Burning Man Festival 2016

سیمۆتیكا (نیشانەناسی) لێکدانەوەگەرایی لای پۆل ڕێکۆر


Loading

سیمیۆتیکای sémiotique ی هێرمنیۆتیک لای پۆل ڕیکۆر
( لە خزمەتی کتێبە پیرۆزەکان و دەقی ئەدەبیی و فەلسەفیدا)

 

پۆل ڕیکۆر
Paul Ricœur( 27 February 1913 – 20 May 2005
پوختەی باس: ئەم باسە، وانەو شیکاریی سیمیۆتیکای هێرمنیۆتیک دەگرێتە خۆی، لە لای فەیلەسوفی فەرەنسیی پۆل ڕیکۆر؛ لەبەرئەوەی ” سیمیۆتیکای هێرمنیۆتیک/ نیشانەناسیی لێکدانەوەگەریی” بەهەند وەرگرتنەوەی کۆمەڵە چەمکێکە، کە لە نزیکبوونەوە پەتییە زانستییەکان دوور خرابوونەوە، وەک بونیادشیکاریی گێرانەوەسازیی narration ، زمانزانیی و ئەنترۆپۆلۆژیای بونیادگەریی. لەناو ئەم چەمکانەدا کە بەرگریی لێدەکرێت: چەمکی خودو چەمکی نوسەرو چەمکی خوێنەرو چەمکی هەواڵەکردن و چەمکی ئەویترو چەمکی جیهانی دەرەوە باس دەکەین، لەگەڵ سوربوون لەسەر گرنگیی هێرمنیۆتیک لە نزییکبوونەوەی دەقە ئاینیی و ئەدەبیی و فەلسەفییەکاندا.

 

  لەبەرئەوە، میتۆدگەرایی سیمیۆلۆژیای پۆل ڕیکۆر پێشنیازی وێنایەکی تازە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەق و گوتارەکاندا، ئەوەش بە کۆکردنەوەی سێ قۆناغی سەرەکیی، ئەوانیش: پێش تێگەیشتن و ڕاڤەکردن و تێگەیشتنن. ئاشکرایە ئەم میتۆدگەراییە کەڵکی زۆرە بۆ لێکدانەوەی دەقە ئاینییەکان و نزیککردنەوەی دەقە داهێنراوەکان و شیکردنەوەی گوتارە فەلسەفییەکان و لێکدانەوەی دیاردە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان.
پێشەکی:
گەر وتووێژە لۆژیکییەکان گرنگیی بە ماناو هەواڵەکراوی ژێدەریی بدەن، گەر ” سیمانتیک/ زانستی دەلالەت”یش بایەخ بە دەلالەتی ڕستەکان بدات، ئەوا سیمیۆتیکا گرنگیی بە نیشانەو سیمبۆل و ئاماژەو ئایکۆن و دالە ” زمانەکیی/ اللسانیة”ەکان دەدات، دوور لە بارگاویی کردنی بە ژێدەریی و مەبەستگەرایی و ڕیالیزم. ئەمەش مانای وایە ” سیمیۆتیکا/ سیمیۆلۆژیا” بە شێوەیەکی گشتیی تیۆری نیشانەکانە. لە کاتێکدا هێرمنیۆتیک Hermineutique بایەخ بە شیکردنەوەی دەق و وەرگێڕان و لێکدانەوەو جیاکردنەوەی مانای ڕووکەشیی و مانای لاوەکیی لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لە نێوان تاک مانایی و فرەمانایی دەدات. لێرەوە ڕەخنەی ڕۆژئاوایی هاوچەرخ بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، دەتوانرێت پوخت بکرێتەوە لە قۆناغی بونیادی بونیادگەرە گێڕانەوەسازەکان و قۆناغی نیشانە لەگەڵ سیمیۆلۆژییەکان و قۆناغی هەڵوەشاندنەوە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی جیاوازیی و توێکاریی و قۆناغی هێرمنیۆتیک لەگەڵ لایەنگرانی هێرمنیۆتیک و ” فینۆمینۆلۆژیا/ دیاردەگەریی” وەک: ( شڵایرماخەر، مارتین هایدگەر، پۆل ڕیکۆر، بۆڵتمان، هیرش، گادامێرو میرلۆپۆنتی…). زۆرێکیش لە لێکۆڵیارەکان هانایان بردە بەر هێرمنیۆتیک لە سێ کایەی ئەبستیمیدا: ” لاهوت/ تیۆلۆژیا”و فەلسەفەو ڕاڤەکردنی ئەدەبیی.

 

 ئەمڕۆ دەتوانرێت باسی پرۆژەی جۆراوجۆری سیمیۆلۆژیی بکرێت، وەک: سیمیۆلۆژیای کردار، سیمیۆلۆژیای حەزەکان، سیمیۆلۆژیای قەیران، سیمیۆلۆژیای وتن، سیمیۆلۆژیای کات، سیمیۆلۆژیای شوێن یان بۆشایی، سیمیۆلۆژیای وێنە، سیمیۆلۆژیای هێرمنیۆتیک کە بە ناوی فەیلەسوفی فەرەنسیی ( پۆل ڕیکۆر Paul Ricoeur) بڕاوە.
 کەواتە پێکهاتەکانی نزیکبوونەوەی سیمیۆتیکیی کامانەن لای پۆل ڕیکۆر؟ ئەی پێکهاتەکانی بازنەی هێرمنیۆتیک چین لە لای ئەو؟ ئەی ئەو هەنگاوە میتۆدگەرییانە چین کە خوێندنەوەی هێرمنیۆتیکی پۆل ڕیکۆری لەسەر دامەزرا؟ ئەو گرفت و ئاستەنگانەش چین کە ڕێ لە نزیکبوونەوەی هێرمنیۆتیکیی دەگرن؟ ئەمە گرنگترین ئەو پرسیارانەن کە لەم باسەدا دەیوروژێنین.

 

١/ پۆل ڕیکور کێیە؟
  پۆل ڕیکۆر بە گرنگترینی ئەو فەیلەسوفانە دادەنرێت کە پەرەیدا بە ” فینۆمینۆلۆژیا Phénoménologie/ دیاردەگەریی” و هێرمنیۆتیک بە شێوەیەکی تایبەت لە کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانداو لە زانستە مرۆڤایەتییەکانیشدا بە شێوەیەکی گشتیی. هەروەک گرنگیی بە بوونگەرایی ” دیان/ المسیحیة”و لاهوتی پرۆتستانتییش دەدا. زۆر بایەخی بە کۆمەڵێک چەمکی فەلسەفیی و ئەدەبیی و شیکردنەوەو گفتوگۆ کردنیان دەدا، وەک: مانا، خودگەرایی، ئەندێشە، مێژوو، ئەدەب، خواستن، یادەوەریی، ڕاستیی، ناسنامە، مەبەستگەرایی و هەواڵەکردن….
  لە گرنگترین کتێبەکانی پۆل ڕیکۆر: ” فەلسەفەی ئیرادە/ ١٩٥٠” و ” مێژوو و حەقیقەت/ ١٩٦٤” و ” تێگەیشتن، باسێک دەربارەی فرۆید/ ١٩٦٦” و ” ململانێی هێرمنیۆتیک/ ١٩٦٩” و ” خواستنی زیندوو/ ١٩٧٥” و ” کات و گێڕانەوەسازیی/ ١٩٨٣- ١٩٨٥” و لە دەقەوە بۆ کردار/ ١٩٨٦” و ” خود وەک ئەویتر/ ١٩٩٠” و ” بیرکردنەوە لە ئینجیلدا/ ١٩٩٨” و ” ڕەوتەکانی ناسین/ ٢٠٠٤”….
  لەسەر ئەو بنەڕەتەی پێشووەوە، بۆمان دەردەکەوێت پۆل ڕیکۆر لە ژێر کاریگەرێتیی کۆمەڵێک کاریگەریی فیکریی و هۆکاری ڕۆشنبیرییدا بووە، ئەوانیش ئەمانەن: بوونگەرایی ( کاریگەر بە سارتەر) و فینۆمینۆلۆژیا ( کاریگەر بە ئەدمۆند هۆسێرل) و هێرمنیۆتیک ( کاریگەر بە خوێندنەوەی هێرمنیۆتیکیی ئینجیل) و شیکردنەوەی بونیادگەرایی گێڕانەوەسازیی ( کاریگەر بە گرێماس[1] بۆ نمونە) و زمانەوانیی ( کاریگەر بە بنیڤست، دوسۆسۆر، ئەندرێ مارینێ، هلمسلیڤ…) و فەلسەفەی شیکاریی…
  جگە لەمەش، پۆل ڕیکۆر وەک میتۆدو دەرکەوتن بەوە دەناسرێتەوە کە هێرمنیۆتیکی بە فەلسەفەو شیعرگەریی و ڕەوانبێژیی ئەدەبییەوە بەستەوە.
٢/ چەمکی سیمیۆتیک یان سیمیۆلۆژیای هێرمنیۆتیکیی:
   گەر سیمیۆلۆژیای گریماس نزیکبوونەوەیەکی بابەتیی زانستیی بێت و وەک دەق و گوتار لە ماناو شوێنەواری دەلالەت بکۆڵێتەوە، بە جەخت کردنە سەر شێوەی ناوەڕۆک و دوورخستنەوەی ژێدەرو خودی داهێنەر و پەنابردنە بەر ” زانستی دەلالەت/ سیمانتیک” و پێکهاتەو لۆژیک بۆ شاردنەوەی مانای ناوەکیی و بونیاگەرییانە، لە ڕێگەی پشت بەستن بە چوارگۆشەی سیمیۆلۆژیی و گرتنەبەری هەردوو ڕێچکەی: بەرهەمهێنەریی و گۆڕانکاریی دەستکەوتنی بونیادە دەلالییە قوڵەکان، ئەوا نزیکبوونەوەی پۆل ڕیکۆری سیمیۆلۆژیی سنوری ڕاڤەکردنی زانستیی ناوەکیی دەبڕێت، تا بیگوێزێتەوە بۆ چەمک و لێکدانەوەی دەرەکیی. ئەمەش مانای ئەوەیە پۆل ڕیکۆر دەلالەتی شێوە دەبەزێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هەواڵەکراو و ژێدەرو کرانەوە بەسەر دەرەوەدا. بەو مانایەی ڕەواڵەت دەبەزێنێت بەرەو هەناو یان ناوەوە، بە بەکارهێنانی ڕێگەی شیکردنەوەی ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی هێرمنیۆتیکیی، لە میانەی بەستنەوەی تەواوی دەق بە خودو مرۆڤ و مێژوو و مەبەستگەرایی و ژێدەری هەواڵەکار.
  وا زانراویشە کە سیمیۆلۆژیای لێکدانەوەگەریی لای پۆل ڕیکۆر بایەخ بە نوسراوە داهێنانگەریی و فەلسەفیی و میتۆلۆژییەکان دەدات لە پێشداو دواتریش ڕاڤەکردنی نیشانە دەروونییەکان، سێیەمیش بە جەخت کردنەوە لەسەر سیمبۆل و ئەو نیشانانەی کە کتێبە پیرۆزەکان خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ڕەخنەی پۆل ڕیکۆر لە نێوان نیشانەناسیی و سیمانتیک و فەلسەفەو هێرمنیوتیکدا دێت و دەچێت؛ هۆی ئەمەش ئەوەیە کە سیمبۆل فرە دەلالەت و هێماییە، لای پۆل ڕیکۆریش دوورایی فەلسەفیی و سیمبۆلیی میتۆلۆژیی و بوونگەرایی وەردەگرێت.
  ئەمەو گەر لە ڕووی مێژووییەوە دوای چەمکی هێرمنیوتیک بکەوین، ئەوا دەبینین لە کەلەپوری یۆنانیی، لای پلۆتۆن و ئەرستۆ بە تایبەت ناسراوە، لە کەلەپوری عەرەبیشدا بە هەمان شێوە ناسراوە، بەهۆی هەر سێ میکانیزمەکەیەوە لە ڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە بەدیهاتووە، ئەوانیش: لۆژیکی بیستراو، ڕاڤەکردن، وەرگێڕانن. بە تایبەت لەسەر ئاستی کارکردن، هێرمنیۆتیک بەستراوەتەوە بە ڕاڤەکردنی کتێبە پیرۆزەکانی ” تەورات و ئینجیل و قورئان”ەوەو مانایان لێکدراوەتەوەو دەلالەتە شاراوەکانیان وەرگێڕراون.
 لە ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی هاوچەرخدا هێرمنیۆتیک بەستراوەتەوە بە ( فیلۆلۆژیا/ لێکۆڵینەوەی زمان) و سایکۆلۆژیی فرۆیدیی و سیمانتیک و ڕەخنەی ئەدەبیی و فینۆمینۆلۆژیاو بوونگەرایی و فەلسەفەی ئەڵمانیی ( شڵایه‌رماخەر Schleiermacher) و ( ولهێڵم دیلسیی Wilhelm Dilthey) و ( مارتین هایدیگەر Heidegger) و ( هانز جۆرج گادامێر Hans George Gadamer) و ( هیرش Eric.D.Hirsh) ەوە. لێرەوە، گەر هێرمنیۆتیکی زوو بە کتێبە پیرۆزەکانی وەک ( تەورات و ئینجیل و قورئان)ەوە بەسترابێتەوە، ئەوا هێرمنیۆتیکی هاوچەرخ بە ڕۆمانسیزمی ئەڵمانییەوە بەستراوەتەوە، بایەخ بە دەقە فەلسەفیی و ئەدەبیی و ئاینییەکان دەدات وەک یەک لە ڕووی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەوە.
  لەسەر ئەو بنچینەیەوە، هێرمنیۆتیک خوێندنەوەیەکی لێکدانەوەگەرای سیمبۆلییە، بایەخ بە مانا ناوەکییە شاراوەکان دەدات، لەگەڵ تێپەڕاندنی نزیکبوونەوە ڕێزمانیی و ڕەوانبێژییە باوەکان، بۆ خوێندنەوەیەکی لێکدانەوەگەریی بدۆزانە، گواستنەوەش لە ڕەواڵەتەوە بۆ هەناو یان ناواخن، لە ڕووکەشەوە بۆ قووڵایی، هەروەها کارکردن لەسەر دەلالەتە دیارە پەتییە ڕاستەوخۆکان و لێکدانەوەیان بە دەلالەتە سیمبۆلییە ” مجازي/ خوازەیی”ەکان، یان هێماییەکان.
٣/ کۆڵەکەکانی سیمیۆتیکی هێرمنیۆتیکیی:
   سیمیۆتیکی لێکدانەوەگەریی یان هێرمنیۆتیکیی لای فەیلەسوفی فەرەنسیی پۆل ڕیکۆر پشت بە چەند پرەنسیپ و کۆڵەکەیەکی تیۆریی دەبەستێت لە لایەکەوەو، لە لایەکی تریشەوە بە چەمکەکان و زاراوە کارڕاییەکان، کە دەتوانرێ لەم ڕاوبۆچوونانەدا کورت بکرێنەوە:
أ/ دانپیانان بە ناسنامەی خودگەرییدا: گەر بونیادگەریی زمانەکیی نوسەری بە ناوی دەق و بونیادو کۆدەوە دوور خستبێتەوە، ئەوا سیمیۆلۆژیای هێرمنیۆتیکی ڕیکۆر پارسەنگی بۆ نوسەرو خودی داهێنەر گێڕایەوە، دوای ئەوەی بیرۆکەی دەق ئاوێزان دەستی زۆر بەسەر ڕەخنەی زمانەکییدا گرت. بەوەش تاکگەرایی داهێنەر وەک بوون و خودی بوون فەرامۆش کرابوو. لەم بارەیەوە، مستەفا ناسیف دەڵێت: ” لێکدانەوەی دەق واتە دانپیانان بە تاکگەراییەکەی کە بیرۆکەی دەق ئاوێزان لە هەندێ بیروباوەڕدا باڵی بەسەردا کێشابوو. گەر دەق ملکەچی کۆمەڵێک ڕێسای بەرهەمهێن یان دامەزراو بێت، ئەوا لە هەمان کاتدا تاکگەرییانە گەشە دەکات. ئەرستۆش باسی گرفتی جیاوازیی نێوان تاک و جۆری کردووە”.
  لێرەوە، هێرمنیوتیک لە خزمەتی مرۆڤدایە، نەک لە خزمەتی شیکردنەوەی بابەتی زانستیدا. ڕیکۆر کاریگەرێتیی زمانەکیی ئیمیل بنیڤنستی لەسەر بوو، تیۆرەکەی لەبارەی ” وتن”ەوە گرتەخۆ، بەوپێیەی خودی زمان بەهۆی بەڵگە نزیکەکانی وتنەکییەوە دیاریی دەکرێت وەک جێناوەکان و ناوی دەستنیشانەو هاوەڵکاری کات و هاوەڵکاری شوێن، بەو مانایەی ڕەوتی شێوەی وتن یان ئاخاوتن بەڵگەی بوونی خودی بگۆیەو لە ڕووی فەلسەفیی و بوونێتیی و ناسنامەوە ئامادەیە.
ب/ جەخت کردنەوە لەسەر هەواڵەکردن و مەبەستگەرایی: ڕیکۆر دوالیزمی فەردیناند دیسۆسێر ” دال و مدلول”ی تێپەڕاند، تا بەسەر ژێدەردا بکرێتەوە. ئەمەش مانای وایە زمانەکیی بوونیادگەریی و سیمۆلۆژیا، هەواڵەکردن و ژێدەری لە بابەتی خۆی دەرهێنابوو، لە کاتێکدا سیمیۆتیکی پۆل ڕیکۆر پارسەنگی کردەوە؛ لەبەرئەوەی بابەتی لێکۆڵراو نابێت لە سنوری ڕاڤە کردنی زانستیی سنوری دەقدا بوەستێت، دەبێت دەق خوێندنەوەیەکی خودیی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی خودو ئەویتریش تێی بگەن و جیهانی دەرەکییش دەبێت تێی بگات بۆ چەسپاندنی ناسنامە کەسێتییەکەی. دەق هەرچی چۆنێک بێت، گەر خەیاڵیی یان نیشانەیی یان سیمبۆلیی بێت، لە ڕێگەی خواستن و زمان و خەیاڵدانی جیهانی دەرەکییەوە دەگوێزرێتەوە. یان پێدەری ڕیاڵیی ماددیی لە ڕووی وێکچوون و هاوشێوە بوون و بەرامبەرکێوە. پاشان سیمیۆتیکی ڕیکۆر بەرامبەرکێیەکی دانا لە نێوان بوونیادگەرییدا بەوپێیەی زانستی جیهانێکی داخراوی نیشانەکانەو هێرمنیۆتیکیش وەک نزیکبوونەوەیەکی لێکدانەوەگەریی ڕاڤەکاریی بۆ ژێدەری زمانەوانیی لە پەیوەندی ی بە جیهانەوە.
پ/ گرنگییدان بە گوتار لە گشتێتییە ئۆرگانیکییەکەیدا: ئەمەش مانای ئەوەیە کە سیمیۆتیکی هێرمنیۆتیکیی گرنگیی بە دەق دەدات، بەو پێیەی گوتارێکی گشتیی و ئۆرگانیکییە. بەو مانایەی کە مامەڵە لەگەڵ بڕگە یان بەدوایەکدا هاتووە بچوکەکان ناکات وەک ئەوەی بونیادگەریی گێڕانەوەسازیی یان سیمیۆتیکی گریماسیی دەیکرد، بەڵکو دەق بە کارێکی گشتیی دادەنێت، یان وا مامەڵە لەگەڵ کاردا دەکات کە گشتێتییەکی سیمبۆلیی دالە. بەوەش لە زمانەکیی جیاواز دەبێت، کە لە ڕستەو ” لەکسیم/ یەکە بچوکەکانی زمان”ەوە دەست پێدەکات، چونکە ئەم هێرمنیۆتیکە لە دەقە گشتییەکانەوە یان لە گوتاری ڕێک و کۆکەوە دەست پێدەکات. لەمەشدا دکتۆر مستەفا ناسیف دەڵێت: ” لێرەدا پشت بە شیکردنەوەی گوتار دەبەستین لەو ڕووەوە کە کارێکە زیاتر پشتی پێ ببەستین وەک لە شیکار کردنی کە دەقێکی نوسراوە. گوتار کارێکی گەورەترە لە بەدواداچوونی ئاسۆیی ڕستەکان، پرۆسەیەکی کەڵەکە کراوی گشتییە. ناتوانرێ پێکهاتەی تایبەت بە کارەکە لەو ڕستە تاکانە جیا بکرێنەوە، کە لێکۆڵینەوە ” زمانەوانیی/ اللغویة”ەکان گرنگیی پێ دەدەن، لەبەرئەوە دەق خاوەنی جۆرێک لە فرە دەنگییە. ئەم فرەییە لە وشە تاکە فرە دەلالەتەکاندا جیاواز دەردەکەوێت، هەروەک لە لێشێوانی ڕستە تاکەکانیشدا بە هەمانجۆر.
ت/ دەق جیهانێکی سیمبۆلیی کراوەو فرە مانایە: بەو مانایەی دەقەکان داخراو نیین، بەڵکو جیهانێکی شیاو و کراوەن، بە کۆمەڵێک دەلالەتی هێمایی و سیمبۆلیی جۆراوجۆر بەستراوەتەوە، خوێنەرێکی فرە خوێندنەوەو فرە پسپۆڕیی پێویستە. پاشان دەق و گوتارو وتن و ئاماژەو خواستن و جیهانی خەیاڵگەریی و ئەفسانەکان دەبنە هۆکاری گواستنەوە بۆ واقیع و بۆی هەواڵە دەکەن. لەم ڕووەوە مستەفا ناسیف وایدەبینێت کە: ” دەقە ئەدەبییەکان – بە مانای گشتیی- ئاسۆی شیاویان هەیە، کە دەتوانرێت بە هۆکاری جیاواز بەدی بهێنرێن. ئەم تایبەتمەندێتییە لە زۆر باردا پەیوەندیی بە مانای خوازراوەکیی و سیمبۆلیی دووەمەوە هەیە، زیاتر لەوەی پەیوەندیی بە تیۆری نوسینی گشتییەوە هەبێت. زۆرێک لە لێکۆڵیارەکان گرنگیی بە کردنەوەی کۆدو سیمبۆل و خوازراو و چینە جۆراوجۆرەکانی دەدەن. بەڵام زمانی سیمبۆلیی و خوازراوەکیی دەبێت بەشێک بێت لەو تیۆرە گشتییە هێرمنیۆتیکییەی، کە هەموو کێشەی گوتار دەگرێتەوەو هەرچییەکیش لە نوسین و دانانی ئەدەبییدا بێ دەیگرێتە خۆی.
  دەکرێت تێبینیی ڕۆڵێکی فراوانخوازانە لە کایەی گوزارشتە فرە دەلالەتەکاندا بکەین، دەشبێت کێشەی فرە مانایی بە کێشەی ماناوە ببەستینەوە بە شێوەیەکی گشتیی. ئەدەبیش بەم فراوانخوازییە کاریگەر دەبێت بە جۆرێک کە بکرێت لە سنوری پەیوەندیی نێوان مانای یەکەمین و مانای دووەمدا پێناسە بکرێت. مانا دووەمینەکان کارەکە بەڕووی خوێندنەوەی جۆراوجۆردا دەکەنەوە، بە شێوەیەک ئەوە لەو ئاسۆیەدا نەبینینەوە کە دەوری ئەو شتانەیان داوە کە دەیبینین. دەکرێت بوترێت: ئەم خوێندنەوانە پابەندی نیمچە ئەرکێک دەبن، پەیوەندیی بەو پەراوێزە گریمانەکراوانەوە  هەیە، کە بە ناوکی دەلالیی کارەکە دەوردراوە. بەڵام ئەم ئەرکە پابەندانە دووبارە دەبێت بخەمڵێنرێنەوە، پێش ئەوەی ڕێیان پێ بدرێت ڕاڤەکردنەکە ئاراستە بکەن”.
  دیاریکردنی مانای جۆراوجۆرو کراوە پێویستیی بە دوو ئاستی هاریکار دەبێت، ئەوانیش ئەم دووەن: سیمانتیکی بونیادگەریی گەر لە کایەی فەرهەنگیی یان سیمیاییدابێ، لە میانەی جەخت کردنە سەر یەکەکانی زمان یان یەکە دەلالییە بونیادگەرییەکان، کە پێکهاتە سیمبۆلییەکان ڕاڤە دەکەن. ئەویتریش ئاستی هەبووی هێرمنیۆتیکیە لەسەر ئاستی دەق، کە دەلالەتە سیمبۆلیی و هێماییەکان لێکدەداتەوە.
ج/ دیالێکتیکی تێگەیشتن و ڕاڤەکردن: گەر ڕاڤەکردن لە خزمەتی شیکردنەوەی بابەتیانەدا بێت، ئەوا تێگەیشتن لە خزمەتی مرۆڤدایە. لێرەوە، سیمیۆتیکی هێرمنیۆتیکیی لای ڕیکۆر گونجاندنێک دروست دەکات لە نێوان پێشنیازی بونیادگەریی زمانەکیی، کە جەخت لەسەر ڕاڤەکردنی وردی بابەتیانەی دەق دەکات و پێشنیازی فینۆمینۆلۆژیی کە بایەخ بە لێکدانەوەو تێگەیشتن دەدات لەسەر بنچینەی ئەزمونی مرۆڤ. تیۆری هێرمنیۆتیکیی لێکۆڵینەوەیەکە لە چەشنی دووەم. هەوڵ دەدات دوو بوار پێکەوە گرێ بدات: پرسیار لەوەی چی ڕوو دەدات لە تێگەیشتنی دەقەکەو پرسیار دەربارەی چییەتیی خودی تێگەیشتن بەمانا بنەڕەتیی و بوونگەراییەکەی. هێرمنیۆتیک لە ڕێڕەوی فیکری گشتیی ئەڵمانییدا لە ژێر کاریگەرێتیی فینۆمینۆلۆژیای ئەڵمانیی و فەلسەفەی بوونگەراییدایە، لەبەرئەوە ئاساییە گەر هەموو ئەمانە گرنگییان هەبێت لەوەدا کە ڕاڤەی ئەدەبیی و باسکردنی دەق بگرێتەوە”.
 ئەمەش مانای ئەوەیە کە لێکدانەوەگەریی ڕاڤەکردنی تێپەڕاندووەو هێرمنیۆتیک یان تێگەیشتن واتا میتا ڕاڤەکردنی دەق و هەڵوەشاندنەوەی دەمامکەکان لە ژێر تیشکی مەبەستگەرایی و تێگەیشتنی خودو ئەویترو جیهان. لێرەوە دیاردەی ” تێگەیشتن درێژ دەبێتەوە بەرەو میتا ڕاڤەی دەق. چاودێریی کردنیشی چاودێریی کردنی تەواوی سیستمە مرۆڤایەتییەکانە. تیۆری هێرمنیۆتیک وەک ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی تێگەیشتنی کاری مرۆڤە، گرفتی زمانەوانیی ڕاڤەکردن تێدەپەڕێنێت. دەکرێت پرەنسیپەکانیشی بەکاربهێنرێت بۆ ڕوونکردنەوەی کارە نوسراوەکان و کارە هونەرییەکان پێکەوە. بە پێی ئەمەش، تیۆری هێرمنیۆتیک زۆر گرنگە بەلانی تەواوی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوەو تەواوی ئەو کارانەی مرۆڤ دەیکات. هێرمنیۆتیک لەوە گەورەترە تەنها سیستمێکی هاوبەش بێت؛ لەبەرئەوەی پرەنسیپەکانی بنچینەی هەموو ئەوانەن مرۆڤ بەلایەوە گرنگە. ئەم پرەنسیپە بنەڕەتییانە دەبێت بەدوایدا بچین”.
Maurice Merleau-Ponty
1908- 1961
  لە هەموو ئەمانەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕاڤەکردن شیکارییەکی زانستییە. لە کاتێکدا تێگەیشتن وەک لێکدانەوەگەریی دەمامکە زمانەوانیی و نازمانەوانییەکانە. بە گوزارشتێکی تریش، ڕاڤەکردن مۆرکێکی زانستیی هەیە، لە کاتێکدا تێگەیشتن مۆرکی مێژوویی و مرۆڤانەی هەیە.
چ/ یەکانگیربوونی ناوەوەو دەرەوە: ناوەوە لەسەر لێکۆڵینەوەی بابەتیی بە سوودوەرگرتن لە میتۆدەکانی زانستی سروشت بونیاد دەنرێت، بە جەختکردنەوە لەسەر ناوەوەی داخراو و دەسکەوتنی ئەو مەنەڤێست و جێگیرانەی، کە نیشانەکان ئاراستە دەکەن. لە کاتێکدا دەرەوە پەیوەندیی بە هێرمنیۆتیک و مەبەستگەرایی و خودەوە هەیە. واتە: دەرەوە یان تێگەیشتن بە خوێندنەوەی هێرمنیۆتیکیی و سوسەیی لە پەیوەندیدایە بۆ دەستکەوتنی مانای گشتیی سیمبۆل و نیشانە هێمادەرەکان. ئەوە خوێندنەوەیەکی سۆفیانەو گیانەکیی و سوسەیی و خودییە بۆ مانا.
ح/ هاتن و چوون لە نێوان خودگەریی و بابەتگەرییدا: ئاشکرایە لێکدانەوەگەریی لە لە توندوتیژیی زانستگەریی کەمکردەوە، بەو مانایەی مامەڵەکردن لەگەڵ دەقدا لەسەر دانراو بێت، ئەوەش لە ژێر ڕۆشنایی نزیکبوونەوە زانستیی و بابەتییەکان، کاری پرۆژە لە سەرەتادا، بۆئەوە بوو ئەو بونیادە سەقامگیرانە بشارێنەوە، کە دەق و گوتار پیادە دەکەن، هەروەک بونیادگەریی زمانەکیی و سیمیۆلۆژییە گێڕانەوەسازەکان دەیانکرد. بەڵام قۆناغێکیش هەیە بەدوایدا دێت، ئەویش قۆناغی لێکدانەوەیە کە پشت بە خودو خودگەریی دەبەستێت و لە هەموو جۆرە خوێندنەوەیەکی تەکنیکیی زانستیی پەتیی بابەتیانە ڕزگاری دەبێت، تا خوێندنەوەیەک بدات بە خود، بۆ خۆی و لێکدانەوە خودگەرییەکانی.
دەڵێن: ” مۆریس میرلۆپۆنتیی فینۆمینۆلۆژیی: زانست شتەکان چارەسەر دەکات، بەڵام لە ناویدا ناژی. ئەمەش لە زۆرێک لە ڕاڤە ئەدەبییەکاندا ڕوویداوە. بیرمان چوو کاری ئەدەبیی بابەتێک نییە تەواو لە ژێر ڕکێفی خۆماندا بێت، کاری ئەدەبی وەک فینۆمینۆلۆژییەکان دەڵێن مرۆڤێکە لە ڕابردووەوە دەژێتەوەو دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ژیان. دایالۆگ نەک توێکاریی هۆکاری کاری ئەدەبییە بۆ کردنەوەی دەرگاکانی جیهان. ئەمەش مانای ئەوەیە کە بابەتگەریی بێلایەن لەگەڵ تێگەیشتنی ئەدەبییدا ناگونجێت. هەر بەڕاست ڕەخنەگری نوێ جاروبار باوەڕی بە سەربەخۆیی کار هەیە، بەڵام بەو شێوەیە تێی دەڕوانێت کە بابەتێکەو شیکردنەوە هەڵدەگرێت. فینۆمینۆلۆژیاش وایدەبینێت کە کارە ئەدەبییەکان لەم لایەنەوە زیانیان بەردەکەوێت و پێویستە ڕزگار بکرێن؛ لەبەرئەوەی دەنگی مرۆڤایەتییە دەدوێت. پێویستیشە خوێنەر سەرکێشیی بە لایەنێکی ژیانی خۆیەوە بکات، گەر بیەوێت بچێتە ژیانی جیهانێکەوە، کە ناوی دەنێین لیریک یان ڕۆمان یان شانۆنامە. پێویستیمان بە میتۆدێکی زانستیی نییە بشارێتەوە، هیچ توێکارییەکیشمان بۆ دەق ناوێت، بەڵام پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی مرۆڤانە هەیە، ئەوەی ڕاڤەی کارەکە مەبەستیەتی.
  تێگەیشتنی کار زۆر بە پێچ و پەناترو مێژووییترە لە باسکردنی بابەتییانە. کار بەریەک کەوتنێکی مرۆڤانەیە، خودی وشەی کاریش ئاماژەیە بۆ ئەمە؛ لەبەرئەوەی کار کاری مرۆڤە یان کاری خودایە. جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە لە نێوان بیرۆکەی بابەت و بیرۆکەی کاردا. ڕەخنەی ئەدەبیی پێویستیی بە میتۆدێک یان تیۆرێک هەیە گرنگیی بداتە کردنەوەی کۆدی جێدەستی مرۆڤایەتیی یان مانا”.
[1] Algirdas Julius Greimasئەلجیرداس یۆلیۆس گرێماس ” ١٩١٧/ ١٩٩٢” زانایەکی ئەدەبیی: فەرەنسیی/ لیتوانیی بوو، دامەزرێنەری قوتابخانەی سیمیۆلۆژیی پاریس بوو، کاریگەرێتیی زۆری جێهێشت لەسەر ڕەخنەی ئەدەبیی، هەروەک لێکدانەوەی قوڵی بۆ ئەفسانەی یۆنانیی کرد. ” وەرگێڕ”.

 

سه‌رچاوه‌: 

 السيميوطيقا التأويليــــة عند بول ريكور .. (في خدمة الكتب المقدسة والنصوص الأدبية والفلسفية) / جميل حمداوي د. جميل حمداوي.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین