بهشی یهكهم
سەرەتای سەفەری یەکەم؛
من و ئەنوەر سەرەتا پێکەوە چووینە شارۆچکەیەک، دواتر هاوکاریش هات کەخزمی عەبدوڵا بوو، ئاوهها بووین بەچوار کەس، لەماڵی ناسیاوێک چەند ڕۆژێک ماینەوە. پاش سێ ڕۆژ هاتن بەدواماندا پێیانگووتین؛ ئەم شەو خۆتان ئاماده بکەن دەر دەچین…ئێمەش خۆمان ئامادهكرد، بەڵام شتێکی وههامان پێنەبوو، جارێ من هەر نەمدەزانی چەندمان پێدەچێت و كهی دهگهینه جێگهی مهبهست. بەجێبێک بردینیانە ئەودیووی شارۆچکەکە، لادێیەکی بچوک بوو، چوینە ماڵێکەوە بەخێر هاتنیان کردین وکەسێکی تریان پێ ناساندین کەئەو شارەزای ڕێگاکە بوو، ئێمەی دەبردە ئەودیووی سنوور، من چەند چەکدارێکم بینی پێم خۆش بوو، وامزانی لەگهڵ ئێمە دێن، بەڵام وادەرنەچوو!
قاچاخچییهكان هەتا ئەودیوو دێکە هاتن لەگەڵمان، دواتر گەشتینە شوێنێک، شەو داكهوتبوو، لایتی ئۆتۆمبێلهکەشیان کوژاندەوە، پێیانگووتین؛ دابەزن، ئیتر ئا بەم قەدپاڵەیا سەرکەون و لەودیووەوە خۆتان لەگەڵ ئەم ڕێبەرە دا کەشارەزایە بکەونەڕێ … ئیتر هەر ئەوەندەمان خۆش بوو ، ئەوان گەڕانەوە، من و ئەنوەر و عەبدوڵا و هاوکار لەگەڵ ڕێبەرەکەمان کە خۆی خەڵکی بهری ئێران بوو، کەوتینە ڕێ .
هەریەکێكمان جانتایەکمان پێ بوو، هەرکەسەو کەمێک جل وبەرگ و کەمێک نان و خورما مان پێبوو. ئێمە بەسەرچیاکەدا سەرکەوتین و بەدووی ئەم کابرا ڕێبەرەدا دەڕۆیشتین، لەمسەرەوە سەرکەوتین هەتا کۆتایی چیاکە و لەودیوویشەوە هاتینە خوارەوە و بەرەو ڕێگایەک ڕۆیشتین کە ئیتر ناوچهی سهربازی قهدهغهكراوی سنووری بوو، ئهم ناوچه ترسناكانه بهناوچه (محرەم ) ناسرابوون، ناوچهی مهرگ بوون …