Immanuel Kant 22 April 1724 – 12 February 1804

ساتەوەختی مەرگی کانتیانە


Loading

سەرەتا

ئەگەرچی لەم ساتەدا هیچ بۆنەیەکی دیاریکراونییە لەساڵنامەدا سەبارەت بە’کانت’، بەڵام قورسایی و سێبەری ئەو بەسەر فەلسەفەوە ساڵنامەو مشتموڕەکانیش تێدەپەڕێنێت. لەسۆنگەی دواساتی مەرگی کانت و دواهەمین ووتەیەوە، دەمەوێت گوزەرێک بەهەندێک تێزو بنەماکانی بیرکردنەوەیدا بکەم.

 

١-کانت کێیەو کێ نییە؟

کاتێک کەدەپرسین کێییە، ئەوا دەشیسەلمینین کە “کێ” نییە. ئامڕازی پرسیاری ‘کێ’,واتە وەک هەرکەسێکیتری سەردەمی خۆی، یا وەک هەرکەسێکی پێشوپاشخۆی نییە. سسپینۆزا گوتەنی، جەختکردنەوەو بەئەرێنیکردن، واتە، نەفیکردنی سیفەتیترە  لەو. هەموو جەختکردنێک سەندنەوە، ڕەتکردنەوەیەک لەخۆیدا هەیە. ئەوەی لێرەدا جەختیکی لێدەکرێتەوە، دواساتەکانی ژیانی کانت و دواهەمین گووتەیەک کە  دەريبڕیووە.

 

٢-هیچ مردنێک تایبەت نییە

مردن هەر مردنە، جا فەیلەسوف بێت یا هەر مرۆڤێکی ئاسایی کۆمەڵگه‌. ئەم بۆچوونە ڕاستە لەوەدا ئاکامی هەموو زیندەیەک کۆتاییە- مەرگ. بەڵام، هەموو مەرگێک وەکیەک نییە. هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ مردن و دواهەناسەدا لەیەک ناچێت. وەک چۆن هەموو ژیانێک وەک یەک نییە. ئەوە چییە کە مەرگی کانت لە کەسانیتر جیادەکاتەوە؟ ئەگەر بپرسین چۆن کانت مرد، بەمانایەکیش دەبێت بپرسین چۆن ژیا؟

 

 

٣- دواگووتەیەک  بۆ ژیان یا پاشمردن؟

 

کانت لە (١٢/٢/١٨٠٤) دا لەتەمەنی (٨٠) ساڵیدا بۆ هەتاهەتایە چاوی لێکنا. وەک هەر مرۆڤێکی تری ئەم هەسارەیە، چووە دونیای نەبوونەوە. بەڵام، ئەوەی مایەی سەرنج و رڕامانە، دواهەمین وشەیە کە لەسەر ڕایەخ و پێخەوی مەرگیدا دەڵێت: ”Es ist Gut. واتە؛ ئیتر ئەمە باشە. لەڕواڵەتدا ئەم گووتەیە سادەو کورتە، بەڵام ڕەهەندەکانی پشت ووتنی قوڵ و مانادارە.

ئەوەی بۆمن پرسیارە: چی باشە؟ ئایا بەمانای ئەوەی کە باش ژیام و ڕازیم؟ یا باش بیرمکردەوەو تواناکانی ژیرم دۆزییەوە  و بەکارهێنا؟ یا ئیتر مردن باشە، لەبەرئەوەی ژیان بەسە؟

وەک گووتراوە، کانت ژیانێکی ڕۆتینیانەو ڕاستەوانەی سیستماتیکی بەسەربردووە. واتە، ڕووداوی سەرنجراکێش، سەرکێشی نەبووە. واتە، وەک میلی کاژمێر هەموو جوڵەکانی بەپێی کات پرۆگرام کردووەو لەکاتی خۆیدا ئەنجامیداوە. تەنانەت ئەو لەچوارچێوەی شارەکەی خۆی ئەودیوو نەبووە. خۆی ڕۆژانەی بەمجۆرە دەستپێکردووە؛

هەموو بەیانییەک پیاوەخزمەتکارەکەی ‘لامپە’  پێنج  خولەک بۆ پێنجی بەیانی هاتۆتە ژوورسەری: ‘ بەڕێز پرۆفیسۆر کاتی هەستانە!

 

 ڕەنگە، ڕاستبێت کە ژیانی ئەو ئاساییباوەو هیچیتر. یا بەکردەیی نەڕۆیشتۆتە دەرەوەی سنووری شارەکەی. بەڵام، فەلسەفەو ڕامانی لەتواناکانی ژیری مرۆڤ، سنوورەکانی شارو وڵات و نەتەوەی تێپەڕاندووە. ئەو سەروکاری لەگەڵ ژیری پەتیدایە لەفۆرمە جیهانی و گەردوونییەکەیدا. مرۆڤی گەردوونی و ژیری هەمەکی و رۆشنگەری لەدەرەوەی سنووری وڵات و جوگرافیادایە.

ئیدی، ئەو ئەنجامگیرییە کە ژیانی کانت سەرنجڕاکێش نییە لەگەڵ ئەو دواگووتەی (کانت)دا نایەتەوە. بەدیوێکی تردا ژیانی فەلسەفیانەی کانت سەرنجراکێشە، پڕە لەهەڵکشان و بەرەوووبوونەوە، ڕەنگە لەگەڵ کەس یا لایەن و هەمیشە دەسەڵاتێکی دیاریکراودا نەبووبێت، بەئەندازەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تواناو سنوورەکانی ژیری مرۆڤ خۆیدا کۆشاوە.

دواجار ئەگەرچی کانت باس لەسنوورەکانی ژیری دەکات، بەڵام بەمانای دەستەوه‌ستانی و کۆڵدانی ژیری نایەت لەتێپەڕاندنی سنووردارکردنەکانی، بەئەندازەی بەهەندوەرگرتنیان لەپرۆسەی زانین و تێگەیشتندا. چونکە، دواجار کانت خۆی دەڕواتە ئەودیوو، سەروو -ژیریەوە، و  لەوێوە قسە لەسەر ژیری دەکات. بەمەش چالاکی زەین و وێناکردن و هەستکردن و ئەزموونکردن  و ئەندێشە شەنوکەودەکات. ئیدی، بۆ ئەمە، دەبوو کانت پێبخاتە ئەودیو باسکردنی مەعریفەو ڕۆڵی ئەقڵ خۆیەوە کە ترانسدنێتە. بەڵام، بەمانای میتافیزیکیەی کە خودا، ئایین یا ڕۆح نییە، بەڵکو میتا-فەلسەفە. میتافەلسەفە، واتە ئەو وێستگەیەی کە کانت دەڕواتە دەرەوەی ژیری مرۆڤ، لەدەرەوەی زانست و میتۆدیەکانی بۆ تێگەیشتن و ئاراستەکردنی ژیری بیرناکەتەوە.

 

٤- مردن چییە لای کانت؟

 

لەهۆنراوەیەکدا سەبارەت بەمەرگ، کانت خۆی کۆچی دوایی هاوڕێیەکی لە (١٧٨٢)بەمە دەلاوێنتەوە:

‘ئەوەی لەپاش مردن بەسەرماندا دێت، نهێنیەکی شاراوەیە لەتاریکایی ئەنگوستەچاودا. تەنها ئەوەی متمانەدەرو دڵنیاییە، ئەو ئەرکەیە کە ئەوانیتر لەئێمەی چاوەڕێدەکەن، بەجێبگەیەنین’[i].

 

بەڵام، بۆ ژیان مرۆڤ ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی تری لەسەرە. بۆیە، لەسەر کێلی گۆڕەکەی کانت پەرەگرافێک لەکتێی (ر.ژ.پ) نوسراوە:

 

‘دووشت پڕمدەکەن لەسەرسامی، ئاسمانێکی پڕئەستیرە لەسەر سه‌رمەوە، ڕێسایەکی ڕەوشتی لەخۆمدا’.

ئەمە بەمانایەک ئەوە دەگەیەنێت، کانت لەسەر ئاستی تێوری و کردەیی ساینتێزەی پراکتیک و تێوری بکات. هەروەها دەستنیشانی ئەوەش بکات کە ئەرکی رەوشتی مرۆڤ و چییەتی رێساکانی چییە. بۆیە، لەم کورتە نوسینەی ‘کانت’دا ئەو پەیامە دیارە کە ئەرکێکی قورس و گران چاوەڕێیەتی.

چونکە، بۆئەوە دەبێت یەکەمجار ژیری خۆی بناسێت و دەستنیشانی سنووردارییەکان و کارتێکەرەکانی بکات. ئەوجا بڕواتە پشت ژیرییەوەو لەوێوە ژیری بخاتە نیو دادگەی خۆیەوە.

 ئیدی، مردنیش، واتە، کۆتایی ژیری دێت لەدرێژەدان بەچالاکی و ئەرکەکانی خۆی. رەنگە، مەرگ، مردن لای کانت ناڕۆشنگەریی، بیری دۆگماتیک و نائەقڵانی بێت. چونکە، خۆی دەڵێت؛ ‘تا دۆگما نەمریت، مۆراڵ نایەتەدی’[ii].

٥- ئایا چركه‌ساتی  مەرگی کانت، هەمان  چركه‌ ساتی رۆشنگەرییە؟

کاتێک ئەقڵ دوای بەئاگاهاتنەوەی لەدۆگما، چاودەکاتەوەو بەخۆیدا دێتەوە، ئیتر هۆشیارییەکی هەمەکی دەبێت. دواتر، خۆی لەکاریگەری و کارتێکەرە دەرەکییەکان، بتەکانی کولتور، ئاین، نەریت، بازاڕو سیاسیەت قوتاردەکات. هاوکات، خۆشی لەچەپۆکی زمەن و شوێن ڕزگاردەکات. واتە، خۆی لەو سنوورانە دادەماڵێت، بیرۆکەو توانای ژیری لەپەتێتی و پوختی خۆیدا بەکاردەهێنێت. ئیتر؛ ڕۆشنگەری دێت، مرۆڤ روون و رەوان دەبێتەوە. پاکدەبێتەوە لەچەپەڵی و پۆخڵییەکانی رۆژگارو کۆمەڵگەو دۆگمەکان. ئەمە ژیری ساخ و بێگەردو پوختە کە پرۆژەیەکی سەرەکی کانت’ بووە.

دەبێت بریاری پێشوەختەی ساخنەکراوە وەلانرێت، تا بەڕۆشنگەری بگەین. واتە، رەهابین، رزگاربین لەو کۆتوبەندانەی ئابڵوقەی ژیریان داوە. دەبێت، ژیری لەدۆخی ساغی و یەکەمی خۆیدا چالاک و کارابێت، نەک لەژێر کارتێکەرەکانی ئایین، بیری نازانستی و بتەکانی ژیری-وەهمەکان- دا بیربکاتەوە.

هاوکات، دۆخی ڕۆشنگەری ئەوەمان فێردەکات کەمرۆڤ لەمێژوودا بۆ رەفتاری ناژیرانەی کردووە. بێگومان، دیدی کانت لەکتێبی ‘مێژوو لەگۆشەنیگایەکی گەردوونیەوە’، ئاوەها باسی مرۆڤ دەکات لەنێو مێژوودا: ‘مێژووی مرۆڤ جگەلە دێوانەیی و هەرزەیی پوچ چیتر نییە. تەنانەت هەندێکجار لەپیسی و تینویەتی روخاندنێکی ترسناک بەدەرنییە’[iii].

بەڵام، ووتەکەی کانت لەدواساتەکانی ژیاندا ‘ئیتر باشەو چیترنا’، دەرخەری ڕۆشنگەری کانت خۆیەتی لەبارەی ژیان و مردنەوە. مردن خراپ نییە، وەکچۆن ژیانیش خراپ نەبووە. هەریەکە بەپێی قۆناخ و هەنگاوێک باشە. ژیانی مرۆڤ، واتە ژیانی راستیانەی ژیری و بیرکردنەوەی ساخ و دروستە. بۆیە، ئەگەر مرۆڤ، ژیانێکی ژیرانە ژیاو ئەزموونکرد، ئەوا مەرگێکی ئاشتیانەش ئەزمووندەکات.

دیمنەی کانت و میوانەکانی

 

[i]د. زەکەریا ئیبراهیم: فلسفة کانت النقدیـة. ل ٥٩

[ii]“It is the death of dogma is the birth of morality”

[iii]د. زەکەریا: ل ١٨٩

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین