مناڵی من، ئۆنتۆلۆژیای مناڵیی

Loading

ـ دەرەوەیەك بوونی نییە، دەرەوەو دەرە منێكی جیاكراوەی بە ئۆبژێ بوو، بوونی نییە.

ـ منداڵەکەم منداڵیی خۆمە….

١

ئێمە سەیرورەیەكی ڕەهاین، فۆرمیولەبوون و دەركەوتنی ناو سەیرورە بە ڕەهایی و دووبارەنەبوونەوە، بەركەوتن لە گەڵ ناو دۆخە ئەئنتۆلۆژییەكان. دۆخ واتە نەهاتنە ناو چەمكاندن و مەعریفەوە، لە گەڵ ژیان و تیا ژیان. ئەزموونكردنە ژیانییە- ئۆنتۆلۆژییەكان.

ئێمە پڕو لێوانلێوین لە مومكین و شیمانەكانی ناو وجود. ئەوەی دێت بوونێكی دەرەكی نییە، بوونیك نییە لە دەرەوەدا، بونیكە لە پراکتیك و لە خۆماندا. پراتیككردنی خود و خۆ پراتیككردن و خۆ ئەنجامدان لە ناو ڕووتەختێكی ئیماناتدا بوونێكی كۆنكرێتی و مەلموسی دەرەكی نییە، بوونێكە لە تیاژیان و لە گەڵ ژیان.

ئەبوبەکر جاف ؛ نوسەر ؛لەبواری هزری ڕەخنەییدا
ئەبوبەکر جاف ؛ نوسەر ؛لەبواری هزری ڕەخنەییدا

دەرەوەیەك بوونی نییە، دەرەوەو دەرە منێكی جیاكراوەی بە ئۆبژێ بوو، بوونی نییە. من و دەرە- من، من و دەرەوە، پەیوەندی من بە دەرە، پەیوەندی سوژە/ ئۆبژە نییە، پەیوەندییەكی دیالێكتیكی و غەیرە دیالێكتیكی نییە، من و دەرەوە لە هەناوی یەكتربوون و دەرگیربوونێكی ناوەكی ڕەهاداین.

ئیمانانسێك نایەتە دەرەوە لە ناو مەعریفەو چەمكاندن و بوون و بوویەك لە دەرەوەدا بەری بكەوم، بەڵكو پێكەوەین لەودیوو پەیوەندییەوە، لەو دیوو جیاكردنەوەو جیاكاری و نوێنەرایەتیكردن و ناسنامەوە. من و تۆیەك وەك (سوژە/ ئۆبژە) بەرهەمی ناو چركەساتی ئیپستمییانەی مۆدێرنیتێیە لە ناو گوتاری مەعریفەو زانستەكاندا. جیاكردنەوەكان، تەعریفكردنەگان، چەمكاندنەكان، شێوازی ئەكادیمیاییانەی مامەڵە لەگەڵ بوون و سروشت و ژیان و مرۆڤدا، لە ناو پارچەپارچەكردن و بەشكردن و بەمەیدانكردندا، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنە. تۆتالیتێ كۆنترۆڵ ناكرێت، ئەوە پارچەكردن و بەشبەشكردنەكانە كە میكانیزمی كۆنترۆڵكردن و بابەتی كۆنترۆڵكردنیشە.

٢

بەش بەشكردنەكان، پارچە پارچە كردنەكان، ووردكردنەوەكان، مێژوویەكی تازەی هەیە لە دوو سەدە تیناپەڕێت. كەواتە مێژووی مرۆڤێكی پارچەكراو بەشبەشكراو لە ناو زانستە مرۆییەكاندایە  و نوێیە.

 

٣

من خەریكی ئەسپسواریم، هونەری ئەسپسواری بەركەوتن و چێژیك نییە لە گەڵ ئۆبژەیەكی دەرەكی وەك ئەسپدا، یاخود لە گەڵ هەر ئاژەڵێكی دیكەدا، لە گەڵئەسپ و گوێدرێژو حوشتردا بوون، مانێڤستی ئەو ئاستە ئەنیماڵیی و ئاژەڵیی و گیاندارییەی ئێمەدا لە ناو جوڵەی سەیرورەدا، مانێڤست دەبم لەپراتیكدا.

من و تۆ و دایكمان، بەركەوتنێكی پراتیكیانەی دایكایەتییە لە من و تۆدا ئەگەر پیاویش بین، ئێمە لە گەڵ ئافرەتێكدا ناژین، لە ناویدا دەژین و لە ناوماندا دەژی. ئێمە لە ناو ئۆتۆمۆبیلێكدا نین، ئۆتۆمۆبیلێك لە ئێمەدایە لە جوڵەو خێرایی و زەمەن.

لێرەدا من و منالەكەم دوانەیەك نین، یەكێكین لە یەكێكی سەیرورەیی ڕەهاو فۆرمیولەبوونی جیاوازدا. من و كوڕەكەم، من و كچەكەم، دوو فۆرمیولەبوونی جیاوازی ئۆنتۆ- سۆسیۆلۆژی ( یەك- فرەییەكی) ئۆنتۆلۆژین. سۆسسیۆسەكان فۆرم وەرگرتنە كۆنتێكستییەكانی دەركەوتە ئۆنتۆلۆژییەكەین. من و كوڕەكەم، یەكگرتنەوەی دەركەوتەكانە لە ئاستێكی ئۆنتۆلۆژیدا. من لە گەڵ مناڵەكانمدا، بەر گەڕانەوەیەكی دوبارەنەبووەوەی مناڵیم دەكەوم لە ناو سەیرورەدا. ماچی مناڵەكەم، ماچی مناڵی خۆمە، گاڵتەو گەپ لە گەڵ مناڵەكەمدا، گاڵتە و گەپ و یارییە لە گەڵ مناڵی خۆم و مناڵیی خۆم كە بۆ من جەبری سۆسیۆسەكان لێناگەڕێت مانێڤستی بكەم، مەگەر تەنیا لە دۆخێكی نا- سۆسیۆسی خۆمدا، لەو شوێنەی كە تەنیام، لەو شوێنەی كە دێوانەم، عارفێكم، شێتێكم.

بەڵام ئەم دۆخە نا – سۆسیۆسانەش لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرو فەلسەفەو مۆزیك و شعرو دۆخی دیكەوەیە كە هەلومەرج و شەرایتی وجودی خۆی دەوێت. گەمەكردن و یاری لە گەڵ منالدا، ئەو فەزایەیە كە سۆسیۆسەكان وەك پەراوێزێك هێشتیانەتەوە بۆ خۆ پراتیككردن و خۆبوونەوە. مناڵیی و مناڵبوونەوە، وەك بە ژنبوون و بە پیاوبوون و بە ئاژەڵبوون… هەم هێڵی سوبژێكتیڤاسیۆنن لە باو دۆخە ئۆنتۆلۆژییەكاندا،هەمیش هێڵی هەڵهاتن و بەرگری و ئەكتێ بەرگرییە لە ئاستێكی وجودی و ئۆنتۆلۆژیدا. مناڵەكەم مناڵیی خۆمە.


مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.