زۆڵ و ترسنۆكه‌كانی كو‌لتور
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
ترسنۆك و باستارده كولتورییه‌كان
تێڕامانمان له فیگوری (دۆنكیخۆته) و (سانچۆ پانزا )ی ڕۆمانی (دۆنكیخۆته) ی ڕۆماننوسی ڕێنیسانس (میگوێل سێرڤانیس) ئێمه‌ی خسته به‌رده‌م دووجۆر فیگور، دوو جۆر بیركردنه‌وه له كولتوره‌كان، یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه به (نیوفۆبیا – نوێترسهكان) پێناسه‌مان كردن و دووهه‌میان ((نیوفیلیا – نوێوهرگرهكان) كه به‌ها نوێیه‌كان له‌سه‌رخۆ له‌ته‌نیشت پاراستنی به‌ها دێرینه‌كانی كو‌لتور (نه‌ته‌وه، ئاین، ئیتیك، نه‌ریته‌كان، پیرۆزییه‌كان، ڕه‌مزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان … هتد) به‌های نوێی قبوڵده‌كه‌ن و له‌سه‌رخۆ بهموتوربهكراوی ده‌یكه‌نه ناو كولتوری دێرنه‌وه.
به‌ڵام دیسانه‌وه بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه و یادهێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ر له به‌شێكی دیكه‌ی نوسینێكمدا له‌ژێر ناوی (قۆشمه و ساختهچیهكانی كو‌لتور) دا ئاماژه‌مان به‌وه داوه كه: “كولتوره‌كان بۆ به‌رگری له‌خۆیان تووشی نوێفۆبیا (نیوفۆبیا neophobia ) ده‌بنه‌وه كه ترس و گومانه له‌هه‌موو شتێكی نوێ. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م (نیوفۆبیا) دا فیگورێكی تر دروستده‌بێت كه به (نۆیفیلیا) Neophilia ده‌ناسرێت، ئه‌ویش ئه‌و فیگور و كه‌س و بیركردنهوانهن كه توانای له‌خۆگرتن و لهئامێزنانی نوێیان هه‌یه و باڵێین؛ نوێوهرگرهكانن. لێره‌وه تێزه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات؛ گه‌ر هاتنی فیگوره نوێیه‌كان ( قۆڵبڕه‌كان، جادووگه‌ره‌كان، قۆشمه و گه‌مژه‌كان و فه‌یله‌سوف و ئاڤانگاردهكان وه‌ك (باستاردی كولتوری – زۆڵی كولتوری) سیفه‌تی (بێگانه نوێیه‌كه) وه‌ربگرن، ئه‌وا نیوفۆبیا ده‌بێته كاردانه‌وه‌ی پارێزه‌رانی كو‌لتور و قۆشمهكانی. هه‌ر له‌ناو جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاته ئاینی و كولتوریهكاندا فیگورێكی دیكه په‌یدا ده‌بێت كه (نیوفیلین) ئه‌مانه‌ش پابه‌ندن به‌و ژینگه نوێیه‌ی كه قۆشمه‌یه‌كی دیكه له‌ته‌نیشت (گه‌مژه‌ی یه‌كه‌م) و قۆشمه‌ی یه‌كه‌می كولتوری له‌دایكده‌بێت. ئه‌م گه‌مژه‌ی دووهه‌مه له‌سه‌رخۆ خۆی په‌روه‌رده ده‌كات و ئه‌م فیگوره نۆیفیلییه هۆكاره بۆ موتوربه‌كردنی كولتوری (بێگانه نوێیه‌كه) بۆ ناو كولتوری هه‌بووی دێرین. به‌مجۆره له‌دیمه‌نی كولتوریدا (گه‌مژه‌ی دووهه‌م) له‌سه‌رخۆ به‌ها تازه‌كان له‌خۆده‌گرێت و كو‌لتور نوێده‌كاته‌وه. له‌م وهرهقهیهمدا گریمانه‌ی (قۆشمه كولتوری) ده‌كه‌م كه له‌نێوان نۆیفۆبیا و نیوفیلی دا گه‌مه‌ده‌كات، تاوێك پارێزه‌ری كولتوره وه‌ك قۆشمه‌ی یه‌كه‌م له ئاستێكی دیكه‌شدا نۆیفیلیه یان بابڵێن؛ نوێوهرگر(نوێ – وه‌رگر)ه، لێره‌وه ئێمه گریمانه‌كه‌ی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌م دووجۆره لهقۆشمه تێزبهندی ده‌كه‌ین…“
له‌م خاڵه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ده‌بینین كه گه‌مه‌ی نیوفیلی و نیوفۆبی گه‌مه‌یه‌كی داینامیكی كولتوره‌كانه، گهمهكهیهكه پێموایه له‌سه‌ر حسابی فیگوری (زۆڵ – باستارد) له ناو هه‌ناوی كولتوره‌كاندا ده‌ستپێده‌كات. من هه‌نگاوێكی دیكه ده‌نێم به ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه له چه‌مكی (باستارد – زۆڵ)ی سلۆته‌ردایك دووردهكهمهوه و له‌و بڕوایه‌دام؛ تاوه‌كو زۆڵ نه‌كوژرێت لهكولتوردا، گه‌مه‌ی نیوفیلی و نیوفۆبیهكان له‌ناو هه‌ناوی كو‌لتوردا ده‌ستپێناكات. به‌ڵام ئه‌مه چۆن ڕووده‌دات؟! ئه‌ز له‌و بڕوایه‌دام كه ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن دوای كوژرانی زۆڵه‌كان چ جه‌سته‌یی بن یان مه‌عنه‌ویی یان تێكشكاندیان بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵه گه‌وره‌كه‌ی باوكه كولتورییه‌كان، هه‌میشه ئاهه‌نگێكی كورتخایه‌نه، چونكه له كوێدا زۆڵ كوژرا له‌وێدا بنهتۆویی كولتورێكی نوێی خستۆته ناو په‌رستگا و دیكۆریۆمی جڤات و نه‌ته‌وه و كایه كولتورییه‌كان. بۆ نموونه؛ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، جه‌نگی نێوان نه‌ته‌وه‌و كولتورهكانیان بوو له‌دژی یه‌كتر، جه‌نگی نه‌ته‌وه زهبهلاحهكهكان بوو كه تازه لههێلكهی سه‌ده‌ی نۆزده، هێلكه‌ی مۆدێرنه سه‌ریان ده‌رهێنا بوو. ئه‌مه‌ش به‌هه‌ڵكشانی مارشی پاراستنی قه‌واره كولتورییهكانی نه‌ته‌وه ده‌ستپێكرد، ڕۆحی میلتاریستی، كه‌دوایی دێینه سه‌ر قسه‌كردن له‌مه‌ڕ (سینیزمی میلتاریستی ) یان ده‌توانین به (ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی میلیتاریستی) پێناسه‌ی بكه‌ین. ئه‌و ئه‌قڵه میلیتاریستیهی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی مۆدێرنه‌دا له‌هه‌موو شوێنێكدا ئاماده‌گی هه‌بوو، له هه‌موو شوێنێكدا ئایدیالزمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و مارشه نه‌ته‌وه‌ییه عه‌سكه‌رتاریه‌ته‌ی ئه‌ڵمانیایی پرۆیسی و فه‌ڕه‌نسیه‌كان و ئۆستێرایخی و ڕووس و ئینگلیزه‌كان كه‌شێك بوو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی خۆرئاوای ڕاپێچی جه‌نگێكی بێ ئامان كرد ملیۆنه‌ها مرۆڤ باجی ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه كولتورییهی دا. به‌ڵام لێره‌دا، له‌م ده‌لاقه‌یه‌ی نێوان ئاشتی و جهندگدا و قۆناغی پێش جه‌نگدا هێشتا ئه‌م جه‌نگه به‌رپا نه‌بوو كه داداییه‌كان وه‌ك ڕێبازێكی هونه‌ری و شانۆیی و شیعری، كینیزمانه كه‌وتنه گاڵتهجاڕیكردنی ئه‌م كهڕنهڤاله میلتاریستیه نه‌ته‌وه‌ییه، كه هاواری بۆ ئایدیالیزه‌كردنی كولتوریی ده‌كرد. كولتورێكی ڕژد یان ههندوهرگریی ( ڕژد – جدی – Seriousness- Seriosität – ) كه‌شوهه‌وای سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وروپای داگیركردبوو، جۆرێك له نه‌ریت و مۆدێلی جل و ستایلی ژیانی فڕێدابووه كایه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌وه، به‌وه‌ی كه ده‌بێت مرۆڤی قات له‌به‌ری شه‌پقه له‌سه‌ری به حورمه‌ت و خانمی داپۆشراوی ناسكی ده‌نگ نزم و شه‌رمن هه‌ڵگری به‌ها گه‌وره‌كانی كولتوری نه‌ته‌وه بن، پیاوه‌كان ئاماده‌ی گیان فیدایی بن بۆ شكۆمه‌ندی ده‌وڵه‌ت و پاشا و نه‌ته‌وه. گه‌نجان ململانێی بكه‌ن بۆ له‌به‌ركردنی جلی سه‌ربازی و هه‌ڵگری نیشتمان بن له‌سه‌ر شانه‌كانیان…. له‌ناو كه‌ڕنه‌ڤاڵی به ئایدیالیزه‌كردنی ) كولتوریی ڕژدی و ههندوهرگرییهدا Seriosität Kultur) دادایزم ئه‌و ده‌نگه زۆڵانهیه، باستاردییه بوو، كه له‌ناو نه‌ڕه‌ی كولتوریی( ڕژدییه ماسكولنیزم) پیاوانه‌یه‌دا (خاڵی سفری مێژوو) ده‌بیننی.

لێره‌وه (كه‌وتن بۆ پێشه‌وه – به پێشداكهوتن) نه‌ك بۆ دواوه كه‌وتن، خاڵی سفری وه‌رچه‌رخانی كولتوریی بوو له مۆدێرنه‌دا، به‌وه‌ی چه‌نده پێشده‌كه‌وین له ته‌كنه‌لۆژیا و زانست‌دا ئه‌وه‌نده‌ش له خاڵێكی سفربوونهوهدا بهپشێدا ده‌كه‌وین. لێره‌دا به (پێشێداكهوتن) ده‌چێته جیاتی (پێشكه‌وتن) وه‌ك كه‌وتنی ئه‌و باڵاخانه كۆنانه وه‌هایه له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌یدا، به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌كه‌وتن. به‌م میكانیزمه كولتوره‌كان ده‌گه‌نه خاڵێك كه تێدا سفردهبنهوه، وه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا چووه خاڵی سفربوونه‌وه و كۆی ئه‌وروپا خۆی له‌به‌رده‌م وێرانیهكدا بینیه‌وه، ئاوه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانی فاشیزم و نازیزم جارێكی‌تر به (كولتوریی ڕژدیی و ههندوهرگریی ڕه‌گه‌زپه‌رستی) و ناسیونالیزمی ئه‌وروپا ده‌خه‌نه‌وه به‌رده‌م خاڵێكی دیكه‌ی سفر، سفری ده‌كه‌نه‌وه له مانا گه‌وره‌كانی پێشووی. ئیدی ئه‌وروپای ڕۆشنگه‌ر، ئه‌وروپای مۆدێرن، كولتوره باڵاكانی موزیك و فه‌لسه‌فه و زانست له خاڵی سفریی مێژوودا له ناو گوتاریی سیاسی (ڕژدیی – ههندوهرگرییدا) گوتار و ئه‌كته‌ره ناسیونالیزم و فاشیه‌كانی خۆی هێنایه سه‌ر شانۆ. پێشئه‌وه‌ی ئه‌م دوو جه‌نگه ڕووبدات منداڵه زۆڵهكانی مۆدێرنه، دادییه‌كان له‌پێش هه‌موویانه‌وه، پووچی و بێمانایی ئه‌م گوتاره‌یان ده‌بینی. ده‌یانبینی له‌پشت ئه‌م (كولتوره ههندوهرگرییه) بێتامه‌وه (سفربوونه‌وه‌ی مێژوو) وه‌ستاوه، ئه‌وان ئه‌و ده‌لاقه‌یان ( ده‌لاقه – هیاتوس – Hiatus) ئه‌م هیاتوسهیان ده‌بینی كه كولتوری خۆرئاوا به‌ره پێشدا تێیده‌كه‌وێت و سفرده‌بێته‌وه. ئه‌م سفربوونه‌وه‌یه له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و پاشان له‌جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی زنجیره سفربووهنهوهكانی مۆدێرنه بوون كه تاوه‌كو ئێستاش هه‌ر جارجاره‌ی له وڵات و شوێنێكدا مرۆڤایه‌تی له پێشكه‌وتندا به پێشدادهكهوێت.
دۆنكیخۆته وه‌ك بۆرژوازیی بچوك
له‌م گریمانه‌ی سه‌ره‌وه پێموایه، دۆنكیخۆته دالامانجا هیچیتر نییه، جگه له پاڵه‌وانێكی نیوفۆبیك، نوێترسێك، كه هیاتوسێك و ده‌لاقه‌یه‌كی كولتوریی گه‌وره دهبێێنێت له‌نێوان ڕێنیسانس و به‌هاكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست. ده‌لاقه‌یه‌كی فه‌وتاندنی زه‌مه‌نی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت و ئازایه‌تی و بڕوا و ئیمانداری و شكۆمه‌ندیی و هه‌وڵده‌دات له كتێبهكهكانهوه، له خه‌یاڵه‌وه زه‌ویه‌كانی دونیای ڕاسته‌قینه داگیربكات. لێره‌وه ده‌چێته ڕۆڵی باستاردهكانی وه‌ك (فرانسیسكایهكانی سه‌ده‌ی سیانزه) كه خۆیان له باوكه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان بێبه‌ری ده‌كه‌ن له‌پێناو باوكی گه‌وره كه خوایه. له‌پڕێكدا دۆنكیخۆته سه‌رسامه به پاڵه‌وانبازی باستاردهكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه دژی شهڕانیهت و میراتی باوكایه‌تی خه‌باتیان كردووه و كوژراون. قهشمهرییهكهی دۆنكیخۆته له‌وه‌دایه، له‌لایه‌ك ده‌یه‌وێت ڕۆڵی سوارچاكه‌كانی باوكه كولتورییه‌كان ببینێت، و له‌لایه‌كی دیكه‌ش ده‌یه‌وێت باستارد بێت. له‌لایه‌كیش ده‌یه‌وێت پارێزه‌ری سوستێم بێت و له‌لایه‌كی دیكه رۆڵی شۆڕشگێڕ ببینێت.
ئه‌م فیگوره به‌ڕای من بنهتوۆیی ئه‌و فیگورییه كه له سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی پیشه‌سازی و سه‌ده‌ی بیستدا وه‌ك (بۆرژوازی بچوك) له‌شه‌ڕی نێوان چینی كرێكارانی پیشه‌سازی و بۆرژوازیدا له‌دایكده‌بن. ئه‌مانه هه‌م پاڵه‌وانه‌كه‌ی نێو كرێكارانن و شۆڕشهكانیانن و شۆڕ‌شیان بۆ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن (ماركس، ئه‌نجلس، بلیخانهف، لینین، ترۆتسكی….هتد) و له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی سۆڕشدا له‌سه‌ر شانی كرێكاران ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتدار و له‌كاتی شكستیدا ده‌بنه پارتی چه‌پ و سۆسیال دیموكرات و سهندێكاچی و ئهكتیڤیستهكان.
به‌مجۆره فیگوری دۆنكیخۆته جۆرێك له (شێوازی ژیان) پێكدێنێت كه به‌ناو سه‌ده‌كاندا خۆی درێژده‌كاته‌وه. ستایلی بۆرژازی بچوكی گه‌مه‌كار له‌نێوان شۆڕش و گه‌نده‌ڵیدا و به ڕۆمانیتیزهكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌بێته سه‌ره‌تای ئه‌و زانكۆ و سه‌ندیكا و میدیاكار و یاساناس و ڕێكخراوانه‌ی به‌ناوی نۆستاژیای شۆڕشگێڕی هاوته‌ریبی كاپیتالیزم داهێنان و هزری ڕه‌خنه‌یی و بزواته كۆمه‌لایه‌تی و داواكارییه كرێكارییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاڕاستهخواز ده‌كه‌ن. تاوێك نویفۆبیك بڵاوده‌كه‌نه‌وه و تاوێكیش به‌ناوی نیوفیلی و وه‌رگرتنی به‌هاكانه‌وه ڕێگه‌كانی ناوه‌ڕاست و ده‌دۆزنه‌وه و میدۆكرێسیانه ( هیچگه‌را Mediocracy ) له‌ناو (سوستمێكی پووچگه‌را ) ڕامدهكهن و هه‌موو ماناكانی پێكدادانی چینه‌كان و دژه گه‌نده‌ڵی و سه‌رمایه‌داری وه‌حشی له‌مانا جهوههرییهكانیان پووچدهكهنهوه و جارێكی‌تر شۆڕشت به‌شێوه‌یه‌كی دیكه پێ ده‌فرۆشنه‌وه، پێكدادانی نێوان درۆ و هه‌قیقه‌ت له ناو كۆنفراسهكاندا بۆ قهتیسدهكهن، (ئێن جی ئۆ) و سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئامار دروستده‌كه‌ن بۆ ڕۆمانیسكردن و نه‌رمكردنه‌وه‌ی ژانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌ت و كۆمپانیاكان له‌ڕێگه‌ی ژماره و داتای پووچ و ساده‌كردنه‌وه‌ی له‌ناو ماتماتیك و لۆگاریتم و دیاگرامی سه‌ر پاوه‌ر پۆینته‌كان و پێشنیازكردنی چاره‌سه‌ره‌كان له‌پڕۆژه‌ی پڕ فهندهكان. ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ته‌نها بۆرژوازی بچوك تێدا سوودمهنهده، ئه‌كادیمییه‌كان، چالاكه‌وانان، یاساناساكان و اهوانهی به‌ناوی پسپۆڕه‌وه دێنه ناو مه‌یدانه‌كه‌وه. ئیدی له ڕێگه‌ی میكانزمی هیچگهراییكردن و هیچسازیكردن ململانێیه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵات و مییله‌ت، نێوان كرێكاران، هه‌ژارن و خاوه‌ن كۆمپانیه‌كان، بنێوان بێكاران و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و نێوان ژنانی چه‌وساوه و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه ده‌به‌ن. لێره‌وه ئه‌م ده‌بڵ مۆڕاڵیهی بۆرژوازی بچوك، ئه‌م دوودهموچاوییه، كه یه‌كێكی پاڵه‌وانه و ئه‌ویتر قۆشمه‌ی ده‌سه‌ڵاته، له ڕێگه‌ی ساخته‌كاری و كۆپیكردن و ته‌نككردنه‌وه‌ی دیارده‌كان و به هیچكردنیان كاری خۆی ده‌كات.
سێرڤانێتس له‌م ڕۆمانهیهدا له‌ناو هیاتوسی ڕێنسانس و به‌ره‌و مۆدێرنه چوونه‌دا ئه‌و ئه‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه ده‌دۆزێته‌وه كه سه‌ده‌كانی دوایی كاره‌ساتی گه‌وره به‌سه‌ر دۆزی هه‌قیقه‌تدا ده‌هێنن، ئه‌و فیگوره ده‌بڵ مۆڕاڵه نیوفۆبی و نیوفلیی و گهمژهپاڵهوانه دۆنكیخۆته دالامانجایه. دۆنكیخۆتهیهك قاچێكی لێره‌یه و قاچێكی له‌ولایه، قاچێكی له‌ناو سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاسته و قاچێكی تریشی له‌ناو ڕێنیسانسه و ده‌عوه‌تی خاوه‌ن یانه و ئۆرستۆكراتهكانه. له‌لایه‌ك سوارچاكه له‌پڕ وه‌ئاگا دێته‌وه كه به‌بێ (خزمه‌تكار) ناتوانێت خه‌بات بكات، هه‌ربۆیه وه‌ك هه‌موو بۆرژوازییه‌كی بچوك په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌ژارێكی خاوه‌ن چه‌ند منداڵێك و ژنێكی هیلاكه به‌ده‌ست امڵداری و هه‌ژارییه‌وه. دۆنكیخۆته دێت و مێرده‌كه‌ی لێ دهستنێت و ده‌یكاته خزمه‌تكاری شۆڕشه‌كه‌ی خۆی. ئاوه‌ها له‌نێوان نیوفۆبی و نیوفیلی و له‌نێوان پاڵه‌وان و ترسنۆك، له‌نێوان هه‌قیقه‌ت و درۆدا ئه‌م گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات و سواری شانی ئه‌ویتر ده‌بێت.
گهمژهپاڵهوانه دژه نوێیه‌كان
دۆنكیخۆته گه‌مژه‌ی یه‌كه‌مه و گه‌مژه‌ی دووهه‌م سانجۆی خزمهتكارێتی. گه‌مژه‌ی یه‌كه‌م كه ده‌توانین وه‌ك نیوفۆبییهك ده‌ستنیشانی بكه‌ین كه ترس له ڕێنیسانس و نوێبوونه‌وه وه‌های لێ‌كرد، هێزێكی نۆستالژیی هه‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌مه‌نی سوارچاكانی كریستومی و بۆ ئه‌ده‌بیاتی پاڵه‌وانبازیی و زه‌مه‌نی شه‌ڕی پیاوه ئازاده‌كان كه بۆ دڵداری پاك خۆیان بۆ مهئشوقهكانیان بهكوشتدهدا، زه‌مه‌نی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ شه‌یتان و دێ‌و درنج و هه‌ژدیهاكان. به‌ڵام مه‌خابن بۆ باستارده ههڵهكهمان، چونكه تازه ڕێینسانس له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده هاتبوو، كولتوره‌كانی تر خۆیان كردبووه ناو كولتوریی خۆرئاوایی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست و زه‌مه‌نی سوارچاكاكانی مه‌سیحیه‌ت ده‌مێك بوو به‌سه‌رچوو بوو. لێره‌وه به‌ڕای من دۆنكیخۆته هیچیتر نه‌بوو جگه له (باستاردێكی هه‌ڵه) و زۆڵێكی كولتوری هه‌ڵه له مێژوویه‌كی هاوچه‌رخی هه‌ڵه‌دا، كه مێژووی خه‌یاڵاتی ناو سه‌ری نییه، به‌ڵكو مێژوویی ڕێنیسانسه.
دۆنكیخۆته به‌دیوێكی تردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نوسه‌ره‌كه‌یه‌تی (میگێل سێرڤانتس) زۆری ناڵاندووه به‌ده‌ست تورك و بێگانه‌وه، به‌جۆرێك كه سێرڤانتس له كۆتایی سه‌ده‌ی شازده‌دا و له شه‌ڕێك له‌دژی عوسمانیه‌كان وه‌ك سه‌ربازێك چوار فیشه‌كی به‌رده‌كه‌وێت و قۆڵی ڕاستی له‌ده‌ستده‌دات. كه ڕۆمانی (دۆنكیخۆته) ده‌نوسێت ده‌ڵێت؛ من جوڵه‌ی قۆڵی چه‌پم له‌ده‌ستدا بۆ شكۆی ده‌ستی ڕاستم …. لێره‌وه سێرڤانتس پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی (دۆنكیخۆته) ده‌خوڵقێنێت و ده‌یكاته گوزارشی ئه‌و ترسه‌ی خۆی كه له ڕێینساس هه‌یبوو، چونكه ڕێنیسانس كه به‌دووباره له‌دایكبوونه‌وه‌ی كولتوری خۆرئاوایی پێناسهدهكرێت، ئه‌و ته‌وژمه بوو داوای كرانه‌وه‌ی كولتوریی ده‌كرد به‌سه‌ر كولتوره‌كانی دیكه، كرانه‌وه به‌سه‌ر ڕۆشنبیری ئیسلامی و ئیبن خه‌لدون و ماتماتیك و زمانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سه‌ده داخراوه‌كانی ناوه‌ڕاست. سێرڤانتس و پاڵه‌وانه‌كه‌ی (دۆنكیخۆته دالا مانجا) به‌رجه‌سته‌بوونی نوێترسێكن (نۆیفۆبی) كه ترسه له‌كرانه‌وه‌ی كولتوره‌كان به‌سه‌ر كولتوری بێگانه‌دا، ترس له‌وه‌ی مه‌كینه‌ی كۆپیكردنه‌وه‌ی به‌ها و نه‌ریته‌كان له‌نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ ئه‌ویتر ڕیزبه‌ندی بۆماوه‌یی تێكبچێت. ئه‌مه نیگه‌رانیه‌كی كولتوریی گه‌وه‌ره له هه‌ناوی كو‌لتوردا دروستده‌كات و پاڵه‌وانه نوێترسهكان ده‌هێنێته گۆ و ده‌یانباته ناو گۆڕه‌پانی جه‌نگی پاراستنی كولتورهوه تا ڕاده‌یی به قهشمهربوون!

Saturn or Saturn Devouring His Son is a 1636 painting by the Flemish artist Peter Paul Rubens, now in the Museo del Prado.
كۆی ئه‌م مه‌كینه‌ی كۆپیكردنه وه‌ك سلۆته‌ردایك له (منداڵه ترسناكهنانی نوێكاتدا) ئاماژه‌ی پێده‌دات، خاڵی نیگه‌رانی باوكه‌كانی كولتوره كاتێك هه‌ستده‌كه‌ن له‌لایه‌ن بێگانه نوێیه‌كه، كولتوره نوێیه‌كه، ڕیفۆرمخوازه ئاینییه‌كه، موزیكه نوێیه‌كه و كرانه‌وه نوێیه‌كه، هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌وتاندنیان لێده‌كرێت. لێره‌وه (باستارد – زۆڵ) كه‌هه‌ڵگری به‌ها نوێیه‌كانه له‌گه‌ڵ باوكه‌كانی كو‌لتور و ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كه‌ونه ململانێیه‌وه و شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌م دوو كولتوره‌دا ده‌ستپێده‌كات. كولتوره‌كان له‌م خاڵه‌وه له نێوان نۆیفۆبیهكان و نویفیلییهكاندا گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك دوای ململانێی و شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و دانوستان و دیالۆگ و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن، ده‌شێت دوای كوژرانی باستارهدهكان (مارتین لوسه‌ر كینگ وه‌ك نمونه‌ی داكۆكیكار له مافی ڕه‌شپێسته‌كان…و زۆریتر له مێژوودا) نۆیفۆبیهكان ده‌بنه نوێفیلی و وورده وورده به‌ها نوێیه‌كه به‌جۆرێك له خۆیاندا دایه‌نگه ده‌كه‌ن، كه ببێته فوندهمێنتی كولتوره دێرینه‌كه و ببێته به‌شێك له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی میراتی كولتوریی له‌نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ ئه‌ویتر. ئه‌م پرۆسێسه مێژووییه، چه‌نده قووتدانی باوكه‌كانی وه‌ك (ساتوورن) ی خواوه‌نده بۆ منداڵه‌كانی و بۆ زۆڵهكانیان، ده‌ئه‌وه‌نده‌ش هێڵجهێنانهوهی خواردنی باوكه‌كانی كولتوره له گه‌ده‌ی منداڵه زۆڵه‌كان.
ئه‌م پرۆسێسه‌ی ململانێیه له هه‌ناوی كو‌لتوردا و له‌ڕووی مێژووی كولتوری خۆرائاواییهوه له ڕێنیسانسدا ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه وه‌رده‌گرێت، كه هاوته‌ریبی فه‌وتاندنی كو‌لتور و دووباره كۆپیكردنه‌وه‌ی نۆرم و به‌ها كۆنه‌كانی ئهنتیكا و ڕۆم و مه‌سیحیه‌ت بوو، به‌هاكانی وه‌ك؛ سوارچاكی، دڵداری پاك، خانه‌دانی، پاڵه‌وانبازی…ئه‌م ترسه، ترسێك بوو دۆنكیخۆته‌ی له كتێبخانه‌كه‌یه‌وه ده‌رپه‌ڕاند بۆ دۆزنیهوهی (شه‌یتانه بێگانه‌كه) و بێگانه نوێییه‌كان. گه‌شتی دۆنكیخۆته گه‌شتی پاڵه‌وانه، به‌ڵام پاڵه‌وانێك كه ده‌یه‌وێت كولتوری كۆن نه‌فه‌وتێت، هه‌ر بۆیه وه‌ك هه‌موو زۆڵێكی كولتوری دیكه ناكوژرێت و له‌ناو نابرێت، به‌ڵكو وازی لێدێنن به پان‌وپۆڕی مهملهكتدا سهركێشیهكانی خۆی بكات و بوونی ئه‌و وه‌ك بنهتوۆیی ( ساخته‌چی) له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات و كلوتورهكهیدایه. ڕاسته له‌دواجاردا ده‌یكه‌نه قه‌شمه‌ر و گاڵته‌ی پێده‌كه‌ن به‌ڵام لهههمانكاتشدا چ له خانه‌كانی سه‌ره ڕێگا و چ له كۆشكه‌كاندا پێشوازی لێده‌كرێت. لێره‌وه باستارده ساخته‌كان به‌ره‌و قۆشمهبوون ده‌ڕوات. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له مێژوودا له زۆڵی كولتوریی و سیاسی و ئاینییه‌وه بوون به قه‌شمه‌ر و قۆشمه‌ی پله‌ی یه‌ك. مێژووی میلله‌تان و مێژووی كورد پڕێتی له‌و فیگورانه‌ی وه‌ك باستارد هاتنه سه‌ر شانۆ و وه‌ك قه‌شمه‌ر مردن.
به‌ڵام. كۆی ئه‌م مردنانه له‌دواجاردا مردنی پاڵه‌وانن كه به‌مردنیان به‌هایه‌كی نوێ ده‌خوڵقێنن یاخود جه‌خت له‌سه‌ر به‌ها دێرینه‌كانی كو‌لتور ده‌كه‌نه‌وه كه نابێت له‌بیربكرێن. دۆنكیخۆته له‌دواجاردا ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه كه به‌سه‌ر ڕاستی ئه‌وه‌دا ده‌كه‌وێت كه سه‌ده‌ی سوارچاكی و دڵداری پاك و پیاوه‌تی و چاكه‌كاری ئیمانداران كۆتایی هاتووه. به‌سه‌ر ئه‌و شۆكه‌دا ده‌كه‌وێت كه چیتر ئه‌و به‌هایانه جێگه‌ی سه‌رنج نین و جێگه‌ی ئاوڕدانه‌وه نین. مردنی دۆنكیخۆته، له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه مردنی پاڵه‌وانێكه كه به‌مردنی هۆشمه‌ندی كولتوری باڵای ئه‌وروپی ڕاده‌چڵه‌كێنێت به‌وه‌ی؛ كۆن هێشتا له‌ناو نوێی ڕێنیساندا سوارچاكی خۆی ده‌كات، ئۆرگینال هێشتا توانانی دروستكردنی پاڵه‌وانه‌كانی هه‌یه و كولتوری باڵا هه‌میشه خۆی كۆپی ده‌كاته‌وه و جه‌نگاوه‌ره كۆپیكارهكانی خۆی ده‌نێرێته ناو كولتوری نوێوه كه‌وه‌ك (بێگانه‌ی نوێ) له‌ناو هه‌ناوی كۆندا له‌دایكبوون.

پارێزه‌رانی كو‌لتور له هه‌ناوی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی میلتاریستی
به‌مجۆره میلتاریزمی دۆنكیخۆته هیچتر نییه جگه له ئاشكراكردنی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی میلتاریزم نه‌بێت له‌هه‌ناوی كو‌لتوردا، میلتاریزمێك كه به تووڕه‌ییه‌كه‌ی قه‌واره بۆ میلله‌تان دروستده‌كات و له خێڵه‌وه ده‌یانكات بۆ ده‌وڵه‌ت. خێڵ چه‌كدار ده‌كات و ڕێكیان ده‌خاته‌وه له‌سوپا گه‌وره‌كاندا و قه‌واره ناسیونالیسته‌كان و به خوێنی خۆی ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌م وهرهقهیهمدا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبكه‌م ئه‌وه‌یه؛ كه ترسنۆكهكانن كو‌لتور ده‌پارێزن، ترسنۆكهكانن ده‌بنه پایه‌ی كولتوره‌كان به‌ناو سه‌ده‌كاندا ڕایده‌كێشن.
لێره‌وه گه‌ر پاڵه‌وانه‌كان دامه‌زرێنه‌ر و ڕاچڵهكێنی كولتوری نوێ یان نوێبوونه‌وه‌ی كولتوری دێرین بن، ئه‌وا ترسنۆكه‌كان ئه‌و پێچكه بچوكانهن كه به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به كو‌لتور و به‌های كۆمه‌ڵگه‌كان. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه فیگوری (سانچۆ) ی خزمه‌تكاری دۆنكیخۆته، فیگوری نیوفیلییه، نوێوهرگره و له‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی عه‌سكه‌ری دۆنكیخۆتهدا سروشی خۆی، هێزی خۆی له فیگوری ترسنۆك و مافی ترسنۆكی وه‌رده‌گرێ. له‌دوای مردنی دۆنكیخۆتهش ئه‌وه ده‌بێته یه‌كه‌مین میراتگری چیرۆكی دۆنكیخۆته دالامانجا. ئه‌و فیگوره ترسنۆكه، له كریستومدا پێترۆسه، كه له دوائێواره‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح په‌یمانی دڵسۆزی و گیانفیدایی خۆی بانگه‌شه‌ده‌كات، كه‌چی مه‌سیح پێده‌ڵێت؛ پێترۆس من ئهوهدهبینیم تا كه‌ڵه‌شێر له‌به‌ره‌به‌یاندا ده‌قووقێنێت، تۆ سێ جار نكوڵی لهوهدهكهیت كه ناسینی من ده‌كه‌یت …. قه‌ده‌ری ئه‌م كولتوره باڵایه و ئاینه گه‌وره له‌وه‌دایه، مه‌سیح له خاچدهدرێت و پێترۆس وه‌ك ترسنۆكێك ده‌مێنێته‌وه، بێگومان دوای ئه‌وه‌ی سێ جار له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا و له‌ترساندا نكوڵی له‌وه‌ده‌كات مه‌سیح بناسێت. هه‌ر پێترۆسی ترسنۆكه كه مه‌سیحیه‌ت وه‌ك ئاینێكی نوێ، له ڕۆما بڵاوده‌كاته‌وه و ئاینی مه‌سیحی یه‌كتاپه‌رستی جێگه بهخواوهندهكانی ڕۆم و یۆنان ده‌گرێته‌وه.
ئاوه‌ها من پێموایه ترسنۆكه‌كان وه‌ك ئه‌و ئه‌سپانه وه‌هان له‌دوای كوژرانی شۆڕهسوارهكانیانهوه به ته‌نیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵ و ساباتهكانی زه‌مه‌نی ئاشتی. ترسنۆكه‌كان ئه‌و ئهسپانهن كه كولتوری كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌پارێزن و له له‌ناوچوون ده‌یانپارێزن، هه‌ربۆیه پێموایه تا ئه‌م سه‌ده‌یه ئێمه له‌و وه‌همدا ژیاوین كه گوایه پاڵه‌وان و شه‌هیده‌كان پارێزه‌ری كولتورهكانن، به‌ڵام گه‌ر تۆزێك بێینه ئه‌ولای ئه‌م بازنه وه‌همییه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ترسنۆك و ساخته‌چی و قۆشمه و لهشفرۆشهكانن پایه و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كولتورهكانیان له‌سه‌ر شانیان ڕاگرتووه و ناهێڵن بفه‌وتێت.
لێره‌دا ههڵوێستیهكی بچوك ده‌كه‌ین له‌نێوان سێ فیگوردا له نێو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی میلتاریستی، یان بڵێین (میلتێر سینیزم). سێ فیگور كه گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی عه‌سكه‌رین و دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر سێ جۆردا؛ پاڵه‌وان و ترسنۆك و سڵكهرهوه… گه‌ر له پاڵه‌وانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین ئه‌وه ئاشكرایه كه پاڵهوانهكانن شكۆ و مۆڕاڵی سوارچاكی و خۆبه‌ختكردن ده‌خه‌نه پێش ژیانه‌وه، پاڵه‌وان به‌ڕای پیته‌ر سلۆته‌ردایك ئه‌وه‌یه؛ (كه خه‌ونه كۆلیێكتڤهكان به‌دیده‌هێنێت، كه شكۆمه‌ندی نیمچه خواوه‌ندیی له خۆیدا به‌رجه‌سته ده‌كات. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ ته‌نها جارێكیش بێت بیرله دۆڕاندن ناكاته‌وه…)
بڕوانه؛ پیته‌ر سلۆته‌ردایك؛ ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی، ده‌زگای سوركامپی ئه‌ڵمانی، چاپی ١٩٨٣ ، ل ٤٠٦
له‌هه‌مان به‌شی هه‌مان كتێبدا سلۆته‌ردایك ئاماژه به ڕۆم دهد و له ڕۆمانی كۆندا میهره‌جانی پاڵه‌وانه‌كان به‌مجۆره بوو؛ كاتێك پاڵه‌وانه‌كان له‌جه‌نگه‌كان به‌سه‌ركه‌توویی ده‌گه‌ڕانه‌وه و خه‌ڵك پێشوازیان لێده‌كردن و وه‌ك خواوه‌ندێك هاواریان بۆ ده‌كردن، كۆیله‌یه‌ك له‌هه‌مان گالیسكه‌ی شكۆداریدا یاخود له‌گه‌ڵیاندا ڕێیاندهكرد، له‌كاتێكدا پاڵه‌وانان سڵاویان له میلله‌ت ده‌كرد، كۆیله‌یه‌كه جارجاره هاواری ده‌كرد؛ مردنت له‌بیر بێت، تۆ فانیت و مردنلهبهریی…. به‌مجۆره كولتوری باڵای ڕۆم، (مردن و پاڵهوانبازیان) پێكه‌وه گرێده‌دا. ئازایه‌تی و شكۆ ته‌نها یه‌ك نرخی هه‌بوو كه ئه‌ویش مردنه. به‌ڵام ترسنۆكی یه‌ك نرخی هه‌بوو، كه مانه‌وه و چهپهخۆریی به‌رماوه‌ی پاڵه‌وانه مردووه‌كانه. گه‌ر له‌م كۆنێكستهوه سه‌یری ئه‌زموونی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی باشوور بكه‌ین، ئاشكرایه كه ژیانی ترسنۆكه‌كان له‌سه‌ر پاڵه‌وانه مردووه‌كان خۆی بیناكردووه و مافی ترسنۆك بوون نه‌ك هه‌ر بۆته كو‌لتور، به‌ڵكو بۆته كاركته‌ری سیاسی و كۆی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر جه‌سته‌ی باوك و برا و خزمه مردووه‌كانیان ده‌ژین و ده‌له‌وه‌ڕن. لێره‌وه سنووری ئه‌م دوو كولتوره؛ ئازایه‌تی و پاڵه‌وانبازی، سنووری نێوان ئه‌كته‌ره‌كانی شۆڕش و بهرماوهكانی دوای شۆڕشه.

هه‌رچه‌نده پاڵه‌وان له‌جه‌نگه گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه و بۆ پاراستن له‌قه‌واره كولتورییه باوه‌كان ده‌كوژرێت، به‌ڵام له‌ژێر سایه‌ی شێره‌كه‌ی ڕۆحی‌دا به‌هایه‌كی دیكه‌ی ئازادی له‌دایكده‌بێت، ده‌چێته پاڵ به‌هاكانی دیكه و له‌ناو كولتوره باڵاكاندا ده‌بێته نۆرم و یاسا، ئه‌مه گوزارشی زارای نیتچه‌یه له كتێبی زه‌رده‌شت وه‌های گووت:
( براكه‌م تۆ چ پێویستیه‌كه‌ت به شێرێك هه‌یه له ڕۆحی خۆتدا؟ به‌س نییه ئه‌وه بزانیت كه شێر چه‌نده ترسناك و قورسه له‌سه‌ر ڕۆحت؟…بێگومان بۆ خوڵقاندنی به‌ها نوێیه‌كانه، ئه‌مه شتێكه شێر ناتوانێت بیكات، به‌ڵام ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی شێره‌كانه كه ئازادی ده‌خوڵقێنێت و نوێیدهكاتهوه…)
بڕوانه به‌ئه‌ڵمانی؛ نیتچه، كارهتهواوهكان؛ زه‌رده‌شت وه‌های گووت، چاپی ده‌زگای دووهه‌زار و یه‌ك، ١٩٩٩ ، ل ٥٦٠
به‌ڵام لێره‌دا فیگورێكی ترمان هه‌یه له‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی میلتاریستیدا، كه ئه‌وه‌یش نیمچه پاڵه‌وانه‌كان یان با بڵێن (سڵكهرهوهكان) و ئه‌وانه‌ن دهسڵمێنهوه و یه‌كسه‌ر خۆیان فڕێناده‌نه ناو جه‌نگه‌كانه‌وه. سڵكهوهرهكان پاڵه‌وانبازی ده‌خه‌نه چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌یه‌كه‌وه، ده‌یخه‌نه ناو پرۆژه‌ی سه‌ربازییه‌وه و نایه‌ڵن پاڵه‌وانبازی له سنووری خۆی ده‌ربچێت. لێره‌وه سڵكهرهوه خۆپارێزه‌كان نێوه‌ندێكی ئه‌قڵانین، پلاندانهرن و خۆیان له‌و سه‌رباز و ژهنراڵهكاندا به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن كه وه‌ك به پیشه ده‌چنه شه‌ڕه‌كانه‌وه و به پیشه‌ش ده‌بنه پاڵه‌وان. سڵكهرهوهكان له‌شه‌ڕی ئۆرستۆكراتهكانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست تاوه‌كو مۆدێرنه ئه‌وانه‌ن بۆ شۆڕه‌سواری به‌شداری جه‌نگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و میره‌كانی ئه‌وروپا ناكه‌ن، بۆ كه‌رامه‌ت و پاراستنی به‌ها باڵاكان شهڕناكهن، به‌ڵكو وه‌ك وه‌زیفه و بۆ پاره یان تاڵانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ڕاسته سڵكهرهوهكان پیشه‌یان ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمكردنه له‌گه‌ڵ مردن و به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ ده‌بنه‌وه، به‌ڵام بیركردنه‌وه له مردن وه‌ك شكۆیه‌ك خۆتی بۆ به‌كوشت بده‌یت له پلانی ئه‌وانه‌دا نییه. ئه‌وانه هه‌م سه‌ركه‌وتوون وه‌ك پاڵه‌وان و هه‌م بیر لهدۆڕانیش ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز ناگه‌نه ئاستی پاڵه‌وانبازی، كه باڵاترین وێنه‌ی جه‌نگه‌كانه و سمبولی نه‌ته‌وه‌كانه.
له‌م خاڵه‌وه بڕوانینه كولتوره‌كان ئه‌وا دۆنكیخۆته پاڵه‌وانه‌كان ده‌بینین، به‌ناو كولتوره باڵا و ئاینه‌كاندا تێده‌په‌ڕن و له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه هه‌رجاره‌ی له شوێن و زه‌مانێكدا خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه. له‌مێژوویی ئیسلامی سیاسی‌دا سه‌ید قوتب ( ١٩٠٦ – ١٩٦٦) له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا له كتێبخانه و ڕۆژنامهكهیهوه (اخوان المسلمین) هاواری ئه‌وه‌ی بوو؛ كه ئومه‌ی ئیسلامی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت. وه‌ك دۆنكیخۆتهیهك له چوار دیواری زینداندا مرد و نه‌یتوانی زه‌مه‌ن بگه‌ڕێنێته‌وه دواوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ له‌سێداره‌دانی قوتب مه‌كینه‌ی دێرینی كولتوری ئیسلامی جیهادی هه‌ڵده‌بێته‌وه و له‌و ڕۆژه‌وه خه‌ریكی كۆپیكردنی جیهادییه بۆ ناو دونیا. لێره‌وه ئه‌قڵی جیهادی كه ئه‌قڵێكی عه‌سكه‌ریی مۆدێرنه، به‌ده‌ر نییه لهسینیزمی مۆدێرنه‌وه، به‌و سیفه‌ته‌ی سینیكاره، گاڵته‌جاڕه و شتێك ده‌ڵێت و شتێكی تر ده‌كات، ئاوا له‌ناو ئه‌م ئه‌قڵه جیهادییه‌دا پاڵه‌وان و خۆكوژه‌كان بۆ كولتوری ئیسلامی له‌دایكده‌بن، ئه‌و پاڵه‌وانانه به‌رهه‌مدێن كه گێلانه بێئه‌وه‌ی بزانن كه بۆ (سیا) ی ئه‌مریكی و هه‌واڵگیرییه ئه‌ورپی و ئه‌مریكییه‌كان شه‌ڕده‌كه‌ن، لهزیندانهكاندا خۆیان به‌كوشتده‌ده‌ن. له شه‌ڕی ئهفغستان و شه‌ڕه‌كانی قاعیده له‌ئێراق و سوریا و دونیادا خۆیان به كوشتدهدهن.
ئاوه‌ها له كوێدا بێگانه نوێیه‌كه بێت ئه‌وا پارێزه كلاسیكیه‌كانی كو‌لتور، نوێفۆبیهكان له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه له خه‌ونی قووڵیان وهئاگادێن و په‌لاماری ئه‌و چه‌كه ژه‌نگاویانه ده‌ده‌ن كه له ژێرزه‌مینه‌كانی كو‌لتوردا عه‌مباریان كردووه وجه‌نگه هه‌زه‌لییه دۆنكیخۆتهكانیان هه‌ڵده‌گیرسێنن. خه‌ونێكی كۆمیدی له‌سه‌ریاندا خوماریان ده‌كات كه ئه‌فغان عه‌ره‌ب و قاعیده و (داعش) دا به‌رجه‌سته‌بوو، كه ئه‌ویش دروستكردنی خه‌لافه‌تێك بوو كه دوو سه‌ده زیاتر خۆی پیر په‌كه‌وته بوو و مردبوو، ئه‌وان ده‌یانویست هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرد بكه‌نه بخه‌نه‌وه سییه مردووه‌كانی پیاوه مردووه‌كه و زیندووی بكه‌نه‌وه. ئیدی دۆنكیخۆتهكان، نۆیفیلییهكان، قه‌شمه‌ره خه‌یاڵییه‌كانی و جیهادییه ڕۆمانسییه‌كان له‌هه‌موو لایه‌كی دونیایه‌وه ڕژانه ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داعشه‌وه، ئاوه‌ها گه‌مه‌ی مۆدێرنه و هه‌واڵگیرییه‌كانی و گه‌مه‌ی ئیسلامی و نۆستالژییاكهی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی خوڵقاند، كه سڵكهرهوهكان و ترسنۆكه‌كان له‌سه‌ری گه‌وره بوون و حزبی مۆدێرنی ئیسلامی‌یان له‌سه‌ر دامه‌زرا. لێره‌وه ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی جیهادیی به‌ده‌ر نه‌بوو له سینیزمی مۆدێرنه، له سێ جۆره‌كه گاڵتهجاڕهكه (پاڵه‌وان و سڵكهرهوه و ترسنۆك)… له‌م تراژیدۆكۆمیدییهدا پاڵه‌وانه‌كان خۆیان دهتاقاندهوه و سڵكارهكان نه‌خشه‌یان ده‌كێشا و له‌زۆر جاریشدا ئه‌وانیش ده‌كوژران و له‌دووره‌وه ترسنۆكه‌كان له فیگوری بانگخواز و مه‌لای جیهادی سه‌ر یوتوب و مژدهبهخشهكانی به‌هه‌شت و كۆمپانیا ئیسلامیه‌كانی كه‌نداو و بانكه ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ر كه‌لاكی پاڵه‌وانه خۆكوژه‌كان، سڵكهرهوه و ترسنۆكه‌كانیان به‌رهه‌مده‌هێنا و تێكه‌ڵی هاوكێشه‌ی نه‌وت و كۆمپانیای موڵتی نه‌ته‌وه ئه‌مریكی و بریتانی و ئهورپییهكانیان ده‌كردن. پاڵه‌وانه‌كان مردن و ترسنۆكه‌كان هێشتا به ڕیشی درێژ و دشداشه و شه‌ڕواڵی كورته‌وه پاره و سامان و مووچه‌ی په‌ڕله‌مانیان پێ فه‌راهه‌مكردووه. لێره‌وه ئیسلامی سیاسی چه‌نده له‌سه‌ر شانی پاڵه‌وانه‌كان دروستبووه، سه‌د هێنده له‌سه‌ر شانی بانگخوازه ساخته‌چی و سیاسیه‌كانیان درێژه به‌خۆی ده‌دات.
ترسنۆك و سڵكهرهوهكان (نهخشهدانهرهكان – كادێره‌كان – میدیاكاران) جۆرێك له ئیسلامی دۆنكیشۆتیان پێكهێناوه كه قاچێكی له مۆدێرنه و دیموكراسیه‌تدایه و قاچێكیشی له‌ناو ئیسلامدایه، به جۆرێك ئیسلامێكی خوڵقاندووه له‌كاتی دۆڕانه گه‌وره‌كانی ته‌وژمی جیهادیدا خێرا قاته مۆدێرنه‌كانیان له‌به‌رده‌كه‌ن و وه‌ك نیوفیلییهك، نوێوهرگرێك، ئیسلام له‌سه‌ر وه‌زنی موزیكی پۆپ ده‌كه‌ن به پۆپ ئیسلام. ئاوه‌ها خوێنه‌ری ئازیز بۆ كوێ ده‌ڕۆیت و به‌ر كامه كو‌لتور و ئاین و شۆڕش و نه‌ته‌وه ده‌كه‌وێت، به‌ر یه‌ك فیگوری دیار ده‌كه‌ویت كه ئه‌ویش فیگوری نیوفیلی ترسنۆكه، كه به‌چه‌نده‌ها ڕێگه وه‌ك سانچۆی خزمه‌تكاری دۆنكیخۆته كاراكته‌ری ترسنۆكی و مافی ترسنۆكبوونی خۆی پراكتیزه ده‌كات و كو‌لتور به‌ڕێوه ده‌بات.
به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه كاتێك (پاڵه‌وانه‌كان و سڵكهرهوهكان) باڵاده‌ستی په‌یدا ده‌كه‌ن و كولتوریی هه‌ردووكیان له جه‌نگدا یه‌كده‌گرنه‌وه، ئه‌وا (ترسنۆكه‌كان) تاكه كه‌س ده‌بن كه له‌جه‌نگدا به سه‌لامه‌تی بۆ ده‌رده‌چن، لێره‌وه ترسنۆك ده‌مێنێته‌وه چونكه وه‌ك ده‌ڵێن؛ پاڵه‌وانه‌كان ده‌كوژرێن تو ئه‌سپه‌كانیان ده‌مێننه‌وه، یان وه‌ك سه‌ربازێكی پڕۆیسی گوتوویه‌تی؛ پێنج خولهك ترسنۆك بیت، باشتره له‌وه‌ی بۆ ئه‌به‌د بمریت.
كاتێك له‌هه‌ناوی سینیزمی میلیتاری، ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی عه‌سكه‌رتاری و شۆڕشه چه‌كداره‌كان، كولتوری ئه‌كته‌ره سڵكهرهوهكان؛ كادێره‌كان، سیاسیه‌كان، سه‌ركرده‌كان، نه‌خشه‌كێشه موخابه‌راتیه‌كان… هتد ده‌چنه ناو خوماریی پاڵه‌وانبازیی و جه‌نگه‌كانه‌وه، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه مێژووییه‌كان تیژدهبنهوه و كولتوری پارێزه‌رانی كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف و نیشتمان به پاڵه‌وان و خۆپارێزهكانیهوه باڵاده‌ست ده‌بێت. ده‌رئه‌نجام ترسنۆكه‌كان وه‌ك ئه‌و ئه‌سپانه وه‌هان كه به‌ساغی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به كو‌لتور. لێره‌وه كولتوره‌كان له‌سه‌ر شانی ترسنۆكه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ده‌بێته ئه‌و نوێیه‌ی كه كولتوری باڵا دوای كوشتنی زۆڵهكانی له خۆی ده‌گرێت و ئه‌و ڕۆحه مه‌تاتی و پلاستیكیه ده‌به‌خشێته كولتوری باڵای كۆمه‌ڵگه‌كان كه نوێ له‌خۆیاندا داینگه بكه‌ن و بیكه‌نه به‌شێك له سوستێم و پێچكهیهكی دیكه‌ی مه‌كینه‌ی كو‌لتور.
ترسنۆكه‌كان و كۆنزهرڤاتیزمی ئیلاستی
له نێوان زۆرانبازی زۆڵ و باوكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا؛ له‌نێوان زۆرانبازی منداڵه‌كان و باوكسالاری، ژ زۆرانبازی ژنان و پیاوسالاری، شۆڕشگێڕ و ده‌سه‌ڵات، ئازاده‌كان و مه‌لا و حاخام و قه‌شه‌كان، كرێكاران و خاوه‌ن كاره‌كان، دژه‌گه‌نده‌ڵ و كۆمپانیاكان…هتد. و له‌ته‌نیشت ئه‌م بهقهشمهربوونهی باستارد، كه‌سه بێده‌نگ و خۆكڕهكانی وه‌ك سانچۆی خزمه‌تكاری دۆنكیخۆته، له‌سه‌رخۆ به‌سه‌ر پشتی كوشتنی باستاردا سه‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه به‌شێك له سوستێمی ده‌سه‌ڵات و سوودمه‌ند ده‌بن و ده‌بنه ڕاوێژكار و ساخته‌چی و وورده وورده به‌هاكانی باستارد، و بیرۆكه‌كانی له‌ناو كولتوری دێرینه‌دا موتوربه ده‌كه‌ن. به‌مانای نیوفیلیهكان ئه‌و فیگورانهن كه زامنی ئه‌وه ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆنزه‌ڤاتیڤ، كاپیتالیزم…هتد ده‌سه‌ڵاتی خۆی نوێ نوێبكاته‌وه. له‌وانه‌یه باشترین نموونه ئه‌و سه‌رۆك نه‌قابه‌ی كرێكارییانه‌ی ئه‌وروپا بن كه وورده وورده له‌دوای ئه‌و خوێنڕشتنه زۆره و زیندانیكردنه، هاتنه نێوان كرێكاران و كۆمپانیاكانه‌وه له‌سه‌رێكه‌وه نوێنه‌رایه‌تی كرێكاران ده‌كه‌ن و له‌سه‌رێكی تره‌وه به‌شێكی زۆریان ڕاوێژكاری كۆمپانیاكانن.
لێره‌وه ده‌توانین له میكانیزمی به‌رده‌وامی كولتوره‌كان تێبگه‌ین به‌وه‌ی خاوه‌ن ئیرادهیهكن بۆ (دووباره‌بوونه‌وه) و (بازنهییكردنی) نه‌ریت و شوناس و بۆماوه كولتوریی و شوناسه دێرنهكانیان. بازنهییكردن به مانای جوڵانه‌وه‌یه‌كی بازنه‌ییه له سه‌ره‌تاوه ده‌ستپێده‌كات و كۆتاییكه‌ی كراوه نییه، یان ئاڕاسته‌یی نییه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌مان خاڵی سه‌ره‌تا و هه‌موو سوڕانهوهیهك ده‌بێته هۆی گه‌وره‌كردنی ئه‌م بازنه‌یه، به‌جۆرێك كه بازنه‌كه توانای قووتدانی نوێگهرهكان په‌یدا ده‌كات و زه‌به‌لاحتر و به‌ده‌سه‌ڵاتر ده‌بێت و له‌گه‌ڵیشیدا جومگه‌كانی كولتوریی خۆیی زیاتر له‌ناو ده‌سه‌ڵات جڤاته كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه‌كاندا درێژده‌كاته‌وه. كولتوره باڵاكان بهگوزارشی سلۆته‌ردایك خۆیان له (بێگانه نوێیه‌كه) ده‌پارێزن و به پڕۆسهیهكدا ده‌یبه‌ن كه ده‌بێته به‌شێكی به‌سوود له‌ناو كولتوره گه‌وره‌كان و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی فڕێدهدنه نێو فه‌رامۆشكردنه‌وه. له‌م خاڵه‌وه له نهێنی هێزه (كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان) تێده‌گه‌ین به‌وه‌ی به‌درێژایی سه‌ده‌كان جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كولتوریی و سیاسی و ئابووری خۆیان نوێده‌كه‌نه‌وه و به‌نێو زه‌مه‌ندا ڕۆڵی بكهرهی یه‌كه‌م ده‌بینین له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كاندا و ده‌توانین بڵێن؛ دونیا به‌ده‌ستی كۆنزهڤاتیڤهوهیه… له‌م گۆشه‌نیگای مانه‌وه به‌هێزه‌وه ده‌توانین بكه‌وینه به‌سه‌ر سروشتی كۆنزهڤاتیزم كه سروشتێكی پلاستیكی، ئیلاستی هه‌یه، سروشتێك به‌وه‌ی خۆی له‌ناو پێشهاته نوێیه‌كاندا ڕاده‌كشێت، به‌بێئه‌وه‌ی توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی له‌ناو ئه‌م كشانهدا بفه‌وتێنێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو توخمه‌كانی دیكه‌ی نامۆ قووتده‌دات و به‌و ئیسلاتیهتهی خۆی ده‌یكاته پێكهاته‌یه‌كی خۆی.
بیر له‌وه بكه‌نه‌وه تووڵێكی پلاستیكی یان مهتاتیتان به‌ده‌سته‌وه‌یه تا چه‌نده ڕایبكێشێیت ده‌كشێت، بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كاتێك وه‌ك ته‌نێكی مه‌تات ده‌توانین هه‌موو ئه‌م ته‌نه له‌هه‌موو شوێنێك دابنێین و ده‌توانێت هه‌موو شێوه و قه‌باره‌یه‌ك وه‌ربگرێت بێئه‌وه‌ی سروشتی خۆی تێكبدات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌موو ته‌نه ڕه‌ق و سنوودارهكان ته‌نها له هه‌ندێك كاتیگۆری و خانه و بۆشایی و شوێندا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه و زیاتر ڕاكێشنیان ده‌بێته هۆی فه‌وتاندنی توخمه پێكهێنه‌ره‌كانیان. لێره‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ میكرۆدهسهڵاتهكاندا مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ین كه سروشتێكی ئیلاستی(مه‌تاتی) یان هه‌یه و ده‌چنه هه‌موو كونكهلهبهرێكهوه. ئه‌مجۆره كۆنزهرڤاتیزمهی وه‌ك مه‌تات له هه‌موو شوێنێكدا دهگونجنێت بێئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی مه‌تاتی خۆی ونبكات، لێره‌وه كولتوره باڵاكان به‌م میكانیزمه ئیلاستیه پێشوازی له (بێگانه نوێیه‌كه) ده‌كه‌ن و قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه و كو‌لتور ده‌پارێزێن، به‌ناو زه‌مه‌ندا تێده‌په‌ڕن و خۆیان له‌گه‌ڵ ڕۆحی سه‌رده‌مه‌كاندا دهگونجێنێن، ئه‌م كۆنزهڤاتیزمه؛ كۆنزهڤاتیزمێكی ئیلاستیه.
سروشتی ئیلاستی كۆنزهڤاتیزمی كولتوره باڵاكان به‌جۆرێكه كه به‌ها نوێیه‌كان وه‌ك (نیوفیلیایهك) له‌خۆیدا دایه‌نگه ده‌كات و ده‌یخاته خزمه‌ت مه‌كینه كۆپیهكاره گه‌وره‌كه‌ی كۆنزهڤاتیزم، كه نۆرم و به‌ها و نه‌ریت و سیاسه‌ت و هێزی كۆنزهڤاتیزم كۆپیده‌كاته‌وه.
لێره‌وه ئه‌وه‌ی وه‌ك زۆڵی كولتوری له‌سه‌ده‌ی بیستدا په‌یدابوون وه‌ك؛ سۆسیالسته‌كان، فێمینسته‌كان، ئاڤانگاردهكان، ته‌وژمه‌كانی شۆڕشی ١٩٦٨ ئه‌وروپا و به‌ها نوێیه‌كانی ئازادی تاكه كه‌س و سێكسوالی و مافی مرۆڤ و ژینگه‌پارێزی،. هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك (زۆڵی نوێی ) له‌ناو كو‌لتوردا په‌یدابوون، ئه‌و زۆڵانه‌ی له جومگه‌كانی ئه‌وروپای پیریان ده‌دا، له به‌هاكانی وه‌ك: ناسیونالیزم، ماسكولینیزم، پاتریاركیهت، باوكسالاری، جیاكاری جێنده‌ری، جیاوازی چینایه‌تی، په‌روه‌رده‌ی توندوتیژ و دامه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌ما دێرینه‌كانی باوكسالاری و كۆنخوازی ئاینی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی… له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانه‌وه زۆڵهنوێیهكان له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا په‌یدابوون و كه‌وتنه شه‌ڕ له‌دژی (كولتوری پیاوی سپی ئه‌مریكی، كولتوری پیاوی ئه‌وروپی، ئیمپریالیزم و كۆلۆنیالیزم و ماسكولینیزم)، زۆڵهكانی وه‌ك (مارتین لوسه‌ر كینگ، مالكۆم ئێكس، موحهمده عه‌لی كلای) له ئه‌مریكا له‌دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نه‌ژادی بوون له‌دژی ڕه‌شپێسته‌كان. كۆنزهڤاتیزمی پیاوی سپی ئه‌مریكی كه خۆی به‌خاوه‌نی ئه‌مریكا ده‌زانی و ڕه‌شه‌كانی وه‌ك كۆیله‌ی ئه‌فریقی هاوڵاتی سه‌یر نه‌ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر (باستارده نوێیه‌كان) وه‌ستانه‌وه. ..
شانبه‌شانی ئه‌مه بزوتنه‌وه‌ی خوێندكارانی ١٩٦٨ له فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا هه‌موو ئه‌و ته‌وژمه نوێیانه بوون كه به‌گشتی (كۆنزهڤاتیزمی دونیا) ی خسته به‌رده‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه. باستارده نوێیه‌كان كوژران، ده‌ستگیكران، هه‌ندێكیان له پهناوپهسێوهكاندا تیرۆركران، چه‌نده‌ها ساڵ خرانه به‌ندیخانه‌كانه‌وه و به هه‌زاره‌ها چاره‌نوسیان گرتن و كوشتن و كۆچكردنی به‌زۆر بوو. سه‌یر له‌وه‌دابوو كۆنزه‌ڤاتیڤ له كاتێكدا شه‌ڕی له‌گه‌ڵ (باستارده نوێیه‌كان) ده‌كرد، له‌هه‌مانكاتیشدا وورده وورده سروشته ئیلاستیكهی له‌ناو ئه‌م زۆرانبازییه‌دا دهخستهكار و توخمه نوێیه‌كانی له نێو خۆیدا دایه‌نگه ده‌كرد. چه‌نده شه‌ڕی ده‌كرد له‌گه‌ڵیان ئه‌وه‌نده له‌ئه‌وانه‌وه فێرده‌بوو، چه‌نده زیندانی ده‌كردن، ئه‌وه‌نده‌ش له مورافهعهكاندا له ئه‌قڵی باستارده نوێیه‌كه نێزیكدهبوونهوه. كۆنزهڤاتیزم به‌و سروشته ئیلاستیهی خۆی له‌هه‌مانكاتیشدا شه‌ڕی ده‌كرد و لهههمانكاتشدا گوێی ده‌گرت. ئیدی له كاتێكدا شه‌ڕی باستاردهكانیان ده‌كرد، له‌ته‌نیشته‌وه شه‌ڕی پلاستیكی خۆیان ده‌كرد. چه‌نده شه‌ڕیان له‌دژی بههانوێیهكانی وه‌ك (ئازادی تاكه كه‌س، مافی ژنان و كاژێره‌كانی كار و سوستێمی په‌روه‌رده‌ی نوێ…هتد) ده‌كرد، له‌گه‌ڵیشیدا خۆیان بۆ جه‌وله‌یه‌كی دیكه ئاماده‌كرد بوو، جه‌وله‌ی موتوربه‌كردنی به‌هاكانی (زۆڵه‌كان) و دایهنگهكردنی بوو له ئابریشیه و كڵێسا و پارته سیاسیه‌كانی خۆیاندا و فۆرمكردنهوهی و دووباره دایهنگهكردنیان بوو به‌فۆرمێكی نوێ. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه دوای چه‌نده‌ها ساڵ كۆنزهڤاتیزهكانی ئه‌وروپا بوون حزب و ده‌زگاكانیان پڕ كرد له ڕه‌شپێست و بوونه به‌گریكار له ڕه‌شپێسته‌كان. كۆنزهڤاتیڤهكان بوون بوونه بهریگار له سوستێمی (ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی) كه بیمه‌ی كۆمه‌لایه‌تی بۆ خه‌ڵك دابینده‌كات و له‌دوا قۆناغیشیدا كۆنزهڤاتیڤهكانن كه ژماره‌ی زۆری ژنان له‌پارت و جومگهكانیاندا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و ژماره‌ی وه‌زیری به‌ده‌سه‌ڵاتی ژن له كۆنزهڤاتیڤی بریتانی و ئه‌ڵمانی زۆرتره وه‌ك له باستاردهكانی دوێنێ كه له بزواتی چه‌پ و سۆسیال دیموكرات و سه‌وزه‌كاندا خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌كات.
به‌مجۆره له دونیای ئێستادا گه‌مه‌كه ههڵگهڕاتهوه؛ كۆنزهڤاتیزمی بریتانی، ئه‌ڵمانی و ئه‌وروپی له پێشهوهترن له خۆگرتنی به‌ها نوێیه‌كان له بزواته چه‌پ و ڕادیكاڵ و سۆسیالستیهكان، به‌ها و مافه‌كانی مرۆڤ وه‌ك: كۆچبه‌ری، مافی مرۆڤ، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، كار و مافی ژنان و هۆشیاری جێنده‌ری و ژینگه‌پارێزی و ئاژه‌ڵپارێزی و مافی منداڵان…هتد. به‌جۆرێك كه چیتر مرۆڤ نه‌زانێت كێ چه‌په به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی و كێهاش موحافزكار، ئایا چه‌پ كۆنه‌خوازه یان كۆنه‌خواز چه‌په؟!
ئیلاستی كۆنزه‌ڤاتیڤ وای كردووه كه چه‌په‌كان بچنه خانه‌ی كۆنزهڤاتیزمهوه و كۆنزهڤاتیزمهكان ڕۆڵی ئاڤانگارد و چه‌په‌كان بگێڕن. پارته چه‌په‌كانی دونیا بوونه‌ته كۆنهخوازێك كه‌هه‌مان گوتاری شۆڕشی ١٩١٧ و دونیابینی بلۆكی سۆسیالستی دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه و له گوتاری چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستدا گیریان خواردووه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات تێدا به‌به‌راوورد به حزبه كۆنزهڤاتیزمهكانی وه‌ك سۆسیال كریست و موحافزكاره‌كان زۆر لهدواوهوهیه و هێشتا بنه‌ماڵه‌یی پاتریاركیهت باڵاده‌سته. چه‌پی ئه‌ڵمانی وه‌ك نمونه بهێنینه‌وه، تاوه‌كو كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا له ژێر ده‌ستی (بنه‌ماڵه‌ی لاڤۆنتین) دا ده‌یناڵاند، (ساراكنێخت) ی ژنی لاڤۆتنینی كۆنه سۆسیال دیموكرات و دامه‌زرێنه‌ری پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانی تا كۆتایی ٢٠١٩ سكرتێری حزب بوو، ڕاسته یهكێكیتر چۆته جێگه‌ی به‌ڵام هه‌ر له ئاڵوگۆڕه‌كانی نێوان ڤلادێمر پوتین و میدێیڤی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌چێت، سارا و لاڤۆنتین و بنامه‌ڵه‌كه‌یان هێشتا قسه‌كه‌ری یه‌كه‌من. پارتی كرێكارانی بریتانیا (له‌یبه‌ر) به‌سه‌ركردایه‌تی (جێرمی كۆربن) نه‌ك هه‌ر له‌كاتی شكستی هه‌ڵبژاردندا كۆربن نهكشایه دواوه، به‌ڵكو دژی هه‌موو ئه‌و سه‌كرده ژنانه وه‌ستایه‌وه كه كاندید بوون بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكاران. تا ئێستاش، سه‌ره‌ڕای دۆڕاندنی له‌یبه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دێسمبه‌ری ٢٠١٩ (جێرمی كۆربن) سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك كه نهتهمهنی و نه ئه‌زموونه‌كه‌ی چیتر ڕه‌وایه‌تی ئه‌و پۆسته‌ی ده‌داتێ … به‌مه‌رجێك له پارتی كریست دیموكراتی ئه‌ڵمانی ژنان بۆ نموونه (ئه‌نگێلا مێركل) له ئاستی بڕیاری گه‌وره‌دایه، (ڤۆندلاین) كرا پشتگیری كرا بۆ سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی ئه‌وروپا. مێركل وازی هێنا له سه‌رۆكایه‌تی حزب و ئێستا ژنێكی تر (كارمباوهر) سه‌رۆكی فه‌رمی ئه‌م حزبه كۆنزهڤاتیڤه ئه‌ڵمانییه‌یه!
ماویه‌تی….
سه‌رچاوه‌كان
[1] Sloterdijk, Peter, die Schreckliche Kinder der Neuzeit, Shurkamp 2014.
[2] Alain Deneault, Mediocracy: The Politics of the Extreme Centre, Kindle Edition
[3] https://en.wikipedia.org/wiki/Miguel_de_Cervantes#cite_note-22
[4] Sloterdijk, Peter, Kritik der zynischen Vernunft, Shurkamp 1983.
[5] Fridrich Nietzsche, Werke, Also Sprach Zarathustra, Zweithausendeins 1999.
[6] Peter Sloterdijk: Der Heilige und der Hochstapler, von der Krise der Wiederholung in der Moderne, SWR2, Manuskript 25.06.2012.
ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری “نما“ ی ژمارە پەنجای ٢٠٢٠ دا بڵابۆته‌وه . فه‌رموون بۆ به‌شه‌كی دیكه‌ی ئه‌م بابه‌ته
