دەرچوونی بەریتانیا لە ئەوروپا، چیمان پێدەڵێت

Loading

ئەمڕۆ بەریتانییەکان لە ڕیفراندۆمێکدا دەنگیان بە دەرچووندا لە یەکێتیی ئەوروپا. ئەمانەی خوارە چەند شرۆڤەو پێشبینی‌و سەرنجن لەسەر دەرکەوتەکانی ئەم بڕیارەی بەریتانییەکان.
یەکەم، بەریتانیا زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت لە کورتمەودا چونکە نرخی پاوەندی ئیستەرلینی زۆر دادەبەزێت‌و پشەکەکان نرخیان لە ستۆک ئێکسچەینگی بەریتانی دادەبەزیت. لە درێژمەودا جارێ دیارنییەو کات بەدەری دەخات.
ڕۆژی 23.06.2016 ڕۆژی جێهێشتنی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو
ڕۆژی 23.06.2016 ڕۆژی جێهێشتنی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو
دووەم، دەرچوونی بەریتانیا شکستێکە بۆ لایەنگرانی لیبرالیزمی ئابوریی (economic liberalism) و سەرکەوتنێکە بۆ هەوادارانی ناسیونالیزمی ئابوریی (economic nationalism). ببورن ئێستا کاتم نییە ئەو دوو چەمکە بە درێژی شرۆڤەبکەم.
سێیەم، ئەگەری زۆر هەیە کە سکۆتلەندا جارێکی دیکە داوای ڕیفراندۆمی جیابوونەوە بکات لە بەریتانیا چونکە سکۆتلەندییەکان دەنگیان بە مانەوە لە ئەوروپا دا کەچی ئینگلیزو وێڵزییەکان لەگەڵ دەرچوون بوون، ئیرلەندییەکانی باکور ئەوانیش بە ڕێژەیەکی کەمتر لە سکۆتلەندییەکان لەگەڵ مانەوە بوون. سکۆتلەندییەکان پارساڵ کە دەنگیان بەمانەوەدا لە بەریتانیا لەوباوەڕەدابوون کە بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا دەمێنێتەوە، ئێستا ئەم هاوکێشەیە گۆڕا، بۆیە سکۆتلەندییەکان لەوانەیە ئەو قازانجە ئابورییەی کە لە بەرچاویان گرت لەکاتی دەنگدان ئەو سەنگەی جارانی نەمابێت.
چوارەم، ئابوری جیهان شڵەژانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت‌ لەوانەیە بگاتە ئاستی داڕمانەکەی ٢٠٠٧ ئەگەر زوو بانکە مەرکەزییەکان لەسەرتاسەری جیهان بەخۆنەکەون‌و پارەی زیاد نەخەنە بازاڕەکانەوە.
پێنجەم، ئەگەری دەرچوونی دەوڵەتی دیکەش هەیە لە یەکێتیی ئەوڕوپا، لەوانە هۆڵەندا.
شەشەم، گەشەی دیموکراسیی لەتەواوی جیهان تاسەیەک دەکات چونکە یەکێتیی ئەوروپا هێزێکی هاندەری گەشەی دیموکراسی بوو لە جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپا. هیچ وڵاتێک بەبێ گەیشتن بە پێوەرە دیاریکراوەکانی دیموکراسی نەیدەتوانی ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا. بە دەرچوونی بەریتانیا یەکێتیی ئەوڕوپا لاوازدەبێت‌و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوڕوپا ئەو هێزەی جارانی نەمێنێ بۆ پێداگریکردن لەسەر دیموکراسییەت. ئەگەریش هەیە کە ئەو یەکێتییەی کە دەمێنێتەوە سازان لەسەر پێوەرەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی ئەندامی نوێ‌و بەهێزکردنەوەی ئەوڕوپا. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە وڵاتانی ئەسکەندێنافی کە داینەمۆو هێزی دیموکراسیین لە یەکێتییەکە تا ئێستا ماون‌و ئەگەری کەمیش هەیە ئەوان دەربچن.
بۆریس جۆنسن پارێزگاری پێشووی له‌نده‌ن له‌ پارته‌كه‌ی كامیرۆن (كۆنزه‌ڤاتیڤ) به‌پێچه‌وانی ده‌ڤید كامیرۆن كامپاینی بۆ ده‌رچوون له‌وه‌وروپا ده‌كرد...پێده‌چت ئه‌و جێگه‌ی كامیرۆن بگرێته‌وه‌.
بۆریس جۆنسن پارێزگاری پێشووی له‌نده‌ن له‌ پارته‌كه‌ی كامیرۆن (كۆنزه‌ڤاتیڤ) به‌پێچه‌وانی ده‌ڤید كامیرۆن كامپاینی بۆ ده‌رچوون له‌وه‌وروپا ده‌كرد…پێده‌چت ئه‌و جێگه‌ی كامیرۆن بگرێته‌وه‌.

 

حەوتەم، تیوریست‌و ئەکادیمیستە لیبرالیستە/ئایدیالیستەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەوانەیە پێداچوونەوەیەک بکەن بە بۆچوونەکانیان لەپەیوەند بەوەی کە وڵاتان حەزو ئارەزوی هاوکاری‌ (cooperation) و دامەزراندنی پەیوەندی ئابوری‌و قوڵیان هەیە . لەبەرابەردا تیوریست‌و ئەکادیمیستە ڕیالیستەکان دەڵین نەمانگۆت دواجار بەرژەوەندی نیشتیمانی (national interest) یەکلاکەرەوەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ته‌واو