گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه، دۆزینه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی خه‌نجه‌ر
–خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی “گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه“ ڕۆماننوس عه‌تا نه‌هایی
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
بۆ جاری دووهه‌م ڕۆمانه‌كه‌ی ڕۆماننوسی ئه‌زیزمان (عه‌تان نه‌هایی) م خوێنده‌وه (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) ، به‌تایبه‌ت كه له‌م مانگه‌دا جونی ٢٠٢٠ – خه‌ڵاتی (میهره‌گان)ی ئێرانی بۆ باشترین ڕۆمان به‌ده‌ستهێنا. بێگومان ئه‌مه كه‌مترین خه‌ڵاته بدرێته عه‌تا نه‌هایی، چونكه به‌ڕای من گره‌وی (به‌ختی هه‌ڵاڵه) و كاره‌كانی دیكه‌ی، شایه‌نی چه‌نده‌ها خه‌ڵاتی جیهانین. به‌داخه‌وه هێشتا وه‌رگێڕی به‌سه‌لیقه‌ی پێچه‌وانه‌یی له كوردییه‌وه بۆ زمانه خۆرئاواییه‌كان له‌دایكبوونی مه‌رجداره و ته‌مه‌ڵه، پێده‌چێت ئه‌م فیگوره زه‌مه‌ن و ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵتری پێویست بێت تاوه‌كو بخه‌مڵێت، كه زمانزانی كوردیی له ئێستادا ئه‌و مه‌رجه‌ی تێدا سنوورداره .
بیرمدێت، جاری یه‌كه‌م كه ئه‌م ڕۆمانه‌م خوێنده‌وه له باشووری ئه‌ڵمانیا ده‌ژیام، لهسهفهرێكمدا بۆ لای پیره دایك كه ئێستا ئه‌م دونیایه‌ی جێهێشتووه، ڕۆمانه‌كه‌م به‌ده‌ستهێنا. ڕۆمانه له بهرگێكیدا بوو وه‌ك كراسێكی شینی گوڵ گوڵی وابوو، زۆر هه‌ژارانه چاپكرابوو. له سه‌فه‌ری ساڵی پاردا كۆبه‌رهه‌می عه‌تام به‌ده‌ستهێنا كه له بۆكسێكدایه و چاپخانه‌ی )مانگ( به‌پێی ئه‌و داراییه كه‌مه‌ی هه‌یانه، به سوپاسه‌وه و ده‌ستخۆشییه‌وه، چاپیان كردووه و له باشووری كوردستان و ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستده‌كه‌وێت.
ئه‌م ڕۆمانه (به‌ڕای هه‌ژارانه‌ی من) له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌یه گرنگه، ئه‌ویش شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ڕیالستیانه، تانوپۆ و پڵۆت چنینهوهیهتی. هه‌روه‌ها ده‌نگه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه و ڕوونی و شه‌فافیه‌تی بابهتهكان و قووڵبونه‌وه به‌ناو ململانێیه چینایه‌تی و كولتورییه‌كان، هاڕمۆنیانه كار له خوێنه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌موو جارێك گوتوومه؛ هه‌موو كه‌س پێویستی به‌خه‌یاڵ و ڕه‌مز و به جادووگه‌ریانه‌ی واقیع بێت له ڕۆماندا، كورد پێویستی پێ نییه، چونكه دونیای كوردی خۆی دونیایه‌كی خه‌یاڵییه، گێڕانه‌وه‌ی واقیعیانه خۆی له‌خۆیدا، گێڕانه‌وه‌ی خه‌یاڵه له‌سه‌ر زه‌وی ڕیاڵ ڕووده‌دات.
به‌هه‌قه‌ت وایه، ده‌نا كه‌م نین ئه‌و خه‌نجه‌رانه‌ی كه له‌ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه)دا كه نه‌هایی باسیده‌كات، دێن و كیشوه‌ره‌كان ده‌بڕن و له‌قه‌دی باوكه پاتریاركهكانهوه ده‌چنه قه‌دی ئه‌و كوڕانه‌ی نه‌یانتوانیووه ببن به (باستاردی كولتوریی) یان با بڵێین؛ ببن به (زۆڵێكی كولتوریی) به‌هه‌موو مانا گه‌وره سلۆتهردایكیهكهیهوه. زۆڵه‌كان، باستارده‌كان، كولتوره باوه‌كانی پاتریارك درزپێدهدهن و له‌ته‌نیشت پاتریاركهوه كولتورێكی دیكه و نه‌ریتێكی دیكه و تانوبۆیهكی كولتوریی دیكه فڕێده‌ده‌نه ناو كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، كو‌لتور دروستده‌كه‌ن و گۆڕانكاری گه‌وره به‌دیده‌هێنن. مه‌خابن ئه‌مه له‌ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) ڕوونادات، چونكه دونیای كوردی تاوه‌كو ئه‌مڕۆ باستاردی وه‌های به‌رهه‌منه‌هێناوه، ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ئه‌و خه‌نجه‌ره دێرینیه كولتورییهی باوكه دێرینه‌كانه، له كوردستانه‌وه تاوه‌كو سكه‌نده‌نافیا و خۆرئاوا، به‌خۆی نه‌ریت و بوغز و دواكه‌وتووییه‌وه به‌دووی ژنی كورده‌وه‌یه، ژنێك ده‌یه‌وێت وه‌ك هه‌موو مرۆڤێكی دیكه‌ی ئازادی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه، پراكتیزه‌ی ئازادییه‌كانی خۆی بكات.
نه‌هایی به‌و گێڕانه‌وه كلاسیكهیه جوانه‌یه‌وه تیژ ڕۆده‌چێته ئه‌و ناواخنه دواكهوتووییهی باوكه‌كانی شۆڕشی كوردایه‌تی، ئه‌و ناواخنه‌ی وایكردووه كه هیچ شۆڕشێكمان سه‌ركه‌توو نه‌بێت. ئه‌و دواكهتووییهی له ناخی خۆیاندا هه‌ڵیانگرتووه و ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌و وێنه و ئایدیا پیاوسالاریی و خێڵگه‌راییه‌وه كوردستانی پێ ڕزگار بكه‌ن و هه‌موو جارێكیش شكست دێنن. ده‌شێت بتوانین بێگانه‌ی دواكه‌وتوویی ئێرانی و توركی و عه‌ره‌بی له كوردستان ده‌ربكه‌ین، وه‌كو چۆن له باشوور داگیركه‌ری عه‌ره‌بی ماڵئاواییه‌كی كاتی كردووه. به‌ڵام داگیركه‌ره نوێیه‌كه، دواكه‌وتووه نوێیه‌كه، پاتریاركه نوێیه‌كه، گه‌نده‌ڵه نوێییه‌كه، به‌عسیه نوێیه‌كه، مه‌لا نوێیه‌كه، ئاغا نوێیه‌كه، ڕۆشنبیره نێرسالاره نوێیه‌كه، جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. جێگرتنهوهیهك دواكه‌وتوویی و پۆپۆلیزمی سیاسی و گه‌نده‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداریی و ئه‌خلاقی سیاسی به‌رهه‌مده‌هێنێت. ئه‌زموونی بیست نۆ ساڵی هه‌رێم هه‌زاره‌ها (حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا)ی نیشانداین كه به به‌رگی حزبی دیموكراتخواز و سۆسیال دیموكرات و چه‌پ و ئیسلامی و سێكۆلار و ته‌نانه‌ت فێمێنزمی لوكسوسی به‌ناو ژندۆست هاتنه سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كان، كه له‌ڕاستیدا هیچیتر نه‌بوون جگه له قه‌وزه‌ی گه‌نده‌ڵی و دواكه‌توویی نه‌بێت له‌فۆرمێكی تردا.
دیوه‌خانه‌كان له‌فۆرمی دیكه‌دا په‌ره‌یان سه‌ند، دیوه‌خانی ژنكوژی، دیوه‌خانی مه‌لای جنێوده‌ر، دیوه‌خانی گه‌نده‌ڵی و دیوه‌خانی ڕێكخراوی درۆزنانه‌ی ژنانی فهندخۆر و دیوه‌خانی ڕێكخراوی سێكۆلاریستی و دیوه‌خانی ههزهلیانهی نوسه‌رانی ده‌ربار و ژنانی و پیاوانی ڕاپۆڕتنۆسی سه‌ر به ئه‌مریكی و بریتانی و بێگانه‌كان… به‌گشتی ئێستا وڵات هه‌مووی كۆمه‌ڵێك دیوه‌خانن له ژێر ناوی جیاوازدا، كاریان هیچیتر نییه جگه له كۆپیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی پاتریاركی كوردی نه‌بێت، پیرۆزكردنی بێ‌مانا و گریان نه‌بێت بۆ وێنه‌ی پاتریاركه مردووه‌كان. هه‌ر ئه‌و پاتریاركهشه له ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) دا خه‌نجه‌رێك ده‌دا به زاوكهی ( شێرزاد) بۆ ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی (هه‌ڵاڵه)ی پێ سه‌رببڕێت. هه‌ر ئه‌و پاتریاركهیه كه نه‌هایی له گه‌شتی (حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا) دا ڕیالیستانه به‌رجه‌سته‌ی كردووه؛ گه‌شتی یه‌كه‌م له‌ناو شۆڕشدایه و فیزیكیه و حه‌مه‌ڕه‌شید خۆی ئاماده‌یه و گه‌شتی دووهه‌می ڕه‌مزییه و لهسكندهنافیا له شێرزادی زاوایدا خۆی به‌رجه‌سته كردووه.
به‌دیوێكی تردا، عه‌تا نه‌هایی تادوا ڕه‌گی كلاسیكه، كلاسیكێك چۆنی بخوێنیته‌وه ده‌مانباته‌وه سه‌ر پارادۆكسه‌كانی خه‌یاڵ، خه‌یاڵێك به‌ڕێدا ده‌ڕوات و ته‌واو ڕیالستییه. به‌جۆرێك بڕواناكهیت كاراكته‌ری وه‌ها له‌سه‌ر زه‌وی بوونی هه‌بێت، ئه‌ویش وێنه‌ی كۆیله‌یه كه ده‌یه‌وێت ئازاد بێت، كه ئازادیش ده‌بێت نۆستالژیای بۆ ژیانی كۆیله‌بوونی هه‌یه و ده‌یه‌وێت ژینگه‌ی كۆیله‌بوون له‌ناو ئازادی‌دا زیندووبكاته‌وه.
یه‌كێك له خاڵه جوانه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه له‌وه‌دایه كه له فیگوری (كۆیله) نێزیكدهبێتهوه، كۆیله‌یه‌ك كه فیگورێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه و ڕۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین. كۆیله‌یه‌ك به‌رده‌وام به‌دووی كولتوری هاواركردن و سه‌ركرده په‌رستی و مێگهلخوازیی و پۆپۆلیزمهوهیه. پارادۆكسی ئه‌م فیگوره له‌م ڕۆمانه‌دا له‌وه‌دایه، كه مرۆڤێكه شه‌ڕ بۆ ڕزگاركردنی كوردستان و ئازادی كردووه، به‌ڵام كه دێته وڵاتێكی ئازاد ده‌بێته كۆپیه‌كی سه‌د ده‌ر سه‌دیی داگیركهرهكهی. ده‌بێته وێنه‌ی دواكهتوویهك كه ئاشقی كۆیله‌بوونه، كۆیلهبوونێك كه خۆی له ناموسپه‌رستی و ژنكوژیدا به‌رجه‌سته كردووه.
كۆیله‌یه‌كی وه‌ك (شێرزاد) چاوی به خوێندن و خۆپێگه‌یاندنی هاوسه‌ره‌كه‌ی (هه‌ڵاڵه) هه‌ڵنایه‌ت، چاوی به‌كرانه‌وه‌ی كولتوریی هه‌ڵنایه‌ت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو خۆشی نایه‌وێت له ئازادی‌دا باڵه‌كانی بكاته‌وه و فێره فڕینی نوێ بێت، فێره زمان و زانست و كاری نوێ و تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد بێت. له‌جیاتی ویی، ده‌چێته ناو چایخانه و گروپه داخراوه كوردییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ڕۆژانه ژیان به‌ڕێده‌كات. ئه‌و گروپه په‌راوێزخراوه كوردییانه چێژ لهپهراوێزبوونی خۆیان وه‌رده‌گرن، چێژ له‌وه وه‌رده‌گرن وه‌ك كۆیله‌یه‌ك شایه‌نی به‌زه‌یی خۆرئاواییه‌كان بن. به‌دیوێكی تردا، كۆپی هه‌موو ئه‌و ڕه‌وشت و نه‌ریته پیاوسالارییه دواكهتووانهن، كه به مه‌زنده‌ی ئه‌قڵیان ئه‌مه پراكیزهكردنی كوردبوونه. كوردبوون لای ئه‌م جۆره گروپه داخراوه كوردییانه، پابه‌ندبوونه به چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن و منداڵ و دووره‌په‌رێزییه له كولتوری خۆرئاوا. نه‌گبه‌تیه‌كه له‌وه‌دایه، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری له‌و كوردانه‌ی كه خوێندنی باڵایی زانكۆ خۆرئاواییه‌كانیان ته‌واو كردووه له هه‌ڵسوكه‌ت و شێوهژیانیاندا كۆپی هه‌مان نه‌ریتی دواكه‌توویی پارتریاركن. هێشتا بڕوانامه‌كانیان له جێنده‌ر و سۆسیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌دا هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستێت، به‌هه‌ڵه‌داوان دێنه‌وه بۆ كوردستان و له‌خزمه‌تی حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغاكانی حیزب‌دا و لهدیوهخانهكانی حیزب‌دا ده‌بنه ڕاوێژكار و سه‌فیر و گزیری و قه‌یتولی گه‌نده‌ڵی. ئه‌مه‌ش چیرۆكێكی تراژیدیتره له‌وی دیكه، كه من به دواكه‌توویی خوێنده‌واره‌كان ناساندومه.
خاڵی جوان له ڕۆمانی ( گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) ئه‌وه‌یه، كه ژنی كورد له‌م ڕۆمانه‌دا قوربانی نییه، به‌ڵكو فیگورێكی ئازادییه؛ هه‌ڵاڵه‌ی پێشمه‌رگه، هه‌ڵاڵه‌ی ئاشق و هه‌ڵاڵه‌ی دایك و هه‌ڵاڵه‌ی زیره‌ك و ئه‌كادیمی و هه‌ڵاڵه‌ی ئیشكه‌ر و ڕه‌نجده‌ر…هتد. نه‌هایی زۆر ژیرانه ئه‌و جه‌وهه‌ره گرنگه‌ی ژنی كوردی له فیگوری هه‌ڵاڵه‌دا به‌رجه‌سته‌كردووه، هه‌ربۆیه له‌سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه تا دوا وشه، هه‌ڵاڵه دروستكاری ڕووداوه و له چه‌قدایه.
لێره‌وه سێنترالیزهكردنی ژنی كورد له‌م ڕۆمانه‌دا زۆر له‌و وێنه‌یه دوورمانده‌خاته‌وه كه ژنی كورد ته‌نها وه‌ك قوربانی نیشاندراوه. هه‌روه‌ها ته‌واو پێچه‌وانه‌ی وێنه‌ی ژنه كه له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م پانزه ساڵه‌ی دواییه‌ی باشووردا به‌تایبه‌تی كڵێشهبهند و قاڵبهندیی و ستیرۆتایپكراوه، ئه‌ویش وێنه‌یه‌كی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته ده‌رهه‌ق به‌ژن، وێنه‌یه‌كی بانگخوازانه‌ی ئیسلامهوییه له فۆرمی ڕۆمان و قه‌سیده‌دا گوزارش له‌خۆی ده‌كات، به‌وه‌ی تاكه وێنه‌ی ژنی كورد وێنه شه‌یتانه عهیارهیهكهیه كه پیاوه زیره‌ك و بهئهمهكهكان به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێت له‌گه‌ڵ قه‌سابه چهقۆكێشهكاندا ژیاندهكات. وێنه‌ی ئه‌وه‌ی؛ ژن بۆ ئه‌به‌د گێله… لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (جوله‌كه‌ی ئه‌به‌دی ) ئادۆلف هیتله‌ر وه‌بیر خوێنه‌ر ده‌هێنمه‌وه، كه ده‌یگووت؛ سیفه‌تی ناشرینی جوله‌كه‌كان ئه‌به‌دین و ته‌نها له‌ناوبردن چاریان ده‌كات. ئاوه‌ها فاشیزمێكی تر له‌دژی ژنی كورد له فۆرمی ئه‌ده‌بدا وێنه‌ی (گێل و شه‌یتانی ئه‌به‌دی) ده‌خاته پاڵ ژنی كورد و ده‌بێت ئه‌و شه‌یتانه له ماڵه‌كان ده‌ربكرێن و شار بهدهربكرێن. به‌ڵێ ئه‌وه ئه‌و وێنه‌یه كه‌ده‌یه‌وێت بڵێت؛ گێلێتی قه‌ده‌ری ئه‌به‌دیی ژنی كورده! له ڕۆمان و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایدا هاتووه؛ ژنی كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێندنی باڵای ته‌واو كردووه و ڕۆشنبیره، به‌ڵام له پێچێكدا هه‌موو ئه‌مانه تووڕدهدات و ده‌چێته باوه‌شی به‌عسی و ڕه‌فیق حزببیهكان و گه‌نده‌ڵ و ئاسایش و قهسابهكانهوه، سه‌یر له‌وه‌شدایه ئه‌م بونه‌وه‌ره شه‌یتانییه خۆشی نازانێت بۆ ئه‌وه‌نده گێله و بۆچی ئه‌وه ده‌كات!
ئه‌م وێنه ئه‌ده‌بییه، هیچیتر نییه جگه له ژیاندنه‌وه‌ی بانگخوازه ئیسلامهوییه نوستووهكهی نێو ڕۆحی نێری كوردی نه‌بێت، هیچیتر نییه. پانزه ساڵ زیاتره ئه‌م ئه‌ده‌بیاته پیاوه‌كان هانده‌دات كه یار ده‌ربكه‌ن له‌ماڵ و ئاواره‌ی ده‌شت و ده‌ری بكه‌ن، نه‌هێڵین له‌ده‌فته‌ری ژیاندا بمێنێته‌وه و به‌ته‌واوه‌تی بیسڕنه‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو نه‌هێڵین ده‌م له ئاونگ بدات، نه‌هێڵین سه‌یری خه‌رمانه‌ی مانگ بكات، نه‌هڵێن سه‌ر له‌سه‌ر بالیفی سپی دا‌نێت…هتد. یار له‌م وێنه‌یه‌دا خیانه‌تكاری فریشته‌یه و هاوڕێی فریشته ڕه‌شه‌كان و ئاسایشه‌كان و شه‌یتانه‌كانه. ئه‌مجۆره (ژنكوژییه ئه‌ده‌بییه) وێنه‌ی ژنكوژێكه له فیگوری ڕۆشنبیر و شاعیردا خه‌نجه‌ری ژنكوژی هه‌ڵگرتووه و پۆپۆلیزمانه سه‌دایه‌كی گه‌وره له‌ناو كولتوریی نێر سالاریدا بۆ خۆی كردۆته‌وه. من ئه‌مه دیارده‌یه به (ڕۆشنبیری خه‌نجه‌ر) پێناسه ده‌كه‌م.

(هه‌ڵاڵه) له ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) دا وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه و دژه وێنه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌یه، كه پانزه ساڵه زیاتر له فۆرمی جۆراوجۆری لیتراتوردا گوزارشی له‌خۆی كردووه. ئه‌ویش وێنه‌ی ژنه كه خیانه‌تكاری نیشتمانه و هه‌ڵگری هیچ به‌هایه‌ك سۆلیداریتی و هه‌ستكردن نییه به ئازار و خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌ی، وێنه‌ی ژنه سیخوڕیی كورده كه خۆی هه‌ڵده‌داته باوه‌شی به‌عسییه‌كانه‌وه. هه‌مان وێنه‌یه كه له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له‌باشووری كوردستان، پاتریاركی كوردی به‌رجه‌سته بوو له سه‌ركرده سیاسیه‌كانیدا به‌ناوی (كوشتنی ژنه جاسوسه‌كان) وه‌ك پۆزش باسیان لێوه‌ده‌كرد. یه‌كه‌مین ژنكوژیی سوستماتیك، زنجیره‌یه‌ك ئیغتیالات بوو كه زیاتر له شه‌ش مانگی خایه‌ند. ئیدی له پشت هه‌ر ده‌رگاو ماڵ و سووچێكدا ژنێك له‌لایه‌ن نادیارێكهوه ده‌كوژرا. ئه‌وه‌ی بڕیاڕده‌ری و زیندووكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته ناشرینه بوو، ئێستا ڕۆشنبیره‌كان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بۆ كۆچكردنی ده‌گرین.
ئه‌و ئه‌كته، ئه‌و ژنكوشتنه زنجیره‌ییه، ئه‌و نه‌ریته پاتریاركییهی دژی (هه‌ڵاڵه‌كان) زیندووكرده‌وه، به‌وه‌ی مادامه‌كی ژنیت، گه‌ر گوێڕایه‌ڵی پیاو نه‌بیت، ئه‌وا تۆ مه‌حكومیت به تاوانكاریی و ده‌بێت له ده‌فته‌ری ژیان بسڕدرێیتهوه. هه‌موو ئه‌و ژنه هه‌ژارانه به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه تیرۆركران، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاوی كورد په‌رێزپاك و شۆڕشگێر بووبێتن و ته‌نها ژن جاسوس و جاش و ڕاپۆڕتلێدهری به‌عس بووبێتن. گاڵته‌جاڕی قه‌ده‌ر له‌وه‌دایه، پیاوه به‌عسی و جاشه‌كان و ئه‌نفالچییه‌كان، ژنكوژانی دوێنێ، له هه‌موو شوێنهكدا جێگه‌یان بۆوه و ته‌نانه‌ت (دیوه‌خانانه) و (سێنته‌ری ڕۆشنبیری خێڵ) یان بۆ دامه‌زرێنن و ژنه‌كانیش به‌تۆمه‌تی جاسوسی ده‌كوژرێن… ڕۆشنبیری خه‌نجه‌ر، دوای چه‌ند ساڵێك له‌دوای ئه‌م ژنكوشتنه سیاسییه، هات و ئه‌م وێنه‌یه‌ی بۆ ژن له‌فۆرمێكی ئه‌ده‌بی تردا نمایشكردهوه و له‌ژێر ناوێكی تره‌وه به خوێنه‌ری فرۆشته‌وه و ئه‌م نه‌ریته پاتریاركییهی ژیانده‌وه.
جوانی ڕۆمانی ( گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) له‌وه‌دایه ئه‌و وێنه‌ی (بهدهعاجینكردنی ژنی كورد) دووباره ناكاته‌وه و به ئاڕاسته‌یه‌كی پێچه‌وانه باس له‌و خه‌نجه‌ره ژه‌هراوییه ده‌كات كیشوه‌ر و كیشوه‌ر به‌دووی ژنی كورده‌وه‌یه، پۆزشی كوشتنه‌كه‌ی له ئایدیای ده‌ركردنی له‌ماڵ و له عهیاریی و شهیتانیبوونی بۆ ئاماده كردووه. خه‌نجه‌ره‌كه له‌ناو كۆنه‌ستی كوردیدا ئاماده‌یه و به هه‌موو فۆرمێكه‌وه خۆی نمایشده‌كات، له‌كاتی خۆیدا وه‌ئاگا دێته‌وه و له‌ژن و منداڵی ده‌وه‌شێنێت.
بێگومان گه‌ر له ڕووی هونه‌ری نوسینی ڕۆمانه‌وه قسه‌بكه‌ین، ئه‌وا گرنگی ئه‌م ڕۆمانه ته‌نها له ئایدیاكاندا كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه دونیای كوردی به ته‌مێكی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی داناپۆشێت، به‌ڵكو وه‌ك خۆی باس له‌و ڕیاڵه ده‌كات كه ده‌گاته سنووری خه‌یاڵ. خه‌یاڵێكی سه‌یر و چه‌نده‌ها وێنه‌ی ترسناك له پشت هه‌موو ژنكوژییهكهوه ئاماده‌یه. له پشت چیرۆكه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ژنكوژییهوه خۆی حه‌شارداوه، به‌جۆرێك ده‌بنه چیرۆكێكی خه‌یاڵی، خه‌یاڵێك چاو و گوێ و هه‌سته‌كان بڕوای پێ ناكه‌ن. خه‌یاڵێك ڕه‌گه‌كانی و قاچه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعه. ئه‌مه چیرۆكی نێری كوردییه كه به به‌رچاوی خه‌ڵك و كامێرای درواسێیهكانیهوه، ده‌رگا له‌سه‌ر ژن و ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانی داده‌خات و گڕیان تێبه‌رده‌دات. چیرۆكی نێری كوردییه له ئه‌وروپا كه به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه و به به‌رچاوی منداڵه چوار ساڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامێكی گشتی ئه‌ڵمانیادا به‌نزین ده‌كات به هاوسه‌ریی پێشوویی و گڕی تێبه‌رده‌دات. یاخود له وڵاتێكی دیكه‌ی ئه‌وروپی، قاچی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ستۆته‌وه به ئۆتۆمبێلێك و به‌به‌رچاوی دونیاوه ڕایده‌كێشێت. هه‌موو ئه‌مانه چیرۆكی ئه‌و خه‌نجه‌ره ئاماده‌ن له‌ناو خه‌یاڵدانی پیاوی كوردیدا، خه‌نجه‌رێكی هه‌ندێك جار نوستوو و زۆربه‌ی كاتیش وه‌ئاگا، له‌ناو سه‌ری نێری كوردیدا ئاماده‌گی هه‌یه.
نه‌هایی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م “ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیی كوردیی پیاوانه‌وه“ به پێچه‌وانه‌ی “سینیزمی نێرسالاری كوردی“ كاری كردووه. سینیزمێكی پیاوسالاریی كوردیی كه ته‌نها ساختهگهرییهكی ئه‌ده‌بی سێكسیستی و ڕۆمانسیهتێكی پووچ و به ئامڕازكردنی ژنانه‌ی به‌رهه‌مهێناوه. هه‌موو ئه‌مانه، هیچیتر نه‌بوون جگه له (ڕۆشنبیری خه‌نجه‌ر) نه‌بێت به فۆرمێكی تر هاتوونه‌ته سه‌ر شانۆیی ڕووداوه‌كان. خه‌نجه‌رێك به ساده‌یی دوای گه‌شتی ئازادیی ژنی كورد ده‌كه‌وێت و ده‌یكوژێت. ژنێك ده‌كوژێت كه سه‌رچاوه‌یه‌كی ژیاندۆستی كوردییه، ژنێك وه‌ك زه‌ویه‌كی پڕ هیوا وه‌هایه، كه كولتوری نێرینه‌ی كوردیی به‌خۆی كۆپیه‌كانی پاتریاركی و نێرسالاری تێدا نامۆ و بێگانه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه شۆڕشه‌كانمان جگه له گه‌مه‌ی مه‌یمونه نێره‌كان نه‌بێت هیچیتر نه‌بووه. به ئێستاشه‌وه پارته كوردییه‌كان هیچیتر نین جگه له كۆپی ئه‌قڵیه‌تی خه‌نجه‌ره‌كه‌ی (حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا)ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) نه‌بێت. خه‌نجه‌رێك ته‌نانه‌ت له ناخی زۆربه‌ی ژنه سیاسی و چالاكه‌وانی ژنانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات و سوجده‌ی بۆ ده‌برێت و پۆزشی بۆ ده‌هێنرێته‌وه.
