هەڤپەیڤین؛ گابریل گارسیا مارکیز و ئەکیرا کیروساوا

Loading

 ــــ  خۆی کێشە ئەوەیە کە تەقە دەستپێدەکات، ئیدی تەنانەت مەسیح و فریشتەکانیش دەگۆڕێن بۆ بەرپرسی سەربازی…کیروساوا 
مافی دووبارە بڵاوکردنەوە  بۆ کولتور مەگەزین یان بۆ  (نوسەر / وەرگێڕ)  پارێزراوە
مافی دووبارە بڵاوکردنەوە بۆ کولتور مەگەزین یان بۆ (نوسەر / وەرگێڕ) پارێزراوە!

وەرگێڕانی لەئینگلیزیەوە

لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ دا، کاتێک ئەکیرا کیروساوا خەریکی وێنەگرتنی دواهەمین بەرهەمی خۆیەتی بە ناوی ((نەشوەیەک لە مانگی ئابدا))، گابریل گارسیا مارکیز سەردانی تۆکیۆ دەکات. مارکیز، کە ساڵانێک لە ‘بۆگۆتا’ بەر لە نوسینی شاکارە گەورەکانی وەک ‘سەد ساڵ تەنهایی’ و ‘خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا’، وەک رەختەگری فیلم کاری کردووە، بۆ زیاتر لە ماوەی شەش کاژێر لە بارەی چەندین بابەتەوە، قسەی لەگەڵ کیروساوا کردووە. ئەوەی خوارەوە بەشێکە لەو گفتوگۆیە کە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩١ لە (لۆس ئەنجلس تایمز ) بڵاوکرواتەوە.

مارکیز: نامەوێت ئەم گفتوگۆ دۆستانەیەی نێوانمان وەک چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی دەرکەوێت، بەڵکە تەنها مەبەستمە وەک حەزێکی شاراوەی خۆم، زیاتر لەبارەی خۆت و کارەکانتەوە بزانم. وەک دەستپێکێک، حەزدەکەم بزانم چۆن فیلمنامەکانت دەنوسیت؟ چونکە من خۆیشم فیلمنامە نوسم، هەروەها لەبەرئەوەی کە تۆ زۆر سەرسوڕهێنەرانە هەندێک شاکاری ئەدەبیت خواستوون، چونکە نایشارمەوە کە بەڕاستی زۆر گومانم لە خواستنی کارەکانی خۆم هەیە بۆ کایەی فیلم، چ ئەوانەی کە کراون، یا ئەوانەی کە لەوانەیە بکرێن.

کیروساوا: کاتێک بیرۆکەیەکی ڕەسەنم بۆ دێت و حەزدەکەم بیکەم بە فیلمنامە، ئەوکات بە قەڵەم و کاغەزێکەوە بۆی دادەنیشم و لە ژووری هۆتێلێکدا خۆم بەند دەکەم. دیارە بیرۆکەیەکی گشتیم لە بارەی ڕەوتی چیرۆکەکەوە هەیە و کەم تا زۆر دەزانم چۆن کۆتایی پێدێت. ئەگەر نەزانم بە چ دیمەنێک دەستپێبکەم، ئەوە خۆوەکیانە شوێنپێی ئەو بیرۆکانە هەڵدەگرم کە سروشتیانە، خۆیان دێن و هەڵدەقوڵێن.

گابریل مارکیز: داخۆ یەکەم جار بیرۆکەت بۆ دێت یا وێنە؟

کیروساوا: ناتوانم زۆر باش شیبکەمەوە، بەڵام وا بزانم سەرەتا هەموویان وەک کۆمەڵێک وێنەی پەرش و بڵاو هوروژم دێنن. من دەزانم لێرە، لە ژاپۆن فیلمنامەنوسەکان سەرەتا تێڕوانینێکی گشتی بۆ فیلمنامەکانیان دەخوڵقێنن، بەگوێرەی دیمەنەکان رێکی دەخەن، پاشان دەستدەکەن بە ڕێکخستنی تا دەستبکەن بەنوسینی. بەڵام من پێم وا نییە ئەوە ڕێگا ڕاستەکە بێت، بەتایبەتی بۆ ئێمەی مرۆڤ کە خودا نیین.

مارکیز: ئایا میتۆدی تۆ هەر وا خۆرسک و خۆوەکیانە بووە، بەتایبەتی ئەو کاتانەی شکسپیر و گۆرکی و دێستۆڤێسکیت خواستوون؟

کیروساوا: ڕەنگە ئەو دەرهێنەرانەی لە نیوەی کارەکەیاندا فیلمەکەیان چاکدەکەن، پەیبەوە نەبەن کە چەند سەخت و دژوارە گەر بتەوێت لە ڕێی وێنەی سینەماییەوە وێنەی ئەدەبی بۆ بینەر، بگوازیتەوە. بۆ نمونە، لە خواستنی ڕۆمانێکی پۆلیسییدا کاتێک دەبینیت لاشەیەک لە تەنیشت ڕێگای شەمەندەفەرێکەوە دۆزراوەتەوە، دەرهێنەرێکی لاو سور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت شوێنێکی دیاریکراومان هەبێت، تەواو هاوتای وەسفی ناو کتێبەکە بێت”. ئەو بە منی گووت کە گوایە من هەڵەم”، منیش گووتم: کێشەکە ئەوەیە کە تۆ ڕۆمانەکەت خوێندۆتەوە و دەزانی تەرمێک هەیە لە لای ڕێگای شەمەندەفەرەکەوە دۆزراوەتەوە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە نەیاخوێندۆتەوە، شوێنەکە هیچ تایبەتمەندیەکی ئەوتۆی نییە.” ئەو دەرهێنەرە لاوە بە هێزی ئەفسوناوی ئەدەب سەرسام بوو، بەڵام بەبێ ئەوەی دەرک بەوە بکات کە وێنەی سینەمایی دەبێت بە ڕێگایەکی جیاواز دەرببڕدرێت.

مارکیز: ئایا هیچ وێنەیەکت لە ژیانی ڕاستەقینە بە بیردادێت کە پێت وا بێت مەحاڵە بتوانیت بە فیلم گوزارشتی لێبکەیت؟

کیروساوا: بەڵێ، ئەوەی شاری کانە-خەڵوز (ئلیداچی) کە من لە سەردەمی لاویمدا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کارم تێدا کرد. دەرهێنەرەکە لە یەکەم سەیرکردنیەوە گووتی؛ کە دۆخەکە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش بێهاوتایە، هەر لەبەرئەوەیشە کە ئێمـە وێنەی دەگرین. بەڵام وێنەکان تەنها دیمەنی ئاسایی شارێک بوون، شتێک ونبوون کە ئێمە دەمانزانی: دەمانزانی کە هەلومەرجەکانی کارکردن لە شارەکە زۆر مەترسیدارن، خێزان و منداڵی کرێکاری کانەکەیش لە ترسێکی ئەبەدیدا دەژین. کاتێک کەسێک سەیری دێهاتەکە دەکات، دیمەنەکە لەگەڵ ئەو هەستە تێکەڵدەکات، وەها هەستدەکات زۆر سەیرترە لەوەی کە لەڕاستیدا هەیە، بەڵام کامێرا بە هەمان چاو نایبینێت.

مارکیز: لە ڕاستیدا من ژمارێەکی زۆر کەم لە ڕۆماننوسەکان دەناسم کە ڕازیبن بەوەی نوسینەکانیان بخوازرێن بۆ نمایش لەسەر سکرین. ئەزمونی تۆ چۆنە لەگەل خواستنی ڕۆمان؟

کیروساوا: سەرەتا مۆڵەتم بدە لێت ببپرسم: ئایا تۆ فیلمی ‘ڕدێن سور’ ی منت بینیووە؟

مارکیز: بەڵێ، لەماوەی بیست ساڵدا شەش جار بینیومە و بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێک بۆ مناڵەکانم باسکردووە، تاوەکو بتوانن سەیریبکەن. ئەو فیلمەت هەر تەنیا یەکێک نییە لەو فیلمانەی تۆ کە بەلای خۆم و خێزانەکەمەوە زۆر پەسەندە، بەڵکو یەکێک لە فیلمە هەرە دڵخوازەکانی منە، لە هەموو مێژووی سینەمادا.

کیروساوا: ‘ڕدێن سور’ وەک خاڵی وەرچەرخانی گەشەکردنی کار و شێوازی من سەیردەکرێت. هەموو ئەو فیلمانەی پێش ئەو، جیاوازن لەوانەی دوای ئەو. ئەو فیلمە کۆتایی قۆناغێک بوو، سەرەتا و دەستپێکیش بوو بۆ قۆناغێکی تر.

مارکیز: بەئاشکرا دیارە. ئەمە جگە لەوەی کە لە ناو هەمان فیلمدا دوو دیمەن زۆر توندڕۆیانە پەیوەندیان بە کۆی کارەکانی تۆوە هەیە و هەردووکیان یادنەکردەن؛ یەکێکیان ئەو بەشەیە کە تایبەتە بە ڕاوکردنی بالبالوکەکە، ئەوەی تریشیان شەڕی کاراتێکەی ناو حەوشی نەخۆشخانەکەیە.

فلیمی: ردێنی سوور / دەرهێنەر ئاکیرا کۆرۆساوا Akira Kurosawa
فلیمی: ردێنی سوور / دەرهێنەر ئاکیرا کۆرۆساوا Akira Kurosawa

کیروساوا: بەڵێ، بەڵام ئەوی من دەمەوێت پێت بڵێم ئەوەیە کە نوسەری کتێبەکە (شۆگورو یاماموتو،) هەمیشە دژی ئەوە بووە ڕۆمانەکانی بکرێن بە فیلم، لێ کە هاتە سەر ‘ڕدێن سور’ ، بڕیارێکی تایبەتیدا، چونکە زۆر شلگیرانە پێداگریم کرد و سەرکەوتوو بووم، ئەوەبوو کاتێک لەسەیرکردنی فیلمەکە بۆوە، ئاورێکی دایەوە تا سەیری من بکات و گووتی: ” ئێ زۆرباشە، فیلمەکە زۆر لە ڕۆمانەکەی من سەرنجراکێشترە.”

مارکیز: لام پرسیارە کە داخۆ دەبێت بۆچی ئەوەندە حەزی لێکردبێت؟

کیروساوا: لەبەر ئەوەی ئەو لە تایبەتمەندیە بنەڕەتیەکانی سینەما بەئاگابوو، تاکە شتێک کە داوای لێکردم ئەوە بوو کە زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ پاڵەوانەکە بکەم: شکستی تەواوی ژنێک، وەک ئەوەی کە ئەو خۆی بینیبووی، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بیرۆکەی ژنێکی شکستەخواردوو لە ناو ڕۆمانەکەدا، خۆی شتێکی ڕوون نەبوو.

مارکیز: لەوانەیە لای ئەو ڕوون بووبێت، چونکە هەندێک جار بۆ ئێمەی ڕۆماننوس وایە، شتێکە ڕوودەدات.

کیروساوا: ئاوا! لە ڕاستیدا، زۆر لەو نوسەرانەی کە فیلم لەسەر کتێبەکانیان دروستدەکرێن، لەکاتی بینینیاندا دەڵێن: “ئەو بەشەی ڕۆمانەکەی من باش گوزارشتی لێکراوە” بەلام لە ڕاستیدا ئەوان ئاماژە بە شتێک دەکەن کە لەلایەن دەرهێنەرەوە زیادکراوە. من لە مەبەستی ئەوان تێدەگەم، چونکە ئەوەی لەوانەیە ئەوان بە ڕوونی لە سەر شاشەکە بیبینن دەربڕدراوە، بەهۆی تێگەیشتنی ڕاستەوخۆی دەرهێنەرەوەیە بۆ بەشەکە، شتێک کە ئەوان ویستویانە بینوسن، لێ نەیان توانیوە.

مارکیز: ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کەشاعیران تێکەڵکەری ژەهرەکانن. بەڵام گەر بگەڕێینەوە سەر ئەم فیلمەی ئێستات،دەپرسم کە ئایا: تۆفان سەخترین شتە کە وێنەی بگریت؟

کیروساوا: نەخێر، سەخترین شت کارکردن بوو لەگەڵ ئاژەڵەکاندا، ماری ئاوی، مێرولەی گوڵخۆر، ماری ماڵیکراو کە زۆر بە مرۆڤ ڕاهاتوون، ئەوان یەکسەر ڕاناکەن، بەڵکە وەک مارماسی ڕەفتاردەکەن. چارەسەر ئەوە بوو کە مارە ئاویەکی گەورە بگرین، کە بەبەردەوامی هەوڵیدەدا ڕابکات، ئەوەش بۆ خۆی زۆر ترسناک بوو. هەر بۆیە ڕۆلەکەی خۆیشی زۆر باش گێرا، سەبارەت بەمێرولەکانیش پرسیارەکە ئەوەبوو کە وەک یەکڕیز بەسەر دارگوڵەباخەکەدا سەربکەون تاوەکو دەگەنە گوڵەباخەکە. دیارە بۆ ماوەیەکی زۆر نەیاندەویست، تاوەکو دواتر ڕێچکەیەک هەنگوینمان لەسەر قەدەکە دروستکرد، مێروولەکانیش کەوتنە جوڵە و بەو ڕێگەیەدا سەرکەوتن. لە ڕاستیدا، گرفتی زۆرمان هەبوو، بەڵام دەیهێنا، چونکە زۆر شت لەبارەی ئەوانەوە فێربووم.

مارکیز: بەڵێ، تێبینیمکرد. بەڵام ئەوە چجۆرە فیلمێکە ئەگەری ئەوەی هەبێت گرفتی هەم لەگەڵ مێرولەدا لێبکەوێتەوە و هەم تۆفانیش؟ دەتوانم بزانم گرێچنی چیرۆکەکە چیه؟

کیروساوا: زۆر ئاستەمە بتوانرێت لە چەند وشەیەکدا کورتبکرێتەوە.

مارکیز: ئایا کەسێک کەسێکی تر دەکوژیت؟

کیروساوا: نەخێر. زۆر بەسادەیی بڵێم، دەربارەی ژنێکی بەتەمەنی خەڵکی ناکازاگیە کە یەکێکە لە دەربازبوەکانی بۆمبی ئەتۆمی و هاوینی ڕابردوو وەچە و نەوەکانی خۆی، سەردانیان کردووە. من دیمەنی ڕاستەقینەی شۆکبەرم وێنە نەگرتووە، وێنەگەلێک کە دیارە مرۆ بەئاسانی بەرگەیان ناگرێت و لەگەڵ ئەوشدا لە ناو خۆیاندا ناتوانن سامناکی دراماکە نمایشبکەن.ئەوەی من دەمەوێت دەریبڕم جۆری ئەو برینانەیە کەبۆمبی ئەتۆمی لە دڵی خەڵکی ئـێمەدا جێی هێشتوە، هەروەها چۆن هێدی هێدی ساڕێژ و تیماربوون. من خۆم زۆر بە باشی ڕۆژی بۆمبارانەکەم لە یادە، کەچی هێشتا هەر ناتوانم باوەڕ بکەم ئەوە شتێک بێت بە ڕاستی ڕوویدابێت. بەڵام خراپترین بەش ئەوەیە کە ژاپۆنیەکان هەر لە ئێستاوە فەرامۆشیان کردووە و لە یادەوەرییاندا، سڕیویانەتەوە.

مارکیز: ئەو (فەرامۆشیە مێژووییە) چ کاریگەریەکی هەیە و بۆ ئایندەی ژاپۆن، بۆ ناسنامەی خەلکی ژاپۆن چی دەگەیەنێت؟

کیروساوا: ژاپۆنیەکان ڕاستەوخۆ باسیناکەن. سیاسەتمەدارەکانیشمان لە ترسی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بێدەنگن. لەوانەیە ئەوان شیکردنەوەکەی ‘ترۆمان’ یان قبوڵکردبێت کە دەڵێت؛ لە پێناوی هەرچی خێرا کۆتاییهێنانە بەجەنگی جیهانیدا، پەنای بۆ بۆمبی ئەتۆمی بردووە! بەڵام بۆ ئێمە جەنگ هێشتا بەردەوامە. وا بڵاوکراوەتە کە گوایە ژمارەی فەرمی کوژراوەکانی هیرۆشیما و ناکازاگی 230000 مرۆڤە، لێ لە ڕاستیدا ژمارەی تەوای مردووەکان لە نیو ملیۆن زیاتر بوو، سەرباری ئەوەی کە هێشتا 2700 نەخۆش لەبەر کاریگەریەکانی تیشکی دوای بۆمبەکە، دوای زیاتر لە 2 ساڵ ئازارچەشتن و تلانەوە، لە نەخۆشخانەی بۆمبی ئەتۆمی چاوەڕێی مردن دەکەن. بە دەربڕێنێکی تر، تا ئێستایش بۆمبی ئەتۆمی هەر ژاپۆنیەکان دەکوژێت.

مارکیز: پێدەچیت ئەقڵانیترین لێکدانەوە ئەوە بێت کە وولاتە یەکگرتوەکان پەلەی کۆتایی هێنانی جەنگی بوو بە هۆی بۆمبی ئەتۆمیەوە، ئەوەش لە ترسی ئەوەی کە نەبادا سۆڤیەت بگاتە ژاپۆن و بەر لەئەوان، داگیری بکات.

کیروساوا: بەڵێ، بەڵام بۆ لە شارێک ئەنجامیاندا کە تەنها خەلکی سێڤیلی لێ بوو، خەڵکێک کە هیچ پەیوەندیان بەجەنگەوە نەبوو؟ چەندین سەربازگە و شوێنی سەربازی هەبوون کە لەڕاستیدا جەنگیان هەڵدەسوڕاند، کەچی بەرنەکەوتن!

مارکیز: یان نەیاندایە بە ماڵی ئیمپراتۆردا کە لەوانەیە خاڵێکی لاوازی ناوەڕاستی تۆکیۆ بووبێت. بەڕای من دەکرێت هەموو ئەو مەسەلەیە وا ڕوونبکرێتەوە کە ئەوان ویستویانە لە پێناوی خێراکردنی پرۆسەی دانوستانی خۆبەدەستەوەدان ،دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە ،بێ ئەوەی هیچ لە دەستکەوتەکان لە گەل هاوپەیمانەکانیان بەشکەن. ئەوەیش بۆ خۆی دۆخێک بوو کە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ وڵاتێکی تر ئەزمونی نەکردبوو. باشە ئەگەر ژاپۆن بەبێ بۆمبی ئەتومی خۆی بدایە بەدەستەوە، ئایا هەر ئەو ژاپۆنەی ئێستا دەبوو؟

کیروساوا: قسەکردن لەسەر ئەوە. هەروا ئاسان نییە. ئەو کەسانەی کە لە ناکازاگی ڕزگاریانبوو نایانەوێت ئەزموونەکەیان بیربکەوێتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی هەرە زۆریان، بۆئەوەی ڕزگاریانبێت، دەبوایە دایک و باوکیان، مناڵەکانیان، خوشک و براکانیان بەجێبهێڵن. ئەوان هێشتایش ناتوانن لە (هەستکردنیان بەگوناهە) ڕزگاریان بێت. ئەمە جگە لەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کە بۆ ماوەی شەش ساڵ ژاپۆنی داگیرکردبوو، بەشێواز و ڕێگای جیا کاریگەری لەسەر خێراکردنی لەبیرچوونەوە هەبوو، وەک چۆن حکومەتی ژاپۆنیش بۆ خۆی، هاوکاری ئەم فەرامۆشکردنە بوو. من باش دەزانم کە ئەوە هەمووی بەشێکە لە تراژیدیایەک کە بۆ خۆی زادەی جەنگە. بەڵام پێموایە، دەبوو ئەو وواتەی کە بۆمبارانەکەی کرد، داوای لێبوردنی لە گەلی ژاپۆن بکردایە. تا ئەمریکا داوای لێبوردن نەکات، ئەو کارەساتە کۆتایی نایەت.

مارکیز: تا ئەو ڕادەیە؟ ناکرێت نەهامەتیەکە بە مەودایەکی درێژ لە خۆشبەختی، قەرەبوو بکرێتەوە؟

کیروساوا: بۆمبی ئەتۆمی خاڵی سەرەتای دروستبوونی جەنگی سارد و پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن بوو، وەکو چۆن دەستپێکی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمییش بوو. هەتا ئەوە بنچینە و پاشخانی بێت، خۆشبەختی هەرگیز ئەگەری بوونی نییە.

مارکیز: تێدەگەم. وزەی ئەتۆمی وەک هێزێکی نەفرەتلێکراو لەدایکبوو، هێزێکیش کە لەژێر نەفرەتدا لەدایکبووبێت، بابەتێکی تەواو گونجاوە بۆ کیروساوا. بەڵام ئەوەی بۆ من جێگای سەرنجە ئەوەیە کە تۆ دژی خودی وزەی ئەتۆمی نیت، بەڵکو دژی ئەو شێوازەی کە لەسەرتاوە بۆ مەبەستێکی هەڵە بەکارهێنرا. بۆ نمونە کارەبا شتێکی باشە، لێ هاوکات کورسی کارەباییش هەیە.

کیروساوا: هەمان شت نییە. من باوەڕم وایە وزەی ئەتۆمی لەدەرەوەی ئەگەرەکانی توانای کۆنترۆڵکردنی مرۆڤە. لەحاڵەتی ڕوودانی هەر هەڵەیەک لەبەڕێوەبردنی وزەی ئەتۆمیدا، کارەساتەکە ماڵوێرانکەر و گەورە دەبێت، کاریگەریە تیشکیەکانی بۆ سەدان نەوەی تریش دەمێنێت. لە لایەکی تریشەوە، کاتێک ئاو دەکوڵێت، دەبێت لێگەڕێین ساردبێتەوە بۆ ئەوەی چیتر مەترسی نەبێت. دەبا واز لە بەکارهێنانی ئەو مادانە بهێنین کە بەردەوام و بۆ سەدان هەزار ساڵ دەکوڵێن.

مارکیز: من بەشێکی گەورەی بڕوای خۆم بە مرۆڤایەتی، دەگێرمەوە بۆ فیلمەکانی کیروساوا، لێ لە بۆچونی تۆیش بۆ ئەو نادادپەروەریە گەورەیەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە دژی خەڵکی سێڤیل تێدەگەم، هاوکات ئەو هاوپەیمانێتیە ئەمریکی ژاپۆنیەیشم بۆ هەرسدەکرێت کەمەبەست لێوەی فەرامۆشکردنی جەنگ و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی بۆمبە ئەتۆمیەکەیە لەیادەوەری ژاپۆنیەکاندا، بەڵام بەهەمان شێوەیش نادادپەروەرانەیە کە وزەی ئەتۆمی تاوانباربکرێت، بێئەوی ڕەچاوی ئەوە بکەین، کەدەشێت خزمەتێکی گەورەی نا-سەربازی بە مرۆڤایەتی بکات. ئا لەوێدا تێکەڵیەک لەهەستەکان بەدیدەکرێت هەم لەبەر ئەو ناڕەحەتیەی تۆ هەستیپێدەکەیت چونکە ژاپۆن لەیادیکردووە، هەم لەبەرئەوەی کە دواجار تاوانبار (وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا) دانی بە تاوانەکەیدا نەنا و داوای لێبوردنی لە خەڵکی ژاپۆن نەکرد.

کیروساوا: مرۆڤەکان ئەو کاتە مرۆڤتر دەبن کاتێک پەی بەوە ببەن کەدەستکاری هەندێک ڕەهەندی ڕاستی نەکەن.

هیرۆشیما ؛ تێکدانی جیناتی نەوەکانی داهاتوو!
هیرۆشیما ؛ تێکدانی جیناتی نەوەکانی داهاتوو!

من پێموانییە ئێمە مافمان هەبێت مناڵی بێ کۆم بخەینەوە، یان ئەسپی هەشت-پێ دروستبکەین، وەک ئەوەی چێرنۆبل، بەڵام وابزانم ئەو گفتوگۆیە لە ئێستادا زۆر جیدیە، بەڵام مەبەستی من ئەوە نەبوو.

مارکیز: ئێمە ئیشێکی دروستمانکردووە. کە بابەتەکە خۆی وا جیدی بێت، بەدەست خۆت نییە و دەبێت جیدیانە گفتوگۆی بکەیت. ئایا ئەو فیلمەی کە وا خەریکە تەواو ی دەکەیت، هیچ تیشکێک دەخاتە سەر ئەو بابەتە؟

کیروساوا: ڕاستەوخۆ نا. کاتێک بۆمبارانەکە کرا، من ڕۆژنامەنوسێکی گەنج بووم، مەبەستم بوو وتار لەبارەی ڕووداوەکەوە بنوسم، بەڵام ئەوە بەتەواوی قەدەغە بوو تاوەکو کۆتایی داگیرکردنەکە. ئەوەبوو بۆ دروستکردنی فیلمەکە دەستمکرد بەلێکۆلینەوە و توێژینەوە، ئێستا زۆر لەو کاتە زیاتر، لە بارەی کارەساتەکەوە دەزانم و فێربووم. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گوزارشتم لە بیرۆکەکانی خۆم بکردایە، ئەوا نە لە ژاپۆنی ئەمرۆ و نە لە هیچ شوێنێکی تر نمایش نەدەکرا.

مارکیز: تۆ پێت وایە بکرێت و بشێت دەقی ئەم گفتوگۆیە بڵاو بکرێتەوە؟

کیروساوا: من هیچ لاریم لەوە نییە. بەپێچەوانەوە، ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تاچەند پێویستە خەڵکی ڕای خۆیان بڵێن بێئەوەی سنووریان بۆ دابنرێت.

مارکیز: زۆر سوپاس. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو شتێک، پێم وایە ئەگەر من ژاپۆنی بوومایە ئەوا بە ئەندازەی تۆ بەرامبەر بەو بابەتە. سەرسەخت دەبووم، دواجار من دەرکیش بەوە دەکەم کە هیچ جەنگێک بۆ هیچ کەسێک باش نییە.

 

کیروساوا: ئاوا…خۆی کێشە ئەوەیە کە تەقە دەست پێدەکات، ئیدی تەنانەت مەسیح و فریشتەکانیش دەگۆڕێن بۆ بەرپرسی سەربازی.

 

 

سەرچاوە؛ http://kino-obscura.com/post/91776836653/garc%C3%ADa-m%C3%A1rquez-kurosawa