هه‌ردووكمان له‌نێو كتێبخانه‌كه‌دا به‌دوای كتێبێكدا ده‌گه‌ڕاین،به‌ڵام دوور له‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك (سێڤین) له‌لایه‌كی كتێبخانه‌كه‌و من له‌لاكه‌ی تر، خۆئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یناسینایه وایده‌زانی دوو مرۆڤی بێگانه‌ین بۆ یه‌كتر، من و سێڤین ئه‌گه‌رچی هاوسه‌ری یه‌كترین به‌ڵام زیاتر له هاوڕێیه‌ك ده‌چین .
سێڤین له‌وسه‌ری كتێبخانه‌كه‌وه بانگی كردم و گووتی : ئازیزم وه‌ره بۆ ئێره، سه‌یركه ئه‌م كتێبه چی له نێوپه‌ڕه‌كانیدایه !
من به جوڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌زانم سه‌رسامی شتێك بووه، بۆیه هه‌میشه له‌و كاتانه‌دا گرنگی زۆر به‌داوا و ئاره‌زووه‌كانی ده‌ده‌م، چوومه لای سێڤین به‌ڵام سه‌رنجی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌م كه كتێبفرۆشه‌كه تامه‌زرۆیه بزانێ چ شتێك له‌نێو كتێبه‌كه‌دایه
سێڤین: خۆشه‌ویستم ده‌بێت ئه‌مه‌م بۆ بكڕیت . سه‌یرێكی كتێبه‌كه‌ی ده‌ستی سێڤین ده‌كه‌م ده‌بینم په‌پووله‌یه‌كی مردووه له‌نێو په‌ڕی كتێبه‌كه‌ی ده‌ستی سێڤیندا جه‌سته‌ی وه‌ك مۆمیاكراوێك ماوه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ی كتێب فرۆشه‌كه‌ش له‌چاوه‌ڕوانیدا نه‌مێنێته‌وه وتم په‌پووله‌یه شتێكی سه‌یر نییه.
سێڤین: نا ئه‌زیزم ده‌بێ ئه‌م كتێبه بكڕین وه په‌پووله‌كه‌ی ناویشی بۆخۆمان بێت. به سۆزێكی عاشقانه‌وه كه وه‌سف ناكرێ؛ ده‌یكه‌م به فریشته‌ی خۆشه‌ویستی له ژووری خه‌وه‌كه‌مان.
كتێبفرۆشه‌كه هه‌ر له‌شوێنی خۆیه‌وه واتا له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌یه‌وه؛ خانم گیان كتێبه‌كه‌ش مه‌به‌ن و په‌پووله‌كه‌ش بۆ خۆتان ببنه‌وه .
سێڤین: نا به‌كتێبه‌كه‌وه ئه‌یبه‌ین ئاخر ئه‌وه ماڵه‌كه‌یه‌تی، قوربانی بم نابێت – با- لێی بدات .
من گرنگی به سه‌رسوڕمانی خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌ده‌م به‌ڵام پێم وانییه په‌پووله‌یه‌كی مردوو له‌به‌ینی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبێك ئه‌وه‌نده سه‌یر بێت، ئه‌م سه‌رسوڕمانه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌م به شۆخی ئه‌زانم، به‌ڵام چی له‌شۆخی ژن پێویستتره بۆ ڕۆحی پیاو ؟ سێڤین به‌وریاییه‌وه كتێبه‌كه‌ی داخسته‌وه و دوای پاره‌دان گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵ.
هه‌ركه‌گه‌یشتینه‌وه ماڵه‌وه سێڤین بۆ ژووری خه‌وه‌كه ڕایكرد و له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه دانیشت كتێبه‌كه‌ی كرده‌وه، منیش له ته‌نیشتیه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئه‌و ساته سه‌رنجم نه‌دابوو ، ئه‌و نوسینه بوو كه له‌و دوو لاپه‌ڕه‌یه نوسرابوو كه په‌پووله‌كه‌ی له‌نێوان بوو ،بێ هیچ قسه‌كردنێك له‌سه‌ر ئه‌و نوسینه ده‌ستیه‌ی كه له‌نێوان خه‌ته چاپكراوه‌كانی هه‌ردوو لاپه‌ڕه‌كه نووسرابوو. سێڤینم ڕازیكرد به‌وه‌ی په‌پووله‌كه بخه‌ینه كتێبێكی تره‌وه و من ده‌ست بكه‌م به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه تازه‌یه‌مان .
كه‌مێك دوور له‌سێڤین بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تای كتێبه‌كه ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه ده‌ستیه‌كه‌ی نێوان خه‌ته چاپكراوه‌كان، كه ئه‌م نوسینه بوو
( به‌ڕێزم به‌وپێیه‌ی ئه‌م كتێبه‌ت كه‌وتۆته به‌رده‌ست خوێنه‌ریت، كه‌واته قه‌دری ئه‌م نووسینه‌ی منیش ده‌گرێته‌وه ، بامن خۆمت پێ بناسێنم من ناوم بانه‌یه سی و یه‌ك ساڵم و پێنج ساڵه شوومكردوه به‌پیاوێك، پیاوه‌كه‌م به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆم خراپه، كه ده‌بێت هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه پڕبكه‌مه‌وه له نوسین. ئه‌و جگه له خزمه‌تكارێك من به‌هیچی تر نازانێت، ئه‌گه‌ر ڕۆژێكم به‌خۆشی بڕوات ده‌بێت ده ڕۆژم ناخۆشی بێت من بۆ ئه‌و ته‌نها جه‌سته‌یه‌كم و بۆ سێكس كراوم. ته‌نانه‌ت هه‌موو شه‌وێك بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم جووت بێت به‌زۆر منداڵه سێ ساڵانه‌كه‌مان ده‌خه‌وێنێت. زۆربه‌ی شه‌وه‌كان لێیده‌دات، به‌ڕێزم ئه‌مه‌وێ ته‌ڵاق له پیاوه‌كه‌م وه‌رگرم و منداڵه‌كه‌م لای خۆم بێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م پیاوه دوو ڕووی هه‌یه له‌ماڵه‌وه خراپ و له‌ده‌ره‌وه بۆ خه‌ڵكی باشه هیچ كه‌س پشتگیرم نییه براكانم، له‌بری من پشتی ئه‌ون. تۆ ئه‌گه‌ر یارمه‌تیم بده‌یت تاكه پشتگیرم ده‌بیت، ئێستا ده‌مه‌وێت تۆ به‌دادوه‌رێكم بناسێنی پیاو سالار نه‌بێت و ته‌واو پشتگیرم بێت، وه‌ك ماف خوراوێك یاسایی كاری خۆی بكات و خاڵی بێت له نه‌ریتی تێپه‌ڕنه‌بوو به عه‌قڵدا ! تكایه من هه‌موو ڕۆژێك دێمه‌وه كتێبخانه‌كه دوو ڕۆژ دوایی ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ت به‌رده‌ست ده‌كه‌وێ بگه‌ڕێوه بۆ هه‌مان كتێبخانه ده‌بێت بتبینم ،چاوه‌ڕێم تكایه ڕزگارم بكه چاوه‌ڕێم ، هیوادارم ئه‌مجاره‌یان به‌ختم هه‌بێ و خوێنه‌رێكی باش بیت، كتێبه‌كه به‌نه‌خوێنراوه‌یی نه‌كه‌یته كتێبخانه‌كه‌ته‌وه و ئه‌مجاره‌ش ده‌ست نه‌كه‌مه‌وه به‌ژماردنه‌وه‌ی ڕۆژه ڕه‌شه‌كانی ژیانم….)
ته‌واو