بەرد، فەرموودە بوو … دواتر کردمانە ئەفسانە/ کەچی هەموو ئەفسانەکان، لە زاری بەردەوە دەێگێڕینەوە.
بەرد، پێش ئەوەی دە خوێناوی مێژوویی هەڵکێشین/ جوگرافیایەک بوو پڕ لە سروشت، سروشتێک پڕ لە فڕین/ کەچی زمانمان، دە کێشی دەستمان هاویشت و، هەر خۆشمان خەیاڵکوژی ئەو بووین.
بەرد، پێش ئەوەی ئێمە بخوێنێتەوە/ بە خوێنی مە ڕەنگ بناسێتەوە/ مێژووی مە لە جوگرافیای خۆیدا جێبکاتەوە/ قسەگەلێکی لەسەر ڕۆح نوسیبۆوە/ ئاو هات بەو نەرمییەی خۆی، ڕووی گرژ کرد و، خستییە بەر شەپۆلەوە/ لم، ترسنۆکترین و درۆزنترین شتێک بوو، کە نهێنی بۆ ئاو دەدرکاند و، هەر ئاویش: وەک پۆستەچی بڵاویدەکردەوە/ کەچی ئێمەی مرۆڤ، هەموو ڕۆژێک … حیکایەتێکمان بۆ لم دەگێڕایەوە!
بەرد: بەرد بوو، بە بێدەنگی لەسەر زەمین پاڵکەوتبوو/ لە نێو ئاودا، بە خاتری ڕۆحلەبەرەکان ڕاکشابوو/ وەک گڵ، خۆی بە دڵۆپێك ئاو سروشتی نەگۆڕی و، مرۆڤ بڵێت: ڕەچەڵەکم دەچێتەوە سەر وی/ وەک مرۆڤ، گڵی شەرمەزار نەدەکرد، ڕۆح بۆ خۆی و خۆڵەکەشی بۆ وی/ بەرد: بەر هیچ زمانێك نەکەوتبوو، ڕاڤەی بۆ بکرێت/ کەچی مرۆڤ هات، ئەم دەستنوسەی تێکدا، تاکوو هەزار زاراوەی لێدابتاشێت!.
وەختێک چاوەکانمان جگە لە ئەدگاری بەرد، هیچی دی نەبینێت/ ناواخنی چۆن لە ڕۆحماندا هەڵدەگرێت/ ئاو، گوتی: لە داخی ئەم چەرخە، هێندی خۆ بخۆمەوە: کلسم گرتووە/ کەچی بەرد، سووڕەتی میهرەبانیی، بەدیارمەوە خوێندۆتەوە/ ئێمەش، پیتەکانی سەر بەردمان نەخوێندۆتەوە/ کە لێی ورد ببینەوە: نوسراوە، قومێک ئاو بخۆنەوە!
بەرد، هەمیشە یەک شتی هەیە بۆ گوتن: ئەویش دەڵێت: سەیری نەرمونیانی من بکە و، دان بە خۆتدا بگرە، بۆ گوتن!
وەختێك کە دەستنوسی بەرد دەستکاری کرا، لەسەر گەڵای دارێك ئەوە نوسرا:-
بەرد کە بێدەنگە، نەتۆقیوە، ڕەنگی بە درۆی مرۆڤ پەڕیوە!
٢٠١٦