لە پێناوی ژیاندا

Loading

چ جۆرە ژیانێک ژیانە و شاسیتەی ژیانکردنە؟

١

ئەبوبەکر جاف
ئەبوبەکر جاف

ژیان ناکاتە زیندوبوون. ژیانگوزەراندن ناکاتە ژیان، ژیان ناکاتە هەناسەدان، ناکاتە ژیان ڕاییکردن، ناکاتە کۆمەلێک خواستی سەپێنراوی وەک “کارێک، شوێنێک بۆ نیشتەجێبوون”. ژیان دەکاتە ئەکتی بەردەوامی داهێنانی ناوازەو دەگمەن و دانسقە. ژیان دەکات هێزو توانای خەیاڵکردنی بەردەوام. ژیان دەکاتە ئەزموونکردن و تاقیکردنەوەو دۆزینەوەی تەواوی ئەو ژیانکردنانەی کە لێرەو لە ئێستادا مومکینە. ژیان واتە گرتنە بەری هەر ئیمکان و ئەگەر و شیمانەی کراوە لە پێناو داهێنان و ستایڵ و فۆرمی نوێی ژیان و دۆزینەوەی جوگرافیای فراواترو داڕشتنەوەی نەخشەو ڕیوڕەسمی نوێ خولقاندن و ئەکتی داهێنەرانەی نوێی ژیانکردن و ژیان ئەزمونکردن کە ئەزموون نەکرابێت. ئەوە ژیانە تێیدا دەژین، بەڵام ئەوە هەموو ژیان نییە، ئەوەی تێیدا دەژین تەواوی ئیمکان و مومکیناتی ژیان نییە و ژیان لەمە زیاترە و لەمە زیاتری پێییە. ژیان واتە ژیانکردنێکی ئەرستۆکراتیی ژیانکردن.

٢
نەک تەنیا ئێمە لە ناو فۆرمگەلێکی ژیان و ژیانکردنداین کە نزمترین و خراپترین ئاستی ژیانکردنە، بەڵکوو ئێمە سەروکارمان لە گەڵ شیوە ژیانێکی یەکانەیی و وەک یەک و چونیەکی سەپێنراوداین لە ئاستی گەردوندا. مۆدێرنیتێ واتە هاتنە ناوەوەی کۆمەڵێک هێز کە گوتارو ستایڵی جیاوازی ژیانکردنی حازربەدەست و لە قوتونراوی پێداین، بەمەشەوە نەوەستا، واتە هێزە زاڵ و باڵادەست و هەژمونکارەکان بەوەوە نەوەستان کە ژیان لە ئەکتێکی داهێنان و خولقاندن و ئەزموونکردنی بەردەوامەوە بکەن بە شێوازێکی سەپێنراوی ژیان کردن بۆ هەموان، بەڵکو لە ناو پرۆسەو پرۆژەی ئئنتۆلۆژیی و بازاڕگەریی و مارکیتینگدا ئیمانیان پێهێناین کە تەنیا ئەمە ژیانە، ژیان هەر دەکاتە ئەمە. لەمە بترازێت ژیانێکی دیکە بوونی نییە. چ وەهم و چ درۆیەکی گەوەرەی ئیدیۆلۆژییە کە پێمان وابێت لە ناو بازاڕی گەردوونی وکاپیتالیزمی نوێ و مارکیتینگ و بە جیهانیبووندا ئێمە مومارەسەی ژیانی جیاوازو جیاوازیە ژیانییەکان دەکەین. ئەگەر ڕێ بە خۆمان بدەین و جورئەتێک بکەین بە جۆرێک لە ترسەوە دەتوانین بڵێین: کۆمەڵگە نا مۆَدێرننەبووەکان ژیان تێیدا هەمیشە ئەکتی داهێنەرانەو دەسلێدان و لەمسکردنی شیمانەو ئیمکانی ژیانی باشترو نوێتتر بووە. هیچ کات هێندەی ئێستا یونیفۆرم و تاکسروشتی ژیانێک بۆ هەموان سەپێنراو و زاڵبوو نەبووە، لە ناو کاپیتالیزم و سەرمایەدارییدا کە تەنیا دەکاتە “بازاِرو مارکیتینگ” ئێمە لە یەک فۆرم لە ژیانکردن و ستایڵی ژیان زیاتر هیچمان نییە. لە ناو بازاڕدا، لە ناو وەگەڕخستن و ئاڵوێری بازاڕو هەیمەنەو زاڵبوون و تۆتالیتارێتی بازاڕدا قسەو باس لە فرەیی و جیاوازی و جۆراوجۆری ئەزمووونی ژیان و فرە کولتوری وەهمە، درۆیەکی گەورەیە. ئەوە بازاڕە لە ناو خولقاندن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک ئارەزو و قوڵپیدان و فیچقەکردنی تایبەتدا ستایلێک، یان ستایڵگەلێکی دەگمەن لە ژیان دەخەنە پێشچاو کار لەسەر بەرهەمهێنان و سەپاندنی دەکرێت. کاپیتالیزم و نیو لیبرالێزم و مارکیتینگ واتە گشتگیرکردنی پارادایم و نموونەیەک لە ژیانکردن بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ڕەواج پێدان و هەوڵدانیش بۆ بەدەستهێنانی ئیمان و بڕوا کە ژیان هەر ئەمەیەو تەواو. یەک فۆرم لە پەیوەندییکانی هاوڕێیەتی، عیشق، باوکایەتی، مناڵیی، ئافرەتبوون، پیاوبوون …

٣
ژیانێکی ئیدیالی مرۆڤێکی ڕۆژئاوایی تەنیا دەکاتە ” کارێک، شوێنێک بۆ نیشتەجێبوون و یەوەندییەکی نێوان نێرو مێیەک”. ئەڵبەتە پێشمەرجی هەر بنەڕەتی و هەرە سەرەکی بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و هاوژیانێک لە گەڵ ڕەگەزەکەی تر، بوونی کارێکە. ئێمە لە ناو کاپیتالیزمدا لە ناو فۆرمیولەبوو دروستکراوێکداین، سەروکارمان لە گەڵ مەخلوق و سوژەیەکدایە کە ناوی “مرۆڤی ئابوورییە، سوژەی کار. واتە ژیان تەنیا دەکاتە هەوڵدان و گەڕانی هەمیشەیی بە دوای کارێکدا هاوڕێ لە گەڵ ترس و نیگەرانی لە دەستدان و لە دەسدەرچوونی کارەکە. بەمشێوەیە ژیانی ئینسانێکی ئێستا دەکاتە کارو هیچی تر، هەرچی خواست و ویست و خەون و یۆتۆپیایەکی دیکەیەو بەساروەتەوە بە کارەوە. کارت هەبوو ئەگەرو ئیمکانە دیاریکراو پێناسەکراوەکانی دیکە بە ڕوودا واڵایە. ئەڵبەتە کار دەکاتە ژیان و ژیانکردن، بەڵام کار بە تەنیا ناکاتە تێگەیشتنە ئابورییە کاپیتالیستییەکەی. کار دەکاتە ئەکتی داهێنانی جۆراو جۆرو خولقاندن و ئەزموونی ئەزموننەکراو. بەڵام لە گەڵ کاپیتالیزمدا، لە گەڵ هەیمەنەی بازاڕدا ئێمە لە بەرانبەر یەک شێوازو ستایڵی ژیانرکدن و ژیان ئەزموونکردنین. تەماشا بکەین تەواوی چالاکییەکانی تر لە وێنەی ئەدەبی و هونەری و ئیستاتیکی.. کە ئەمانەش کارن و ئاستێکی گەورەی ئۆنتۆلۆژییان هەیە لە ژیاندا تەنیا بەسراوەتەوە بە ڕەهەندو ئاستی ئابورریییانەی کار.سەرەتا کارو کۆتایی کار. بوون و نەبوونمان، ژیان و مافمان هەمووی بەستراوەتەوە بە کارکردنەوە. ئەمە تەواوی خەون و خولیاو یۆتۆپیای مرۆڤی ئەم سەردەمەیە. مرۆڤی ئێستا ڕێک دەکاتە ئەو دوا مرۆڤەی نیتچە کە خەمی یەکەم و کۆتایی “کارو ئاسایش و ئەمنییەتە”، لەم پێناوەشدا زۆر شت قەبوڵ دەکات، لە ناو کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵی و دیسپلینیدا ئامادەیە فۆرمی نوێی کۆیلایەتی قەبوڵ بکات لە پێناو نەدۆڕاندن و لە دەسنەچوونی کارەکەی. هەرچی ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیشە لە بەانبەر کاپیتالیزمدا تەنیا هەر ” مرۆڤێکی کارکەرو مرۆڤی ئابوری و کارییە” تەنانەت کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمیش لە میتافیزیکیای ” مرۆڤ تەنیا دەکاتە کار” دەرباز نەبووە. ئەڵبەتە کاریش بۆ مرۆڤێکی سۆسیالیستی و کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی لە ناو ئاستە کەبنونەیی و ئۆنتۆلۆژییەکاندا نییە، بەڵکو تەنیا ئاست و ڕەهەندێکی ئابوری هەیە. بەم واتایەو بەم مانایە “کاپیتالیزم وو کۆمنیزمیش دوو ڕووی یەک هێزی دژە ژیان و نەفیکردنەوەی ژیانن.

٤
دونیای کوردی و ژیان بەسەر بردن
دونیای ئێمە لە ڕێگەی جۆرێکی تایبەت “کورد تایپەوە” سەورکارمان لە گەڵ تایبەتکردن و بە گشتیکردنی ژیانێکداین کە تەنیا دەکاتە ” دامەزراندن و تاعینبوون”، تەنیا دەکاتە مووچەیەک، ئێمە ماوەیەکی زۆر نییە کەوتوینەتە ناو ژیان بەسەربردن و ژیان ڕاییکردن و ژیان بەڕێکردنەوەین. ئەو کاتەی پرسیار دەکەین وەزعت چۆنە؟، وەڵام گەلێکی لە جۆری ” لە گەڵی دەڕۆین، بە ڕیی دەکەین، وەک هەمووان، چی بکەین ژیان ڕامان دەکێشێت، ئیتر ژیانەو هەر ئەوەیە، لە چاوەڕوانی مەرگداین، لە ناو ژیانێکی کولە مەرگیداین.. تەواوی ئەو وێناکردنە بە گشتیکراوە کۆمەڵێک دەلالەت و نیشانەو هێمایە بۆ ” چوون ناو فۆرمێکی تایبەت بە دونیای ئێمەوە لە ژیان گوزەراندن و لە گەڵ ڕۆیشتن و عادەت پێوە گرتن، ژیان بەسەر بردن لە چاوەڕوانی مەرگدا، ئەو کاتەشی کە کەسێک دەمرێت پێی دەڵێن ” نەجاتی بوو، خوا ڕەحمی لێکرد و بۆ خۆی ڕزگاری بوو…”. لە دونیای ئێمەدا سەرباری هاتنە ناوەوەی بازاڕ و مارکیتینگ و نیولیبرالیزم و کاپیتالیزمی بازاڕی، فۆرمێکی کوردییانەی چەتەیی و شەوکوتی و مافیایی بوونی هەیە کە بە پلە نایاب نوسخەیەکی کوردییە. ئێمە لە ناو ئەکتێکی ترسناکداین، ئەکتێک بە پلەی یەکەم کولتور و ستراکتورو بونیادەکان ڕێکیان خستووە، بە پلەی دووەک دەسەڵاتی سیاسی سەپاندوویەتی : ژیان بۆ ئێمە دەکاتە ” کارێک “دامەزراندن”، خانووەیەک، هاوسەرگیری و زەواج”، لێرەوە ئێمە لە بەردەم لە دەسدان و لە کیسچوونی تەواوی ئەو ئیمکانیات و مومکین و ئەگەرە گەورانەداین کە ئەکتی داهینەرانەمان بۆ دسەبەر دەکەن. ئەم قەیرانە ئەگەر تێشپەڕێنرێت، ئەوا دەرئەنجامەکانی لەوە ترسناکترە لە دەیبینین و وێنای دەکەین. ئەگەر ئەم قەیرانەش تێپەڕێنین و موچەش باش ببێت ئێمە دەکەوینە بەردەم خولقاتدن و فۆرمیولەبوونێکی مرۆیی کە دەبێت ژیانی تەنیا بکاتە کارو فریاکەوتن و لە گەڵ ڕۆیشتن هاوشان و هاوڕی لە گەڵ دراوەکانی بازاڕ.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی