كو‌لتور مه‌گه‌زین له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م گۆڤاره سینه‌ماییه جیدیه‌وه، ڕۆژانه ڕه‌دووی بابه‌ته‌كانی كه‌وتووه، له‌و بڕوایه‌داین زه‌مه‌نێكه نێت له‌ناو ئێمه‌ی كوردا دوور له‌كولتوری جیهانی به‌كار ده‌هێنرێت، جا یان ماڵپه‌ڕی شه‌ڕه جنێوی سیاسیه، یان قه‌وما و سكه‌نداڵه‌كانه. كو‌لتور مه‌گه‌زین وه‌ك گۆڤارێكی ئۆنلاینی كوردی – ئینگلیزی و كۆی پڕۆژه‌ی كولتوری Culture Project به‌خته‌وه‌ره كه‌ئه‌م هه‌وڵه جیدییه ده‌بینێت، كه گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هایه بۆ گۆڤاری ئه‌لكترۆنی وه‌ك فه‌زایه‌كی گه‌وره كه ده‌گاته هه‌موو كه‌س، له‌جیاتی بێزاكردن و تێكدانی كایه تایبه‌ته‌كان به‌هه‌واڵی رۆژانه‌ی سیاسی ڕووكه‌ش، ماڵپه‌ڕێكی وه‌ها دێت و مه‌سه‌له قووڵه‌كانی مرۆڤ و جیهان له سینه‌مادا ده‌هاروژێنێت. له‌دڵه‌وه پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین و هیوادارین به‌رده‌وام بن، داوا له‌خوێنه‌رانی كو‌لتور مه‌گه‌زین ده‌كه‌ین كه سه‌ردانی ئه‌م گۆڤاره سینه‌ماییه بكه‌ین :
ماڵپەڕى “سینەنا” گۆڤارێکى ئەلیکترۆنى سینەماییە کە بە هەوڵى چەند عاشقێکى سینەما، ناوبەناو، هەر جارەو بە فایلێک لەسەر دەرهێنەر، ڕەوتێکى سینەمایی، یان ڕووداوێکى سینەمای هونەریی سەربەخۆ، بڵاو دەبێتەوە. بابەتى فایلەکان سەر بە سینەماى باو نین، و بەشێکن لە ڕەوتی سەربەخۆ و نەناسراوەى مێژووى کۆن و نوێی سینەما.
کاتێکى دیاریکراومان و بڕیارلێدراومان نییە بۆ بڵاوبوونەوە، بەڵام بەپێى توانا هەوڵ دەدەین خێراییەک بدەین بە کارەکانمان.
“سینەنا“، لێکدراوى “سینە” و پاشگری “نا”یە. پاشگرێک کە دەتوانێ جۆرێک ناڕەزاییشی لەگەڵدا بێت، بۆ سینەماى باو، هەروەها بۆ ئەو دۆخ و مەیلە سینەماییە زاڵەى لە کوردستاندا چەسپاوە. تەنانەت ئەوانەش کە بانگەشەى دیدى ئەڵتەرناتیڤ بۆ سینەما دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆى پشت بەستن بە ناو و پرۆژە زاڵەکانەوە، سەرلەنوێ سینەما لە کوردستان تووشى کێشە دەکەنەوە.
ستافێکى جێگیر و ڕیزبەندکراومان نییە؛ فایلێک دیارى دەکەین بۆ کارکردن و داوا لە هەندێ وەرگێڕ و نووسەرى نزیک لە سینەما دەکەین، فیلم و بابەتمان لە چوارچێوەى فایلەکەدا بۆ وەربگێڕن و بنووسن. ئەو کەسانەى لە ژمارەیەکدا کار دەکەن، دەکرێ لە داهاتوودا کەمتر یان زیاتر بن، دەکرێ هەمان ئەو کەسانە بن و دەشکرێ کەسانێکى تر بن.
لە “سینەنا“، هیچ کارێک پاداشتى مادى نییە و سەرجەم کارەکان، بە شێوەى خۆبەخشانە و لە چێژ و عەشقەوە دێن بۆ سینەما. ئێمە بانگەشەى “خزمەت” ناکەین؛ کەس چاوەڕێی ئێمە نییە خزمەتى بکەین و کارەکانیش بە “ئەرکی سەرشانمان” نازانین. ئێمە چێژ لە سینەما وەردەگرین و بێگومان ڕەنگە ئەم کارانە لە دوورمەودا و بێ ئەوەى خۆمان بزانین بۆ بینەران و خوێنەران و عاشقانى سینەما سودمەند بن و بێگومان دەبن.
هیچ لایەن، کەس، ڕێکخراو، حیزب، باندی ژێربەژێر، بەناوى کلتور و هەر ناوێکى ترەوە، لە پشتمان نییە و نابێت. کارەکانمان بە پشوودرێژى و ئارامى دەکەین. ناشمانەوێ بە هەر مەرجێک بەردەوام بین. چونکە پێمان وایە سەرجەم ئەو ناوەند و بنکە و پرۆژانەى کە لە کوردستان کار دەکەن دەیانەوێ “بەهەر مەرجێک” بەردەوام بن و ئەمەش ناچاریان دەکات لە ئایندەیەکى دوور یان نزیکدا خۆیان ملکەچى حیزب و ڕێکخراو و ناوەندەکانى دیکەى سەر بە دەسەڵات بکەن. ئێمە لە کوێ زانیمان ناتوانین بەردەوام بین، نابین. زۆر لەخۆمان و لە کەسیش ناکەین و پێشوەخت دەزانین لە کێڵگەیەکى بێ سینەما و هونەر کار دەکەین. چاوەڕوانى موعجیزە نین و ئومێدمان پێش ئەوەى بە کاردانەوەکان هەبێ، بە مەیلى عاشقانەى خۆمانە بۆ سینەما.
جیاوازیی سەرەکى “سینەنا“، لەگەڵ هەر پرۆژەیەکى تر، بێ بەرامبەربوونیەتى و لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەى کارەکانى داواى هیچ شتێک ناکات. بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەى بابەتەکانى سینەنا، بەومەرجەى بازرگانى پێوە نەکرێت و ناوى وەرگێڕ و سایتەکە پارێزراو بێت، هیچ سنور و مەرجێکى دیکەى لەسەر نییە.
لەگەڵ هەر ژمارەیەکدا جگە لە کۆمەڵێک بابەت و ڕەخنە، ژمارەیەک فیلمى هەمان دەرهێنەر کە فایلەکەى بۆ کراوەتەوە یان ئەو ڕەوتەى سینەماییە، ژێرنووسى کوردى دەکەین. پێشنیارى “سینەنا” ئەوەیە، پێش خوێندنەوەى بابەتەکان، هەموو فیلمەکان ببینین.
لەگەڵ فایلی سەرەکیدا، لق و بەشى دیکەشمان دەبێت بۆ ناساندنى فیلمی هونەریی نوێ و پێشنیارى کورتەفیلم و هەروەها وەرگێڕانی کاوەخۆ و بەش بەشى کتێب لەسەر مێژووى سینەما و بوارەکانی دیکەى فێرکاریی فیلمسازی. هەروەها بەپێی ئەو ڕووداوە سینەماییانە، ئەو فیلمە کوردییانەى لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، “سینەنا“، هەوڵ دەدات کاردانەوەى ڕەخنەیی هەبێت.
“سینەنا” لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبوک پەیجێکى دەبێ و لەوێوە بابەتەکانى ناو سایتەکە بڵاو دەکرێنەوە. ئەگەر کۆى پرۆژەکەتان بەلاوە باش بوو، بە هاوڕیکانتانى بناسێنن و پێشنیار و ڕەخنەکانتانمان بۆ بنێرن.
“سینەنا” مافى پێداچوونەوە، گۆڕینى ناونیشان و تەنانەت ڕەتکردنەوەى بابەتى هەیە. سەرچاوەکانى وەرگێڕان لاى “سینەنا” پارێزراو دەبێ و هەرکەس ویستى دەتوانین بە تایبەتى بۆى بنێرین.
بەم ئیمەیلە بابەتەکانتانمان بۆ بنێرن: info@cine-na.com
بۆ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی تكایه كلیك بكه سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره :
سینه‌نا : http://cine-na.com