له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م باسه، به کورتی تیشکم خسته سهردیالێکتیکی ده‌سه‌ڵات و قوربانی و شێوازه‌کانی به‌رگریکردنی ژن له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری بۆ به‌ده‌ستهێنانی هێز و گۆڕینی واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م باسی دینامیکیه‌تی شوێن و به‌رگریکردن بکه‌م؛ مه‌به‌ستم له شوێن فەزای تایبه‌تی و گشتییه: فەزای تایبه‌تی وه‌کو ناوماڵ و خێزان له به‌رامبه‌ر فەزای گشتیدا که بریتیه له‌و ڕووبه‌ره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕیی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و مه‌ده‌نی تێدا چالاکه.
له به‌شی ڕابوردوودا باسی دوو شێوازی به‌رگریکردنی ژنمان کرد له پرۆسه‌ی خه‌بات و خۆرزگارکرندا: شێوازی ترادیسیۆنالی و شێوازی مۆدێرن. شێوازی یه‌كه‌م که له حاله‌ته‌کانی وه‌کو شووکردن، بوون به دایک و (هەندێ جار پیریش) هەروەها پاشخانی عەشیرەت و بنەماڵە و حیزبی زاڵ به‌رجه‌سته ده‌بێ، ئەمانە ئه‌گه‌رچی له ناو کۆمه‌ڵگه ترادیسیۆنالهكان جۆرێک له‌ده‌سه‌ڵات به‌ژن دەبەخشن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پابه‌ندن به‌سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه باو و پیاوسالارییهکهوه، ئه‌وه ژن ڕزگار ناکەن و په‌یوه‌ندیی و بەها و پێوه‌ره ترادیسیۆنالهکان، واتە دیفاکتوی کۆمەڵایەتی به‌رهه‌مدێننه‌وه. به‌رگریکردنێکی کاریگه‌رانه له‌شێوازی دووه‌مدا به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌توانێ ژن له فه‌زای ناوماڵ بێنێته ده‌ره‌وه بۆ ناو فەزای گشتیی و تێکەڵبوون و ئاڵوگۆڕی لەگەڵ ئەو فەزایە که تا ئیمڕۆش له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له رووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ماتێریالیهوه پیاو تێیدا زاڵ و بڕیاردەری یەکەمە.
مه‌به‌ستمان له فەزای گشتی ته‌نها ئه‌و رووبه‌ره جوگرافییه نییه که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ناوماڵ و خێزان، به‌ڵكو ئه‌و چه‌مکه‌یه که گوزارشت له په‌یوه‌ندییه نوێیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕیی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی ده‌کات؛ واته ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی که دینامیکیه‌تی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و به‌رگریکردن به‌رجه‌سته ده‌کات. له‌م فەزایهدا پیاو دەسەڵاتدار و زاڵه و په‌یوه‌ندییه‌کان و چۆنیه‌تی رێکخستنییان کۆمه‌ڵێک کۆد و پێوەر و به‌هایان داڕشتووه که ژن بێبه‌ش ده‌که‌ن له داهات و ئاڵوگۆڕیی کۆمه‌ڵایه‌تیی و مه‌ده‌نی. به پێی ئه‌و کۆد و به‌هایانه که له‌خه‌یاڵی گشتیی کۆمه‌ڵگه وەک ڕاستی وەرگیراون و بە توندی ڕه‌گیان داکوتاوه. فه‌زای ژن ڕووبەری “تایبه‌تیی” و “نهێنی/پرایڤێتە”، واته ناوماڵ و خێزان که پیاو له‌وێشدا سه‌رداره و کۆنترۆلی توانا و هێز و سێکسوالیتێی ژن ده‌کات. ژن که له‌ناو ماڵ ته‌واوی کات و وزه‌ی خۆی بۆ خزمه‌تکردنی خێزان و ماڵ و وه‌چه نانه‌وه و به‌خێوکردنی منداڵ سه‌رف ده‌کات، نەک هەر له به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره هیچ داهاتێکی نییە، بەڵکو کار و چالاکییەکانی به‌رز نهنرخنێنراون و له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه گۆشەگیر و دووره‌په‌رێز و دابڕاوه. له‌م فه‌زا تایبەت و “پرایڤێتە”دا دەرفەتی به‌رگریکردن نییه و ئه‌گه‌ر ژن ناڕه‌زاییش ده‌ربڕێت ئه‌وه به‌ره‌ورووی توندوتیژیی ده‌بێته‌وه. توندوتیژییه‌كانیش له لایه‌ن زۆربه‌وه ڕه‌وایه‌تیان پێده‌درێت، چونکه له فەزای ناوماڵ و “پرایڤێت” دا ڕووده‌ده‌ن، که ژن تێیدا وه‌کو شەرەف و موڵکی پیاو وێناکراوه.
له‌ڕووی فیزیکیه‌وه، به‌شێکی زۆری ژنان ئه‌و ژووره داخراوه‌ی فه‌زای ناوماڵیان له شێوه‌ی عه‌با و په‌چه و دواتر سه‌رپۆش و جبه گواستۆته‌وه بۆ ناو فەزای گشتی.
فەزای تایبه‌تی، واته فه‌زای ناوماڵ و خێزان؛ ئەم فەزایە شوێنی گوێڕایه‌ڵی و ده‌سته‌مۆکردن و پەراوێزخستن و پێشێڵکردنی مافه. له‌م فەزایهدا ژن پاسیڤه و تواناکانی به‌کارده‌هێنرێن بۆ به‌رزراگرتنی ده‌سه‌ڵاتی پیاو و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رەگەزی نێر. به پێچه‌وانه‌وه، له فەزای گشتیدا ژن ده‌توانێ ئاکتیڤ و بکه‌ر بێت و لە رێگای پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە کولتوری و سیاسییەکانەوە گەشە بکات و توانای خۆی بسه‌لمێنێ و ته‌حه‌ددای ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراو و پیاوسالاری بکات. بۆیە لە پێناوی گەشەسەندن و داکۆکیکردن و دابینکردنی ماف و ئازادیی و دادوه‌ریی، ده‌بێ ژن سنوره‌کانی ئه‌م فەزا “نهێنی” و “تایبه‌تییه” ببڕێت و بە شێوەیەکی کردەنی بچێته ناو فەزای گشتییه‌وه، ئەو فەزایەی که تێیدا زه‌مینه ره‌خساوه بۆ پێگەیشتن و به‌رگریکردن و سه‌لماندنی توانا و ئیراده و که‌سایه‌تیی خۆی وەکو مرۆڤ. توێژینەوە فێمینیستییەکان دەریدەخەن کە ده‌رچوونی ژن له فەزای تایبه‌تی و رزگاربوونی لە کۆنترۆلی پیاو و خێزان و گه‌یشتن و دواتر چالاکبوونی له فەزای گشتیدا مه‌رجی سه‌ره‌کین بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی توانا و به‌رگریی و تێکەڵبوونێکی سوودبەخش بە بواری کولتوری و ئابووری و سیاسی.
ئایا ژنی کورد توانیویه‌تی سنوری ئه‌و دابه‌شبوونه ببڕێت و له فەزای گشتیدا به‌شدارییه‌كی چالاکانه‌ی هه‌بێت؟
دابه‌شبوون له نێوان فەزای تایبه‌تی و گشتیدا به‌شێکه له کولتور و نەریت و ترادیسیۆنی کوردی. هێشتنه‌وه‌ی ژن له فەزای تایبه‌تیی ناوماڵ و گوێڕایه‌ڵی و سه‌ردانه‌واندنی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خێزان و پیاو له کولتوری کوردی‌دا وه‌ک سیفاتی جوان و “شه‌ڕه‌فمه‌ندی” و شانازیی بۆ بنه‌ماڵه وه‌سف ده‌کرێت. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، پیاو هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌دات به‌ناوی به‌رگریکردن له “کولتور” یا “ترادیسیۆن” دابه‌شبوونی ئه‌و دوو فەزا کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه بپارێزێت و لێکیان جیابکاته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێت ژن بێبه‌ری بکات له‌و زه‌مینه‌یه‌ی که ده‌رفه‌تی تێدایه بۆ بەرجەستەبوونی خود و به‌رگریکردن، بۆ هۆشیاربوونه‌وه و گه‌ییشتن به ئازادی و ماف. هه‌وڵی پیاو بۆ بێبه‌ریکردنی کچ له خوێندن و فێربوون و به‌کارهێنانی له‌ناو فه‌زای تایبه‌تیی ناوماڵدا به‌شێکه له ستراتیژییه‌تی پیاوان بۆ درێژه‌دان به دابڕان و ژێرده‌سته‌یی ژن. خوێندن و فێربوون ئامرازی هه‌ره به‌هێزی هۆشیابوونهوه و به‌رگریکردنن؛ کۆمه‌ڵگه ترادیسیۆنه‌کان و رژێم و گروپە توندڕەوەکانی وەکو تالیبان و داعشییەکان هه‌رده‌م دژایه‌تی چوونه مه‌کته‌بی کچان و په‌روه‌رده‌ی ژنیان کردووه. به دابڕانی ژن له‌م فەزایە، ئه‌و گروپ و رژێمانه ویستوویانه ژن دابڕێنن له دینامیکیه‌تی داهێنان و به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه مه‌ده‌نییه‌کان و هۆکاره‌کانی پێگەیشتن و به‌رگریکردن. ئه‌مانه ئه‌و بنه‌ما ماتێریالیانهن که له‌ناو خێزان و له فەزای گشتی و کۆمەڵگەدا بره‌و به ده‌سه‌ڵاتی پیاو و سیستەمی پیاوسالاری ده‌ده‌ن.
ئه‌و دابه‌شبوونه له نێوان فەزای و گشتی و تایبه‌تی له شاردا چڕتره و دابڕانی ژن له فەزای گشتیدا زیاتر ژنی به‌ژینگه و ده‌وروبه‌ر نامۆ کردووه. کوردستان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کشتوکاڵیه و ستروکتوری کۆمه‌ڵایه‌تیش له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا بنچینه‌یه‌کی لادێی و خێڵه‌کی هه‌یه.
له لادێ ژن له‌رووی ئابوورییه‌وه هه‌رده‌م چالاکبووه و له‌گه‌ڵ پیاو له فەزای گشتیی و له چوارچێوه‌ی سنوری ته‌سکی لادێ‌دا کاری کردووه. به‌ڵام ئه‌و کار و چالاکییه ئابوورییانه‌ی ژن نه‌بوونه‌ته هۆی گۆڕینی ستاتوی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژن و فراژووبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی جێنده‌ر، چونکه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له ڕووی جوگرافی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له زه‌مینه‌یه‌كی بچووکدا رووده‌دان و ئاڵوگۆڕیش له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جوگرافیایه زۆر که‌مه. ڕاسته له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی ژن له چوارچێوه‌ی نه‌ریت و ئه‌قلیه‌تی لادێ کراوه‌تره، به‌ڵام کار و چالاکیی ژن له ده‌ره‌وه و به‌خێوکردنی منداڵ و خزمه‌تی خێزان ئه‌رکی ژنیان زیاتر کردووه. به هه‌مان شێوه‌ش ژن نه‌یتوانیوه ببێته بکەر یا ته‌نانه‌ت بهشداریکهریش له مه‌جلیسی پیاو و دیوه‌خان و ده‌سته‌ی “ریش سپی” یان که شوێنی ده‌سه‌ڵات و بڕیارن له لادێ.
له شاره‌کان، ژنی کورد له کوردستانی عێراق له کۆتایی شه‌سته‌کان و ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابوردووه‌وه هاتۆته ناو (فەزای گشتی) و وه‌کو کرێکار و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا کاریکردووه. به‌ڵام هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ژن له‌چوارچێوه‌ی ماڵ بۆ کارکردن له‌ده‌ره‌وه نه‌بۆته هۆی تێکه‌ڵبوونێکی کردەیی به فەزای گشتی و گۆڕینی په‌یوه‌ندییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
ده‌توانین بڵێین؛ ژن لێره‌دا ته‌نیا له ڕووی جوگرافییه‌وه شوێنی گۆڕیوه؛ له ڕووی جەستە و فیزیکیه‌وه، به‌شێکی زۆری ژنان ئه‌و ژووره داخراوه‌ی فه‌زای ناوماڵیان له شێوه‌ی عه‌با وپهچه و دواتر سه‌رپۆش و جبه گواستۆته‌وه بۆ ناو فەزای گشتی. واته به کارکردنی ژن له ده‌ره‌وه‌ی ناوماڵ سنوره‌کانی نێوان فەزای تایبه‌تی و گشتی نهبهزێنراون، ژن بە کردەنی تێکەڵی بوارە کولتوری و ئابووری و سیاسییەکان نەبووە، لێرەدا ئه‌و فه‌زا تایبه‌تییه‌ی که ئه‌و تیایدا بێده‌نگ و بێ‌ماف ده‌کرێت وه‌به‌رهه‌م دێته‌وه.
ئه‌و ڕه‌وته بۆته هۆی پاراستنی ئه‌و کۆد و پێوەر و به‌هایانه‌ی که دەبنە کۆسپ لەبەردەم پێگەیشتنی ژن و توانای به‌رگریکردن و تێکه‌ڵبوونی کرده‌نی بە ژینگه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری. ئه‌مه‌ش واته گۆڕینی شوێن و کارکردنی زیاتر نابنه هۆی گۆڕینی فه‌زای کۆمه‌ڵایه‌تی و دروستبوونی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه. به هه‌مان شێوه‌ش دابه‌شبوونی کار له نێوان ژن و پیاو له فەزای تایبه‌تیدا هیچ گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه؛ ژنی کارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر دوای ده‌وام له ماڵه‌وه هه‌مان رۆلی ته‌قلیدی خۆی ده‌بینێ له‌به‌رامبه‌ر خێزان و پیاو و له ئه‌نجامدا په‌یوه‌ندییه باوه‌کانی جێنده‌ر (خزمه‌تکار و سه‌ردار) بهرههمدێنهوه (چێشتلێنەر و بەخێوکەری منداڵ و پاککەرەوە.. هتد).
بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی به هه‌مان شێوه نه‌یتوانیوه ئاڵوگۆڕییه‌کی ڕادیکال له په‌یوه‌ندییه‌کانی جێندەر له‌کوردستاندا دروست بکات. دیاره بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا ژنیان له ماڵ هێناوه‌ته ده‌ر و وه‌ک پێویستیه‌ک ژن به‌شداری له خه‌باتی سیاسی‌دا کردووه. به‌ڵام خاسییه‌تی هه‌ره سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کان لە رووی جێندەرییەوە ئه‌وه‌یه که پیاو تێیاندا بکه‌ری باڵا و ده‌سه‌ڵاتداره. ئه‌مه‌ش وای کردووه که رۆلی ژن له چوارچێوه‌ی ئه‌و ‘کولتور” و “ترادیسیۆنهدا” دیاری بکات و دوای سه‌ربه‌خۆییش (نموونەی جەزائیر) هه‌رزوو ستروکتوری ده‌سه‌ڵاتی وڵاته ئازادکراوه‌کان و ده‌ستور و یاسا له به‌رژه‌وه‌ندیی پیاو و دابڕانی ژن له فەزای گشتیدا دارێژراون.
له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی‌دا، ئه‌گه‌رچی لە عێراق و لەسەردەمی خەباتی چەکداری ژن وه‌ک پیاو له‌ناو شار و له شاخیش به‌شداری خه‌باتی کردووه، به‌ڵام ژن به ئه‌ندازه‌ی رۆلی ته‌قلیدیی ژن و چالاکییه‌کانی له فەزای تایبه‌تیدا له‌ناو حزب و بزووتنه‌وه‌کان بەکارهاتووە نه‌ك به پێوه‌ری خه‌باتی مۆدێرن وەکو ئەوەی لە کوردستانی باکور و ڕۆژئاوا دەیبینین؛ واته ژن به‌و به‌شداریکردنه‌ی نه‌یتوانیوه ته‌جاوزی ڕۆلی ته‌قلیدی و نه‌ریت و ره‌وشتی باو/دیفاکتوی کۆمەڵایەتی بکات. خۆبه‌ستنه‌وه‌ی ژن تا ساڵانێکی زۆر به حیزبه‌کان و دیاریکردنی ئامانجیان به‌پێی ئامانجی حیزبه‌کانیان رۆلی ژنیان زیاتر بچووک و لاواز کردووە. ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می شه‌ڕی براکوژی و ئێستاش لە کاتی ناکۆکیی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا ژنانی کوردستان لە باشور نهیانتوانیووە ئه‌و سنووره کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و جوگرافییانه ببه‌زێنن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له کۆنتێکستی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا، ژن کراوەتە سەنته‌ری ناسنامه و رۆلی وه‌ک “ره‌حم” ی نهتهوەپهرستان لە پێناوی منداڵ دروستکردن و نهوهنانه و پاراستنی نه‌ته‌وه له له‌ناوچوون چالاک‌تر و گرنگتر دەبێ. لێره‌دا هه‌موو کۆد و به‌ها کورده‌وارییه‌کانی وه‌کو شه‌ڕه‌ف و نامووس بره‌و په‌یدا ده‌که‌ن و له رێگای ژنه‌وه ده‌پارێزرێن و له به‌رامبه‌ر دوژمن وه‌کو چه‌کی به‌رگریکردن به‌کاردێن.
هه‌رچه‌نده له دوای ڕاپه‌ڕین ئاووهه‌وایه‌ک دروست بوو بۆ خۆڕێکخستن و گوزاره له‌خود کردن، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی براکوژی نه‌یهێشت ئه‌و ره‌وته وه‌کو پێویست گه‌شه بکات. له ساڵی 1992 ژنان چالاکانه که‌وتنه کار بۆ گۆڕینی یاسای باری که‌سێیتی و سزای عێراقی[1]. به‌ڵام ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه درێژه‌ی نه‌كێشا له‌به‌ر زۆر هۆ، به‌تایبه‌تی شه‌ڕی براکوژی و ده‌ره‌نجامه‌کانی له هه‌ژاری و بره‌ودان به بزووتنه‌وه ئیسلامییه سیاسییه‌کان و نەبوونی سیستەمێکی حوکمڕانی کارا لە هەرێمی کوردستان.
له سه‌رده‌می شه‌ڕی براکوژیدا، جگه له رێپێوانێکی ئاشتی که له ساڵی 1994 کۆمه‌ڵی ژن پێی هه‌ڵسان وه‌ک هه‌وڵێکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان به شه‌ڕ، ژنان وه‌کو پێویست نه‌یانتوانی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان بسه‌لمێنن و له سنوری سه‌پێنراوی ناو ماڵ و حیزب و جوگرافیای تەقلیدی ژن بێنه ده‌ره‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵێ رێكخراوی نیمچه ئازادی ژنان له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان ته‌کانێکی نوێی دا به بزووتنه‌وه‌ی ژن له کوردستانی عێراقدا؛ واته بۆ یه‌که‌م جار هه‌ندێ رێکخراوی ژنان خۆیان له ئامانج و داخوازییه‌کانی حزب جیاکرده‌وه و پێویستییه‌کانی ژنیان خسته ناو پرۆگرامی کار و چالاکییه‌کانیان. بەڵام کار‌و چالاکییه‌کانی ئەم ڕێکخراوانە له زەمینەی قوربانیبوونه‌وه چه‌قی گرت و وه‌کو به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێک بۆ قوربانیان و هۆشیارکردنه‌وه‌ی ڕای گشتی ده‌رباره‌ی توندوتیژییه‌كانی کۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به ژن بوون نەک بۆ بەرەوڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری. دیارە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوانە کاری مرۆڤدۆستانه و ژندۆستانه بوون، به‌ڵام نه‌بوونه هۆی دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی کارکردنی ژنانه و مۆدێرن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه زۆره‌کانی ژن له کوردستان و لەقبوونی بناغەی پیاوسالاری و دیفاکتوی کۆمەڵایەتی. لە بەشی سێیمەی ئەم باسەدا، باس لە هۆکاری جیهانگیری دەکەین کە ئەویش هاندەر و تەحەددا بووە بۆ رێکخراوەکان لەو بەشەی کوردستان. بەشێوەیەکی گشتی، هه‌وڵنه‌دان بۆ دروستکردنی سیسته‌مێکی کار و په‌یڕه‌وێکی بیرۆکراسی وزه و کاتی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کوردی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك بردووه که نه‌یتوانیوه ببێته گروپێکی فشاری کاریگه‌ر له به‌رامبه‌ر سێنته‌ری بڕیار و دەسەڵاتی پیاوسالاری لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیش. سه‌ره‌رای کۆمه‌ڵێ کار و چالاکی مرۆڤدۆستانه، رێکخراوه‌کانی ژنان نه‌یانتوانیوه پرەنسیپه‌کانی یه‌كسانیی جێندەر و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بهێننه ناو رۆژه‌ڤی سیاسیی کوردیی و له‌ناو یاسا و بڕیاری سیاسی و شوێنی بڕیار جێگیری بکه‌ن. جێگیرنه‌کردنی ئه‌و پرەنسیپانه له‌ناو یاسا و مانه‌وه‌ی دامه‌زراوه و پراکتیکه ته‌قلیدییه‌کانی وه‌کو سوڵحی عه‌شایری که زۆرجار له‌ناو خودی رێکخراه‌کانی ژنان و ژنان پیاده کراوه پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگه و فراژووبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی جێندەر و پرۆسه‌ی دیموکراتیزهبوونیان دواخستووه، چونکه به بێ شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆمه‌ڵگه ناچێته پێشه‌وه و سیستەمی سیاسی گەشە ناکات و نه‌ته‌وه‌ش سەربەخۆ نابێت.
به کورتی، ده‌توانین بڵێین: سه‌ره‌ڕای ده‌رچوونی ژن له ماڵ و کارکردنی له فەزای گشتی و خۆرێکخستنی له شێوه‌ی رێکخراوی مه‌ده‌نی، ژنان له کوردستان به شێوه‌یه‌کی کرده‌نی تێکه‌ڵ به فەزای گشتی و په‌یوه‌ندییه مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و ئابوورییه‌کان نه‌بوون. ئیمڕۆ له کوردستان ژن و پیاو دوو توخمی ته‌واو غه‌ریب و نامۆن به‌یه‌کتری. کۆمه‌ڵگه له ده‌ره‌وه‌ی ناوماڵ کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوه؛ ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی له ده‌ستی پیاوانه و شه‌قامی شاره گه‌وره‌کانی کوردستان و یانه و هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگاکان شوێنی پیاون و به پیاو ته‌نراون و ژنانیش له په‌راوێزی ده‌سه‌ڵات و فەزای نێوان دیوار و سنوره‌کانی ماڵ ئاخنراون. ئێواران له چایخانه و یانه و رێستۆران و سه‌یرانگاکان پیاوان به ته‌نیا خه‌ریکی خواردنه‌وه و گفتوگۆ و “ڕابواردنن”، ژنانیش به ته‌نیا له‌زه‌مینه‌یه‌کی دابڕاودا له‌گه‌ڵ منداڵ و له‌ناوخۆیاندا ده‌ژین (ئەوانەی کە لە فەزای گشتیدا دەبینرێن، زۆربەیان سەرپۆش و جبەیان پۆشیوە لە رووی لەش و لار و دەروونی و عاتیفییەوە لاواز و نادڵنیا و ژێردەستەن).
ئه‌و حالهتانە هەمووی پێکەوە وایان کردووه که پێکه‌وه‌بوونی ژن و پیاو یا کچ و کوڕێک له ده‌ره‌وه ببێته حاله‌تێکی شاز و شوێنی پرسیار و ته‌نانه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسیش. که فەزای گشتی و تایبه‌تی به‌و رادده‌یه دابه‌شبوو، ئه‌وه هه‌موو ره‌فتارێکی ژنان پێکهوهبوونێکیان له‌گه‌ڵ پیاو، واته هه‌موو جووڵه‌یه‌كیان له ده‌ره‌وه‌ی کار و ئه‌رکی چاوهڕوانکراویاندا ده‌که‌وێته ژێر چاودێریی ورد و پشکنینه‌وه. له ئه‌نجامدا ژن و پیاو وه‌ک دوو بوونه‌وه‌ری جیا و نایه‌کسان و غه‌ریب به‌یه‌کتری گه‌شه ده‌که‌ن و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که کۆیان ده‌کاته‌وه له خه‌یاڵی گشتی کۆمه‌ڵگه‌دا تەنیا سێکسه؛ پێکه‌وه‌بوونی ژن و پیاو له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا یه‌کسه‌ر لێکدانه‌وه‌ی سێکسی بۆ ده‌کرێ و ده‌خرێته قالبی حه‌رامه‌کان و تاوانبار ده‌کرێت. سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسیی و کاراکردنی ئه‌خلاقیی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنەپارێز له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی نێوان فەزای تایبه‌تی و گشتی چڕتر کردووه و ژن و پیاوی زیاتر به‌یه‌کتر غه‌ریب و نامۆ کردووه. تا ئەو فه‌زا ته‌سکه له‌سه‌ر ئاستی جوگرافی و سایکۆلۆژی نەبەزێنرێت، ژن ناتوانێ سنوری ته‌سکی ئازادی خەرق بکات و ته‌حه‌ددای ده‌سه‌ڵاتی پیاو بکات و میکانیزمی به‌رگریکردنی له لا دروست بێت بۆ دابینکردنی ماف و دادوه‌ریی جێندەری. دیارە له‌و پرۆسهیەدا پیاو هه‌ست به مه‌ترسی ده‌کات و زیاتر به‌رگری له هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی دەکات و بە شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدات ژن لە فەزا کولتوری و ئابووری و سیاسییەکان دەربکات. ئەمە بە راددەیەک پیادە دەکات کە بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و وه‌ستاندنی ژن، پیاو په‌نا ده‌باته به‌ر به‌کارهێنانی توندوتیژی تا ئاستی له‌ناوبردنی کردەنیی ژن و کوشتنی. دیاردەی کوشتن بە بیانووی شەرەف و نامووسپه‌رستی له کوردستان په‌یوه‌سته به‌و واقیعه‌وه.
ماویه‌تی
فه‌رموو بۆخوێندنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌م
تێبینی: ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرە وتارێک بەناوی پیاوسالاری، دەسەڵات و قوربانی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە بیروڕا هاوڵاتی ژماره 833 چوارشه‌ممه 18/ 7/ 2007 بڵاوبۆتەوە.
سه‌رچاوه؛ بڕوانه
- See: Dr Begikhani Nazand, “Honour-based violence: The case of Iraqi Kurdistan” in Dr Lynn Welshman and Sarah Hussain, Honour: Crimes, Paradigms and Violence against Women”, Zed Books, September 2005.