ئایا بەڕاستی خێڵەکان دەگەڕێنەوە؟  

پیته‌ر سلۆته‌ردایك – چەند کورتە تێبینیەک لەسەر گوتاری باوی هاوچەرخ —
لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

پیته‌ر سلۆته‌ردایك
902

لە سەردەمی ئێستادا قسەیەکی زۆر هەیە لەبارەی پێکهاتەی ڕەفتاری خێڵ و هۆزەوە لەناو کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا. یونیڤێرسالیستەکان و گڵۆبالیستەکان، ئەوانەی پێیان وایە پابەندن بە ئیدیای پێکەوەگرێدانەوەی مرۆڤایەتیی و بە ئیدیای جڤاتیگەرەوە Grosscommunity. ئەمڕۆ وا دیارە لەپڕێکدا ئەوان لەو خەونە شیرینەیان داچڵەکابن و لەمەشدا ئەو گوناهبارانەیان دەستنیشان کردبێت، کە پێیان وایە ئەمانە بن: ناسیۆنالیستەکان، هەرێمخوازەکان، و فەرهەنگخوازەکان.

کەواتە با ئێمە بپرسین: ئایا بەڕاست خێڵەکان دەگەڕێنەوە، یان وا پێدەچێت خێڵایەتی (تریبالیزم)  لە خودی خۆیدا هەر وەکو بنەڕەتی هەبوونی مرۆڤ، کۆن و بەتەمەن بێت؟ بەڵام ئایا ئەگەر ئەمەش دروست بێت، ئەوا داواکردنی مرۆڤایەتییەکی گەردوونی، و داواکردنی ئینتیمای تاکەکان بۆ فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ یەکتریدا دەکەونە ناکۆکییەوە؟ ئەمەش لە هەمان کاتدا دەشێت ئەوەشمان پیشان بدات، کەوا: تەنیا لەو شوێنەدا کە مرۆڤ هەست دەکات خۆی لە هەموو بیرۆکە و خێوە کۆنەکان ڕزگار کردبێت، ئیتر ڕێک ئا لەوێدا جارێکیتر ئەو دەبێتەوە  بە وەرگری پەیامە دەسەڵاتخوازییە نوێکان.

هەڵبەت ئەوەی لێرەدا دروستە بگوترێت بریتییە لەوەی، ئێستا ئێمە لەناو فۆڕمێکی جیهاندا دەژین کە بەردەوام خۆی هاوکات  و سینکرۆنیزە دەکاتەوە. ئەمەش خۆی لەسەر ئاستی ئاڵوگۆڕی سەرمایە، کاڵا، ئینفۆرماسیۆن و کەسەکاندا نمایش دەکات.  لە هەموو ئەم بوارانەشدا زەبری مۆدێرن بۆ بوون لەناو هاوکاتێتیدا زۆر بەزەقی هەستی پێدەکرێت.

 

لە هەمان کاتیشدا ئەوەش ڕاستە، کەوا: لایەنگرانی شارستانییەتە جۆراوجۆرەکان گێڕانەوە و داستانی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، لەپێناوی ئەوەی بارودۆخی خۆیان لەناو جیهانی هەنووکەدا هاوچەرخ بکەنەوە. ڕەنگە ئەمەش هێندە دووریان بخاتەوە، کە هەندێک لەو کولتورانە ناچار بکات کەلێندەر – ساڵنامەی کولتورەکانی تر بەکاربهێنن. ئەوەش شتێکی ساویلکانەیە پێمان وا بێت؛ هەموو جیهان کراوە بە زەمەنی ”گریگۆری Gregorisch” تەنیا لەبەرئەوەی زۆرینەی ئێمەی خۆرئاوایی  شوێن ئەو پێوەرەی ساڵنامەیه‌ کەوتووین.

ئەوەتا جەژنەکانی کڵێسەکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتیش تاوەکو ئەمڕۆش بەپێی کەلەندەری ژولیانی Julianisch دیاری دەکرێن، کە 13ڕۆژێک درەنگتر دێت. ئەگەر بیریش لە ژماردن و نووسینەوەی کات لای جوولەکە و ئیسلامیش بکەینەوە، کە ئەمانیش بەپێی لەدایکبوونی مەسیح دەستپێناکەن، ئەوا بەو پێیە ساڵی ئەمڕۆی جوولەکە دەکاتە 5778(کە بە ئەفراندنی بابل دەستپێ دەکات)، و هی ئیسلامیش دەکاتە 1439ی کۆچی (کە کۆچکردنی موحەمەدە لە مەکەوە بۆ مەدینە). هەروەها وڵاتە گەورەکانی وەکو چین و ئێرانیش ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئامادەش نین زەمەنێک کە خۆرئاوا دیاری کردبێت بسەپێنن بەسەر خۆیاندا.

جیهان هەرگیز یەک نەبووە

کەواتە ئەگەر لەسەر ئاستی ساڵنامەکاندا پلورالیزمێکی قووڵ ڕەچاو بکرێت، ئەوا ئێمە لەسەر ئاستی داستانە لۆکالەکانیشدا فرەییەکی بەسەلیقەی بەرپابوونی جیهان دەبینینەوە، کە شیاوی وێڵکردن و بچووککردنەوە نییە. ئەمەش تەنیا لای میتۆلۆگەکان نییە، کە تێیاندا هەموو کولتورەکان بەشێوەیەکی کردەییانە خۆیان شپرزە و شێواو دەبیننەوە، و دەبێت باسی ئەو سەرەتا و پێشینانەش بکات بەوەی پێشتر هیچ مرۆڤێک نەبووە گەواهی لەسەر ئەوان بدات. نەخێر، تەنانەت لای داستانە مێژووییەکانیش بە مانا ڕاستەقینەکەی وشەکە، دەبێت ڕەچاوی ڕوانگەیەکی ڕادیکالانەی داهاتوو بکەین. لە دیدی تیۆریی کولتوریشەوە وەک چۆن ئەوە شتێکی مانادار و گونجاوە، کە ئەو هەموو داستانانە لەبەرچاو بگیرێت، بە هەمان شێوەش دەبێت ئەو شوێنگانەش لەبەرچاو بگیرێن کە ئەو داستانانەیان تێدا هاتۆتە ئاراوە.

لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەوە شتێکی ڕاست نییە کە بگوترێت: جیهان بۆ چەندین تیرە، هۆز و خێڵ لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە، وەک ئەوەی ئەم جیهانە پێشتر و لە کاتێکی دیاریکراودا لەناو پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا بووبێت و هەموولایەنەکانی یەکانگیر کرد بێت.  لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، هیچ نییە جگە لە یەکاڵابوونەوەی  قەپگرە ئەمەریکییەکە. واتە تەنیا لەنێو ئەم پرۆژە نیوە ئەندێشەییە و نیوە پراگماتیکییەدا یۆتۆپیای جیهانێکی خۆرئاوایی کە هەموولایەنەکانی تێخزێنرا بێت، شیاوی وێناکردنە.

ئەو کۆنسێپتانەش لەو بەینەدا لەبەر چەندین هۆ وەهمیبوونی خۆیان سەلماند. یەکەمیان لەبەرئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەکو زلهێزێکی پێشڕەوی خۆرئاوا لەژێر سەرۆکایەتی سەرۆک ترەمپدا زۆرتر قێزەونانە دیارە وەک لەوەی دڵگیرانە بێت.دووە‌میان، لەبەرئەوەی ئەوروپاش تا داهاتوویەکی نادیار بەشێوەیەکی ڕێژەیی، چەقبەستووی لاوازییەکی سیاسی دەبێت. دوا جاریش، لەبەرئەوەی نەرمونیانی کولتورە هەرێمییەکان لە تەواوی دنیادا  تا دێت بەرگرییان لە دژی هەژموونی خۆرئاوا بەهێزتر دەبێت. ئەمەش بە تەنیا لەناوکایەی عەرەبی Arabosphäre  و کایەی ئێرانی Iranosphäre    و کایەی تورکی  Turkosphäre دا نابێت، بەڵکو هەروەها  لە چین و لە ئەندەنوسیا و لە ناوەڕاستی ئاسیا و لە ئەفریکا و لە ئەمەریکای لاتینیش. دۆخی (پۆست_کۆلۆنیالی جیهانیی)  بوار بۆ ڕاگەیاندنی بڕێکی زۆر ڕق و نەفرەت لە دژی خۆرئاوا واڵا دەکاتەوە.

ئەوەش هەڵەیەکی ترسناک دەبێت، ئەگەر بێتو کۆی ئەو تەوژمانە لەژێر چەمکێکی بێڕێزکراوی وەکو  ”ناسیۆنالیزم”دا کورت بکرێنەوە. ڕاستییەکەی ئەوە زیاتر دەربڕی شپرزەیی و پەرێشانی یونیڤێرسالیزم و گەردوونگەرایییە بێچارەکەیە، وەک لەوەی دەربڕی ئەو ئامادەییە بێت کە خۆمان لەگەڵ هەقیقەتی پلورالیتێت و فرەجەمسەرییدا دەرگیر بکەین.

 

کولتورە دابەشبووەکان

کێشەی ڕاستەقینەی شارستانەتی ناکەوێتە ناو فرەیی ئیتنییەوە لەگەڵ ڕەنگدانەوەکانی  لەناو داستانە لۆکالییەکاندا، جا ئەگه‌ر هاتوو  بەوە بگوترێت ناسیۆنالیزم یاخود ناتیڤیزم، بەڵکو ڕاستییەکەی خۆی لەو (ناهاوشێوەییە)  قووڵە بەردەوامەدا دەبینێتەوە کە دەکەوێتە نێوان ڕابوردوو و داهاتوو کە لەناو هەر کولتورێکدا هەیە. پابەند بەمە دەتوانین قسە لەسەر ئەو پێکدادانەی نێوان نەریتگەری Traditionalismus  و داهاتووگەری Futurismusبکەین، کە هاوشان بەیەکتری ڕوودەدەن، واتە هەم لە دەرەوەی سنووری بوارەکانی کولتوردا بەرپا دەبن و هەمیش بگرە، زۆرتر لە ناوەوەی خودی کولتورەکاندا بەرپا دەبن.

هەڵبەتە دەشێت ئەوەش بڵێین زەبری خۆمۆدێرنیزەکردن ئەمڕۆ بووەتە چارەنوس، بەڵام هێندە هەیە کە هەموو چارەنوسەکان وەکو یەک ناڕۆن. لە دیدی ماکرۆهیستۆرییەوە (ماكرۆ- مێژووییه‌وه‌) هەموو کولتورەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ دوو پەرێشانی و نیگەرانی سەراپاگیردا دەرگیربکەن؛

 

 یەکەمیان:لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا کەوا زەوی وەکو  (ئێکۆسیستەمێکی  هەسارەیی کۆتادار)  بناسێت و بتوانێت سیاسەتی ژینگەیی تەنیا لەناو دەرهێنانەوە Regieوەربگرێت.

 دووه‌‌میان:لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی کە پێی وایە گواستنەوە لە (نەریتگەرییەوە) بۆ (داهاتووگەری)  لە هەموو جێیەکدا کەم و زۆر بێ هیچ چەندوچۆنێک شیاوی ڕوودانە. ئەمەش واتای ئەوەیە، زۆر لە کولتورەکان دەبێت لەوە تێبگەن، کە ئەوان چاودەخشێننەوە بە بەشێکی زۆری دابڕاوی ڕابوردوویاندا و لە هەمان کاتیشدا دەڕواننە داهاتوویەکی زۆرینەی هاوبەشیش.

 

لێرەدا (دۆخگەرییەکی گڵۆبال) سەرهەڵ دەدات، کە تێیدا ئەم تاکە زەوییە وەکو بارەگایەکی کولتوری هاوبەش دەبێتە پێشخانێکی بەردەم.  داستانە لۆکالەکان زۆریان لێ دەکرێت ئاسۆ ئیدیۆکرۆنەکان  Idiochronen  Horizontenی پێکهاتەی مێژووی خۆیان لەگەڵ ئاسۆ ڤیرتوێله‌، دیدگەییە، هاوکات و سینکرۆنییەکانی زەمەنی هاوبەشی جیهاندا هەماهەنگ و تەبا بکەن. بگرە شتەکە وا باشترە، ئەگەر لە ئەنجامی ئەو کۆششانەوە پرۆژەی فرەڕوانگەیی بۆ مێژووی گەردوون بێتە ئاراوە.

کەواتە ئیتر شتی وەڕسکەر لەناو ئەو هێزە دەرپەڕێنەرانەی ناوەنددا کە پێکەوەژیانی ئێستای کۆمەڵگه‌کانیان گرتۆتەخۆ، پێناچێت کەوتبێتە نێو خێڵایەتییەکی تازەی وەئاگاهاتووەوە، بەڵکو لەناو شوێنێکی تردایە. لە ڕاستیشدا ئەو تەوژم و ڕەوتانەشی سەبارەت بە هەڵکشانی ئیندیڤیدوالیزم یان تاکایەتین، كه‌ سەر بە وێنە گشتییەکەی مۆدێرنیتێتن، و بەتایبەتیش لە کاتی زۆربوونی بەردەوامی پێکەوەبوونیدا.  لە کاتێکدا تاکەکان بەردەوام جەخت لە ناهاوتایی و نابەرابەریی خۆیان دەکەنەوە. کەچی دەبینین ئەوان هێشتا بەبەردەوامی هەر گرێدراوی بڕێکی زۆری هاوبەشیکردنی کاری کۆمەڵایەتی، ئابووریی پارە، پەیوەندییەکان و بەشدارییەکانیانن لە تەوژمە ئینفۆرماسیۆنەکانی ئەودیوی هاوسێیەتییانەوە.

تۆم ماین Thom Maneبەر لە چەند دەیەیەک ئەم کێشەیەی لە ڕوانگەیەکی تیۆریی ئەرخیتێکتۆرییەوە بە دەستەواژەی (گرێدراوی دابڕاو – connected isolation) داڕشتووە.

 

تاکایەتییە گەورەکە      

ئەم دەربڕینە ڕوونەش گرێدراوی تەوژمێکی بەهێزی هەلومەرجە هاوچەرخەکانی مەسەلەی نیشتەجێبوونیشە، چونکە بەپێی ئەنجامی سەرژمێرکارییەکان لە سەدا پەنجا بۆ شەستی دانیشتوانی شارە گەورەکانی خۆرئاوا وەکو کەسی سەڵت و تەنیا دەژین، جا لەناو خانووی یەکژووریدا بێت، وەک ئەوەی لە ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا بڵاوبوو، یان لەناو خانووی چەند ژووریدا بێت، ئەوانەی بۆ خێزانی بچووک دروست دەکرێن.  زۆرینەی دیاری ئەو تاک و سەڵتانە ئەوە بەیان دەکەن کەوا ئەوان خۆیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تەواو ئاوێزان کردووە، بەڵام جەختیش لە لایەنە باشەکانی شێوە ژیانی modus vivendiخۆیان دەکەنەوە.تاک پتر لە هەر شتێکی تر سوودەکانی هەڵبژاردنی دراوسێ بۆ خۆی لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئاسوودەیی ئەوەی فاسیلە و دووریشی لەگەڵدا هەبێت.

لەم نێوبەندییەشدا ئێمە تێبینی ڕوویەکی دیاردەی خێڵایەتی دەکەینەوە، کە ئەفسووس لەنێو ڕەخنە باوەکانی هەلومەرجە مۆدێرنەکاندا چ ڕۆڵێکی بەرچاوی پێ نەدراوە. ئەنترۆپۆلۆگی مێژووییش ئاماژە بەو ڕاستییە دەدات، کەوا گەشەسەندنی (هۆمۆ ساپینس Homo Sapiens)  یاخود مرۆڤی ئاقڵ لە بنەڕەتدا لەناو ئەو گروپە بچووکانەوە ڕوویداوە، کە جاران پێیان دەگوترا تیرە  Hordenو هەندێک جاریش بە خێڵ  Stämmeیان هۆز Clansپێناسه ‌دەکران.

بەم پێیە مرۆڤ دیزاینی ئەنترۆپۆلۆگییانەی خۆی سەرەتابەپێی قەوارەی گروپێکی بچووکە، پاشان زۆر دواتر لە چاخی گەلە بەراییەکان و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پاشایەتیدا خۆی گۆڕیوە بۆ پێکەوە ژیان و پێکەوە هەبوون بە هاوەڵایەتی گەلان لەناو فۆرماتی قەوارەی کۆمەڵایەتی گەورەدا. لەمەشدا فەرهەنگی نووسین، سیستەمی پەروەردەکردن و فێرکردن بەشدارییەکی جەوهەرییانەیان لە چەسپاندنی شارستانەتیدا کردووە.

لە سەردەمی هیلینیزمی درەنگوەختدا کۆنسێپیی (کۆسمۆپۆلیس -Kosmopolis) پەیدا بوو، کە بریتی بوو لە هاوتایەکی بوێرانە بۆ ”شاری گەورە” یان بۆ گەردوون. دانیشتوانی ئەم شتە گەورە و قەبەیەش بە خۆیان دەڵێن کۆسمۆپۆلیتەکان-گەردوونییەکان. ئایدیای شار لەناو گەردووندا بەپێی ئەزموونەکانی بازرگانەکان، دەریاوانەکان، ئۆفیسەرەکان و ڕوناکبیرە گەشتەوەرەکان خۆیان ئاڕاستە کردووە. بایەخی هاوبەشیشیان بە ئاڕاستەی ئەو ڕێبازەیە، کە وانەی ئەوەمان فێر دەکات: بتوانین ــلە هەموو جێیەکداــ بژین. هیومانیزمیش ئەوە دەگرێتەخۆی، کە لە خۆتدا بێگانە بکەیتە دۆست. واتە ئەوەی لە هەموو جێیەک بتوانێت لە ماڵەوە بێت، ئەوە لە هەموو جێیەکدا لە تاراوگەدایە.

لەم دیدەوە هیومانیزم وەکو (تریبالیزم- Tribalismus)  یان چاكتر وایه‌ بڵێین وه‌ك  خێڵێک بۆ خەڵکانێک کار دەکات کە لەکارخراون. لە دیدی ئەودا جیهان پڕاوپڕە لەو دۆستانەی کە هێشتا نەی ناسیوون. کاتی خۆیشی (هیومانیزمی ئەنتیک –Humanismus  der antike)  ڕەچاوی ئەو ڕاستییەی کردبوو. کەوا ئەو کاتەی کە مرۆڤ لە ماڵەوە نابێت، ئیتر مەیل و ئارەزووی ئەوەی دەبێت، بەدەوری خۆیدا، دەوروبەرێک بۆ دەستەیەکی بچکۆلانەی سەرەتاییانە فەراهەم بکات. ئەوەش بریتیی بووە لەوەی مرۆڤ ئەو شێوە ژیانەی مەشقی جاویدانی هەڵبژاردووە، کە بیانوویەکی باش بووە بۆ ناکۆمەڵایەتیبوونێکی موقەدەس.

وەرچەرخانی دەسەڵات

لەم دیدگایەوە ئەوەمان لا ئاشکرا دەبێت، کەوا شێوە ژیانی تاکایەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا دەبێت لەگەڵ پەیوەندارییەکی پتەوی کۆگەلیدا ناوگیر بێت. لایەنێکی باشەی وزە تاکەکانی ژیان لە ڕێی ئامرازەکانی تێلەکۆمینیکاسیۆنەوە لەناو بونیادی (گرێدراوی دابڕاو Connected Isolation)ەوە بەرەو دامەزراندنی خێڵی ناڕەسمییانەی خۆهەڵبژێردراو لە دۆستان، ناسیاوان و ئەندامانی کۆمەڵگایەکی نێوخۆیی دەچن. ئەو ئامرازانە کۆمەکی ئەو کەسانە دەکەن کە بە تەنیا و بە سەڵتی لە ماڵەکانیاندا دەژین، بەوەی لە خانووە گۆشەگیر و دابڕاوەکانیانەوە بچنە دەرەوە و لەنێو تۆڕبەندێکی هاوبەشدا  کاتی خۆیان لەگەڵ هاوکاتەکانیاندا بەش بکەن.

کەواتە دروستکردنی ئەو هۆز و خێڵە خۆویستانە  بریتی نین لە کێشەکە، بەڵکو شتەکە بەپێچەوانەوەیە، واتە لە هەر کوێیەک ئەو خێڵ دروستکردنە خۆڕسکییە نەبێت، لەوێدا دۆخێکی پڕ کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. لەناو ئەو هۆزانەدا تاکی بێئاڕاستە و تاکی بێڕیشە  لەلایەن جووڵە ئاپۆرەیی و جەماوەرییە هەڵلووشەرەکانەوە هەڵدەمژرێن، کە وەک ئەرکێکی ئەبستراکت گفتی نیشتیمانێکی پێدەدەن.

ڕاڤە کلاسیکییەکان لەسەر دیاردەی تۆتالیتاریزم ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە، کەوا کەسە گۆشەگیرە لێکدابڕاوەکان لە مەترسییەکی گەورەدان و دەشێت لەلایەن پرۆگرامە سەراپاگیرەکان و فیگوری ڕابەرە دەسەڵاتدارەکانەوە فریو بدرێن. لە هەر کوێیەکیش لایەنی پەیوەندیداری نێوکۆیی تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی نەمێنێت، کە بێ هیچ سڵکردنەوەیەک ئێمە بەوە دەڵێین؛ نێوەندی خۆڕسکانەی شێوە خێڵایەتی، ئەوا لەوێدا مەترسی ئەوە پەرە دەسێنێت، کە تاکە بزربووەکان خۆیان  بە ئایدیۆلۆگیا ساختەکانی جڤاتی دروستکراوی نەتەوەیی و بە ئاینزا هەڵلووشەرەکان پێناس بکەن.

سەرچاوە:

PeterSloterdijk, Kehren die Stämme tatsächlich wieder? – Neue Züricher Zeitung. 27.01.2018 

 

 

 ته‌وه‌ره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێڵه‌كان 

ئایا بەڕاستی خێڵەکان دەگەڕێنەوە؟ پیته‌ر سلۆته‌ردایك….. له ‌ئه‌ڵمانییه‌وه: به‌كر عه‌لی

كاتێك خێڵه‌ نوێیه‌كان له‌دایك ده‌بن…… ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

خێڵی كراوه‌ و دوژمنه‌كانی…….به‌كر عه‌لی 

                 

هه‌موو ئه‌م گوتارانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك بڵاوده‌بنه‌وه‌ و یه‌ك دۆسیه‌ن. 

 

  

كولتور مه‌گه‌زین ژماره‌ ٣
ساڵی ٢٠١٨
Culture Magazine Issue 3

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!