فاشیزمی شاخ و تارماییەکانی.

Loading

فاشیزمی شاخ و تارماییەکانی؛ شاخاوییە فاشیستەکانمان و ماسکەکانیان.

کۆمەڵێک مناڵ و ھەرزە بەئـاگابێت یان بێئـاگا، درێژەدەرو پردی گواستنەوەی کۆنەقین و شەڕی ناوچەگەری و قەبەلین. شەڕ و کەڵکەڵەو غەریزەی شەڕ قودرەتی خۆگۆڕین و فۆرمگۆڕینی فریودەرانەی خۆی ھەیە، جەوھەرێکی نەگۆڕو فۆرمی گۆڕاوی بەردەوام. دەبێت ڕەچاوی  ئـەو ھەلومەرجە بکرێت تا سێ “نەوە” تێدەپەڕن و ئـاوا دەبن.نەوەیەک خۆی لە شاخ بووە، نەوەیەک ڕاستەوخۆ بەر شاخاوییەکان کەوتووە، نەوەیەکیش کە جەبری حیکایەت و مۆراڵی شاخ و  شۆڕشی بەسەرەوە ماوە.

ئـێستای ئـێمە، لەسەربەندی دوا ھەناسەو دوا نەفەسەکانی ڕۆحکێشان و مەرگ و ئـاوابوونی شاخاوییەکان و کەڵکەڵەی شاخاوییەکاندایە، واتە چرکەساتی گیان دەرچوونی نەوەی یەکەم و دووەم کە پەلەقاژەو ترسی ئـاوابوونی یەکجارییان ھەیەو کاڵبوونەتەوە. واتە دەبێت بە ھەر نرخێک بێت بە یەئـس و نائـومێدییەکی گەورەوە نەمرن، بۆیە دەشتیان گرتووە بە پشتێنی نەوەی دووەم و ھێڵێکی لاوازو تەنکی ئـەو حیکایەتەوە کە ھێشتا پاشماوەو جەبری بەسەر نەوەی سێیەمەوە ماوە. بە ھەر نرخێک ھەبێت دەبێت بە کەمترین زیان لە پەلەقاژەو دەیری بوونی نەوەی شاخاوییەکان دەربچین.

ھێزە سیاسییەکانی ئـێمە لە ڕیگەی دەیان میکانیزمی شاراوەو نەشاراوەوە تونیویانە بەردەوامی بە حیکایەتە پڕ زەبروزەنگ و بەربەرییەکانی خۆیان بدەن. نەوەی دووەم و سێیەمیش تاوانبارە لە فریوخواردن و چاوبەستراوییان لەوەی ئـەکتەرو جەستەو ڕۆحێکی لەباربن بۆ بەردەوامی جەستەی گوتاری شاخاویی و شۆڕشگێڕی.

مێژووی شاخ و شاری نەوەی یەکەم بەرھەڵستکارێکی ڕەق و زبرو توند بووە لەوەی فیکر بە کاری خۆی ھەڵسێت لەکاڵکردنەوەو بەتاڵکردنەوەی وەھم و درۆو ئـەفسانەی شاخاوییەکان.فکرو سۆسیۆلۆژیا غائیب بووە بەحوکم و جەبری ستەمکاری و فاشیزمی شاخ و فاشیزمی شۆڕشگێڕی، شاخاوییەکان لە ڕێگەی چەند دیسپلینێکی ئـەکادیمی وەک ” یاسا و زانستە سیاسییەکانەوە” بەردەوام حوزوریان ھەیە.

واڕە کەڵکەڵەو غەریزەو ئـەقڵی شاخ تائـەو ئـاستە تواناو قودرەتی خۆی درێژکردنەوەی ھەیە، کەبێتە ناو دیسپلینە مۆدێرنەکان و ماسکەکانی شارەوە. ژێستە پڕ کینەو بوغزەکانی ناو دەزگا مەدەنی و دیموکراسییەکانی دونیای ئـێمە لە حزب و حکومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا…ماسکی سەر جەستەی شاراوەی گوتاری شاخ و شۆڕشگێڕانەی ئـێمەیە.

لێرەوە حەماقەت و کاڵفامی و سادەلەوحی و فریودراوی نەوەیەکمان بۆ دەردەکەوێت کە بڕواو ئـیمانی ھێناوە بەوەی کە، ئـەوەی دەگوزەرێت گەمەو گەمەکەری مەدەنین. چەند ھەرزەو کاڵفامێک لەوە تێناگەن کە پردو ھێڵێ گواستنەوەو بە یەک گەیاندنی غەریزەی شاخ و کۆنە قینەکانی شاخن لە ناو کۆمەڵێک دەزگای ساختەی مەدەنیدا. ئـەمەش بۆ تەواوی ھێزە سیاسییەکانی ئـیمە ڕاستە بە بێ ھەڵاوێردن و جیاکاری لەنێویاندا.


دیسانەوەو بۆ ھەمیشەیی پرسیارەکە ئـەوەیە : بۆچی جەماوەرو ماس و مێگەل  دەستبەرداری ئـەم شاخاویانە نابن و دەیانکەن بە پاڵەوان و ڕزگارکەر ؟ واتە ئـەوە مێگەلە ئـارەزووی فاشیزم دەکات.