خانەقای میرزا، ناوی ڕۆمانێکی نوێی نووسەر (میران ئەبراهام)ە


Loading

ڕۆمانی خانەقای میرزا؛ ئاماژەیە بە شوێن و کاتێک لە زەمەنی سەدەی ڕابردوودا، سەردەمێکی دیاریکراو و چارەنووسساز، کە هێشتا پێ دەچێت شایەتحاڵەکان لە ژیاندا مابن، ڕۆمانێکی ورد و پشت بەستوو بە لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵین، هونەرییانە کاری لەسەر کراوە، دەربارەی ڕووداو، کارەکتەری ڕاستەقینە و کەسایەتی دیاری نێو کۆمەڵگەی کوردی. نووسه‌ر له‌‌م ڕۆمانه‌دا دابونەریت، ئاخاوتن و جلوبەرگ، هەروەها باری سایکۆلۆژی کەسایەتییەکان وێنە دەکات. خولقاندنی فەزای سەردەمێک لە مێژوومان، کە ڕووداوەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانکارییەکانی ئەوسا و ئێستامانەوە هەیە.

کاتێک ڕۆمانی خانەقای میرزا و بگرە سەرجەم ڕۆمان و چیرۆکەکانی نووسەر میران ئەبراهام دەخوێنینەوە، لە بنیاتی هونەری گێڕانەوەدا یان وەکوو ڕۆمانێکی مێژوویی، ئەوا ڕووداو، کارەکتەر، زمان، شوێن و زەمەنی ڕووداوەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە سەردەمەکەی خۆیانەوە هەیە، بەبێ لادان لە ئاستی بیرکردنەوەی کەسایەتییەکان، کە هەرکەسە و بە عەقڵ و توانای بیرکردنەوەی خۆی دەدوێت و ڕەفتار دەکات. وەکوو چۆن مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگەدا لە لێدوان و بیرکردنەوەدا جیاوازن.

نووسەر دەیەوێت مێژوو وەکوو پرۆسێسێکی پێویست بۆ هێنانە کایەی ئێستامان، لە فۆرمێکی هونەری ڕەخنەگرانەوە پرسی پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگە و شوناسی خۆیەوە بورووژێنێت، یان تێگەیشتنێکی جیاواز لە مێژوو، کە چەند ڕوویەکی نادیار و شاراوە لە پێگەی سرووشتی مێژووی خۆمان بەبێ لایەنگری بۆ ئاشکرا دەکات، بە دەرخستنی ڕاستییەکانی ڕابردوو، دەربارەی ئەو ڕووداوە گشتی و هەلومەرجە کۆمەڵایەتییانەی کاریگەری ڕاستەوخۆیان بەسەر پرسی نەتەوەییمانەوە هەبووە.

دووبارە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە مێژوویییانە، کە پرسیار له‌لای مرۆڤی ئێستا دروست دەکات، کە ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ ئەو کارەکتەر و پاڵنەرە کۆمەڵایەتییانەدا دووبارە بژین، کە دەستیان هەبووە و لەژێر کاریگەری ئەواندا، ئەوسا مرۆڤەکان جیاواز بیریان کردووەتەوە. لە واقیعی سەردەمی خۆیاندا ئەزموونێکی نوێ یان گونجاویان پەیڕەو کردووە، کە ڕووناکییەکەی تاوەکوو شەوەزەنگی ئەمڕۆمان بەردەوامە.

ساڵی ٢٠١٩ نووسه‌ر ڕۆمانی نیشتمانی سارای بڵاوکردەوە، کە لەنێو نوخبەی ڕۆشنبیران و خوێنەراندا یەکێک بوو لە کتێبە زۆر خوێنراوەکان و تاوەکوو ئەمڕۆ قسە و لێدوانی لەبارەوە دەکرێت. ئەم ڕۆمانە نوێیەی نووسەر، هەمان ژانری ڕۆمانی مێژوویی ڕیالیستییە، چیرۆکی ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٣٥وە دەست پێ دەکات. وەرچەرخانی ڕەوتی ئەدەبی و سیاسی لە کوردستاندا، بەتایبەتی سەرهەڵدانی بیری چەپگەرا و پاشان بیری نەتەوەیی، بە تایبەتی دوای کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا هاتوون، کردنەوەی یەکەم کتێبخانە لە دەرەوەی خانەقا و تەکیە و مزگەوتەکاندا، کە وەکوو جۆرێک لە نوێ بوونەوە، یان دەتوانین جۆرێک لە ڕێنیسانسی کوردی ناوی بنێین.

سەرهەڵدانی کۆمەڵە و ڕەوتە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی ئەو سەردەمە، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامەکان، دامەزراندنی یەکەم کتێبخانە، هەروەها دەوری هەندێک کەسایەتی بەسەر فەرهەنگ و زمانی کوردی و تەواوی کۆمەڵگەوە، کە ئێستاش جێی دەستیان بەسەر فەرهەنگ و زمان و شوناسمانەوە دیارە. دووبارە زیندوو کردنەوەی ئەو کەسایەتییانە لە فۆرمێکی هونەری ڕۆماندا، ناساندنیان و بەرکەوتنیان، تاوەکوو نەوەی ئێستا و داهاتوو بیانناسن و ئه‌و ڕاستییانه‌ بزانن.

لەم ڕۆمانەدا وەکوو پاڵەوان تەنیا باس لە کەسایەتییەک ناکات، بەڵکوو وەک کارەکتەر چەندین کەسایەتی خۆیان دێنە گۆ و بەر هەست و نەستیان و شێوازی ژیانییان دەکەوین. چیرۆکی سەردەمانێک کە نەوەک تەنیا فۆرم و شێوازی بیرکردنەوەی تاکەکانی گۆڕی، بەڵکوو کاریگەری هەبووە بەسەر ڕەوتی شۆڕش و دەستپێکی دەستنیشان کردنی شوناسی تاکی کوردەوە.

 

بڕگەیەک لە ڕۆمانی خانەقای میرزاوە:

ئەوەی ئەو ڕۆژە ناوی خۆیی نەنووسی و ئیمزای نەکرد بۆ ئازادکردنی ئەو چوار ئەفسەرە، کە بۆ پشتگیریی کۆماری مەهاباد چووبوون، فەرمانبەری پارێزگار و شارەوانی و پۆلیس و بازرگانەکان بوون، وەک ساڵانی پێشوو وەفدێک لە بەرژەوەندیخوازان پێک هێنرابوو، وەک دەمڕاستی خەڵکی سلێمانی قسەیان لەسەر پاشەڕۆژی ئەو چوار ئەفسەرە کرد. ئەو ڕۆژە بە پێشەوەی چایخانەکەی حەمەی بەکردا، لە ژێر قەسرەکەی تۆفیق قەزاز، لەسەر پارچە قوماشێکی سپی بە سوور نووسرابوو:

‘‘دەک خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا!

ئێمە خاکی غەم ئەکەین بە سەرا

ئێوەش ئەو عەرشەی بە خوێن گوڵڕەنگە

سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە

                                پیرەمێرد’’

بۆ من و قادر وەک جەژن بوو، حەزمان دەکرد ئەو ڕۆژە هەر تەواو نەبووایە، چونکە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەماندا بووین، کە دەنگیان لێ دابڕیبووین.

هاوڕێ نەتەوەیییەکانمان چەند جارێک ئەو پرسیارەیان لێ کردین، کە ئێوە چی دەکەن لێرە و بۆچی بەشدارن؟ ئاخۆ ئەو چوار ئەفسەرە کوردە کە بەشداری کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوون، نەتەوەیی بوون؟ یەکێک بە قادری گوت: ‘قادری میرزا کەریم لێت تێک نەچووبێت، چوار ئەفسەرە گیراوەکە کۆمۆنیست نین!’

قادریش لە وەڵامدا گوتی: ‘ئەوەندە بەسە کە کوردن.’

 

 

خانه‌قای میرزا ڕۆمانێکی مێژوویییە، کە ئاوێنەیەکی ڕوونمان بەرەو ڕوو ڕادەگرێت و پێمان دەڵێت کە بیخوێنینەوە و لێی بڕوانین، تاوەکوو ڕوخسار و کەسایەتی خۆمان باشتر ببینین و پرسی شوناسی خۆمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە تەنیا لە ڕێگای هەڵدانەوەی مێژوومانەوە دەبێت، لە فۆرمێکی هونەری باڵادا کە ئەویش ڕۆمانە.