مرۆڤێکی جێهێڵدرا – فۆتۆیەکی مارکۆس بیبل ڕیته‌رد ئەم فۆتۆیە 1980 دا لەگواتیمالا گیراوە ..

Loading

نوسه‌ر؛ هاوار موحه‌مه‌د

هۆشى كفت، دەربارەى خەواڵووبوون و مەستى

هاوار محەمەد

“سوبێكت خەوى دێت”. ئەم دەربڕینە خۆى تەنگژەیەكە. هۆش [سوبێكت] لاى هیگڵ خەوى نایەت و نایشخەوێت. لەو كاتەوەى كە گەشتەكەى لە نێگەتیڤیتەى پەتییەوە دەست پێدەكات، هەمیشە زیت و بەخەبەرە، بە تایبەتى دواى ئەوەى دەگات بە خودئاگایى. ئەو هەرگیز ماندوو نابێت، هەرگیز پشوو نادات. هۆش هەمیشە خۆى بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەكات كە دەكەونە ململانێ و ئارامى لە یەكتر هەڵدەگرن؛ دواجار لایەكیان كەمێك كورت دەهێنێت و لاكەیتریان كەمێك زیاد. دیسان سووڕەكە لە “زیادە”كەوە لەسەر بەدەست هێنانى “زیاتر” دەست پێدەكاتەوە. ئیدى هۆش بێ وچان كار دەكات، لە مێژوودا بەرەو پێشەوە دەچێت، ناحەوێتەوە. كەواتە ناتوانین بڵێین “سوبێكت خەوى دێت”؛ مەگەر ئەوەى بەو جۆرە لێكى بدەینەوە كە “سوبێكت خەو بۆ خۆى دێنێت”! بەڵام ڕاستییەكەى بەهۆى پێگەى “بكەر”ەوە لە ڕێزماندا ڕستەكە دیسان لەبەرژەوەندى سوبێكت داڕێژراوە. بە سادەیى لەوە تێدەگەین “سوبێكت خەوى دێت” ئەوە دەشارێتەوە كە “خەو دێت”. ئەوە خەوە دێت و ئێمە دەگرێت. لێرەوە سوبێكت خۆى دەبێتە بەركار بۆ سوبێكتى خەو. گەر وایە خەو دەبێتە بكەرى سەرەكى، واتە “سوبێكت”. ئاخۆ ئەمە مومكینە؟ لەبەر سێ هۆكار لەو ڕستەدا خەو سوبێكت نییە:

1) خەو خۆى چالاكییەكى نا-چالاك نییە؛ بە پێچەوانەوە نا-چالاكییەكى چالاكە؛ واتە جۆرێكە لە پاسیڤیزم كە چالاكییەكەى لە ناچالاكبوونەكەیدایە؛ ئەوەى كە دێت تەواو پاسیڤە، لەم ڕێیەوە چالاكى لە چالاكى دەخات.

2) خەوهاتن هەمان خەو نییە: “سوبێكت خەوى دێت”، جیاوازە لەوەى بڵێى “سوبێكت خەوتووە” یان “سوبێكت دەخەوێت”. بە تەواوى ڕوون نییە كێ بكەرە و كێ بەركار. پێگەى سوبێكت تا ئەوپەڕ شلۆقە.

3) خەوهاتن واتە بوون لە لێوارى بەربوونەوەدا؛ ژان-لووك نانسى بەو جۆرە لە خەو تێدەگات، بۆیە یەكێك لە كتێبە ناوازەكانى خۆى ناوناوە بەربوونەوە بۆ نێو خەو. بە بڕواى ئەو خەو بەسەر ئێمەدا نایەت، بەڵكو زاراوەى “بەربوونەوە” باشترین گوزارشتى لێ دەكات. ئێمە لە ماندوویى و وەڕزییمانەوە بەردەبینەوە  نێو خەوەوە. بەڵام خەوهاتن بەربوونەوە نییە بۆ نێو قووڵایى، واتە خەوتن نییە؛ خەوهاتن پتر ساتى وەستانە لە لێوارى ئەم بەربوونەوەیەدا؛ یان دەستگرتنە بە هەندێ ڕیشاڵەوە لە کاتی بەربوونەوەدا.

كەواتە ڕستەى “سوبێكت خەوى دێت” بەو واتایەیە “خەوى بۆ دێت”؛ لێرەدا سوبێكت تەنیا كەوڵێكى لێ دەمێنێتەوە؛ سوبێكت دەمێنێتەوە، بەڵام بە لەكارخراوى. لە دەروونشیكارییدا ئەم جۆرە لەكاركەوتنانە بە چەمكى نێگەتیڤیتیى وەك “خەسان” یان “کەمیی” لێك دەدرێنەوە و هەرگیز ئارەزووكراو نین. بۆیە دەروونشیكارى بە زوویى سوبێكت دەخەوێنێت تاوەكو “خەون ببینێت”. ئێمە لەم وتارەدا لە چەمكە پۆزەتیڤەكانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بە كەوڵبوونەى سوبێكتدا دەكەین؛ وەك دۆخێك كە نابێتە نەقس و دەشێت ئارەزوو بكرێت؛ وەك دەرفەتى دەوڵەمەندی.

 

*     *     *

خەو دێت؛ ڕەنگە دواتر بمێنێتەوە، بەڵام لە ساتى خەوهاتندا تەنیا دەتوانێت بێت؛ وادیارە لەم دۆخەدا هۆشیارى و خەو پێكەوە ململانێ دەكەن تاوەكو خەو [ئاغا] زاڵ دەبێت. نێوانى ئەم دووانەدا لە دیالەكتیكدا پەیوەندیى لازم و مەلزومە؛ پەیوەندییەكى هەم گرژ و هەم پتەو: لێكدژیى. بەڵام ماوەى پەنجا ساڵ دەبێت، فیكرى نوێ كار لەسەر لێكترازان، نێوانى نێوان، پەیوەندیى نا-پەیوەندیى دەكات. تابلۆى “ئەمە پایپ نییە” This Is Not a Pipeى ڕێنییە ماگرێت وەك نموونە وەردەگرین. لە نیگارەكەدا وێنەیەك و نووسینێك هەیە. وێنەكە پایپێكە و نووسینەكەیش لەژێرییەوە دەڵێت ئەمە پایپ نییە؛ ئێستا ناونیشانى تابلۆكە و وێنەى نێو تابلۆكە پێچەوانەى یەكترین؛ ئەمیان حاشا لە ئەوی تریان دەكات. لە دیالەكتیك و دەروونشیكاریدا وەڵامى ئەم تەنگژەیە ئاسانە و هەمیشە یەك كڵێشەیە: لە بەشدا 

ئەمە پایپ نییە – کاری هونەریی ڕێن مارگرێتە ١٩٢٨ – ١٩٢٩
This is not a pipe. ” The
Treachery Of Images (La trahison des images, Ren Magritte, 1928- 1929). Source: http://collections.lacma.org/node/23957.

جیاوازن و لە كۆدا هەر یەكن. دژییەكى یەكخەرى هەردووكیانە؛ هەر لەبەرئەوەى تابلۆكە خۆى دەڵێت؛ ئەمە پایپ نییە، كەواتە ئەوە پایپە؛ پرسى دژییەكى بریتییە لە نكوڵییەك كە تەنیا بابەتە نكوڵیلێكراوە دەسەلمێنێت.

ماوەیەك دواى بڵاوبوونەوەى دوو ڤێرژنى بە ئاستەم جیاوازى تابلۆكە، میشێل فوكۆ كتێبێكى چكۆلە بە هەمان ناونیشانى “ئەمە پایپ نییە” دەنووسێت و تێیدا هەر لێكدانەوەیەكى دیالەكتیكیى بۆ دژیەكیى وێنەكە و ناونیشانى نیگارەكە وەلا دەنێت. پرسەكە بۆ فوكۆ لێكترازانى وێنە و وشەیە لە یەكترى تاوەكو لە برى پەیوەندیى connection يان دژییەكى contradiction جیابوونەوە-پێكگەیشتنەكان conjunctions[پێكجیاگەیشتنەكان] بسازێن. لە ڕوانگەى فوكۆوە، نووسراوەكە، لە ڕاستیدا ناونیشانى تابلۆكەیە و هاوكات لەنێو تابلۆكەدا كالیگرامە؛ واتە هەم لە دەرەوەیە و هەم بەشێكە لە فەزاى ناوەكیى تابلۆكە كە پێمان دەڵێت ئەمەى دەیبینن پایپ نییە؛ بەڵام وێنەى پایپەكە لە سەرەوە زەق و زۆپ هەیە و ئەم دووانەیش بەهیچ جۆرێك یەك ناگرنەوە. كەواتە گریمانەكە ئەوەیە لەنێوانیان ئەم دووانەدا تەنیا خودى نێوان هەیە؛ دراوسێیەتى بە بێ یەكترناسین. ئامانجى فوكۆ ئەوەیە كایەى نووسین و كایەى وێنە لە یەكتر جیا بكاتەوە و سەربەخۆیى بە هەر كایەیەكیان بدات تاوەكو ببینین كە دواى ئەمە دەشێت چى لە نێوانیاندا ڕووبدات. لەم ڕوانگەیەوە، پەیوەندیى نێوان ئەم دوو كایە لە تابلۆكەى ماگرێتدا نا-پەیوەندییە، نێوانەكەیان تەنیا نێوانە. بەڵام بە گوتەى دۆلۆز “نێوان” لەم نا-پەیوەندییەدا چالاكتر لە هەر چالاكێكە، نەك وەك سەنتێز، بەڵكو وەك هاوەڵى. وەها سكێچێك بۆ تێماى وتارەكەى ئێمەیش دروستە: ئەو كەسەى وەنەوزێك دەدات، دەستبەجێ، بە هاوڕێكانى دەوروبەرى یان بە خۆى، دەڵێت “نا، نا.. خەوم نایەت”؛ لە كاتێكدا بێگومان ئەو خەوى دێت. بە بڕواى فۆكۆ پرسەكە بەم شێوەیە لێك نادرێتەوە ئاخۆ گوزارەكە ڕاستییەكى دەربڕیووە یان نا؛ مەسەلەكە ئەوەیە زمان تا بێ زیاتر بەرەو سەربەستى مل دەنێت و لەوێوە پەیوەندیى نا-شوێنكەوتەیى لەگەڵ دەرەوەیدا دەسازێنێت.

لە خەوهاتندا مرۆڤ دەكەوێتە نێوان خەو و بێدارییەوە؛ دەكەوێتە نێوان دوو جیهانەوە. سوبێكت بۆ ماوەیەكى تێپەڕ زەینى لە سنوورى نێوان هۆش و بێ هۆشیدا، لەنێوان ئاگایى و بێ ئاگاییدا شل دەبێت؛ لە زمانى كوردیدا بەم بارە دەوترێت خەواڵووبوون. خەواڵوبوون پتر لەوەى دژییەكیى خەو و بێداریى بێت، پێكگەیشتنى خەو و بێدارییە لە نێوانێكى دەرەوەى هەردووكیاندا. خەواڵووبوون بوونە لەسەر سنوور، لەسەر پرد، لە مەرزدا. گرنگیى ئەم وەستانە لە سنووردا، لەوەدا نییە لەمبەرەوە بپەڕیتەوە بۆ ئەوبەر، پتر لە ئەزموونكردنى خودى سنووردایە، شوێنێك كە تێیدا تۆ چیتر سەر بە هیچ جیهانێكى ڕوون نیت، هیچ شوناسێكت وەرنەگرتووە، بەڵكو تەنیا سەتحێكیت بۆ ئەو هاوەڵییەى كە لەنێوان هۆش و خەوتندا دروست دەبێت. ئەمە لە ئەزموونى واقیعیى ژیانى ڕۆژانەدا ساتێكى زۆر درێژخایەن نییە، بەڵام وەها ئەزموونێكى ناشوناسمەندانە بۆ ئەوەى نەبێتەوە بە شوناس، نەكەوێتە نێو باوەشى جیهانە ڕوونەكانەوە، یان خۆى نەبێت بە ڕووبەرێكى دیكە كە بە كۆ-دەزگاكان [ئەپاراتووسەكان]ى ڕۆشنایى ڕووناك بكرێتەوە، درێژخایەنى وەك جێگیربوون ناچەسپێنێت؛ كورتخایەنییش هیچ زیانێك لە بەهاكەى نادات. شتە تێپەڕەكان مەرج نییە لە شتە جێگیرەكان كەم بەهاتر بن. ئەزموونى خەواڵوویى تەنیا وەك سنوور، وەك ڕووبەرێكى كپى دەرەوەى نەزمى جێگیرى هۆشیارى-ناهۆشیارى دەتوانێت كاریگەر بێت، لەوێدا كە كەسى خەواڵوو ژێستى ئاگایى دەنوێنێت و هاوكات ئاگایى ناتوانێت كارى خۆى بكات؛ لەولایشەوە خەواڵوویى ئەزموونى پێش بەربوونەوەیە بۆ نێو قووڵایى خەو.

لە خەواڵووبووندا جەستە دوو ماندوویى لێكدەبەستێتەوە؛ ماندوبوونى دەرەكى و ماندووبوونى ناوەكى، بۆیە دواى دەركەوتنى هەندێك نیشانەى لە شاردنەوەبەدەر و بێ ماناى وەكو قورسبوونى پێڵوەكان و باوێشكدان، وا دیارە جەستە پێویستى بە حەوانەوەیە، پێویستى بە خەوتنە كە ڕێگا دەدات بۆ دەرچوونە دەرەوەى ماندووێتى. ماندبوونى دەرەكى بە بێ پێكگەیشتنى لەگەڵ ئەو ماندووێتییەى لە ناوەوە، لە خودى خەوەوە دێت، تەنانەت ئەگەر ببێتە پڕووكانیش، نابێتە خەواڵووبوون. كەواتە ماندووێتى بەردەوام لە هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەدایە، وەك هەناسەدان؛ بەڵام ئەو ماندووییەى دێتە ناوەوە و ئەوەى دەچێتە دەرەوە دوو جۆرى جیاوازى ماندووێتین كە بێگومان پەیوەندییان بە یەكترییەوە هەیە بێ ئەوەى هەمان شت بن. ڕەنگە جەستەى كرێكارێك هەر بە ڕاستى شەكەت بێت و پێویستى بە پشوو هەبێت، كەواتە لە ئێوارەیەكى زووتردا خەو دەیگرێت؛ یان لە كەشێكى بێزاركەردا خەوگرتن جۆرێك خۆدزینەوە بێت بە ڕووى ئەوەدا كە لە دەرەوە هەیە. بەڵام ماندووێتییەك كە لە خەواڵووییدایە تەنانەت ڕۆژى “هیچ نەكردن”ـیش، یان فەزایەكى پڕ جۆشوخرۆشیش دوورى ناخاتەوە. وەها وڕبوونێك بۆ خۆى دەسەڵاتێكى ناوەكیى جەستەیە لەسەر خۆى كە خۆى دەخاتە دۆخى ماندووییەوە، دۆخێك كە وەك بڵێى مانەوە لە هۆشیاریدا ڕێگەى دەرچوونى تەواوى لێ دەگرێت. لەم بارەدا عادەتەن ئێمە دەخەوین، واتە خۆمان دەدەینە دەست خەوتن، هەندێجاریش بە هەر هۆیەك بێت بەرەنگاریى دەنوێین و پتر درێژە بە ساتى خەواڵوویى دەدەین. ئەم بەرەنگارییە، ئەم خۆ هەڵپەساردنە لە سنوورى نێوان خەوتن و هۆشیاریدا، ساتێكە كە سوبێكت بەرەنگارى خەو نابێتەوە بۆ ئەوەى خەو ڕاو بنێت، هاوكات دنیاى دەرەوەیش لەخۆى داناماڵێت تاوەكو لەنێوخۆیدا بەیەكجارى بكوژێتەوە؛ بە پێچەوانەوە، ئەم بەرەنگارییە وەرگرتنێكى شلوشاوى خەو و دنیاى دەرەوەیە لە یەك كاتدا بەهۆى شلبوونەوەى سوبێكت خۆیەوە؛ واتە كزبوونى هەستەكان و زەین بە جۆرێك كە كەسى خەواڵوو چیتر ناتوانێت هیچ شتێك بە جددى وەربگرێت، ناتوانێت بە تەواوى بوونى خۆیەوە بە هەردوولایەنى جەستەیى و هۆشمەندییەوە، لەو شوێنەدا بوونى هەبێت كە تێیدایە. بەم مانایە، خەواڵووبوون لە ڕەتكردنەوەى دنیاى دەرەوە و ڕەتكردنەوەى خەوەوە، لە ڕەتكردنەوەى یەكێكیان بەویتریانەوە بەدەست نایەت، كەوابێ لە نێگەتیڤیتەوە پێناسەى خۆى ناكات؛ بە پێچەوانەوە، ئەزموونێكى پۆزەتیڤى بەلاڕێدابردنى هەردوو هێزەكەیە، بێ ئەوەى هیچ یەك لە هێزەكان بتوانن بەشێوازى خۆیان كار بكەن یان سوبێكت داگیر بكەن. هێزەكان لەوێدا لە ڕووى چۆنییەتى یان تایپەوە دەگۆڕێن بۆ جۆرێك هێزى تر.

بەرەنگاریى خەواڵوویى ئەم لەهێزخستنەى هێزە وەك خۆى و گۆڕینییەتى بۆ هێزێكى دیكە، بۆ جۆرێك مومارەسەى تر كە هێزەكە خۆى ناتوانێت بیكات، ئەمە بەرهەمهێنانەوەى هەمان هێز نییە، بەڵكو بەرهەمهێنانەوەى هێزە بە جیاوازییەوە. لە خەواڵووییدا من چیتر وتەكانى هاوڕێكەم كە لە دەرەنگانى شەوێكا باسى یەكەمین عەشقى خۆیم بۆ دەكات، بە باشى ناگاتە گوێم؛ ڕۆشنایى بە تەواوەتى شتەكانم بۆ ڕۆشن ناكاتەوە؛ زمانم بە دروستى نادوێت. وێڕاى ئەوەیش بە تەواوەتى بێ ئاگا نیم؛ لەوێدا ڕۆشنایى و تاریكى، تاریكى ژوورەكە و تاریكى ناوەوەى من كە بۆ خەوتن بانگم دەكات تێكەڵ دەبن؛ بەڵام زەینم تەواو نەكوژاوەتەوە و بە بروسكەكانى خۆى جاروبار بۆ ساتێك بەیەكداچوونى تاریكى  و ڕۆشنایى، تاریكى و تاریكى دوادەخات. ئایا تا كوێ دەتوانین خەوتن دوابخەین و كەچى هەر لەنێو ئەزموونى خەواڵووییدا بمێنینەوە؟ گەر دواخستنى خەو ببێتە مایەى ڕەوینەوەى خەواڵوویى و سوبێكت لەنێو جۆرێك “هۆشیاریى دواى خەوزڕان”دا ئەزموونى شەو بكات، ئەوا ئەو شتەى دروست دەبێت كە مۆریس بلانشۆ ناوى دەنێت “ئەزموونى بێخەوى” یان “بێدارى”. نووسەر خەوى لێناكەوێت. بێخەوى لاى بلانشۆ ئێشكگرتنى نووسەرە بەدیار ئەو شتانەوە كە لە نێو ڕووناكى شەودا [ڕووناكییەك نا كە لەشەودا هەیە، بەڵكو ڕۆشنایى خودى شەو] دەردەكەون و ڕووناكى ڕۆژ شاردوونییەتییەوە؛ بە جۆرێكیتر بڵێین، بێخەوى ئەزموونى نووسەرە لە ساتى نووسیندا. خولیاى نووسین ئەوەیە كە ناهێڵێت نووسەر بخەوێت؛ بە بێدارى دەیهڵێتەوە. بەرهەمى نەنووسراو بانگى نووسەر دەكات تاوەكو لە بەرهەمێكدا بینووسێتەوە؛ بەڵام وەها هەوڵێك هەرگیز بە تەواوى كامڵ نابێت و بەرهەم ناگاتە ساتى بوون-بەبەرهەم. ئەم ئەزموونە لە شەودا ڕوودەدات كە بۆ بلانشۆ ناوى بێدارییە[1].

خەواڵوویى بێخەوى نییە و مەرج نییە لە شەودا ئەزموون بكرێت، هەر ساتێك دەكرێت ساتى خەواڵوویى بێت، بەڵام خۆیشى ماوەیەكى بوونە لە سنووردا. خەواڵوویى لەوێدا لە خەوزڕان جودایە كە زەینێك نییە بیەوێت خۆى بكوژێنێتەوە و نەتوانێت، كەواتە دوورخستنەوەى خەو [ و خەو لێ نەكەوتن] نییە؛ لە ڕاستیدا خەواڵوو خۆیشى تواناى وەها ئەزموونێكى بلانشۆیى نییە، هاوكات ئەم نەتوانینە بۆى نابێتە نەنگى. خەواڵوو، بەشێوە بلانشۆییەكە ڕۆژ ناهێنێتە نێو شەوەوە، خەویش ڕەت ناكاتەوە بەڵكو بە وەنەوز دواى دەخات. وەنەوز ساتێكە كە سوبێكت خەریكە بەردەبێتەوە بۆ نێو خەو و هاوكات خودى وەنەوز ناهێڵێت ئەم بەربوونەوەیەوە بگاتە قووڵایى. وەنەوز ساتێكە وەك كابوسى “كەوتنەخوارەوە” لە خەوندا. بە زۆرى خەونى كەوتنەخوارەوە بۆ نێو چاڵ، تەنیا لە سەرەتاى خەودا ڕوودەدات، كاتێك ئێمە هێشتا نەچووینەتە قووڵایى خەوەوە؛ بەڵام خەونى كەوتنە خوارەوەكە، كە لە سەرەتاى خەوتنماندایە، هاوكات بەئاگاهاتنەوەیشمانە لە شۆكى كەوتنە خوارەوەكەمان؛ بۆیە بەرلەوەى بدەین لە بنكى چاڵەكە ڕادەپەڕین و بەخەربەر دێین. وەنەوز هەمان شت نییە، بەڵام ئەزموونێكى لەو جۆرەیە. خەوبردنەوە بۆ ساتێك، من ئامادە دەكاتەوە بۆ چەند ساتێكى تر خەوتن دوا بخەم؛ لێرەوە وەنەوز واتە گەمەى حزوور و غیاب لەگەڵ یەكتردا؛ واتە دواخستنى خەو.

ژاك دێریدا تێزى خۆى دەربارەى جیاوازى لەسەر دواخستن بونیاد دەنێت: دواخستنى مەدلول لە دال(ـەكان). بۆ نموونە گەر ئۆرگازم مەدلولى سێكس بێت؛ ئەوا لاى دێریدا ئەوەى جیاوازى لە سێكسدا دروست دەكات بریتییە لە دواخستنى بەردەوامى ئۆرگازم (لە سێكسى بێ ئۆرگازم یان ئۆرگازم دواخراوى بەردەوامدا چى ڕوودەدات؟ جیاوازییەكان دروست دەبن كە وەزیفە و فۆڕم و چێژ لە سێكدا دەگۆڕن.) ئەم دواخستنە بە یەكجار و بۆ هەمیشە دواناخرێت، بەڵكو لەشێوەى گەمەى حزوور و غیابدا ڕوودەدات. بە گوێرەى ئەم گەمەیە، لەنێوان دووالیزمەكاندا بەردەوام ئەوىترەكان[2] هەن كە ئەو چەمك و ڕووبەرە نوێیانەن وا لە نێوانەكاندا دروست دەبن، ئەم نێوانانە بە زەرورەت بەرهەمى پێكدژیى دووالیزمەكان نین؛ واتە لایەنى سێیەم وەك سەنتێزێكى ناسراوى دژییەكى دوو جەمسەر دەرناكەوێت، بەڵكو خۆى بوونێكى نەناسراوە كە لە دواخستنى گرتنى ڕووبەرە جێهێڵراو، تەریكخراو، لەبیركراو و پەراوێزخراوكانەوە دێت و لەسەر سنوورەكان دەجوڵێت. ئەوىترەكانى دێریدا هەمان ئەوی ترى نێو دووالیزمى من-ئەوی تر نین؛ هاوكات سەنتێزگەلى ئەوتۆ نین كە لە پەیوەندیى من-تۆ، خود-ئەوەوە دەربچن و ببنە مایەى دوالیزمێكى نوێ. ئەوىترى نێو هەڵوەشانەوەگەرایى دێریدا هاوكات ئەوىترى ناخود و ئەولاتر لە ئەوى ترى نێو مێژووى فەلسەفەیە؛ ئەوىترە لەولاى ئەوى ترى خودەوە؛ بەم واتایە جیادوازىـیە [دیفێرەنس]، واتە جیاوازى-دواخستن پێكەوە[3]. ئەم ئەوىترە لاى دێریدا نەناسراوییە، لێڵییە، بوونێكى تەڵخە كە قابیلى بڕیارلێدان و ڕوونبوونەوە نییە، بەڵام دووالیزمى خود-ئەوی تر لێك دەترازێنێت. خەواڵوویى بە مانایەك ئەو ڕووبەرەى نێوانە كە بۆ هەر هۆشیارى و نا-هۆشیارییەك ئەوىترە. ئەم ئەوىترە خۆى بێ مانایە، هیچ شتێكى ڕوون و جێگیرى تێدا نییە، بەڵام ترازانێكە لە دالى خەو و دالى بەخەبەربوون كە ڕەنگە لە شێوەى زیندەخەون، ئیلهام، وەحى، بزڕكاندا جێ نیشانەى خۆى دابنێت. ئەمە جگە لەوەى وەنەوز و ڕاچڵەكین لە ساتى خەواڵووییدا ئەگەرى جۆرێك شێتبوونیشى تێدایە.

لەبەرئەوەى خەواڵوویى دۆخێكى جێگیر نییە، كەواتە دەكرێت لە دۆخى خەوەوە لابدات بۆ دۆخى ئاگایى، واتە نەك تەنیا ئێمە لە هۆشیاریماندا خەواڵوو بین؛ پتر بەو مانایەى خودى هۆشیاریى خەواڵوو بێت. دیارە لەم سیاقەدا واتا سادەكە ئاگایى یان هۆشیاریمان مەبەستە كە نەخەوتوویى و بەخەبەربوونە (نەك واتا عەقڵانییە فەلسەفییەكەى) بەڵام مانا سادەكەیش تێدەپەڕێنێت بۆ جۆرێك هۆشمەندیى خۆڕسكى تایبەتى. لەم بارەدا خەواڵووبوون بە واتاى كەمبوونەوەى هۆشیارى نییە، بەڵكو خۆى ستایلێكى هۆشیاریى یان زرنگییە كە دەكرێت بە هۆشیاریى كفت ناوى ببەین. بیركردنەوەیەك كە لە هۆش(یارى)ى كفت دەكەوێتەوە جۆرێك لەسەرخۆیى تێدایە كە ڕیتمى خێراى شتەكان خاو دەكاتەوە؛ هاوكات لەبەرئەوەى بیركردنەوەیەكى سیستەماتیكى فەلسەفیى نییە، دەتوانێت باز و تەنانەت بازى گەورەیش بدات، بەم جۆرە خاوەنى جۆرێك خێرایى بروسكەئاسایشە. هەر وەك نموونە دەتوانین ئاماژە بە سێ فەیلەسوف بكەین كە لە مێژووى فەلسەفەدا بەهۆى نەخۆشى و دەرمانەوە لە نێو وڕیى بەردەوامدا بوون و فیكریشیان تەنیا وەك قەڵەمباز بەرهەم هێناوە: نیچە، دۆلۆز، ژان-لووك نانسى. نموونەكە لە یەكێكیاندا ورد دەكەمەوە: ئێمە دەزانین نیچە بەرلەوەى شێت بێت، ماوەیەكى زۆرى تەمەنى بە نەخۆشى و ئازارەوە تێپەڕاند؛ هەموو جارێك ئەم ئازارە ڕێگرى ئەوەى لێ دەكرد بە پێ پچڕان بنووسێت. دواى بەكارهێنانى كۆمەڵێكى زۆر حەب و دەرمان كە هێشتا هەم كاریگەرییەكانیان مابوو، هەمیش دەبوو بەردەوام بێت لەسەریان، ئەو دیسان قیت دەبوویەوە و لەنێو ماندوویى نەخۆشى و كفتیى دەرماندا، لە ماوەیەكى زۆر كورت و قیاسیدا، بەرهەمێكى لە بەرهەمەكانى دەنووسى. ئەو زۆربەى كتێبەكانى بەشێوەى فراگمێنت نووسیوە، هەم وەك بروسكەى ئاگایى و هەمیش وەك وڕێنەیەكى كورتخانى ساتى كفتى كە بەر لەوەى تا كۆتاییەكەى ببرێت، دەكوژێتەوە.

هۆشى كفت لە فیكردا، خۆشلكردن نییە بۆ دەسەڵاتى نائاگایى، پتر وڕیى خۆى لە زرنگیدا چڕ دەكاتەوە. خەواڵوویى وەك وڕبوون، دۆخێكى مەستییە كە لەلایەك بە واتاى هۆشیارییەكى شەكەت، ئاگاییەكى پڕوكاو و لاواز، ئاستێكى نزمى ژیری یان هۆشیاریى كەم و كورت نییە. لەلایەكى تر ناشێت مانایەكى دەروونشیكارانەى هەبێت؛ واتە مەستییەك نییە كە تێیدا دەسەڵاتى (سۆپەر ئیگۆ – منی باڵا) لەسەر (ئید – ئەو)  كەم دەبێتەوە و نائاگایى دەكەوێتە كار. لە هۆشى كفتدا خەواڵوویى یارمەتیدەرە بۆ بیركردنەوەیەكى ڕوونتر و قووڵتر، بۆ دەركەوتنى كتوپڕ و كورتخایەنى ئایدیاكان لە سافترین دۆخیاندا.

مرۆڤێکی جێهێڵدراو، خەواڵوویی و خەوی تلیاکێشێک– فۆتۆیەکی مارکۆس بیبل ڕیته‌رد ئەم فۆتۆیە 1980 دا لەگواتیمالا گیراوە ..

 

هەندێك لە تلیاككێشەكان، لە سەرەتاكانى بەكارهێنانى بەنگەمەنییەكاندا باس لە دۆخێكى لەم جۆرە دەكەن: ئەو ژەمە چكۆلەى تلیاك كە یارمەتیى مرۆڤ دەدات بەشێك لە ڕێگرییەكانى بیركردنەوەى وەلابنێت. بەڵام ئەم بەركاهێنانە جۆرێك لە پێوانەى وردە كە هەر زیادەڕەوییكردنێك تێیدا تلیاك یان پێكى زیادەى مەشروب دەگۆڕێت بۆ ژەهر. كەواتە ئەوەى لێرەدا گرنگە هەستكردنە بە ڕوونترین ئاستى مەستى، بەو ڕێژە گونجاوەى كە تێیدا خەواڵوویى مەستى نابێتە “كەوتن”. بۆ مەشروبخۆران، دۆلۆز ئەمە ناو دەنێت “دوایین پێكى پێش كۆتایى”، واتە ئەو دوایین پێكەى كە تێیدا مەشروبخۆر لە باشترین دۆخى خۆیدا دەستى لێ هەڵدەگرێت بە بێ ئەوەى كۆتا پێكى لەسەر هەڵبدات كە ئەم پێكەیان دۆخەكە بە بارى نێگەتیڤدا هەڵدەگەڕێنێتەوە. پێكى پێش-كۆتایى بەواتاى دوایین پێكى فڕكراوە بەر لەوەى مرۆڤ لەگەڵ تواناى خۆیدا بۆ خواردنەوە بگاتە كۆتایى؛ ئەو بۆ ئەوەى خەواڵوو بێت نابێت تا دەتوانێت بخواتەوە، بەڵكو دەبێت بتوانێت بەر لەوەى بگاتە نەتوانینى زیاتر خواردنەوە، دەست لە خواردنەوە هەڵگرێت. گەر وابێت، خەواڵوویى بە ئالوودەبوون بە هۆشبەر، بە مەشروبخواردنەوەى زۆر و بەردەوام، بە دەرمانوەرگرتن بەدەست نایەت. خەواڵوویى جیاوازە لە دۆخى بێ ئاگایى و بێ هۆشى كە گوزارەى “هۆشبەر” بە باشى گوزارشتى لێ دەكات و دەشێت بە “هۆشیاریى كەوتوو” ناوى ببەین. كەوتن لێرەدا واتە لە جووڵەكەوتن و هەرەسهێنان، جۆرێك داڕمان و خەولێكەوتنى نا-سروشتى. لە هۆش(یاری)ى كفتدا هۆش ناڕوات، پرسەكە چالاكبوونى نائاگاییش نییە؛ پتر ئەو دۆخەیە كە هۆشیارى بەخۆى مەست دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەى مەستبوونەوە بێت بە شتێكى دەرەكییش، یان بە هاوكاریى شتێكى دەرەكیى وەك مەشروبیش. وەها دۆخێك، كە ئەگەرچى ڕەنگە لە بەكارهێنانى ڕێژەیەكى زۆر گونجاو و بگرە ماتماتیكى تلیاك و مەشروب و دەرماندا (كە گونجاویى ئەم ڕێژەیە بەردەوام بە گوێرەى میزاجى كەسى، شتەكانى دەوروبەر، كاتەكان، فەزاكان دەگۆڕێت) دەربكەوێت، بەڵام ئەمانە تاكە هۆكارییش نین؛ هاوكات ئەمانە بەردەوام مرۆڤ دەخەنە نێو فریووى زیادەڕەوییەوە كە ڕیسك و مەترسیى كەوتنى لەگەڵدایە.

ئ

ەمەى كە لەم مانا بەلاڕێدابراوەى خەواڵووییدا وەك مەستى، هۆش ناڕوات، بەو واتایە نییە هۆش خۆى لە دنیاى دەرەوە جودا كردۆتەوە و وەك سوبێكتێكى هۆشمەندى فەلسەفى لەنێو خۆیدا دەمێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، هۆش ناڕوات واتە هۆش پەیوەندیى خۆى بە خۆى و بە دنیاى دەرەوەى دانابڕێت بەڵام چیتر جیاوازییەكەیان بە هەند وەرناگرێت؛ هۆشى كفت دوالیزمى دەرەوە-ناوەوە تێك دەشكێنێت. هۆش دەچێتە دۆخێكى وریاییەوە كە تەنیا بە چاوێكى خەواڵووەوە دەتوانێت هەندێك شتى جیاواز ببینێت؛ هەروەها دەتوانێت ئەزموونى خۆى لە مەستیدا بكات. ئەم ئەزموونە بە خێرایى لەسەر ڕوخسار دەنیشێت. هێزى خەو گەرچى زۆربەى ئەندامەكانى لەش دەگرێت، بەڵام لە چاوەكاندا پتر دەردەكەوێت، وەك بڵێى بە بێ كوژانەوەى ئەو دوو پەنجەرانەى لێوەیان دنیاى دەرەوە بە دنیاى ناوەوە دەگەن، خەو بە تەواوەتى ڕوونادات. لە ساتى خەواڵووییدا پێڵوەكان قورس دەبن و چاوەكان خومار دەبن. كە چاوەكان دەنیشن و خەوتن دەیەوێت دایان بخات، وڕییەك دەمانگرێت ماندووێتیى دەهێنێتە سەر ڕوخسارمان بە بێ ئەوەى تەنانەت ماندووییش بووبین. دۆلۆز لە بەرهەمێكیدا باس لەم ساتى “خوماربوون”ـە دەكات. بە بڕواى ئەو خوماربوون، واتە ئەو شێوازە وڕییەى كە دەڵێى خەو نیشتۆتە سەر چاوەكان، ئەو ساتى مەستى یان نیوە مەستییەى كە مرۆڤ بە تەواوەتى هۆشى لاى خۆى نییە، شتێكە لەوە تێدەپەڕێت مرۆڤ سوبێكتێكى هۆشمەند یان هۆشێكى ڕۆیشتوو و دابڕاو لە خۆى [هۆشیاریى كەوتوو] بێت. هەروەها خەواڵوویى مەرج نییە تەنیا ساتێكى كورتى وڕبوون بێت. خومارى ڕەنگە تایپى كەسانێك بێت، یاخود وەك ئارەزوو دابهێنرێت؛ كەواتە جۆرێك ستایلە، جۆرێك هێڵى هەڵهاتنە كە لەنێوان خەون و بێداریدا زیگزاگ دەكات و ئەوانیتر بە هەڵەدا دەبات. “بەهەڵەدابردن” خەڵەتاندن و گزییەك نییە؛ پتر بەو واتایەیە هەر ڕێیەكى نوێ كە دەكرێتەوە، هەر ڕچەیەكى نوێ كە دەشكێنرێت، خۆى بەرهەمى ڕێونكردن و بەهەڵەداچوونێكە، خۆى بەرهەمى ونكردنى نەخشەیەكە كە بە ناوى “نەخشەى ئەسڵى”ـیەوە بانگەشەى بۆ دەكرێت.

مەستى لە دوایین پێكى پێش كۆتاییدا ئیمكانى ناكۆتایى هەر چەشنە ڕەفتارێك دەكاتەوە؛ لە كۆمەڵگەى ئێمەدا “ساتى مەستى” ساتێكى ترسناكە، تەنیا لەبەر ئەوە نا كەسى مەست حەرامێكى ئایینى شكاندووە، بەڵكو لەبەرئەوەى سنوورە جێگیرەكانى دیكەیش لە ساتى مەستیدا تاڕادەیەكى زۆر دەلەقێن و هێڵەكانیان كاڵ دەبنەوە و ڕەنگە بەهەوایشدا بچن. ئەو بۆچوونە عەوامەى كە پێیوایە “كەسى مەست هەموو شتێكى لێ چاوەڕوان دەكرێت”، بەو مانایەیە كە خۆى چاوەڕواننەكراوییە، هەر پێشبینییەكى ئەوەى ساتى داهاتوو دەشێ چى ڕووبدات، هیچ گرەوێكى لەسەر ناكرێت، ئەوپەڕەكەى تەنیا دەرفەتى خەمڵاندنێكى لاواز هەیە كە زۆربەى كاتەكان هەموو شتێك ئارام و جوانیش كۆتایى دێت. بەڵام لە مەستیەوە وەك ساتێكى ناجێگیر، هەموو ئەگەرەكان هەڵدەقوڵێن و لە فەزایەكى ڤێرتوێلیدا چالاك دەبن. ئەوەى دواتر ڕوودەدات زنجیرەیى پێشبینییەكان و ڕووداوەكان دەشكێنێت و بەم جۆرە بوونە كۆنكرێتیەكەى كاتى كرۆنۆلۆژى و درێژبوونەوەى شوێن تا ڕادەیەكى زۆر شل دەبنەوە. كەسى مەست، لایەنیكەم لە كاتى مەستیدا، دازاینێكى كاتمەندانە نییە كە بە نیگەرانییەوە بیر لە مەرگ بكاتەوە؛ بە پێچەوانەوە، ڕەنگە وەك شادییەك ڕیسك بە ژیانەوە بكات و لە ئارەزوویەكى كتوپڕدا مەرگى پێش مەرگى ئەوى تر بخات؛ بە دەربڕینێكى تر، سەرخۆشى پتر لەوەى بەواتاى بوون- لە مەستیدا بێت، بە واتاى ئەزموونكردنى مەستییە؛ شادیى هۆشێكى كفتە كە چێژ لە كفتبوونى خۆى دەبینێت. مەستى خۆى ئوبێكتى خۆیەتى كە تێیدا دەرەوە و ناوەوە دەڕەوێنەوە. گەر وابێت، ئەمە دووەمین ئارگومێنتە دژ بە هۆشیاریى كەوتوو، دژ بە زێدەڕەویى لە هۆشبەر و مەشروبدا تا ڕادەى هۆگریى ڕۆژانە كە خەواڵوویى لەنێو دەبەن. ئالوودەبوون بە مەشروب süchtig nach Alkohol یان بە مادەى هۆشبەر وەك جۆرێك دۆخى جێگیر Drongen abhängig، پێش هەموو شتێك وێرانكردنى خودى ئەزموونى مەستییە لە بوونێكى هەمیشە مەستدا كە مادەى مەستى بۆى بۆتە ئوبێكت. لەبەرئەمە خومارى لەوێدا لەدەست دەچێت كە لە خەواڵووییەوە ببێتە بەد-مەستى یان زێدە-مەستى. بەم جۆرە خومارى هەرگیز ناتوانێت بناغەیەكى ئۆنتۆلۆژیى بێت، بەڵكو تەنیا ستایل یان قەشەنگییەكە.

خەواڵوویى كە وەك وتمان لەم لادانە ماناییەدا بۆتە خومارى، ستایلى ئەو كەسانەیە كە دەڵێى بەردەوام ماندوون، وڕن، مەستن، بەڵام خودى ئەم ماندوویى و وڕى و مەستییە هێزى ئەوانە، فۆڕمێكى زرنگییە، زۆرجاریش نیگارێكى ئێستاتیكییە. وەختێك هۆشیاریى كفت بكەوێتە سەر سیماى دەرەوەى مرۆڤ، ئەوا لە ڕەگەزى مێینەدا فۆڕمێكى سەرنجڕاكێشى ئێستاتیكى وەردەگرێت. ڕوخسارى مات [نەك گرژ و مۆن] ڕوخسارێكى نیوە مەست و خومارە كە لە ئێستادا چیتر جوانكارى و فیلتەرەكان ناهێڵن دەربكەوێت؛ ڕوخسارێكى هەم ماندووە و هەم گەشە كە لەیەكتریدا ئاوێزان بوون؛ ڕوخسارى مۆنالیزایە كە غەمگین و شادە لە یەك كاتدا. ئەم ڕوخسارەى وا بێگومان چاوەكانى دەبێت خومار بن، دیارترین سیماى نێو شیعرى كلاسیكیى كوردییە. لە كلاسیكدا خومارى لە دوو لایەنەوە وێنا كراوە؛ جارێك چاوى خومارى یارە كە وەك ئەدگارێكى تاقانە، وەك قەشەنگیەك شاعیر وەسفى كردووە. وەها خومارییەك، مەستییە بە بێ شەراب، بە بێ مەستبوونى ڕاستەقینە، پتر ناز و عیشوە یان فریوێكە بەڕووى عاشقدا كە جوانى خودى یار پێكدێنێت. لەنێو هەزاران نموونەدا تەنیا دوو نموونەى هەڕەمەكى هەڵدەبژێرم:

 

بێينـه‌ سه‌ر باســى نيگارى گـــوڵ عوزار

شۆخ و شه‌نگ و لاله‌ ڕه‌نگ و چاو خومار

چـــاوى مه‌خمورى كـــه‌ هـه‌ڵ بێنێ به‌ناز

دڵ لــــــه‌لاى نامێنـــێ ئــــارام و قـــــه‌رار

(حەریق)

ڕەونەقی حەوت ئاسمان و زینەتی ڕوویی زەمین

هەر وەکوو بۆ شانشین و مەنزڵی شاهان چراغ

تابی سونبوڵ، تابشی گوڵ، نیم نیگاهی چاو خومار

نەشئە بەخشا، جان فەزا، وەک شەو لە مەیخانان چراغ

(وەفایى)

 

لەلایەكیتر خومارى، حەیرانیى شاعیرە بە جوانى ڕوخسارى ماتى یار، سەرخۆشییە بە خوماریى چاوى مەعشوق؛ كەواتە ئەمیشیان مەستییە بێ مەى، مەخمورییە بە بێ خەمر. خومارییە بە خودیى خوماریى یار؛ ئەگەر ئەم حەیرانییە بە یار نەبێت، بادە دەبێتە شلەیەكى تاڵ و تفت، تەنانەت خومارى بە بادە، ئەزموونكردنى مەستیى دەشێوێنێت. دیسان تەنیا دوو نموونە وەردەگرم:

 

بە بێ بەزمی حزووری تۆ حەرامم کردووە بادە

نە وەک بشکێ بە نەشئەی مەی خوماری دەردی بێ تۆیی

لە میحنەت خانەکەی مندا، بە بێ تۆ هەر براڕۆیە

کە جارێ ئێوە ناپرسن لە من بۆ چی برا ڕۆیی!

(مەحوى)

شەراب هەرچەندە تاڵوتوونە، چاوم

کە ساقی وا دڵئاوا بێ چ خۆشە!

کەوا مەستی لە نەشئەی چاوی مەستە

بڵێ دەی جامی مەی با بێ چ خۆشە!

(سەید كامیلى ئیمامی)

 

جگە لە بادە و چاوى یار كە مایەى مەستى و مەستى بە مەستین، هەندێ كات خودى ساقی دەبێتە بادە؛ مەیگێڕ كە پیاڵە دەزرنگێنێت، هۆكارى وەنەوزە، واتە لەلایەك شاعیر مەست و خەواڵوو دەكات و لەلایەكى تر، بە زرنگەى جامەكانى ناهێڵێت شاعیر بە تەواوەتى خەوى لێ بكەوێت. ئەو هەم مایەى “ڕاحەت”ـە و هەم “میسباح”ـێكە لێناگەڕێت شەوەزەنگ دابێت و فەزاى خەو زاڵ بێت (نەشئە بەخشا، جان فەزا، وەک شەو لە مەیخانان چراغ). وەختێك یار غایبـە، ساقى دەتوانێت گوێ لە دەردە دڵى شاعیر بگرێت و ئینجا فەزاى مەستى، ئەوەى سەرەتا لە زمانى مەشروبخۆران و ئێستایش لە زمانى گشتیى خەڵكدا پێیدەوترێت “جەو” بسازێنێت. ساقى كۆڕ و بەزمى بادەنۆشیى بۆ شاعیر خۆش دەكات، جارێك بە مەى و جارێك خۆى وەك هاوەڵى شاعیر.

 

 

 

ساقی! وەرە ڕەنگین کە بە پەنجە لەبی ئەقداح

بەم ڕاحە، لەسەر ڕاحە، دەڵێن: ڕاحەتی ئەرواح

بەم کاسە لەسەر پەنجە دەڵێن: نووری عەلا نوور

ڕەخشانە لە میشکاتی قەدەحدا وەکوو میسباح

(نالى)

 

ئەم سووڕە، لە یارەوە بۆ ساقى، لە مەیەوە بۆ شەرابى لەبى یار، دواتریش گەڕانەوەى بۆ ساقى و بۆ مەى، وەك هەمان شت دێتە بەرچاو: ساقى هەر خودى مەعشوقە، مەى هەر شەرابى لێوى یارە. بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا دۆخێكى خەواڵووییە كە تێیدا شاعیر چیتر ناتوانێت یار لە ساقى، شەراب لە تەڕى لێوى مەعشوقەكەى جودا بكاتەوە. وەختێك بە مەى سەرخۆش دەبێت، لێى دەبێت بە كانیى پەنجەكانى یار، وەختێك یار دەبینێت دەكەوێتە ئەوجى مەستى كە هەم دەیەوێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت، هەمیش نایەوێت هێندە مەست ببێت كە خەو بیباتەوە؛ بە زمانى مەحوى: نایەوێت لە خۆى غایب بێت تاوەكو لە یار غایب نەبێت و بە پێچەوانەیشەوە. كەواتە شاعیر بە بینینى یار دەچێتە دۆخى دوایین پێكى پێش كۆتایى. لەم بارەدا یارى لێ دەبێت بە مەیگێڕ و مەیگێڕى لێ دەبێت بە یار، بە وردى نازانێت بە چ شەرابێك ئەوى بەو جۆرە مەست كردووە:

 

دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم

بە جامێک دەستی من بگرە فیدای پیری موغانت بم

لە دوو لا مەست و حەیرانم، بە قووەی جەزبە نازانم

نە سەرگەردی سەر و گەردەن، نە قوربانی لەبانت بم؟

(وەفایى)

 

ئەم مەستییە كە بوونە لە سنووردا، بوونە لەنێوان خەو/بێدارى، تاریكى/ ڕووناكى، یار/ ساقى، لێو/جامدا، دۆخێكى خەواڵووییە كە ئامانجەكەى و بگرە ئامانجە نا-ئیرادییەكەیشى “خەوتن” نییە. هەروەها “خەوبینین”ـیش نییە بە ئاوێزانبوونى یارەوە. ئوبێكتى خەواڵووبوون نە خەوە و نە خەون؛ تەنانەت “خەوتن لەگەڵ یاریى ئەسڵیى لەدەستچوو”ـیش نییە؛ بەڵكو دواخستنێكى نەشئەبەخشى ئەم پێگەیشتنەیە بۆ ئەوەى شیعر بڕەخسێت. لە شیعرى كلاسیكى كوردیدا هیچ كاتێك وەسڵ ڕوونادات و بە ئاستەم “مولاقات”ـى یار هەیە و نییە؛ جۆرێك ناكامیى ناڕاستەوخۆ بە سەرجەم عەشقەكانەوە دیارە، بەڵام ئەوەى شیعرى ڕەخساندووە “شكست”ـى پێگەیشتن و ناكامى نییە بە واتا ڕووتەكەى. كەواتە دواخستن چۆن ڕوودەدا؟ گەر دێریدایانە لێكى بدەینەوە، دواخستن لە ڕێگەى فرەیى دالەوە ڕوودەدات كە پتر لەوەى پرسى پڕى و بەتاڵى دال بێت، پرسى حزوور و غیابى هاوكاتى مەدلول [مەعشوق]ـە كە ڕێ بە دەركەوتنى یار لە ئەوانیتردا وەك چەمكى سێیەم دەدات. دوالیزمى یار-نەیار، حەبیب-ڕەقیب، تەنیا خزمەت بە دەركەوتنى فرەیى دالەكان دەكەن كە بەدواى یەكدا دێن و گەمە دەكەن، بەڵام مەعشوق خۆى لێیان بۆ دواتر دەخزێت. “ڕەقیب”، كە بەردەوام ڕۆڵى نەیار، دوژمن، سیخوڕ دەبینێت، هەر وەك یار تەنیا بۆ ئەوە هەیە لە حزوورى ئەوانیتردا ون ببێت و بە پێچەوانەیشەوە. یار هەرگیز بە كۆنكرێتى دەرناكەوێت، بەردەوام لە ڕێگەى دالگەلێكى وەكو (مەى، سووتان، جەفا، ئەشك، هیجرەت و هتد) خۆى بۆ دواتر پاڵ دەنێت و ڕێ دەدات “یار” وەك ئەوانیتر، بۆ نموونە وەك ساقى، وەك موتریب، وەك عەندەلیب، واتە سەرجەم ئەو زاراوانە سەنتراڵانەى كە زمانى شیعرى كلاسیكیان پێكهێناوە، دەربكەوێت و هاوكاتیش بكشێتەوە.

 

لە پاڵ ئەم نیگا دووراودوور دێریداییەدا، ڕەنگە شرۆڤەیەكى دۆلۆزییانەیش كەمتر سەرنجڕاكێش نەبێت. یار فرەیى دال نییە، بەڵكو فرەیى ناوە لەنێو تاقمە جیاوازەكاندا. واتە لەبرى ئەوەى دوالیزمێكى دال-مەدلول هەبێت؛ پتر “و”ێكى پێكەوە بەستنە كە هەرجارە و هاوكات چەند ڕێگەزێك پێكەوە دەبەستێتەوە. یار فرەییە؛ هەردەمى وێنەیەك بە تاقمێكى تایبەتى خۆیەوە پێكدێنێت: مەیگێڕە بە جامەوە، شەمعە بە گڕەوە، موتریبە بە چەنگ و سازەوە، تەبیبە بە دەواوە، بەهارە بە گوڵەوە، عەندەلیبە بە باخەوە هتد، كە هەر یەكەیان بە شێوازى خۆیان جادوو لە شاعیر دەكەن و ئیلهامى پێ دەبەخشن.عاشق-مەیخانە-جام-مەى-مەیگێڕ-شەو تاقمێكە؛ شاعیر-مەیخانە-موتریب-چەنگ تاقمێكى دیكەیە و ئیدى بەم جۆرە. مەستى [ئیلهام] لەنێو ئەم تاقمانەدا، یان لە پێكەوەكۆبوونەوەى ئەم تاقمانەدا ڕوودەدات نەك بەهۆى یەك ڕەگەزەوە بە تەنها. لێرەدا یار دۆناودۆنى بەردەوامى فرەییەكانە، صەیرورەى هەمیشەییە لە ساقییەوە بۆ شەمع، لە شەمعەوە بۆ موتریب، لە موتریبەوە بۆ تەبیب، لە تەبیبەوە بۆ عەندەلیب و هتد.

*     *     *

 

هەر كایەیەك زمانى زاراوەیى تایبەت بەخۆى هەیە؛ لە كایەى زانست و فەلسەفە و تەكنیكدا، زاراوەكان زۆر سیستەماتیك و پێوانەیین؛ بەڵام لە كایە سادەكانى ژیانى ڕۆژانەدا، زاراوەكان تەواو هەڕەمەكى و ڕێكەوتن. وێڕاى ئەمەیش مەرج نییە زاراوە ڕێكەوتەكان لە بارى دیقەتەوە بۆ گوزارشتكردن لەنێو خودى كایەكەدا، لە زاراوەیەكى تەكنیكیى بەكارهێنراو لەنێو كایەى تەكنیكدا، كەمتر ورد بن. یەكێكە لەو زمانانەى كە تاڕادەیەك سەنجڕاكێشە، كۆد و زاراوەكانى نێوان مەشروبخۆرانە. بۆ نموونە لەنێو ئەم زمانەدا زاراوەى “خەیاڵ” هەیە كە ئاماژە بە دۆخى “خەیاڵبوون” دەكات؛ ئەمەیان لاى ئەوان لە ڕووى ماناییەوە جیاوازە لە توانستى “خەیاڵ” [ئەندێشە] و لە ڕووى ڕێزمانییشەوە شێوەیەكى تر لە ڕستە پێكدێنێت. وا باوە خەیاڵبوون بە واتاى كاریگەریى نەشئەبەخشى كحولە لەسەر هۆشى مرۆڤ كە زەینى پڕ دەكات لە وێنا و ئەندێشەى ناڕێك؛ هەتا ئەم وێنە زەینییانە كاراتر ببن، واقیع تێكەڵوپێكەڵتر دەبێت؛ لێرەدا، دەستەواژەى “خەیاڵبوون” ئاماژەیە بۆ ئەو شادییەى كە هۆش تێیدا جەوى بەخۆى شادە. لەلایەكیتر، “خەیاڵبوون” جۆرێك ڕستە دەخوازێت كە گرامەرەكەى جیایە لە هی “خەیاڵكردن”. دەربڕینى “ئەو خەیاڵە” جیاوازە لە “ئەو خەیاڵ دەكات”. لە یەكەمیاندا بكەر ون دەبێت و هاوشوناس دەبێت بە خەیاڵ؛ لە دووەمیاندا كار بكەر دەسەلمێنێت. خەیاڵبوون چالاكبوونى فەنتازیایە، بەڵام نەك “فانتازیا بە شتێكەوە”، بەڵكو بە فانتازیا خۆیەوە؛ خەیاڵبوون فانتازیاى ڕووتە بە بێ ئوبێكت. هەروەها، خەیاڵبوون كردە نییە و بەركاریش نییە؛ تەنانەت بە دەگمەن نەبێت مەشروبخۆرەكان ناڵێن “شەرابەكە خەیاڵى كردووە”. ئەوان سادەتر بەكارى دەهێنن: “ئەو خەیاڵە”. ئەمە شتێكە لەنێوان ئەكتیڤێتى و پاسیڤێتیدا؛ ناچالاكێكى چالاكە و لەم ڕووەوە (گەر ئەوە لەبەرچاو نەگرین كە هۆى هەر یەكێكیان چییە) خەیاڵبوون بە تەواوەتى لە دۆخى خەواڵووبوونەوە نزیكە. خەواڵووبوونیش كردە نییە، تەنانەت كردەیەكى وەكو “خەوتن”ـیش نییە. خەوتن گەرچى خۆى لە جووڵەكەوتن و سرەوتە، بەڵام كردەیە: “من دەخەوم”. ئەمە بۆ خەواڵووبوون ڕاست نییە؛ ناتوانین بڵیین “من خەواڵوو دەبم”، “خۆم خەواڵوو دەكەم”، هەروەها نایشڵێین “ئەو منى خەواڵوو كرد”! لە ڕووى فۆنەتیكیشەوە دیسان خەواڵوو و خەیاڵ زۆر لێك دوور نین. گەر لە ڕووى ئیتیمۆلۆژییەوە لە وشەى خەواڵوو بكۆڵینەوە بێگومان دەگەڕێتەوە سەر وشەى “خەو”؛ بەڵام نزیكییە فۆنیمییەكەیشى لە “خەیاڵ”ـەوە زۆریش بێ ڕەبت نییە؛ ڕەنگیشە خەواڵوو لە بنەڕەتدا وشەیەكى دوو ڕەگ بێت، یان ئاوێتەكردنى هەردوو وشەى “خەو” و “خەیاڵ” بێت.

 

تەواو

 

 

پەراوێزەكان:

[1] لە وتارێكى سەربەخۆدا، كە ڕەنگە لەگەڵ كۆمەڵە بەرهەمێكى تردا، لە داهاتوویەكى نزیكدا بەشێوەى كتێبێك بڵاو ببنەوە، بە درێژیى دەربارەى “خەوتن و بێدارى” دوواوم، بە تایبەتى لەڕوانگەى بلانشۆ و ژان لووك-نانسى تیۆریزەى ئەم دوو چەمكەم كردووە.

[2] كاتێك وشەى “ئەوى تر” وەك چەمكێك كە بچێتەوە سەر فەلسەفە ئەوىترخوازییەكان بەكاردەهێنن، ئەوا سپەیسى نێوان “ئەوى”ـیەكە و “تر”ەكە لادەبن و بەشێوەى “ئەوىتر” دەینووسین. ئەم كارەیش بە مەبەست دەكەین، چونكە لەم بارەدا چەمكەكە هاوكات “ئەوى تر” و “ئەویتر”ـیشە؛ هەم ئەوێكى ترە ئەولاترە و هەم زیاترە لە هەر “ئەوێك”. بەداخەوە هەندێجار كە وتارەكانمان بۆ سایتەكان دەنێرین، دەرك بە مەبەستەكە ناكرێت و دەستكاریى ئەو شێوازە ڕێنووسە دەكرێت. .

[3] چەند ساڵێك لەمەوبەر، لە پەراوێزى وەرگێڕانى وتارێكى جۆرج باتایدا، پێشنیارم كرد بۆ چەمكى دیفێرەنس (différance)ى دێریدا وشەى داتاشراو و ناباوى “جیادوازى” بەكاربهێنین؛ كە هەم جیاوازییە و هەم دواخستن و هاوكات، كە ئەم جیایى و دواخستنە، گەمەیەكە، وازییەكە، ئەوا پاشگرى (وازى) لە وشەكەدا دەتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت. لە ڕووى تەكنیكى نووسینیشەوە ڕوونم كردەوە كە “جیا(دوا)زى” باشترە، كە ناو كەوانەكە ڕۆڵى ئەو مانا زیادكراوەى دێریدا و گەمەكەى دەگەیەنێت بە پیتى a. من هێشتایش پێموایە ئەم ڕیسكە تیۆرییە دەكرێت گونجاو بێت، ئەگەرچى دێریدا خۆى لایوایە ئەستەكە دیفێرەنس بۆ وەرگێڕان دەست بدات؛ چونكە لە دەربڕینى زمانیدا هیچ فەرقێكى لەگەڵ دیفرەنسدا نییە، بەڵام لە ئاستى نووسیندا لەیەكتر جیاوازن، ئەمەیش جیاوازیى “نووسین”ـە لە “قسە/ دەنگ” كە لە زمانى فەرەنسیدا بەم جۆرە دەردەكەوێت و زمانەكانى دیكەیش بە جۆری تر.

پەراوێزەكان:

[1] لە وتارێكى سەربەخۆدا، كە ڕەنگە لەگەڵ كۆمەڵە بەرهەمێكى تردا، لە داهاتوویەكى نزیكدا بەشێوەى كتێبێك بڵاو ببنەوە، بە درێژیى دەربارەى “خەوتن و بێدارى” دوواوم، بە تایبەتى لەڕوانگەى بلانشۆ و ژان لووك-نانسى تیۆریزەى ئەم دوو چەمكەم كردووە.

[1] كاتێك وشەى “ئەوى تر” وەك چەمكێك كە بچێتەوە سەر فەلسەفە ئەوىترخوازییەكان بەكاردەهێنن، ئەوا سپەیسى نێوان “ئەوى”ـیەكە و “تر”ەكە لادەبن و بەشێوەى “ئەوىتر” دەینووسین. ئەم كارەیش بە مەبەست دەكەین، چونكە لەم بارەدا چەمكەكە هاوكات “ئەوى تر” و “ئەویتر”ـیشە؛ هەم ئەوێكى ترە ئەولاترە و هەم زیاترە لە هەر “ئەوێك”. بەداخەوە هەندێجار كە وتارەكانمان بۆ سایتەكان دەنێرین، دەرك بە مەبەستەكە ناكرێت و دەستكاریى ئەو شێوازە ڕێنووسە دەكرێت. .

[1] چەند ساڵێك لەمەوبەر، لە پەراوێزى وەرگێڕانى وتارێكى جۆرج باتایدا، پێشنیارم كرد بۆ چەمكى دیفێرەنس (différance)ى دێریدا وشەى داتاشراو و ناباوى “جیادوازى” بەكاربهێنین؛ كە هەم جیاوازییە و هەم دواخستن و هاوكات، كە ئەم جیایى و دواخستنە، گەمەیەكە، وازییەكە، ئەوا پاشگرى (وازى) لە وشەكەدا دەتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت. لە ڕووى تەكنیكى نووسینیشەوە ڕوونم كردەوە كە “جیا(دوا)زى” باشترە، كە ناو كەوانەكە ڕۆڵى ئەو مانا زیادكراوەى دێریدا و گەمەكەى دەگەیەنێت بە پیتى a. من هێشتایش پێموایە ئەم ڕیسكە تیۆرییە دەكرێت گونجاو بێت، ئەگەرچى دێریدا خۆى لایوایە ئەستەكە دیفێرەنس بۆ وەرگێڕان دەست بدات؛ چونكە لە دەربڕینى زمانیدا هیچ فەرقێكى لەگەڵ دیفرەنسدا نییە، بەڵام لە ئاستى نووسیندا لەیەكتر جیاوازن، ئەمەیش جیاوازیى “نووسین”ـە لە “قسە/ دەنگ” كە لە زمانى فەرەنسیدا بەم جۆرە دەردەكەوێت و زمانەكانى دیكەیش بە جۆری تر.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌