مۆڕاڵ وەک دژه-سرووشت
نووسینی فریدریک نیچە
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: موئەیەد مستەفا
1
هەموو پاسیۆنه‌كان[1] کاتێکیان هەیه، ئەو کاتەی تەنیا وێرانکەره، ئەو کاتەی به بارستایی دەبەنگییه‌كه‌ی قوربانیەکانی نقوومده‌كات و کاتێکی درەنگتر،- زۆریش درەنگتر، ئەو کاتەیه كه لەگەڵ ڕۆحا هاوسەرگیری دەکات،- ئەو کاتەی خۆی ده‌ڕۆحێنێت، به هۆی دەبەنگییه‌وه له پاسیۆن، شەڕێک دژی خوودی پاسیۆنیش كرا: سوێندی تەفروتوناکردنی درا، هەموو مۆڕاڵە ئەژدیهاییەکان له سەر ئەوه کۆکن، كه مرۆڤ دەبێت پاسیۆن بکوژێت ““il faut tuer les passions[2] بۆ ئه‌مه‌ش به ناوبانگترین فۆرمولە له ئینجیل دا هەیه، له دوعای سەر شاخ[3]، لەو شوێنەوە دەوترێت که به هیچ مەبەستێک شتەکان له بەرزایی ڕا سەیر ناکرێت. به هەمان شێوە، به دیاریکراوی،-به تایبەتی ئه‌وه‌ی دەربارەی سێکس دەگوترێت: ئەگەر چاوت مایەی کێشه بوو، ئەوا دەریبێنه[4] هەر به‌ختئاسا هیچ مەسیحییەک کار بەم ڕێسایه ناکات. نەهێشتنی پاسیۆن و حەز، تەنیا بۆ نەهێشتنی دەبەنگی و ئەنجامه ناخۆشەکانی، بۆ خوودی ئێمه وا دیاره، که فۆرمێكی پڕ دەبەنگییه. لەوه زیاتر سه‌رمان له دکتۆرانی ددان سوڕنامێنێت، ئەگەر دانێك دەریبێنێت بۆ ئەوەی زیاتر ژاننه‌كات. ڕاستییه‌كه‌ی دەبێت مۆڵه‌ت بدرێت و بوترێت كه ئەو خاکەی مەسیحییه‌ت لێی گەشەی کردوه، نابێت ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ڕۆحانیكردنی پاسیۆن قبوڵبكرێت. دوای ئەوەی کەنیسه له به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆحه گوناهه‌كان شەڕێکی دژی ئینتێلیجینسیا[5] کرد، چۆن دەکرا چاوەڕوانی شەڕێک بکرێت له دژی پاسیۆن. به هەموو واتایەکه‌وه كڵێسا شەڕێکی دژی خۆشەویستی کرد، حیکمەت و پراکتیکی كڵێسا خەساندنه. هەرگیز پرسیار ناکات، چۆن حەزێک بە خواییدەکرێت، جواندەکرێت و ڕۆحی بە به‌را دەکرێت؟ كڵێسا هەموو کاتێك جەختی لە قڕکردنی هەست و شکۆ و ئیدمانی سەرداری و ئیدمانی بوون و ئیدمانی تۆڵه کردووه‌ته‌وه. بەڵام هێرش کردنه سەر ڕەگی حەز واتای هێرشکردنه سەر ڕەگی ژیانه، پراکتیکی كڵێسا دوژمنایەتیكردنی ژیانه.
2
به هه‌مان كه‌رسته‌ی خەساندن و تەفروتوناکردن شەڕێک دژی حەز له لایەن ئیراده لاواز و لەڕەگەز دابڕاوەکانه‌وه كرا بۆ ئه‌وه‌ی پێوەر بۆ حەز دابنێن لێ ئەم سروشتانه پێویستیان به لاتراپه‌یه[6]، به ئەلیگۆرییانه یان نا-ئەلیگۆریانه بدوێین ئه‌وا بریتییه له ڕاگەیاندنی شەڕێکی دوژمنكارانه‌ی هەتاهه‌تایی،- درزێكه له نێوان خوود و پاسیۆن دا. ئەم نێوەنده ڕادیکاله بۆ لەڕەگەز دابڕاوەکه گرنگه، تا لاوازی ئیراده‌كه‌ی، باشتر بڵێین، نه‌بوونی بەرپەرچدانەوەكه‌ی، خوودی خۆی فۆرمێکی له ڕه‌گه‌زدابڕانه. ئەم دوژمنایه‌تییه ڕادیکالیه، ئەم دوژمنایەتییەی تا مه‌رگ دژی حەز وەک سیمتۆمێکی[7] قوڵی بیرکردنەوه دەمێنێتەوه، لەگەڵ ئه‌وه‌ش دا ڕەوایه مرۆڤ بگاته گومان دەربارەی کۆحاڵەتی مرۆڤێکی زێده‌ڕۆ كه دوژمنایەتیەکی ئاوا، ڕقێکی ئاوا، پێش هەموو شتێک دەگاته لوتکه، كاتێك ئەم جۆره سروشتانه، جێگیربوونێکی ناكامڵی ڕادیکال کوریان[8] هه‌یه و واز له شەیتانەکانیان ناهێنن. مرۆڤ دەبێت سەرنج بداته مێژووی تەواوی قەشه و فەیلەسوف و هونەرمەندانیش: ژەهراویترین شت دژی حه‌ز نەوترا نه له لایەن نەزۆکەكانه‌وه و نه‌یش له لایه‌ن ئه‌سكێزه‌كارانه‌وه[9]بەڵکو له لایه‌ن ئەسکێزه بێوێنه‌كانه‌وه،- ئەوانەی لە ڕاستیشا پێویسته ئەسکێزه‌كار بن.
3
ڕوحانیکردنی هەست پێیدەڵێن خۆشەویستی، ئەمه مه‌زنترین سەرکەوتن بوو بەسەر مه‌سیحییه‌تا؛ ڕوحانیکردنێکی تری ئێمه‌یش،- ڕوحانیکردنی دوژمنایەتیه. ئەم دوژمنایه‌تییه پێک دێت لەوەی که مرۆڤ له نرخی هەبوونی دوژمن تێ‌بگا، كه کڵێسا هەموو كاته‌كان ویستوویەتی دوژمنەکانی تەفروتونابكات: ئێمه‌ی نامۆڕاڵیست و دژه مه‌سیحی بەرژەوەندیمان لەوه‌یه کەنیسه هەبێت، له سیاسەتیش دوژمنایه‌تی عەقڵانیتر، زیرەکانەتر و بیر قووڵتر بووه، پارێزه‌رتره. زۆرینەی پارتەکان بەرژەوەندی مانەوی خۆیان لەوه دا ده‌بیننەوه، که دژه‌كانیان نەگه‌نه ئەو هێزانه،-ئەمه سیاسەتی گەوره‌یه به تایبەتی هیی شانشینێكی نوێ كه بوونی دوژمن، بۆی گرنگتره له هەبوونی دۆست، که ئۆپۆزیسیۆنه پێویسته هەست به گرنگی خۆی بکات،- له دوژمن زیاتر وه‌ك له دۆست. ئێمه دژی “دوژمنەکەی ناخمان” به شێوازێكی تر هه‌ڵسوکەوت ناکەین، لێرەشا ئێمه له گرنگی نرخی دوژمن تێگه‌یشتین، لێره‌ش دوژمنایەتیمان ڕۆحاند. مرۆڤ ئەوکاته به‌رداره که دوژمنایەتی ناخی خۆی بکات؛ مرۆڤ به لاوی دەمێنێتەوه ئەگەر ڕۆحی دەستی پاننەکرده‌وه و مەیلی ئارامی نەکرد، بۆ ئێمه‌ش هیچ شتێک نامۆتر نیه لەو هیوایانەی مەسیحییه‌ت `”ئارامی ڕۆح`، ئارامی مه‌سیحییه‌ت، هیچ شتێک ئیره‌ییمان پێ نابات زیاتر له ئەخلاقی شیفاكه‌ی و ئەو بەخته چەورەی له ویژدانی باش دایه. مرۆ وازی له ژیانێکی گەوره هێنا، ئەگەر واز له شەڕ بێنێت. زۆر کاتیش “ئارامی ڕۆح” تەنیا به‌دحاڵیبوونه، لەمه زیاتر شتێکی تر نیه شكۆدارتر بێت و بێ پێچوپه‌نا خۆێ ناوه‌زه‌ندكا. به ڕاشکاوی و بێ حوکمی پێشوه‌خته، چەند كه‌یسێكی ئاوا هەیه كه ئارامی ڕۆحە كه ڕه‌نگه دره‌وشانه‌وه‌ی بوونێكی ئاژەڵی بێت له پانتاییەکی ئەخلاقی یانیش ئاینی یان سەرەتای ماندووبوون بێت، یان یەکەمین ئه‌و سێبه‌رانه‌یه كه ئێوارە دەیانهاوێژێت، یان هێمای شێداری هەوایه، که بای باشوور دەیهێنێت، یان سووپاسگوزاری نەزانییە بۆ هەرس کردنێکی به‌ختئامێز، له‌وانه‌ی خۆشەویستی مرۆڤ یان بێدەنگبوونی شفاکاره‌كه و تێكڕای شتەکان تامی نوێیان له چاوەڕوانی دا بێت، یان حاڵەتی بێدەنگی كه حاڵەتێکە بۆ شفاکار له چاوەڕوانی چێژی نوێ له هەموو شتەکانا، یان ڕه‌وشێكه که تێربوونێکی تەواوی باڵادەستی حه‌ز و چێژەکان به دوای خۆی دا بێنێت، یان هەستێكی باڵا، تێر بوونێکی بێوێنه‌یه؛ یان پیربوون و لاوازبوونی ئیراده و دره‌وشانه‌وه‌مانه، یان تەمبەڵی، باوەڕهێنان به هەوا ئەخلاقیه‌كانه، یان هاتنه ناوەوەی دڵنیاییەکه، دڵنیایی مه‌ترسی،- دوای گرژبوون و ئازار له نادڵنیاییه‌كه، یان گوزارشته له زۆر له خۆ کردنی پێگەییوی وه‌ستایانه له نێوه‌ندیكردن، ئافراندن، كاریگه‌ری ویست دا، هەناسەیەکی ئارامییه دەستكه‌وتووه‌كه كه ئازادی ئیراده‌یه؛ ئاوابوونیبته‌كانه، کێ دەزانێت؟ لەوانەیه تایپێكی تری ڕۆحه ئارامه‌كه بێت.
4
پڕه‌نسیپێك دێنمه نێو ئەم فۆرموله‌یه كه ناچراڵیزمه[10] له مۆڕاڵ دا که واتاكه‌ی مۆڕاڵی تەندروسته غەریزەی ژیان و سەرداره‌كه‌یه، هەر فەرمانێکی ژیان له لایەن کانونێکی دیاریکراوی ژیانه‌وه پێویسته و پێویست نیه دیاریدەکرێت. که بتێک و دوژمنداریه‌ك لەسەر ڕێگای ژیان دادەنرێت، ئەخلاقی دژه سروشتییه، كه مانای نزیکەی هه‌موو مۆڕاڵه‌كانه، ئەوانه‌ی فێرکراون، پەرستراون،- پێچەوانەن،- دژی غه‌ریزەی ژیان کار دەکەن، جارێک به نهێنیه‌وه یانیش حوکمێکی قێزەوه‌نی ئاشکرای غەریزه‌یه،- ته‌نیا بۆ ئەوەی بڵێت خوا ده‌ڕوانێته دڵ، هەموو ئارەزوه بەرزو نزمەکانی ژیانی نه‌رێكرد، بۆ ئه‌مه‌شه خوا دەکاته دوژمنی ژیان، ئەو مرۆڤەی خوا شوێنی سه‌رسوڕمانی خۆی له بانیدا هه‌یه، خەساندێکی بێوێنەیه، ژیان له کۆتاییه ئه‌گه‌ر شانشینی خوا ده‌ستپێبكات.
5
مرۆڤ له کوفرێکی ئاوه‌های یاخی دژی ژیان تێگه‌یشت، وه‌ک ئەوه‌ی له ئەخلاقی مەسییحیه‌ت دا بووه‌ته شتێکی نزیکه‌ی پیرۆزیش، ئاواش خۆشبەختانه مرۆڤ له شتێکی تر گەیشتووە: یاخیبوونێکی بێکەڵک، ڕووکەش، بێ‌واتا و درۆزنانە. حوکمی ژیان له لایەن مرۆڤه‌وه له کۆتایی دا وەک سیمپتۆمێکی دیاریکراوی ژیان ده‌مێنێته‌وه به‌ڵام پرسیارەکه ئەوه‌یه: مەسەلەکه ئه‌وه نییه كه پرسیاره‌که به ڕاستی یانیش به ناڕاستیه‌وه بەڕووبخرێت كه مرۆڤ دەبێت شوێنێکی هەبێت له دەرەوەی ژیان، له لایەکی ترەوە، مرۆ ده‌بێت باش بیزانێت، چۆن یه‌کێک یانیش هەموو ئەوانەی ژیانیاكرد،- ڕێگایان پێدرا، تەنیا دەست له کێشەی نرخی ژیان بدەن. ئەگەر ئێمه دەرباره‌ی نرخ بدوێین، دەدوێین لەگەڵ ئیلهامدا: لەگەڵ چاوی ژیان دا، ژیان پاڵنەرێکه بۆ دانانی نرخ، ئێمه‌ین نرخ بۆ ژیان دادەنێین. ئەگەر ئێمه‌ش نرخ دانه‌ره‌كه بین، ئەوەی به دواییەوە دێت، ئەو نرخ دانانەیه که خوا وه‌ک دژه تێگەیشتن، دژه مۆڕاڵ؛ ئەو خوایەی حوکمه‌کانی ژیان له خۆی دەگرێت، به‌ڵام کامه ژیان؟ کامه تایپی ژیان؟ من وەڵامم دایەوە، ژیانی ئەوانه‌ی ڕۆچوون، لاوازن، ماندوو و مەحکومی ژیانن. مۆڕاڵ وەک ئەوەی له لایه‌ن شۆپنهاوەرەوە[11] تێیگەیشترا،نەرێکردنی ویستی ژیانە لەڕێلادانی خودی غەریزەشه، ئەوەی لەگەڵ خۆی دا فەرمانێک دێنێت و دەڵێت: دە وێران به، ئەمه حوکمی حوکمدراوەکەیه!
6
له کۆتاییدا با ئه‌گه‌رێك دابنێن، به ئاوایەکی گشتی، چ گه‌مژه‌ییه‌كه بڵێین، ده‌بێت مرۆڤ ئاوه‌ها و ئاوا بێت! بەڵام حه‌قیقه‌ت تایپێکی تری یاریەکی بەتاڵی شێوه گۆڕکێیمان نیشان دەدات، هی دڵێکی گۆشەگیری ئەخلاقی دەڵێت: نا، دەبێت مرۆڤ به شێوەیەکی تر بێتئەم خۆ بەڕاست زان و تووندڕەوه، ته‌نانەت دەشزانێت دەبێت چۆن بێت، وێنه له سەر دیوار دەکات و دەڵیت: ئا ئه‌مه‌یه مرۆڤ![12] تەنانەت ئەگه‌ر ڕووبەڕووی مرۆڤێک بێتەوه، پێی بڵی، پێویسته ئاوا و ئاو بێت، واز ناهێنێت له هیچاندنی خۆی. بەڵام مرۆڤ چاره‌نووسێكه، لەم سه‌ره‌وه بۆ ئەو سەر، زیاتر یاسایەکه، پێویستییه‌كه بۆ هەموو ئەو شتانەی که ده‌بن. پێێ بڵێیت، خۆت بگۆڕه، داواکاری گۆڕینێکی سەراپاگیره، تەنانەت بۆ دواوەش له حەقیقه‌تیشا مۆڕاڵیستی ئەنجامگیریش هەیه كه مرۆڤێکی تری دەوێت، وەک مۆرڤێکی فه‌زیله‌تدار، یان مرۆڤ ویستێكه له وێنەی خۆی: به ڕواڵه‌ت پیرۆزه، بۆ ئه‌وه‌ش جیهانی نه‌رێکرد. شێتێەکی بچووک نا به‌ڵكو خاوەن بڕیارێکی بێ بریار! ئەگەر ئه‌خلاق حوکم بدات، له خودی خۆی ڕا، نه‌وه‌ك بە هۆی ڕوانگەیەکه‌وه، یان به هه‌ند وه‌رگرتێنكه‌وه بۆ ژیان،- شێتیەکی تایبه‌تییه، که به هیچ شێوەیەک جێگای بەزه‌یی مرۆڤ نییه. ئه‌و له ڕەگەز دابڕانه ئیدۆسێنکرازییه[13] زیانی گەورەی گەیاند! ئێمه، ئەوانی تر، نائەخلاقیەکان، دڵمان بۆ هەمووان واڵا کرد، بۆ هەموو تێگەیشتنێک، هەموو گوفتارێكی خێره‌و‌مه‌ند؛ ئیمه به ئاسانییه‌وه نەرێ ناکەین، بەڵکو شكۆی خۆمان لەوه دا دەبینینەوه، ئیسپاتکار بین. ئێمه زیاتر و زیاتر چاومان بۆ ئابووریەک کراوەیه، ئەو چاوەی ده‌زانێت چۆن سوود له هەموو شتێك وه‌رده‌گرێت، ئەو چاوەی که گاڵته-پیرۆز، ئه‌قڵی نەخۆشی قەشه‌یه، ڕەتكاری ئابوورییه‌كه له یاسای ژیان دا. به‌ڵام تەحقیرکردنی توخمی خۆ به‌زل زانی قەشه و فەزیلەتیان بۆ کام به‌ر ژەوەندییه؟ وەڵامی ئەم پرسیاره ئێمەین، نامۆڕاڵییه‌كان!
سه‌رچاوه: Friedrich Nietzsche, Gesammelte Werke, Gondrom Verlag GmbH, Bindbach – ٢٠٠٥
پەراوێز و تێبینیەکان:
[1] پاسیۆن واتای ئازاره، ژیان و مردنی مه‌سیحه به له سێدارە دانیشیەوه، به لاتینی Patiri به زمانی كوردی ده‌توانین پێی بڵێین كۆژانی مه‌سیح.
[2] به كوردییه‌كه‌ی < سۆز له خۆتا بكوژه>، گوزارشتێكه له ئینجیلی پیرۆز.
[3] گه‌وره‌ترین ئاخاوتنی مه‌سیحه له ئینجیلی مه‌تتا، تیاید مه‌سیح له ئیسرائیل ئیلهامی خوای بۆ دێت، ئیلهامی گه‌لی پووكاوه‌ی هه‌ژار.
[4] گۆته‌یه‌كی مه‌سیحه سه‌باره‌ت به وروژانی هه‌سته سێكسوالییه‌كان و سه‌ركوتكردنیان.
[5] زیره‌كی، ڕۆشنگه‌ری دژه‌كه‌ی مه‌سیحییه‌ت.
[6] جۆرێكه له چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان.
[7] ده‌رهاوێشته‌ی نه‌خۆشی یانیش نیشانه‌كانییه‌تی.
[8] Radikalkur بریتیه له پرۆسەیەکی چارەسەری سایكۆلۆجی بۆ دەرمانکردنی ئه‌و مرۆڤه نه‌خۆشانه‌ی كه بۆ نموونه وه‌سواسیی شه‌یتانیانه هه‌یه (میتۆدێكی دینییه).
[9] ئه‌سكێزه یانیش زووهد، و‌شه‌یه‌كی یۆنانییه واتاكه‌ی ڕاهێنان یانیش وێناكردنه.
[10] پڕۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی سرووشتیه، ئاماژه‌یه به میتۆده‌كه‌ی چارڵس داروین.
[11] ئارتور شۆپنهاوه‌ر (١٧٨٨-١٨٦٠) فه‌یله‌سووفێكی ڕه‌شبینی ئه‌ڵمانییه، گرنگترین كتێبی (دنیا وه‌ك وئناكردن و ئیراده) یه.
[12] Ecce Homoكتێبێكی بایۆگرافی فه‌لسه‌فی نیچه‌یه (١٨٨٨-١٨٨٩) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
[13] Idiosynkrasieهه‌ستیاربوونی بێئه‌ندازه‌ی مرۆڤ به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خۆی،- نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونییه.