سێینەیەک بۆ هونەر و ئازاری نەوەکان


Loading

 

لە کۆتایی ساڵی پاردا، یەکێک لە کارە گرینگە ئەدەبییەکانی (یون فۆسە)ی شانۆنامەنووسی نەرویژی، بە سوێدی بڵاو کرایەوە. ئەم کارە ئەدەبییەی فۆسە، ڕۆمانێکی سێ بەشییە و وەکوو (سێینەیەک) خەڵاتی ئەنجوومەنی باکوور، کە یەکێکە لە گرینگترین خەڵاتەکانی وڵاتانی ئەسکەندەناڤی، بە دەست هێناوە. بەشەکانی ئەم سێینەیەیش بریتین لە: (خەوزڕاو، خەونەکانی ئۆلاڤ و بەرەو ئێوارە)، کە بە جیا لە ساڵانی ٢٠٠٧، ٢٠١٢ و ٢٠١٤دا بە نەرویژی بڵاو کراونەتەوە، ئێستایش بۆ یەکەمجار بە زمانی سوێدی لە یەک بەرگدا و لە ژێر ناونیشانی (سێینە)دا، لە دەزگای بۆنیەش چاپ کراون.

(ئەسلە)ی کەمانچەژەن و (ئەلیدە)ی دووگیان، بێ پەروا، بێ پارە، بێ کەس و هاوڕێ بە شەقامەکانی شاری (بیورگڤین)دا دەسوڕێنەوە١، دەنگی پێڵاوە کۆنە ڕەقەکانییان، به‌سه‌ر شه‌قامه‌ به‌ردینه‌کانه‌وه‌ دەنگ دەدەنەوە و ئاوازێکی ناخۆشی لەو شەقامە چۆڵانەدا دروست کردووە و جگە لە خۆیان، کەسی تر گوێی لەو ئاوازە ناسازه‌ نییە. ئەوانیش بێهووده‌ به‌دوای ژوورێکدا ده‌گه‌ڕێن، بێئه‌وه‌ی هیچ ناونیشانێکی دیاریکراویان له‌به‌ر ده‌ست بێ یا بزانن بۆ کوێ ده‌چن. ئەلیدەیش کاتی هاتووە و لە هەر ئان و ساتێکدا بێت منداڵەکەی دەبێت، بارانیش بەبێ وەستان بەسەریاندا دەبارێت، دەنگی ڕەشەباکە تێکەڵاوی دەنگی ناسازی پێڵاوەکانییان دەبێت، کەسیش ئاوەڕیان لێ ناداتەوە و ئامادەنیین جێگایەکییان بدەنێ و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ ناکەن. دوای گەڕانێکی زۆر، لە ژێرخانی ئافرەتێکی یارمەتیدەردا، ئەلیدە کوڕێکی دەبێت و ناوی دەنێن (سیگڤاڵد). ئەوان بە جووتە دەچنە خانووبەرەکەی ئەو ئافرەتەوە، بەڵام ئەو خۆی لەوێ نییە و بەبێ هیچ ئاسەوارێک، وەکوو زۆر کەسایەتی تری ئەم سێینەیە بزر دەبن و لە ڕەوشی رووداوەکاندا، وەک نهێنییەک دەمێننەوە و نایەنەوە ناو ژیانی ئەسلە و ئەلیدە.

12825369_10207746478153431_1756958051_nفۆسە زیاتر لە چل دەقی شانۆیی نووسیوە، هەر بە دەقە شانۆییەکانیشی ناوبانگێکی گەورەی جیهانی بە دەست هێناوە و شانۆنامەکانی لەسەر زۆربەی شانۆ گەورەکانی هەموو دونیادا، بە بەردەوامی نەمایش دەکرێن. دەقەکانی لە پانتاییەکی بێ وشە و پڕ لە جووڵەدا، ڕەوشێکی خودگەرای چڕ، کە نزیکە لە ستایل و فۆرم و داب و نەریتەکەی (بێکیت) و هەروەها (پینتەر)یشەوە، دروست دەکات، هاوکات لە وێنە شیعرییەکاندا بونیادی ئەو بێدەنگییە دەنێت، کە پڕە لە جووڵە و هەست و سۆز. ئەگەر ئاوڕێکی خێرایش لە دەقە شانۆییەکانی فۆسە بدەینەوە، دەبینین چه‌ندان خاڵی پڕ لە ژان و ئازار، سەبارەت بە بارودۆخی مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرن، کە بە ئاسانی مرۆڤ هەستییان پێ دەکات و خۆی تیایاندا دەدۆزێتەوە و دەتوانێت پەنجە بخاتە سەر گرفتە خودگەراکانی خۆی و لەنێو کارەکتەرەکاندا پەیڤێکی ڕاستگۆ، کە ڕووبەرووی مرۆڤی مۆدێرنی ئەوروپی دەبێتەوە، بدۆزێتەوە٢.

ئەم ڕۆمانە سێ بەشییەیش، کە بە شێوەیەکی چڕ و داستانئامێز چیرۆکی بنەماڵەیەک دەگێڕێتەوە، بە کەسی فۆسە خۆی کۆتایی دێت. لە بەشی کۆتایدا ناوی فۆسە، وەکوو کەمانچەژەنێکی تر دێت، کە هەڵبژێردراوە تا مۆسیقا بڵاو بکاتەوە و خەم و پەژارەی خەڵکی بڕەوێنێتەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنە بۆ بڵاو کردنەوەی مۆسیقا، لایەنێکی دژوار و ڕەش و گرانیش لەخۆ دەگرێت.

ئەو فۆرمەی فۆسە دەقە شانۆییەکانی پێ دەنووسێت، زیاتر دەکەوێتە سەر ئەوەی ریژیسۆرەکان چۆن دەی خوێندنەوەی و لە چ دیدێکی هونەرییەوە بەرجەستەی دەکەن و ئەکتەرەکانیش، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و وێنای کارەکتەرەکانی دەکێشن. ئەوەی کورتکراوەتەوە و بە تەواوی داماڵراوە، لە ڕەوشەکاندا چڕ بوونەتەوە، لە وشە کورت و ڕستە ته‌واونه‌کراوه‌کاندا بەردەوام دووبارە دەبنەوە، جەستە و هێزێکی فیزیکی دەبەخشن بە وێنە شیعرییەکانی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان دەکەن بەو مرۆڤەی لەنێو کێشە خودگەراییەکاندا بە دەست بوونی خۆوە، بە دەست ڕۆژگار و کات و شوێنەوە دەتلێنەوە و هەست بە بۆشی یان هەڵکشان و داکشان دەکەن و لەنێو نامۆیی خودا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن. بەڵام فۆسە ڕۆمان و چیرۆکەکانی بە شێوازێکی تر دەنووسێت و لە ستایلێکی تردا فۆرمێکی تریان پێ دەبەخشێت، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژکراوەی یان ڕووکارێکی تری دەقە شانۆییەکانییەتی.

سەرەتای بەشی یەکەمی ئەم سێینەیە (خەوزڕاو) بە یەک هەناسە لە زیاتر لە دوو لاپەرەدا، بەبێ دانانی هیچ خاڵێک لەنێوان ڕستەکاندا، درێژ دەبێتەوە و مەودایەکی فرە ڕەهەند و فرە مانای پێ دەبەخشێت و وەک مەنەلۆگی دەقێکی شانۆیی سەرەتای ڕەوشی رووداو و ئەتمۆسفێرەکە دەخاتە روو. لەنێو دێرەکانی ئەم لاپەرانەدا، یاری بە وشەکان دەکات و دونیایەکی تایبەت بۆ ئەم سەرەتایە دروست دەکات، هەر وەک دەقە شانۆییەکانیشی لەسەر بنەماکانی (دووبارەبوونەوە)وە ئەتمۆسفێری ئەو سەرەتایە دادەرێژێت. ئەم سەرەتایە و تەکنیکی سێینەکە، لە تەکنیکی (شەپۆلی هۆش)ی شەستەکانی ئەدەبی فەرەنسییەوە نزیکە، بەڵام ئەو شەپۆلی هۆشە نییە و لێرەدا ئەو تەکنیکە لە پرۆسەی گێڕانەوەکەدا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت و لە ستراکتورێکی تردا، شەپۆلی هۆش ئاوێزانی تەکنیکێکی تری گێڕانەوە دەکات.

رووداوەکانی ئەم سێینەیە لەنێوان کاتە جیاوازەکاندا ڕوودەدن، زەمەن پاشوپێش دەخات، لە ڕابردووەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێستا و لە ئێستایشدا، لە پڕ لە ڕابردوویەکی دوورەوە دەگەڕێتەوە و بە شێوازێکی تر سەر دەردەهێنێتەوە. خەون و زیندەخەون ڕابردوو و ئێستا و ئایندە پێکەوە دەبەستێتەوە، لێکیان جیا دەکاتەوە و هەندێک جاریش لە خەونێکی لێوان لێو لە شیعردا، ڕووداوەکان لە هەموو مەودای زەمەنەکاندا (ڕابردوو، ئێستا و ئایندە) چڕ دەکاتەوە و پانتاییەکی تریان پێ دەبەخشێت، کە لە دەرەوەی چەمکە واقیعیەکاندا دەگیرسێنەوە و مۆرکێکی ریالیزمی ئەفسوونی، لە هەمان کاتدا داستانئامێز، سمبۆلی و گشتگرییان پێ دەبەخشێت. لەم ئاڵوگۆڕی زەمەنەدا، تەمەنی کارەکتەرەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، گەورە دەبن و منداڵ دەبنەوە، دەبن بە یادەوەری، شوێنەکان دەگۆڕدرێن و ریتمێکی هەمەچەشن دەبەخشن بە زنجیرەی رووداوەکان، لەم ریتمەدا زۆر سەختە رووداوەکان بووەستێنتریت، لێشاوی وشە تەواو نەکراوەکان، ڕستە درێژە بێ خاڵبەند و دووباره‌کراوه‌کان، لە دەرەوەی ئەو کات و شوێنانەی ئەو باسیان دەکات، بووەستێنرێت. هەندێک جار رووداوەکان هێندە خێرا تێدەپەڕن، وەکوو خەونێکی بێ ئاگا فریای ئەوە ناکەوین سیمای کارەکتەرەکان ببینین. کات هیچ نییە، لەنێو سەرگوزشتەی بنەماڵەدا دەتوێتەوە: بنەماڵە لە دوای بنەماڵە بە نێو ڕارەوەکانی کاتە نەبینراوەکاندا، کاتە بەسەرچووەکاندا، کاتە کەڵەکە بووەکاندا، کاتەکانی ئێستادا هەڵدێن و لە شوێنەکانی خۆیانەوە بەرەو شوێنی نادیار و چارەنووسی نادیار دەڕۆن.

هەڵهاتن و دوورکەوتنەوە لە زێدی خۆ یەکێکە لە سیما گرینگەکانی مرۆڤی ئەم چەرخە و چەمکە مۆدێرنەکانی ئەدەب و فەلسەفە و هونەر لەنێو چەمکەکانی هەڵهاتن و گەڕان بە دوای شوێنێکی تر و تاراوگە و رۆیشتنێکی بەردەوامدا، زەمەنێکی تری ڕۆشنگەری دروست کردووە. کۆمەڵگا مۆدێرنەکانی ئەمرۆ، لە ڕوانگەی دیدە پۆست کۆلۆنیالیزمەکانەوە، وێنەی ئەو مرۆڤانەمان بۆ بەرجەستە دەکەن، کە بە بەردەوامی ژیانێکی تر و لە شوێنێکی تردا رۆ دەنێن. ئەم ڕۆمانە سێ بەشییەیش باسی چەند نەوەیەک دەکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەبەردەم هیچ چەرخێکدا گیر ناخوات و چەق نابەستێت، بەڵکوو لە جووڵەیەکی بازنەیی بەردەوامدان.

زمان و ئەتمۆسفێر و کەش و ژینگەی رووداوەکان لە ژێر هەژموونی بەسەرهاتەکانی ئینجیلدا نووسراون و بەرجەستەی کۆمەڵگای نەرویژی، بەر لە دروست بوونی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و سەرمایەداری، دەکات. دەریا و ئاسمان دوو یەکەی گرینگن و لەگەڵ چەمکەکانی شاردا یەک دەگرنەوە و یەکتری تەواو دەکەن و پێوەدانگە درامییەکەی ڕۆمانەکە، پێکەوە دەبەستێتەوە. هەمیشە شار لە بەرامبەر دەرەوەی شاردا، پارسەنگی سروشت و ڕووداوەکان بۆ ستراکتوری ڕۆمانەکە و بارودۆخی کارەکتەرەکان ڕادەگرێت و رووبەرووی یەکتریشیان لە کات و شوێنێکی جیاوازدا، دەکاتەوە. بێگومان هونەر و هونەرمەند، بەشێکی هەرە گرینگی بنەمای ڕووداوەکان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر و لەنێو ئاووهەوای نەوەکانەوە، پێک دەهێنێت. بۆ نموونە لە ڕێگای مۆسیقاوە، کە (ئەلیدە) دەتوانێت گوێی لە دەنگی باوکی، لە زەمەن و شوێنێکی ترەوە، بێت؛ تۆنە مۆسیقاییەکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ژیانی رۆحیی ئەم بنەماڵە و خێزانانە پێک دەهێنێت و مێژووی داستانئامێزی بنەماڵە وێنای چەند قۆناخێکی ژیان و گوزەرانی نەرویژمان بۆ دەکات. دەنگێک لە دوورەوە، تۆنێکی مۆسیقا لە ڕابردوودا و ئامادەیی لە ئێستادا، ئاوازێکی کەمانچە، کە دوێنێ و ئەمرۆ پێکەوە گرێدەدا، هونەرێکی خۆرسک و سروشتگەرا لەنێو ڕووداوەکاندا ڕۆ دەنێت. ئەو رۆڵ و پێگە هونەرییەی (ئەسلە) لەم ڕۆمانەدا هەیەتی، ڕۆڵێکی ساکار و ئاسان نییە، زۆرجار ناچاری دەکات شتێک بکات، کە دواجار لێی پەشیمان دەبێتەوە.

بەشی دووەمی ئەم سێینەیە باسی ئەسلە دەکات، کە لە ژێر ناوێکی خواستراودا لە شاردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی (ئەلقە)ی پەنجە بکڕێت تا چیتر بە چاوی بەدگومانییەوە نەڕوانە خۆی و ئەلیدە. بەڵام لەبری ئەوە خولیای ئاڵتون کڕین دەچێتە مێشکییەوە، هاوکات بیرەیەکی زۆر و دەکەوێتە بیرە خواردنەوە. لە پڕ وەڵامی هەموو ئەو کارە خراپانەی کردوونی، وەردەگرێتەوە، هەموو شتەکان سەرلەنوێ ڕوودەدەنەوە، هەموو ئەو شتانەی دەیکەین، هەمیشە ڕووبەرووی ئەنجامەکانیشی دەبینەوە، مرۆڤ لە کۆمەڵێک ئەنجامگەری و کاردانەوەی کردارەکانی خۆیان زیاتر بەولاوە هیچیتر نین.

(خەونەکانی ئۆلاڤ) ڕەخنەیە لە چەمکی (شار) وەک سمبۆلێک بۆ شارستانییەت، کە چەندین میکانیزم و هێزە دەرەکییەکان ئاڕاستەی دەکەن؛ هەموو شتێک بۆ کڕین و فرۆشتنە، تەنانەت جەستە و رۆحیش. بەشی سێیەمیش (بەرەو ئێوارە) باسی ئەوە دەکات، کە چۆن پیاوێک وا لە (ئەلیدە) دەکات، بۆ گوند و کێڵگە و دەغڵ و دانەکەی دوای بکەوێت، لەوێ ببێتە کەنیزە و کارەکەر، هەروەها دایکی چەند منداڵێکی تریش. بەشی کۆتایی مۆرکێکی ڕۆمانسی بۆ خۆشەویستی لەخۆ دەگرێت؛ بۆ نموونە (ئەلیدە) بەوە قایل دەبێت لەگەڵ کەسێکی نامۆ بەخۆیی و بێگانە بژی، بەڵام بە بەردەوامی لە ڕێگای سروشتەوە و لەناو سروشتدا، گوێی لە دەنگی (ئەسلە) و مۆسیقا دەبێت. هەرچەندە (ئەلیدە) هەست بە بەختیاری دەکات و نایەوێت لە پەژارەدا بژی، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە شێوەیەکی کاریگەر و ئاشکرا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بۆ ئەوەی لە کۆتایدا لەگەڵ ئەو پیاوەدا بەیەک بگەنەوە، کە ئەو لە هەموو ژیانیدا خۆشی ویستووە.

زمانی ئەم سێینەیە تایبەتە؛ لە شیعرێکی ساکاردا، لە جوانییەکی سروشتیدا، زمانێکی ڕۆژانەی ڕەوان، ئەو زمانەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر و لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر لە سروشتی خۆیدا، لە جوانی و شیعرییەتی ژیانی ڕۆژانەدا گەشە دەکات. جوانی زمانەکە لە عیشق و ئەڤینی دڵداری (ئەلیدە)دا ڕێچکەیەکی پڕ لە ژین، ڕوانین لە مەرگ، رۆحی هەستێکی خواوەندی نەبینراو، لەخۆ دەگرێت.  هەندێک جار دەقەکانی ئەم سێینەیە، لە شیعردا کۆدەبنەوە و کورتیلە چیرۆکی عیشق پێک دەهێنن، بەسەرهاتی کارەکتەرەکان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لەنێو زەمەنە جیاوازەکانەوە و بە زمانێکی جیاوازیش سەرگوزشتەی عیشق دەگێڕنەوە. لە گوندەوە، لە کەناری دەریا پان و پۆڕه‌کاندا، دەچنە شارەوە و هەژموونی سروشتی دەریا و کێڵگە ومێرگ و گوندەکان بەسەر شار و شار بەسەر گوند و کەنار دەریاکانەوەیە. هەندێک جاریش ئەم شەپۆلی هۆشە دەبڕێت، کۆتایی بە ستایلە داستانئامێزەکە دەهێنێت و لە دیالۆگێکی شانۆیدا بەردەوامیان پێ دەبەخشێت تا لە پڕ ئەو فۆرمە شانۆییە تێکەڵاو بکاتەوە بە هروژمی وشە و فۆرمە چڕەکەی شەپۆلی هۆشەوە.

ئەم سێینەیە، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ماناکانی شیعر لە ژیانی ڕۆژانە و بووندا، لە تاسە و گەڕان بە دوای ئەو مۆسیقایەدا، کە دونیا دەبزوێنێت، هەروەها خەم و لە دەستدان و خۆشەویستی. ئەم ڕۆمانانە، لە دیدێکی فرە مەوداوە باسی خوڵقاندنی هونەریش دەکات، هونەر چ باجێکی دەوێت و ئەمجامگیرییەکانی ئەو مەرجانە، چ کاریگەرییەکی بەسەر خودی هونەرمەند و دەوروبەرەکەیشییەوە دەبێت. ئەسلە، کە بەدمەست و هەندێک جار توندوتیژ، کاریگەری خراپی بەسەر دەوروپشتەکەیەوە جێ دێڵێت.

هەرچەندە هەر سێ ڕۆمانەکە باسی کات دەکات، بەڵام لە فۆرم و تەکنیکێکی وەهادا نووسراوە، کە پابەندی هیچ کاتێک نەبێت و مرۆڤ و گوزەرانی مرۆڤ، ڕاکردن، پەنا بۆ عیشق بردن، دیدێکی هونەری بۆ ژیان، مۆسیقا و مەی کاتێکی ڕەها و نه‌بوونی کاتێكی دیارینەکراو دەبەخشێت بە باڵای سێینەکە.


  1. بیورگڤین ناوە کۆنەکەی شاری (بێرگن)ە، کە فۆسە خۆی لەوێ لە دایک بووە و هەر لەوێش دەژی.
  2. هاودەم ساڵح بەشێک لە دەقە شانۆییەکانی یون فۆسە-ی کردووە بە کوردی و لە ژمارەکانی زنجیرەی شانۆی جیهانی دەزگای ئاراس بڵاو کراونەتەوە.