فەیسبووک: وەک شوێنی خۆڕووتکردنەوە!


Loading

دڵ لە دڵ نەیەن.. ئەوەیان ناڵێم کە ڕووتبوونەوە؛ کردنەوەی زنجیری پانتۆڵ و ترازانی ستیانە لە شان و خزانی دەرپێکورتە بۆ ئەژنۆ.. نـــا لەڕاستیدا ڕووتبوونەوە پێچەوانەی خۆداپۆشین نییە، بەڵکو پۆشین فۆرمێکی تری ڕووتییە، پۆشین ڕاکردنە لە شوناس، ڕووتی دروستکردنی ئایدێنتییەکی پۆشراوە لەسەر خۆمان.
سروشت خۆی ڕووتە.. ئەو ھەموو ئاژەڵ و باڵندە و ماسییە ھیچیان لەبەردا نییە.. دۆلفین بە پێستێکی پریسکەدارەوە ڕووت و قووتە.. پۆشین لە ھونەرە تازەکانی ئەو دواییانەی مرۆڤە، کە ئێستا بە پێچەوانەوە و ھێواش ھێواش دەمانەوەی جلکانمان داکەنین و ھەرجارە و پارچەیەکیان فڕێ بدەین.. وەک ئەوە بمانەوێ بگەڕێنەوە بۆ سەرەتا.. سەرەتای خۆمی خۆمان..!
لەسەر کراسەوە ڕەشە تەنکەکەتەوە تاتۆ دەکەیت.. بەجلەوە خۆت دەشۆیت و سووریت لەسەر ئەوەی بە پۆشتەیی بچیتە ھۆڵی سەوزی نەشتەرگەری، وەک ئێرانی جبە و سێدارە؛ ناچاریت بە عەباوە لەدەریادا مەلە بکەیت… بەڵام تۆ ھەر ڕووتی.. تۆ لەفەیسبووکدا ھەر ھێجگار ڕووتیی. ڕووتییەکەی ئێرەت فیگەری ڕوونی بەرچاوی کۆلێکتیڤە، تۆ وا دەزانی پۆشتەیەکی پریڤاتی کەچی ڕووتێکی پەبلیکی.

کردنەوەی ئەکاونتێک لە فەیسبووک؛ بەشداریکردن نییە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئەوەندەی لە تۆڕکەوتنێکی کۆمەڵایەتییە بە ڕووتیی.. دڵت دانەچڵەکێ، دانیشتنت لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەرەکەتدا بۆ ئێمەی تەماشکار؛ ڕووتبوونەیەکی سێکشواڵی نییە.. تۆ ئێستا کە ڕووتی، وەک ژنێک ڕووت نیت.. ئێمە لەبەرانبەر تۆدا لەبەردەم پیاوێکی تووکندا نین.. ئێمە نازانین ژێندەری تۆ چییە.. بۆ ئێمەی لاپرەسەن ئێستا تەنیا ڕووتی شوناسی تۆیە.

بەڕای چکۆلانەی من؛ ھاتن بۆ فەیسبووک، کردنەوەی پەنجەرەی ژووری نووستنە، ڕووتبوونەوەیەکی پریڤاتە.. وەک ئەوە تۆ لەسەردەم بە جلی خەوەوە ڕاکشابیت و غەریبەیەکی و ئێسکقورسی چاوحیز سەیرت بکات.. ترازانی حەرەمە بەدەستی سپی خۆت، وەک ئەوەی لەماڵەکەی خۆتدا بەڕووتیی سەرخەوێک بشکێنی و چاوبکەیتەوە و ببینی ھەموو عالەم لەسەر سەرت خڕبوونەتەوە و لە بەرانبەر تۆ دا چاویان لە کالانە ترازاوە.. وەک ئەوەی لەژێر دوشەکەتدا ئێمەشی لێ بین..!

 

خۆڕووتکردنەوە لەفەیسبووک ، ئەمینە تایلەر  لەتونس لەدژی ئیسلامیزم ؛ . لەسەر جەستەی نوسراوە ؛ جەستەم موڵکی خۆمە و شەرەفی کەس نییە!
خۆڕووتکردنەوە لەفەیسبووک  لەدژی ئیسلامیزم ؛ . لەسەر جەستەی نوسراوە ؛ جەستەم موڵکی خۆمە و شەرەفی کەس نییە!

ڕووتبوونەوە لە فەیسبووکدا؛ پرۆتوستۆکردنی تەنیایی نییە وەک بارێکی ڕۆحیی.. ئەوەندەی مەحکومکردنی

ناوەوەتە بە خۆت لە دژی خۆت.. فەیسووک ڕێگای خۆڵاوی چەند سەدەیەکی کورتکردەوە بۆ سکرینێک.. مارک زوکەربێرگی دامەزرێنەری فەیسبووک؛ وەک جادووکەرێکی زیرەک، جلەکان نــا، پەنھانی پێ داکەندین.. ئەوەی ئەو کردی ھیچ ئاین و ئایدۆلۆژیا و قوتابخانەیەکی فیکری پێی نەکراوە، ھیچ ڕەوتێک لە مێژوودا نەیتوانیووە لە ماوەی ١٠ ساڵدا یەک لەسەر حەوتی ھەموو مرۆڤایەتی بخاتە بازنەکەی خۆیەوە و بیانکات بە ھەوادار، کەچی زوکەربێرگ کردی.. ئەو پیاوە بزنسمانێک نییە تەنیا سەروکاری لەگەڵ پشک و دراودا ھەبێت.. نــــا.. ئەو پیاوێکە بە غرورێکی شاھانەوە، لەبەردەم بازاڕێکی گەورەی بە مۆدێلکردن و فرۆشتن و گۆڕێنی ئەخلاقی ئێمەدا، بە پێکەنییە وەستاوە..!
لە جیھانی فەیسبووکدا تۆ ئازاد نیت.. تۆ لە تۆڕێکدایت لەبەرانبەر ھەرشتێکدا لە سێ بژاردە زیاترت نییە، یان بەدڵتە Likeی دەکەیت، یان زیاتر بەدڵتەوە ئەتەوێ ئەوانیتریش ئەم پۆستە دڵخوازەی تۆ ببینShare ی دەکەیت، وەیانی کۆتایی بۆت ھەیە Comment لە ژمارەیکی دیاریکراو وشەداە وەک سەرنجێکی کورت بنووسیت..!
ئێمە ئەوڕۆ لەڕێی واڵاکەتەوە لە فەیسبووک؛ دەزانین چیت خواردووە، لەگەڵ کێ بوویت و لە کوێ بوون، ئەمشەو چی دەکەن، بەرنامەی سبەینێتان چییە.. ئەمڕا لەم سکرینەوە دەزانین چەند گرامێک چاوت نیشتووە، لە چاو مانگی پێشوو بڕێ قەڵەوتر بوویت.. لە باکگراوندی وێنەکانتەوە، ھەموو میوە نایلۆنەکانت دەبینین، وێنەکەی پشتی سەرتان لە ژووری نووستن، کە نیوە ڕووت باوەشت کردووە بە ھاوەسەرەکەتدا.. مۆمدانە قاوەییەکە.. توێژێک لە تۆزی سەر گوڵەکانت -کە بەھۆی ئێرەوە بیرت چووە بیانسڕیتەوە- جا ئێمە کوێی یەکتر نابینین..؟! ئەگەر لات وایە پۆشتەی.. پۆشتیەکی ڕووت و قووتی.. ئەوەتا من لەبەرانبەرت دانیشتووم و بەکەماڵی دڵ بەڕووتی دەتبینم..

شاشەکەت داخە..!