تیشکێکی قڵیشاوی تەڕ

Loading

دەتوانم بیر لە شتێکی تر بکەمەوە
لە تیڕۆژ
کە لە شووشەی پەنجەرەیەکی شکاوەوە دێ و تاریکی دەقڵیشێنێ
لە باران
کە لە شووشەی پەنجەرەیەکی شکاوەوە دەتکێ و تاریکی تەڕ دەکا
لە تۆ
کە هاتنت
تیشکێکی قڵیشاوی تەڕ لە مندا ڕووناک دەکاتەوە
کاتێک
کە نە بارانە و نە پەنجەرە شووشەی شکاوە و نە تیڕۆژ تاریکی قڵیشاندووە
هەر تۆیت و
من لە باوەشتا.

 

دەمەوێت “خۆزگە” بخەمە نێو ڕستەوە

سۆلۆ گیۆڤانی ؛ تیشک و ڕەنگە گەرمەکان
سۆلۆ گیۆڤانی ؛ تیشک و ڕەنگە گەرمەکان

 

ڕستەیەک کە بە “تۆ” دەست پێ بکات
کە لەپێش جامخانەیەکی پڕ لە دەفری جۆراوجۆر و
بوتڵێک بە دەستتەوە بۆ شاردنەوەی شڵەژانت لێم بپرسی:
کام دەفرت دەوێ؟
لە بەردەمی جامخانەکە
دنیا تێکڕا ڕستەیەکە:
بیر لە لێوت دەکەمەوە و
چاک دەزانم تۆ دەزانی من چ لێوانێکم دوێن

 

 

هێشتان بەتەمام “خۆزگە ” بخەمە نێو ڕستەیەکەوە
“خۆزگە تیشکێک لە گردێکی منەوە هەڵبکات و چاڵێکی تۆ ڕووناک بکا”
تۆ هێشتا لە پێش جامخانەکە…
“خۆزگە بیر لە لێوانم بکەیتەوە”
کەواتە ناچار
“خۆزگە” لەم ڕستەیە دەردێنم ودەیخەمە ڕستەیەکی ترەوە:
“خۆزگە چاوەڕێی کۆتایی ئەم شیعرە نەکەیت

 

بوتڵەکەی نێو دەست دابنێیت
جامخانەکە جێبهێڵیت
“خۆزگە” لە ڕستەدا دەربهێنی و
لە خۆزگەی مندا
بیڕوێنیت