ئەندێشەی منداڵان

Loading

 ماڵپەڕی هاوڕێانمان؛  سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا

دوای ڕاگەیاندنی پرۆژەی “منداڵانی ئەندێشە” لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە لەماوەی ڕابردوودا، لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە هەنگاوی زیاتری ناوە و جگە لە چالاکیی وێنەکێشان و چیرۆک خوێندنەوە بۆ منداڵان کە هەموو ڕۆژانی هەینییەک لە ناوەندی ناوبراو بەڕێوە دەچێت، لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە فراوانتر کراوە و لەمەودوا ناوەندی ئەندێشە کتێبی تایبەت بە منداڵان چاپ و بڵاودەکاتەوە، لە ئێستاشدا نزیکەی ٧٠ کتێبی جۆراوجۆری منداڵان ئامادەیە بۆ چاپ و لە زنجیرەی یەکەمی چاپکردنی ئەو کتێبانەدا ئەندێشە پێنج کتێبی منداڵان بڵاودەکاتەوە، فەرزانە عەلی بەڕێوەبەری “ئەندێشەی منداڵان” لە سولی ئۆن وێبەوە زانیاری تەواو دەربارەی ئامانجی ئەوان لەو پرۆژەیەدا بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.

ئەندێشەی منداڵان و  چیرۆک، شیعر و ئەفسانە

فەرزانە عەلی: “زیاتر گرنگى بە بوارى ئەدەبیات دەدەین لە بەشى منداڵانى ئەندێشەدا کە خودى ئەدەبیات بریتییە لە چیرۆک، شیعر وئەفسانە. واتە ئەدەبیات هەوڵێکى هونەرمەندانەیە لەو چوارچێوەیەدا، قسەکردن بۆ ڕێنماییى منداڵان بەرەوگەشەکردن لە ڕێگەى زمانەوانییەوە ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەکى گونجاو کە لە ئاست تێگەیشتنى منداڵاندا بێت. هوکارى ئەوەى کە گرنگى بەو بواردە دەدەین ئەوەیە کە ئەدەبیات بە گشتى منداڵان لە هەموو قۆناغەکانى ژیاندا پەروەردە دەکات و دەبێتە هۆى دروستبوونى خەیاڵ و تواناى بیرکردنەوە وداهێنان لە لاى منداڵان،واتە ئەو چیرۆک وشیعرانەى کە منداڵ دەیخوێنێتەوە یان بۆى دەخوێننەوە، کاریگەریى دەکاتە سەر هزر ودەروونى منداڵ تاکو بەرەو گەشەکردنێکى تەندرۆست هەنگاو بنێ و بکەوێتە گفتوگۆ کردن لە گەڵ کەسانى دەوروبەریدا.”

وێنە کێشان و گرنگییەکەی

فەرزانە عەلی: ” گرنگى بە وێنەکێشان دەدەین، بۆچى دەبێ منداڵ وێنە بکێشت و دنیاى رەنگەکان بناسێت؟ لە رێگەى وێنەکێشانەوە کەسایەتى منداڵمان بۆ دەردەکەوێت وهەرکام لەو هێڵانەى کە منداڵ دەیکێشێت مانایەکى تایبەتى هەیە و دەرونى منداڵ پێناسە دەکات. هەر بۆیە لە پرۆژەى منداڵانى ئەندێشە گرنگى بە وێنەکێشانى منداڵان دەدرێت.”

چاپکردنی کتێب

فەرزانە عەلی: “یەکێکیتر لە هەوڵەکانى ئەندێشەى منداڵان بۆ زیاتر پەرەپێدان بە کولتورى خوێندنەوە وهەروەها پەروەردەکردنى نەوەیەکى تەندرۆست، چاپکردنى کتێبە کە لە ئێستادا ئەم بەشە زیاتر لە ٧٠ کتێب لە بوارى جۆراوجۆرى بۆمنداڵانی ئامادە کردوە لە زمانەکانى (کوردى ،عەرەبى، ئینگلیزى، فارسى وسویدى) پێنج لەوکتێبانە کە بۆ تەمەنەکانى ٥-١٢ ساڵ دەبێت بۆنێردراوە بۆ چاپ ئەوانیش بریتین لە (١- دەمبۆ -٢- سێ بەرازە بچکۆلەکە-٣-عەلائەدین -٤- سیمبا-٥ – سێ ورچەکە) ئەم کتێبانە وپێنج کتێبى تر کە پرۆژەى کتێبى ئاڵتونییە و لە ئەمریکا دەردەچێ ولەلایەن خاتوو( شەن شیروان)ەو کراون بەکوردى بۆدەوڵەمەندکردنى کتێبخانەى مندالانى کوردستان . کتێبەکان لە کەڕناڤاڵێکى شایستەدا بۆ منداڵان رۆژى ١٣/١١ بە ئامادەبوونى وەرگێڕى کتێبەکان بڵاو دەکرێنەوە

هەوڵی دیکەی سەرپەرشتیارانی ئەندێشەی منداڵان

فەرزانە عەلی: “پرۆژەى ئەندێشەى منداڵان بە سەرپەرشتى من وخاتوو کۆچەر ئەبووبەکر بیست هەفتەى تێپەڕاند وهەموو هەینییەک کاتژمێر ٣ لە ناوەندى رۆشنبیریى وهونەرى ئەندێشە بەردەوامین ولەهەوڵداین بۆ زیاتر ناساندنى ئەندێشەى منداڵان سەردانى دایەنگە وقوتابخانەکان بکەین وچیرۆک بۆ منداڵەکان بخوێنینەوەو ئەوانیش ئاشنا بکەین بە دنیاى کتێب وخوێندنەوە.”

تەواو

کولتور مەگەزین: ئێمە ئەم هەنگاوە بەیەکێک لەهەنگاوە گرنگەکانی  خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەندێشە تێدەگەین، دەستخۆشیان لێدەکەین، ئەم ئاوڕدانەوەیە لەمنداڵان بەکارێکی گەورەیە.