بۆشایی – ئۆبجێکت – (پرۆژه‌ی ئارگیو – ئۆبجێكت)


Loading

 

  • بۆشایی شتنەبوون نییە  هەروەها  ناتەواویش نییە – مارتن هایدیگەر

 

لە ساڵانی  نەوەدەکانەوە  بەر  سەرەتایەکی  تر کەوتین  لە هونەردا،    کە ئەتوانین  پێی  بڵێین  هونەری  هاوچەرخ ، واتا  هونەری   پاش  مۆدێرن.  هونەر  لە ترادیسیۆن و نەریتەکانی  خۆی  یاخی دەبێت و  گۆڕانگاری دێت  بە سەر  چەمکی  هونەرمەند و  کاری  هونەری  و  ئەو میدیەمانەی  هونەرمەند  بەکاریان  ئەبات بۆ کاری  هونەری..

هاوکات گەڕانەوەی  کۆمەڵێک  هونەرمەند  بۆ ناوەوەی  وڵات  وەک ئەنجامدانی   پرۆژەی  هونەری  و  وەک  نیشتەجێبوونەوە  لە وڵات، وەک خوێندن  لە دەرەوە ڕیگاکانی  بۆ هونەری  هاوچەرخ ئاوەڵاتر  کرد. ئەمەش   سێ  پرسیاری    سەرەکی  هێناوەتە ئاراوە؛ یه‌كه‌م   کاری  هونەری  چییە ؟  دووهه‌م  هونەرمەند کێیە ؟ سێهه‌م ماتەریال و میدیەمی  هونەری  چییە؟

 

ئێستا  دەرەفەتی  دانوسانی  تیۆری نییە  لەسەر   ئەم  سێ  پرسیارە. ئەوەی  لێرەی  جیگای  بێتەوە ئەوەیە  بلێم  ئەم ماوەیە  ئێمە بەر  زنجیرەیەک کاری  هونەری کەوتین، کە میدیەمەکانی  بریتین  لە دەنگ و  جەستە و بۆشایی و ڤیدیۆ و بانگکردنەوەی  یادەوەری و ئینستەلەیشن  و  ئۆبجێکتی  دۆزراوە، کە  لێرەدا   دۆزێکی  سەنترال  بۆ هونەر هاتۆتە  پێشەوە کە ئەویش  پێشینەیی ئایدیا و کۆنسێپتە نەک  ئێستاتیک.

ئێستا    ئێوە لێرەن  ئەوەی  بەری  ئەکەون  بۆشایی و ئۆبجێکت.  ئەم  بۆشاییەی بەری کەوتوون  بۆشاییەکی  هونەرییە ئەم  بۆشاییە وەرچەرخاوە  بۆ  بە  (شوێنبوون )  وەک  هایدیگەر  ئاماژەی  بۆ کردووە  (ڕێ-کردنەوە ) سەربەست کردنی  شوێنە، شوێن دەرگا  ئەکاتەوە   بۆ کۆکردنەوەی  ئۆبجێکتەکان  لە خۆیدا ئەم کۆکردنەوەیە  لە  شوێندا  بەشێوەی (نیشتەجێبوون) ڕوو ئەدات.

پرسیارەکە  ئەوەیە  لای  ئێوە  ئایا  ئەم کارانە پەیوەندییان  بە دروستکردنی   شوێنەوە  هەیە. هونەرمەند  زۆرجار  پێویستی  بە دروستکردنی  شوێنە  بۆ کارەکەی، دیاره‌  شوێن  چەمک و کۆنسێپتێکی  بیگەرد نییە لەمێژووی  هونەردا  شوێن  هێمایە  بۆ  (دەسەڵات)   بۆ دەسەڵاتی  دەوڵەت،  بۆ دەسەڵاتی  گالێری.  به‌مانای دەسەڵات و هونەر  هەمیشە لە پەیوەندیدان ، چ لە سەر  ئاستی   هەرەمییەتی   شوێن و هەرمیەتی  بابەتی  هونەر و  هەرمییەتی  ماتەریالی هونەر.

دیویی  دووەمیش ئۆبجێکتەکانە،  یان کارە هونەرییەکانە، کە کەرەستە هونەرییەکان  نەریتی نین.   لێرەدا  تۆ  بەر  (ئەگەرکردن)ی  هەموو ماتەریاڵێک  دەکەویت  بۆ کاری  هونەری.

بۆ  نمونە  لە مێژوووی  هونەردا  (پیکاسۆ ) و (هنری مۆر )  ئەم دەستدرێژییەیان کردۆتە سەر  نەریتی  بەکاربردنی  ماتەریاڵ،  بەڵام گەورەترین  دەستدرێژی  بۆ  سەر  نەریتی    هونەر  (مارسیل  دوشامپ)  کردویه‌تی.

به‌دیوێكی تردا،  مەبەستم  له‌ (Ready made ) ئەوەیه‌  بە کاربردنی  کەرەستەی  ئامادەیه‌… بە کورتی  چی تر  ئەو سەردەمە  رۆشت  لە دونیای  ئێمەدا  کە هونەر  لە وێنەکێشان و تابلۆدا  کورت  بکاتەوە،  ئێمە  ئێستا  لە بەردەم کاری کۆمەڵێک هونەرمەندی  نوێداین ، كه‌ داوای  دیسکۆرسێکی ترمان، گوتارێكی  ترمان  لێ ده‌کات  سەبارەت  بە هونەر کە چیتر   جادوو وو  سیحر و  نەمری و هەتاتایی و ئێستاتیکایی  نه‌ماون ، کۆمەڵە  شتێک نین  چیتر پێ  ڕازی  بین  دەربارەی  هونەر … ئاوه‌ها هەمووتان  بە خێر  بێن بۆ  دۆزەخی  ڕاستی.

* ئه‌م نوسینه‌ وه‌ك ده‌روازیه‌كی ناساندنی پڕۆژه‌ی هونه‌ری (  ئارگیو – ئۆبجێكت)  له‌رۆژی یه‌كه‌می كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه‌دا – وه‌ك ڤێرنیشانز   vernissage  – یان گوتاری ده‌رّازه‌یی  پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرا.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
 هه‌روه‌ها  ڕیپۆڕتاژێكمان  به‌زمانی ئینگلیزی

Argue, Object and Place