەوە بتوانێت دەقێکی شیعریی بە باشی وەربگێڕێت، کەسێک چەند سەت ڕۆمانێکی بە هەردوو زمانەکە خوێندبێتەوە ناتوانێت ڕۆمان وەربگێڕێت. لە حاڵەتی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبیدا نەک تەنیا دوو سیستەمی جیاوازی زمان، دوو کۆدی جیاوازی زمان، بەڵکو دوو ئەدەبی جیاواز، دوو کەلتووری جیاوازی دوو نەتەوەی جیاواز بەر یەک دەکەون. وەرگێڕە باشەکان ئەو وەرگێڕانانە نین کە تەنیا دوو زمان بە باشیی دەزانن، بەڵکو کەسانێکن بەردەوام ڕۆشنبیریی و مەعریفەی خۆیان دەخەمەڵێنن و قووڵتری دەکەنەوە.

ئەم بەشەی دووەمی پرسیارەکەتم زۆر بە دڵە. ئێمە وەکو پیشە وەرگێڕمان زۆر کەمە. ئیتر وەرگێڕەکانمان یان شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسن و لە بوارێک لە بوارەکانی ئەدەبدا داهێنەرن و وەگێڕانیش دەکەن. ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە، ئەگەر ئەم داهێنەرە لە کاتی وەرگێڕاندا وەکو وەرگێڕ بیر بکاتەوە و زمانی شیعر، ڕۆمان، یان هەر بوارێکی تر بە سەر وەرگێڕانەکەیدا زاڵ نەبێت و بابەتییانە وەربگێڕێت. ئەگەر وەرگێڕ لە وەرگێڕاندا قووڵ ببێتەوە پاش ماوەیەک زیاتر خەریکی وەرگێڕان دەبێت و وەرگێڕان هێندە سەرقاڵی دەکات کەمتر خەریکی نووسینی بەرهەمی خۆی بێت، چەندان نموونەی زیندووشم لە بەردەمدایە. بەڵام وەرگێڕیش هەیە بەر ئەوەی لە هیچ بوارێکی تردا داهێنانی پێ ناکرێت، ڕوو دەکاتە وەرگێڕان بۆ ئەوەی لە بوارەکەدا بمێنێتەوە.
ڕاستە وەرگێڕان لە دونیای ئێمەدا بە شێوەیەکی گشتیی پاشاگەردانییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام زانستی وەرگێڕان یەکێکە لە زانستە زیندووەکانی دونیا و لە ڕۆژئاوا بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. وەرگێڕان وەکو هەموو پرۆسێسێک ڕەهەندی زانستی هەیە. وەرگێڕ دەبێت ستراتیژێکی ڕوونی هەبێت لە هەڵبژاردنی بابەتدا بۆ وەرگێڕان، دەبێ بە بەرنامەڕێژییەکی تۆکمەوە دەست بە وەرگێڕان بکات، تەتەڵەکردنی هەڵبژاردنی ڕستەی گونجاو، وشەی گونجاو، دەستەواژەی گونجاو، هەوڵدان بۆ پاراستنی ناوکۆیی، نووسینی پەراوێز بۆ تێگەیشتنی باشتر لە دەق، ئەمانە و زۆر هەنگاوی تر هەموو هەنگاوی زانستین.هەر هەوڵێک بۆ گەیاندنی دەقێک بە وەرگر، هەر لە وشەئارایی و ڕستەسازیی و بەکارهێنانی گەمەی زمان بۆ جوانکردن و ڕازاندنەوەی دەق هونەرە. وەرگێڕان گواستنەوەی وشکی وشەبەوشەی دەقێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر نییە، ڕەنگ بێت وەرگێڕان زیاتر هونەر بێت وەکو لە زانست.

وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنی کتێبخانەی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن، واتە بەرهەمەکوردییەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وانییە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکی گەورەیە؟

کەریم پەڕەنگ: وەکوو پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکتدا ئاماژەیەکی کورتم کرد. لە کتێبخانەیەکی هەژاری وەکو کتێبخانەی ئێمەدا وەرگێڕان گرنگییەکی مەزنی هەیە، بەڵام نەک تەنیا لە بواری ئەدەبدا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تردا، ئێمە لە ڕێی ئەو کەلتوورانەوە کە لە کەلتوورەکەی ئێمە دەوڵەمەندترن، بە ئەزموونترن لە ڕێی وەرگێڕانەوە زۆر شت فێر دەبین.
بە بێ وەگێڕان ئەدەب چەمکێکی بەتاڵە. ئێمە لە ڕێی وەگێڕانەوە دەزانین گەلانی تر چٶن بیر دەکەنەوە و هەست بە چی دەکەن، ئەمەش تەنیا لە ڕێی هونەری زمان و ڕاڤەی وەرگێڕوەکانەوە دەزانین. ئەڵمانیا خۆی ئەدەبێکی دەوڵەمەندی هەیە و بە سەدان چیرۆکنووس و ڕۆماننووسیان هەیە، لە گەڵ ئەوەشدا لە هەردوو کتێبی گێڕانەوە یەکێکیان وەرگێڕدراوە. ئێمە لە ڕێی وەرگێڕانەوە ئەزموونی جیهان بۆ بازنەی کولتووری خۆمان دەگوازینەوە.

لە چەند شوێنێکی تر ئاماژەم بۆی کردووە کە باشترین ڕێگە بۆ وەرگێڕان وەرگێڕانە بۆ زمانی دایک، واتە من وەکو کورد کە لە زمانی ترەوە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم. ئەڵمانی لە زمانی ترەوە بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕێت، ئیسپانی لە زمانی ترەوە بۆ ئیسپانی وەردەگێڕێت. ئینگلیزێک لە زمانی ترەوە بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت. واتە ئەڵمانییەک فێری ئیسپانی نابێت، بۆ ئەوەی ئەدەبی ئینگلیزی بۆ ئیسپانی وەربگێڕێت، ئیسپانییەک فێری ئینگلیزی نابێت بۆ ئەوەی ئەدەبی ئیسپانی بۆ ئینگلیزی وەربگێڕێت. هەندێ گەمەی زمان هەن، هەندێ نهێنیی نووسین هەن مرۆڤ تەنیا دەتوانێت لە زمانی دایکیدا بیکات، واتە هەرچی چەندە زمانێکی بێگانە باشیش فێر ببێت ناتوانێ وەکو زمانی دایکی پێی بنووسێت، هەموو ڕۆمانەکانی (کارلۆس ڕویس زافۆن) پیتەر شڤار لە ئیسپانییەوە بۆ ئەڵمانی وەری گێڕاون، پیتەر شڤار ئەڵمانییە نەک ئیسپانی و لە زمانێکی بێگانەوە بۆ زمانی دایکی وەرگێڕان دەکات، کیوستن براند سێ ڕۆمانی خاومێ کابرێی لە کەتەلانییەوە بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕاوە، کیوستن براند ئەڵمانە نەک کەتەلانییەکی فێری ئەڵمانی بووبێت. وەرگێڕی ڕٶمانەکانی خالیدا حوسەینی لەئینگلیزییەوە بۆ ئەڵمانی دەردەگێڕن ئەڵمانن نەک ئینگلیز. دەیان نموونەی تریش. دەزانم نموونەی تر هەن، بۆ نموونە ڕۆمانی کۆلۆنێلی مەحمود دەولەتئابادی کە بەهمەن نیرومەند لە فارسییەوە بۆ ئەڵمانی وەری گێڕاوە. بەڵام لە ڕاستیدا نیرومەند خۆی وەرگێڕ نییە و نووسینی ئەدەبیش نانووسێت، ئەو دەیان کتێبی نووسیوە، بەڵام هیچ کتێبێکی ئەدەبیی نییە، بەڵکو هەموو کتێبەکانی سیاسی و فیکرین. بەڵام کە ئەم ڕۆمانە لە ئێران مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی نەدرابوو، دەولەتئابادی بە دەستنووس بۆ نیرومەندی ناردووە و ئەویش وەری گێڕاوە. من دڵنیام ئەگەر ببوایەتە کتێب نیرومەند وەری نەدەگێڕا، بەڵکو ڕەنگ بوو سوزانە داغستانی (چەندان ڕۆمانی عەتیق ڕەحیمی، سپێدەی مەستیی فەتانە حاج سەید جەوادی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە) وەری بگێڕایە. بەڵام ئەم حاڵەتە ناوازەیە. واتە هەموو وەرگێڕانەکان کە دەق وەردەگێڕن لە زمانێکی بێگانەوە بۆ زمانی دایکیان دەیگوازنەوە.

ئێمە بۆ دەرەوە وەکو داهێنەری کولتور نەناسراوین. زیاتر لە سەت ساڵ وێنەی کورد لە لای ئەڵمان و نەمساوییەکان و سویسرییەکان وێنەی “بە ناو کوردستانی هۆڤدا”ی کارل مای بوو. چەند ساڵێکە خەریکە ئەو وێنەیەی کارل مای بۆ کورد کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ئێستا وێنەیەکی تری کورد لە ئەوروپا هاتۆتە ئاراوە، ئەویش وێنەی کوردە کە گەلێکی ئازایە، هەر ئەوانن ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە، ژنەکانیشیان شەڕڤانن، منداڵەکانیان لە دەریاکاندا دەخنکێن. ئەمڕۆ هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێک بکەیتەوە بابەتێکی لە بارەی کوردەوە تێدایە، بەڵام باسی کولتووری کوردی بە هیچ جۆرێک ناکرێت. ئەمەش گوناهی خۆمانی زۆر تێدایە، بەوەی هەموو شتێکی ئێمە بە دەستی سیاسی نەخوێندەوارەیە. من خۆیشم نازانم چٶن وا لە ئەوانی تر بکەین زیاتر بایەخ بە کولتوری ئێمە بدەن و بمانخوێننەوە و ئەدەبەکەمان وەربگێڕن. گرفتێکی تر ئەوەیە کە ئێمە نموونەی پێشووترمان بە هیچ زمانێک نییە دەزگاکانی بڵاوکردنەوە ئامادە نین سەرکێشیی بکەن و کتێبێک چاپ بکەن کە نازانن دەخوێنرێتەوە یان نا. لە گەڵ ئەوەشدا من بۆچوونم وایە وەرگێڕ بۆ زمانی دایکی وەربگێڕێت، نەک زمانێکی بێگانە کە فێری بووە، دوو ڕۆمان لە ئارادا بوون کە حەزم دەکرد بە یارمەتی چەند کەسێک وەریان بگێڕم، پەیوەندیم لە گەڵ چەند دەزگایەکی بڵاوکردنەوەش کرد، بەڵام هیچ کام لە دەزگاکان ئامادەیی و پشتگیریی بۆ بڵاوکردنەوەیان دەرنەبڕی. منیش ئامادە نیم چەندان مانگ بۆ وەرگێڕان تەخان بکەم بۆ کارێک کە ڕەنگ بێت هیچ وەزگایەک بۆمی بڵاو نەکاتەوە حەز دەکەم لێرەشدا ئاماژە بۆ خاڵێک بکەم، کە لە مێژەوە لە دڵمدا گرێیەکی گەورەیە. زۆربەی نووسەرانی کورد فیز و لووتبەرزییەکیان تێدایە کە نازانم لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. من لە ڤێنا دەژیم. لە ڤێنا ٥ قاوەخانە هەن، زۆربەی نووسەرە نەمساوییەکان، وەرگێڕەکان، ئەکتەرەکان هاتوچۆی ئەو قاوەخانانە دەکەن، زۆر وەرگێڕ لە زمانە جیاوازەکانی دونیاوە دێن بۆ ئەو قاوەخانانە بۆ ئەوەی نووسەرەکان ببینن و باسی خاڵی ناڕوونی نووسینەکانیان لە گەڵ بکەن. قاوەخانەیەک هەیە ناوی قاوەخانەی “موزیۆم”ە، ئەلفریدە یەلینەک، کە نەک تەنیا لە نەمسا بەڵکو لە سۆنگەی خەڵاتی نۆبێلەوە لە هەموو دونیا ناسراوە، پێش ئەوەی زۆر نەخۆش بکەوێت زۆر دەهاتە ئەو قاوەخانەیە، هەرگیز نەمبینیوە دەست بە ڕووی کەسێکەوە بنێت و داواکارییەکی ڕەت بکاتەوە، خەڵکی گەشتیار دەهاتن وێنەیان لە گەڵ دەگرت، جاری وا هەبوو باسی شتی ڕۆژانەیان لە گەڵ دەکرد. من بە هیچ کەس لە ڕۆماننووسەکانم نەگوتبوو دەمەوێت ڕۆمانی بۆ ئەڵمانی وەربگێڕم، بەڵام هیچ کامیان ئامادەی کۆمەکردنم نەبوو، تەنانەت یەکێکیان ژمارەی تەلەفۆنەکەشی بۆ نەناردم، لە گەڵ ئەوەشدا داوای ژمارەی تەلەفۆنەکەیم کرد. ئەمەش تەنیا بە زیانی خۆیان دەکەوێتەوە.

ئەو دۆخەی ئێستا وەرگێڕانی پیادا تێپەڕدەبێت لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن، پێتان وایە زۆر و بۆریی لە وەرگێڕانداهەیە، کێ بەرپرسیارە لەو دۆخە و پێویستە چی بۆ باشتربوونی بکرێت؟

کەریم پەڕەنگ: بە ڕاستی من ناتوانم لەم دوورەوە داوەریی زۆری و بۆریی لە وەرگێڕاندا بکەم. من زۆر کەم کتێبم بە دەست دەگات، نەک تەنیا لە بەر دووریی، بەڵکو کەمیی کاتیش هۆکارێکی ترە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئاگام لە کتێبی کوردستان نییە و زۆر جار هاوڕێکانم ئەزیەت دەکێشن و کتێبم بۆ دەنێرن. من بە گەورەیی فێری ئەڵمانی بوومە و ئێستاش بە زمانی خۆمی نازانم، هەنددێ جار کتێبێک بە ئەڵمانی دەخوێنمەوە و لێی تێ دەگەم و چێژی لێ دەبەم، بەڵام هەمان کتێب بە کوردی دەخوێنمەوە، کە زمانی دایکمە هیچم لە لا بەجێ ناهێڵێت و جاری وا هەیە لە زۆر بڕگە و ڕستە و دەربڕین ناگەم. دەبێ خەوشێک لە وەرگێڕانەکەدا یان لە داڕشتنەکەدا هەبێت. لێرەدا من مەبەستم هەڵەی وەرگێڕان نییە، هەموو وەرگێڕانێک هەڵەی تێ دەکەوێت و هەڵەی بێ خەوش بوونی نییە نەبوونی ڕەخنە لە ئەدەبی ئێمەدا بە گشتیی و نەبوونی ڕەخنەی وەرگێڕان بە تایبەتی کێشەیەکی گەورەیە. کەس بە من ناڵێت کتێبخانەی کوردیی چ کەلێنێکی تێدایە و چی وەربگێڕم، کە کتێبێک وەردەگێڕم و بڵاو دەبێتەوە، کەس بە من ناڵێت نەنگیی وەرگێڕانەکە لە کوێدایە و لە کوێدا دەبوو باشتر بیت. ئەمە پاشاگەردانییە. بە پلەی یەکەم دەزگاکان لەمە بەرپرسن بەڵام ئەمە تەنیا کێشەی بواری وەرگێڕان نییە، بەڵکو ئەم کێشەیە لە هەموو بوارەکانی تردا لە ئارادایە. ئێستا بۆ دەزگا گرنگە چەند کتێب چاپ دەکات یان بە شانازییەوە باسی ئەوە بکەن چەند کتێبیان ڕەفز کردووە، نەک چۆنێتی کتێبەکان.

ئێمە دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەو ڕۆمانەی گوینتەر گراس کە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، ئەو ڕۆمانەی میلان کوندێرا کە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، ئەو ڕٶمانەی کافکا کە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، ئەو ڕۆمانەیە کە گراس، کوندێرا یان کافکا بە زمانە ئەسڵییەکە نووسیویەتی؟ کێ دەتوانێت پێمان بڵێت بەڵێ یان نەء. ئایا ئەو وەرگێڕانانە کەم تا زۆر پەیوەندییان بە نووسەرەکەوە هەیە؟ یان دەقێک دەخوێنینەوە کە زادەی ئەقڵی وەرگێڕێکی عەرەب یان فارسە و بە ئارەزووی خۆی تێی کەوتووە و لێی هەڵپاچیوە یان لێی زیاد کردووە. من خۆم پێنج دەقی بۆ کوردی وەرگێڕدراوی “دەنگی پێی ئاو”ی سوهراب سپهریم لە گەڵ فارسی و ئەڵمانییەکەدا بەراورد کردووە، من فارسی نازانم، بەڵام وەرگێڕانە کوردییەکان هێندە لە یەکتر جیاوازن، هەندێ وشە هێندە بە مانای جیاواز لێکدراونەتەوە وەکو پێنج شیعر بە مانی جیاواز نووسرابن. ڕۆمانی دووەمی خالید حوسێنی دوو جار لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوە، جارێکیان بە ناوی “هەزار خۆری درەوشاوە” کە ئازاد بەرزنجی وەری گێڕاوە و جارێکیان ژووان جەلال بە ناوی “هەزار خۆری پرشنگدار”ەوە، لە هەندێ شوێندا زۆر جیاوازن، کەس پێمان ناڵێت بۆچی. هەندێ وەرگێڕان هەیە لە زمانی دووەمەوە کراوە و لە زمانی یەکەمەیشەوە کراوە، لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە زمانی دووەمەوە کراوە بۆ خوێندنەوە خۆشرە، کەس پێمان ناڵێت بۆچی. من لەو بڕوایەدام کە ئێستا خوێنەرێکی زۆری وریامان هەیە و پێویست بەوە ناکات زمانی سەرچاوە بزانێت بۆ ئەوەی جیاوازیی لە نێوان وەرگێڕانی باش و خراپدا بکات.

کەریم پەڕەنگ
لە ١١ دێسەمبەری ١٩٦٠ لە کەرکوک لەدایکبووە.
قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادیی پێشەسازیی هەر لەو شارە تەواو کردووە.
لە تافی لاویدا دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ەوە لە نەمسا ئەژی.
نووسەر و وەرگێڕە.

چەند ڕۆمانێکى وەرگێڕاوى کەریم پەڕەنگ:
١ پاتریک سویسکیند، عەتر، سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٩
٢ فریدریخ دویرنمات، دادوەر و جەلادەکەی، یانەی قەڵەم، سلێمانی، ٢٠١٢
٣ ئێریش ماریا ڕیمارک، شەوی لێشبۆنە، ئەندێشە، سلێمانی، ٢٠١٣
٤ ئێریش ماریا ڕیمارک، بارەی ڕۆژئاوا ئارامە، غەزەلنوس، ٢٠١٥
٥ گوینتەر گراس، تەپڵی تەنەکە (هێشتا چاپ نەبووە)
خاوەنی دیوانێکی شیعر، ١٨ کتێبی وەرگێڕدرا(شانۆنامە، ڕۆمان، لێکۆڵینەوە)یە، ئێستا خەریکی پاکنووسکردنی کۆمەڵە چیرۆکێک و ڕۆمانێکی خۆیەتی، کە ڕەنگە هەر ئەمساڵ چاپ ببن.

14397261_1098143263574839_2065526181_n

14389009_1098143260241506_1889763643_n

سازدانی دیدار: شاخەوان سدیق

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی