ـ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فه‌تحی بن سه‌لامه.
ئیسلام دان به ده‌روونشیكاریدا نانێت، ئه‌وه‌ش زیاتر په‌یوه‌ندی به كه‌سایه‌تی دامه‌زرێنه‌ری تیۆره‌كه (فرۆید) وه هه‌یه كه پێی وایه ئایین وه‌همێكه و ته‌نها له زه‌ینی مرۆڤدا بوونی هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه فه‌نده‌مێنتاڵیسته دژه‌كانی مۆدێرنه پێیان وایه گریمانه‌كانی فرۆید بارگاوین به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی جوله‌كه.
ئه‌مه دیالۆگه‌ی خواره‌وه ده‌قی قسه‌كانی (فه‌تحی بن سه‌لامه‌یه) كه (گابرێلا م. كێلله‌ر) له‌گه‌ڵیدا سازیكردوه. فه‌تحی بن سه‌لامه كه مامۆستای زانستی نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كانه له زانكۆی هه‌شته‌می پاریس، هه‌ر له هه‌شتاكانه‌وه سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌یه له بوارێكی پسپۆڕیی مه‌عریفیدا كه له ڕاستیدا هه‌ر بوونی نیه. چونكه وه‌ك ئه‌م توێژه‌ره تونسیه خۆی ده‌ڵێت: له‌وه‌ته‌ی ئیسلام و تیۆره‌ی ده‌روونشیكاری هه‌ن، به به‌رده‌وامییه‌كتریان فه‌رامۆشكردووه. هه‌ر بۆیه، به ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی نێوان ئه‌و دوو كایه‌یه، فه‌تحی بن سه‌لامه ده‌یه‌وێت ده‌روونشیكاری بۆ ئه‌و ئایینه بكات، ده‌ستبخاته سه‌ر قه‌یرانه‌كانی و ده‌رده‌نیشانه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه ڕوونبكاته‌وه. به‌بڕوای فه‌تحی بن سه‌لامه فه‌نده‌مێنتالیزم خۆی یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته زۆر دیار و به‌رجه‌سته‌كانی ئه‌و قه‌یرانه، ئه‌وه‌یش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرێی هه‌ستكردن به‌گوناهه‌ی كه زۆربه‌ی باوه‌ڕداره‌كان له‌ناو ئه‌و جیهانه‌دا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن كه ئیدی له‌گه‌ڵ ئایینه‌كه‌یاندا ناگونجێت.
گابرێلا: تۆ له توێژینه‌وه‌كانتدا ده‌ته‌وێت پردێك یان په‌یوه‌ندیه‌ك له نێوان ئیسلام و ده‌روونشیكاریدا بدۆزیته‌وه و دروستبكه‌یت، به‌ڕای تۆ ئه‌مه بۆچی باشه،چ پێویستده‌كات ئه‌م كاره بكه‌یت؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستایش له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتدا گریمانه‌كانی ده‌روونشیكاری تاڕاده‌یه‌ك وونن و نابینرێن، یان هه‌ر بوونیان نیه. بۆ نمونه زانستی ده‌روونی تاكه ماته‌ریاڵی مه‌عریفیه كه له پرۆگرامی توێژینه‌وه‌ی ناو زانكۆكانی جیهانی عه‌ره‌بیدا هیچ بوون و بایه‌خێكی نیه. جیهانی ئیسلامی زانستی ده‌روونی ڕه‌تده‌كاته‌وه و نكۆڵی ده‌كات.
گابرێلا: ئه‌ی تۆ هۆكاری ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی زانستی ده‌روونی له جیهانی ئیسلامی‌دا چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی زانستی ده‌روونی ته‌نها ماته‌ریاڵی زانستیه كه له‌لایه‌ن تاقه‌كه‌سێكه‌وه داهێنراوه كه ئه‌ویش (سیگمۆند فرۆید) ه. فرۆیدیش خۆی جوله‌ك بووه، هه‌ربۆیه موسوڵمانه‌كان وه‌ك شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی بیری جوله‌كه ده‌ڕواننه زانستی ده‌روونی. به‌هۆی ململانێی ئیسرائیلی ـ فه‌ڵه‌ستینیشه‌وه، جیهانی عه‌ره‌بی هه‌موو شتێك ڕه‌تده‌كاته‌وه كه بۆنی جوله‌كه‌ی لێبێت.
گابرێلا: به‌ڵام خۆ ده‌روونشیكاری هه‌موو ئایینه‌كان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، به ئایینی جوله‌كه و ئیسلامیشه‌وه.
فه‌تحی بن سه‌لامه: راسته. خۆی ئه‌وه‌یش هۆكاری دووه‌می ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فرۆید و ده‌روونشیكارییه: زۆربه‌ی
موسوڵمانان پێیان وایه كه ده‌روونشیكاری بێباوه‌ڕی بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی له خۆرهه‌ڵات سه‌یری نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كانی پێ ده‌كرێت ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ی كه له خۆرئاوادا هه‌یه. له خۆرهه‌ڵات تا ئێستایش ڕایه‌كی باو هه‌یه كه پێیی وایه مرۆڤی ده‌روونبیمار، كه‌سێكه جنۆكه چۆته ناو ڕۆحیه‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌و نه‌خۆشه نابرێت بۆ لای پزیشكی ده‌روونی، به‌ڵكو ده‌برێته لای فه‌قێیه‌ك یان ئیمامێك تا به هۆی هه‌ندێك نوشته‌وه جنۆكه‌كه له له‌شی ده‌ربكات. ئه‌وه ئاسایی‌ترین ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنه له خۆرهه‌ڵاتدا. به‌مانایه‌كی تر، نه‌خۆشی ده‌روونی لای ئه‌وانه مه‌سه‌له‌یه‌كی پزیشكی نیه به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی میتافیزكییه. له‌باشترین حاڵه‌تدا ڕه‌نگه پزیشكه‌كه ڕه‌چه‌ته‌ی ده‌رمانێكی ده‌ماریی (عصبي) بۆ بنوسێت به‌بێئه‌وه‌ی شانبه‌شانی ده‌رمانه‌كه هیچ چاره‌سه‌رێكی ده‌روونی بۆ بكات.
گابرێلا: ئایین له كاره‌كانی (فرۆید) دا فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیه. ئایا ڕای فرۆید له‌سه‌ر ئیسلام چی بووه؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: تا ڕاده‌یه‌ك هیچ، چونكه وه‌ك وتم فه‌رامۆشكردن و نكۆڵیكردنه‌كه له هه‌ردوو لاوه بووه. به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحیه‌ت و ئاینی جوله‌كه‌وه، ئیسلام تاقه ئایینی یه‌كتاپه‌رستییه كه تێزه‌كانی فرۆید هیچ بایه‌خێكی پێ ناده‌ن.
خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی كه بۆ هه‌ر ئایینێك ڕاسته، بۆ ئیسلامیش هه‌مان شته و دروسته: فرۆید باوه‌ڕ ناوده‌نێت وه‌همێك كه مرۆڤ به زه‌ین و هزری خۆی خوڵقاندوێتی و دروستیكردوه. ئه‌و خوڵقێنراوه زه‌ینیه وه‌ڵامێكه بۆ ئه‌و شته‌ی كه فرۆید ناوی ده‌نێت شكست و سه‌رگه‌ردانبوونی مناڵی به‌جێهێڵراو (ئه‌و مناڵه‌ی كه دایك و باوكی به‌جێیانهێشتوه). به‌وه‌دا كه ئایین به‌ڵێن و موژده‌یه‌كه بۆ بوونی فریادڕه‌س و ڕزگاربوون له‌و سه‌رگه‌ردانی و بێكه‌سیه، ده‌توانێت هۆكارێكیش بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زه‌بری ئازاره‌كانی ئه‌و هه‌ستكردنه به بێده‌سه‌ڵاتی و سه‌رگه‌ردانی.
گابرێلا: ئه‌ی له كوێدا ئیسلام ناچێته ژێر باری تێزه‌كانی فرۆیده‌وه؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: فرۆید ده‌ڵێت خودا هیچ نیه جگه له وێنه‌ی باوكێكی ئیدیاڵ و نمونه‌یی كه باوه‌ڕداره‌كان چاوه‌ڕوانن بیانپارێزێت و ڕزگاریان بكات، هه‌ر به‌پێی ئه‌م لێكدانه‌وه و باسكردنه‌یش جوله‌كه‌كان به خودا ده‌ڵێین باوك، له ئایینی مه‌سیحیشدا خودا باوكی ڕۆڵه‌یه‌كه له ڕۆڵه‌كانی مرۆڤ.لێ ئیسلام هه‌ر چه‌شنه په‌یوه‌ندیه‌كی خودا به وێنه‌یه‌ك له وێنه‌كانی باوكه‌وه ڕه‌تده‌كاته‌وه، له قورئاندا تاكه شوێنێك یان دێڕێكیش نا‌بینیت تیایدا خودا وه‌ك ((باوك)) ناوی هێنرابێت. له ئیسلامدا مرۆڤ كوڕی خودا نیه. وێنه‌ی قورئان بۆ خودا ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: ((الصمد، لم يلد و لم يولد))[1]، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ بوونی پێكه‌وه‌به‌سته‌رێكی پشتاوپشتی (نسبي) له نێوان خودا و مرۆڤدا نیه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یش، ئیسلام ته‌واو ناكۆكه به تێزه‌كانی فرۆید.
گابرێلا: ئه‌ی ئایا زیانه زانستیه‌كانی ئه‌م كاره له‌سه‌ر پراكتیزه‌كردنی ئه‌و دۆگمه چیین؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: ئیسلام به‌م كاره‌ی داوای شتێك ده‌كات كه ته‌واو ناكۆكه به پێداویستیه سایكۆلۆژیه‌كانی مرۆڤ. ئیسلام ده‌خوازێت و كردویه‌تی به مه‌رج به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پێداویستیه مناڵانه‌یه‌ی خۆی بێت كه بتی باوكایه‌تی له زه‌ین و خه‌یاڵیدا ده‌چه‌سپێنێت. چونكه ئه‌گه‌ر وا بێت، هه‌موو مناڵێك، به مناڵی موسوڵمانیشه‌وه باوكی خۆی وه‌ك خودایه‌ك ده‌بینێت. به‌ڵام ئیسلام زۆر به‌توندی ئه‌م وێنا مناڵانه‌یه بۆ خودا ڕه‌تده‌كاته‌وه، هه‌ربۆیه ڕاسته‌وخۆ ده‌یشگۆڕێت بۆ ئایینێكی فره ئه‌بستراكت. له ئیسلامدا خودا ته‌واو دووره له مرۆڤه‌وه، چونكه نابێت و ناكرێت خودا له فۆرمی په‌یوه‌ندیه‌كدا به هه‌ر شتێكی مرۆییه‌وه نیشانبدرێت و نمایشبكرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ری وه‌چه‌كه‌وتنه‌وه و له‌دایكبوون له خودا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئایینی مه‌سیحییدا هه‌یه، شتێك نیه له ئیسلامدا هی بیرلێكردنه‌وه و ته‌نانه‌ت وێناكردنیش بێت.
گابرێلا: ئه‌ی زیانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م خودا دابڕاوه له پله‌وپایه‌ی مرۆیی كامانه‌ن؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: بوونی وێنه‌ی ئه‌بستراكت بۆ خودایه‌كی باڵانما و جودا له مرۆڤ، ئازادی ئه‌وه ده‌به‌خشێته مرۆڤ كه هه‌رچیه‌كی بوێت به ویست و هه‌وه‌سی خۆی له‌سه‌ر ڕووی زه‌مین بیكات، ئه‌م ئازادیه له لایه‌كه‌وه ده‌بێته مایه‌ی خوڵقاندنی بڕێكی زۆر ڕه‌فتاری هه‌ڕه‌مه‌كی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بۆ خۆی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌یه. بێگومان ئه‌م بۆچوونه ئاماده‌گیه‌كی تۆكمه و به‌رچا‌وی له ئیسلامدا هه‌بووه، هه‌روه‌ها له‌ناو ڕاڤه‌یه‌كی ئایینیانه‌ی ئاڕاسته دنیایی زۆر به‌هێزیشدا گوزارشت له خۆی ده‌كات. هه‌ربۆیه له ئیسلامدا شتێك نیه به ناوی قه‌شه یان كه‌نیسه كه تیایدا مرۆڤ به‌ته‌نها خۆی بۆ خواپه‌رستی ته‌رخانبكات و خۆی له دنیا داببڕێت.
گابرێلا: ئایا ئه‌م بۆچوونه هیچ كاریگه‌ریه‌كی له سه‌ر جیهانی ئیسلامی هه‌یه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: ده‌شێت ئه‌گه‌رێكی تری ئه‌و كاریگه‌ریه ببینین كه ڕه‌نگه باڵانمابوونی یه‌زدانی بیكاته سه‌ر تێڕوانینی موسوڵمان بۆ جیهان. بۆ نمونه له ئه‌وروپا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه هه‌یه كه ده‌ڵێت (خودا مرد). به‌ڵام كاتێك خودا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئیسلامدا هه‌یه هی ئه‌وه نه‌بێت بكرێت له وێنه‌یه‌كی مرۆیی‌دا دایبتاشیت و به‌رجه‌سته و نمایشی بكه‌یت، هاوكات مانای ئه‌وه‌یه كه ناكرێت ببێته به‌شێكی هاوشان و دانه‌بڕاو له مێژوو، چ جای ئه‌وه‌ی كه بشێت بمرێت. ئا به‌و شێوه‌یه ده‌بینین كه خودا به‌رده‌وام ئاماده‌یی هه‌یه، مرۆڤیش ناتوانێت به بێئه‌و له‌سه‌ر زه‌وی بژی، ته‌نانه‌ت هه‌موو جموجۆڵێكیش كه ڕووبدات، هه‌ر ده‌بێت له ژێر چاودێری ئه‌ودا بێت. ئه‌مه ئه‌و بۆچوونه‌یه كه ئه‌مڕۆ له‌ناو جیهانی ئیسلامی‌دا باوه.
گابرێلا: تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانین ڕاڤه‌یه‌كی سایكۆلۆژی بۆ هه‌ردوو دیارده‌ی توندوتیژی و فه‌نده‌مێنتاڵیزم بكه‌ین؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: ئیسلام هه‌ر له هه‌شتاكانه‌وه به‌ده‌ست نه‌خۆشیه‌كه‌وه ده‌ناڵێنێت كه بنه‌ماكانی هێناوه‌ته له‌رزین. بنچینه‌ی ئه‌و قه‌یرانه بریتیه له‌و دابڕانه‌ی له نێوان فۆرم و شێوازی ترادسیۆنال و مۆدێرندا هه‌یه و بۆته مایه‌ی كاره‌سات بۆ خه‌ڵكی. خه‌ڵكی هیچ جۆره ئامرازێكی ئه‌وتۆیان به ده‌سته‌وه نیه تا به‌هۆیانه‌وه له گۆڕانكاریه‌كان تێبگه‌ن، ئێ به پاڵپشتی ترادسیۆن و نه‌ریته‌كانیش ناتوانن هیچ ڕاڤه‌یه‌ك بۆ بارودۆخه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هیچ ڕه‌گه‌زێكی كارای ئه‌وتۆ نیه كه بتوانێت وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك ئه‌م كاره (واته تێگه‌یشتن له دنیای مۆدێرن) بكات، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئازادی له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا بوونی نیه.
ڕۆشنبیران ناتوانن به‌شداری بكه‌ن، ئازادی ڕاده‌ربڕین نیه و كه‌س ناتوانێت پردێك له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا دروستبكات. ئه‌م دابڕانه بارێكی گرانه به‌سه‌ر شانی مرۆڤه‌وه و بۆته مایه‌ی خوڵقاندنی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر بۆی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه موسوڵمانان دیسان به ناچاری بپه‌نا ده‌به‌نه‌وه به‌ر ئایین به‌و هیوایه‌ی كه وه‌ڵامێكی تێدا بێت بۆ هه‌موو ئه‌و دۆخی بێوه‌ڵامی و دۆشدامانه‌ی كه ده‌یژێنن. به‌ڵام ئاڕاسته و شه‌پۆلی ئایینی به‌ته‌نها كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌رچی زیاتر و زیاتره ئه‌و ناكۆكیه قوڵتربكه‌نه‌وه كه له نێوان موسوڵمان و جیهانی مۆدێرندا دروستبووه. ئه‌م ته‌ڵه‌زگه‌یه‌یش بۆ خۆی یارمه‌تی فه‌نده‌مێنتالیزم ده‌دات كه هه‌رچی زیاتره كاریگه‌ری خۆی بكاته سه‌ر موسوڵمانان، هه‌موو ئه‌وه‌یش وه‌ك گوزارشتێك له ئومێدی گه‌ڕانه‌وه بۆ بنچینه‌كان و هه‌ڵاتن له مۆدێرنه.
گابرێلا: ده‌مه‌وێت زۆر به وردی بۆم ڕونبكه‌یته‌وه كه ئایا جیهانی ئیسلامی و مۆدێرنه له چییدا ناته‌بان؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: مۆدێرنه موسوڵمانه‌كان ناچارده‌كات به‌رده‌وام ئه‌و سنورانه تێبپه‌ڕێنن كه ئایین بۆیانی ده‌كێشێت، بۆ نمونه كاتێك له هه‌موو شوێنه‌كاندا، له تیڤی و ته‌واوی له‌زگه‌پۆسته‌ری ریكلامه‌كاندا وێنه‌ی ئافره‌تی نیمچه ڕووت ده‌بینن. ئا به‌و شێوه‌یه ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروست ده‌بێت كه ئیدی ژیان به‌و شێوه‌یه ناڕوات كه ئایین ده‌یخوازێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م كه‌شوهه‌وایه هه‌میشه وا له باوه‌ڕداران ده‌كات هه‌ستبكه‌ن به‌رده‌وام كاری خراپ و تابوكراو ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌ژێر باری قورسی هه‌ستكردندا به گوناه ده‌تلێنه‌وه، هه‌ستكردنێكی هێند سه‌خت و دژوار به گوناه كه ته‌واوبوونی نیه.
گابرێلا: ئه‌ی ئایا ئیسلام هیچ چاره‌سه‌رێكی پێیه بۆ ئه‌و هه‌ستكردن به گوناهه‌ی موسوڵمان؟
فه‌تحی بن سه‌لامه: خۆی فرۆید ئایین وه‌ك ئه‌و بناغه‌یه پێناسه‌ده‌كات كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بونیاده‌نرێت، ئه‌وه ئایینه كه كۆنترۆڵی غه‌ریزه‌كان ده‌كات و هه‌ستكردنی مرۆڤ به گوناه له‌سه‌ر شانی سوك ده‌كات، وه‌كچۆن چوارچێوه‌یشی بۆ داده‌نێت. ئا به‌و شێوه‌یه ده‌شێت ئایین پاڵنه‌ر بێت بۆ زۆر ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ. ده‌شێت یه‌كێك له‌و كاره شیاوانه بۆ خۆپاككردنه‌وه له گوناه خۆی له‌و پڕۆسه‌ی قوربانیدانه‌دا بنوێنێت كه كه‌سی باوه‌ڕدار به‌رامبه‌ر به خۆی پیاده‌ی ده‌یكات. بۆ نمونه ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه هه‌ستده‌كات گوناهێكی كردوه، تا خۆی له‌و گوناهه پاكبكاته‌وه، هه‌ڵده‌ستێت به شاردنه‌وه و داپۆشینی جه‌سته‌ی، چونكه ده‌زانێت جه‌سته‌ی ده‌بێته مایه‌ی فریو، هه‌ربۆیه به داپۆشینی جه‌سته‌ی، قوربانی به جه‌سته‌ی خۆی ده‌دات وه‌ك بابه‌تێك بۆ فریوی سێكسی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی. نمونه زۆر توندڕه‌وه‌كه‌ی ئه‌م خۆقوربانیكردنه‌ش بریتیه له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌پڕۆسه‌ی خۆته‌قاندنه‌وه‌دا قوربانی به ژیانی تایبه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه: لماذا يعارض الاسلام مقولات التحليل النفسي؟ حوار مع فتحي بن سلامة، ترجمة: علي مصباح. ماڵپه‌ڕی: القنطرة، ساڵی 2006:
[1] (واته نه له‌دایكبووه و نه كه‌سی لێ له‌دایكبووه، نه سه‌رچاوه‌یه‌ك یان ڕیشه‌یه‌كی فیزیكی هه‌یه لێوه‌ی هاتبێت وه‌ك منداڵدان، نه كه‌سیشی لێبووه، له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و هه‌ر هیچ وه‌چه‌یه‌كی نه‌خستۆته‌وه، چونكه خودا خۆی له ده‌ره‌وه‌ی پۆلێنی ڕه‌گه‌زاندنه (تجنیس). و.ك).