هیوا قادر: “بێبەشبوونی من لە منداڵیی بەشێکە لە بێبەشبوونی کۆمەڵگەی کوردی لە ژیان.”

Loading

هیوا یەکێکە لەو نوسەرانەی کە هەمیشە خوێنەرەکانی دەکاتە دیلی خۆی و لەگەڵ خوێندنەوەی چەند دێڕێکیدا ئیتر دەبێت تا کۆتایی نوسینەکە سەفەرێکی دوورودرێژی خەیاڵی لەگەڵدا بکەیت. بۆ ئاگادربوون لە دونیاى ئەدەبى هیوا پێم خۆشبوو ئەم دیدارەی لەگەڵدا سازبدەم.

زۆرێک لە نوسینەکانت پانتاییەکی گەورەی لە منداڵیی داگیرکردووە و ئەگەرێتەوە بۆ دونیایەکی پڕ لە بەرائەت، تەنانەت ئەگەڕێتەوە بۆ هەندێک لەو ساتانەی کە لە منداڵیدا سەرنجیان ڕاکێشاویت، وەک (خاڵخاڵۆکە) کە لە هەندێک شوێندا سوێندی پی ئەخۆییت. یەکێک لە کارەکانیشت ڕۆمانێکە بەناوی (منداڵێک لەسەر مانگە) ئایا ئەمە بێبەشبوون و مەحروم بوونت نییە لە منداڵیی خۆت؟ تا وا هەستبکەیت کە منداڵییەکی ئاساییت نەبووە؟ یان تۆ چیت لە منداڵیی و دونیای منداڵیی ئەوێت؟

14625586_1125090597546772_675207217_o
شاخەوان سدیق و هیوا قادر

هیوا قادر: شێوە ژیانی منداڵیی من هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ منداڵانی تری هاوتەمەنی خۆمدا نەبووە، هەموومان منداڵانی ناو جەنگەکان بووین و هەر زوو منداڵیمان بەجێ هێشت و گەورەبووین. دواتریش مژدەکانی گەورەبوون نەیتوانی هەقی ئەو بەجێهێشتنە خێرایەی منداڵیمان بۆ بکاتەوە، گەورەیی لەسەردەمی جەنگدا وەک کردنەوەی دەرگای جەھەنەم وایە لەسەر ژیان، کاتێک گەورەیی دەبێتە بەردەوامی ژیان لەسەر خەرەندی جەھەنەم ئیتر ئینسان ھیچ ئومیدێکی بە ژیان نامینێت.
دیارە من پێموایە منداڵیی یادەوەری یەکەمە، وەک چۆن لەدایکبوونی ئەستێرە و مانگەکان زادەی یەکەم تەقینەوە گەورەکەی گەردوونن، ئاوھاش منداڵیی بەریەککەوتنی ھەستی ئینسانییە بە بینینی شتەکان و جەبری یاساکان و تێگەیشتنیان. منداڵیی یەکەم ساتەوەختی سەرسامییەکانە بە دونیا، نوسەریش بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستی بگات بەو سەرسامیانە و درێژە بە خەیاڵ و ئەزموونی نوسینی خۆی بدات، ھەندێک جار دەگەڕێتەوە بۆ منداڵیی. بەڵام وەستان تەنھا لەبەردەم سەرسامی منداڵیدا بەس نییە بۆ ئەوەی لەوێوە دونیا سەرلەنوێ دروستبکەیتەوە، قەتیسمان لەناو ئەو سەرسامییەدا ریسکی گەورەی بۆ نوسەران ھەیە کە دواتر ڕەنگە بیانخاتە بەردەم تێگەیشتنێکی ھەڵە بەرامبەر بە دونیا.
بەشێک لە کارکردنی من لە ناو خەیاڵاتی منداڵیدا لەھەمان ئەو سیستەمی ناولێنانانە دەچێت کە منداڵات سەرەتا دێن و ناوی مێرووەکان و باڵدارەکان دەنێن،
وەک چۆن پێشووتریش لە شوێنێکی تردا ھێمام بۆ ئەم خاڵە کردووە، ئەویش بە بڕوای من ئەوەیە کە ئەوە منداڵانن سەرەتا ناوی مێرووەکان و باڵدارەکان دەنێن، یاخود کەسانێکن کە پڕن لە خەیاڵ و رۆحیەتی منداڵانە، تۆ سەیری ناوی باڵدارەکان بکە، خاڵخاڵۆکە، حاجی لەقلەق، کوللە حاجی، کڵاوکوڕە، پەپووسڵێمانکە، کوکوختی، کەنەسمە، پەڕەسێلکە و دەیان ناوی تر، ئەم سیستەمی ناونانە لەناو زمانەکانی تری دنیاشدا ھەر بەھەمان شێوەیە، بەتایبەتی ئەو زمانانەی کە وەک زمانی کوردی رەگیان لەناو کۆمەڵگای فیوداڵیدا ڕۆچووە.
دیارە سوێندخواردنی منداڵێک بە خاڵخاڵۆکەیەک، لای من گەورەترە لە سوێندخواردن بە خودا، چونکە خاڵخاڵۆکەیەک لە لای منداڵ لە خودا جوانتر و نزیکە دەست ترە، ئەم تەوزیفکردنە لە شیعری مندا ڕەنگە زیاتر بگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆحە منداڵزەدەییەم کە لەگەڵ شتە بچوکەکاندا ھەمە.
تۆ ھێمات بۆ ناونیشانی ڕۆمانەکەم کرد “منداڵێک لەسەر مانگە”، ئەم ناونیشانە پەیوەندی بەخایاڵ و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوەیە، کە لەوێدا خەیاڵی منداڵیک دەبێتە بەشێک لە تەوەرەی چەقی چیرۆکەکان و فەنتازیاکان.
بێبەشبوونی من لە منداڵیی بەشێکە لە بێبەشبوونی کۆمەڵگەی کوردی لە ژیان، کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی ناو جەنگە یەکبەدوای یەکەکانە، ئەم کۆمەڵگەیە لەوەتەی ھەیە لەناو جەنگەکاندایە و خۆی دەپارێزێت تا نەفەوتێت، بەڵام من پێموایە جەنگی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی کوردی دوای مانەوە و نەفەوتانی لەناو جەنگەکاندا ھێشتا دەستی پێنەکردووە، ئەو جەنگەش جەنگی خۆیەتی لە گەڵ خۆیدا، جەنگی خۆ داماڵینیەتی لە ھەموو یادوەرییەکانی، ئەو یادوەریانەی تەنھا ھی جەنگن نەک ژیان، ئێمە پیویستمان بە یادوەرییەک ھەیە کە ژیانی تێدابێت و لە دەرەوەی سێبەری جەنگەکانەوە بێت، بۆ ئەوەی ژیان قابیلی ئەوەبێت ھەوڵی بۆ بدەیت و بۆی بژیت.
لە ڕاستیدا قسەکردن لەسەر منداڵیی، ناشێ و نابێت بێ قسەکردن لەسەر سیستەمی کۆمەڵگا و ئەو مەترسیانەی کە کۆمەڵگا پڕدەکەن لە ترس و دواتریش دەبێتە لەدەستدانی قۆناغی منداڵی لەلای ئینسانەکان، دیارە ئەو لەدەستدانەش ھەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.

کۆی ئیشکردنی تۆ ھەم وەک بابەت و هەم وەک تێما، ئیشکردنێکی فراوانە لەسەر یادەوەری بەتایبەت ئەمە لە سەفەرنامەکەتدا بە ئاشکرا ئەیبینین. ئایە یادەوەری بوونی ئەو هاوڕێیەیە کە هەمیشە لەگەڵ تۆدا دەژی و لە ژیانی ڕۆژانەتدا ئاڕاستەت ئەکات بەرەو داهاتوو؟ یان تەنها کەرەستەیەکە کە تۆ دەتەوێت وەک بابەت کاری لەسەر بکەیت، ئایا یادەوەری بۆ تۆ چییە؟

هیوا قادر: دیارە بوونی هەرە بەشی گەورەی زمان یادەوەرییە، کە ئەدەبیش کارکردنبێت لە زماندا ئەوا مەحاڵە تۆ ئەدەبێک بەرهەم بهێنیت بێ باسکردنی یادەوەریی. ئەو تێمایەشی کە کتێبی سەفەرنامەی لەسەر بنیاتنراوە باسکردنی چیرۆکەکانی ڕابردووە، هەروەها ئەو شێوازی گێڕانەوەیەی کە لەو کتێبەدا هەیە شێوازی گێڕانەوەیەکە تایبەتە بە چیرۆکی سەفەر، بۆیە نەدەکرا لەدەرەوەی یادوەرییەوە ئەو کتێبە بە جۆرێکی تر بنووسرایەتەوە. تۆ بڕوانە بەرهەمی زۆرینەی ئەو نووسەرانەی دونیا کە لەناو جەنگەکاندا ژیاون، زۆرینەی بەرھەمەکانیان قسەکردنە لەسەر یادەوەریی ئەو جەنگانە و ئەو نەھامەتیانەی کە ئینسانەکان چەشتوویانە، بۆیە ئاساییە من وەک نوسەرێکی کورد یادەوەریم کەرەستەیەکی گرنگ بێت بۆ نوسین. من زۆرجار خۆم بەبەردێکی پەرێو و ساردبۆوەی بورکانێک دێتە پێش چاو کە گەیشتبێتمە ئەو پەڕی دونیا و لەوێوە دیسانەوە باسی خۆم و ترس و مەرگ و تەمەناکانم بگێڕمەوە بۆ ژیان.
ژیان لەگەڵ یادەوەریدا لە مەنفا و لەناو وڵاتدا جیاوازی زۆرە، بەشێکی ھەرە خەمناک و تەنھای ژیانی ناو مەنفا نەتوانینە لە دەستبەرداربوون لە یادوەری ڕۆژانی ڕابردووی ناو وڵات. چونکە یادەوەری زۆرینەی جار بریتییە لەو ئاوڕدانەوەیەی کە دەیدەیتەوە بۆ ئەوەی بەرپێی خۆت لە ئێستادا ببینیت، بێ ڕێکەوتنێکی عەقڵیانە لەگەڵ یادەوەریدا لە مەنفادا زۆر زەحمەتە لە ئێستایەکدا بتوانیت بژیت کە تێیدا وەستاویت. بەڵام ئەم ڕێکەوتنە ھەندێک جار شکست دەھێنێت کاتێک کە عەقڵ توانای وەڵامدانەوەیەکی بێچەندوچوونی نییە لەبەردەم شاعیرێکدا. ئیدی لێرەوە مەنفا دەبێتە نا شوێنێک کە لە نێوان عەقڵ و شیعرییەتدا ھەڵدەواسرێت. زۆرینەی ترسی ئەو نووسەرانەی ژیانیان لە مەنفادا گوزەراندووە، بەشێکی گەورەی بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ وڵات لەو ترسەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ناتوانن و زاتی ئەوە ناکەن ئەو ترسە ھەژێنەرە بژین، کەساتی یەکەم بەریەکەوتنەوە دروستی دەکات لە بینینەوەی وڵاتدا، ترسی فەوتانی جوانیەکان، گۆڕانی جێگاکان، پیربوونی ئینسانەکان، گۆڕانی ھاوڕێکان و ھەزاران وردە شتی تر.
تۆ بڕوانە نامەکەی نالی کە ھەمووی پرسیارە لە مانەوەی جوانییەکانی شوێن، چەندە سیخناخە بەو ترسەی کە شوێنەکان و دیمەنەکان و کەسەکان وەک خۆیان نەمابن. بەریەککەوتنی نوسەر لەگەڵ ئەو یادەوەریانەی کە ئێستا وەک خۆیان نەماون لە ناو وڵاتدا کەمێک ئەھوەنتر و مایەی قبوڵکردنە لەچاو بەریەککەوتنی نووسەرێک کەلەمەنفادا دەژی، بەڵام لای نوسەرێکی مەنفا ئەو گۆڕانانە قابیلی قبوڵکردن نین، چونکە نوسەری ناو مەنفا ھەمیشە خەونێکی هەیە کە خەونی گەڕانەوەیە، کە جیاوازە لە خەونی نوسەری ناو وڵات. گەڕانەوەش لە زۆرینەی حاڵەتدا واتا دەستکەوتنەوەی ئەو شتانەی کە بەجێھێڵراون، تۆ ببینە دڵڕەقی پیشاندانی ڕاستییە عەقڵانییەکان و گێڕانەوەیان لە وەڵامەکەی سالمدا بۆ نالی، چەندە پەیوەندی بە درکاندنی ڕاستییەوە ھەیە ھێندەش پەیوەندی بەھەستنەکردنی سالمەوە ھەیە کە نازانێت ئەو گێڕانەوەیە چەندە خورپەیەکی گورچکبڕ لەلای نالی دروستدەکات. بۆیە ناکرێت یادوەری سالم و نالی کە یەک یادوەرییە وەک یەک تەماشا بکەین، گەر وا بکەین ئەوا دەتوانین بپرسین ئەی بۆچی سالم لە پێشدا نامەیەکی وای بۆ نالی نەنووسی و باسی سلێمانی تێدا نەکرد. ئەوە ئەو پرسیارە شیعرییانەی نالییە وا لە سالم دەکات کە قوڵتر وەک لەوەی کە ھەیە ھەست بەو ھەمو گۆڕان و تێکچوونانە بکات، ھەم لە ئاستی شوێن و ھەم لە ئاستی ئینسانەکاندا.

وەک هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەشێکی گەورەی ژیانت پڕبووە لە ئازار و نەهامەتی وەک لە سەفەرنامەدا بەوردی باست لێوەکردووە، بە تایبەت لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا کە چەندین جۆر لە تووندوتیژی و خوێن و کوشتنت بینیوە، ئێستاش لە وڵاتێکی تەکنەلۆجی زبردا لە ڕووی ڕۆحییەوە دەژیت، بەڵام لە شیعردا زۆر ئینسان دۆست و ناسک و نەرمیت، بەئەندازەیەک هەمیشە دەڵێم ئەم پیاوە بەم هەموو ناسکییەوە چۆن لەگەڵ ئەم سەردەمەدا هەڵدەکات، ئایا شیعر ئەم ناسکییە ئەخوازێ؟ یاخود بینینی ئەو هەموو توندوتیژی و نەهامەتییە تۆیان بەرەو ئەو ناسکییە بردووە؟

هیوا قادر: من نازانم تا چ ئاستێک ناسکم یان نا! پێشموانییە ئەو ناسکییەی کە تۆ باسی دەکەیت مەرجێک بێت شیعر لە شاعیری داوابکات، بەڵکە ئەو ناسکییەی کە تۆ دەیبینیت بەرھەمی بەشێک لەو بیرکردنەوانەی منن لە دونیا و شتەکانی دەوروبەرم، ھەروەھا لە خۆم و تەمەناکانم و کەسایەتیم، لێشتناشارمەوە من ساڵانێکی زۆرە شیعر ھەر بۆ خۆم دەنوسم و بەھیچ شێوەیەک لە خەیاڵمدا خوێنەرێک نییە بڵێم من بۆ ئەم خوێنەرە دەنوسم، وەک چۆن سۆفییەک ڕوو لە خودای خۆی دەکات و دونیای پێ مەبەست نییە، منیش ڕوو لە دڵی خۆم دەکەم و خوێنەرم پێ مەبەست نییە. بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە حورمەتی خوێنەرەکانم نەگرم، نەخێر، بەڵکە مەبەستم ئەوەیە من پێش ھەرچ کەس بۆ خۆم دەنوسم. ئێمە ھەموومان بەشێکی زۆری ژیانمان کارەساتەکان و ڕووداوە ناخۆشەکان لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە، ھەریەکەشمان بەدوای ئەو ھاوسەنگی و ئیقاعانەدا دەگەڕێین کە ئەو کارەساتانە لە ناوماندا دروستیان کردووە تا سەرلەنوێ ژیانمان ھاوسەنگیربکەینەوە. من پێموایە ئەم شێوازی بیرکردنەوە و نوسینانەی من بۆ خۆم ھاوسەنگییەکە لەگەڵ دونیادا، ئەمەش بۆ من گەورەترین سوکناییە لەبەردەم ئەو تەنھاییە گەورە و ترسێنەرەدا کە قەدەری ئینسانەکانە. من لەسەرەتایەکی زۆر زووەوە بەتەنھایی ئاشنابووم، زوو تێگەیشتم کە ئینسان بوونەوەرێکی تەنھایە، ھەموو داھێنان و شتە سوکنابەخشەکانی دەوروبەریشی بۆ کوشتنی ئەو تەنھاییەیە، یاخود ڕاسترە بڵێم بۆ خۆشاردنەوەی خۆیەتی لەو تەنهاییە، دیارە من دەزانم ژیان ناشیرینە، جەنگ و کوشتن و دڵڕەقی ئینسان بێسنوور و ناکۆتایە، بەڵام خۆ جوانیش ھەیە، ئازادی بچکۆلە و خەیاڵیش ھەیە، بۆ ئەوەی من وەک شاعیرێک بەردەوام بژیم پێویستم بە خەیاڵ و جوانییە، پێویستم بە سەرکێشییە بۆ ئەوەی ھەمیشە لەوێوە خۆم بخەمەوە ناو ژیان، ئەو ژیانەی کە تۆ ناوی دەبەیت بە ژیانی پڕ لە نەھامەتی و جەنگ و برسێتی، دیارە من وەک شاعیرێک ئەم کارە دەکەم نەک وەک شۆڕشگێڕێک و فریادڕەسێک، یاخود وەک جەنگسازێک. من ئێستا لەسەردەمێکدا شاعیرم، کە شاعیران نە پێغەمبەرن نا فریادڕەسن نە شۆڕشگێڕن نە پیاوماقوڵانن، بەڵکە ئینسانە تەنھا و سەیرەکانن کە ھەمیشە لەشەڕدان لەگەڵ خۆیان و ئەو سیستەمانەی ناو کۆمەڵگاکانی خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ھەمیشە شاعیربن.من بەم شێوەیە ھاوسەنگی خۆم لەگەڵ خۆم و دونیای دەرەوەدا ڕادەگرم، ئەمە تەنھا ھونەرێکە کە بیزانم، بۆ کەس نا بۆ خۆم، واقوڕمانی من بە دیار زیکزیکەیەکەوە لە ئێوارەیەکی تەنھادا کفر نییە، فڕینی خەیاڵی من بەدیار پەڕێکی کەوتوی کۆترێکەوە زەرەر لە کەس نادات. من ناتوانم لەگەڵ ئەو ئینسانانەدا یاربم کە دەمیان پرە لە مژدە، من بۆ خۆم ھەڵگری ھیچ مژدەیەک نیم بۆ تۆی خوێنەر، تەنھا رەنگە بتوانم ئەو تەنھاییەی خۆتت پێبناسێنم کە لە ڕێی ناسینییەوە تۆ بتوانیت پرسیارە وجودی و لە کۆتا نەھاتووەکانی خۆتی تێدا بکەیت. من نازانم گەر کوڕی ناو جەنگەکان نەبوومایە، ئاوا وەک ئێستا بیرم دەکردەوە یان نا، ناتوانم وەڵامی ئەمەت بدەمەوە. من کەسێکم لە ژیانمدا ھەرگیز ئیرەیم بە کەسانی تر نەبردووە، تەنھا بە خۆم نەبێت، لەبەر ئەوە نازانم گەر وا نەژیامایە وا بیرم دەکردەوە یان نا. دیارە ڕاستە وێنەی دەرەوەی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا وێنەیەکی ئامێرئاسا و دوکەڵاویی و عقڵانییەتە، بەڵام سروشت لەم دنیایەدا لە دەرەوەی ژیانەوە نییە، بەڵکە بەشێکە لە پێکھاتە گەورەکانی ژیان، دیارە سروشت لە خۆرئاوادا سروشتێکی دەستلێدراوە، واتا ڕێڕەوی ھیچ ڕووبارێک لە ھەموو خۆرئاوادا نابینیت دەستکاری نەکرابێت، ئەو حاڵەتە بەرایی و دڕییەی نەماوە کە لە جوانی سروشتی کوردستاندا ھەیە، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە پارێزگاریکردن لە سروشت فەرامۆشکرابێت، بە پێچەوانەوە، من ئەوەندەی سروشتی جوانی ئەوروپا بە خۆم و ژیانی ناساندومەتەوە ڕەنگە تا ئەو کاتەی لە کوردستان بووبم ھێندە سروشتی ئەوێ ھێزی جوانی پێنەبەخشیبم.
هەڵکردنی منیش لەگەڵ ئەم سەردەمەدا پەیوەندی بە خودی خۆمەوە ھەیە، چونکە تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕۆحی خۆمدا لە ئاشتیدام، من لەگەڵ ھەموو ئەو خودانەی تردا کە لەناو مندا ھەن پەیمانێکی ئاشتیمان بەستووە، وە پێشموایە بۆ ئەوەی ئینسان باشتر خۆی بناسێت دەبێت پێشوەخت بکەوێتە دیالۆگەوە لەگەڵ ئەو خودانەی کە لە ڕۆحیدان و ھەمیشە ناکۆکن لەگەڵ یەکتریدا، بۆ ئەوەی جیاوازییەکان و ھەستکردن بە گوناە ژیانی نەشێوێنێت، تاکوو نوسینیش ببێتە بەشێک لە دروستکردنی ئەو ھارمۆنییەتەی کە وا لە ئینسان دەکات بژی، پێویستە ئینسان لەگەڵ خودە جیاوازەکانی ناو خۆیدا تا ئەتوانێت کۆک و ئاشتبێت.

بەداخەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا ڕەخنەی ئەدەبی ئەوەندە پچووک بۆتەوە کە لەبری قسەکردن لەسەر ناوەڕۆک و تەکنیک و فۆرم لە دەقدا، قسە لە لێکچوون و دزیی و لاسایکردنەوە دەکرێت، کە ئەمەش وایکردووە پرۆسەی داهێنان لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەکی زۆر لاوازبێت. هەروەک ئەوەی ھەندێک لەو بەناو ڕەخنەگرانە پێیان وایە تۆ زۆر ئیش لەسەر سوھراب دەکەیت و لە هەندێک شوێن لە دەقەکانتا تەواو ئەوی، من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی دەقەکانی تۆ تائێستا هەستم بەمە نەکردووە و نەمبینیوە، بەڵام پێمخۆشە وەڵامی تۆ لەسەر ئەمە بزانم، ئایا سوهراب چ کاریگەرییەکی لەسەر بوونی شیعرییەت لای تۆ هەیە؟

هیوا قادر: دیارە هەمووان ئازادن چی دەڵێن، بەڵام بەهەمان ئەندازەی ئەو ئازادییەش هەریەکەیان بەرپرسیارن لەو جۆرە سەرنجانەی کە دەریدەبڕن. بۆ من ئەو قسانە هیچ گرنگییەکیان نییە و نایانکڕم، من لەبەر خاتری دڵی خۆم شاعیرم نەک کەسی تر، لەبەر خاتری سەرسوڕمانی سەری خۆم خاوەنی ئەم پرسیارانەم نەک کەسی تر، کە ئەمەش دەڵێم دەزانم ئەم دەربڕینەم لێدانی ئەو سەرمایە ڕەمزییەیە کە نوسەران لە کوردستان شانازی پێوەدەکەن، من پێموایە دەبێت چیتر نوسەربوون نەبێتە کوێخابوون و پێغەمبەرایەتی. نوسەربوون چالاکییەکی ئینسانییە و تایبەتە بە ئینسان خۆیەوە و ھیچی تر. کەس ناتوانێت لاف بەسەر ئینسانێکی تردا لیبدات لەبەر ئەوەی کە نوسەرە، نوسەر دەبێت بزانێت ئەوەی بەھیچ شێوەیەک نابێت لافی نوسەربوونی بەسەردا بدات ئەوەی بەرامەرییەتی کە ئینسانە.
لەڕاستیدا سوھراب ھەرگیز لە مەحوی و ڕامبۆ و گونار ئەکیلۆف و ھیرمان ھیسە و دیستۆیفسکی و مارکیز و ئیبن عەرەبی و ئەدۆنیس و چەندانی تر گرنگتر نەبووە بۆ من. من وەک شاعیر پێکھاتەیەکم لە ھەموو ئەزموون و داھێنانە جوانەکانی پیش خۆم، ھەرچ کاتێکیش بەرھەمێکی داھێنەرانە دەخوێنمەوە ئەوەندە خۆش حاڵ دەبم چاوم پڕدەبێت لە فرمێسک و وا ھەست دەکەم خۆم نوسیومە. ڕاستە من ماوەیەک سوھرابم خوێندۆتەوە ئەویش بە کوردی نەک بە فارسی، بەڵام ھەرچ کاتێک ھەستمکردبێت لەژێر کاریگەری ھەرچ نوسەرێکدا بووبێتم ئەوا بەھەمان ھێزی خۆشەویستییەوە ویستومە بەزووترین کات بێمە دەرێ و وابکەم لەکەس نەچم لە خۆم نەبێت.
بەڵام دەمەوێت بڵێم دیوێکی تری ئەو تۆمەتبارکردنە کوردییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ھەرچ کاتێک لە دونیای کوردیدا نوسەرێک جیاوازتر لەوانی تر دەرکەوێت، ئەوا ئەو جۆرە ناونانانەی لێدەنرێت، ئەمەش خۆدزینەوەیە لە قسەکردنی جدی نەک پەرێشانبوون بۆ بینینی جوانی. پێموایە لەم جۆرە تۆمەتبارکردنە زۆرە و پێویست ناکات نموونەی ھیچ کام لەو نوسەرانەی پیش خۆم بھێنمەوە.

ئەدۆنیس دەڵێت: مانا قەسیدە دیاری ناکات، بەڵکوو مانا دەبێت کەشفبکرێت، قەسیدە دەنوسرێت ئینجا مانا خۆی دروستدەبێت. لای تۆ بوونی ناوەڕۆک وەک بابەت شیعرت پێ ئەنوسێت یان شیعرەکە خۆی ئەنوسرێت بێ ئەوەی تۆ ئاگات لێبێت و تەداخولی تیا بکەیت، دواتر مانا لە شیعرەکەدا بۆ دروست دەبێت، مەبەستمە بڵێم تاچەند ئیش لەسەر بابەت و ناوەڕۆک دەکەیت لە کاتی نوسیندا؟

ھیوا قادر: قسەکەی ئەدۆنیس ڕاستە، قەسیدە دوای نوسینی دەبێتە کانگای مانا، ھەموو قەسیدەیەکی جوان ھەڵگری چەندان مانای جیاواز و لەیەکنەچووە، کەم جار ڕێدەکەوێت شاعیرێک بێت و پێش نوسینی قەسیدەیەک ھەموو ھێڵە سەرەکیەکانی قەسیدەکەی بزانێت، شتی وا ھەرگیز نییە و نابێت، چونکە ئەوەی لە لەحزەیەکدا لەلای شاعیرێک دروستدەبێت بە ملیۆنان لەحزەی نەبینراوی ترەوە ڕایەڵکراوە کە پەیوەندیان بە ئەزموون و ئاستی ڕۆشنبیری و پرسیارە ئەزەلیەکانی نوسەرەوە ھەیە، ئیدی چۆن دەکرێت ئەم کردە ئالۆزە ئاوا بخوێنرێتەوە و پێشوەخت دەستنیشانبکرێت. من بۆ خۆم بەتەواوەتی نازانم چۆن قەسیدەیەک دروستدەبێت، ئەوەندە نەبێت ئەو وزە ناوەکییەی قەسیدە دەناسمەوە کە ھەڵگری چەندان ئەگەری تەقینەوەی پرسیارەکانە لە ساتی نوسینیدا، لێرەوە ئیدی کاری من یاریکردنە لەناو تەکنیک و ڕیکخستنی ئەو مۆسیقا ناوەکییەی کە ھەموو بونیاتی قەسیدەکە دەبەستێت بەیەکەوە. هەرگیز ناکرێت داھێنان وەک کارێکی مەسلەکی سەیربکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو نوسەرە خاوەنی گەورەتری ئەزمونیش بێت، ھەمیشە داھێنان گرێدراوە بە دنیایەک ڕایەڵی دەزوولەیی نەبینراوەوە کە لە دونیای نوسەرەکەوە دەستپێدەکات، کە دیارە ئەزموونی ئەویش درێژکراوەی ئەزموونی داھێنەرانەی پێش خۆیەتی. بۆیە دەکرێت بڵێین ھیچ داھێنانێک لە نەبوونەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەدەب بە گشتی ماڵی شێوازە جیاوازەکانە، بەبێ شێواز شتێک نییە ناوی ئەدەب بێت، ئیشکردنی زۆریش لەسەر مانا لە قەسیدەدا، ئەو سنوورە نادیارانەی تر دەکوژێت کە دەکرێت ھەڵگری وزەیەکی وابن کە مانای جۆراوجۆریان دواتر تێدا دروستببێت، بۆیە ئەو کارکردنە زۆرە لەسەر ناوەڕۆک دەبێتە ھۆی سنوردارکردنی شێواز کە ئەمەش ئەو وزە ناوەکییەی ناو قەسیدە سنورداردەکات، لەڕاستیدا ئەمە حاڵەتێکی زۆر ئاڵۆزە و زەحمەتە ھەرگیز قاڵبێکی یەکڕایی بۆ بکرێت. چونکە لە ئاستێکی تریشدا ھەموو شێوە گوزارشتکردنێکی زمانەوانی نووسەر ھەڵگری جۆرێکی بەرایی شێوازە کە ناکرێت بەراوردبکرێت بەنووسەرانی تر. لە کۆتایشدا ھەموو ئەم حاڵەتانەی پێکەوە نوسینێک بەرھەمدێنێت دواتر ئەو بەرھەمە دەکەوێتەوە بەردەم چەندان کردەی کیمیایی تر لەبەردەم خوێنەرە جیاوازەکاندا، بۆیە ھەرگیز ناکرێت نەخشەی قەسیدەیەک پێش نوسینی و پیش خوێندنەوەی لەلایەن خوێنەرانەوە دیاریبکرێت، ئەمە کارێکی نەکردەیە. ئەوەشی دەیەوێت ئەم کارە بکات، لە وزەی نادیاری داھێنان تێناگات.

“منداڵێک لەسەر مانگە” ئەزموونیکی نوێ بوو بە کۆمەڵێک تەکنیکی نوێوە، کە تێیدا سیحری گێڕانەوە بریتییە لە گەمەکردنێکی زمانەوانیانە لە نێوان ڕاوی گێڕەرەوەی چیرۆکەکە و خوێنەردا. ھەستدەکەیت تا چەند ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە بەشێک لە دونیای کەسایەتی هیوان؟ یان بە ڕاکێشانی خوێنەر بۆ ناو ڕووداوەکان تاچەند دەتەوێت خوێنەر ڕابکێشیتە ناو دونیا تایبەتییەکەی خۆتەوە؟ تۆ دەتەوێت لەم ڕۆمانەدا چی بڵێیت بە خوێنەر؟

هیوا قادر: لە ڕاستیدا زەحمەتە ڕۆمانێک کورت بکەیتەوە بۆ تەنها دێڕێک، یان بۆ چەند حەکایەتێک و بڵێیت ئەم ڕۆمانە باسی ئەوە دەکات و دەیەوێت ئەوە بڵێت. ناشکرێت نهێنی زمانی سەدان دێڕ کورتبکەیتەوە، من لەم ڕۆمانەدا هەوڵمداوە لەسەر نھێنی ئەو رێکەوتانە قسەبکەم کە جاری واهەیە سەرلەبەری ژیانی ئینسان دەگۆڕێت، یان ئەو کاتانەی کە دونیا لەناو فەنتازیاکاندایە ئینسان چەندە دەتوانێت کەشفی ھۆکارەکانی بوونی خۆی بکات لە ژیاندا. چەند جورئەتی پرسیارکردنی لە خودای خۆی ھەیە، دیارە دەیان شتی وردی تر کە تێکەڵەیەکن لە شیعرییەت و گێڕانەوە لەم ڕۆمانە و کەسایەتییەکانیدا، بەڕاستی بۆ من زۆر قورسە وەک نووسەرەکەی باسیان لێوە بکەم. بێگومان بەدیوێکی تریشدا ئەم ڕۆمانە بەشێک لە دونیای من پێکدەھێنێت، لەھەردوو ئاستی تەمەننا و بووندا، چونکە تۆ ناتوانیت هەمیشە خودێکی تربیت لە نووسیندا، هەندێک جار خۆتیت و ھەندێک جار ئەوی تر، ئەوێک کە ڕەنگە ھەر تەمەنای خۆتبێت کە وابیت، چونکە ئەویش خالقەکەی هەر تۆیت.

ئەم ڕۆمانەت بەداخەوە وەک هەموو ئەو کتێبانەی تر کە لەم وڵاتەدا دەردەچن زۆر نەخوێنرایەوە لە مانا گشتییەکەیدا، تەنها هەندێک نوسین نەبێت لەم لاو لەو لا لەسەری نوسران کە ئەویش زیاتر ناساندنێکی سادە بوو نەوک خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی قووڵ، تۆ تا چەند ئەو نوسینانەت بینیوە و دەربارەی ئەو نوسینانە چی دەڵێیت؟

هیوا قادر: لە ڕاستیدا هەموو ڕووداوەکان لە دونیای ئێمەدا بەبێ دەنگی تێدەپەڕن، بەتایبەتی کتێبەکان، ئەمەش پەیوەندی بە سیستەمی کۆمەڵگە و هۆشیاری ئینسانەکان و کۆڵەواری میدیاوە هەیە. هەروەها خراپی دابەشکردن و چاپی کتێبەکەش لەلایەن چاپخانەی “چوارچراوە” هۆکارێک بوون بۆ خراپ گەیشتنە دەستی خوێنەران. دیارە چەند نووسینێک لەسەر ڕۆمانەکە نوسران و من سوپاسی هەموولایان دەکەم، بەڵام بە گشتی جگە لە نوسینێکی شیرین کاف، هەموو ئەوانی تر جۆرێک لە تێنەگەیشتن و بەدحاڵی بوونی تێدابوو.

مەرگ بە درێژایی نوسینەکانت یەکێکە لە پرسیارە جدییەکانت، ئەکرێت بزانین پرسی نەمری وادەکات هەمیشە ئەم پرسیارە لای تۆ دووبارە ببێتەوە؟ یان ترسانە لە مەرگ خۆی وەک کردارێکی فیزیکی کە تێیدا کۆتایی یەکجارەکی بەبوونی هیوا دێت؟ یان مەرگ بۆ تۆ و لای تۆ چییە؟

هیوا قادر: هەرە پرسیاری وجودیی و سەرەتایی مرۆڤی سەر ئەم ئەستێرەیە، پرسیارە لە بوونی مەرگ، بوونی مەرگ هەرە هۆکاری گەورەی هەموو ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. بوونی مەرگ لە پشتی دروستبوونی ھەموو دینەکانەوەیە، گەر مەرگ نەبوایە دینەکان دروست نەدەبوون، ڕەنگە گەر مەرگ نەبوایە ھونەر و ئەدەبیش بەم شێوەیەی کە ئێستا ھەیە نەبوونایە. لەو کاتەوەی کە ئینسان تێگەیشت ناتوانێت نەمری لەسەر زەوی بەدەست بھێنێت کەوتە دروستکردنی ئەو خەیاڵات و تەمەنایانەی خۆی بۆ ژیانێکی تر لە دوای مەرگ، بەو شێوەیە دینەکان بوونە مەکۆی دروستکردنی مژدەی بوونی ژیانێکی تر لە دوای مەرگ بۆ ئینسان. من نازانم گەر دین و مژدەکانیان نەبوونایە دەبوو هەموو مرۆڤایەتی چۆن بژیایە و چۆن ڕووبەڕووی مەرگی خۆی ببوایەتەوە. دیارە مەرگ لای من داماڵراوە لە ھەموو ئەو مژدانەی کە دینەکان پێیانە بۆ ئینسان، بۆیە لەنێوان مەرگی من و مەرگی کەسێکی دینداردا تەنھایی ھەیە، ئەم تەنهاییە هەمیشە لای من پڕپڕە لە پرسیار. ھەر دووبارەبوونەوەی ئەو پرسیارانەشە وادەکات لە شیعری مندا مەرگ پانتاییەکی گەورەی ھەبێت، من ناتوانم وەک ئینسانێکی دیندار مەرگ قبوڵبکەم، چونکە مەرگ لای من حەق نییە، بەڵام لای کەسێکی دیندار حەقە. باسکردنی من لە مەرگ، باسکردنی تەنھایی ئینسانە، ئەو ئینسانەی وەک تۆزی ئەستێرەکان لەناو کەوندا دێت و دەڕوات. ھەرگیز پرسیاری مەرگ وەڵامێکی یەکجارەکی نییە، چونکە هێندەی ژمارەی جیاوازی ئینسانەکان پرسیار لە مەرگ ھەیە، ھێندەی ئەو جیاوازیانەش وەڵامی جیاجیا و دژ بەیەک و ناکۆتا هەیە. ڕەنگە یەکێک لە ھۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی پرسیاری مەرگ لە لای من ھۆی خۆشەویستی من بێت بۆ ژیان و بۆ ئینسان، یاخود ڕەنگە پەیوەندی بە تێڕوانینی گەنجانەی منەوە ھەبێت بۆ ژیان، کە وادەکات ھێندە باسی مردن بکەم. چونکە پێموایە بەشێکی گەورەی قۆناغی پیری بریتییە لە ڕێکەوتن لەگەڵ مردندا، بەڵام گەنجی ھەرگیز ئامادە نییە سازش لەگەڵ مردندا بکات چونکە ئەو خۆی بە بەشێکی گەورەی ژیان دەزانێت.

ئامادەکردنی دیدار؛ شاخەوان سدیق

تێبینی* ئەم دیدارە لە ساڵى (2008) دا ئەنجام دراوە و هەر ئەودەم بڵاو کراوەتەوە.
Shaxi83@yahoo.com

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.