
پیته‌ر سلۆته‌ردایك له نوێترین نووسینیدا ”ئایا بەڕاستی خێڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟” كه له ڕێكه‌وتی 27.01.2018 له ڕۆژنامه‌ی (تسیورخی نوێ –Neue Züricher Zeitung) بڵاوی كرده‌وه، ئاماژه به چه‌نده‌ها تێز ده‌كات. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كی نوێ فڕێبداته فه‌زایه‌كی نوێیه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنجم بوو ئه‌وه بوو، كه ئه‌م نووسینه‌ی دووره له نه‌ریته كۆنه‌كانی خۆی، چونكه له خۆیدا نه‌خشه‌سازی كتێبێكی نوێیه. جاران له دوای ته‌واوبوونی پڕۆژه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی و بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی ده‌ستی ده‌كرد به چالاكی میدیایی خۆی و قسه‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێك ئایدیای نێو كتێبه‌كه‌ی ده‌كرد. به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و ترس له مردنی كتوپڕ، ته‌واوی ئه‌و (سلۆتهردایكه نوێیه‌مان) له‌بیربباته‌وه كه ناسیبێتمان. سلۆتهردایكێك به‌هێمنی دوای ساڵێك، یان زۆر جار دوای دوو ساڵ، یان شه‌ش مانگ له نێوان پڕۆژه‌یه‌كی بڵاوكردنه‌وه بۆ ئه‌وی تر، بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژارد. به‌تایبه‌تی لێره‌دا مه‌به‌ستم بێده‌نگییه له قسه‌كردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك و نه‌خشه‌ی كتێبێك له دووتوێی كتێبێكدا كه هێشتا بڵاونه‌بووبێته‌وه. ئه‌م نووسینه نوێیه‌ی له یه‌كه‌مین مانگی ساڵی 2018 وه‌ك په‌له‌كردنێك وه‌هایه بۆ پێشكه‌شكردنی (ده‌فته‌ری نۆتیستهكانی) به خوێنه‌رێك كه ساڵانێكه ڕه‌دووی كه‌وتووه. لێره‌وه گرنگی ئه‌م گوتاره‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، هه‌ر له‌به‌ر گرنگی ئه‌م گوتاره هاوڕێم به‌كر عهلیبهوردی وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی و له‌م نووسینه كورته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌به‌رده‌م چه‌ند ئایدیا و سهرهقهڵەمێکی فه‌لسه‌فی سلۆته‌ردایك بوه‌ستین، كه لێره‌و له‌وێ چه‌مكی نوێیی بۆ داڕشتووه و كاری له‌سه‌ر ده‌كات.
خێڵه‌كان لێره‌و له‌وێ
یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ی سلۆته‌ردایك له‌م گوتارهیهدا كاری له‌سه‌ر ده‌كات بوونی تریبالیزمه نوێیه‌كانه به مانای خێڵه نوێیه‌كان و خێڵهكایهتیه نوێیه‌كانه. دیاره خێڵه‌كایه‌تی و بوونی مرۆڤی سه‌ره‌تایی وه‌ك دووانه‌یه‌كی گرێ‌دراو له نێوان بونه‌وه‌ری ئاقڵ، یان مرۆڤی ئاقڵ (هۆمۆسابیهن -homo sapien) و ئه‌وانی تردا بوونی هه‌بووه، وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك بۆ پاراستنی جۆر. له‌پێناو پاراستنی جۆری خۆی مرۆڤی ئاقڵ (هۆمۆسابیهن) له تیره و خێڵدا خۆی ڕێكخستووه. مێژووی پێگه‌شتنی مرۆڤایه‌تی وه‌ك (هۆمۆسابیهنێك) له خێڵه‌وه ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و گه‌شه‌ندنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن، خێڵ فۆرمی دیكه وه‌رده‌گرێت.
دیاره وه‌ها مه‌زنده ده‌كرا كه له هه‌ناوی مۆدێرنه‌دا ئه‌م خێڵ و تیرانه ته‌واو هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه، به‌ڵام له كاتی په‌یدابوونی فاشیزم له ئیتاڵیا و نازیزم له ئه‌ڵمانیا، خێڵ و چه‌مكی خێڵه‌كان له‌ناو هه‌ناوی (مۆب – mob) یان باڵێین (مێگه‌لی جه‌ماوه‌ریی)ه‌وه جارێكی تر له‌دایك ده‌بن. مۆب و مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری كۆی مۆدێرنه له خه‌ونی ڕۆمانسی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه به دونیایه‌كی پڕ ئه‌قڵانی، ئارام، زانست، هونه‌ر و یه‌كسان، خسته به‌رده‌م گۆڕی به كۆمه‌ڵ، جینۆساید و هۆلۆكۆست. له مۆبهوه، له مێگه‌لی جه‌ماوه‌رییه‌وه خێڵه‌كان جارێكی تر له خه‌یاڵدان و خهیاڵزهدهیی و (Imaginäre) کولتورهكاندا له‌دایك ده‌بنه‌وه.
له دوای دووەم جه‌نگی جیهانییەوە دیسانه‌وه وه‌هامان مه‌زنده ده‌كرد، كه ئه‌م تیره و خێڵه ترسناكانه له‌ناو پرۆسه مێژووییهكهدا شیبوونهتهوه و له‌ناو پڕۆژه گه‌وره‌كانی ئابووریی نوێیی مۆدێرندا ته‌واو بوونیان كۆتایی پێهاتووه. به‌تایبه‌تی ئه‌م ڕایه كاتێك خۆی فورموله كردبوو، به‌وه‌ی له دوای دووەم جه‌نگی جیهانی ئه‌وروپا به‌ره‌و نوێبوونهوهكی سیحری هه‌نگاوی ده‌نا، ته‌نانه‌ت له ئه‌ڵمانیایه‌كی وێرانی دوای دووەم جه‌نگی جیهانی، گه‌شه‌سه‌ندێكی ئابووری وه‌ها ده‌ست پێده‌كات كه به ئابووریی سیحری (Wirschaftswunder) پێناسه ده‌كرێت. دیسانه‌وه هیوا و ئاواته ڕۆمانسییه‌كان به ونبوونی خه‌یاڵی خێڵه شه‌ڕانییه‌كان ده‌گه‌شێنه‌وه. ئیدی ئه‌وروپا و كۆی خۆرئاوا هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌دا و ترس له دروستبوونی (مۆب – مێگه‌ل – Pöbel ) سێبه‌ره‌كانی دوور ده‌كه‌ونه‌وه.ئیدی ئهممێگهله ته‌نیا له ستادیۆمی فوتبۆڵێن و ستادیۆمی ڕۆكن رۆڵ و كۆنسێرته‌كاندا به‌نه‌رمی ده‌بینران. به دیوێكی تردا ئه‌م ترسه له‌گه‌ڵ ڕووخانی سۆڤیه‌ت و بلۆكی سۆسیالیستی‌دا به‌ته‌واوه‌تی ده‌ڕه‌وێته‌وه. ئیدی له خۆشی نه‌مانی بلۆكی سۆسیالستی كه ئیلهامبه‌خشی خێڵه كۆمۆنیستیه‌كان بوو. نووسه‌رێكی سیاسی ئه‌مریكانیزم ته‌وژم و نیولیبرالی وه‌ك فوكۆیامابهههڵپه و په‌له‌یه‌كی بێماناوه بانگه‌شه‌ی كۆتایی مێژووی كرد!
دیاره نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، كه له‌ژێر كاریگه‌ری بلۆكی سۆسیالستی چه‌نده‌ها خهیاڵبۆكراوهیی بۆ خێڵی نوێ له‌ناو پرۆسه‌ی كو‌لتوردا له‌دایك ده‌بێت. هیپییهكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بانگه‌شه‌ی دروستبوونی خێڵ و تیره‌یه‌كی نوێیان ده‌كرد، كه تێدا مرۆڤ له‌ناو سروشتدا، كۆلكهتیڤ وه‌ك خێڵێكی سۆسیالستی پێكه‌وه بژی. له ئه‌مریكا و بەریتانیادا چه‌نده‌ها كه‌مپی تایبه‌تی بچوك به خۆیانیان دروستكرد و گه‌نجان له شێوه‌ی خێڵ و تیره‌یه‌كی هیپی ده‌رده‌كه‌وتن. له‌م خاڵه‌وه سلۆته‌ردایك چه‌مكی خێڵ له‌گه‌ڵ چه‌مكی شێوازی ژیان (مودس ڤیڤێندی -Modus Vivendi) پێكه‌وه گرێده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ڕان به‌دووی شێوه ژیانێكی دیكه‌دا پابه‌ند بێت بهخهیاڵكردن بۆ خهیاڵبۆكراوێك كه خێڵ و تیره‌ی نوێیه وه‌ك شوێنێك بۆ سەبژێكتێكی نوێ، بۆ سوژه‌یه‌ك كه ده‌یه‌وێت له‌ناو تیره‌یه‌كی دیكه‌یدا بژی.

خێڵه‌كان له‌ناو خهیاڵزهدهییدا (Das Imaginäre) دروستده‌بن و ده‌بنه خه‌ونی مێگه‌له‌كان. سه‌ره‌تا چه‌ند خهیاڵێكین بۆ شێوازێكی دیكه‌ی ژیان ومۆدوس ڤیڤێندیهكی ترن -Modus Vivendi چه‌ند بڵقێكی هه‌وایین و له‌ناو كه‌ش و هه‌وای نوێ‌دا وه‌ك خانه زیندووهكان له‌ت ده‌بن، زۆرده‌بن و شێوازێك وه‌رده‌گرن. له‌ناو فه‌زا و كایه خهیاڵبۆكراوهكانی كولتووردا ده‌سووڕێنه‌وه، تاوه‌كو ده‌ستیان ده‌گاته ته‌نه ڕه‌قه‌كانی هێز و ده‌سه‌ڵات. به‌م جۆره له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، سه‌ده‌ی پۆست مۆدێرنه، خێڵهكایهتییهكی دیكه سه‌رهه‌ڵ ده‌دات، خێڵێك له‌ناو بۆشاییدا، له‌ناو (نا-توخم) و كایه‌یه‌كی میتافیزیكی دیكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، به جیاواز له فۆڕمه‌كانی پێشووی، فۆرمی ڕه‌ق و جه‌سته‌یی ماتریاڵی نییه، به‌ڵكو بوونێكی هه‌واییه. ئه‌مه ده‌مان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ تێوریی (بڵقه‌كان- Blasen)ی سلۆته‌ردایك، به‌وه‌ی له‌ناو فووی بڵقه هه‌واییه‌كاندا ڕۆحێك ئاماده‌یه و له‌گه‌ڵ فووكردندا به بڵقه كه‌فاوییه‌كاندا (پڕ ده‌بێت له ژیانێكی له‌رزیوی ترسا‌و1,17). ترس له‌وه‌ی ئه‌م جاره‌یان بڵقه هه‌واییه‌كه بته‌قێت و له‌گه‌ڵ ته‌قینیدا مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری و خێڵی نوێی پڕ حه‌ماس چه‌پڵه‌ی بۆ لێبده‌ن. ئەمە ترسێكه ئاماده‌یه له ئه‌ڵمانیای ئێستا له ڕێگه‌ی پارته ڕاستڕه‌وه‌كان و له بەریتانیایشدا له پڕۆژه‌ی برێكستدا (چوونه ده‌ره‌وه‌ی بەریتانیا له ئه‌وروپای یه‌كگرتوو) ئاماده‌یه.
ئەگه‌ر ئه‌م خێڵهكایهتییه له فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمدا له فۆڕمی تۆتالیتاریزم له‌سه‌ر زه‌ویی و له‌ناو په‌یوه‌ندییه ڕیالستیهكاندا له‌دایك بووبێت، له‌ناو شۆڕش، ئایدیا، ناسیونالیزم و جه‌نگه‌كان له‌دایك بووبێت. ئه‌وا فاشیزمی نوێ ئه‌م جاره‌یان له هه‌وادا وه‌ك (ته‌نێكی نه‌بینراو، وه‌ك بڵقێكی هه‌وایی) له هه‌موو شوێنێكدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت. لێره‌وه سلۆته‌ردایك باس له په‌یدابوونی ئه‌و خێڵه نوێیانه ده‌كات كه له‌ناو هه‌وادا وه‌ك بوونێكی خهیاڵبۆكراوهیی دروستده‌بن و شیده‌بنه‌وه، به‌ڵام لێره‌دا سلۆته‌ردایك له‌م گوتاره‌یدا سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: ”لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەوە شتێکی ڕاست نییە کە بگوترێت جیهان بۆ چەندین تیرە، هۆز و خێڵ لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە، وەک ئەوەی ئەم جیهانە پێشتر و لە کاتێکی دیاریکراودا لەناو پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا بووبێت و هەموولایەنەکانی یەکانگیر کردبێت” (سلۆته‌ردایك3.)

به ڕای سلۆته‌ردایك خێڵه‌كان و تیره‌كان ههرههبوون، به‌ڵام بوونیان به‌پێی مێژوو، ڕه‌وت و ته‌وژمه‌كان فۆرمی جیاوازی وه‌رگرتووه و له له‌دایكبوون و ونبوودان، له ده‌ركه‌تن و شیبوونهوهدان. له بوونێكی پڕ هه‌را، قه‌ره‌باڵغی و له پێچێكی مێژوویی‌دا، له ده‌لاقه‌یه‌كی زه‌مه‌نی و هیاتوسێكدا په‌یدا ده‌بن. پاشان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك و ئێرایهكدا ونده‌بن و شیده‌بنه‌وه. خێڵه‌كان بوونێكی ههلامی و شل و توخمێكی گه‌ردیله‌ییان هه‌یه دروستده‌بن و له‌ناو ده‌چن. جارێك له‌گه‌ڵ خێڵه ئیكلیریكی و ئۆرستۆكراتییهكاندا له‌دایك ده‌بنه‌وه و ورده ورده له دوای شۆڕشی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنی سه‌ده‌ی نۆزده له‌ناو ده‌چن و جارێكی تر له فۆرمێكی دیكه‌دا له‌ناو مۆب و مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری فاشیزمی ئیتالی و نازیزمدا له‌دایك ده‌بنه‌وه و له‌ناو ده‌چن. جارێكی تر له‌ناو هیپییهكانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و ته‌وژمی ١٩٦٨دا په‌یدا ده‌بنه‌وه و هه‌ر دوایش دووباره له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌سه‌ر ڕووبهڕهكان شیده‌بنه‌وه. له هه‌شتاكاندا له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كانی بلۆكی سۆسیالیستی‌دا له‌سه‌ر ئه‌مریكای لاتین و دونیای سێیه‌مدا خێڵ و تیره‌ی ماركسیی- لینینی و ستالینزمهكان په‌یدا ده‌بن و له خێڵی بچووك و تیره‌ی سیاسی له شێوازی ژیانی هیپیزم و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌كان و سۆسیالزمیدا، گروپه‌كان له‌ناو سێكسی ئازاد و موزیك و حه‌شیش و فۆرمی نوێ‌دا دروستده‌بن و ناوچه‌كان داگیر ده‌كه‌ن. چه‌نده‌ها گروپ دروست ده‌كه‌ن له شێوه‌ی تیره و هۆزی گه‌ڕۆك له‌م شار بۆ ئه‌و شار، له‌م وڵات بۆ ئه‌وی تر وه‌ك خێڵه كۆچه‌رییه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن. له ئه‌مریكا و بەریتانیا هه‌ندێكیان ده‌چنه ده‌شته‌كان كه‌مپ دروست ده‌كه‌ن یان هه‌ندێكیان له‌ناو شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك به‌رلین، له‌نده‌ن و پاریس بینا به‌تاڵه‌كان داگیر ده‌كه‌ن و تێیدا ده‌ژین و وه‌ك تیره‌یه‌كی نوێ و خێڵی نوێ شێوازی نوێیی ژیان تاقی ده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كاندا به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون.
له كوردستانی ئێمه‌دا له هه‌شتاكاندا خێڵی نوێی ماركسی لینینی له‌دایك ده‌بن، هه‌وڵێك ده‌بینرێت له گه‌نجه ماركسیه لینینیه پێشمه‌رگه‌كان له دوای حه‌فتاكان بۆ بیناكردنی خێڵ و تیره‌ی نوێی سۆسیالستی ئاوه‌ها. له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌نجده‌رانی دیوی باشوور و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی دیوی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و دژه فره‌ژنی و دادگای شۆڕش و ناوه‌ندی ڕۆشنبیرییان له شاخ دامه‌زراند. ئاوه‌ها كۆمیونیتی بچووك له لادێكاندا (خێڵی نوێی ماركسی – لینینی) یان پێك ده‌هێنا و ئه‌مانیش خهیاڵدانێكیان هه‌بوو بۆ دروستكردنی خێڵه نوێیه‌كان به‌ڵام له دوایدا ئه‌م خێڵانه له‌گه‌ڵ هێرشی خومه‌ینی و به‌عسدا له‌ناو ده‌چن و له‌ناو ڕووداوه‌كانی مێژوودا ون ده‌بن.
له كاتی خوێنده‌وه‌ی ئه‌و گوتاره فیكرییه‌ی (سلۆته‌ردایك) مانشێتێكی زۆر سه‌یرم بیركه‌وته‌وه كه له هه‌شتاكاندا جێگه‌ی سه‌رنجم بوو، ئه‌ویش مانشێتی گۆڤاری (الیوم السابع – ڕۆژی حه‌وته‌م) بوو، له‌ژێر ناوی (شه‌ڕی خێڵه ماركسیه‌كان – حرب القبائل الماركسیه)، كه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی سۆسیالستی یه‌مه‌نی باشووری كرد. ده‌وڵه‌تێكی ماركسی كه بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌ناو دونیای عه‌ره‌بیدا دابمه‌زرێت، سه‌یریش له‌وه‌دا بوو یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی سۆسیالستی بوو كه خاوه‌نی تاكه ئاینی ڕه‌سمی بێت، كه‌ئاینی ئیسلام بوو. به‌مشێوه‌یه له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیستدا به‌تایبه‌ت له‌ساڵی ١٩٨٦ ده‌وڵه‌تی ماركسی یه‌مه‌نی باشوور یان یه‌مه‌نی سۆسیالستی (جمهورية اليمن الديمقراطية الشعبية) ده‌ڕووخێت.
ڕووداووی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌مه‌نی باشووری سۆسیالستی به‌م جۆره بوو؛ له به‌یانی سیانزه‌ی یانوار (كانونی دووهه‌م) ١٩٨٦ له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالستی یه‌مه‌نی، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراودا، كێشه ده‌كه‌وێته نێوان (عه‌لی ناسر موحه‌مه‌د)ی سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ هه‌ردووك ئه‌مین عامی حزبی سۆسیالستی (ئه‌حمه‌د زه‌عته‌ر) و سكرتێری پێشووی حزب (عه‌بدولفه‌تاح ئیسماعیل ). ئه‌م دوو باڵه‌ی حزبی سۆسیالستی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا یه‌كتری به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه له ڕێبازی سۆسیالستی حزب لایان داوه. سێ سه‌ركرده‌كه ده‌مانچه له یه‌كتری هه‌ڵده‌كێشن و پاشان پاسه‌وانه‌كانیان و دوایش له ده‌ره‌وه‌ی بینای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌فسه‌ره‌كانی سه‌ر به سه‌ركرده‌كان ته‌قه له یه‌كتری ده‌كه‌ن. ئاوه‌ها هه‌ر له‌وێدا (ئه‌حمه‌د زه‌عته‌ر) ده‌كوژرێت، (عه‌لی ناسر موحه‌مه‌د) هه‌ڵدێت و (عه‌بدولفتاح ئیسماعیل) بۆ دوا جار به برینداری ده‌بینیرێت له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و دوایی گوایه ده‌كوژرێت، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش ونه، گوایه لاشه‌كه‌ی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا سووتاوه.

ئاوه‌ها گرفتی باڵه ماركسییه‌كان، و شۆڕشگێڕه خهیاڵزهدهكان به فراوانكردنی خێڵێكی نوێی سۆسیالستیهوه له یه‌مه‌ن، له‌ناو شه‌ڕی خێڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌توێته‌وه. وه‌ك چۆن دڵۆپه مه‌ره‌كه‌ب له‌ناو ته‌شته ئاوێكی ڕووندا بڵاوبێته‌وه، ئاوه‌ها كێشه‌كه بڵاوده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵیشیدا كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری یه‌مه‌ن چه‌ك له یه‌كتری ڕاده‌كێشن و خه‌یاڵی سۆسیالزم و شه‌ڕی خێڵه‌كان تێكه‌ڵی به یه‌كتری ده‌بن. ڤلێرهوه من تێبینی ده‌كه‌م بۆ یه‌كەم جاره به‌رئه‌وه بكه‌وین كه پێكهاته‌ی (خێڵی كۆمه‌ڵایه‌تی) ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ خێڵی خهیاڵبۆكراوی (سۆسیالستی) یه‌كبگرێته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ردوو خێڵه‌كه، خێڵه ئایدۆلۆژیستییهكه، هه‌ردوو گروپه ڕۆمانسییه شۆڕشگێڕه‌كه، له‌گه‌ڵ خێڵه ڕاسته‌قینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا له چركه‌ساتێكدا ده‌تووێنه‌وه و مێژووی سۆسیالستی له یه‌مه‌نی سۆسیالستیدا وه‌ك (كه‌وتن به‌ره‌و پێشه‌وه) به‌رن و به‌ره‌و (خاڵی سفر – Streben nach Null Punkt) بۆ كۆتایی به قۆناغێكی مێژوویی بهێنن و له‌ناوبچن.
سلۆته‌ردایك له كتێبه گرنگه‌كه‌یدا (منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات) له ڕووداوه مێژووییه‌كانی مۆدێرنه‌دا ئاماژه به دوو خاڵ ده‌دات؛ یه‌كه‌میان خاڵی سفری مێژوو و دووهه‌م ڕووخانه به‌ره‌و پێشه‌وه. له ده‌لاقه مێژووییه‌كاندا ئه‌كته‌ره مێژووییه‌كان به خۆیان و خه‌ونه‌كانیانه‌وه ده‌گه‌نه بارێكی خاڵی سفر، به مانای به‌ره‌و خاڵی سفری مێژوویی هه‌نگاو ده‌نێن و له‌وێوه كۆی خه‌ون و مێژووی پرۆژه‌كه‌یان به‌ره‌و داڕمان ده‌به‌ن. له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژین كه له پێشكه‌وتندان، به‌ڵام ئه‌مه له ڕاستیدا داڕمانه و پێشده‌كه‌وێت، به مانای پێشڕه‌وی ده‌كات به‌ره‌و داڕمان بۆ پێشه‌وه، وه‌ك بینایه‌كی كۆن به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕووخێت.
كه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی ڕووده‌دات (ڕۆپسپێر) و (یاكوبینهكان) بڕیارده‌ده‌ن نه‌یارانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی له‌ناوبه‌رن. ڕۆپسپێر ڕۆژانه له پاریس فه‌رمانی سه‌رپه‌ڕاندنی سه‌ده‌ها ده‌رده‌كات. ڕاسته شۆڕش ده‌پارێزێت له نه‌یارانی، به‌ڵام نازانێت كه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕووخێت. ده‌رئه‌نجام هه‌م خۆشی سه‌ری ده‌په‌ڕێنرێت و هه‌م ناپۆلیۆن له‌م خاڵی سفره‌وه فه‌ڕه‌نسا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات، به‌ڵام به‌ره‌و سفر و خاڵی سفرێكی تری مێژوو هه‌نگاو ده‌نێت. لینین كه له هه‌ژده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ١٩١٨ بڕیاڕ ده‌دات كۆی خێزانی قه‌یسه‌ری ڕووسیا بكوژرێن و گۆڕغه‌ریب بكرێن، یه‌كه‌مین خاڵی سفر و داڕمانی مۆڕاڵی له‌و بڕیاڕه‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه ستالینزم به‌رهه‌م دێنێت و كۆی سۆڤیه‌ت دوای ئه‌و بڕیاره پێشده‌كه‌وێت، به‌ڵام وه‌ك داڕمانێك به‌ره‌و پێشه‌وه، پێشكه‌وتنێك به‌ره‌و ڕووخان، به مانای هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕووخێت.
خێڵ له‌م خوێندنه‌وه‌ماندا پێكهاته‌یه‌كی ته‌نها ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكو پێكهاته‌یه‌كی سایكۆلۆژییه، خهیاڵبۆكراوهی کولتوری له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه. له‌م خاڵه‌وه (كولتووره ڤیرتروالهكانیش) توانای دروستكردنی خێڵی نوێیان هه‌یه، وه‌ك چۆن ئایدۆلۆژیهكانیش له مێگه‌لی جه‌ماوه‌رییه‌وه توانای ئه‌وه‌یان هه‌بوو، چه‌نده‌ها تیره‌ی بچوك له هه‌ناوی یه‌ك سیستێمدا دروستبكه‌ن. ئاوه‌ها خێڵه نوێیه‌كان له هه‌ناوی شاره‌كان و ته‌نانه‌ت خێڵ و تیره ڕاسته‌قینه‌كان له‌ناو هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاته مۆدێرنه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌بن. به هه‌مان شێوه‌ش له كه‌ش و هه‌وای خهیاڵبۆکراوی نوێ‌دا زۆڵێك له‌دایك ده‌بێت، باستاردێك له ده‌لاقه‌یه‌كی زه‌مه‌نی و میژووییه‌وه خۆی هه‌ڵده‌داته كایه‌كی نوێ و زه‌مه‌نی خۆی به‌نێو خێڵه‌كاندا پهرتدهكاتهوه و ده‌بێته ئیلهامبه‌خش و ئاڕاسته‌كه‌ری ئه‌م خێڵه نوێیانه.
زۆڵه‌كان (باستارده‌كان) له‌ناو دروستكه‌ری خێڵهكانن
سلۆته‌ردایك له كتێبی ”منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات” باس له خاڵێكی دیكه ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له‌و ژینگه‌یه‌ی كه زۆڵ و فیگوری زۆڵ (باستارد – Bastard) له‌ناو مێژوودا دروستی ده‌كات. به مانای ئاوڕدانه‌وه له بیۆگرافیای دروستبوونی زۆڵ له مێژوودا، تێگه‌یشتنه له پڕۆسه‌ی ڕاگرتنی مێژوویی کولتور و جڤات له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر. وه‌ك چۆن له تیۆریی په‌ره‌سه‌ندنی داروینیدا جۆره‌كان ده‌یانه‌وێت توخمی خۆیان بپارێزن، ئاوه‌ها مرۆڤه‌كان فیگوری باستارد به‌رهه‌مدێنن بۆ نوێبوونه‌وه‌ی کولتورهكانیان. به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن لە له‌دایكبوونی زۆڵ له مێژوو و کولتوردا پێویسته له‌و زنجیره كۆپیكردنهی نه‌وه‌كان تێبگه‌ین كه له‌ناو کولتوردا نه‌وه‌كان درێژه ده‌ده‌ن به خۆیان، به‌م شێوه‌یه هه‌موو کولتورێك (سیستەمێکی كۆپیكردنه‌وه) له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به جۆرێك كه پارێزگاری له زمان، کولتور، نه‌ریت و ڕه‌نگه‌كانی ئاینی خۆی پێده‌كات.
ئه‌م دوكانی كۆپیكردنهی نه‌وه‌كان، ئه‌م (فۆتۆكۆپی شۆپه) به هه‌موو شێوازه‌كانییه‌وه له ئاینه‌وه بیگره تاوه‌كو حزبه سیاسییه‌كان و تاوه‌كو كۆمینونیتی و جڤاته گه‌وره‌كان به‌رهه‌مهێنه‌ری کولتوری باڵاده‌ست و وێنه‌ی باوكێكه كه له ئاسمانی ڕه‌مزیدا و له خه‌یاڵدایه و ڕاگری جڤاته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌یه. وێنه‌ی ئه‌و باوكه مێژوویی و ئاینی و ڕه‌مزییه‌یه ئەگه‌ر وجودی فیزیكی هه‌بێت له ژیاندا ئه‌وا دوای مردنیشی ده‌بێته ئه‌و بوونه ههلامییه شل و (توخمگهردیلهییهی) له‌ناو ئاسمانی کولتوری جڤاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا درێژه به خۆی ده‌دات.
ڕاسته ستالین مرد به‌ڵام دوكانی كۆپی ستالینزم تاوه‌كو ئێستا وێنه‌كانی له‌ناو جڤات و ته‌وژمە چه‌په‌كاندا بهرههمدێنهتهوه. ڕاسته (مه‌لا موسته‌فای بارزانی) له ژیاندا نه‌ماوه، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك پارتێكی كۆنزه‌ڤاتیڤ، وه‌ك حزبێكی سیاسی له چوارچێوه‌ی دوكانێكی فۆتۆكۆپی شۆپی حزبدا درێژه به‌م وێنه‌یه ده‌دات. له‌ناو یه‌كێتیدا فۆتۆكۆپیهكی (جه‌لالیزم) دانراوه به‌ڵام لاوازه و له‌ناو گۆڕانیشدا فۆتۆكۆپیهكی (نه‌وشیروانیزم) دانراوه، پێكه‌وه هه‌م یه‌كێتییه كۆنه‌كان و هه‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵی به‌گه‌ڕخستنی ئه‌م دوو دوكانه كۆپییه ده‌ده‌ن، كه ئه‌م یه‌كتری ئه‌ویتر ته‌واو ده‌كات. له‌ناو پارتی كرێكاراندا (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) و له شێوه‌ی (ئاپۆیزم) ئه‌و مه‌كینه كۆپییهن، كه وه‌ك خێڵێكی سیاسی نوێ به‌دووی شێوازێكی دیكه‌ی ژیاندا ده‌گه‌ڕێن و به‌رده‌وام ئه‌م کولتوره سیاسییه به‌ده‌وری ئه‌م مه‌كینه كۆپیكردنه‌وه‌ی باوكی گه‌وره‌دا ده‌سووڕێته‌وه. به‌م شێوه‌یه جڤات و کولتورهكان خۆیان وه‌ك (جۆر) له مه‌ترسییه‌كانی له‌ناوچوون ده‌پارێزن.
به‌گشتی لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌وییه فۆتۆكۆپی شۆپه‌كان له‌ناو ئاین، کولتور، سیاسه‌ت و جڤاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌رده‌وامن له بهرههمهێناونهوهی كۆپییه‌كانی باوك، بۆ هیچ نا، ته‌نها له‌پێناوی ئه‌وه‌دا نه‌بێت كه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بایه‌لۆژی له‌ناو نه‌چن. به‌م جۆره له‌م نموونه بچوكانه سه‌یری بكه‌ین، كۆپییه‌كان و مه‌كینه‌ی كۆپییه‌كانی باوك ئاماده‌ییان هه‌یه و کولتوری تایبه‌ت به خۆیان پێكده‌هێنن، ئاینه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بڕدنی كۆمه‌ڵگه و سیستەمی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه و شه‌ڕی كۆپییه‌كان ده‌ست پێده‌كات. چه‌مكی (كۆپیكردن) و (فۆتۆكۆپی شۆپ) یاخود دوكانی فۆتۆكۆپی، جۆره‌كانی وێنه‌ی باوك ده‌پارێزێن، وه‌ك چۆن حزبی كۆمه‌نیستی كۆریای باكور فۆتۆكۆپییهكی باوكی ئاماده‌یی هه‌یه كه له كیم ئیل سونگه‌وه خۆی كۆپی ده‌كاته‌وه تاوه‌كو كیم ئون جونگ.
سیستەمی كۆپیكردنەوە له‌ناو ده‌زگای ئاینی و جڤاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا ڕاگری ژیانێكی سۆسیال کولتورن و داینامیكییه‌تی کولتور ده‌پارێزن. خێڵه دێرینه‌كان خۆیان به وێنه‌كانی باوكی گه‌وره‌وه هه‌ڵده‌واسن و ئایدیاله ئاینی و سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆیانی لێوه به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌م جۆره هۆمۆسابیهن، یان مرۆڤی ئاقڵ، به‌درێژایی مێژوو جۆری خۆی پاراستووه. له‌م ڕوانگه ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌وه، توخمه سۆسیالهكان به‌نێو مێژوودا درێژده‌بنه‌وه. به‌ڵام ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه هه‌ر وا به‌ئاسانی ڕوونادات، به‌ڵكو دابڕان و قه‌یرانی تێده‌كه‌وێت، ده‌لاقه‌یه‌كی تێدا دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كاتێك خێڵی دێرینی کولتوری له پێچه مێژووییه‌كاندا، له هیاتوسهكاندا ( Hiatus) یان له ده‌لاقه زهمهنییهكاندا، زۆڵه‌كان په‌یدا ده‌بن و بانگه‌شه‌ی ژیانێكی نوێ ده‌كه‌ن. زۆڵهكانی مێژوو وه‌ك لادانێك له‌م فۆتۆشۆپه دێرینه په‌یدا ده‌بن و سه‌ره‌تا مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری به خه‌یاڵی ژیانێكی دیكه له خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه و خه‌یاڵێك له هه‌وادا، له نه‌بینراودا پێكدێنن بۆ دروستكردنی تیره و خێڵی نوێی کولتوری و سیاسی، تێدا شێوازێكی دیكه‌ی ژیان، مۆدۆس ڤیڤێندێیهكی دیكه، موماره‌سه ده‌كرێت!
بێگومان بۆ ئه‌م خهیاڵزهدییه خێڵێكی نوێ و هاتنه ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌ر باوكه‌كانی کولتور ده‌كه‌ون، به‌ر خاوه‌نی فۆتۆكۆپی شۆپه‌كان ده‌كه‌ون و ده‌كه‌ونه زۆرانبازی له‌گه‌ڵیاندا. له زۆربه‌ی باردا كه ئه‌م خێڵه نوێیانه دروست ده‌بن گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك دروست ده‌بێت بۆ (خاڵی سفر) و حه‌زێك هه‌یه بۆ (به‌ره‌و خاڵی سفر چوون)ی کولتورێك و دروستبوونی ده‌لاقه‌یه‌كی دیكه، یان باشتر وایه بڵێین هیاتوسێكی دیكه.
خاڵی سفری کولتوری شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به ڕای سلۆته‌ردایك له‌وه‌دا بوو كه له ١٩١٨دا لینین بڕیاڕی كوشتنی كۆی خێزانی قه‌یسه‌ری ڕووسی ده‌دات و لاشه‌كانیان له نادیاردا گۆڕه‌وشار ده‌كه‌ن. ئا لێره‌وه له خاڵی سفری کولتورهكان كه خێڵه ماركسییه‌كان یان هیپیهكان یان ئاینیه‌كان پێی هه‌ڵده‌ستن، پێشكه‌وتنێك له فۆرمدا ڕوو ده‌دات كه ده‌كرێت لێره‌دا ده‌سته‌واژه گرنگه‌كه‌ی سلۆته‌ردایك قه‌رز بكه‌ین كه به (ڕووخان به‌ره‌و پێشه‌وهStürtzen –(Nach – vorne فۆرموله‌ی ده‌كات. یه‌كێكی وه‌ك هیتله‌ر و ناسیونال سۆسیالزمهكهی مێژوو و كۆی ئه‌ڵمانیا له چركه‌ساتێكدا به‌ره‌و خاڵی سفر ده‌بات و حه‌زكردن بۆ كێشكردنی كۆی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ (خاڵی سفر) له‌ناو هه‌ناوی سه‌رۆكی تیره و خێڵه نوێیه‌كانی مۆدێرنه‌دا له چه‌نده‌ها فۆڕمدا خۆی كۆپی ده‌كاته‌وه. مێژوویی كوردی پڕێتی له‌م خاڵی سفرانه.
داداییه‌كان و خاڵی سفری مۆدێرنه
بانگهشكردن بۆ شۆڕش و به‌رگری له دونیایه‌كی ئازاد ئیلهامبه‌خشی كاره ئه‌ده‌بی فه‌لسه‌فییه‌كانی ڕۆمانسییه‌كانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ده‌ی نۆزده بوو. كه‌سانی وه‌ك وه‌ك شیله‌ر، گۆته، گۆتفرید هێرده‌ر و جێمس فۆسته‌ر ئیلهامبه‌خشی خۆیان له ڕۆشنگه‌ریی و شۆڕشی فه‌ڕه‌نسییه‌وه وه‌رده‌گرت. فردریخ شیله‌ر یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی بڕوای وه‌هابوو كه نه‌خۆشییه‌كانی دونیای مۆدێرن ده‌كرێت له ڕێگه‌ی ئێستێتیكەوه چاره‌سه‌ر بكرێت. ڕودیگه سافرانسكی له كتێبی ”ڕۆمانتیك، وه‌ك دۆستگیرییهكی ئه‌ڵمانی” ده‌ڵێت: شیله‌ر ئه‌و تێزه‌ی هه‌بوو كه ده‌كرێت له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی ئێستێتیكی نه‌خۆشییه‌كانی کولتور چاره‌سه‌ر بكرێت… 543-)
هه‌روه‌ها له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی ١٨٧٩ كاتێك تیرۆر ده‌ست پێده‌كات و سه‌ری لویسی چوارده له ١٧٩٢ به گیلۆتی ده‌په‌ڕێنرێت، ئه‌وا فریدریك شیله‌ر ئه‌م خاڵی سفری مێژووه وه‌ك خاڵی سفر نابینێت، به‌ڵكو به نه‌خۆشكه‌وتنی شۆڕشی تێده‌گات. ده‌یه‌وێت بچێت بۆ پاریس و قه‌ناعه‌ت به یاكۆبینهكان بكات چیتر سه‌ری نه‌یارانیان نه‌په‌ڕێنن. شاعیرێكی ڕۆمانتیكی وه‌ك فردریك شیله‌ر: ”وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی توندوتیژی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی شیله‌ر ده‌یه‌وێت شۆڕشێكی ڕۆحی ئه‌لته‌رناتیڤ پێشكه‌شی شۆرشگێڕه‌كان بكات و قه‌ناعه‌ت بكه‌ن به‌وه‌ی كه ته‌نها؛ گه‌مه‌ی هونه‌ر ده‌توانێت مرۆڤی ڕاسته‌قینه دروستبكات…5-41”

ئاوه‌ها هیوا و ئاواته‌كان به پڕۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری و ته‌نانه‌ت به ناپۆلیۆن كه ده‌گاته ئه‌ڵمانیا له ١٨٠٦ هێگڵ وه‌ك داگیركه‌ر سه‌یری ناكات به‌ڵكو وه‌ك ڕزگاركه‌ری ڕۆحی جیهان. هه‌ر بۆیه ڕسته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ڕۆحی جیهان له‌سه‌ر ئه‌سپه „Weltgeist zu Pferde”..
بۆ زیاتر بڕوانه:
http://texte.phil-splitter.com/html/hegel_-_napoleon.html
ئه‌م هه‌موو هیوا ئاواته هه‌ڵواسراوه به پڕۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی نۆزده و پاشان كه یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی ده‌ست پێده‌كات یه‌كه‌مین درزی دیاره له دیواری پڕۆژه‌ی مۆدێرنه، به‌ڵام بردنه‌وه‌ی جه‌نگ دۆڕاندنی ئه‌ڵمانیا و ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دیسانه‌وه وه‌همه‌كانی به دواڕۆژهكی باشتر بۆ ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ی گه‌شانده‌وه. به‌م جۆره ترس له په‌یدابوونی خێڵی نوێ ڕه‌وایه‌وه. پاریس له دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی مه‌ڵبه‌ندی گه‌شانه‌وه‌ی هونه‌ر بوو، ڕۆمانتیكییهتی ساڵۆنه‌كان و باسوخواسی زانست و ئه‌ده‌ب و پیشه‌سازییه مژدههێنهرهكان له كه‌ش و هه‌وای ئه‌وروپادا ده‌هات و ده‌چوو.

به‌ڵام داداییه‌كان له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه ڕۆحی خه‌ونه ڕۆمانسییه‌كانی دوا جه‌نگیان به سفربوونه‌وه و (دادا – dada) پێناسه كرد. بهسفركردنهوهی دونیا و ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له كۆتایی هه‌ژده و نۆزده‌دا ڕۆمانتیكه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد. یه‌كێكی وه‌ك هۆگۆ بال قۆناغی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا، نه‌مسا، عوسمانییه‌كان و گه‌شانه‌وه‌ی هیواكان و خوماری له‌ژێر ناوی ناسیونالیزم و به‌رگری له دونیای مۆدێرن به چركه‌ساتی سفربوونه‌وه‌ی مێژوو تێده‌گه‌یشت. هۆگۆبال و هاوڕێكانی ئه‌و چركه‌ساته سفره (Nullpunkt) ترسناكه‌یان له پێش هه‌موو بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف و سیاسیه‌كانی سه‌رده‌می خۆیانه‌وه ده‌بینی. ته‌عبیركردن له‌و چركه‌ساته سفره‌ی جیهان تێیكه‌وتووه له ڕێگه‌ی تێكشاندنی نۆرمه باوه‌كانی هونه‌ری داداییهكانهوه خۆی به‌رجه‌سته ده‌كرد. داداییه‌كان ده‌یان ویست ته‌عبیر له‌و سیفۆنی میزكردنه بكه‌ن كه دۆشامب له‌ناو سندوقێكی شوشهیشیدا به‌ناوی فواره داینا. دونیا هیچی تر نییه جگه له خوێندنه‌وه‌ی شیعرێكی بێ‌مانا و ناپه‌یوه‌ست وشه‌یی نه‌بێت. دونیا هیچی تر نییه جگه بهزبڵكردنی مرۆڤ و گه‌مه‌كردن نه‌بێت به چاره‌نووسه‌كان. دونیا هیچی تر نییه، جگه لە فواره‌ی میزدانهكانی ناماقوڵییهت و دڕنده‌یی نه‌بێت. هیچی تر نییه، كه به‌تۆبزی پاڵتۆی ڕۆشنگه‌ری و یه‌كسانی و مۆدێرنه‌یان پێ له‌به‌ركردووه.

یانه‌ی ڤۆلتێر ئه‌و یانه‌یه بوو له تسوریخ كه وشه‌ی دادای تێدا پراكتیزه ده‌كرا، وشه‌كه له فه‌ڕه‌نسیدا مانای ئهسپهدارینهی منداڵان ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌موو دونیا گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه‌یه، دونیای له پێش ئه‌قڵانیه‌ته، هیچی تر نییه جگه له دادا، ده‌كرێت هه‌موو شتێك دادا بێت، خاڵی منداڵبوونه‌وه و سفربوونه‌وه بێت و گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ سفری پێگه‌یشتن. هۆگۆبال له مانیفێستی داداییهكاندا كهلهچواردهی یولی ١٩١٦ ”مانیفێستۆی دادایزم” بڵاوده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت: دادا وشه‌یه‌كی ئینتهرناسیونالییه، وشه‌یه‌كه وه‌ك جووڵه‌یه‌ك وه‌هایه. به‌ساده‌یی قسه‌بكه‌م وشه‌یه‌كی ترسناكه، كاتێك كاری هونه‌ری له‌سه‌ر دابمه‌زرێنیت و كاری هونه‌ری لێ دروستبكه‌یت، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین كه دادا مانای ئه‌وه‌یه؛ ئاڵۆزییه‌كان له شته‌كان ده‌كه‌ینه‌وه. دادا بۆرجوازی، دادا شاعیری گرنگ و گه‌وره، دادا گۆته، دادا سایكۆلۆیا، دادا لیتراتور، دادا شه‌ڕی جیهانی بێكۆتایی، دادا شۆڕشه‌كان بێ بوونی خاڵی ده‌ستپێك، دادا هاوڕێكانت، دادا هه‌موو نۆرمه‌كانی ئیفانگیلستهكان، دادا … 6)
به‌م شێوه‌یه هونه‌ر له دژی هونه‌ر، شیعر له دژی شیعر، شێتاتی و هیلاكی دونیا به دۆزینه‌وه‌ی دادا و سفربوونه‌وه‌ی جیهان خۆی له كاری هونه‌ری و پێرفۆرمانس و شیعردا به‌رجه‌سته ده‌كرد. داداییه‌كان له پشت ئه‌م گوتاره‌یان ده‌یان ویست باسی ئاودهستبوونی جیهان بكه‌ن، به‌و سیفه‌ته‌ی جیهانی مۆدێرنه له ڕۆژئاوا وه‌ك دوورگه‌یه‌كی ئاڵتونی له خه‌یاڵی مۆدێرنستهكاندا پێناسه ده‌كرا، به‌ڵام له ڕاستیدا پڕۆژه‌ی مۆدێرنه جگه له سیفۆنێكی ئاوده‌ست زیاتر نه‌بوو كه لاشه‌ی مرۆڤ و بوونه‌وه‌رانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. بێگومان ساڵانی دوایی، چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك دوای نمایشی میزدانهكهی دۆشامب و دوایش سیفۆنه، ته‌نانه‌ت ئێستاش گۆی زه‌وی نه‌ك بۆته ئاوده‌ست، به‌ڵك بۆته زبڵدانێكی گه‌وره‌ی كه‌لاكی مرۆڤ و زبڵی به‌جێماوی مۆدێرنه له هه‌موو شوێنێكدایه، به جۆرێك كه ئه‌م هه‌ساره‌یه به‌ره‌و ژه‌هراویبوون ده‌ڕوات و به‌رەو خاڵی سفر به‌ره‌و داڕمان پێشده‌كه‌وێت.
هۆگۆبال ئه‌م چركه ساته له سفربوونه‌وه‌ی شته‌كان به (خوماربوونێكی وهسفنهكراو) پێناسه ده‌كات. هاوڕێكانی سه‌ره‌تای نمایشی هونه‌ری ده‌ستپێده‌كه‌ن له پڕۆژه‌ی (یانه‌ی ڤۆلتێر) له (تسوریخ – زیوریخ) سه‌ره‌تایه‌كه بۆ نمایشی ناماقووڵییهت و خاڵی سفری سه‌ده‌ی بیست، بۆ زه‌مه‌نێك هۆگۆ گووته‌نی؛ (ئه‌وه خشاندن و سكهخشێی زه‌مه‌ن بوو… 7-11) زه‌مه‌نێك له یەکەم جه‌نگی جیهانییەوە مۆدێرنه خاڵی سفری ده‌ست پێده‌كات و به‌ره‌و خاڵی سفر ڕۆیشتنی كۆی نه‌ته‌وه‌كان و داڕمان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رده‌وامه.
داداییه‌كان ده‌یان بینی له‌ناو ئه‌م خاڵی سفر و ڕووخانه‌دا، نه‌ته‌وه‌كان له سه‌ره‌تای ١٩١٤ به‌حه‌ماسه‌وه چه‌پڵه بۆ جه‌نگ و خاڵی سفری خۆیان لێده‌ده‌ن و به‌ره‌و خاڵی سفر ده‌چنه پێشه‌وه. ده‌رئه‌نجامیش له (حه‌فتا ملیۆن) سه‌ربازی ڕێكخراودا (9,3) نۆ ملیۆن كۆما سێ سه‌رباز ده‌كوژرێن و بیست و یه‌ك ملیۆن بریندار و كه‌مئه‌ندام ده‌بن و (7,8) حه‌وت ملیۆن كۆما ههشتخهڵكی سیڤیل ده‌كوژرێن. ئاوه‌ها هه‌موو قسه زله‌كانی سه‌رۆك خێڵه مۆدێرنه‌كانی ناسیونالیزم و ڕۆشنگه‌ری و سۆسیالیستی كه چوونه شه‌ڕه‌وه به‌رده‌وام له خاڵی سفردا Nullpunktیه‌كده‌گرنه‌وه.
له‌دایكبوونی زۆڵ وه‌ك په‌یامبه‌ری خێڵه نوێیه‌كان
كاتێك مێژووی خێڵ به‌ره‌و خاڵی سفر هه‌نگاو ده‌نێت، كاتێك كۆی نۆرمه دێرینه‌كان كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و كاره‌سات ڕاپێچ ده‌كات، ئا لێره‌دا ده‌لاقه‌ی دیكه‌ی زه‌مه‌نی، )هیاتوسی نوێی(دیكه دروست ده‌بنه‌وه و له هه‌ناویه‌وه، پێش زه‌مینه‌ن بۆ دروستبوونی خێڵی نوێی باستارده نوێیه‌كان. زۆڵه‌كان دێن چیتر نایه‌نه‌وێت كۆپی باوك بن و به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا خۆیان كۆپی ده‌كه‌ن و له (خودێكی لاسایكردنه‌وه- Imititative Subejckt) ی باوكدا كۆپییه‌كه‌ی دیكه‌ی مرۆڤێكی دیكه له‌ناو کولتوردا بانگه‌شه ده‌كه‌ن.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌م پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕه‌گه‌كان كه باستاردێك وه‌ك (سەبژێکتێکی لاسایكه‌ره‌وه) مه‌سیح و خوا ده‌كاته وێنه‌ی یه‌كه‌می بۆ دامه‌زراندنی خێڵێكی نوێ له‌ناو كریستیانیزمدا. هه‌ر بۆیه ئه‌م (خوده لاساییكارهوهیه) له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیانزه‌دا ده‌بێته كاراكته‌ر و کولتوری زۆڵێك له‌ناو کولتوری كریستیانزمدا. به مانای ده‌ركه‌وتنی دووه‌م باستارد و زۆڵ له كرسیتانیزمدا خودێكه لاسایی مه‌سیح ده‌كاته‌وه. دیاره ئه‌وه ده‌زانین كه باستاردی یه‌كه‌م یه‌كه‌میان یه‌سوعه كه خوا باوكییه‌تی، به‌ڵام هی دووه‌میان باوكی سه‌ر زه‌وی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌مه گه‌نجێكه به ناوی (جیۆڤانی باتیستا بێرناردۆنێ – Giovanni Battista Bernardon) كه (به فه‌ڕه‌نسییه بچوكه‌كه) ناسراوه، به (فرانسیس) ناسراوه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیانزه له ١٢٠٧ له ئیتاڵیا له‌لایه‌ن باوكییه‌وه ڕاپێچی به‌رده‌م دادگای كڵێسا ده‌كرێت. فرانسیس له‌لایه‌ن باوكییه‌وه به‌وه تاوانبارده‌كرێت كه له فه‌رمانی ئه‌و ده‌رچووه و پاره‌ی باوكی به‌هه‌ده‌ر داوه به‌وه‌ی به‌خشیوویه‌تی به هه‌ژاران و گهڕوگولهكانی شار و دهرۆزهكاران. هه‌ر بۆیه باوكی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات ئەگه‌ر واز له‌و به‌خشینه نه‌هێنێت، ئه‌وا بێبه‌شی ده‌كات له میراتی خۆی. لێره‌وه و له‌م چركه‌ساته‌دا بۆ یه‌كەم جاره له‌ناو کولتوردا باستارد و زۆڵبوون و بێبه‌ریبوون له باوك شه‌رم نه‌بێت، به‌ڵكو زۆڵبوون ده‌بێته شانازی. چونكه فرانسیس له دادگاكه‌دا خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه و هه‌موو جله‌كانی ده‌داته‌وه به باوكی. وه‌ك مه‌سیح ڕووتدهبێتهوه و به‌هێمنی ده‌ڵێت؛ تۆ به باوكی من له‌سه‌ر زه‌وی ناونراویت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ت پێ بڵێم؛ كه باوكی ڕاسته‌قینه‌م له ئاسمانه… 4-343)

لێره‌وه له‌و بڕوایه‌دام كه له‌و چركه ساته‌وه کولتورهكان له‌و (خودێكی لاسایكه‌ره‌وه)ی مه‌سیح په‌یدا ده‌بێت، كه بێگومان خودێكی پێش مۆدێرنه‌یه و له هه‌ڵكشانی مۆدێرنه‌دا ئه‌م (خوده لاساییكه‌ره‌وه‌یه) جارێكی تر له‌ناو کولتوری فاشیۆندا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئاوه‌ها کولتوری نه‌فیكردنی باوك و لاساییكردنی باوكی گه‌وره كه له ئاسماندایه، فیگورێكی دیكه، مرۆڤی دیكه‌یه فڕێدەداته کولتورهكانهوه كه ده‌توانن له ڕێگه‌یه‌وه خێڵی نوێ بۆ خۆیان دروستبكه‌ن.
ده‌بێت له‌و (سەبژێكتی لاسایكار)ی (فرانسیس ئاسیسی – قه‌شه فرانسیس) تێبگه‌ین كه له سه‌ده‌ی سیانزه لاسایی مه‌سیح ده‌كاته‌وه و وه‌ك مه‌سیح خوا ده‌كات به باوكی خۆی. وه‌ك هه‌ر زۆڵێك مهمهلهكتێك بۆ خۆی دروست ده‌كات، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی باوك له‌خۆ ده‌گرێت بۆ ڕه‌واكردنی كێشه‌ی ئێكیستهنتاڵی و وجودی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه. فرانسیس له ڕێگه‌ی لاساییکردنەوە بازهه‌ڵده‌دات به‌سه‌ر خوێندنی قه‌شایه‌تی و لاهوت و لاتیندا، چونكه ئه‌و وه‌ك كوڕی بازرگانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند خوێنده‌وارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو، به‌ڵام به‌دووی شێوه ژیانێكی دیكه ده‌گه‌ڕا. هه‌ربۆیه خودی لاساییكارهوهی له ڕێگه‌ی مه‌شقی ڕۆحی خۆیه‌وه پێده‌گه‌یه‌نێت و له چه‌قه‌وه به‌ره‌و كه‌ناره‌كان ده‌ڕوات، له ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه بۆ ڕووت و ڕه‌جاڵی و ده‌چێت سواڵ ده‌كات و برسی ده‌بێت و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستی تاریك ده‌خه‌وێت، تاوه‌كو بزانێت تامی برسێتی و هه‌ژاری چییه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو وه‌ك مه‌سیحێك ده‌چێته ناو تووشبووانی گهڕوگوولی و ده‌ست لهبرینهكانیان ده‌دات و سواڵیان بۆ ده‌كات. جله‌كانی هیچی تر نین جگه له گوێنی زبر نه‌بێت، كه له دوایدا ده‌بنه سمبولی (فرانسیسكانییهكان) له مه‌سیحیه‌تدا. فرانسیسكانییهكان سێكس ناكه‌ن و پیوه‌ندی هاوسه‌رگه‌ریی ناكه‌ن، هه‌ر بۆیه (كلارا) ی دڵداری كه‌په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كات، ئه‌ویش وه‌ك قه‌شه فرانسیس ئه‌شقی مه‌سیح كۆیانده‌كاته‌وه و (خوشكه كلاریستیهكان) تاوه‌كو ئێستا هه‌زاره‌ها دێری خۆیان هه‌یه كه ژیانیان بۆ مه‌سیح و خۆشه‌ویستی مه‌سیح ته‌رخانكردووه.
ئاوه‌ها ڕووتبوونه‌وه‌ی فرانسیس، خێڵی گه‌وره‌ی كۆچه‌ری له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان دروستده‌بن كه فرانسیسكانیهكان ناودهردهكهن. ڕهدووكهوتووهكانی فرانسیس ته‌نها هه‌ژاران نین، به‌ڵكو به‌شێكیان كوڕی ده‌وڵه‌مه‌ند و خوێندكاره‌كانی لاهوتهكانی كڵێسای كاسیولیكی ڕۆمن كهبهدووی شێوهژیانێكی دیكه‌دا (مۆدۆس ڤیڤێندی) ده‌گه‌ڕێن. ئه‌مانه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سواڵكه‌ر و نه‌خۆشی گهڕوگوول و ژیانی ڕۆحی‌دا بۆ یارمه‌تیدانی مرۆڤه كهناركراوهكان ده‌ژین و خواردن و ده‌رمان و پێویستی ژیانیان بۆ ته‌رخانده‌كه‌ن. ئاوه‌ها قه‌شه فرانسیس تامردنی له چل و دوو ساڵیدا گه‌وره‌ترین خێڵ و تیره‌ی له‌ناو كریستانیزمدا دروستده‌كات، پاپهكانی ڕۆم به‌ناچاری دان به‌و ڕه‌وته‌دا ده‌نێن.
به‌ڵام ئه‌وان هێشتا له‌ژێر شۆكی تیره‌و خێڵه فرانسیسكانهكاندان ڕزگاریان نه‌بوو بوون، كه له سه‌ده‌ی شانزه‌دا زۆڵێكی تر، باستاردێكی دیكه دێت و لهباوكهكانی ڕۆم هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌ویش له‌ژێر كاریگه‌ری قه‌شه فرانسیس و خۆڕووتكردنهوهكهیهیدا خۆی بێبه‌ری ده‌كات له باوكایه‌تی ڕۆم و كلێسای كاسیولیكی. مارتین لوسه‌ر له ١٥١٨ نه‌وه‌ده و پێنج یاسا نوێیه‌كه‌ی ئێڤانگیلیوم به ده‌رگای كڵێسای هایدلبێرگدا هه‌ڵده‌واسێت. به‌مجۆره ئاوه‌ها له‌نێوان ده‌لاقه‌ی زه‌مه‌نی یان هیاتوسی كۆتایی سه‌ده‌ی سیانزه تاوه‌كو سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزه باستاردێكی دیكه، زۆڵێكی دیكه، له‌دایك ده‌بێت كه مارتین لوسهره و كریستانیزم ده‌بێت به دووكه‌رته‌وه كاسیولیكی ڕۆم و پڕۆتستانت. ئاوه‌ها زمه‌نێكی تر له‌ناو کولتوردا زۆڵێك دروستدهكارت دینامهیهكی پاراستنی کولتور له‌خۆ ده‌گرێت ئاوه‌ها سلۆته‌ردایك گووته‌نی؛ زه‌مه‌نێكی تر و زۆڵێكی دیكه… Andere Zeiten, andere Bastarden ,4.S53
خاڵی سفر و دروستبوونی خێڵی نوێ
له‌ناو هه‌ناوی سوستێمهكاندا دروستبوونی خێڵ و تیره‌كان ئه‌گه‌رێكی به‌رده‌وامه، خه‌یاڵدانی مرۆڤ ئاوسه بهحهزێك بۆ دروستكردنی خێڵه نوییه‌كان، چونكه مرۆڤ دڵسۆزه بۆ توخمی خۆی وه‌ك هۆمۆسابیهنێك، وه‌ك بونه‌وه‌رێكی ئاقڵ وێنه‌ی خێڵ وه‌ك پاراستنی جۆری خۆی و نوێبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه، به‌رده‌وام خێڵه‌كان له فۆرمی جۆراجۆردا به‌خۆیان و سه‌رۆكی تیره‌كانیانه‌وه ده‌ربكه‌ونه‌وه و داینامیكی کولتوری به‌رده‌وامی پێبده‌ن و چه‌نده‌ها شێوزای شارستانی و شێوازی ژیان به‌رهه‌مبهێنن.
ئه‌وه باستاردی نوێین كه له قه‌یرانه‌كانی سه‌رده‌مه‌وه له‌دایك ده‌بن و پشت ده‌كه‌نه بنه‌چه‌كانی خۆیان، وه‌ك كوڕێكی دیكه‌ی خواوه‌ند ده‌یانه‌وێت تیره‌یه‌كی دیكه دابمه‌زرێنن. سلۆته‌ردایك له‌م گوتاره نوێیه‌یدا () له كه له ڕێكه‌وتی 27.01.2018 له ڕۆژنامه‌ی (تسیورخی نوێ) بڵاویكردۆته‌وه، باس له خێڵێكی دیكه ده‌كات كه چاوه‌ڕێیی باستاردێكی دیكه‌یه. ئه‌و باستارده (قه‌شه فڕه‌نسیس) نییه، (مارتین لوته‌ر) نییه، (ڕۆپسێر) نییه، (ناپۆلیۆن) نییه، (لینین و ستالین) و زۆڵهكانی دیكه‌ی سه‌ده‌ی بیست نین، كه له‌سه‌ر ته‌نه ڕه‌قه‌كان له‌دایك بوون، پاشان وێنه‌ی ژیانێكی دیكه‌یان له هه‌وادا وه‌ك بڵقی هه‌وایی بڵاكردۆتهوه. هه‌ر یه‌كه‌ی سه‌رسام بووه به‌م (بڵقه هه‌واییه) كه ڕۆحی سه‌رده‌مێكی تری وه‌ك فوویهكی په‌نگخواردوو له خۆدا هه‌ڵگرتووه. كه‌واته له ڕه‌قه‌وه بۆ نه‌رم و پاشان ده‌ستكاریكردنی ڕه‌ق، له‌ناو ڕووداوه‌كاندا بۆ خه‌ون و وێنه‌ی نوێ و پاشان گۆڕانكاری دونیا.
به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا هه‌موو خهونهكان، وێنه‌كان، چرپه و هه‌ناسه‌كان، چركه‌ساتی مردن و خۆشییه‌كان و پێكههڵپڕژاندهكان، هه‌موو تۆن و ڕه‌نگه‌كان و خهونهكان خاوه‌ن زه‌وییه‌كی جێگیر و لۆكال و جوگرافیایه‌كی جێگیر نین، به‌ڵكو له‌م سه‌ری بۆ ئه‌و سه‌ری دونیا له هه‌وادا ده‌نگده‌ده‌نه‌وه و ده‌جوڵێن و هاوار ده‌كه‌ن و قسه ده‌كه‌ن، به جۆرێك وه‌ها مه‌زنده ده‌كه‌م له دوا جاردا مرۆڤ هیچی تری پێ نامێنێت بۆ گووتن، هیچی بۆ نامێنێت بۆ نمایشكردن‌و هه‌موو وزه نمایشییهكهی خۆی و خوده لاساییكەرهوهكهیImititative Subejckt و خوده نمایشكارییهكهی خۆی، له فه‌یسبووك و تویته‌ر و یوتوبدا به‌تاڵ ده‌كاته‌وه و دونیایه‌ك ده‌مێنێته‌وه بێزمان و بێئایدیا و بێنمایشی ڕاسته‌قینه. دونیایه‌ك كه تێیدا هه‌موو خێڵه‌كان له تاكی ته‌نهای سلۆته‌ردایك گووته‌نی؛ (گرێدراوی دابڕاو -Connected Isolation)ەوه دروست ده‌بن كه ته‌نها و گۆشه‌گیره له‌ناو بڵقه ههواییهكهیدا، له‌ناو پفكهكهیدایه و ناتوانێت جیابێته‌وه لێیی، له‌ناو كایه‌ی خۆیدایه‌تی كه مۆبایله‌كه‌یه‌تی و ناتوانێت كێشه وجودییه‌كانی بۆ چركه‌یه‌ش له‌یاد بكات. ئاوه‌ها باستاردۆچكهی بچووك، بچووك، (زۆڵی بچووك) جێگه‌ی به باستاردی گه‌وره ده‌گرنه‌وه. كۆپییه چینییه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا جێگه به ئۆرگینالهكان ده‌گرنه‌وه، مه‌مكه سلیكۆنه‌كان جێگه به مه‌مكه ڕاسته‌قینه‌كان و لێوه فووتێكراوهكان جێگه به لێوه ڕاسته‌قینه‌كان، به جۆرێك كه به‌یانی له خه‌و هه‌ڵده‌ستیت نا‌توانیت به‌خته‌وه‌ر بیت به ئه‌شقی دوێنێ شه‌وت، چونكه نازانیت له كوێدا كۆپی بووه و له كوێدا ئۆرگینال. ژنیش به هه‌مان شێوه نازانێت له كوێدا ئه‌شقه‌كه‌ی فووتێكراوی هۆرمۆن و ده‌رمان و ڤیاگرایه و له كوێدا ڕاسته‌قینه‌یه. له‌م كایه نوێیه‌دا، وێنه و كۆپییه‌كان پێش له‌دایكبوونی باستاردی گه‌وره و زۆڵی مێژوو ده‌كه‌ون.
دروستبوونی باستاردێكی دیكه له ڤیرتوالهوه ئه‌گه‌رێكی دیكه‌یه، به‌ڵام بۆ خێڵێك كه له تاكه گۆشه‌گیره‌كان دروستبوون، له دونیای ته‌نهایی تاكه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌بێت و له هیاتوس و كه‌لێنی نێوان مرۆڤه ته‌نها گۆشهگیرهكانهوه خۆی هه‌ڵده‌داته ناو ساردی دونیای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌وه. ئه‌م (گرێدراوی دابڕاو -Connected Isolation ( به ته‌عبیری سلۆته‌ردایك له سه‌دا په‌نجا تاوه‌كو له سه‌دا شه‌ستی مرۆڤه‌كانی ئه‌م ڕۆژئاوایه كه به ته‌نها ده‌ژین و گۆشه‌گیرین.
دیارده‌ی تهنهاكهوتنهوه یه‌كێكه له مه‌ترسییه گه‌وره‌كان له‌سه‌ر ”ڕۆحی سۆڵیداریتی” له جیهاندا. نه‌بوونی منداڵ و حه‌زنه‌كردن به بوونی منداڵ و ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ی جووته تهنهاكانیش یه‌كێكن له‌و كێشانه‌ی كه ونبوونی ڕۆحی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون. هه‌ستمردوویی و هه‌ستنه‌كردن به بوونی منداڵ و دایكایه‌تی و باوكایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌دا بۆته خه‌ستكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی ئابووری وه‌ها، كه منداڵ و كات ته‌رخانكردن بۆ خێزان و دایكایه‌تی و باوكایه‌تی له نه‌خشه‌ی كاتی كاركردندا وه‌لا بخرێت.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بیه‌وێت به پله‌كانی بیزنس و كاردا سه‌ربكه‌وێت ده‌بێت (خۆپهرستێكی ئه‌قڵانی) بێت و كاتی نه‌بێت بۆ هیچ كه‌سێكی ده‌وروبه‌ری. ئه‌م مۆدێله ساڵانێكه له ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا پراكتیزه ده‌كرێت و بۆته مۆدێلی مرۆڤی سه‌ركه‌وتوو له‌ناو تۆڕی گڵۆباڵیزمدا.
ئه‌م تاكه‌ی له به‌رهه‌مه بێشوماره‌كانی هۆلیوودا به‌رده‌وام له فیلمه‌كاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه به‌م جۆره‌یه؛ كه‌سێكی ته‌نهایه به كاره‌كه‌یه‌وه نووساوه، به ته‌نهایه و نیوه‌شه‌وان ده‌چێته ماڵه‌وه و كۆمپانیاكه‌ی و جۆبهكهی (كاره‌كه‌ی-Job) ده‌كاته ئایدیال، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه كهسیهكانیشی پابه‌ندن به كاره‌كه‌یه‌وه، دڵدارییه‌كانی، تووڕه‌بوونه‌كانی، به‌خته‌وه‌رییه‌كانی، كه له ماڵیشه بیر له كاره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه. ئه‌م پڕوپاگه‌نده هۆلیوودییه ئه‌مریكانیزم بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كردووه و وزەی پێده‌به‌خشێت. ته‌نانه‌ت له فیلمی ئهكشندا پاڵه‌وانی فیلمه‌كه مرۆڤ ده‌كوژێت، به‌ڵام پشت به فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ده‌به‌ستێت؛ به‌ڵێ ده‌زانم ئه‌م كوشتنه هه‌ڵه‌یه و بێویژدانییه، ئه‌م سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه جۆبی منه و ویژدان و دڵسۆزی له‌وه‌دایه وه‌فاداربم بۆ كاره‌كه‌م! یاخود ده‌ڵێت؛ من له‌گه‌ڵیدا ده‌خه‌وم بۆ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی كۆمپانیا و خۆم، هه‌رچه‌نده خۆشم ناوێت، به‌ڵام به‌شێكه له جۆبهكهم!
ئه‌م تاكه ته‌نها و جۆب په‌رست و خۆپه‌رست و سارده ههستمردووه، ئه‌و مه‌ترسیه‌مان بیردێنێته‌وه كه ئادۆرنۆ به ‘ساردی میتاڵ’ له دوای یەکەم جه‌نگی جیهانییەوە وه‌سفی ده‌كات. ئه‌م تاكپهرستییه دووره له ئیندیڤیدوالیهت و سه‌ربه‌خۆیی تاک كه مرۆڤ پێوستێتی، به‌ڵكو جۆرێكه له ئیندیڤیدوالیهت ئادۆڕنۆ له میینما مۆڕالیادەڵێ: ”ئه‌وه‌ش بۆگه‌ن ده‌كات كه ناوی ئیندیڤیدوالیزمه… 10. 25” ئه‌م تاكه به‌م هۆشیارییه ڕۆشنگه‌ره هه‌ڵه‌وه وه‌ك سلۆته‌ردایك له كتێبی ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیدا ئاماژه‌ی پێده‌دات، گۆشه‌گیری خۆی له په‌یوه‌ستبوونی ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و چات و وه‌تسئاپ و ڕسته‌ی كورت و فه‌یسبووك و تویته‌ر و یوتوبیكردندا ده‌بینێته‌وه. ئه‌م تاكه گرێدراوه هیچی تر نییه جگه له گۆشهگیرێك كه گرێدراوه به ئه‌وی تره‌وه.
ئه‌م تاكه گۆشه‌گیره له‌گه‌ڵ میدیاتۆچكهكهی خۆیدایه‌تی، به مانای میدیا بچوكه‌كه‌ی خۆی سه‌رقاڵه، خودێكی لاساییكەرهوهی هه‌یه كه له هه‌رزه‌كارییه‌وه له یوتوب و فیلمه‌كاندا ده‌یبینێت، ده‌بێته به‌شێك له هۆشیاری و كاراكته‌ری. پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و مامۆستایانی په‌رورده‌ی نوێ مه‌ترسی ئه‌م میدیایه به یه‌كێك له هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌كان تێده‌گه‌ن. زۆر تێپه‌ڕنابێت كه‌گه‌نجێك ، پیاوێك ، ژنێك به‌خۆی تفه‌نگێكه‌وه له‌ناو قوتابخانه‌یه‌كدا، له‌ناو گۆڕه‌پانێكدا، له‌ناو شۆپێكدا ده‌رده‌كه‌وێت و په‌لاماری خه‌ڵك ده‌دات. ئه‌م دهرپهڕینهی تاكه گۆشه‌گیره بێزاره، جارجاره ده‌كه‌ونه سه‌ر ڕووبه‌ره‌كانی ڕووداوه‌كان و ڕووداوی جه‌رگبڕ دروست ده‌كه‌ن، به جۆرێك ئه‌م (گۆشه‌گیره گرێدراوه) وه‌ك فیگورێك خۆی نماشی ده‌كات، نمایشێكی لاساییكهرانهوهی ئه‌و وێنانه‌ی له یوتوب و نێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و فیلمه‌كاندا ده‌یبنێت. ئه‌م فیگوره له داهاتوودا بازههڵدهداته ناوه‌ڕاستی هۆشمه‌ندی ڕۆژئاواییه‌وه له شێوه‌ی تۆتالیتاریزمێكی نوێ. لێره‌وه به‌ر سلۆته‌ردایك ده‌كه‌وینه‌وه و بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌م میدیایه تایبه‌ته به خوده گۆشه‌گیره، ده‌بێت له (قاوغه هه‌ڵبژارده‌كان) سلۆته‌ردایك نێزیكبینهوه؛
”ئه‌وه‌ی هه‌وڵی كاراكتهریزهكردنم داوه به‌ناوی (قاوغه هه‌ڵبژارده‌كان) كۆنسێپتێكه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌گه‌مه تێۆریی میدیا كه تاكه‌كان وه‌ك وێستگه‌ی پشوودان له‌ناو تۆڕه‌كانی كۆمۆنیكاسیۆندا پشووی تێدا ده‌ده‌ن و خۆیانی له‌سه‌ر ده‌نووسن…8.151)
خه‌یاڵدانی مرۆڤایه‌تی ئاوسه به بوون له‌ناو كووندا، له‌ناو قاوغدا، خه‌ڵقكردن وه‌ك قاوغێكی به‌تاڵ له قووڕ و بوونی ڕۆحی مرۆڤ له‌نێویدا، بوونی بواری مرۆیی وه‌ك كێڵگه‌یه‌كی سایكۆلۆژی له‌ناو قاوغی قووڕیندا خۆی تێدا قوشمه‌ڵه بكات و هه‌ست بكات له‌وێدا بوونی هه‌یه. مرۆڤ له خه‌یاڵی ئاینه‌كانه‌وه وه‌ها بیری له خۆی كردۆته‌وه كه مرۆڤ قاوغێك بووه وه‌ك كوپهڵهیهك له قووڕ (خوا وه‌ك سیرامیكارێك) دروستی كردووه و وه‌ك چۆن منداڵێك فوو ده‌كات بڵقه كهفاوییهكهیدا، ئاوه‌ها خوا به فوویه‌ك ڕۆحی كردووه به‌به‌ردا . خوا هیچی تر نییه له ئاینه‌كاندا جگه له گۆزهچییهك و سیرامیكارێك نه‌بێت؛ سلۆته‌ردایك له (منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات)دا ده‌ڵێت:
”بۆچی خوا به‌پێی لێكتوره ئینجلییهكان، جه‌سته‌ی ئاده‌می وه‌ك قاوغێك له قووڕ خهڵقكرد و بۆچی ده‌بوایه خه‌ڵقكردنی وه‌ك قاوغێكی سیرامیكی وهسفبكردایه… بیرۆكه‌ی لهقاوغدابوون و هه‌روه‌ها (Im Behälter – Sein) (بوون – له‌ناو قاوغدا) مانای (تێپه‌ڕبوونی – بوون)ه له ڕێگه‌ی مه‌شقكردنی بهبهرههمكردنی كوپهڵهییهوهیه. هه‌موو تێوهرهكانی میدیا و ته‌نانه‌ت هه‌موو ته‌كنیكه‌كانی له‌و توخمه گرنگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرن. له‌و ئایدیاییه‌وه، كه مرۆڤ له سه‌ره‌تایدا وه‌ك كوپهڵهیهك، قاوغێكی سیرامیكی دروستكراوه…8.152)
ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه له دوای ساڵی ١٩٩٨وه كه سلۆته‌ردایك یه‌كه‌مین كتێبی (كایەكان – كایه‌ی یه‌كه‌م – پفكهكهكان Blasen – Bubble) بڵاوكرده‌وه ئێستا و دوای بیست چه‌نده‌ها ساڵ دوای ئه‌م كتێبه گه‌وره‌یه‌ی، جارێكی تر سلۆته‌ردایك له (ڕۆژنامه‌ی تسیورخی نوێ)دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێوه‌ره‌ی پفكهكان (بڵقه هه‌واییه‌كان) و باس له‌و میدیایه ده‌كات كه به‌دووی تاكه‌وه‌یه له‌ناو كایه‌ی خۆیدا. ئه‌م جاره‌یان با له مه‌ترسی كایه‌كانی میدیا و بڵقه هه‌واییه‌كان ده‌كات سیستەمی نێتۆركی نیولیبرالیزم ناهێڵێت ئه‌م مرۆڤ له بڵقهكهی خۆیدا ببێته جه‌مسه‌ر و گۆشهگیرتری ده‌كات له قاوغه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ڵكو فوویهكه پڕ له شه‌ڕانگێزی ده‌كات به قاوغهكهیدا میدیای نوێ وه‌ك خوایه‌ك دێته پێشچاو كه فوو ده‌كات به قاوغی تایبه‌تی مرۆڤه‌كانه‌وه، لێره‌وه خێڵه‌كان له‌ناو تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و میدیایی نوێ‌دا ئه‌گه‌رێكی دیكه‌ی تۆتالیتاریزمان ده‌خاته پێش چاو، به جۆرێك كه فیگورێكی وه‌ك دۆناڵد ترامپ و ژنه‌كه‌ی و كچه‌كه‌ی، كه له قومارخانه و پڕۆنۆ ئیندوسترییهوه هاتوون، ده‌نگی بێ‌شومار ده‌هێنن و دێنه ناو سیاسه‌تی جیهانه‌وه.

Annika Von Hausswolff؛Attempting to Deal with Time and Space, 1997
ئه‌م میدیایه نوێیه ترسناكه پابه‌نده به‌و فووه‌ی ده‌كرێت به پفكهدا، به كهفهكاندا، به‌و فووه‌ی كه به‌شێكه له ڕۆحی شته‌كان و ده‌كرێته ناو ته‌نێكی شلی وه‌ك بڵقه كه‌فاوییه‌كاندا و به هه‌وادا باڵه‌فڕه‌یان پێده‌كات. ئه‌م فووكردنه میدیاییه به مرۆڤدا به‌وه‌ی ژیانی ڕێڕهوخواز بكات یان بیكوژێت یان زیندووی بكاته‌وه، له فانتازیای قورئانییه‌وه له (سوره‌تی زمر) ئایه‌تی شه‌ست هه‌شتدا وێنه‌ی بۆ كێشاوه، كه خواوه‌ندی ناو قورئانمان بیردێنته‌وه كه فوو ده‌كات به كه‌ڕه‌نادا (فنفخ فی الصور فصعق من في السماوات ومن في الأرض) به مانای فووی كردۆته كه‌ڕه‌نا و ئه‌وه‌ی له زه‌وی ئاسمان بوون ترس و بروسكهییان پێداهات. لێره‌دا لای ئێمه شرۆڤه تیۆلۆگییهكهی ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه بۆ تیۆلۆگ و ئیسلامناسهكان بهجێدەهێڵین. به‌ڵام له ڕووی تێوه‌ره‌ی کولتورییه‌وه مرۆڤایه‌تی هاوبه‌شه له خه‌یاڵێكی هاوبه‌شیدا وه‌ك چۆن (كاڕڵ گوستاف یونگ) له شیكاری ده‌روونیدا بڕوای وه‌هایه كه مرۆڤایه‌تی خاوه‌ن (نه‌ستێكی كۆمه‌كی و گشتییه) و مرۆڤایه‌تی به‌شداره له خه‌یاڵێك كه له‌م کولتور و شارستانییه‌وه بۆ ئه‌ویتر خۆی ده‌گوازێته‌وه. لێره‌وه هه‌مان (خه‌یاڵدانی قاوغ) له قورئاندا ئه‌و خهیاڵدانهمان نیشانده‌دات كه هه‌بووه بۆ فووكردن به كه‌ڕه‌نا و قاووغهوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان بلهرزهنێت، هه‌مان فووه كه له كتێبی پیرۆزی ته‌وارت و ئینجیل‌دا باس له مرۆڤ ده‌كات كه خوا له بێكاری خۆیدا مرۆڤ له قوڕ دروست ده‌كات، وه‌ك قاوغێكی قوڕینی فوویی تێده‌كات، فوویه‌ك كه ڕۆح ده‌كات به‌به‌ر ئه‌م قاوچهی ناوی مرۆڤه. لێره‌وه مرۆڤ وه‌ك بڵقه هه‌واییه‌كان پڕده‌بن له فووی یه‌كتر و وه‌ك قاوغێك به فووی ئه‌ویتر چاره‌نووسی دیاری ده‌كرێت.
ئه‌م خه‌یاڵی فووكردن به ته‌نێكدا، فووكردنی ڕۆح به قاوغهكاندا له میدیای نوێ‌دا بازههڵدهداته ناو ڕیاڵه‌وه. چونكه ته‌واوی فووهكان، ته‌واوی ده‌نگه‌كان، هه‌سته‌كان و چرپه‌كان و له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و میدیای قاوغه‌كه‌ی به‌رده‌ستی؛ مۆبایل. ئایپاد، لاپ‌تۆپ…هتد دێن و ده‌چن و له‌جیاتی خواوه‌ند، ده‌روونی كه‌سه‌كان و تاكه گۆشه‌گیره‌كان ده‌له‌رزێنن. بێگومان پێش ئه‌وه ملیۆنه‌ها بیروڕای كورت و بروسكه‌یی، نه‌ك قووڵ و بیركه‌ره‌وه، له‌سه‌ر تۆڕی نێت ته‌عبیری له‌خۆی كردووه.
بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه (گرێدراوی دابڕاو) به ته‌عبیری سلۆته‌ردایك و یان (گۆشه‌گیری گرێرداو) توانای بیركردنه‌وه‌ی قووڵیان نییه، ئه‌وه سروستی گۆشه‌گیری و نائارامیی مرۆڤی گۆشه‌گیره كه ناتوانێت ئۆقره بگرێت، له‌م دێڕ بۆ ئه‌و دێڕ بازهه‌ڵده‌دات، له‌م وێنه بۆ ئه‌وی تر، له‌م پۆستی فه‌یسبووك بۆ ئه‌ویتر و له‌م گرته‌ی ڤیدیۆیی بۆ ئه‌وی تر، ته‌نانه‌ت په‌نجه‌كانی فێرن یاری به ئه‌په‌كانی بكات و بیان جووڵێنێت. ئه‌م گۆشه‌گیره گرێدراوه به‌رده‌وام له بازداندایه، له پڕسه‌ی بێئۆقره‌یی و بازدانه لێره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تر، له‌م سه‌ردێڕ بۆ ئه‌ویتر، له‌م هه‌واڵ بۆ ئه‌وی تر، له‌م پۆست بۆ ئه‌وی تر، له‌م وێنه بۆ ئه‌وی تر. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه كه ستیڤ جۆبز داهێنه‌ری ئه‌پڵ و ئایفۆن و ئایپاد، له چاوپێكه‌وتنێكیدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه نه‌یهێشتووه منداڵانی خۆی خاوه‌نی ئه‌م ئامێرانه‌ی خۆی بن و به‌كاربهێنن 9.
لێره‌وه ئه‌م په‌رتبووه گۆشه‌گیرانه بوونیان له‌م كێڵگه بارگاوییه به بیروڕای كورتهێنهر، به میدیای نیولیبرالزمی، به وێنه‌ی گۆشه‌گیری خۆپه‌رست و لاساییكارهكانی. ئاوه‌ها ئه‌م گرێدراوه دابڕاوه، ئه‌م ڕۆحه ئاماده‌یه بۆ فوویه‌ك له كه‌ڕه‌ناوه به‌ره‌و سندوقی ههڵبژادردن، به‌ره‌و خۆپیشاندان، به‌ره‌و كوشتنی بێ‌ئامانج، به‌ره‌و ئالووده‌بوون به سێکفرۆشی و سێکسفرۆشان… هتد بجوڵێنرێت و له‌شی بروسكه‌ی پێدا بێت و سڕبێت و به‌ره‌و مردن و تێكدانی شێوزای ژیانێك هه‌نگاو بنێت و خاڵی سفر Nullpunkt هه‌نگاو بنێت.
سلۆته‌ردایك له به‌شه‌كانی كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: کەواتە دروستکردنی ئەو (هۆز) و (خێڵە خۆویستانە) بریتی نین لە کێشەکە، بەڵکو شتەکە بەپێچەوانەوەیە، واتە: لە هەر کوێیەک ئەو (خێڵ) دروستکردنە خۆڕسکییە نەبێت، لەوێدا دۆخێکی پڕ کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. لەناو ئەو هۆزانەدا (تاکی بێئاڕاستە) و (تاکی بێڕیشە) لەلایەن جووڵە ئاپۆرەیی و جەماوەرییە هەڵلووشەکانەوە هەڵدەمژرێن، کە وەک ئەرکێکی ئەبستراکت گفتی نیشتیمانێکی پێدەدەن… 3
له‌دایكبوونی زۆڵ بۆ خێڵه نوێیه‌كان
له‌م گفتوگۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌مان له‌مه‌ڕ تاكی گۆشه‌گیری گرێ‌دراو، قاوغ، و (خودێكی لاسایكه‌ره‌وه – Imititative Subejckt) و خاڵی سفری مێژوو، كه‌وتن به‌ره‌و پێشه‌وه، به‌ره‌و وێنه‌ی ئه‌و (باستارده نوێیه) ده‌ڕۆین كه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا له‌دایك ده‌بن.
من مهزندەی ئه‌وه ده‌كه‌م كه باستارده نوێیه‌كان له فۆرمی باستاردۆچكهی بچو‌وكدا ده‌رده‌كه‌ون. وه‌ك توخمه گهردیلهییهكانی تۆڕی میدیاكان وه‌هان و له‌یه‌ك كاتدا وه‌ك وێنه‌یه‌ك و فیگورێك له چه‌ند لایه‌كی ئه‌م دونیایه‌وه سیاسه‌تێك له ده‌روونه‌كاندا دروست ده‌كه‌ن، كه زیاتر گرێدراوه به فیگوری نوێیی نیولیبرالزم له‌ناو تۆڕی گلۆباڵیزمدا. ئه‌م فیگوره له ده‌ركه‌وتنی فیگوری ترامپ و دیارده‌ی ترامپیزمهوه، سه‌ره‌تاكانی ئه‌و (دابڕاوه گرێدراوه) و خۆپه‌رسته باستاردۆچكه ده‌رده‌كه‌وێت. ئیدی زه‌مه‌نی (باستارده گه‌وره‌كانی مێژوو) به‌سه‌رده‌چێت، زه‌مه‌نی پاڵه‌وانه‌كانی مێژوو گوزه‌شت و له‌گه‌ڵیشیدا باستارده پاڵه‌وانه‌كانی وه‌ك مه‌سیح كه خۆی به‌خت ده‌كات، په‌یامبه‌ره‌كان كه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌كان ده‌كه‌ن، منداڵه‌كانی میتۆلۆژیا كه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خواوه‌نده گه‌وره‌كان و ده‌عبا حهوتسهرهكان ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه كۆتایی پێدێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆتایی هه‌موو شه‌ڕه گه‌وره‌كانی مێژوو، كۆتایی زه‌مه‌نی شۆڕشه گه‌وره‌كان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ده‌ست پێده‌كات، ئیدی میكرۆشۆڕش، و میكرۆ ده‌سه‌ڵات و میكرۆ جه‌نگ، جێگه به ڕووداوه گه‌وره‌كان ده‌گرنه‌وه. بێگومان كاری نیولیبرالیزم به ڕای من (به میكرۆكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه) ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌موو جه‌نگه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌وان به‌رپایان كردوهه، بۆ وردكردن و بهمایكرۆكردنی ئاین و نه‌ته‌وه و پێناسه گه‌وره‌كانی ڕۆحی نه‌ته‌وه و جڤاتهكانن، له بازاڕێكی گه‌وره‌دا، كه ناوی گلۆبالیزمه.
ئاوه‌ها باستاردۆچهكهكان لێره و له‌وێ شان به‌شانی دوكانی كۆپیكردنهوهكانی کولتوردا ڕێده‌كه‌ن و چیتر توانای دروستكردنی ڕووداوی گه‌وره‌یان نییه. لێره‌وه باستارد به ڕای من ده‌مرێت و باستاردۆچكه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. ئاوه‌ها زۆڵۆچكه – باستاردۆچكه ده‌بنە كاراكته‌ری نوێیی خێڵه نوێیه‌كان، به‌وه‌ی لاسایی وێنه ڤێرتوالهكان ده‌كه‌نه‌وه كه (خێڵی خهیاڵبۆكراو) ڕۆژانه له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی نێت به‌رهه‌می ده‌هێنن. ڕاسته ئه‌مانه له ده‌ركه‌وتندا وه‌ك باستاردی گه‌وره دیارن، به‌ڵام له ئه‌كت و توانای ڕیزپهڕكردنی دوكانی كۆپیكردنه‌وه‌ی کولتوری نیولیبرالیزمی وه‌ك باستاردی بچووك ده‌مێننه‌وه و جارێكی تر ده‌چنه‌وه ناو فۆتۆكۆپی شۆپه‌كه‌ی کولتوری نیولیبرالیزم و بازاڕی گڵۆباڵه‌وه.
له‌م خاڵه‌وه مرۆڤی نوێی ئه‌م سه‌رده‌مه و مۆبایله‌كه‌ی و مرۆڤ و كایه میدیاتچۆكهكهی (میدیای بچوك) و مرۆڤ و كوپهڵهكهی، مرۆڤ و سیرامیكیهكهی یه‌كده‌گرنه‌وه و تاكڕه‌وێتی ده‌بێته گۆشه‌گیرییه‌كی خۆپه‌رستانه. چیتر مرۆڤ له‌ناو بڵقه ههواییهكهی خۆیدا، له‌ناو پفكه ڕۆحییه‌كه‌ی خۆیدا نابێتە جه‌مسه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌مسه‌رێكی دیكه یه‌كبگرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وی تر وه‌ك جه‌مسه‌رێكی دیكه‌دا دابه‌شبوون به‌شكردنی هه‌بێت، له ژیاندا، وه‌ك چۆن ته‌وه‌ره‌ی بڵقه هه‌واییه‌كانی سلۆته‌ردایك ئاماژه‌ی پێده‌دا، نه‌خێر، به‌ڵكو له‌بارەی ئه‌م تاكه گۆشه‌گیره نوێیه‌دا به‌ره‌و فۆرمێكی دیكه‌ی تۆتالیتاریزم هه‌نگاو ده‌نێت، كه له‌ناو ڤیرتوالهوه خێڵه ڤیرتوالهكان دروستیان كردووه و به‌دووی باستاردێكی گه‌وره ده‌گه‌ڕێن، نه‌ك باستارد به‌دووی ئه‌واندا بگه‌ڕێت. لێره‌وه باستاردۆچكه له‌دایك ده‌بێت، لێره‌وه هه‌ر خێڵێك باستاردۆچكهیهك بۆ خۆیان دهدهۆزنهوه.
به دیوێكی تردا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی نێت و مێگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو ئه‌م تۆڕه‌دا جۆرێكی دیكه باستارد له‌دایك ده‌بێت، كه له‌ناو ته‌نی نه‌رمدایه، له‌ناو توخمه‌كاندا، له‌ناو گه‌ردیله هه‌واییه‌كانی ناو نێتۆركهكانهوه په‌یدا ده‌بن و به‌ناو خێڵه ئامادهكاندا بڵاوده‌بنه‌وه و باستارده ترسناكه‌كانی تۆتالیتاریزمی نوێ له‌دایك ده‌بن. ئه‌م جاره به‌ڕای من به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی مێژوویی سه‌ده‌كانی له‌وه‌وه‌به‌ر؛ كه سه‌ره‌تا مه‌سیح وه‌ك باستاردێك له زه‌وی خه‌لیل له فه‌له‌ستین به خه‌ونی ژیانێكی دیكه‌وه دروست ده‌بێت و پاشان تیره‌و خێڵه‌كانی كریستیانییهتی دروست ده‌بن. موحه‌مه‌د وه‌ك باستاردێكی نوێ و نهفیكراو له ساراكاندا و له‌ناو شوانكاراندا گهورهده بێت و پاشان خێڵ و تیره‌ی موسوڵمانێتی دروست ده‌كات. چیتر باستاردی وه‌ك لینین دروست نابێت، كه به‌شداره له شۆڕشی ١٩٠٥ و له لوتكه‌ی تیژبوونه‌وه‌ی زۆرانبازییهكان به‌ره‌و سویسرا هه‌ڵدێت و له‌وێ له سویسراوه خه‌یاڵی خێڵی گه‌وره و ژیانێكی دیكه (مۆدۆس ڤیڤێندی) دیكه دروست ده‌كات و به یارمه‌تی موخابه‌راتی ڤلیههمی دووهه‌می ئه‌ڵمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕووسیا بۆ دامه‌زراندانی مۆدۆس ڤیڤێدنیهكی دیكه كه ناوی سۆڤیه‌ته. نه‌خێر، ئه‌مجاره خهیاڵزهدییهكه له تهنهاكانهوهیه، خه‌یاڵێكه له تاكه گۆشه‌گیره گرێدراوهكانهوهیه. ئیدی خێڵێك له هه‌وادا دروست ده‌بێت، خه‌یاڵی خۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ته‌واوده‌كه‌ن و ته‌نها پێویستیان به باستاردێكه، به زۆڵێكه بێت و ڕابهڕایهتیان بكات، بۆ هیچ نا، ته‌نا بۆئه‌وه‌ی دونیای سفربووهوهی مۆدێرنه جارێكی تر به‌ره‌و خاڵی سفر به‌رێته‌وه، به‌ره‌و پێشه‌وه پێشی بخات وه‌ك كه‌وتنێك به‌ره‌و پێشه‌وه.
له‌نده‌ن – 26.02.2018
ته‌واو
سه‌رچاوه‌كان
-
Peter Sloterdijk, Sphären I -Blasen, Suhrkamp Verlag 1998.
-
Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernunft, Suhrkamp Verlag 1983.
-
پیته‌ر سلۆته‌ردایك، ئایا
”ئایا بەڕاستی خێڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟”
چەند کورتە تێبینیەک لەسەر گوتاری باوی هاوچەرخ. له ئه‌ڵمانییه‌وه به‌كر عه‌لی – کولتور مه‌گه‌زین – ژماره سێ
-
Peter Sloterdijk, die schrecklichen Kinder der Neuzeit, Suhrkamp Verlag 2014.
-
Rüdiger Safranski, Romatik, eine deutsche Affäre, Shurkamp 2013
-
Hugo Ball, Eroeffnungs-Manifest, 1. Dada-Abend, Projekt Gutenberg- de.
-
Hugo Ball, Flucht aus der Zeit, Humbolt Verlag 1927.
-
Peter Sloterdijk, Hans-Jürgen Heinrich, die Sonne und der Tod, Shurkamp 2006
-
10. Theodor w. Adorno. Minma Moralia. Shurkamp1985.
ته‌وه‌ره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێڵه‌كان
”ئایا بەڕاستی خێڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟” – پیته‌ر سلۆته‌ردایك….. له ئه‌ڵمانییه‌وه: به‌كر عه‌لی
كاتێك خێڵه نوێیه‌كان له‌دایك ده‌بن…… ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
خێڵی كراوه و دوژمنه‌كانی…….به‌كر عه‌لی
هه‌موو ئه‌م گوتارانه یه‌ك له‌دوای یه‌ك بڵاوده‌بنه‌وه و یه‌ك دۆسیه‌ن.

ساڵی ٢٠١٨
Culture Magazine Issue 3

ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه.