ڕه‌ووف بێگه‌رد؛ ماچی سوێر

Loading

 

ڕه‌ووف بێگه‌رد ؛ چیرۆكنوس

نە لێزمەی باران و نە وشکە سەرماکەی ئەو بەیانیە، نەیانتوانی ڕێی ئەوەم لێ بگرن بەهەڵەداوان خۆم نەگەیەنمە ماڵیان. لەوێیش ئەوەندە خۆم شپرزە و خەفەتبار بکەم لای هەندێک جێی پرسیار و لای ئەوانەیش نەیاندەناسیم ئاسایی بێت. من زۆرباش ئەوە دەزانم گەلێک جار تۆ دەبێت ببیت بە ئەکتەر، تەنانەت ئەکتەرێکی لێ هاتوویش کە نەک سەرنجی نەیار و ئەغیار بەڵکوو کەسە هەرە نزیکەکانییش بەلای خۆتدا ڕابکێشیت. بۆیە لەو بۆنەیەدا هێند نمایشەکەم کارامانە بەجێ هێنا کە لەبەردەم گومانی هەر کەسێکدا سەنگەرێکی سەخت و بەهاداربووم. خۆم وا نیشاندا تازیە بارێکم گەلێک لە خاوەن پرسەکە جگەربڕاوتر و ئەگەر ڕووبارێکی هەتوان بەسەر زامی دڵە شکاوەکەمدا بڕژێت نەتوانێت ساڕێژی بکات.


کاتێک (دەشنێ) بە کوڵی گریان و هەنسک هەڵدانەوە بۆ کارێک بەرەو ژوورە تەریکەکەی حەوشەی پشتەوە چوو، منییش بە نمایشێکی تری خۆدزینەوە و چاو فریودانی ئەوانی ترەوە، لەسەرخۆ و خوێن ساردانە خۆم گەیاندێ و لەناو ژوورە نیمچە تاریکەکەدا ڕێم پێ گرت. بێگومان بووم مردنی دایکی زۆر بێ تاقەتی کردوە، دایک مردن بۆ کچ کارەساتێکی کوشندە و ئەژنۆشکێنە. بەڵام ئاشقیش تا ئەوپەڕی ڕسواکردنی خۆی نە گوێ بەهۆشیارکردنەوەی ئاوەز دەدات و نە لە قسە و چاوی خەڵکیی سڵ دەکات. بۆیە خۆم لێ کرد بە باوک مردوویەکی پەل و پۆ شکا و کە گرانی و سەختیی کارەساتەکە زیاتر بەسەر شانی منەوەیە نەک ئەو. بەو بیانوەوە گریانەکەمم بە کوڵتر کرد و وەک کارێکی هەرە ئاساییش دەستم لە ملی کرد و سەرم بە سەریەوە نا، بەدەم شیوەن و فرمێسک ڕشتنەوە کەوتمە ماچکردنی. ماچێکی هێند بە کوڵ و دڵ کە تێکەڵ بە فرمێسکی هەردووکمان دەبوون و زمانییشم لە درکاندنی چ مەبەستێکی دی لە گۆ کەوتبوو.

پاپلۆ پیكاسۆ ؛ خوێندنه‌وه‌ .

بێگومان ئەمە یەکەمجارم بوو لێوم بەر ڕوومەت و لیوی بکەوێت و بە هەناسەی ئاشنابم. ئەو پێشتر هەمیشە خۆی لێ دوورەپەرێز دەگرتم، هەستی ئەوەی لا نەبوو کە من چەندم خۆش دەوێت و چ ئاشقێکی فەرهاد ئاسای ئەوم. دەشنێ خەونی شەو و ڕۆژم بوو، کەچی من لای ئەو شەقامێک بووم هەرگێز ڕێی تێ نەدەکەوت. ئێستایش، لەنێوان گومانی ڕاست و درۆی هەڵوێستەکەمدا بەگیرهاتبوو. هێند شپرزە بووبوو نەیدەزانی چی بکات، تەواو وەک منداڵێک لە جۆلانە کەوتبێتە خوارەوە، بە دەوری خۆیدا خول بخوات و جگە لە گریان نەزانێت هیچی تر بکات. شەرمیشی پێ دەهات بەو جۆرە ڕابکاتە دەرەوە یان هاوارى فريا كه وتن بکات. منیش وه‌ك سەرخۆشێکی تەواو بێ ئاگا، یان ڕێبوارێکی زۆر شەکەتی ڕێگای دوور کە لە چووڵەوانیەکی کی به‌کاکی هاویندا لەخنکان نزیکبووبێتەوە و لەپڕێکدا زنە ئاوێکی لێ دەربکەوێت، هەر بەو جۆرە، بێ دەربەستانە لە هیچ، یان لە ترسی لەدەست نەدانی دەرفەتەکە، مەستانە، دەم و لێویم دەلستەوە و ڕێگای چوونە دەرەوەم لێ گرتبوو. تا لەپڕێکدا و نازانم چۆن و بۆ لە دەمم دەرپەڕی و پێم وت: کچێ ماچەکانت زۆر سوێرن. ئەوییش بێ وەستان وەڵامی دامەوە: بۆ تۆ فرمێسکت بە ڕوومەوە هێشتوە تامی نەکەیت؟ وازم لێ بێنە با بڕۆم.


لەوکاتەدا دەنگی خوشکە گەورەکەی هات کە بانگی کرد و هەردووکمانی هەڵسڵەماندەوە. ئیتر خۆی لە دەستم ڕاپسکاند و هەر لەو چرکەساتەیشدا چاومان بە قووڵیی بەریەکدیی کەوت. ئەوە یەکەمجار بوو بەرانبەرم بزەیەکی زۆر سەیر بکەوێتە سەر لێوی. بزەیەکی سیحراوى كه ئایندەیەکی پڕ لە دڵنیایی خۆم و ئەوی تیا بەدی بکەم. پاشان تەواو لەو ڕاستیەیش بگەم کە دەشێت هەندێک جار،کارە ساتێکی نەخوازراو،یان مەرگێکی دڵتەزێن،ببن بەهۆکاری گۆڕینی‌ ژیان بەرەو بەدیهاتنی خەونێک و ئایندەیەکی خۆشتری چاوەڕوان نەکراو.
٧/١/٢٠١

 

ته‌واو

 

 

 

                      تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
            ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی