فرمان ئەحمەد؛ ئه‌و ژنه‌ی به‌ گۆرانی، به‌گژ بێزارییه‌كانیدا ده‌چێته‌وه‌

Loading

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی (بیتا مەلەکوتی) ژنە نووسەری ئێرانییە، مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی.

فرمان ئەحمەد
فرمان ئەحمەد

په‌ره‌گرافیك له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌:

(وەرە با لەسەر ئاو، لەسەر درەخت، لەسەر جەستەی باڵندە و لەسەر زەریا بنووسین؛ خوا لە کۆتایی زەینی باخچەدایە. ئەمە هەر ئەو دەنگە سیحرییەیە، دەنگی سیحری ئەو ژنەی کە کاتێ بۆ یەکەم جار لەگەڵی خەوتم پشتی تێکردم و بە دەنگێکی ترسناکتر لە دەنگی ساحیرێک گۆرانی وت.)

ڕووداو

ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە باسگەلێکی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی ئه‌و ئێرانیانه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌ختی شۆڕشی ئیرانییه‌كان ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشتوه‌ و ڕوویان كردووه‌ته‌ ڕۆژئاوا. دەشتوانین وردتر بێژین له‌ چه‌ند باسێكی بەراوردکارانەی نێوان کۆمەڵگەی ڕۆژەهەڵاتی یاخود کۆمەڵگەی ئێرانی و ڕۆژئاواییش ده‌دوێت.

زمان

ڕه‌نگه‌ گه‌شترین رووی ڕۆمانه‌كه‌ خۆی له‌ زمانه‌ شیعریه‌كه‌یدا وه‌ده‌رخات، كه‌ دواجار شكاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر بونیات و هونه‌ری گێرانه‌وه‌كه‌شی. زمانی شیعری لێره‌دا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ بێزارییه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌ و وه‌ك ته‌م سه‌رتاپا ئاسمانه‌كه‌ی گرتووه‌ و ئاماده‌گی هه‌یه‌.

ئه‌وەی كه‌ نووسه‌ر لێی ئه‌دوێت، نزیكه‌ له‌وەی کە سادقی هیدایه‌ت له‌ كونده‌په‌پووی كوێردا،  به‌ كات و شوێنی جودا په‌نجه‌ره‌ی لێكردووەتەوه‌.

(خۆزگەم بە کەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕوپووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک وەک من و تۆ کوندەپەپوو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو، کەلاوێکی نەبوو) خه‌یام – و:هه‌ژار ل66.

پیربوون به‌دیار هه‌ڵوه‌رینی خه‌ونه‌كانه‌وه‌

تەمی بێزاری و نائومێدی لە ئەنجامی هەڵوەرینی خەونەکاندا، باڵی کێشاوە بەسەر سەرلەبەری ڕۆمانەکەدا. بێزارییەک گه‌رموگوڕی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌كوژێت! بەگشتی ڕۆماننووس لە پەنجەرەیەکی دیکەوە لە جیهان ئەدوێت و گوزەرانی مرۆڤەکان نیشاندەدات کە چۆن چۆنییە؟

تاک هەستئەکات لە گوناهدا دەژی، بۆ هەرکوێیەک ئەچێت، تەمی ئەو بێزارییەی بەدواوەیە و خۆی پێ تاوانبارە. له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌دا، كه‌سێتی نووسەر بێزارییەکەی بە نووسین، ژنێ بە گۆرانی و فؤادی کارەکتەری لاوەکی بە نەفرەت دەردەبڕێت، کە لە ئەنجامی (جەنجاڵی و هاژوهوژی شار و لەخۆنامۆبوون و ئەو گوشارە بەردەوامانەدا کە لەسەریەتی) دواجار پەنادەباتە بەر خۆکوشتن.

له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌:

(کەس دەستی بە قەدی ئەم درەختانەدا نەهێناوە، ئەمەش بەجوانی ئەم هەموو درەختەوە خەمێکی دوو بەرانبەرە. ئەم درەختانە چەند جوان و ماندووکەرن. لەم ڕووەوە هیچ هاوشێوەییەکیان لەگەڵ لەیلادا نییە.)

له‌ په‌ره‌گرافێكی تردا هاتووه‌:

(من لە ژووری خوشکەکەی دەنووستم، قەیرەیەکی ستەملێکراو بوو، جوانبوو بەڵام نازانم بۆ هێشتا هاوسەرگیری نەکردبوو، واتە تا چلوپێنج ساڵی ئەو کەسەی دەتەوێت دەستت ناکەوێت، یان ڕەنگە ئەو پیاوەی ئەو دەیویست، ئەوی نەویستبێت.)

15645057_1113249965439928_1362615725_nته‌كنیك

سەروەختی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌كه‌، ڕەنگە خوێنەر ئەزموونی تەکنیکێکی جیاواز لە گێڕانەوە بکات. ڕۆمانه‌كه‌ له‌ حه‌ڤده‌ به‌ش پێك دێت له‌ شێوه‌ی كوورته‌ چیرۆكی جودادا، کاتی خویندنه‌وه‌، هه‌ر به‌شێكی پاش و پێش بخه‌ین، ڕه‌نگه‌ گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت. گێڕه‌ڕه‌وه‌ زیاترە لە دوو کەس، ئەمە ڕەنگە بۆ خوێنەری سادە جۆرێک لە تەمومژ دروخت بکات و گیربخوات بەدەست جوداکردنەوە و ناسینەوەی کارەکتەرەکانەوە، لێ بۆ خوێنەری وردبین تام و چێژ دەبەخشێت.

ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی 

نووسه‌ر لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا، ئەیەوێت لە قۆناغی هەرزەکاری ئافرەت بدوێت، بە بیرهێنانەوەی ژیانی (لەیلا)ی کارەکتەری سه‌ره‌كی كه‌ له‌ ئیران ژیاوه‌ و بە بەراوردکردنی بە قۆناغی هەرزەکاری کچەکەی لەیلا (تانیا) كه‌ لە کۆمەڵگەیەکی ئەورووپی ئه‌ژی. وەک ئەوەی چۆن لە کۆمەڵگەیەکی ئێرانی قۆناغی هەرزەکاری و گەشە فیسیۆلۆژیەکان ئابڕوهێنەرە و سەركۆنه‌ دەکرێت، لەهەمان کاتدا لە کۆمەڵگەیەکی ئەورووپی تاک کەیفی به‌خۆی دێت و شانازیشی پێوه‌ ده‌كات.

په‌ره‌گرافێك له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌وه‌:

(ئەو هەر لە سەرەتای سەردەمی منداڵییەوە زانیبووی چ ئەو ستیانە ئیسفنجدارانە ببەستێ چ نەیبەستێ، هەمووان سەیری دەکەن، ئەمە جگە لەوەی پێشی خۆش بوو سەیریان دەکرد. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێک مەمکەکانی سەریان دەرهێنا، نەک تەنیا خۆی کوڕ نەدەکردەوە، بەڵکوو زۆر ڕێک و ڕاست دەڕۆیشت. کەمێک بەرەودوا وەک نمایشکارانی جلوبەرگ کاتێک لە تەلەفزیۆندا نیشانیدەدا دێن و دەڕۆن. دایکی سەری سوڕدەما، چۆن کچ گۆی مەمکی قوت بێت، کاتی ڕێکردن، خۆی کووڕ نەکاتەوە و شەرم نەکات!)

لە تەوەری ئەم باسە دوورناکەوینەوە، حەمەسەعید حەسەنی نووسەر لە کتێبی (لە هەیڤدا بۆ ڕووی تۆ و لە پەیڤدا بۆ خۆم دەگەڕێم)دا دەنووسێت: (سەروەختی نووسینی ڕۆمان، ژیاننامەی نووسەر بایەخێکی زۆری هەیە. نزیکەی هەمیشە، ڕۆمان شتێکی زۆر یا کەم لە ژیانی نووسەرەکەی تێدایە.) ئەمانەوێت لەیەکێکی دی لە پەرەگرافەکان بدوێین بۆ ئەوەی ڕوونتر گوزارشت بكه‌ین مەبەستمان لە چییە، ئەم دێڕەی پامووک دەهێنینەوە لە كتێبی (ڕۆماننووسی سادە و بیرکەرەوە)دا لە ل(159)، ده‌نووسێت: (ڕۆماننووس لە کاتێکدا دونیا لە چاوی ئەوانی ترەوە دەبینێت، تێدەکۆشێت گوزارە لە جیهانی تایبەتی خۆی بکات.)

هەر هه‌مان نووسه‌ر کە پەی بە ناخی خوێنەر بردووە، ده‌نووسێت (خوێنەر حەزئەکات و بەدوای ئەوەوەیە بزانێت کامە بەشە حەقیقیەکەی ژیانی نووسەرە.)

ڕەنگە خوێنەر دەستبەجێ ئەم پەرەگرافە وەک ژیانی تایبەتی نووسەر هەڵبژێرێت، ئه‌گه‌رچی تۆزێک فویتێکرابێت، ئەخیرەن هەویرێکی ڕاستییە و بە ئاوی خەیاڵ شێلاویەتی.

له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌:

(لەیلا کەوتبووە بیری ئەو کاتانەی کە مەمکەکانی هەڵتۆقیبوون، لە هەژمەت شەرمی زۆر، دوو مانگ لەماڵ نەهاتبووە دەر.) ئه‌گه‌ر چی ئه‌مانه‌ شتگه‌لی بچووك بن له‌ ژیانی نووسه‌ردا، لێ سه‌ره‌داوی باشه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و ترسنۆكییه‌ی نووسه‌ر كه‌ هه‌موو ڕووداوه‌كانی داوه‌ته‌ پاڵ خه‌یال و ده‌ڵێت: (كه‌سێتی له‌یلا دوورترین كه‌سێتییه‌ له‌ خۆمه‌وه‌.)

ئیرۆتیك

ڕۆمانەکە لە باسە ئیرۆتیکییەکانیدا، ئەگەرچی بوێرانە دواوە، لێ زۆر بەخێرایی بەسەری کردوونەتەوە، لە کاتێکدا لە گه‌یاندنی وێنە ئیرۆتیکییەکاندا ڕەنگە واپێویست بکات ڕۆمانەکە کیسەڵ ئاسا بڕوات و بایەخ بە وردەکاری زێدەتر بدات و لە شتگەلێک بدوێت لەو ڕووەوە کە پێشتر کەس بەسەری نەکردبێتەوە. لێ ئەو بەسەرکردنەوە خێرایەی نووسه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ بێزاری لای خوێنەر دروست ئەکات، ئه‌گه‌رچی له‌ ورده‌كاری وه‌سفی ڕووخسار و جلوبه‌رگی كاره‌كته‌ره‌كانیدا لێهاتووانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و باشیان ئه‌ناسێنێت.

وه‌رگێڕ

پێشتر ڕۆمانی زیكزیكه‌ی ئه‌حمه‌دی خوڵامیم خویندۆته‌وه‌ كه‌ هه‌مان وه‌رگێڕ (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی) وه‌ریگێرابوو، هه‌ر ئه‌وكات دركم به‌ توانا و لێهاتوویی وه‌رگێڕ كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دیكه‌ش كه‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ریگێراوهن بخوینمه‌وه‌. ئه‌توانم بڵێم حه‌قی ته‌واوی به‌ وه‌رگێرانه‌كه‌ی داوه‌ و ڕه‌نگه‌ ڕۆمانه‌كه‌ به‌ كوردیش بنووسرابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ په‌یامه‌كه‌ی ڕوون بووایه‌ و هه‌ر هه‌مان تاموچێژی هه‌ڵگرتبا.

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.