یه‌كێتی ده‌مێكه وه‌ك ئاشی نه‌زانی لێ هاتووه، هه‌ر یه‌كه و دێت و باراشی خۆی لێده‌كات. ئیدی هه‌ر له توانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه بیگره تاوه‌كو دابه‌شبوونی مه‌ڵبه‌نده‌كان و تا گه‌یشته جیابوونه‌وه‌ی (ڕه‌گ) و دوایی گۆڕان لهجهستهیهوه له‌دایكبوو. پاشان له‌دوای كۆچی مام جه‌لال، گه‌یشته هه‌ڵتۆقینی منداڵه مۆدێرنه له‌نده‌نیه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانی دیكه. له‌وێوه تاوه‌كو دابه‌شبوونی بۆ ناو كوتله‌گه‌ری و ملشكاندن و دانانی (ژووری عه‌مه‌لیات) بۆ ڕیسواكردنی یه‌كتری و گرتنی (گرته ڤیدۆیی) یه‌كتریی و شه‌ڕه فه‌یسبوك و زۆریتر، بووه سیفه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م حزبه.
ئیدی گه‌ر له‌م دابه‌شبوونه نوێیانه‌وه سه‌یری ماڵی نوێی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال بكه‌ین، ئه‌وا مه‌زنده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ین گه‌ر ئه‌م كۆنگره‌یه بگیرێت. ئه‌وا وه‌ك قاڵب و قه‌واره وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌تای كۆتایی وێستگه‌ی ده‌بێت له ژیانی سیاسی‌دا. هه‌ر بۆیه باشتره ئێستا كۆنگره نه‌كرێت، تاوه‌كو چه‌ند ڕیفۆرمێكی گه‌وره له‌خۆیدا به‌دیده‌هێنێت.
لێره‌وه ئه‌و پرسیاره‌ی كه ده‌بێت بكرێت ئه‌وه‌یه: یه‌كێتی كۆنگره بۆچییه؟
یه‌كه‌م: كۆنگره بۆچییه و بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی چییه؟!
گه‌ر بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی كوتله و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه و مافی بنهماڵهكانه به كوڕ و كچی شههیدهكانیشهوه، ئه‌وا كۆنگره‌ی ناوێت و ده‌شێت له‌سه‌ر بنه‌مای (ئه‌وه بۆ من و ئه‌وه‌ش بۆ تۆ ) كۆتایی پێ بهێنرێت. هه‌ر چه‌نده پێشریش وابووه و ئێستاش هه‌ر واده‌بێت.
دووهه‌م: گه‌ر بۆ پێداچوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه؛ ئه‌مه‌ش كۆنگره‌ی ناوێت…بۆچی؟
چونكه له‌لایه‌ك هیچ بانگه‌شه‌یه‌ك نه‌كراوه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر (سۆسیال – دیموكرات – بوونی یه‌كێتی ) و پرسی وه‌ها نههارووژێنراوه، به‌وه‌ی؛
– یه‌كێتی ده‌بێت له كامه كۆنتێكستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ریدا كار و كرداری سۆسیال دیموكراتی هه‌بێت؟
– تاوه‌كو ئێستا نازانین گوتاری سێكۆلاریزم و پراگماتی و جێنده‌ری یه‌كێتی چییه؟
– نازانین مافه مه‌ده‌نییه‌كان و تاكه‌كان و پێشوازی له خێڵگه‌رایی له‌م به‌رنامه‌یه‌دا چییه؟
– چۆن گوتاری سه‌ده‌ی بیست و نه‌ریتی چه‌پی شۆڕشگێڕانه له‌ناو سۆسیال دیموكراتدا موتوربه ده‌كه‌ین؟
– ڕێگره‌كان و ئه‌زموونه‌كان له‌گه‌ڵ خێڵگه‌رایی و بنه‌ماڵه‌گه‌رایی و گه‌نده‌ڵی، چ مۆدێلێكی حزبی و سیاسی سۆسیال دیموكراتی پێویسته؟!
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌تایی و سادانه، ده‌بێت ئه‌و كادێرانه‌ی به‌شداری ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ن وه‌ك حزبێكی سۆسیال دیموكرات، كۆنسێپت و گۆشه‌نیگای خۆیان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه. جا لێره‌دا ده‌وه‌ستم و پرسیارێك ده‌كه‌م؛ كادێری وه‌ها بوونی هه‌یه؟! هه‌ر له كادێره وه‌ست و باڵاكانی كۆمه‌ڵه كۆنه‌كانه‌وه كه شاره‌زای ئایدۆلۆژی سۆسیالزم و چه‌پن بیگره ، تاوه‌كو مه‌كته‌ب سیاسی ده‌توانێت پێمان بڵێت یه‌كێتی كامه مۆدێلی سۆسیال دیموكراته و چۆن سۆسیال دیموكراته؟!
ئه‌مه له‌لایه‌ك، خۆ گه‌ر یه‌كێك بێت و بڵێت؛ ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سۆسیال – دیموكرات په‌ره‌پێبده‌ین، ئه‌وا لێره‌شدا ئه‌م كۆنگره‌یه بنه‌مای زانستی و سیاسی و فیكری نییه؟ بۆچی؟
جارێ ده‌بێت پێشتر به ساڵێك چه‌نده‌ها پلێنۆم و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و دیداری سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه سازبدرێت. دوای ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ تاوتوێی بكرێت. پاشان كۆنفراس و دیداری كراوه‌ی بۆ بگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت خه‌ڵكی؛ ڕۆشنبیران، مامۆستایان، كرێكاران، نهقابهكان، ژنان…هتد چجۆره. مۆدێلێكیان پێ په‌سه‌نده. كامه ڕیفۆڕم به‌رنامه‌یه‌ی یه‌كه‌مه و كامه به‌رنامه‌ی دووهه‌م و …هتد.
لێره‌وه ئه‌م پرسیاره ئاماده ده‌بێت؛ ئه‌و ئه‌كته‌ره سیاسی و فیكریانه كێن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟
ڕاستی، بێ موجامه‌له، من ئه‌كته‌ری وه‌هام له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌بینیووه، ئه‌مه جگه له‌وه كادێری ناو یه‌كێتی ته‌قه‌ی سه‌ری دێت كه باسی سۆسیال دیموكرات و خه‌تی جیاوازی ستراتیژی كورت و دوور ده‌كه‌یت، بێگومان به ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و یاسا ناسهكانیشیانهوه، به‌ئه‌ندامانی لیژنه و ئۆرگانهكانیانهوه. به‌مانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌یانبێت و ئهلف و باسی سۆسیال دیموكراته، ئه‌وان به (ڕۆشنبیری گشتی) و كه‌مالیاتی تێده‌گه‌ن و گه‌واهی ئه‌وه‌ش هه‌ڵسوكه‌ت و به‌رنامه‌ی میدیا و كۆی میدیای یه‌كێتی سه‌یر بكه ده‌زانیت ئه‌مه میدیای پارتێكی سۆسیال دیموكرات نییه. بێگومان ئه‌مه‌ش وایكردووه كه هه‌موو كه‌سێك بتوانێت له‌م حزبه‌دا ببێته كادێر و پله‌دار و ئه‌ندامی شاره‌زا له‌سیاسه‌ت. خۆ ئه‌گه‌ر ساده‌ترین تاقیكردنه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین له‌م بواره‌دا، بواری سۆسیال دیموكراتی، ئه‌وا تێیدا ده‌رناچن. گه‌ر مرۆ خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت ئه‌م ڕاستیه ڕوونه و جێگه‌ی گفتوگۆ نییه.
كه‌واته پارتێكی سیاسی كه به‌رنامه‌ی (سۆسیال – دیموكرات) ی نه‌بێت و كێشه‌ی به‌رنامه‌ی نه‌بێت و هه‌ر به‌رنامه كۆنه‌كه بێت له‌سه‌ر ئاستی عه‌مه‌لی، هێشتا كادێری وه‌های نه‌بێت، ئیدی كۆنگره‌ی بۆچییه؟
سێهه‌م: گه‌ر كۆنگره له‌سه‌ر بنه‌مای كڵاشینكۆفی شاخ و ڕابوردووی ناو شار بێت، ئه‌وا كۆنگره‌ی بۆچییه؟
خۆ گه‌ر چاوێكی ڕیالستیهوه بڕوانین، ئه‌وا هه‌ردوو نه‌وه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه و شۆڕشگێڕان و خه‌تی گشتی، نه‌وه‌ی یه‌كه‌م و نه‌وه‌ی دووهه‌م (به خۆشمه‌وه) ئێستا له‌پایزی ته‌مه‌ندان و له لێواری زستانی ته‌مه‌ندان، ئیدی كۆنگره بۆ (نه‌وه‌ی نوێ) چی ده‌گه‌یه‌نێت؟! خۆ گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ مه‌به‌ستان . گه‌نجه لهندهنییهكان و گه‌نجه‌كانی كوڕی سه‌ركرده‌كانه، ئه‌وا بۆ ئه‌مه‌ش كۆنگره‌ی ناوێت.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م نه‌وه دێرینه‌ی كادێره كۆنه‌كانی ڕێكخستنه‌كانی شار و شاخدا، ده‌سته‌یه‌كی زاڵ نۆزده ساڵه مه‌زنییه‌كانی خۆیان ده‌جوونه‌وه و ده‌یفرۆشنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده مه‌زنێتی و شكۆیی ڕابوردوو فرۆشراوه‌ته‌وه كه ئیتر ئه‌م گوتاره (ببورن واده‌ڵێم) بۆته حكایه‌تی مێش.
له‌گه‌ڵیشیدا گوتاری میدیایی و سیاسی (خۆ هه‌ڵواسین) به خه‌باتی به‌رێز مام جه‌لال و به‌كارهێنانی ناوی مام بۆ دوژمنایه‌تی ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م جووینه‌وه و خۆمهزنكردنه، به‌جۆرێكه، كه سه‌خته چیتر یه‌كێتی شوێنی هه‌ناسه‌دانی سیاسی تێدا نه‌ماوه.
تازه ئه‌م (خۆمهزنكردنه) بۆته (سه‌نگی مه‌حه‌ك) و (پێوه‌ر) له‌یه‌كێتیدا و تا ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌جۆرێك ئێستاش بۆته گوتاری زاڵی میدیایی و كادێری گه‌نج بیه‌وێت له‌م حزبه‌دا پێبگات ده‌بێت خۆی به‌م كولتورهوه هه‌ڵواسێت و هه‌ر واشیان كردووه. ئیدی براده‌ران؛ یه‌كێتی كۆنگره‌ی بۆ چییه؟
هه‌ر بۆیه ده‌ڵێم؛ براده‌ران، گه‌ر كۆنگره بره‌ودان بێت به( شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی) ئه‌وا كۆنگره‌ی ناوێت، چونكه به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌كان و كوڕی سه‌ركرده‌كان و قه‌یتولی به‌رده‌می ماڵی سه‌ركرده و چایچی سه‌ركرده و ته‌نانه‌ت گه‌ماڵی باخه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاریان و هاوشار و سه‌گه ئه‌وروپییه سپیهكانیشیان، به‌شی خۆیان تا مردن به زیاده‌وه وه‌رگرتووه. ئیدی ئه‌مه كۆنگره‌ی بۆچییه؟
چواره‌م: گه‌ر ئه‌مه دابه‌شكردنی میراتی سه‌ركرده‌كانه به‌سه‌ر منداڵی ئۆروستۆكراته شۆڕشگێڕه دێرنه‌كان و كوتله نوێیه‌كان و خانه‌واده نوێیه‌كاندا، اهوا ئه‌مه‌ش هه‌ر كۆنگره‌ی ناوێت، ده‌كرێت بهدانیشتنێكی دۆستانه و پڕ سۆز و میهره‌بانی بنه‌ماڵه‌یی چاره‌سه‌ر بێت و سه‌ر ئێشه‌ی ناوێت. ئیدی ئه‌مه‌ش كۆنگره‌ی بۆچییه؟!
ئه‌م قسانه قسه‌ی دۆسته و زه‌مه‌ن یاربێت قسه‌ی دیكه‌شمان ده‌بێت…
گوتاری دیكه‌ی نوسه‌ر تایبه‌ت به‌م پرسه: ئه‌مریكانیزم و هه‌ژموونی منداڵه لهندهنییهكان