ئیلینور ئۆستروم

ئیلینور ئۆستروم لە ڕۆژاڤا: خاوەندارێتی گشتی، ئابووری و فێمێنیزم


Loading

ئیلینور ئۆستروم تاکو ئێستا یەکەم ژنە کە خەڵاتی نۆبڵی لە ئابوریدا پێبەخشراوە. بەداخەوە، ئۆسترم لە ساڵی ٢٠١٢دا مردووە و بەگوێرەی زانینی من ئەو هەرگیز سەردانی سوریای نەکردووە، بەڵام ئەو ئەگەر لە ژیاندابوایە، ئەوا ئەو شۆڕشە بوێرانەی ڕۆژاڤای خۆشدەویست. وەک سەوزێک (ئەندامی پارتیی سەوز، کە پتر گرینگی بە ژینگە و ئیکۆلۆگی دەدەن. ن.س) من ئاگادارم کە کوردەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژاڤا، سێ کانتۆنە سەربەخۆکەی باکوری سوریا، بەتەواوی لە سیاسەتی سەوز بەئاگان. ڕۆژاڤا لەسەر بنەمای پرنسیپە سەوزەکانی وەک خۆ_بەڕێوەبەری، فێمێنیزم، یەکسانی، فرەیی و ئیکۆلۆگی دامەزرێنراوە. ئەوانە ئەو پرنسیپانەن کە ئیلینور ئۆسترم بەبەهێزییەوە گەشەی پێداون. من ئارگومێنتی ئەوە دەکەم، شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشی ئۆسترومە.

ئیلینور ئۆستروم

ئیلینور ئۆستروم خەڵاتی نۆبڵی بردەوە، لەبەر ئیشەکانی سەبارەت بە کۆ_خاوەندارێتی. ئەو چەندین دەیەی لە لێکۆڵینەوەی خاوەندارێتی گشتی، سەرچاوە هاوبەشەکانی وەک دارستانەکان، سامانی ماسی، مافی خاوەندارێتی هاوبەشدا بەسەربرد. ئۆستروم ئارگومێنتی ئەوە دەکا، ئابوری پێویست نییە لە دوو جۆری خاوەندارێتی تاکمەند (تایبەت) و دەوڵەت بکۆڵێتەوە، بەڵکو گەرەکە لە فۆڕمە یاسایییە هەمەچەشنەکانی خاوەندارێتی بکۆڵێتەوە، لەوانە ڕێگەی فرە بۆ پشکداری بەڕێی کۆ خاوەندارێتییەوە. (…)

من ئاگادارم لە ڕۆژاڤا زۆر سەڕچاوەی کۆ-خاوەندارێتی وەک خاوەندارێتی هاوبەش/گشتی هەن، ئەوە لە خۆیدا، ئۆستروم دڵخۆش و شادومان دەکات. ڕۆژاڤا خاوەندارێتی گشتی وەک ئەلتەرناتیڤێك بۆ سۆسیالیزمی دەوڵەت بەکاردەهێنێ. لە ڕۆژاڤادا زەوی، ژێرخان، و بیناکان لەلایەن تاکەکانەوە خاوەندارێتی ناکرێن، بەڵکو لەلایەن ئەنجوومەنەکانەوە ڕێکدەخرێن و بەڕێوەدەبرێن. ئەنجوومەنەکان دەتوانن ئەو کەلوپەلە گشتییانە بدەن بە تاکەکان بۆ بەکارهێنان. خاوەندارێتی گشتی وەک ڕێگەیەک بۆ تۆڕی سەلامەتی ئەوانەی بەبێ سەرچاوەن و هەروەها ڕێگەیەک بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی کەرەستەی سەرچاوەکانی کۆمەڵگە دەبنیرێ. خاوەندارێتی گشتی هەروەها ڕوویەکی ئیکۆلۆگی و ژینگەیی ناوچەکە لەخۆدەگرێ وەک ئاو، پارکەکان، ژیانی کێوی، سروشت و تەنانەت ئاژەڵانی کێڵگەکان.

ئیلینور ئۆستروم جەخت لەسەر پرنسیپی خاوەندارێتی دەکات لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ئیکۆلۆگی. ئەمە لە ڕۆژاڤا پراکتیس دەکرێ، کاتێك بینایەکی وەکو ماڵ یان بازرگانی کە لەلایەن کەسێک یان کەسانێکەوە بەکاردەهێنرێ، ئەوا لە ڕاستیدا بەکارهێنەرانی دەبن بە خاوەنی ئەو بینایە بەڵام ناتوانن لە بازاری کراوەدا بیان فرۆشن. (…)

پێم وایە هۆکاری دیکەی قووڵتر هەن بۆ ئەوەی ئیلینور ئۆستروم شۆڕشی ڕۆژاڤای خۆشبوێت. ئۆستروم و ڤینسنت ئۆسترومی هاوسەری بەبەهێزییەوە جەخت لەسەر خۆ_بەڕێوەبەری لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی دیمۆکراتیک دەکەنەوە. دیموکراسیی لێبراڵ بۆ ئەوان لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە بەتاڵە. دووەم شۆڕشی ڕووسی ساڵی ١٩١٧ ڕاستگۆ نەبوو لەگەڵ بەڵێنەکەی بۆ پێدانی دەسەڵات بە سۆڤییەتەکان و ئەنجوومەنە کرێکارییەکان. هەردوو ئۆستروم، ڕەخنەی توندوتیژیی ئەمریکا دەکەن، هاوکات شۆڕشی ئەمریکای ساڵی ١٧٧٦ وەها دەبینن کە لەسەر بنەمای پرنسییپە ڕادیکاڵەکانی تۆم پاین و خۆ_بەڕێوەبەری دەوڵەت_شارەکانی چەرخێن ناڤین بونیادنراوە. لە ڕاستیدا، کاتێك ئێمە ئەوەمان دێتەوە یاد کە ئیکۆلۆگیستی جڤاکی و ئەنارکیستی ئەمریکی مورای بوکچین کاریگەری لەسەر شۆڕشی ڕۆژاڤا داناوە، ئەوا شایەنی ئەوەیە تێبینی ئەوە بکەین کە ئیدیالەکانی ئیلینور ئۆستروم زۆر هاوشێوەی ئیدیالەکانی بوکچینن.

ئۆستروم سیاسەتی دروشم ڕەتدەکاتەوە و هەوڵدەدا ئابورییەکی سیاسی پراکتیکی لەسەر بنەمای کۆ-خاوەندارێتی، فرەیی و ئیکۆلۆگی بئافرێنێ. من پێم وایە زۆر لە تێگەیشتنەکانی ئۆستروم بۆ خەڵکی ڕۆژاڤا سەرنجڕاکێشن و دەیانەوێ لە ڕۆژئاڤادا خەبات بۆ ڕیاڵیزەکردن و بەدیهێنانیان بکەن.

ئیلینور ئۆستروم هەروەها ئابوریناسێکی فێمێنیستە. خەباتێکی زۆری کردووە لە ژینگەی ئەکادیمیدا بۆ سەرخستنی دۆزی ژن. ئۆستروم ئەگەر لە ژیاندابوایە ئەوا بەڕێی سروشتی فێمێنیستی شۆڕشی ڕۆژئاڤاوە دەبزوێندرا. سیستەمێك کە ئامانجی تێکشکاندنی باوکسالارییە بەڕێی سەرکردایەتی ژنەوە، ئەوا ئۆستروم بۆ شۆڕشی ڕۆژاڤا هاوسۆز دەبوو.

شۆڕشێ ڕۆژاڤا زۆر گرنگە. ئاخر ئەوە زۆر ڕوونە کە جیهانگەرایی نیو_لیبڕاڵ مۆنستەر (دڕندە) دەزێنێت. قەیرانی ئابووری و شکستی دارایی لەسەر بنەمای بیروڕای بێبەڵگەی ناجەخت دەبێتە هۆی هێنانەگۆڕێی ڕق و کینە و نائارامی/نائاسایش. لە هەموو هەسارەکەماندا چ بیر لە دۆناڵد ترەمپ بکەینەوە یان لە مارین لی پێن ڕێبەرانی باڵی ڕاستڕەو نائارامی/نائاسایش بۆ بونیادنانی بزووتنەوەی سیاسی لەسەر بنەمای ڕەیسیزم بەکاردەهێنن. داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) و ڕێکخراوە ئیسلامیستەکانی دی ڕق و کینەی مەزهەبی بۆ بونیادنانی ئەلتەرناتیڤەکانیان بەکاردەهێنن. بزووتنەوە سیاسییە توندڕەو و مەزهەبییەکان لە هەموو جیهاندا کێشەی گەورە بۆ نیو_لیبڕاڵیزم دروست دەکەن.

کوردەکان و هاوپەیمانەکانیان بەڕوونی فۆرمە تەسکەکانی ڕق و کینەی ناسیۆنالیزم ڕەتدەکەنەوە. پڕۆژەی ڕۆژاڤا بۆ دروستکردنی دیموکراسییەکی ژینگەدۆست کە بەها بۆ کۆمەڵە جوداوازەکان دادەنێ لەوانە کورد، عەرەب، ئەرمەنی، چیچانی… هتاد. بۆیە مۆدێلی ڕۆژاڤا نەک تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵکو بۆ هەموو هەسارەکەمان ئەلتەرناتیڤێکی کرۆکییە. ڕۆژاڤا کاریگەرترین ئۆپۆزیسیۆنی سیاسەتی ڕق و کینەی داعشە. هەروەها ئەزموونێکی ئیکۆلۆگییە، بەڵام لە سەروو هەموو شتێکەوە ئەزموونێکی قووڵی دیموکراسییە، وەک ئەوەی کە لەلایەن ئیلینور ئۆسترومەوە پەسەند دەکرێت.

هیوادارم هەموو یەکێك لە ئێمە کە دەیەوێ جیهان لەسەر بنەمای دیموکراسی میللی کۆنتڕۆڵ بکرێت، نەک بەڕێی فۆرمەکانی کۆنتڕۆڵی نوخبەوە بەڕێوەببرێ، لە ڕۆژاڤاوە فێرببێت. هەروەها گەرەکە ئێمە بەرگری لە ڕۆژاڤا و لە کۆمیونیتییەکان بکەین لە تورکیا کە ئێستا لەژێر هەڕەشە و توندوتیژیی سوپای تورکیادان. من دڵنیام کە ئەوە ئەرکێکە ئیلینور ئۆستروم بەشداری تێدا دەکرد، هەروەها دڵنیام ئیشەکانی ئۆستروم لەبارەی خاوەندارێتی گشتی و خۆ_بەڕێوەبەری زۆریان پێیە بیبەخشن بۆ هەوڵدانەکانی ڕۆژاڤا بۆ ئەفراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فرەیی ڕاستەقینە.

 دێریک ۆڵ

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.