خەتەر ڕاپێکی کوردی ئەڵمانی: من ڕیپۆڕتەری دیووی دووهەمی ژیانی مرۆڤم لەئەڵمانیا!

Loading

موزیکی ڕاپ موزیکێکە سەرچاوەکەی لە (بلو ) و پاشان (جاز) و لەوێوە (ڕۆکن ڕۆڵ) و پاشان لەمنداڵدانی (هیپ هۆپە)وە لەدایکدەبێت. ئەم موزیکە دەربڕێنە لە هەڵگەڕانەوەی خۆڕسکانەی نەوەکان لەدژی سوستێمی خراپی پەروەردە و باوکەکان و زوڵمی کۆمەڵایەتی. تەعبیرە لەو توڕەبوونە کاتێک مرۆڤ هیچی بۆ نامێنێتەوە لەدژی ناقۆڵایی دونیای مۆدێرنە جگە لەتوندوتیژی موزیکی نەبێت. موزیکی ڕاپ تەعبیرە لەخنکان و ونبوونی مرۆڤ لەنێو سوستێمی

کاپیتالیستی و پۆست کاپیتالد. تەعبیرە لە ونبوون لەنێو حەشیش و هیرۆین کێشان، ونبونە لەنێو سێکسی پڕ خەمۆکی و ئەگرەسیۆن و لەدوایدا هەڵخلیسکان لە لەنێو ژیانی سەر شەقامەکان و گێتۆکان. ئەم موزیکە لەهەمانکاتیشدا تەعبیرە لەڕۆحی گەنج کاتێک سیاسەت و ڕاسیسزم و گەندەڵی تەنگی پێ هەڵدەچنن. گرنگی ئەم موزیکە لەو تێما و دەربڕینەیەتی لەژیان بەگشتی و ژیانی گەنجان بەتایبەتی، دیارە بەداخەوە لەکوردستاندا تائیستا موزیکێکی ڕاپی ئاوەها گرنگمان نییە تەعبیر بێت لەئازاری گەنج بەدەست گەندەڵی و بێکاری و بارزگانی نەوت و ئیسلامیزمی کەنداوی فۆرمەوە، ئەم موزیکە لەغیابدایە ، هەرچەندە تێماکانی زۆر و زەبەندەیە، ئەوەی هەیە ئەو موزیکە لاوانەوەی دڵداریە پلاتۆنیەیە، ئەو سووتانەیە لەکلیبەکاندا نیشاندەدرێن بۆ ئاهاتی دڵداری، کەبەداخەوە دوورە لە ڕاستی ژیانی ئێستای گەنجی کوردی!

4018939224172
هونەرمەندی ڕاپی کوردی ئەلمانی ؛ خەتەر

لەئەڵمانیادا گەنجە کوردەکان لەڕاپە بەناوبانگەکانی ئەڵمانن و جۆریکی دیکەی دەربڕینیان بەخشیوە بەزمانی ئەڵمانی، جۆریک ئەکسێنتی نوێ و تۆنی نوێی نەوەی دووهەمی کۆچەریە کوردەکان لەئەڵمانیادا نیشاندەدات. کوردەکان بەبێ ڕکابەری بەهێز، نوێنەری ئەم کولتوری گیتۆیە دەکەن. دووناوی بەناوبانگ یەکەمیان (خەتەر) و دووهەمیان (ئازاد) ە، ئەم دووانە هەردووکیان بەڕەچەڵەک کوردی ڕۆژهەڵاتن و تەعبیرن لەو چەوساندنەوە قوڵەی کەسوستێم لەبەرامبەر گەنجان پیادەی دەکات. لەهەمانکاتیشدا تەعبیرن لەو هەموو ئازارەی کەکاپیتالیزم لەڕێگەی چەک فرۆشتن و کیمیاوی فرۆشتن بەسەدام و چەکی فرۆشتن بەدەوڵەتانی کەنداو پیادەی دەکەن. ئەمە جگە لە بێکارکردنی گەنجانی کۆچەری و پاڵپێوەنانیان بۆ بوون بەکرێکاری هەرزان ، لەڕێگەی خراپی سوستێمی پەروەردە کە تۆلەرانس نییە بەرامبەر کۆچ بەرو و بارودۆخی تایبەتیی و جیاوازی کولتوریەکان. ئەم موزیکە دەنگێکە لەدژی سیاسەتی توانەوەی کلوتوری کە ڕاستڕەوەکانی و کۆنزەرڤاتیڤەکان لە ئەڵمانیا و ئەوروپا لەدژی کۆچبەران لەڕێگەی یاساکانی سزا، هەروەها  دڵڕەقی دادوەرەکان و یاساکانی خوێندن و کۆرس بەخشینی زمان و بەخشینی فرسەتی کار و قەرز و نیشتەجێکردن پیادەی دەکەن، ئەم موزیکە درێژبوونەوەی ڕۆکن ڕۆڵ و موزیکی شۆڕشگێری ساڵانی جوڵانەوەی ١٩٦٨ ی دژ بەنەوەی باوکسالاری ئەوروپا و جەنگی ڤێتنام و کۆنزەرڤەتیڤە، ئەم موزیکە لەطەعبیرە لەئازاری مرۆڤی سەر شەقامەکان و دەنگی شەقامە .

بەداخەوە جورێک لەڕاسیسزمێکی ماسکدار لەئەوروپا بەناوی ڕۆشنگەریەوە بوونی هەیە و لەزۆر فۆرمدا خۆی نمایشدەکات، کە وەک (خەتەر) لە چاوپێکەوتنێکی( کوردستان تی ڤی) باسی لێوەکردووە؛ ئەو ژیانە دیووی دووهەمە کەئەوان وەک گەنج دەیبینن. خەتەر لەو چاوپێکەتنەدا وەها وەسفی خۆی دەکات؛ بەوەی کاری ئەو وەک ڕیپۆڕتەری دیووی دووهەمی ژیانی مرۆڤە لەئەڵمانیا! …ئەو دیوەی کاپیتالیزمی وەحشی نایەوێت لێی تێبگات و نیشانی نادات.

کولتور مەگەزین لەم لینکانەی خوارەوە چەند موزیکێکی خەتەر بڵاودەکاتەوە؛  بێگومان تەنها گوویگرتن لەڕیتمی گۆرانیەکان گرنگی ئەم دەنگە موزیکالیە نیشاندەدات …

لەم گۆرانیەدا:هەموو شتێک یان هیچ

تۆ هەموو شارەکە لەهەژدەساڵیتدا دەگەێیت
بەڕۆژ دەژی بەڵام ژیانی شەوانەت هەیە
هەموو شتێک یان هیچت نییە !
تۆ پاپا دەتەوێت هەموو شتێکت هەبێت ،
تۆ جگە لەپارە دەسەڵاتت دەوێت
تۆ هەموو کێکەت دەوێت بۆ خۆت
تۆ هەموو قەحبەکانت دەوێت بۆ خۆت
سبەینێ دەچیت بەندیخانە و کەس چیتر نانتناسێت.
ئەوە بزانە سوعبەت نییە کەئەم تەلەدڕکاویانە وەئاگا بهێنیتیەوە ..

گۆرانی دووهەم : من کوردم

دەتەوێت چی بکەیت من هاتوم بۆ شارەکەت ،
قەحبەکانتان ناوگەلیان تەڕدەبێت کەمن دەبینین
من تێناگەم و یەکسەرتێکت دەشکێنم
تۆ دەتوانیت چی بکەیت
من کوردم ناترسم لێت ئەی کوڕی سەگ
من کوردم شەڕکردن لەخوێنی مندا نەریتە
من کوردم بزانە لەکوێیەوە هاتووم …
بژی کورد و کوردستان ..