گۆڤاری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: له قۆناغێكی نزیكدا، قۆناغی سارتر و فۆكۆ و باشلا‌ر… فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كاندا له په‌یوه‌ندییه‌كی باش‌دا بوو، له‌وانه‌وه ئیلهامی وه‌رده‌گرت. به‌ڵام له‌مڕۆدا تێبینی شێوه‌یه‌ك له جیابوونه‌وه له‌نێوان هه‌ردوو بواره‌كه‌دا ده‌كه‌ین، ئایا ئه‌مه جیابوونه‌وه‌یه یان پشتگوێخستن؟
ئه‌ندرێ كۆمت-سپۆنڤیل: پێموایه ئه‌وه‌ی له ده ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا گێڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ گرنگی فه‌لسه‌فه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی وه‌ك پسپۆڕییه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه. كاتێك فێرخوازبووم له فه‌لسه‌فه مامۆستا ڕاسته‌وخۆكانمان فۆكۆو دۆلۆز و ئه‌لته‌وسێر بوون… له‌و قۆناغه‌دا زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان ئەوپەڕی گرنگیان بۆ فەیلەسوفەکان هه‌بوو، له كاتی پێویستدا جێگای فه‌لسه‌فه‌یان ده‌گرته‌وه، ئه‌و قۆناغه‌بوو كه تێیدا ده‌سته‌واژه‌ی ( هه‌قیقه‌تی زانستی)مان به درێژدادڕی داده‌نا، وه‌ك ڕۆژێك یه‌كێك له مامۆستاكانمان پێی گوتین. ئه‌و كاته داهێنانی زانستی هه‌ر پانزه ڕۆژ جارێك بوو، هه‌ر یه‌كێك ده‌یویست ببێته فرۆید یان ماركس یان سۆسێری سه‌رده‌می خۆی.
ئه‌و خه‌ونانه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا كرده كۆلكه‌ی هاوبه‌ش. به‌ڵام پێویست بوو ئاگاداری هه‌قیقه‌تێك بم: له قوڵایدا، به‌لای منه‌وه زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان بێزاركه‌رن ،ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ڕه‌وایه‌تیان ڕه‌تناكه‌مه‌وه، وه‌ك چۆن ڕه‌وایه‌تی فیزیكیش ڕه‌تناكه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه هۆكارێك نییه وام لێبكات حه‌ز له بوون به فه‌یله‌سوف بكه‌م. له یادمه ئه‌وكاته‌ی له خوێندنگه‌ی باڵای مامۆستایان بووم، هه‌وڵمدا كێبی (وشه‌كان و شته‌كان)ی فۆكۆ بخوێنمه‌وه. (كتێبه‌كه) ئه‌و كتێبه بوو كه ده‌بوایه بخوێندرێته‌وه، هاوڕێكانم به ده‌نگێكی هه‌ژاو له ژێر كاریگه‌ریدا، له‌باره‌یه‌وه قسه‌یان بۆم ده‌كرد.
له بیرتانه كه له خانه‌ی( گالیمار) له چوارچێوه‌ی زنجیره‌ی (كتێبخانه‌ی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان) چاپكراو ده‌رچوو… دوای خوێندنه‌وه‌ی نزیكه‌ی سه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌ك وازم له كتێبه‌كه هێنا. تێكسته‌كه تا ئاستی مردن بێزاركه‌ر بوو! نزیك له هه‌مانكات دووباره كه‌وتمه‌وه خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك- Pensees )ی پاسكاڵ، كه پێش ئه‌وه له 16 ساڵیدا، ئه‌و كاته‌ی باوه‌ڕداربووم، خوێندبوومه‌وه. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وه‌ك ئه‌تێیستێك خوێندمه‌وه، له بیرمدێ به‌جۆرێك سه‌رسامبووم، کەلەپێشدا ئاوام لێنەهاتبوو.جیاوازی له‌گه‌ڵ ( وشه‌كان و شته‌كان ) دا زۆربوو! بۆمن ئه‌وه یه‌كێك له چركه ساته یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌كان بوو، چەند چرکەساتێک،كه ده‌توانم به چركه‌ساتگه‌لی وه‌رچه‌رخانم ڕووه‌و فه‌لسه‌فه ناویان بنێم. ئه‌و كات بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌رستۆ، سپینۆزاو پاسكاڵ بۆمن له سۆسێر، دۆركهایم یان لیڤی شتراوس زۆر گرنگترن. ڕێز له‌م سێیانه ده‌گرم، بگره زۆریش پێیان سه‌رسامم، به‌ڵام كه‌سانێک نین حه‌ز له‌لاساییكردنه‌وه‌و شوێنكه‌وتنیان بكه‌م: ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی لاساییكردنه‌وه‌و شوێنكه‌وتنیان ده‌كه‌م ئه‌رستۆ، مۆنتانی ، ئه‌پیكۆرس ، سپینۆزا، پاسكاڵ و دیدرۆ…ن
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: ئایا فه‌لسه‌فه پێویستی به زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان هه‌یه، یان جۆرێكی تره له مه‌عریفه؟
سپۆنڤیل: فه‌لسه‌فه پێویستی به زانسته‌كانه، كۆی زانسته‌كان. بۆچی؟ چونكه مه‌عریفه فه‌لسه‌فییه‌كان بوونیان نییه. له‌و چركه‌ساته‌دا كه شتێك ئیتر ده‌چێته ناو بازنه‌و بواری مه‌عریفه‌وه، به‌مه چیتر فه‌لسه‌فی نامێنێت. نمونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه: ئایا زه‌وی له ناوه‌ڕاستی گه‌ردووندایه؟ ئه‌م پرسیاره بۆ ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ پرسێكی فه‌لسه‌فی بوو، پاشان له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه تێیدا زانیمان زه‌وی ناوه‌ڕاستی گه‌ردوون نییه، سه‌ره‌تاش له‌و چركه‌ساته‌وه كه مه‌عریفه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ردوونی تێیدا په‌یدابوو، ئه‌و پرسیاره له‌وه وه‌ستا كه چیتر پرسێكی فه‌لسه‌فی بێت.
فه‌لسه‌فه مه‌عریفه نییه، به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌یه له‌و مه‌عریفانه‌ی كه هه‌ن. كه‌واته، بیركردنه‌وه‌یه‌كه بابه‌ته‌كه‌ی مه‌عریفه زانستیه‌كانن، ئه‌وه بایه‌خدان به فیزیک و فیزیكی گه‌ردوونی و زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان ده‌سه‌پێنێت… بۆیه سورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌و زانستانه زانینم هه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌وڵدانم بۆ لێوردبوونه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی سۆسیۆلۆجیای ئێستا ،یان مێژوو یاخود زمان‌ناسی، له‌وه‌ی ده‌یده‌م بۆ به‌دواداچوونێكی نوێی میكانیكای چه‌ندایه‌تی (Quantum Mechanics) یان فیزیكی نوێی گه‌ردوونی كه‌متریش بێت. بۆچی؟ بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه (زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان) مه‌عریفه تێیاندا تۆكمه‌یی و كتوپڕی كه‌متره. به ده‌ربڕینێكیتر، هه‌رگیز بانگه‌شه‌ی قوتاربوون له زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان ناكه‌م، یان ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستیكردنی پێشكه‌وتنیانم ده‌وێت. به‌پێچه‌وانه‌وه! من سۆسیۆلۆجیانه بابه‌ته‌كه ده‌ستنیشانده‌كه‌م. به‌لای منه‌وه كارێكی زۆر ئاساییه داوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (مرۆڤی ئه‌كادیمی- Homo academicus(3))م-لەگەڵ ئەوەشدا کە خوێندومەتەوە- لێنه‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیناسم.هه‌روه‌ها بۆمن ئه‌وه ڕوونه كه نه‌ست (لاشعور) و حه‌تمیه‌تێكی ده‌روونی…هتد هه‌یه.من به هیچ جۆرێك باوه‌ڕم به ئازادی ویست- Libre arbiter و ڕوونی خودییانه‌ی (بكه‌ر) نییه! چونكه ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه كه كۆی ئه‌وه‌ی له توانای زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كاندایه ئه‌نجامی بده‌ن، په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنی درێژه‌ی ئه‌و تێزه‌یه كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه باوه‌ڕم وایه ڕاسته، هێنده ڕاسته بۆ باوه‌ڕپێكردنی واملێناكات پێویستیم به زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان بێت.
سپینۆزا به ڕوونی هه‌مانشتی گوتووه‌و دۆركهایم و فرۆیدیش به چه‌ند ده‌ربڕینێكی ته‌واو وه‌ك خۆی دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه: (مرۆڤ ئیپراتۆریه‌تێك نییه له ناو ئیمپڕاتۆریه‌تێكدا). به مانایه‌كی تر: مرۆڤ به‌شێكه له سروشت و وه‌ك هه‌موو به‌شه‌كانی سروشتیش به ته‌واوی سنوورداره، كه‌واته به‌لای كه‌مه‌وه له ڕووی یاساوه شیاوی ناسینه.
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: ماوه‌یه‌كە زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان بابه‌خ به چه‌سپان به حه‌تمیه‌ته‌وه‌و ته‌نیا باسكردنی ئه‌و به ڕه‌هایی ناده‌ن، به‌ڵكو له سۆسیۆلۆجیاو فه‌لسه‌فه‌دا تیۆرگه‌لێك بۆ خودبوون و ئازادی و مانا‌و …. ده‌بینین.
سپۆنڤیل: با ئه‌وه بڵێین من وه‌ك گه‌وره تیۆریسته‌كانی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان (ماركس، فرۆید، دۆركهایم، لیڤی شتراوس، بۆردیۆ…) باوه‌ڕموایه مرۆڤ به‌شێكه له سروشت و به‌و شێوەیه‌ش سنووردار‌و دیاریكراویشه- به یاسا، هه‌روه‌ها له رووی زانستیه‌وه شیاوی ناسینه- وه‌ك هه‌ر شتێكی ناو سروشت. ئه‌وه هیچ له كاری زانسته‌كان نەرێ ناكات، بگره به پێچه‌وانه‌وه، ته‌نیا ده‌یانخاته شوێنی خۆیانه‌وه.
بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فی ئه‌وه‌یه: چی له مه‌عریفه‌كان بكه‌م دوای به‌ده‌ستهێنانیان؟ چۆن به‌كاریانبێنم بۆ خستنه ڕێی ژیانم؟ سەرەڕای كانت، بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فی بریتی نیه له: ( مرۆڤ چییە؟) ،باڵکو بریتیە لە: (چۆن بژین ؟). زانسته مرۆڤایه‌تی و نامرۆڤایه‌تیه‌كان ناتوانن وه‌ڵامبده‌نه‌وه، چونكه وه‌ك چۆن مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فی بوونی نییه، بڕیار (حوكم)ی زانستیش بوونی نییه: فه‌لسه‌فه بڕیارده‌دات بێ ئه‌وه‌ی بزانێت (كه‌واته له‌و مه‌عریفانه‌وه نه‌بێت كه له ده‌ره‌وه بۆی دێن بڕیار نادات)، به‌ڵام زانسته‌كان ده‌زانن بێ ئه‌وه‌ی بڕیاربده‌ن (واتا بەبێ دانی بڕیاره به‌ها ئامێزه‌كان- احكام قیمیة).
هه‌موو تێروانینێكی پێوه‌ریانه و نرخێنه‌رانه‌و پاشانیش فرمانكه‌ر، بۆمن وادەردەکەوێت له بواری شێوازی چاره‌سه‌ری زانستی وه‌ده‌رنراوە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ هه‌رچه‌نده سنوورداریش بێت، ناتوانێت ده‌ستیان لێهه‌ڵبگرێت، به‌جۆرێك من دوای ناسینی پێدراوه زانستی یان ئه‌زموونیه‌كانیش، پێویستیم به بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه هه‌یه، جا فه‌یله‌سوفێكی ڕاسته‌قینه بم یان نا.
فه‌لسه‌فه چییه؟ ئه‌پیكۆرس له وه‌ڵامدا ده‌یگوت: (فه‌لسه‌فه چالاكییه‌كه ژیانی به‌خته‌وه‌رانه‌مان له ڕێگه‌ی چەند گوتار و تێڕامانێکی پاساودراوه‌وه پێده‌به‌خشێت). بێگومان هیچ كام له زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌یان نییه! كه‌واته تێكسته‌كه به باشی، ئه‌وه‌ی بۆ من وه‌ك سه‌ره‌كی له كاری فه‌لسه‌فی له كاتی گه‌یشتن به ته‌واویه‌تی و كامڵبوونیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌ستنیشان ده‌كات: فه‌لسه‌فه چالاكییه‌كی گوتار ئامێزه، بابه‌ته‌كه‌ی ژیان و ئامرازه‌كه‌ی ئەقڵ و ئامانجه‌كه‌شی بەختەوەرییە. لای من فه‌لسه‌فه له‌و خه‌مه ئاكارییه‌دا نه‌ك ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندییه‌تی خۆی، به‌ڵكو تاودان و گوڕ سه‌ندنیشی ده‌بینێته‌وه.
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه چه‌ند پرسێكی هه‌میشه‌یی و هه‌تاهه‌تایی ده‌خاته‌ڕوو، كه ئێستا له بازنه‌ی بایه‌خپێداندان، چونكه پرسه‌كانی ئاكارو مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌مڕۆ به‌شێوازێكی ئازاربه‌خش ده‌وروژێنرێن… ئینجا زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان خۆیشیان پرسیاریان ده‌رباره‌ی مانای خۆیان هه‌یە، كه تێڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یەکی خودی-فه‌لسه‌فی ده‌خوازێت!
سپۆنڤیل: به‌ڵێ، بڕواموایه به‌ڕاستی گێڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ پرسه ئاكارییە وجودیه‌كان هه‌یه… ئه‌و پرسانه هه‌ن كه ڕێكخستنی جیناتی… هتد ده‌یانوروژێنن. هه‌روه‌ها ده‌بێت بگوترێت جۆرێك له ئاوابوونی خۆری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان هه‌یه، ئاوابوونێك به‌لای كه‌مه‌وه ده‌توانرێت له ڕووی سۆسیۆلۆجیه‌وه لێی بكۆڵرێته‌وه. هه‌موو ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه ده‌ڵێن فرۆشی كتێبه زانستییه مرۆڤایه‌تیه‌كان كه‌متر و كه‌متر ده‌بێت، له كاتێكدا فرۆشی كتێبه فه‌لسه‌فییه‌كان باشتر و باشتر ده‌بێت. گومانموایه ئه‌و بابه‌ته به‌ستراوه به چه‌ند پرسێكی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كانه‌وه‌و به دیاریكراویش به (زانستی‌بوون)ه سنوورداره‌كه‌یانه‌وه. ته‌نانه‌ت (زانستی‌بوون) له زمانناسیدا زیاتر بووه تا له ده‌روونشیكاریدا. به‌ڵام ئه‌وه ڕێگریم لێناكات له‌وه‌ی به هه‌ر تاكێكی ئاخێوه‌ر (قسه‌كه‌ر) و خاوه‌ن هه‌ستێكی جنسی بڵێم بۆ من فرۆید نوسه‌رێكه زۆر له سۆسێر گرنگتره، كه‌واته بۆ هه‌ردووكمان گرنگه. کەواتە پرسی (زانستی‌بوون) هه‌ر به كراوه‌ی ده‌مێنێته‌وه.
له قوڵاییدا، زانست له هه‌ر بوارێكدا بێت پسپۆڕییه‌كه پێویسته پێشكه‌وتنێك به‌خۆیه‌وه ببینێت. باڵام ده‌روونشیكاری له دوای فرۆیدەوه چ پێشكه‌وتنێكی به‌دیهێناوه؟ ماركسیزم له دوای ماركسه‌وه… له ئه‌لته‌وسێره‌وه چ پێشكه‌وتنێكی به‌دیهێناوه؟ پێموایه ئه‌گه‌ر پێشكه‌وتنێك هه‌بووبێت، ئه‌وه پێشكه‌وتنی فه‌لسه‌فی بووه.
سەبارەت به ده‌روونشیكاریی، نابینم لاكان له هیچ شتێك‌دا پێشكه‌وتنێك به به‌راورد له‌گه‌ڵ فرۆید پیشانبدات، وه‌ك چۆن نازانم ئه‌گه‌ر پێویست بێت بگوترێت ڕێبازی چۆنایه‌تی- Manierism یان بارۆك- Barock پێشكه‌وتنێك به به‌راوورد له‌گه‌ڵ كلاسیكیزم پیشانده‌ده‌ن.
بۆمن بابه‌ته‌كه هه‌میشه ئه‌وه‌یه كه واده‌بینم زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان زۆر به‌هێواشی پێشده‌كه‌ون، بگره هه‌ر له شوێنی خۆیاندا جوڵاونه‌ته‌وه، كه‌چی زانسته (تۆكمه‌كان) به‌خێراییه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر گه‌شه ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن له هه‌مانكاتدا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ڵماڵین و پشكنینی- ئه‌وه‌ش زۆر به‌خته‌وه‌رم ده‌كات- كۆمه‌ڵێك نوسه‌ری مه‌زنی پێشوو، كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی سینیكا- Seneque، ئه‌پیكتیتۆس و ئه‌رستۆ و … ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: تۆ خۆت له زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان، هه‌روه‌ها له ڕه‌وتێكی فه‌لسه‌فی دیاریكراویش، له‌وه‌یه له نه‌وه‌یه‌كی ڕابردووش كه زۆر حه‌زی له‌وه بوو تیۆرییانه بێت ،دورخستەوە؟
سپۆنڤیل: له ڕاستیدا تیۆر‌و ڕاڤه‌كردن دوو شتی زۆر جیاوازن، به‌ڵام ڕاسته من له هه‌ردووكیان جیابوومه‌وه، سه‌ره‌تا خۆم له ڕاڤه‌كردن دورخسته‌وه، واتا له‌و كاره‌ی زۆربه‌ی مامۆستاكانمان ده‌یانكرد، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌وان خاوه‌ن زانستێكی زۆربوون، به‌ڵام زیاتر مێژوونوسی فه‌لسه‌فه‌بوون تا فه‌یله‌سوف. ئه‌وه‌ی من خۆشمده‌ویست فه‌لسه‌فه بوو، فه‌لسه‌فه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان.
ده‌مه‌ویست وه‌ك ئه‌وان بفه‌لسه‌فێنم: نه‌ك ڕاڤه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان و قوڵبوونه‌وه تێیاندا. حه‌زم له موماره‌سه‌كردنی فه‌لسه‌فه‌ی زیندووبوو، له ئێستاداو تایبه‌ت به‌خۆم بفه‌لسه‌فێنم! واتە دابڕانێک له‌گه‌ڵ ئه‌و هزره مێژووییه‌دا دروستبكه‌م كه نیتشه بنه‌ماكه‌ی له‌م قسه‌یه‌دا پوخته كردووه: (له مردووكان گه‌ڕێن با زیندووه‌كان بنێژن!).وتم نا بۆ ئه‌و كاره، كاتێك بڕیارمدا بۆ خۆم بفه‌لسه‌فێنم له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وانیتر بخوێنم. ئه‌پیكتیتۆس دژ به‌و كه‌سانه‌ی له زانستی ئه‌وانی تردا قوڵده‌بنه‌وه ، وته‌یه‌كی جوانی هه‌یه: (تاكه‌ی له گه‌شاندنه‌وه‌ی خۆڵه‌مێش به‌رده‌وام ده‌بیت؟).من پشكۆو ئاگرم به باشتر زانی.كه‌واته له‌مه‌وه ئه‌م پرسیاره ده‌كه‌ین: چۆن بفه‌لسه‌فێنین؟
زۆر نمونه‌م له‌به‌ر ده‌ستدابوو، نمونه‌ی باڵاده‌ستی ناو زانكۆ- وای له‌و پارادۆكسه- نمونه‌ی ئه‌ڵمانی بوو، كه ده‌كرێت به فه‌لسه‌فه‌ی تیۆردانان ( تیۆرایز) ناوبنرێت، جۆرێك له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وپه‌ڕ كه‌ڵكه‌ڵه‌دار، چونكه هه‌وڵی داهێنانی (سیسته‌م)، ( گشت) بۆ ئه‌و شته‌ی ده‌كرێت ببێته بابه‌تی بیكردنه‌وه‌و تێڕامان ده‌دات. به ده‌ربڕینێكی تر، فه‌لسه‌فه له كاتی پێویستدا ده‌بێته فه‌لسه‌فه‌ی خودا‌و، به سروشتی حاڵیش هه‌رگیز به‌و فه‌لسه‌فه‌یه ناگه‌ین! هه‌موو سیسته‌مێك له‌به‌رامبه‌ر سیسته‌مه‌كانی تردا شتكست ده‌هێنێت، ئه‌وه شتێكی ڕاسته هێنده‌ی هه‌قیقه‌تی سه‌ركه‌وتنی (سیسته‌م) له خۆیدا. لێره‌وه هه‌موو ئه‌م سیسته‌مانه، هه‌ندێك وڕێنه‌ی تیۆرایزین… ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ، هێگڵ وێڕای بلیمه‌تیه‌كه‌ی، هه‌میشه بۆمن- به پێچه‌وانه‌ی خولیای گشتی سه‌رده‌مه‌وه- نمونه‌یه‌كه لەسەرم پێویست بووه به ناچاریی په‌یڕه‌وی نه‌كه‌م!كه‌واته، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه تیۆرگه‌رایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیه‌وه، به‌ره‌و ئه‌وه‌ی كه به نه‌ریتی فه‌ره‌نسی ناو فه‌لسه‌فه ناوم نا، گه‌ڕامه‌وه.ئه‌ویش بۆ ده‌وری سێ فه‌یله‌سوف كه به‌لای منه‌وه بنه‌ڕه‌تی ئه‌و نه‌ریته‌ن: مۆنتانی ، دیكارت و پاسكاڵ. به تایبه‌تیش كتێبی (چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك- Essais) ی مۆنتانی و (تێڕامانه مێتافیزیكییه‌كان- Meditaions Metaphysiques)ی دیكارت و (چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك- Pensees)ی پاسكاڵ. هه‌موو ئه‌م كتێبانه به جێناوی ئاخێوه‌ر ( كه‌سی یه‌كه‌می سه‌ربه‌خۆ) نوسراون.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كتێبانه نه‌ك له‌به‌ر شیاوه‌كییان له‌ڕووی ڕێزمان و شێوازه‌وه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ن به جێناوی ئاخێوه‌ر (كه‌سی یه‌كه‌می سه‌ربه‌خۆ)!
دیكارت ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌یه كه ده‌ڵێت: (من). وه‌ك ئه‌لكوییه-Alquie ده‌ڵێت: (تێڕمانه‌كان به‌ر له هه‌موو شتێك مێژووی هزرێكن)، ئه‌و دیكارت ده‌كاته بكه‌رێكی فه‌لسه‌فێنه‌ر، به‌پێچه‌وانه‌ی مارسێل گورۆوڵت- Gueroult كه دیكارت ده‌كاته دانه‌ری سیسته‌مێك تەنیا خۆی ده‌توانێت ئه‌كتیڤی بكات. به‌لای منه‌وه ئه‌لكوییه ڕاست بووه: دیكارتیزم به‌بێ دیكارت شتێك نییه. ئه‌وه‌ی له تێڕامانه‌كاندا سەرسوڕهێنەرە ئه‌و ڕه‌وت و جوڵه‌یه‌یه، ڕه‌وت و جوڵه‌ی هزرو بكه‌رێکی فه‌لسه‌فێنه‌ر. هه‌ر ئه‌مه له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی به‌هێز بۆ كتێبی (چەندبیرۆكه‌یەک) ی پاسكاڵیش ڕاسته: كتێبێكی خودی ده‌رباره‌ی خودبوون! له پاسكاڵه‌وه، كه بێگومان ڕه‌خنه‌ی بكه‌ر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خودیانه ده‌گرێت٠ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه هه‌وڵمداوه له كتێبی( نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی بێ ئومێدی و به‌خته‌وه‌ری-Traite de desespoir et de labeatuitude) ئەنجامی بدەم، كه جۆرێكه له پێكه‌وه گونجاندنی نێوان ئه‌وه‌ی حه‌زم كردووه ئه‌نجامی بده‌م و ئه‌وه‌ی هه‌ستم كردووه توانام به‌سه‌ریدا دەشکێت. هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌ستی چه‌ژه‌ی خۆم كتێبێكی زۆر زانكۆییه، به‌ڵام زۆر كه‌متر وه‌ك له‌و دۆخه‌ی له‌و ناوه‌ندانه‌ی ئەوماوەیە تێیاندا كارم ده‌كرد،هەبوو.
له ڕاستیدا، سه‌ره‌تا كتێبه‌كه شارەزاکانی توشی سه‌رسامی كرد: ده‌بینن چەند گواستنه‌وه‌و ئاماژه‌یەک بۆ سەر ئه‌پیكۆرس و ئه‌پیكتیتۆس و سپینۆزا هه‌یه… به‌ڵام تاكه گواستنه‌وه‌و ئاماژه‌یه‌ك بۆ لاكان یان دێریدا نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (ئه‌نتیلجنسیا)، خۆی تێدا بینیه‌وه. وایده‌بینم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه به‌شداری كرد له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی بۆ سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی بێگه‌رد و تۆكمه‌و به تایبه‌تیش بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ئاكار ده‌یبینین. به‌لای منه‌وه هه‌قیقه‌تی فه‌لسه‌فه لێره‌دایه و، ئه‌وه‌یه كه به فه‌لسه‌فه‌ی فه‌لسه‌فێنه‌ر ناوی ده‌نێم. ئێمه بۆ پاڵنان به كاته به تاڵه‌كان و یاریكردن به چه‌مكه‌كان نا فه‌لسه‌فێنین، به‌ڵكو بۆ ڕزگاركردنی ژیان و گیانمان ده فه‌لسه‌فێنین!
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: كه‌واته فه‌لسه‌فاندن گه‌ڕانه به دوای مانادا؟
سپۆنڤیل: ئه‌گه‌ر وابێت، كه‌واته با بڵێین من موماڕه‌سه‌ی سیاسه‌تی بێ ئومێدكردن ده‌كه‌م!ئه‌وه‌ی هه‌وڵده‌ده‌م ڕوونیبكه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شته‌ی پێویسته خۆشمان بوێت و بۆی بگه‌ڕێین (مانا) نیه، به‌ڵكو هه‌قیقه‌ته.بۆ من ئه‌وه وه‌ك شتێكی بنه‌ڕه‌تی ماتریالیزم ده‌رده‌كه‌وێت: هه‌موو شتێك ڕاسته، هه‌موو شتێك بێ مانایه! یان به ده‌ربڕینێكی تر بیڵێین: (مانا) هه‌میشه به‌رهه‌مهێنراو و ئه‌نجام و ئه‌وه‌ی دواتر و ڕێژه‌یی و كاتییه.دواجار ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا واقیعه، بوونه‌وەرە، گشت (كل)ه. هه‌ر ئه‌وه‌شه به‌و بێ ئومێدییه‌ی هیچی تر نییه جگه له ئه‌تێیزمی پاڵنراو تا ئەوپەڕی سنوور، ناوی ده‌نێم.
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: تۆ ده‌ڵێیت فه‌لسه‌فه ده‌بێت وه‌ك ڕابردوو ببێته‌وه به هونه‌رێك بۆ ژیان، به‌ڵام ئه‌و بێ ئومێدییه مامه‌ڵه‌یه‌كی په‌تی نیه له فه‌یله‌سوفێكی پیشه‌گه‌ره‌وه؟
سپۆنڤیل: پێموانیه. ته‌نیا پێویسته بێ ئومێدی به‌و مانایه‌ی وه‌رگیراو باسكرا، له‌گه‌ڵ (ئاماده نه‌بوونی ئایینده) تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین!ئێمه ناتوانین له ئێستادا بژین: هه‌موو ژیانێكی مرۆڤانه به قۆناغێك گریمانه ده‌كرێت، په‌یوه‌ندییه‌كه به ڕابردوویه‌كی دیاریكراو و ئاینده‌یه‌كه‌وه. بێگومان پێموایه ئێمه له نرخدانان بۆ ئایینده به‌ره‌و زیاده‌ڕۆییكردن ده‌چین، ئێوه گوزارشته‌كه‌ی پاسكاڵ ده‌زانن: ( ئێمه هه‌رگیز به‌و جۆره ناژین كه ده‌مانه‌وێت، به‌ڵكو خه‌و به‌و ژیانه‌وه ده‌بینین، به جۆرێك هه‌میشه ئاماده‌یین، كه له ئایینده‌دا به‌خته‌وه‌ر بین، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت خۆمان له‌وه به دووربگرین كه ناتوانین وابین).ئه‌وه ته‌ڵه‌ی هیوا و ئومێده، به‌ڵام كه‌واته دەبێت چی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان به ئایینده‌وه په‌یوه‌ندی هیوا و ئومێد نه‌بێت؟ئه‌وه‌یه کەدەبێت په‌یوه‌ندیمان به ئایینده‌وه په‌یوه‌ندی ویست (ئیراده) بێت. ئه‌و په‌یوه‌ندییه،وەک ستۆیستەکان دەڵێن، په‌یوه‌ندییه به‌و ئایینده‌یه‌ی به ئێمه‌وه په‌یوه‌سته، كه له ده‌ست خۆماندایه‌و خاوه‌ندارییه‌تی ده‌كه‌ین. كه‌چی هیوا په‌یوه‌ندییه به‌و ئایینده‌یه‌ی كه له ده‌ستی ئێمه‌دا نییه!هه‌ر بۆیه وه‌ك سپینۆزا ده‌ڵێت: ( هیچ هیوایه‌ك به‌بێ ترس و هیچ ترسێكیش به‌بێ هیوا نییه). كه‌واته دانا (حكیم) هیوا ناخوازێت: مه‌عریفه‌و كاركردن بۆ ئه‌و به‌سه!
زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان: به‌ڵام فه‌لسه‌فه ده‌توانێت چی پێشنیار بكات بۆ گه‌نجی (یاخی بێ ئومێد) ،بۆ ئه‌وانه‌ی دووچاری بێ ئامانجی و بێ ئایینده‌یی بوون؟
سپۆنڤیل: ئه‌وه‌ی به ” بێ ئومێدی ده‌ورووبه‌ره‌كان” ( ده‌ورووبه‌ری شاره گه‌وره‌كان) ناوی ده‌نێین، ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكه‌كه به هیچ جۆرێك له دۆخێك‌دا نین توانای ئه‌وه‌یان بداتێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه چالاك و ویستەکی (ئیراده‌یی) ه‌یان به ئایینده‌وه هه‌بێ، چونكه به گشتی ئه‌وان خاوه‌نی هیچ شتێك نین! دوورتر له ئومێد به‌و مانایه‌ی كه من به‌و چه‌مكه‌ی ده‌به‌خشم، ده‌ڵێم هیچی تریان له توانادا نییه (هیوا) نه‌بێت: هیوا به بردنه‌وه‌ی تیر‌و پشك (یانصیب)، هیوا به به‌خته‌وه‌رییه‌ك كه به ده‌ست ئه‌وان نییه، به ڕوودانی شتێك… ئه‌مانه سیاسیه‌كانیش وه‌ك به‌ڵێن پێیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام به كاركردن نه‌بێت هه‌رگیز هیچ شتێك ڕوونادات. كاركردنیش پرسی هیوا نییه، به‌ڵكو پرسی ویست (ئیراده)یه.كه من و تۆ وه‌ك ئه‌و گه‌نجانه‌ی ده‌ورووبه‌ره‌كان په‌راوێز خراو نه‌بووین، ئه‌وه چونكه به‌لای كه‌مه‌وه به‌شێكی ئایینده‌مان له ده‌ستی خۆماندایه. جیاوازییه‌كه له‌وه‌دا نیه ئێمه زیاتر له‌وان هیوامان هه‌یه: به‌ڵكو له دۆخی خواست و ئاره‌زوویه‌كی زیاتر له‌وه‌ی ئه‌وانی تێدان، داین!
هه‌روه‌ها نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه ویستی زیاترمان هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاندنی به‌شێكی گرنگی ئایینده‌مان له ده‌ستی خۆماندایه. وه‌ك سپینۆزا ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی (توانا)ی زیاترمان هه‌یه و ،كۆمه‌ڵگه بۆمان ده‌ستبه‌رداری ده‌رفه‌تی زیاتری (بوون) ده‌بێت. بۆیه ده‌رباره‌ی (بێ ئومێدی شاد‌و دڵخۆش) ده‌دوێم، وه‌ك چۆن نیتشه ده‌رباره‌ی (مه‌عریفه‌ی شاد) و دڵخۆش قسه ده‌كات. بابه‌ته‌كه گرێدراوه به هیوای كه‌م و خواست و ئاره‌زووی زۆره‌وه، به‌ڵام دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه ناتوانین ئاره‌زووی شتێك بكه‌ین جگه له‌و شته‌ی له ده‌ستخۆماندا ده‌بێت، كه واداده‌نرێت له ڕاستیدا شتێكه په‌یوه‌سته به ئێمه‌وه! به‌ڵام كڵۆڵی و كه‌ساسی ڕێك ئه‌و كاته‌یه كه هیچ شتێك له ده‌ست خۆمدا نییه.به‌مه‌ش له ناو بێ ئومێدیه‌وه مه‌تح و ستایشێك بۆ ویست و كاركردن به‌رهه‌م دێت: هیچ شتێك بۆ هیوا نییه، هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌نجام بدرێت! به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت شتێك له بێ ئومێدی له دۆخی مرۆیی‌دا هه‌یه ئه‌گه‌ر بێ درۆ‌و چاوبه‌ست (وه‌هم) ئه‌و دۆخه ژیابین. سه‌ره‌تا به‌هۆی ئه‌و مردنه‌وه كه له سه‌ر تاشه به‌ردی خۆی هیواكانمان وردوخاش ده‌كات، ئینجا به‌هۆی هه‌مان ئه‌و هیوایانه‌شه‌وه كه هه‌میشه چاره‌نوسییانه لەناو بچن و نه‌مێنن: ئه‌ویش یان له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌هاتوونه‌ته‌دی، یان له‌به‌رئه‌وه‌ی هاتوونه‌ته‌دی. چه‌ند به‌خته‌وه‌ر ده‌بم ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره یان ژنه یان ماڵه بەدەستبهێنم… به‌سروشتی حاڵ ئه‌گه‌ر به ده‌ستیشیان نه‌هێنم ئازار ده‌چێژم.وه‌ك چۆن مرۆڤ خۆشه‌ویستێك یان شوێنێكی نیشته‌جێبوونی نه‌بێت به‌دبه‌ختیه، بێكاریش هه‌روایه. به‌ڵام ئایا تا ئێستا باوه‌ڕ ده‌كرێت كه كار یان هاوسه‌ر یان شوێنی نیشته‌جێبوون به‌سن بۆ به‌خته‌وه‌ربوون؟
ئه‌وه پرسه گه‌وره‌كه‌یه لای شۆپنهاوه‌ر. ئه‌و شڕۆڤه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه له ژیاندا دوو چركه‌سات هه‌ن: یان ئاره‌زووی شتێك ده‌كه‌ین كه نیمانه و له ئه‌نجامی ئه‌و نه‌بوون و كه‌موكورتیه‌شه‌وه كه توشی بووین ئازار ده‌چێژین، یان ئه‌و شته‌مان هه‌یه كه ئاره‌زوویمان نه‌كردووه!شۆپنهاوه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: ( ژیانمان وه‌ك میله‌كانی كاتژمێر له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ له جوڵه‌دایه، له ئازاره‌وه بۆ بێزاری “بۆچی بێزاری؟” چونكه له‌و چركه‌ساته‌دا كه تێیدا به‌و به‌خته‌وه‌رییه هیوا بۆ خوازراوه ده‌گه‌م، ده‌بینم به‌خته‌وه‌رییه‌كه له هه‌مان شوێنی ئاماده‌بوونی چاوه‌ڕوانكراویدا، ئاماده‌نییه و دیارنییه. ئه‌و نا ئاماده‌ییه ئه‌وه‌یه كه شۆپنهاوه‌ر به‌ڕاستی ناوی ده‌نێت: بێزاری.
له ڕۆمانی (گه‌ڕان به دوای كاتی له ده‌ستچوو)دای مارسێل بڕوست، ئه‌لبێرتین(4) هه‌م ئاماده‌یه‌و هه‌م ئاماده‌ش نییه (غائیبه): ئه‌و كاته‌ی ئاماده نییه به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك و له ڕاده به ده‌ر ئازار ده‌چێژێت، كه ئاماده‌شه توشی بێزاری ده‌بێت. هه‌ر بۆیه بینین ناتوانێت به‌خته‌وه‌ری بهێنێت بۆ مرۆڤی كوێر نه‌بێت…
ئه‌و بیروبۆچوونه‌ی كه ده‌بێت لێی ده‌ربچین و وازی لێ‌بێنین ئه‌وه‌یه كه پێی وایه خواست و ئاره‌زوو كه‌موكورتی و نه‌بوونی شتێكه.
ئێمه ناتوانین به‌خته‌وه‌ر بین به مه‌رجی گه‌یشتن به ئاره‌زووكردن له‌و شته نه‌بێت كه هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی نیمانه‌و لێمان كه‌مه. ئه‌وه‌ی كه به‌خواست و ئاره‌زووی كارا، بێ ئومێد ناوی ده‌نێم، هه‌ر ئه‌ویشه پێی ده‌ڵێین خۆشه‌ویستی، كه له جه‌وهه‌ردا بریتیه له‌وه‌ی: ناتوانین هیوا بخوازین ته‌نیا بۆ ئه‌و شته نه‌بێت كه بوونی نییه، ناشتوانین هیچی ترمان خۆشبوێت –جگه له وه‌هم- ئەوشتە نەبێت كه بوونی هه‌یه!هه‌روه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی له سیسته‌می سۆسیۆ سیاسی‌دا هه‌یه، كه تێیدا بابه‌ته‌كه به‌ستراوه به هیوای كه‌م و خواست و ئاره‌زووی زۆره‌وه، له سیسته‌می ئاكاری یان وجودیشدا هه‌مان شته، كه‌واته پێویسته كه‌م هیواداربین و زۆر خۆشه‌ویستیمان هه‌بێت. هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی من، لێره‌دا، له‌م ڕه‌خنه‌كردنه‌ی هیواو، له‌م مه‌تح و ستایشكردنه‌ی ویست و خۆشه‌ویستیدا چڕ ده‌بێته‌وه.
ته‌واو
په‌راوێز:
1-سپۆنڤیل: مامۆستای فه‌لسه‌فه‌یه له زانكۆی پاریس- سۆربۆن، له به‌رهه‌مه‌كانی Traite de desespoir et de la Beatitude , vol: 1: Le Mythe d,lcare et Petit Traite des grandes هه‌روه‌ها vol.2: V ivre, Puf 1984, 1988, Vertus, puf, 1995
(سپۆنڤیل فه‌یله‌سوفێكی ئه‌تێیستی فه‌ره‌نسیه، 1952 له دایكبووه، هاوڕێی لوك فێری فه‌یله‌سوفه، ده‌كرێت بڵێین فه‌لسه‌فه‌كه‌یان هه‌وڵێكه بۆ نیشاندانی فه‌لسه‌فه وه‌ك هونه‌رێك بۆ ژیان، جێگیركردنی ڕۆحانیه‌تێكی بێ خودا‌و خستنه‌ڕووی فه‌لسه‌فه وه‌ك جێگره‌وه‌ی ئایین. خۆشه‌ویستی خاڵێكی گرنگی ناو فه‌لسه‌فه‌كه‌یان پێكده‌هێنێت- هه‌ڵبه‌ت وێڕای بوونی كۆمه‌ڵێك جیاوازی فه‌لسه‌فی له نێوانیاندا).(وه‌رگێر).
2-بیریارێكی فه‌ره‌نسیه. هه‌روه‌ها (سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان-گۆڤاری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان، ژماره 3، fevrier، 1991).
3-كتێبێكی بۆردیۆیه، 1984 چاپكراوه.
4-ئه‌لبێرتین-Albertine یه‌كێك له كه‌سایه‌تیه سه‌ره‌كیه‌كانه، له شاكاره‌كه‌ی مارسێل بڕۆستدا، ڕۆمانی: گه‌ڕان به دوای كاتی له ده‌ستچوودا- A la recherché du temps perdu – (وه‌رگێری عه‌ره‌بی).
سه‌رچاوه:کتێبی:جان فرانسوا دورتيي، فلسفات عصرنا (تیاراتها، مذاهبها،أعلامها، وقضیاها)، ت:ابراهم صحراوي، الدار العربیة للعلوم ناشرون. ط1، بیروت، 2009، ص 276-286.