مردنم ڕزگارکردنى دونیایە لە دەستى دونیا خۆى

Loading

ژیان ڕەگەزێکى توندە
دڵم پارچەیەکە لە گوناهێکى زەرد، خەڵکى بنەماڵەى منن
من نەریتى میواندارى نازانم، مێرووەکان باوەڕى کۆنى ئێمەن
چەقۆ لێدوانى منە، مردنم ڕزگارکردنى دونیایە لە دەستى دونیا خۆى.


بەتەنیشت جیهانەوە ناتەواویم ڕێگە دەگرێ

ڕێگاکەم ژانى ئەم تێپەڕینە لەئێسکەکانیدا ونە
سوێندو دەربەستیم پێکەوە لە قوڵاییدا جێگە دەگرن
خرۆشانم ئەم زەمینە لە ئاڵانێکى نوێ گیردەکات
لەجوڵەو دەربەستى ڕامدەگرێ شێوەى ئەم پەیداکارە ئەمباتە بنارى کێوێکى ئەستور.
ئازارەکانم لەپەیوەندیدان گیانى بەرەنگاریم لەوەدایە ئاشنابێت
هێزى نیشتوو بێدەربەست بە دەمارەکانمدا ئەگەڕێ
چاوى خەواڵوو نیگاکردنى ئەم کێوانە ئەبێتە ئەدگارى
ئازایەتیم دادوەریم ئەکات، مەزنیم مەوداکان ئەخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆى.
ئاسمان لە دوورەوە هى من بوو، دارایى و خەونەکانم باوەڕم بوون
ناکارایی هەستەوەریم بوو بەرامبەر سۆزداریم
جیاکارى پەیوەستبوونم مانایەکى شێوەداربوو
ئامانج لە گەڕاوان ناوێکى ڕۆشن بوو لە ئارەزوومەندانى جێگیر.

هەوادار، دوور لە شادى شارەکان گوزەرام

ڕەنگە گەرمەکان / تابلۆی سۆلۆ گیۆڤانی (دڵشاد کوێستانی)
ڕەنگە گەرمەکان / تابلۆی سۆلۆ گیۆڤانی (دڵشاد کوێستانی)

هۆداریم بەرەو داڕووخانێکى سەیر برد
تووشى هەڵگەڕانەوە لە ئەخلاقى خۆم بووم، پایەداریم فەرامۆش کرد
ڕۆیشتم لەگەڵ ئەو خەڵکانەى لە هەوەس و تێکشکاندا ئەلەرزین.
لە وێستگەو چاوەڕوانى و گەشتە دوورەکان نەگەیشتم
ئازیزانم بەخەون و ئازارەکانیانەوە جێهێشت
پەسەندى شوێن و مانەوەم تیایدا نەکرد، لەو دوورانە بەشوێن ناوێکەوە بووم
بۆ گەڕان یاوەرم شتە لە دەستچووەکان بوو، خوێنم ترساوى جێمان بوو لە باوەشى ئاسیای بچووک.

لە هۆشیارى دونیا نەخۆش کەوتم
لاوازیم کەوتە دەست خەڵکى، جێگیربوونم ئارەزوویەکى لاوازبوو
ناوى مەزن شۆرەتێک بوو، بۆ ئەوەى لەپاڵیدا بژیم.
ئازادیم هۆشمەندانە خۆشویست
بۆ دیدەنى دونیا لە ژوان بووم ، جیهان بە هەموو واتایەک جەنجاڵبوو
بوونم بە ئاگاییەوە لێرە بوو
هاوەڵییەک بۆ بیرکردنەوەکانم نەهاتەپێش
ئاشناو پەرۆش بە نیگەرانییەوە دەژیام
بریندار و جێماو لەنێوان ئەم بەردانەدا لاشەم جێکەوتەى وەفابوو …

بەسامێکەوە بەتەنیشت ئەم ئامێرانەدا ئەڕۆیشتم
بێ پایانى ئەم گیانە ماندووە نەناس بوو.
ڕووتیم گیانى بیرکردنەوە بوو لەجلەکان
ئاڵۆزى بوونم بەژیانمەوە هەواڵێک بوو لە نیگەرانیم.نادیدەنیم ژوانى هەمیشەیم بوو لەگەڵ دونیا.
ڕێگای دووبارە هەمیشە بەو هێمنیە ڕوون نەبوو
ترسم لەنزیکی لەگیانێکی پەیداوە باربوو
خودام بەئارامییەکەوە دەژیا
دووبارە هەرای ڕەنگین و نازەنین دەربەستى ڕۆژانى خۆی بوو
لاساری و سۆزی ئەم دیوارانە لەپەنامدا ئەکەوتن. ئاپۆڕەی ئاوەدانى مردووان دەنگدانەوەى بیرکردنەوەى خۆم بوو.

بەنیگاى سوور و هەڵچوونەکانمەوە دووبارە تێدەپەڕیم
نەویو و نوساو، قورسایم هاوەڵى تەنیایم بوو
حەزى گیرۆدە بەندبوو بە ئارەزوویەکى توندەوە
بارى شێواو نزیک بە بەرزاییەکان بانگى دەکردم
ئاسمانم بە هەموو توانایەوە دەبینى، دۆزەرەوەى ڕۆشناییەک لەسەر چاوەکانم بوو.
لە گەردوون ڕادەمام و بە تووڕەییەکی زۆرەوە نیگارم بە هەوادا بڵاو دەبۆوە
دڕ و خوێناوی، باوەڕم لە بەردەم ڕیزێک ڕۆژی وشک و بێ تاودا جێدەهێشت
پەرۆشیم بۆ ئازارەکانم زیاد ئەبوو … ڕِقم ئەگۆڕا
وتنی ژمارەی دانیشتوان بێزاری ئەکردم
دەبەنگ دەبووم لەو شوێنەوەى کە تەماشای هەستکردن بە دونیا لەدایک دەبوو.